شێخ ڕه‌ئوف نه‌قشبه‌ندی
خوا لێخۆش‌بوو شێخ ڕه‌ئوف نه‌قشبه‌ندی، کوڕی شێخ موحه‌ممه‌د (ناوبانگ به ئیبنی شێخ و ناسراو به سه‌عدی دووهه‌م) و نه‌وه‌ی عاریفی به‌نێوبانگ و پیری به‌حه‌ق گه‌یشتوو، حه‌زره‌تی شێخ موحه‌ممه‌د ئه‌مین نه‌قشبه‌ندی (خه‌ڵکی بێژوێی سه‌ر به ناوچه‌ی ئالانی سه‌رده‌شت) و نه‌وه‌زای شێخ ئه‌حمه‌دی عوسمانی (سه‌راوی نه‌قشبه‌ندی)یه.
له دایک بوون و مناڵی:
عه‌بدوڕه‌ئوف نه‌قشبه‌ندی له دووهه‌م ڕۆژی مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زانی ساڵی ١٣۵٧ی کۆچی مانگی، له بنه‌ماڵه‌یه‌کی عیرفانی و ڕوحانی له ناوچه‌ی ئالانی سه‌رده‌شت له گوندی ئیسلام ئاباد (بێژوێ) چاوی به دونیا هه‌ڵێنا. عه‌بدوڕه‌ئوف هه‌ر له سه‌ره‌تای مناڵی که ئێستا ته‌مه‌نی به ۵ ساڵ نه‌گه‌یشتبوو، له خزمه‌ت باوکی به‌ڕێزیدا پیته‌کانی (تهجی) فێر ده‌بێت و ورده ورده به‌شداری کۆڕ و وانه‌کانی باوکی ده‌کات و کتێبی (متداوله)ی سه‌ره‌تایی ده‌خوێنیت و قۆناغی سه‌ره‌تایی لای باوکی تێپه‌ڕ ده‌کات. به‌ڵام هه‌ر له‌و کاته‌ی که ئه‌و مێرمناڵێکی تازه پێگه‌یشتوو بوو، باوکی ئازیزی (شێخ مه‌لا موحه‌ممه‌د) ماڵاوایی له ژیان ده‌کات و عه‌بدوڕه‌ئوف به هه‌تیوی ده‌که‌وێته باوه‌شی ژیانه‌وه.
به‌ڵام به هاوڕێیه‌تی و سه‌رپه‌رشتی دڵسۆزانه‌ی شێخ موحه‌ممه‌د ئه‌مین، باپیره‌گه‌وره‌ی مه‌جید عه‌بدوڕه‌ئوف، هه‌ستی بێ‌باوکی له دڵ ده‌رده‌کات و ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی‌که گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕێکی زۆر له هه‌ست و خولق و خوو و خده‌ی وی دروست بێت و به‌ره‌و که‌ماڵات بڕواته پێش. هه‌ر وه‌ک شێخ ڕه‌ئوف خۆی ده‌یوت: کاتێک قوتابی باوکم بووم، زۆر له گوشاری و فشاردا بووم، به‌ڵام شێخ ئه‌مینی باوه‌گه‌وره‌م، پرۆسه‌ی خوێندنمی ئاویته‌ی میهر و سۆز و میهره‌بانی کرد و به‌م چه‌شنه لاپه‌ڕه‌یه‌کی نوێ له ژیانی مناڵیمدا ده‌ستی پێ کرد و شێوازێکی ترم گرته به‌ر.
عیڕفان:
عه‌بدوڕه‌ئوف هه‌ر له سه‌رده‌می مناڵی له بۆنه و کۆڕه‌کانی عیرفانی خانه‌قای باو و باپیرانی به‌شداری ده‌کرد و هه‌ر به‌و هۆیه‌ش دوای وانه‌ی ڕۆژانه‌ی، به هۆی هۆگری به ته‌سه‌وف و به ڕێنمایی وشیارانه‌ی شێخ موحه‌ممه‌د ئه‌مین، ڕێگای عیشقی ڕاسته‌قینه هه‌ڵده‌بژێریت و به‌ره‌و ناوه‌ندی مه‌زاقی عیرفانی، واته مه‌کته‌بی عیرفانی شێخ عوسمان سێراجه‌ددین سانی له بیاره و دووروودی سنه ده‌ڕوات و له‌وێ به پێی ڕێنماییه‌کانی حه‌زره‌تی شێخ سێراجه‌ددین، سه‌رقاڵی فێربوونی یاساکانی ڕه‌وش و ڕه‌وێڵ به‌رزی و بنه‌ماکانی کاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌روونی خۆی ده‌بێت و به‌رزی و نزمی ئه‌و زه‌ریا قوڵه تێپه‌ڕ ده‌کات و قۆرت و پێچه‌کانی ته‌ریقه‌تی به‌ره‌و خوا تێده‌په‌ڕێنیت و بڕوانامه‌ی خه‌لافه‌ت و ڕێنوێنی و په‌ره‌دان به ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی له مامۆستاکه‌ی وه‌رده‌گریت. هاوکات که له خزمه‌ت حه‌زره‌تی شێخ عوسمان له دووروودی سنه بوو، له خزمه‌تی زانای گه‌وره و ئاوه‌زمه‌ند و به‌ڕێز، خوالێخۆش‌بوو مامۆستا مه‌لا موحه‌ممه‌دی باقر باله‌کیش به‌هره‌ی زۆری برد و دوای ئه‌وه‌ی که له خزمه‌تی ئه‌و به به‌هره‌ی ته‌واو گه‌یشت. له لایه‌ن ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزه‌ش بڕوانامه و شاده‌ی وانه‌گوتنه‌وه و فیتوادانی وه‌رگرت.
سه‌رده‌می خوێندن:
شێخ ڕه‌ئوف هه‌ر له سه‌ره‌تای مناڵی له‌سه‌ر داوای باوکی به خوێندنی ده‌رسی ئایینی سه‌رقاڵ ده‌بێت و تا کۆچی دوایی باوکی له خزمه‌تی داده‌بێت، پاشان ده‌چێته خزمه‌ت باوه‌گه‌وره‌ی و زانسته‌کانی سه‌ره‌تایی عه‌ڕه‌بی و فارسی ده‌خوێنیت و تا ته‌مه‌نی دوازده ساڵانی، ته‌واوی زانسته‌کانی سه‌رف و نه‌حوی عه‌ڕه‌بی به ته‌واوی فێر ده‌بێت.
ئه‌و هه‌رچه‌ند بۆ قوتابخانه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌چوو، به‌ڵام زۆر زانا بوو و هه‌ر به‌م چه‌شنه‌ی که ئه‌هلی عیرفان بوو، ئه‌هلی شێعر و نووسین و ئه‌ده‌بیش بوو و هه‌ستێکی زۆر پاراوی هه‌بوو که به‌رهه‌می شێعری به زمانی کوردی و فارسی و عه‌ڕه‌بی له دوای خۆی جێ هێشت. ئه‌و جگه له زانستی ئایینی، بایه‌خی زۆری به زانسته‌کانی دیش ده‌دا و به‌پێچه‌وانه‌ی زۆرێک له که‌سانی هاوسه‌رده‌می که پێیان وابوو زانستی غه‌یری ئایینی، زانستی شه‌یتانه، مامۆستا شێخ ڕه‌ئوف هه‌ردوو زانستی به پێویست و ته‌واوکه‌ری یه‌کتر ده‌زانین.
ئه‌و له خزمه‌تی باوه‌گه‌وره‌یدا وانه‌ی ئه‌خلاقی فێر ده‌بێت. دوای ئه‌وه‌ی‌که ژیری و زیره‌کی ئه‌و دیار ده‌که‌وێت، له‌سه‌ر داوای باپیری بۆ قوتابخانه‌ی زانستی دولکان؛ سه‌ر به ناوچه‌ی ئالانی سه‌رده‌شت ده‌چیت و له‌وێ له خزمه‌ت مه‌لا عه‌لی مه‌حموودی درێژه به خوێندنی ده‌دات و کتێبی جامی، شافیه‌ی ئیبنی حاجه‌ب و (ذات الشفاء)ی شێخ جوزه‌ری و کتێبه زانستییه‌کانی‌تر ده‌خوێنیت، به‌ڕاده‌یه‌ک که دوای چه‌ند مانگێک هه‌ر دوو کتێیه‌که له‌به‌ر ده‌کات.
له‌وێوه دوای چه‌ند ساڵێک به هۆی هێزی ژاندارمێری و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی مزگه‌وتی گوند، به فه‌رمانی باپیره‌ی به‌ره‌و گوندی گه‌ڵاڵه‌ی کوردستانی باشوور وه‌ڕێ ده‌که‌ویت و ده‌چیته خزمه‌ت مامۆستا مه‌لا موحه‌ممه‌د بۆکانی (ناسراو به ڕه‌ئیسی و مه‌لای گه‌ڵاڵێ). مامۆستا مه‌لا موحه‌ممه‌د که له ئاستێکی زۆر به‌رز و به شێوازی تایبه‌تی خۆی وانه‌ی ده‌وته‌وه، شێخ ڕه‌ئووف سه‌ره‌تا زۆری لێ تێنه‌ده‌گه‌یشت و پێی وابوو زۆر زانا نییه. هه‌ر بۆیه بۆ ماوه‌ی چوار مانگ به‌ره‌و مامۆستای پێشووی خۆی واته مامۆستا مه‌لا عه‌لی گه‌ڕایه‌وه. به‌ڵام زۆری نه‌خایاند که ده‌ورووبه‌ریه‌کانی هانییان دا به‌ره‌و گه‌ڵاڵه بگه‌ڕێته‌وه و مامۆستای گه‌ڵاڵه‌ش به هۆی لێهاتوویی شێخ ڕه‌ئوف وه‌ریگرته‌وه. دوای چه‌ند ساڵێک بۆ شاری سه‌رده‌شت بۆ خزمه‌ت مامۆستا عه‌لی مه‌حموودی گه‌ڕایه‌وه و دوباره جارێکی دی چۆوه گه‌ڵاڵه و ئه‌و جار ئاسۆیه‌کی دیکه‌ی له نووری عیلم و زانست و گه‌وره‌یی مامۆستا بۆ ده‌رکه‌وت، هه‌ر بۆیه تا کۆتایی خوێندنی لای ئه‌و مایه‌وه و له ساڵی ١٧ی سه‌فه‌ری ١٣٨٠ی کۆچی مانگێ، واته ٢٠ی جۆزه‌ردانی ١٣٣٩ی کۆچی هه‌تاوی ئیجازه‌نامه و شه‌هاده‌ی تایبه‌تی فیتوا و وانه‌بێژی وه‌رگرت.
دوای وه‌رگرتنی ئیجازه‌نامه بۆ زێدی خۆی واته گوندی بێژوێ گه‌ڕایه‌وه و قوتابخانه‌ی ئایینی له سێ ئاستی (سه‌ره‌تایی، موسته‌عیدی و کۆتایی) دامه‌زراند که خزمه‌تێکی زۆری له‌و بواره‌وه به کۆمه‌ڵگای خۆی کرد. پاشان که مامۆستا مه‌لا ساڵه نه‌جیبی گه‌ڕایه‌وه بۆ بێژوێ، ئه‌رکێ وانه بێژی پێ سپارد و مامۆستا شێخ ڕه‌ئوف به نووسین و وه‌رگێڕان و لێکۆڵینه‌وه سه‌رقاڵ بوو. دوای شۆڕشی ئێران ماڵی بۆ شاری سه‌رده‌شت گواسته‌وه و سه‌ره‌تا له مزگه‌وتی (محمد رسول الله) و پاشان له خانه‌قا ده‌بێته مامۆستا.
شێخ ڕه‌ئوف له بواری کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه:
مامۆستا شێخ ڕه‌ئوف که‌سێکی هه‌ڵکه‌وته بوو، له نێو کۆمه‌ڵگادا جێگه و پێگه‌ی تایبه‌تی هه‌بووه و خه‌ڵک ڕێز و خۆشه‌ویستییه‌کی زۆری بۆ ده‌نواند. ئه‌و هه‌ر له سه‌ره‌تای مناڵیوه له بنه‌ماڵه‌یه‌کی ئایین‌په‌روه‌ر و به‌دین و زانا و ئه‌هلی عیرفان چاوی به دونیا هه‌ڵێناوه و به پێی ئه‌وه‌ی‌که خه‌ڵکی کورده‌واری، دین‌دۆستن و ڕێزێکی تایبه‌تی بۆ زانایانی ئایینی داده‌نێن، مامۆستا شێخ ڕه‌ئوفیش له‌و بابه‌ته‌وه له که‌سایه‌تییه ڕێزداره‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا هه‌ژمار ده‌کرا. هه‌روه‌ها به هۆی ئه‌وه‌ی‌که له بواری ئایینی زۆر شاره‌زا بوو، وه‌ک پێشه‌نگێک له ناوچه‌ی کوردستان و تایبه‌ت له سه‌رده‌شت ناوده‌بردرا.
بنه‌ماڵه‌ی مامۆستا ئه‌هلی عیرفان بوون، مامۆستا شێخ ڕه‌ئوفیش هه‌ر وه‌ک ئه‌وان ڕێبازی باو و باپیری درێژه پێ ده‌دات و به‌م چه‌شنه تێکه‌ڵاوی ته‌سه‌وف ده‌بێت. خۆی که موریدی “شێخ عوسمانی سێراجه‌ددین” بوو، بۆ سه‌ردانی ئه‌و هاتوچۆی بیاره‌ی ده‌کرد.
مامۆستا که‌سێکی خوا په‌ره‌ست بوو و به گوێره‌ی پێویست به‌ندایه‌تی خوای گه‌وره‌ی ده‌کرد. ئه‌و هه‌رچه‌ند ڕێگای ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی گرته‌به‌ر، به‌ڵام وه‌ک هێندێک که‌س خه‌ڵوه‌ت‌نشینی و دووره‌په‌رێزی هه‌ڵنه‌بژارد و تێکه‌ڵاوی خه‌ڵک بوو، هه‌ر ئه‌وه‌ش لای خه‌ڵکی خۆشه‌ویستتر کردبوو. واته هه‌م پابه‌ند به شه‌ریعه‌ت و هه‌م ته‌ریقه‌ت بوو. ئه‌و جیاوازییه‌کی بۆ خه‌ڵکی دانه‌ده‌نا و له‌گه‌ڵ هه‌موو چین و توێژه‌کان پێوه‌ندی هه‌بوو. له‌گه‌ڵ هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌سه‌ڵاتدار و بێ‌ده‌سه‌ڵات هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌کرد و له ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاوا ها‌وڕێی هه‌بوو. میانه‌ڕه‌و بوو و له زێده‌ڕۆیی و کۆتاکردن خۆی ده‌پاراست.
مامۆستا له‌گه‌ڵ قوتابییه‌کانی پێوه‌ندییه‌کی زۆر خۆش و دۆستانه‌ی هه‌بوو و هه‌رچه‌ند ئه‌و سه‌رده‌مه فه‌قێ و قوتابی زۆر دڕه‌تانیان نه‌بوو لای مامۆستاکانیان، به‌ڵام ئه‌و وه‌ک باوک و کوڕ له‌گه‌ڵیان ده‌دوا و هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌کرد.
له‌و فه‌قێیانه‌ی که لای شێخ ڕه‌ئوف خوێندوویانه ده‌توانین ئاماژه به مامۆستا مه‌لا ئه‌بوبه‌کری نه‌سیری (موحه‌ممه‌د که‌ریمی)، مامۆستا مه‌لا ئه‌بوبه‌کر ڕه‌سووڵی، مامۆستا عه‌بدولقادر کوردی، دکتۆر عه‌بدولقادر بکه‌ین.
شێخ ڕه‌ئوف شاعیرێکی لێهاتوو و به‌هه‌ست بووه و له‌و بواره‌وه ده‌بێته مامۆستا و ڕێنیشانده‌ری مامۆستا موحه‌ممه‌د ئه‌مین ئه‌مینیان که له هاوڕێیانی نزیکی بوو.
وه‌سیه‌تی باوکی سه‌باره‌ت به گوڵستان و بوستانی سه‌عدی:
مامۆستا شێخ ڕه‌ئوف زۆر حه‌زی له گوڵستان و بوستانی سه‌عدی بوو و زۆر کاریگه‌ری لێ وه‌رده‌گرت. چونکه بنه‌ماڵه‌که‌یان له بنه‌ڕه‌ته‌وه گرینگی زۆریان به‌و کتێبه ده‌دا و باوکی به‌ڕێزی به‌رده‌وام ڕایده‌سپاردن که دوای کۆچی ئه‌و، گوڵستان و بوستان ببێته باوکیان و له په‌ند و ئامۆژگاریه‌کانی ئه‌و که‌ڵک وه‌رگرن.
مامۆستا شێخ ڕه‌ئوف له زمانی خێزانی:
مامۆستا هه‌رچه‌ند خاوه‌ن پله‌ی عیلمی و فه‌رهه‌نگی و ئیمانی به‌رز بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که له نیگای یه‌که‌مدا سه‌رنجی مرۆڤی ڕاده‌کێشا، ڕه‌وشت‌به‌رزی، خاکه‌ڕایی، بێ‌ده‌ماری، ژیانی ساده و ڕاستگۆیی و وته‌ی پاکی ئه‌و بوو که ڕه‌نگه ئه‌وڕۆ له که‌متر که‌سێکدا کۆی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه به‌دی بکرێت. به کورتی مامۆستا کۆی سیفاته جوانه‌کان بوو.
یه‌کێک له گرینگ‌ترین تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی مامۆستا ئه‌وه بوو که به‌رده‌وام ده‌ست‌نوێژی هه‌بوو، به‌یانی که له خه‌و هه‌ڵده‌ستا، سه‌ره‌تا ده‌ست‌نوێژی هه‌ڵده‌گرت و ئه‌و جار کاره‌کانی دیکه‌ی ده‌کرد. مامۆستا به‌رده‌وام به من و مناڵه‌کانی ده‌وت که هه‌میشه به یادی خوا بین، چونکه خوا بینا و ئاگادار له کرده‌وه و حاڵمانه و به لێپرسینه‌وه‌ی ڕۆژانه له نه‌فس و کرده‌وه‌کانمان ڕاسپارده‌ی ده‌کردین.
جوانترین و به‌رچاوترین پێناسه‌ی که‌سایه‌تی مامۆستا که ئێستاش دوای شازده ساڵ دووری هه‌ر له زه‌ینم دایه؛ مرۆڤایه‌تی، ئاشتی‌خوازی، دڵۆڤانی ئه‌و هه‌مبه‌ر من و مناڵه‌کان و هه‌موو ده‌ورووبه‌ریانمان بوو. مامۆستا ڕێزێکی زۆری بۆ داده‌نام و به نه‌رمی و میهره‌بانی هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ من و مناڵه‌کان ده‌کرد.
ئه‌و نزایه‌ی که به‌رده‌وام له‌سه‌ر زاری بوو و له‌سه‌روی هه‌موو نزاکانی گرینگی پێ ده‌دا و ئێمه‌شی به خوێندنی ڕاسپارده ده‌کرد ئه‌وه بوو: «خوایه ئاسه‌وار و کرده‌وه و به‌رهه‌مه‌کانم وانه‌بێ که دوای مردنم، هیوا بخوازم جارێکی‌تر بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر دونیا و مناڵه‌کانم دوباره په‌روه‌رده بکه‌مه‌وه و یا نووسراوه‌کانم بگۆڕم و چاکیان بکه‌م.»
گرینگ‌ترین وه‌سیه‌تی مامۆستا بۆ مناڵه‌کانی:
ڕۆڵه‌کانم هه‌رکات هه‌ستو کرد ئه‌رکی خۆتان به باشی به‌جێ هێناوه، شادمان بن و زۆر گیرۆده‌ی بابه‌ته ماددی و دونیاییه‌کان مه‌بن. بڕواتان وابێ که ئه‌وه ده‌رفه‌تێکه خوای گه‌وره پێی به‌خشیون که له خزمه‌ت خه‌ڵک، گه‌نجان و مێرمناڵان و خوازیارانی حه‌ق و ڕاستیدا بن. خۆشترین چێژ له وانه گوتنه‌وه و وانه‌بێژیدا هه‌ست پێ بکه‌ن. هه‌ر کات که ڕۆڵێکتان له پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگا هه‌بوو، بزانن که ده‌ژین و به‌خته‌وه‌رن. هه‌وڵ بده‌ن هه‌میشه له لوتکه‌ی فه‌رهه‌نگدا بن. فه‌رهه‌نگ له ڕوانگه‌ی مامۆستا زۆر به‌ربڵاو بوو و ئه‌وه بوو که مرۆڤی بۆ گه‌یشتن به ئامانجه مه‌زنه‌کانی خوایی ئاماده و ته‌یار ده‌کرد و ئه‌وه‌ش پێویستی به ژیری و تێگه‌یشتنی قوڵ هه‌یه و بێ‌گومان که‌سێک که خاوه‌نی ناخێکی پاک بێت، خوێندن و خوێندنه‌وه ده‌بێته هۆی گه‌شه کردنی، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه به‌و مانایه نییه که که‌سانێک که خوێنده‌واری کلاسیکیان هه‌یه، له فه‌رهه‌نگ به‌دوورن.
کۆچی دوایی:
شێخ ڕه‌ئوف ده‌مێک بوو خۆی بۆ دیداری خالقی که‌ون و هه‌ستی حازر کردبوو و تامه‌زرۆی گه‌یشتن بوو و «موتوا قبل ان تموتوا» هه‌ڵبژاردبوو. خزمه‌ت به ئایین و شه‌ریعه‌تی ئیسلام له ته‌واوی ته‌مه‌نی ڕه‌نگی دابۆوه و نزیک به چل ساڵ له ته‌مه‌نی پیرۆزی به وانه‌بێژی و ڕێنمایی و په‌روه‌رده و نووسین ته‌رخان کردبوو. کاتێک شێست‌وسێ ساڵی ته‌مه‌نی تێپه‌ڕاند له ١٨ی سه‌رماوه‌زی ساڵی ١٣٨١ی هه‌تاوی به زمانی به‌ڕۆژوو ئاڵای سه‌فه‌ری بۆ ژیانی دواڕۆژ هه‌ڵدا و له کاتێکدا له‌گه‌ڵ یازده که‌س له هاوڕێیانی له پرسه‌ی یه‌کێک له خزمانی له پیرانشار به‌ره‌و سه‌رده‌شت ده‌گه‌ڕانه‌وه، له ڕووداوێکی دڵته‌زێنی هاتوچۆدا له نزیک گوندی چه‌کۆ به‌ره‌و باره‌گای میری مه‌زن ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
به‌ڕاستی که به کۆچی ئه‌و زانا پایه‌به‌رزه، خه‌م و په‌ژاره باڵی کێشا به‌سه‌ر تێکۆشه‌ران و زانایانی ئایینی؛ چونکه «موت العالِم موت العالَم».
نووسراوه و به‌رهه‌مه‌کانی:
خوالێخۆش‌بوو مامۆستا شێخ ڕه‌ئوف زۆر زانا و لێهاتوو بوو و خاوه‌ن هه‌ست و قه‌ڵه‌مێکی به‌هێز و پێز بوو و بۆ په‌ره‌سه‌ندن به عیلم و ئه‌ده‌ب و عیرفان له ڕێی نووسین دوا خزمه‌تی خۆی پێشکه‌شی کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی کرد و وه‌ک ئه‌ستێره‌یه‌کی دره‌وشان له ئاسمانی زانست و زانیاری‌دا دره‌وشایه‌وه و بوو به هۆی سه‌ربه‌رزی و شانازی سه‌رده‌شت و به‌تایبه‌ت ناوچه‌ی ئالان. هه‌رچه‌ند مامۆستا به خاکه‌ڕایی خۆی له چه‌ند شوێن ئاماژه به‌وه ده‌کات که «پێم شه‌رمه که به نه‌خته سه‌رمایه‌کی هه‌مه، خۆم له ڕێزی نووسه‌ران هه‌ژمار بکه‌م…» به‌ڵام له درێژه‌دا نووسیویه‌تی: «که من نه‌مام، نووسینه‌کانم بمێنیته‌وه به یادگاری» بۆیه ده‌ستی دایه قه‌ڵه‌م و به نووسین و وه‌رگێڕان، کۆمه‌ڵه به‌رهه‌مێکی پڕبایه‌خی له بواره جۆراوجۆره‌کانی زانستی به زمانی کوردی و فارسی و عه‌ڕه‌بی به یادگاری له دوای خۆی جێ هێشت که بریتین له ۴٠ په‌رتووک و زیاتر له بیست وتار.
لێره‌دا ئاماژه به هێندێک له‌و ئاسه‌واره پڕبایه‌خانه‌ی ده‌که‌ین:
ا) نووسراوه‌کانی به زمانی کوردی:
١- په‌رتووکی گوڵزاری ئه‌ده‌ب (دیوانی شێعر)
٢- ڕاڤه‌ی ڕه‌ئوف له‌سه‌ر عه‌وامیلی شێخ مه‌عروف (نودهی) (زانستی نه‌حو)
٣- وت‌ووێژی دکتۆر له‌گه‌ڵ خاڵی پیر (بیر و باوه‌ڕ)
۴- دیاری که‌لانه بۆ مامه شوان (ئه‌ده‌بیات و شێعر)
۵- ژیانی پێغه‌مبه‌ران
۶- وه‌نینی گه‌وهه‌ر به کوردی له‌سه‌ر شه‌رحی قه‌سیده‌ی بوردی
٧- وێنه‌ی چراگاز بۆ حاجی که چوو بۆ خاکی حیجاز (ڕێ‌وڕه‌سمی حه‌ج)
٨- دابه‌ش کردنی میرات به گورجی له‌سه‌ر شه‌رحی فرائضی قزلجی
٩- ڕووباری ئه‌ده‌ب (که‌شکۆڵ)
١٠- هه‌ڵنانه‌وه‌ی ته‌فسیری ڕه‌وان
ب) نوسراوه‌کانی به زمانی فارسی و عه‌ڕه‌بی:
۱- رساله¬ای در مورد واقعه غدیر
۲- رساله¬ای در مورد مبعث حضرت رسول (صلی الله علیه و سلم)
۳- کوکب الدریه فی اصول الوفقیه (سه‌باره‌ت به زانستی ئه‌وقاف)
۴- مجادله السیف و القلم
۵- الإهداء الی القراء فی احکام وقوف الکلام
۶- القال حول الحال
۷- مجمع المتون مع بعض الفوائد (ادبیات و صرف و نحو)
۸- النقشبندیه علی الصمدیه (ڕافه‌یه‌ک له‌سه‌ر کتێبی سه‌مه‌دیه)
۹- حکایات الصالحین (تذکره)
۱۰- هل من ناصر
۱۱- مقدمه¬ای قدوسی (فلسفه و کلام)
۱۲- ترجمه زندگانی زرتشت
۱۳- اختران ثابت و سیار آلان سردشت
۱۴- دفتر حاوی یادداشت های مختلف (که‌شکۆڵ)
۱۵- مقدمه ای بر کتاب مصباح الهدایه حسین فردوسی (حه‌دیس ناسی)
۱۶- شرح بدیع
۱۷- رساله ی جفر معشر
۱۸- انیس الجلیس (زندگی نامه خود نوشت ماموستا شیخ رئوف به زبان فارسی)
۱۹- گنجینه گرانمایه
۲۰- خطبه ها
۲۱- رساله ای در مورد وحدت وجود
۲۲- فرهنگ اصطلاحات فارسی به عربی
۲۳- رساله اعلام جرم به چراغ راه پیچیده
۲۴- زندگی نامه حضرت شیخ محمد امین نقشبندی و تتمه فرمایشات او
۲۵- اثبات وجود خدا
۲۶- رساله حرمت ثروت اندوزی از طریق قاچاق یکی از احکام ثانویه فقهی است
۲۷- آیینه جهان نما (نجوم و فلکیات)
۲۸- عصای موسی (نقد بر بهائیت)
۲۹- مجموعه مقالات
۳۰- تقویم ۴۰۰ ساله کوردی
۳۱- صیقل آیینه
۳۲- شرحی بر باب «مقطوع و موصول و حکم التاء» بر کتاب تجوید شیخ جزری
۳۳- باغستان راستان
۳۴- شرح اقسی الامانی
۳۵- اسلام تا چه حد نسبت به حقوق زنان اقدام کرده است؟
۳۶- مقدمه ای بر کتاب بهشت کردستان
۳۷- رساله ای با عنوان تحفیف در تطور علوم تفسیر و علوم الحدیث
۳۸- و چه‌ندین به‌رهه‌م و وتاری دیکه…
له خوای میری مه‌زن داواکارین جێگه و پێگه‌ی به‌هه‌شتی به‌رین بێت و لای پێغه‌مبه‌ران و پیاوچاکان و شه‌هیدان درێژه به ژیانی هه‌تاهه‌تایی بدات. له کۆتایی دا زۆر سپاسی بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزیان ده‌که‌م و هه‌روه‌ها مامۆستا موحه‌ممه‌د ئه‌مین ئه‌مینیان له هاوڕێیانی دێرینی مامۆستا شێخ ڕه‌ئوف که زانیاری زۆریان سه‌باره‌ت به مامۆستا پێ دام. خوای گه‌وره پاداشی خێری هه‌موو ئازیزان بداته‌وه.
نووسین و ئاماده کردن: کولسووم حه‌سه‌ن‌زاده