گفتگو

ژیان نامه ی نه وشیروان مسته فا

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩۴۴ لە گەڕەکی سەرشەقام (بەرخانەقا) ی شاری سلێمانی لە بنەماڵەیەکی ناسراو و ڕۆشنبیری ئەو شارە لە دایکبووە. نەوشیروان مستەفا وەک ھاوڕێ نزیکەکانی دەگێڕنەوە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابوردوو دەستی بە کاروچالاکی سیاسی کردووە، یەکەم وێستگەی ژیانی سیاسیشی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان بووە.

 قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە، پاشان لە ساڵی ١٩۶٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی بەغدا تەواو کردووە، لە سەرەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابوردووەوە لە ڕیزەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان چالاکانە کاری کردووە.

 لە ساڵانی ١٩۶٣ و ١٩۶۴ بۆتە ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان. ھەر لەو ماوەیەدا بۆتە ئەندام لەپارتی دیموکراتی کوردستان. لە ساڵی ١٩۶٧ بۆتە ئەندامی لقی سلێمانیی پارتی دیموکراتی کوردستان.

 نەوشیروان مستەفا کە ئێستا خاوەنی کۆمپانیای وشەیە و پێشتر جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، لە ساڵی ١٩٨١ خێزانی پێکەوە ناوە، خێزانەکەی خوشکەزای ڕەفعەتی مەلای ھاوڕێی دێرینی شاخ و شاریەتی.

 بنەماڵە

نەوشیروان خاوەنی دوو کوڕ و کچێکە بەناوەکانی (نما، چیا، چرا).

 نما کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری لە لەندەن تەواوکردووە و ئێستا گەڕاوەتەوە کوردستان و لە کۆمپانیاکەی باوکی سەرقاڵی کارکردنە.

 چیا، پاش تەواوکردنی کۆلێژ لە لەندەن ڕوویکردۆتەئەمریکا بە مەبەستی خوێندنی ماجستێر.

 چرای کچیشی لە لەندەن دەخوێنێ، بۆ تەواوکردنی کۆلێژی پزیشکی لە بەریتانیا.

 بەپێی قسەی ڕەفعەتی مەلا کە ھاوڕێیەکی نزیکی نەوشیروان مستەفایە و ماوەی زیاتر لە ۴٠ ساڵە دەیناسێت” بنەماڵەی نەوشیروان مستەفا بنەماڵەیەکی ناسراوی شاری سلێمانی بوون و باوکی پیاوێکی ڕۆشنبیر بووە، خاوەنی کتێبخانەیەکی گەورە بووە لە ماڵەکەیدا”. بە بڕوای ئەو ھاوڕێ دێرین و نزیکەی نەوشیروان مستەفا ھەر ئەمەش کاریگەری لەسەر ژیانی نەوشیروان مستەفا داناوە بەتایبەت لە رووی رۆشنبیری و سیاسییەوە، ڕەفعەتی مەلا دەڵێت: ” بۆیە کاک نەوشیروان، ھەر لە مناڵییەوە سوودی لەو کتێبخانەیەی باوکی وەرگرتووە ئەمەش کاریگەری ھەبووە لەسەر ڕۆشنبیری ئەو”.

 ئەو گەنجانەی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری سلێمانی کە دیارترینیان بریتی بوون لە (نەوشیروان مستەفا، ڕەفعەتی مەلا، شازاد سائیب و سمکۆ فەتحوڵا)، وەک چەند گەنجێکی چالاک و ھەڵسوڕاو لە شەستەکاندا زیاتر سۆزیان بۆ باڵی مەکتەبی سیاسی ھەبووە. دروستبوونی کۆمەڵەی ڕەنجدەران بە بڕوای ڕەفعەتی مەلا، ڕەگوڕیشەکانی دەگەڕێنەوە بۆ ناو گۆڤاری ڕزگاری کە لە ساڵی ١٩۶٩ دا دەرچووە و نەوشیروان مستەفا خاوەنی ئیمتیازی ئەو گۆڤارە مانگانەیە بووە. لەبارەی ئەم گۆڤارەوە کە ١٣ ژمارەی لەماوەی زیاتر لە ساڵێکدا لێدەرچووە. بەپێی وتەی ھەندێ ھاوڕێی نەوشیروان مستەفا گۆڤارەکە بە گۆڤاری ماوییەکان ناسرا بوو، رەفعەتی مەلا دەڵێ” دیارە ئێمە بازنەیەکی رۆشنبیریمان ھەبوو لە شاری سلێمانی، کە زۆرجار لە بارەگای گۆڤاری ڕزگاری کۆدەبووینەوە. کە لەلایەن ئەو گەنجە شۆڕشگێڕانەی ئەو سەردەمەوە ئەم حەلەقانە دروستکرابوون و کاک نەوشیروان دەوری سەرەکی ھەبووە تێیدا، کە لەو گەنجانەی ئەو سەردەمە کاک نەوشیروان بوو، مەحموودی مەلا عزەت بوو، فوادی مەلا مەحموود بوو، سمکۆ فەتحوڵڵا بوو، من و حەمە چاوشین و کۆمەڵێک گەنجی تر بووین کە مام جەلال دەھات محازەراتی دەداینێ. لەو موحازەتانەدا زیاتر وەک باو بوو کتێبەکانی ماومان دیراسە دەکرد”. رەفعەتی مەلا لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت” ئەم حەلەقە رۆشنبیریانە لە کۆتایدا بووە بنەمایەک بۆ دروستبوونی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان”.

 بەپێی وتەی ڕەفعەت پاش بەیانی ئازار ئەوان ھەموو دووردەخرێنەوە لە سلێمانی بۆ خوارووی عێراق و پاشان لە بەغدا یەک دەگرنەوە. ئیدی لەو سەردەمەدا نەوشیروان مستەفا بەرەو نەمسا بە مەبەستی خوێندن و دوورکەوتنەوە لە ھەڕەشەکانی ئەو سەردەمەی حکومەتی عێراقی بە ڕێدەکەوێت کە لەو سەردەمەدا لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە. لە نەمسا پاش تەواوکردنی ماجستێر سەرقاڵی خوێندنی دکتۆرا دەبێت لە بواری یاسا نێودەوڵەتییەکاندا، بەڵام بۆ دامەزراندی یەکێتیی نیشتمانی واز لە خوێندنەکەی دێنێت و دەگەڕێتەوە کوردستان. لێرە بەدواوە ئیدی نەوشیروان مستەفا وەک سەرکردەیەکی دیار بە تەواوی دەردەکەوێت کە ھەم سکرتێری کۆمەڵە و ھەم جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەبێت. بە بارەکەی تریشیدا ژیانی پێشمەرگایەتی و خەباتی چەکداری نەوشیروان مستەفا بەمجۆرە بە تەواوەتی دەست پێدەکات.

نەوشیروان مستەفا لەگەڵ کۆمەڵەی ڕەنجدەران کە لە ساڵی ١٩٧٢ بە تەواوی ئیعلانی دامەزراندنی دەکرێ بە وتەی ھاوڕێکانی لەو ماوەیەی لە نەمساش بووە دانەبڕاوە و پەیوەندی ھەبووە. بە وتەی ڕەفعەتی مەلا دروست بوونی کۆمەڵەی ڕەنجدەران پاش ئەوە دێت کە باڵی مەکتەبی سیاسی دەگەڕێتەوە نێو پارتی ئیتر ئەو برادەرانە بڕیاریاندا تەنزیمێکی مارکسی-لینینی دروست بکەن ئەوە بوو کۆمەڵەیان دروست کرد. پاش گەڕانەوەی لە نەمسا و دەستپێکردنەوەی شۆڕشی چەکداری نەوشیروان مستەفا دەبێتە سکرتێری کۆمەڵەی ڕەنجدەران، کە وەک باڵێک لە ناو باڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە تازە دامەزراوە کاردەکات. جگە لە خەباتی چەکداری و پێشمەرگایەتی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کاتە کە گۆڤاری کۆمەڵە دەرچووە، زۆربەی نووسینەکانی خۆی لەوێ بڵاودەکردەوە.

 نەوشیروان مستەفا ئەو کتێبانەی بە درێژایی تەمەنی کە نووسیونی بریتی بوون لە نووسینەوەی مێژوو و یادەوەرییەکان، لەمبارەیەوە حەمە تۆفیق پێی وایە ھۆکاری دەستبردنی نەوشیروان مستەفا بۆ نووسینەوەی مێژوو و یادەوەرییەکانی زیاتر پەیوەندی بە حەزی خۆیەوە ھەبووە نەک شتێکی تر، ئەو دەڵێ “نەوشیروان زۆر حەزی لە مێژووە، بۆیە زیاتر لەو بوارە نووسیویەتی”.

لەمبارەیەوە چەندین کتێبی ھەیە لەوانە (کورد و عەجەم، حکوومەتی کوردستان، لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوەزەنگ، کورد لە گەمەی سۆڤێتیدا، پەنجەکان یەکتری دەشکێنن، ژیانی بە تەمەنترین ڕۆژنامەی کوردی لە ١٩٢۶-١٩٨٣). نەوشیروان مستەفا زیاتر حەزی لە گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییەکانە، بەتایبەت حەزی لە لاوک و حەیرانە ناو بەناو خۆشی لەبەر خۆیەوە دەیڵێت. ڕەفعەتی مەلاش جەخت لەوە دەکاتەوە کە کاک نەوشیروان زۆر موھتەم نییە بۆ خواردن، بەتایبەت لە ھاویندا زیاتر حەزی لە تەماتە و خەیارە قاژی دەکات و دەیخوات. لەلای خۆیەوە حەمە تۆفیق ڕەحیم کە جگە لەوەی کە ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی کۆمپانیای وشەیە، بە وتەی خۆی زیاتر لە ١١ ساڵ پێشمەرگایەتیشی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا بەسەر بردووە، لە ساڵی ١٩٧٩ تاوەکو ١٩٩١. ئەویش جەخت لەوە دەکاتەوە کە نەوشیروان زۆر موھتەم نییە بە خواردن، نەوشیروان مستەفا وەک ھاوڕێکانی باسی دەکەن کەسێکی سادەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زوو توڕە دەبێت.

حەمە تۆفیق ڕەحیم لەمبارەیەوە دەڵێ “کەسێکی زۆر سادەیە بەڵام کەمێک توڕەیە“. سەبارەت بەوەی کە بە چ شتێک یان لە چ حاڵەتێکدا توڕە دەبێت، عەلی کەریمی کە یەکێکی ترە لە ھاوڕێکانی کە لە سەردەمی شاخ ناسیویەتی دەڵێت “جاری وا ھەیە بە ھەموو شتێک توڕە دەبێ و جاری واش ھەیە بە ھیچ شتێک توڕە نابێ“.

یەکێک لە ھیوایەتەکانی نەوشیروان مستەفا وەک ھاوڕێکانی باسی دەکەن، جگە لە نووسینەوەی مێژوو، ژیانکردنە لەگەڵ بەخێوکردنی مریشک و کەو و ئاژەڵە کێوییەکانی وەک ئاسک و چەند ئاژەڵێکی تر

سه رچاوه: ویکی پیدیا

تهیه و ارسال : ریباز تورجانی

برچسب ها
نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا
بستن
بستن