تاریخشخصیت ها

ژیاننامەی مامۆستا مەلا ساڵح مودەرریسی ناسراو بە مەلا ساڵحی پەسوێ

چەمکێک لە ژیانی مودەڕیسیکی دێرینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ژیاننامەی کەڵەپیاوانی ناوداری کوردستان پڕیەتی لە چەندین بە سەرهات و سەر بردەی بە چێژ و بە نەرخ لە کاتێکدا ئەگەر هەڵوەستەیەک لە سەر ڕابردووی ژیانیان بکەین و بچینە نێو بنچ و بنەوانی ژیانی پڕ لە نووریان، دەبینین هەڵس و کەوت و کاری ڕۆژانە و شێوازی مامەڵە و هامو شۆ کردنیان هەمووی پڕە لە پەند و حیکمەت و ئامۆژگاری و ڕێنمایی گران بەها…

ئەگەر بە وردی سەیری لاپەڕەکانی میژووی زانایانی ئاینی کوردستان بکەین بۆمان دەر دەکەوێت کە لە شار و شاروچکە و گوندەکانی کوردستانی ئازیز دا چەندین کەڵە پیاوی گەورە و زانا لە ناو ئەو گەل و نیشتمانە میژوویەکی پڕ لە سەروەریان بۆ نەتەوەکەیان تۆمار کردووە.
بۆ سەلماندنی ئەو قسەیە، هەر ئەوەندە بۆ گەورەیی و مەزنی زانایانی کورد بەسە کە لە میژوودا حەوت موفتی { مەدینە } کورد بوون، بێگومانیش موفتی ئەو کاتەی { مەدینە} موفتی تەوای جیهانی ئیسلام بووە…!
یەکێ لەو زانا ڕۆشنبیر و ناودارانە کە لە کوردستانی ئیران ژیانی بە سەر بردووە، مامۆستا مەلا ساڵحی مودەرریسی ـ ناسراو بە مەلا ساڵحی { پەسوێ } بووە.

مامۆستا نموونەی بەرجەستەی زانایەکی بیرمەند و ڕوناکبیر و بە توانا و دلێر و بوێر بوە کە تەواوی ژیانی لە خزمەت ئاینی پیرۆزی ئیسلام و گەله کەی بەرێکرد کە وەک نموونە ژیان و بەسەرهاتی لە نێو سەدان کەڵە پیاوی زانا و دانای کوردستان وەردەگرین.
خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا ساڵح کوڕی مامۆستا مەلا یاسینی موفتی یە، مامۆستا لە بنەماڵەیەکی گەورە و خواناس و ئاینی و دین دۆست و نیشتمان پەروەر و زانستخواز لە شاری {حەکاری} لە ناوچەی {جۆلەمێرگ}ی سەر بە باکوری کوردستان لە هۆزی { خان } چاوی بە دونیا هەڵێناوە.

باوکی زانا و پێشەوای ئاینی بووە، زۆر مەشهوور بە تەقوا و زوهد و قەناعت بووە. بە پێی زانست و زانیاری مامۆستا هەر بە مناڵی داێک و باوکی وەفاتیان کردووە، لە سۆز و موحەببەت و خۆشەویستی دایک و باوک بێ بەش دەبێ…

بۆ ئەوەی داهاتوی گەش و ئاسۆی ڕوون بێ، بە هیممەتی دڵسوزانی خوێ هەر لە تەمەنی منداڵیەوە خراوەتە بەر خوێندنی زانستی ئاینی و یەتیمی و بێ دایک و باوکی نەبۆتە کۆسپ لە سەر ڕێگای ژیانی و وازی لە خوێندن نەهیناوە و ڕۆژگاری شوم ئاواتەکانی نەخستوتە ژێر گڵ و لە سەر خوێندن بەردەوام بووە.
مامۆستا مەلا سالح وەک هەموو ئەو کەسانەی کە ڕێگای خوێندنی حوجرەیان گرتە پێش، دەستی کردوەو بە خوێندنی قورئانی پیرۆز و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا قورئانی پیرۆزی تەواو کردوە، بە هۆی ئەوە کە مامۆستا { یەتیم } بووە لە حوجرە گرنگی زۆری پێدراوە و دوای تەوا کردنی قورئانی پیرۆز کتێبە سەرەتایەکانی وەک { ئەحمەدی، عوامل، زەنجانی و…} خوێندوە…
مامۆستا ساڵح کە چاوی کراوەتەوە قۆڵی هیممەتی هەڵماڵیوە بۆخوێندنی زانستە ئیسلامیەکان بۆ گوند و شار و شارۆچکەکانی دەڤەری { جۆلەمێرگ } ڕۆیشتووە. پاشان بۆ درێژە پێدان بە خوێندن و وەرگرتنی زانست و زانیاری، هەروەک هەموو فەقیێەکی تری ئەو سەردەمە، ڕووی کردۆتە شار و شاروچکەکانی باشوری کوردستان و زۆر شوین و ناوچەی کوردستانی باشوور گه ڕاوە و لە چەندین مەدرەسەی ئەهلی خوێندویەتی.

مامۆستا زۆر هەڵوەدا و تامەزۆی وەرگرتنی مەعریفەت و فێربوونی زانستە شەرعیەکان بوە، لە هەر شوێنک ناو و ناو بانگی زانایەکی ئاینی بێستبێ هەوڵیداوە زو بچێتە خزمەتی و لە زانست و بەهرە و تواناکانی بەهرەمەند بێ. بۆیە هەر کە ناوی مامۆستا و زانای گەوڕە و پایە بەرزی کوردستانی باشوور، خوالێخۆشبوو مامۆستا موحەممەد جەلیزادە ناسراو بە { مـەلای گـەورەی کۆیە } لە شارۆچکەی کۆیە دەبیستێ لە گەڵ هاوڕێیەکی ڕودەکاتە کۆیە و دەچنە خزمەتی و بۆ ماوەیەکی زۆر لە خزمەتیدا دەخوێنێت و لە بەهرە و توانا و زانستەکانی سودمەند دەبێ… لە کۆتاییدا هەر لە خزمەت مامۆستای پایەبەرز و بەتوانا و دڵسوز و دین دۆست و نیشتمان پەروەر مامۆستا موحەممەد جەلیزادە خوێندن تەواو دەکات و هەر لەوێش بڕوانامەی زانستی ئاینی وەرگرتووە.
مامۆستا مەلا ساڵح بە یەکێک لە فەقێیەکانی ناودار و زانا و هەڵکەوتویی { مەلای گەورە } هەژمار دەکرێ.

بەرێز دوکتور جەواد فەقێ عەلی چۆم حەیدەری لە سەر کە سایەتی { مەلای گەورە } کتێبێکی نووسیوە کە لە ناو کتێبەکەدا ، ناوی مامۆستا مەلا ساڵح وەک فەقێیەکی زانا و بلیمەت و کارێزما و گەورە بە نموونە باس دەکا…


ژیانی مامۆستا دوای ئیجازە نامە وەرگرتنی

مامۆستا مەلا موستەفا خالیدی نەسەب وەک یەکێک لە خزمانی نزێکی مامۆستا مەلا ساڵح بۆمان دەگێڕیتەوە دەڵێ: مامۆستا دوای تەواو کردن و وەرگرتنی بڕوانامەی زانستی لە سەر داوای مامۆستاکەی { مەلای گەورە } بۆ ماوەیەک دەبێته پێش نوێژ و وتار خوێنی گوندی { ناوپردان } لە ناوچەی باڵەکایەتی و لەوێندەرێ تەدریس دەکا و کاری مەلایەتیش بەرێوە دەبا…

مامۆستا مەلا ساڵح دوای دو ساڵ ژیانی لە باشوری کوردستان لە گەڵ یەکێک لە هاورێیانی خوێ کە وەک فەقێ دەرسی لە لای مامۆستا دەخوێند بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەفەر دەکا.
مامۆستا لە سەر داوای ئاغای گۆندی {جلدیان} لە ناوچەی لاجـان سەر بە شاری خانێ { پیرانشهر} لە پارێزگای ورمێ، بۆ ماویەکی زۆر بۆ خزمەت کردن بە ئاین و کۆمەڵگا دەبێتە پیش نوێژ و وتارخوێنی ئاوایی جەڵدیان.
مامۆستا مەلا ساڵح، وەک باب و باپیرانی خاوەن مزگەوت و حوجرە و فەقێیەکی گەلێک زۆر بووە و ئەو ئامانەتەی لە زانایانی پێش خۆی وەری گرتبوو، ئەویش گەیاندیەوە بە نەوە و وچەی دوای خۆی…
مامۆستا مەلا مۆستەفا هه روه ها دەڵێ: دەگێرنەوە لە سەردەمی قەرەنی ئاغـای پەسوێ، لە ئاوایی سەروکانی کێشە و تێکهەڵچونێکی قورس لە سەر بڕینی مێشه یەک دێتە ئارا، ئەو جێگایەی کە کیشەی لەسەر دەبێ جێگای کانیاوی ئێستای سەروکانی یە، کاتێک قەرەنی ئاغای پەسوێ پڕسیار لە مامۆستا مەلا ساڵح دەکا و دڵێ:

قوربان، ڕاو بۆچۆنی جەنابت لەسەر بڕین و نەبڕینی ئەو مێشەیە چیە؟ مامۆستا بە پێچەوانەی هەموو مامۆستایان و پیاو ماقوڵانی ناوچەکە بە هۆی مەترسی شەر و پێکدادان لە بەینی خەڵک ، بڕیاریان لەسەر نەبڕینی میشەکە بوە، بەڕێزیان فتوای بڕینی میشه کە دەدا !!!
قەرەنی ئاغا هۆکاری بڕینی مێشەکەی لێ دەپڕسێ، لە وڵامی قەرەنی ئاغا دەفەرموێ: ئاوی ئەو نێو میشەیە بە هۆی قەوزەی زۆری کە هەیەتی دەبێتە مەترسی و هۆکاری نەخۆشی بۆ خەڵک و بڕینی دارەکانی ئەو میشەیەش دەبێتە هۆکاری زیاد بوونی ئاوی کانیاوەکە و ئەو کات هەر سێ ئاوایی سەروکانی، ئەندێزێ و گردگشانە ئەتوانن کەڵکی لێوەرگرن… قەرەنی ئاغا ئەو وڵامەی زۆر پێ جوان دەبێ.
مامۆستا بە هۆی لێهاتویی و شارەزایی لە بواری ئەحکامی شەرعی و فیقهی و تێگەیشتن لە بواری چارەسەر کردنی کیشە کۆمەڵایەتی و ئەنجام دانی سوڵح و ئاشتەوای، و ئامۆژگاری خەڵک بە گشتی لە دەڤەری لاجان و ناوچەکەدا ، قەرەنی ئاغای پەسوێ دوای ماوەیەکی کەم لەگەڵ چەند نەفەر لە پیاو ماقوڵانی ئاوایی، بڕیاری هێنانی مامۆستا دەدەن بۆ گۆندی پەسوێ و لە سەر داوای ئەوان دێتە پەسوێ و ماوەی حەوت ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە و دەست بە وانە کوتنەوە بە فەقێیەکانی حوجرە و هاوکات لە هەوڵی پەروەردەکردنی خەڵکی گۆندەکەش دا دەبێ و لە ڕێگەی وتاردان و خوێندنی وتاری ڕۆژانی هەینی ئەرکی خۆی بە جێ هێناوە.
دواتر مامۆستا لە سەر داوای سپە هبۆد کەریم ڕەهرەوان بۆ ماوەی ساڵێک دەچێتە حوجرەی مزگەوتی سووری مەهاباد و بەهۆی ڕێز و حورمەتی مامۆستا مەلا ساڵح، لە بواری ماددی هاوکاریەکی باشی حوجرەی مزگەوتی سوور دەکات … دوای ڕویشتنی سپە هبۆد  لە مەهاباد ، عەلی ئاغای پەسوێ لە گەڵ چەند نەفەر لە پیاو ماقوڵانی ئاوایی بۆ جارێکی تر بە دوای مامۆستادا دەچن و دەێهینەوە ئاوایی پەسوێ و تا کۆتایی ژیانی لە وێ دەمێنیتەوە …


مامۆستا لەسەر زمانی دۆستانی

-مامۆستا مەلا موحەممەد ناسراو بە مەلای { ڕدێن سوور } بە ڕەحمەت بێ، وەک یەکێک لە هاورێیانی مامۆستا دەفەرموێ: مامۆستا مەلا ساڵح بە هۆی ئەوە کە لە بواری بژیوی ژیانی دا دەست کورت و نەدار بووە، ژیانێکی زۆر سەخت و پڕ لە ناراحەتی بە سەر بردووە ، ئەو کاتانەی لە کۆیە لە خزمەت { مەلای گەورە } بووە، جاری وا هەبووە بۆ ماوەی حەوت مانگ لە حوجرە نەڕۆیشتۆتە بازار و چاوی بە دەرەوەی حوجرە نەکەوتووە…
مامۆستای ڕدێن سوور غەرقی ڕەحمەتی خوا بێ دەڵێ: مامۆستا بە زۆری کات سەرقاڵی عیبادەت بو و هەمیشە بە شەوق و زەوق و عیشق و عەلاقەوە دەستی دەکرد بە تەدریس و وانە کووتنەوە بە فەقێیەکانی…

– حاجی مامۆستا مەلا موحەممەدی مەهدیزادە لە زمانی یەکێک لە ئۆستادەکانی بۆمان دەگیرێتەوە و دەفەرموێ: مامۆستا مەلا ساڵح، مەشعه لی زانست و ڕووناک کەرەوەی ڕێگای ئایین و زانست بووە و سەرچاوە و کانێاوێکی زوڵاڵی زانست و مەعریفەت بووە و دڵ و مێشکی مەلا و فەقێیەکانی بە زانست و چرا نوورانیەکەی زاخاو داوە و لە هەر بوارێکی زانستی دا نموونەیەکی هەڵکەوتەی وڵات بووە…
مامۆستا مەلا ساڵح بە هوێ ئەو خەمە بەردەوامەی کە بۆ زانستی حوجرە و پێ گەیاندنی فەقێ و زانایان هەیبووە، هەمو ئەو توانا قووڵەی خۆی لە زانستە شەرعییەکاندا بە تایبەت زانستەکانی وەک { کەلام، مەنتیق و فەلسەفە ، فەلەکی و ریازی ، فیقه و ئوسوول، حەدیث و…} و کتێبەکانی وەک { خلاصەالحساب، ٲشکال تٲسیس، تشریح الافلاک، ربع مجیب و مقنطر} بەردەوام بە گوێرەی بۆ گۆنجان؛ فەقێ و قوتابی لە دەورەی خۆی کۆ کردۆتەوە.

مامۆستا لە سەر زۆرێک لە کتێبەکان، نووسراوەی هەبووە ، بەلام بەداخەوە بە شێکی زۆر لەو نووسراوانە نەماون.

مامۆستا جگە لە زانستی ئاینی شارەزاییەکی باشیشی لە مێژوودا هەبووە، چ مێژووی ئیسلامی و چ مێژووی کوردەواری، بەڵام بەداخەوە چەرخی نالەباری ژیان ڕێگەی نەداوە ئەو گەنجینە پڕ لە مێژووەی کە لە بیر و هزری دا هەبووە تۆماری بکات و بگاتە دەستمان.


کەسایەتی و خەسڵەتەکانی مامۆستا

مامۆستا لە گەڵ ئەوە کە بۆ خۆی و خێزانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبوون، بەڵام لە ناو کۆمەڵگادا زۆر جێگای متمانە بووە و خاوەن ئەخلاق و ڕەوشتی جوان و کەسێکی عاقڵ و بەتوانا و زیرەک و لێهاتو بووە، لە بەر دڵان و ڕوح سوک و خوێن شیرین و هێدی و هێمن و لە سەرەخۆ و دەم بە زەردەخەنە و پێکەنین بووە، لەگەڵ ئەوەشدا مامۆستا بە کەسایەتیەکی خێرمەند و میواندۆست و ڕوو خۆش ناسراو بووە…

سوپاس بۆ خوا مامۆستا مەلا ساڵح، لە هەموو بوارەکانی { زانست و زانیاری تەقواو خواپەرەستی، دۆستایەتی و هاورێیەتی و نیشتمان پەروەری } وەک ئەستیرەیەکی گەش دیار بووە و وەک مۆمێک وابووە کە ڕێگای تاریکی بۆ جەماوەر ڕۆشن کردوە .
ئەوەی کە لە ژیانی مامۆستا زۆر جێگای سرنج و گوێ پێدانە ئەوەیە کە لە ژیانی مەلایەتیدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەر دو ئاوایی { جلدیان و پسوە} بە شانازیەوە تەنیا ئاغا و ماڵێکی گۆندەکان خەرج و بژیوی مامۆستای وەئەستۆی خۆی گرتوه  کە ئەوەش لە مێژووی پڕ لە سەروەری مامۆستایانی ئاینی دا کوردستان و موکریان دا دۆخێکی بێ وینەیە…


کۆتایی تەمەنی:
ئەو زانا پایە بەرزە بە هۆی نەخۆشی و نەساغی، وردە وردە بەرەو پاییزی مەرگ و نەمان دەچێ و خەریکی خۆ ئامادە کردنە کە بەرەو خوا و قیامەت بگەرێتەوە…
مامۆستا لە ساڵی { ۱۳۴۴} هەتاوی و لە تەمەنی { ۶۳ } ساڵیدا لە ڕۆژی هەشتی { خاکه‌لێوه‌ } لە نەخۆشخانەی تاران دڵە گەورەکەی لە لێدان دەکەوی و بە یەکجاری ماڵئاوایی لێکردین و روحە پاکەکـەی گەیشتەوە کاروانی زانایان و پیاوچاکانی رێبواری تەریقەتی خزمەت بە ئاینی ئیسلام و موسڵمانانەوە.
بەداخەوە مردنی مامۆستا و مودەڕیسێکی وەک مامۆستا، نەک تەنها بۆ گوندێکی وەک { پەسوێ } بەڵکو بۆ تەواوی لاجان و کاروانی زانایان؛ خەسارەتێکی گەورە و کەلێنێکی دیار و پڕ نەکراوەو و بەر چاو بوو.
چونکە مامۆستا خزمەتێکی گەورەی لە بواری تەدریس و وانە گوتنەوەو کردووە و لە بنەبڕ کردنی گرفتە کۆمەڵایەتیەکان و دروستکردنی ڕوحی برایەتی و ئاشتەوایی و لێبوردەیی لەو دەڤەرەدا ڕۆڵێکی بەرچاویی گێڕاوە…

مەراسیمی بە خاک سپاردە کردنی تەرمی مامۆستا بەڵگە بوو لە سەر ئەوەی کە خۆشەویستی خەڵک بووە، خەڵکێکی زۆر لە زانایان و ڕیش سپی و پیاو ماقوڵانی ناوچەکە، ئامادەی ئەو مەراسیمە بوون.
لە سەر داوا و وەسیەتی خۆی، مامۆستا لە گورەستانی { چل شەهیدان } لە سەر ڕێگای نەغەدە – پیرانشار و لە تەنیشت ئاوایی سۆفیان بە خاک سپێردراوە.

ڕۆحی شاد، جوهد و جیهادی قەبوڵی بارەگای خوای گەورە بێ و ڕێگەیان پڕ ڕێ رەۆ بێت.

مامۆستا ڕەحمان غەزەلی، یەکێ لە مامۆستایانی شاعیر و هۆنەر و هەڵکەوتەی پیرانشار؛ ڕێکەوتی بە خاکسپاردنی مامۆستا بەو شێوەیە دیاری دەکا:

چونکە هەر غەم بوو وەفاتی بۆیە مێژووی سەروەرم
بوو بە ووشەی فارسی ـ غم شد ـ لە سەر قەلبی ئومەم

لە کۆتاییدا زۆر سپاس بۆ سەرجەم ئەو دوستانەی کە بونە هاندەری من بۆ نووسینەوەی ژیاننامەی مامۆستا و سوپاسی مامۆستایان و دۆستانی ئازیز دەکەم کە لە نوسینەوەی ژیاننامەی مامۆستا یارمەتی منیان دا …

 

عەبدوڵڵا عەلی پوور

نمایش بیشتر

عبداللە علی پور

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - نقده @ شغل : دعوتگر دینی و فعال اجتماعی - مدیر کانال تلگرامی @sozimihrab

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا