اندیشه

ڕەمەزان، وەرزی موناجات و پەروەردەی ڕوح

ڕه‌مه‌زان، وه‌رزی موناجات و په‌روه‌رده‌ی ڕوح

پێش هەموو شتێک دەبێ ئەوە بڵێم کە هیچ کات لە مێژوودا، دەرونناسی بەو ڕێژەی کە ئێستا لەو پلە نزمە دایە، نەبووە. دەرونناسی هەموو پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بنەما و واتاکانی ڕاستەقینەی خۆی لە دەست داوە و وای لێ هاتووە کە ئەمڕۆ پێناسەی ئەم وشەیە زۆر قورس بەدی دەکرێ.

یەکێ لە ئەنجامەکانی ئەم دینە چەسپاندن و جێگیر کردنی ئاسوودەیی دڵەکانە و هۆکار و پاڵنەری هەر ئارامی و ئاسوودەییەکی دڵیش خووگرتن و پەیوەندی کردنە بە ئایین و بەرنامەی خوا… واتە خووگرتن بە قوڕئان و سوننەت و ڕێنموونی پیاوچاکانی پێشوو لە سەحابە و شوێنکه‌وتووان. بۆیە دەبینین کە خوای گەورە دەفەرموێت: «الَّذِینَ آمَنُوا وَتَطْمَئِنُّ قُلُوبُهُمْ بِذِکْرِ اللَّهِ ۗ أَلَا بِذِکْرِ اللَّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ» واتە: «جا چاک بزانن! بەیادی خوا دڵەکان ئۆقرە دەگرن و ئاسوودە دەبن.» (الرعد:۲۸)

لە ڕاستیدا سروشتی مرۆڤ وەک دەفرێکی بەتاڵ وایە، ئەگەر لە چاک پڕ نەکرێت، بێگۆمان لێوان لێو دەبێت لە خراپەی خراپوەشێنان…

گومانی تێدا نییە کە ژیانی دونیا ژیانێکی کورتە و ژیانی ڕاستەقینە و دڵنیایی ڕاستەقینەی تێدا نییە. مرۆڤ لە ژیانی ئەم دنیایەدا نە بەردەوام لە خۆشی دایە و نە بەردەوامیش لە خەفەت و سەغڵەتی دایە، ئەگەر دنیا هەموو موڵکی تۆ بێ و خاوەنی خێزان و منداڵ و پارە و مەقامێکی گەورە بی، هێشتا بزانە کە لە ڕاڕایی و بێ‌دەرەتانیدا دەژێت! دەزانی بۆ؟ چۆنکە دوای ئەو دەسکەوتانەش کە بە دەستییان دێنیت لە دوایدا بیر لەوە دەکەیتەوە کە چۆن بیان پارێزی و ئاگات لێیان بێ! زۆر جار دەبینی تووشی کارەساتی گەورە و بچووک دەبی، که‌چی تەنانەت ناتوانی بەرگری لەخۆت بکەی. بۆیە دەبینین ژیانی دونیا نە ژیانی ڕاستەقینەی تێدایە و نە ژیانی دڵنیایی!

ئەمڕۆ ئارەزوو و سەروەت و سامان و پلەوپایە سەراپای ژیانی مرۆڤیان گرتۆتەوە بە جۆرێک کە لە هەندێ کات و شوێندا بێز لە مرۆڤ بوونی خۆت دەکەیەوە و پارە و پووڵپەرەستی و پلەوپایە و ئارەزووبازی لە پاکترین کۆمەڵگەکانی جیهاندا پەرەی سەندووە. ئایا بەراستی گەیشتن بەو ئاستە غەم و پەژارەی مرۆڤەکان لادەبات و ڕوح پێی بەرز ئەبێتەوە؟ جا ئەگەر وا نەبێت، ئەوە ئیتر سەعادەت و بەختەوەری و ئارامی کۆمەڵگە بوونی نییە!

پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: ئەگەر مرۆڤ دوو دۆڵ پڕ لە ئاڵتوونی هەبێت، بە دوای دۆڵی سێیەمیشدا دەڕوات، ئەمەش ئەوەمان فێر دەکات کە تەماعی ئینسان بە هیچ شتێک تەواو نابێ مەگەر بە خاک یان قەناعەت… ئەمەش دەرنجامێکی ئاسایی زاڵبوونی شارەستانییەتێکە کە بە یەک چاو لە ژیان دەڕوانێ، کە ئەوەش چاوی ماددی و پووڵپەرەستییە. تۆ لە هەوڵدایت بگەیتە لووتکەی ئاواتەکانت بە هەر ڕێگا و هەر شتێک کە مرۆڤ هیوا و ئاواتییەتی پێی بگەیت و هەر کات گەیشتیتە لووتکە، ئیتر وابزانیت ڕزگارت دەبێ! بەڕاستی ئەمە یا خۆ خەڵەتاندنە یان پەی پێ نەبردنە بە چۆنییەتی بەڕێوەبردنی ژیانی دونیا لە سەر ئەو سیستەمە قوڕئانییەی کە خوای گەورە ڕێڕەوی ژیانی بە جوانی تێدا داڕشتووە کە دونیا بکەیتە کێڵگەی دواڕۆژ، تاکوو فریای خۆمان بکەوین و بەم خۆشییە کەمەی دونیا فریو نەخۆین…

لەڕاستێدا لە سەردەمی کڵپە ساندنی ئارەزووەکان و لاواز بوونی بەها ڕوحی و ئیمانییەکاندا ماندوویەتی لە هەموو کاتێک زیاتر دەروون و ویژدانی مرۆڤەکانی گرتۆتەوە، تەنانت ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆژی و خۆشگوزەرانییەی کە هەیە نەیتوانیوە پێشی پێ بگرێت.

ئەمڕۆ مرۆڤەکان لە هەموو کاتێک زیاتر هەست بە بێهودەیی و بێ بایەخی خۆیان دەکەن، مرۆڤ بۆتە ئامێرێک کە بەردەوام ئۆقرەی لێبڕاوە لە پێناو وەهمێکیدا کە بەختەوەری خۆی تێدا بەدی دەکات، ئەمەش وای کردووە کە مرۆڤ قەناعەت لە دەست بدات و بە هیچ شتێک ڕازی نەبێ، بەڵکوو هەموو بەها ڕەوشتییەکان لە پێناو ئارەزووی ژیانی دونیادا پێشێڵ بکات.

ئەگەر جوان ورد ببینەوە، بۆمان دەرئەکەوێ کە سروشتی مرۆڤ وانییە کە بە تەنها لە نێو کۆخێک یان ماڵێک تەنانەت لە نێو کۆشک و تەلارێکی ڕازاوەشدا بژی، بێ‌ئەوەی کەسانی‌تری هاوڕەگەزی نەبینێ، هەموومان پێویستمان بە پێکەوە ژیان هەیە کە ناوەڕۆکەکەی ئاسایش و ئارامی و سڵامەتی و ئازادی و دادپەروەری و لێبوردەیی و لێک تێگەیشتن و قبووڵکردنی یەکتره‌.

ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە ئادەمیزاد لەو کاتەوە کە فام دەکاتەوە، گیری خواردوە لە نێوان کێشمەکێشی نەفس و دەروون و ناخیدا لە لایەک و هاندانی شەیتان بۆ لە خشتەبردنی لەلایەکی ترەوە، شایانی باسە کە ئەو زاتەی کە ئێمەی بەدی هێناوە ئەمادەیی یەکی دوولایەنی لە توێی نەفس و دەروونی هەریەکەماندا دابین کردووە، {وَنَفْسٍ وَمَا سَوَّاهَا ـ فَأَلْهَمَهَا فُجُورَهَا وَتَقْوَاهَا}، بەڵگەی ڕوونە لەو باره‌یەوە، چونکە ئەو زاتە سوێند بە نەفس و دەروون، هەروەها ئەو زاتەی کە بەدی هێناوە دەخاتە ڕوو لە سەر ئەوەی کە هەر خۆی توانای ئەنجامدانی خراپە و چاکەیە، یاخی بوون و ملکەچی، گوناهکردن و چاکەخوازی تێدا دابین کردووە.

ئەوەی کە گرنگە مەبەستی ئێمەیە لێرەدا، شێوازی بەرەنگار بوونەوە و چارەسەرە کە بێگومان پرۆژەیەکی دەستەجەمعی و بەکۆمەڵی دەوێ کە کاری تاکەکان بەرهەمدار و کاریگەر بکات، ئەتوانین ناوی گەشە سەندنی {خۆراکی ڕۆح و نهێنی پاڕانەوە} لەم پرۆژەیە بنێین.

مەبەستمان گێڕانەوەی هاوسەنگییە بۆ ژیان بە گێڕانەوەی بەها مەعنەوی و ڕەوشتییەکان بۆی و گێڕانەوەی ڕوحە بۆ مرۆڤ بە زیندووکردنەوەی دڵ و ئاوەدان کردنەوەی دەروونی بە ئیمان…

ناوەڕۆک و جەوهەر و لاڵانەوە و پاڕانەوە و گەشەکردنی ڕوح لە زیندوویەتی ویژدان دایە، لە ناسینی خوا دایە کە: فەریادڕەسە، یاریدەرە، ڕازیقە، ئاگای لێتە و خۆشی ئەوێیت و پاداشتت بە جوانترین و شیاوترین شێوە ئەداتەوە… ئەوەی ئەو مانایە لە دڵیا نەبێ و لەگەڵیدا نەژی، هەرگیز بۆنی بەرهەم و بۆنی چێژ و خۆراکێکی ڕوحی نەکردووە.

کاتێک قسە لەسەر ئیسلام دەکرێ یانی قسەکردن لە پەیامی {خوا} بۆ مرۆڤایەتی، یانی قسەکردن لەسەر نەخشە و پرۆگرامی {خوا} بۆ گشت بوونەوەر و بە تایبەت تر {جن و انس} بە جۆرێ ئەم پەیامەی خوا سۆز و ڕه‌حمەتە بۆ گشت بوونەوەر، هەر بۆیە لە وەسفی پەیامەکەیدا دەفەرموێت: { هدی و رحمە}…

هۆکاری هەرە بەهێزی گەشەکردن و چێژی ڕوح و جێگیربوونی دڵەکان و خۆ بواردن لە دەردی پەشۆکاوی و نیگەرانی خۆگرتنە بە ڕۆحی ئەم دینە کە بریتییە لە قوڕئان و سوننەتی پێغەمبەر ﷺ.

ڕۆژوو و نهێنی هەقیقەتی پاڕانەوە لە کاتی بەربانگدا

یەکێک لەو ڕێگایانەی کە مرۆڤ لە خوای گەورە نزیک دەکاتەوە و پەیوەندیان بەهێز و بەردەوام دەکات کە هیچ بەر بەستێک و هیچ شتێک نەتوانێت ئەو پەیوەندییە تۆکمە و پتەو و لەحیمە بپچڕێنی و جیای کاتەوە لە “اللە”، خوای خالق و بەدیهێنەر، دوعا و لاڵانەوە و موناجات و نهێنی ئیخلاس و دڵسۆزی و لێبڕان و ڕاستی پاڕانەوەیە.

لە قوڕئانی پیرۆز و لە فەرموودەکانی پێغەمبەری پێشەوا و سەروەرماندا دروودی خوای لێ بێت بایەخێکی زۆر دراوە بە دوعا و موناجات و پاڕانەوە و بەرزکردنەوەی ویست و خواست و داواکارییەکان بۆ لای خوای گەورە، ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە دوعا و پاڕانەوە جێکەوت و ئاسەواری ئیجابی و گرانبەهای زۆر بۆ مرۆڤ دەهێنیتە کایەوە و ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لەدەستنیشانکردن و ئاراستەکردنی ژیانی مرۆڤدا.

لە ڕاستیدا کاتێک هەیە بۆ پاک کردنەوەی ڕۆح و پاڵاوتنی بیر و فیکر {کاتێک هەیە کە دەروونەکان تیایدا پاک دەبنەوە}، دینداران و خۆشەویستانی خوا کاتێکی دیاری کراو و تایبەتیان هەیە کە دوعا و پاڕانەوەیان بەرز بکەنەوە بۆ لای پەروەردگار. واتە ئەو کاتانە، کاتانێکن کە مرۆڤی باوەڕدار هەڵیان ئەبژێری تاکوو بە دوعا و موناجات و لاڵانەوە وتووێژ لەگەڵ خوای خۆی بێتە دواندن و موناجات… کاتانێک کە دڵت پاک و بێگەردە و خالیس بۆ ئەوە کە لە خەڵوەتەکانتدا بە ڕۆژ بێ یان بە شەو، شەوق و زەوقەکانت لە خەڵوە ڕوحینەکاندا بەرز ئەبنەوە بۆ لای خوای پەروەردگار، لە ڕێگەی وشەکان و زیکرەکان و لاڵانەوە و دوعا و پاڕانەوە.

دوعا و پاڕانەوە لە بارەگای خوا کاریگەری سەرسووڕهێنەری هەیە لەسەر “ڕوح” و دەروون هەر بۆیە پاڕانەوە و موناجات خۆشەویسترین بەندایەتییە لای خوای میهرەبان و نزیکترین ڕێگەیە بەرەو خوای بەدیهێنەر. جوانترین ڕێگایەک کە مرۆڤی باوەڕدار ئەتوانی ئەو په‌یوەندییە تۆکمە دڕوست بکات کاتی “بەربانگە” کە مرۆڤ زیاتر لە هەموو کاتێک لە خوا نزیک دەبێتەوە.

پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێ فەرموویەتی: «لالصائم فرحتان یفرحهما اذا افطر فرح واذا لقی ربە فرح بصومە» واتە: «بۆ مرۆڤی ڕۆژووان بێجگە لە تاعات و عیبادات و ڕۆژووگرتن، دوو خۆشحاڵی هەیە: یەکەم؛ کاتی بەربانگ و دووەم؛ گەیشتن بەحوزووری خوا لە قیامەت.»

لە کاتی “بەربانگ” واتە ئەو کاتەی کە مرۆڤ ڕۆژوو دەشکێنی، واتە بەسەربردنی چەند ساتێک لە پاڕانەوە و موناجات و لاڵانەوە و وتووێژ و ڕژانی فرمێسکی سوپاسگوزاری و ستایشی پەروەردگار، ئیتر ئەو کاتانە دواتر ئەبن بە بەرەکەت و ئەمێننەوە تا ڕۆژی دوایی. لە کاتی “بەربانگدا” ساتێک مانەوە لە خەڵوەتدا خۆراکێکی ڕوحی بە مرۆڤ ئەبەخشی تاوەکوو هەموو کاتەکانی تری ژیانی پێ بەسەر بەرێ و بژی. دەی کەوایە ڕێز لەو کات و ساتە نوورین و پڕبەهایە بگرە تا تیایدا خۆشبەخت و بەختەوەر بی.

ئیبڕاهیمی کوڕی ئەدهەم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرموێ: «نحن فی عیش لو علموا بنا الملوک لجادولنا بالسیوف» واتە: «ئێمە لە ژیانێکداین ئەگەر پاشاکان بەم ژیانەی ئێمەیان بزانیایە بە شمشێر لێیان ئەداین و لێیان ئەستاندین.»

بە دەربڕینێکی دیکە دەتوانین ئەوە بڵێین کە: مانگی پیرۆزی ڕەمەزانیش باشترین و لەبارترین کاتە بۆ زیندووکردنەوەی بەها ڕوحی و ئیمانییەکان و تاودانیان لە دڵ و دەروونی مرۆڤەکاندا.

بەڵێ گەنج و خوێنەری خۆشەویست و دڵشیرین دەکرێ ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە: ئایا بە ڕاستی ئێمە ئاوا بە زەوق و شەوق و سەرەنج و دیقەتەوە پەیوەندی لە نێوان خۆمان و پەروەردگار ئامادە دەکەیین!؟ ئایا بە پەرۆشین بۆ ئەوەی کە بزانین ئەو نامەیەی کە خوای گەورە بۆ ئێمەی ناردووە چی تێدایە و چیمان لێ داوا دەکات؟ ئایا …؟ ئایا …؟ ئایا …؟

وەڵامی ئەو پرسیارانە هەر کەس لەلای خۆیەوە با بیداتەوە پێش ئەوەی ئەو ڕۆژە بێ و پەشیمانی و گەڕانەوە بۆ دونیا مەحاڵ بێ.

خاڵی ئەرێنی ئەم بارودۆخە نەخوازراوە لەوە دایە کە مرۆڤەکان لە هەموو کاتێک زیاتر تامەزرۆ و تینووی بەها ڕۆحی و ئیمانییەکانن، چونکە هەڵپەکردن بۆ دونیا و پووڵپەرەستی و ئارەزووەکان، ڕوح و دەروونی ماندوو کردووە. هەر بۆیە گرنگە کە گوتاری ڕەمەزانیمان گوتارێکی ڕۆحی و ئیمانی خەست و خۆڵ بێ، گوتارێک کە ناسکی بۆ ڕۆح و زیندوویەتی بۆ دڵ بگێڕێتەوە. ئەمەش لە گوتاری قوڕئانی بەدی دەکرێ، واتە گوتارێک که دەعەوی و ڕۆحی و ئەخلاقی بێ. زۆر جار چەقی قورسایی گوتاری ئایینی بانگخوازان و مامۆستایانی وڵاتەکەمان لەسەر ترساندن و نیشاندانی ڕووی گوناهباری مرۆڤەکان و کۆمەڵگا دامەزراوە، بەجۆرێک کە هێندە باسی عەبدی ڕووڕەش دەکرێ، کە ڕووڕەشی ئاماژەیە بە سیمایەکی ڕەشهەڵگەڕاوی دووزەخیانە و بەو ئەندازە باس لە مزگێنی دان و بەهەشت و باوەڕداری ڕووگەش ناکرێ.

ئایا ڕەوایە بۆ کەسانێک بەتایبەت لە ناوچە گوندنشین و هەژارنشینەکانی شار و شارۆچکەکاندا کە زوڵم و ستەم و چەوساندنەوە و بێبەشی دەیان ساڵە ژیانی لێ کردوونەتە بیمەی دۆزەخێک!؟ جارێکی تر بە گوتارێکی ئاگراوی دۆزەخیانەی سەرکوتکەر، ڕۆحیان پەرێشان بکرێ؟

یاخود بە پێچوانە پێویستە ئیمان و ئیسلامەکەیان بۆ بکەین بە پەنای ئومێد و ڕوح هاتنەوە بەر؟ لەو سۆنگەوە کە کەسانێک کە باوەڕدارن و خۆیان بە موسوڵمان دەزانن، با هەندێ سەرپێچی و نافەرمانیان کردبێ، شایستەی ئەوەن ئومێدیان لەدڵدا زیندوو بکرێتەوە و وێنای خودایەکی میهرەبان و لێخۆشبوویان بخرێتە بەردەم.

ڕەنگە یەکێک لە حیکمەتەکانی دابەزینی قوڕئان ئەوە بێ. کەواتە گەڕانەوە بۆ قوڕئان و گوتارە کاریگەر و دڵ هەژێنەکان، مەسەلەیەکی گرنگ و سەرەکییە بەتایبەت بۆ سوورەتەکانی {زمر، واقعە، ذاریات و…}، بە دەربڕینێکی دیکە دەتوانین ئەوە بڵێین کە: جیاوازی نێوان ترساندن و توقاندن و هۆشیار کردنەوە زۆرە…

ڕۆژوو چێژی ڕۆح و نهێنی پاڕانەوە لە ڕاپەڕاندنی ژیانی مرۆڤدا

لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا بنەما ئەمەیە کە مرۆڤ لە خودی خۆیدا مەخلوقێکی پاکە و گوناە شتێکی لاوەکییە بە سەریدا دێت، ئیدی ئەوەندە بەسە پەشیمان ببێتەوە و بگەڕێتەوە سەر رێگەی ڕاست و ڕوحی بریندار چارەسەر بکات. لە ڕاستیدا دڵ و دەروون و ڕوح و گیانی ئاسوودە باشترین و گرنگترین دەسکەوتی گرانبەهای مرۆڤە. هەموو هەوڵ و تێکۆشان و لێبڕان و ڕەنجی مرۆڤیش لە ژیانی ئەم دونیایەدا، بۆ دەستخستنی ئەم گەوهەرە نایاب و دەگمەن و بەنرخەیە. لە ڕاستیدا ڕۆحی مرۆڤ هەروەک جەستەی بریندار دەبێ، بریندار بوونی ڕۆحیش بریتییە لە گوناهکردن، هەموو گوناهکردنێک برینداربوونی ڕوحە. بەڵام ئایا برینەکانی ڕۆحیش وەک برینەکانی جەستە ئەگەر لێی پیس نەکەن و لەدەست دەر نەچن، ساڕێژ دەبن و چاک دەبنەوە، ئەگەر رێگەی خوێ بگرینە بەر و دەرمانی تایبەت بەخوێ بەکار بهێنین؟ وڵامی ئەو پرسیارە بە گوتەی ڕۆحناسان و شارەزایانی دەروونناسی بەڵێ-یە! بە مەرجێک دەرمانی خوێ بۆ بەکار بهێنین، دەرمانی چاک کردنەوەی ڕوحی برینداریش دوعا و مناجات و پاڕانە و لاڵانەوەلە بارەگای خوایه.

جا ئاوەدانکردنەوەی ئەو ئایندەیە و وەدەستخستنی سەقامگێری و ئاسوودەیی ڕۆح، لێرەوە بەدەست خۆمانە و هۆکارەکانیش ڕوون و ئاشکران.

سەرەتا دەبێ ئەوەمان لە بیر نەچێ کە ئێمە میوانین و میوان دەبێ لەو سنوورە لانەدا و نەترازێ کە خاوەن ماڵ بۆی دیاری دەکات و لەو کارانەش خۆی نەدزێتەوە کە بۆی دیاری کراوە. چونکە ئەنجامدانی ئەرکەکان بە قازانجی تەواو دەبێ. بۆ نموونە خوای گەورە فەرمانی بە ئەنجامدانی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان داوە، پێویستە جۆرێک ڕۆژوو بگرین کە پاڵنەرمان بێ بۆ ئەنجامدانی هەموو جۆرە چاکەیەک و له لە هەموو گوناه و خراپەیەک ڕێگریمان لێ بکات. ڕۆژوو هەلێکی زێڕین و دەرفەتێکی بەنرخە کە لە ژیانماندا بیکەین بە گۆرەپانێکی پیرۆز بۆ خوا پەرەستی و چاکەکاری، و هەوڵ بدەین ساتێکی بە غەفڵەت و بێهودە بەسەر نەبەین. مانگی پیرۆزی ڕەمەزان باشترین کاتی زێڕینە بۆ ژیانەوە و ئارامی و ئاسودەیی ڕوح.

بەڕاستی دوعا و موناجات و پاڕانەوە لە ساتە نوورین و عیرفانێکانی بەربانگ و سەحەردا، باخچەی دڵە زیندووەکانە، جێگای به‌رز بوونەوەی ڕۆحەکانە، زیندووکەرەوە و ژیانبەخشی کانیاوی فرمێسکی چاوەکانە، گریان لەبەر خۆشەویستی خوا، ڕشتنی فرمێسکی پەشیمانی و بەچەند دڵۆپێک لە ئەوین لە خزمەت خوا گیان. یەکێک لە سیفاتە جوانەکانی باوەڕدارانە {یبکون و یزیدهم خشوعا} هەر چاوێک فرمێسکێک بۆ خوا بڕێژێ هەرگیز بە ئاگری دۆزەخ ناسووتێ وەک لەفەرموودەدا هاتووە و نیشانەی تەواوی ئیمانە. هەر ئەو فرمێسکانەیە کە ڕوح زیندوو دەکاتەوە و گوناهەکان دەشواتەوە و ئاگری دۆزەخ لە ئاستی باوەڕداردا دەکۆژێنێتەوە. بۆیە لەکاتە زێڕینەکانی شەوانی قەدر و بەتایبەت بەربانگ و سەحەر و شەوەکانی تر، ساتانێکی باشن بۆ زیندووکردنەوەی کانیاوی چاوەکانمان. تا بەو فرمێسکانە دڵە ڕەقەکانمان نەرم ببنەوە و بە ڕاستی تام و چێژی بەندایەتی بکەین.

بە دەربڕینێکی دیکە دەتوانین ئەوە بڵێین کە: سەحەر(پارشێو) کاتێکی زۆر پیرۆزە بۆ لاڵانەوە و دوعا و موناجات، بێدار بوون و داوای لێ خۆشبوون کردن لە خزمەت خوا، سوننەتێکی گەورەی پێغەمبەرمانە درود و سەلامی خوای لەسەر بێت، خوای گەورە لەو ساتە زێڕین و ناسکەدا دەفەرمووێ: کێ هەیە داوای لێ خۆشبوون بکات تا لێی خۆشبم. لە قوڕئانی پیرۆز بە ڕوونی باس لە گەورەیی و مەزنی ئەو ساتە کراوە، وەک لە وەسفی باوەڕداراندا دەفەرموێ: {و بالٲسحار هم یستغفرون}، بەڵام بەداخەوە هەستان و خەوتنمان وایکردووە که کات و ساتە زێڕینەکان لە یاد بکەین و تەمەڵی بنوێنین لە ئاستیدا، دەکرێ لە ڕەمەزاندا خۆمان بکەین بەیەکێک لە بیدارانی سەحەر و لەگەڵ “پارشێودا” چەند ساتێک تایبەت بکەین بە پاڕانەوە و دوعا و موناجات، چونکە لە ژێر تیشک و ڕووناکی لاڵانەوە و پاڕانەوەدا مرۆڤ خۆی لە شوێن و جێگەیەکدا دەبینێتەوە، لەگەڵ گەورەترین سەرچاوەی ڕەحمەت و بەرەکاتی وجوود و هەستیدا کە خوای میهرەبانە. هەروەها بە قەناعەت و تامەزرۆیانەوە خۆی لە پەیوەندییەکی عاشقانە و خۆشەویستیانەدا دەبینێتەوە لەگەڵ خوای میهرەبان و ڕۆح لە تەنیایی و بێکەسی دەرباز دەبێ.

خەڵوەتگیری لە سێیەکی شەودا، ڕووکردنە موناجات و پاڕانەوە و فرمێسک باراندن و یەکلاکردنەوەی دڵ و ڕۆح بۆ خۆشویستنی خودای پەروەردگار و دووپاتکردنەوەی بەندایەتی خۆت بە وتوێژ و موناجات بە گەردنکەچی و ملکەچیەوە بریتیە لە تەعبیر کردنێکی ڕاستگۆیانە لەوەی کە نواندی موحتاجی و لاوازی و هەژاری بۆ خوای گەورەیە، کە ئەمەش بە پاکترین بەندایەتی بۆ خوای گەورە دێتە ئەژمار.

دین بریتیە لە ژیان بۆ خوا و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی ئەو، بۆیە ئەوەی لە خوا نەپاڕێتەوە و داوای لێ نەکات و خۆی بە موحتاجی خوا نەزانێ و پێویستی بە ئەو نەبێ، ئەوە بەڕاستی خوای نەناسیوە و موماڕەسەی بەندایەتی لەشێوە ڕاستەقینەکەیدا نەکردووە، کە مانای فەقیری و ملکەچ و گەردەنکەچی تەنها بۆ خوای میهرەبانە لە هەمووشتێکدا. بەڵێ دوعا بریتیە لە کرۆکی عیبادەت و ڕۆحیەتی. پێغەمبەری خۆشەویستﷺ کە دەفەرموێ: «اِنَّ الدُّعا هُوَ العباده»

کاتێک بەندە غافڵ دەبێ لە خوای خۆی، ئەو کاتە دڵ و دەروونی قورس و گران ئەبێ و سنگی تەسک و توند ئەبێ و دڵگران و تەنگەنەفەس ئەبێ، بەوەی کە کەوتۆتە حاڵێکی خراپەوە و لە دەروون و نەفسی خۆیدا غەرق و نوقم ئەبێ و دەکەوێتە داوی شەیتانەوە. بۆیە پێویست بە چەند ساتێک دەکات تاوەکوو دڵ و دەروون و نەفسی پاک ئەکاتەوە، بۆیە لەو ساتانەدا بچێتە حوزووری خوای پەروەردگاری، بە پاڕانەوە و موناجات کە بێ بە هاواریەوە و یارمەتی و هاوکاری بکات لە کۆسپ و تەگەرە و تەنگ و چەڵەمەکانی ژیانیدا. ئەگەر هاتو ئەو کەسە بە ڕاستگۆیانە و ئیخلاس داوای لە خوای خۆی کرد ئەوە خوای میهرەبانیش ڕەحمەت و سۆز و بەزەیی و بەرەکەتی خۆی ئەڕژێنێ بەسەریدا و شیفای دڵ و ڕۆحی ئەدات.

لە کۆتاییدا دەڵێن: با بە ئەنجامدانی ئەو فەڕزە پیرۆزە و فەڕزەکانی تر، سەرجەم ژیانمان بکەین بە گۆڕەپانێکی پیرۆز بۆ خوا پەرەستی و چاکەکاری، هەوڵ بدەین تاقە ساتێک یش بە غەفڵەت و بێهودە بەسەر نەبەین، چۆنکه‌ بەڕاستی ژیان هەلێکی زێڕین و دەرفەتێکی بەنرخە کە ئەگەر له پێناو گەیشتن به ڕەزامەندی خوادا بەسەری بەرین، ئەوە قازانجەکەی لەوپەڕی مسۆگەری دایە و هەرگیز زیان و ئافات ڕووی تێ ناکات.

نووسەر: عەبدوڵڵا عەلی پوور

تێبینی:

بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم وەرگرتووە لە وتارەکانی بەڕێز ئەبووبەکر عەلی، مامۆستا شەماڵ موفتی، تەحسین حەمە غەریب

نمایش بیشتر

عبداللە علی پور

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - نقده @ شغل : دعوتگر دینی و فعال اجتماعی - مدیر کانال تلگرامی @sozimihrab

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا