لای هەموان ڕوون و ئاشکرایە کە مرۆڤ توانایی ناسینی ڕێ و کۆکردنەوەی زانیاری زۆر و جۆاروجۆری هەیە و ئەیشتوانێ لە ناو ئەو هەموو ڕێگە و ڕێچکە و زانیاریە جیاوازانەدا بە ویستی خۆی یەکیان هەڵبژێرێ و ئەوانیتر هەڵاوێرێ.
کەوایە ژیانی دونیا بۆ مرۆڤی جێنیشینی خوا مەیدانی خەبات و ململانێ لە گەڵ دوژمنان و نەیارانی ناوەکی و لاوەکیە، بۆیە پێویستە تەیار و پڕ چەک بێ تا بتوانێ و بۆی بلوێ ڕووبەڕووی ئەو هەموو نەیار و ناحەزانە ببێتەوە و هەدا نەدا، ئینا نەیاران ئەبنە خانی خانان و ئەمیش دەبێتە تۆزی بانان.
خاڵی زۆر گرینگ و جێی سەرنج لێرەدا ئەوەیە کە هەتا زەمان بەرەو پێش بڕوا و تواناییەکانی مرۆڤ لە بواری زانست و پیشە و تێکنۆلۆژی زیاد بکات نەیارانی بە هێزتر و کێشە و گرفتەکانی سەر ڕێی زۆرتر و قووڵتر دەبن؛ بە واتایێکیتر: پێشکەوتنی بەرچاوی مرۆڤ لەم چاخ و چەرخەدا نە تەنیا سپای دوژمنانی تێکنەشکاندوە و بنبڕی نەکردوون بەڵکوو بە هێزتر و پڕ چەکتری کردوون، بۆیە دەبینین کێشە و نەهامەتیەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەربڵاوتر و نەخۆشیە دەروونی و جەستەییەکان کوشندەتر و کاریگەرترن.
لە بەر ئەوە خوای زانا و کار بەجێ لەو ڕۆژەوە مرۆڤ پێی ناوەتە سەر گۆی زەوی بەرنامەی ژیانی بۆ ناردوە تا بتوانێ بە سەر هێزەکانی دوژمنی شەڕخوازدا زاڵ و هێزە خێرخوازەکان بە دوی یەکدا جاڵە ببن و ژین و ژیواری پڕ لە خێر و دوور لە ژان بکەن.
لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئاگردان و کوانوی ئەو خەبات و ململانێ گورچکبڕ و دوور و درێژە پەیامی مرۆڤپەروەری خواییە، هەر ئەوە خۆشیەکان دەستەبەر دەکا و پەڵەی ڕەشی ناخۆشیەکان لە ئاسمانی ژیان ڕادەماڵێ، بەڵام بەم دوو مەرجەی لای خوارەوە:
۱ـ یەکلا ببینەوە و ڕەنگ و ڕواڵەتە ئێرەییەکان لە خۆمان داماڵین، چونکە هەتا پەیوەندیە دونیاییەکان زۆرتر بن دڵمان پارچەپارچە و بەشبەش دەبێ و ئارامی و دامەزراوی لە حەوت کێوان ئاوا دەبێ. بە وتەی شاعیر و خواناسی گەورە ـ حافیزی ئێرانی ـ:
غلام همت آنم کە زیر چرخ کبود
از هر چە رنگ تعلق پذیرد آزاد است
۲ـ عاشقانە و شەیدایانە دینداری بکەین و لە هیچ بەربەستێک سڵ نەکەینەوە، گەر نەگەینە ئەو قۆناغە دین دەکەوێتە پەراوێزی ژیان و کاریگەریێکی ئەوتۆی نامێنێ. با لەم بوار و بەستێنەدا ئەبووبەکری جێگری یەکەمی پێشەوامان بکەینە پێشەنگی کاروان کە لە سەفەری مێژوویی “کۆچ”دا چۆن هەڵسووکەوتی کرد و چلۆن پەپوولەئاسا بە دەوری شەمی شەو ڕەوێنی پێغەمبەردا ـ دخ ـ ئەخولایەوە و ئەو ڕێبازەی بە گیان کڕی؛ لە بەشێک لەو سەفەردا کە بۆ یەکێک لە یاران بە ناوی “عازب” ئەگێڕێتەوە ئەفەرموێ: دوای ماندوو بوون و توونیەتیێکی زۆر پێغەمبەری خوا لە بن گاشەبەردێک خەوی لێکەوت، لەو کاتەدا شوانێکم بینی داوای هێندێک شیرم لێکرد و پێیدام، دڵم نەهات خۆشەویستم وەخەبەر بێنم، کاتێک هەستا فەرمووی شیرم کرد، ئەوەندەی لێخورادەوە کە من ئارامم گرت و توونیەتیم شکا!!
زۆر کەس هەن ئەتوانن وەکوو ئەبووبەکر ماڵ و سامانی خۆیان لە ڕێی گەیشتن بە ئامانجەکانیان ببەخشن بەڵام بێگومان کەم کەس وەکوو ئەو ئەتوانێ بگاتە ئەو پلە لە عیشق و خۆشەویستی کە بە حەسانەوە و پشوودانی ڕێبەرەکەی بحەسێتەوە و ئۆقرە بگرێ!.
لێزمە بارانی سۆز و بەزەیی خوا بڕژێتە سەر گیانی پاکی گشت ڕێبەرانی بە وەج و خواویست و لە خۆ بوردوو، خوای گەورە یارمەتیدەری ئێمەیش بێ ئیبڕاهیم ئاسا بتەکانی ژیانمان بشکێنین، جێ لە جێ پێی جوامێران دانێین و نەلەخشێین.
ئەحمەد عەبباسی – بانه