عقایدفقه

کڕۆنا ڤایرۆس و ئەرکی ئێمە

لەئێستادا باسی تایبەتی هەر کۆڕوکۆبوونەوە و ماڵ و مەجلسێک کڕۆنایە. تەوەرێکەکەزۆرترین تۆێژینەوەی لە سەرکراوە و بابەتی هەمەڕەنگ و جۆراوجۆری لەسەر نووسراوە.

ڤایرۆسێک بەچاو نابیندرێ، بە ڵام ژیانی هەموو دانیشتوانی گۆی زەوی خستۆمە مەترسییەوە و جیهانی پان و بەرین بۆ ئەو وەک دێیەکی چکۆلە وایه و زۆر بە ئاسانی هە ر شوێنێک حەزی لێ بێ، دەبێتە میوانی و کە س ناتوانێ بێتە بەربەستی. تەنانەت وڵاتی زلهێز و زه‌بەلاحی چین کە پێی وابوو کەس ناتوانێ بەر بەپێشکەوتنی بگرێ، لە ئاست ئەم ڤایرۆسە چکۆلەدا، بەچۆک داهاتووە و دەستەپاچەیە. بەداخەوە چەن ڕۆژێکە هاتۆتە نێو وڵاتی مەو و خەڵک هەمووی ئارام و ئۆقرەی لێ هەڵگیراوە.

من لەم نووسراوەدا دەمهەوێ تیشک بخه‌مە
سەر بەرپرسیاریەتی مرۆڤ لە ئاست ئەو پەتا و ڕووداوە سرووشتییانەدا. مرۆڤی خاوەن ئاوەز و بڕوا پێی وایە کە:
[لَنْ یُصِیبَنَا إِلَّا مَا کَتَبَ اللَّهُ لَنَا هُوَ مَوْلَانَا ۚ وَعَلَى اللَّهِ فَلْیَتَوَکَّلِ الْمُؤْمِنُونَ]

هیچ شتێک تووشی ئێمه‌ نابێت، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێ که‌ خوای گه‌وره‌ له‌ (لوح المحفوز)دا نووسیوێتی له‌سه‌رمان و گۆڕانی به‌سه‌ردا نایات، هه‌ر خوای گه‌وره‌ سه‌رخه‌ر و پشتیوان‌ و دۆستمانه‌ و ئه‌وانه‌ی که‌ باوه‌ڕدارن با کاره‌کانیان ته‌نها به‌ خوای گه‌وره‌ بسپێرن و ته‌نها پشت به‌ خواى گه‌وره ببه‌ستن. کەوابوو مرۆڤی بڕوادار نابێ بەو پرس و بابەتانە زۆر بشڵەژێ و دونیای لێ وەتەنگ هەڵێ و هۆشی بە خۆی و بەرپرسیارییەتییه‌کەیەوە نەمێنێ.

مادام ئەو لەحزەی کە قەرارە من تیا بمرم، چرکەیەک بەروو دوایی نییە، خۆشی و ناخۆشی و نەخۆشی و تاڵی و سوێری و ساغی و سڵامەتی هەمووی بڕاوەتەوە، ئیتر دایرەی کاری من نییە کەچی دەبێ و چی نابێ، ئایا من بەم ڤایرۆسە دەمرم یان نا؟ ئەو پەتایە دەگاتە من یان نا؟ لە ژینا تووشی چ ڕووداوێکی نەخوازراو دەبم؟
ئەمە حەوزە و دایرەی کاری خاوەنەکەمە و هەمووی لای وی بڕاوەتەوە.

بەڵکوو ئەوەی کە وەزیفەی منە، ئەوەیە کە دەبێ چی بکەم و چی نەکەم و چۆن بەرەنگاری ئەو ڕووداوانە وەبم. چونکە مرۆڤی ئیماندار بە بڕوابوونێک کە بە [قەزاوقەدەر]ی هه‌یە، تێگەیوە کە نابێ بێهەڵوێست بێ و دەبێ عومەر ئاسا لە قەدەرێکەوە ڕاکا بۆ قەدەرێکی کە.

۱- یه‌که‌مین هەنگاوی مرۆڤی ئیماندار ئەوەیە کە نابێ ورە بەردا و هیوا لەدەس دا. هەموو دونیای پزیشکی کۆکە لەسەر ئەوەی کە ڤایرۆسی کڕۆنا خێرایی بڵاوبوونەوەی لە ڤایرۆسەکانی تر زیاترە، دەنا لەوان بکوژتر نییە و تەنیا بۆ کەسانی نەخۆش و بە تەمەنیش جێی مەترسییە.

۲- لە تەڵقینی غەڵەت خۆ بپارێزین، گەرچی لازمە ئاگامان لەخۆمان بێ و تا دەکرێ خۆ بپارێزین بەڵام هەر نەخۆشییەکیش بە کڕۆنا ڕاڤە نەکەیین و پێشمان وانەبێ کە کڕۆنا بگرین، ئه‌وه‌ دەمرین؛ چونکە ئاستی مەرگ و میری کڕۆنا بە پێی دوایین ڕاگەیەندراوی بێهداشتی جیهانی ۲% و هەموو نەخۆشی و دەرد و ژانەکانیش کڕۆنا نین.

۳- ڕێنومایی دکتوره بەڕێزەکان و کۆلێژی پزیشکی ڕەچاو کەیین.

بۆ میوانی غەیرە زەرور نەچین، لە شوێنە گشتییەکان نان نەخۆیین.
لە ئاودەستی گشتی کەڵک وەرنەگرین.
لە ماچکردن و تۆقەکردن خۆ بەدوور بگرین.
ژن و مناڵ لە نوێژی هەینی و بەکۆمەڵ خۆبپارێزن و بۆ مزگەوت نەچن.
لە کۆڕی پرسه‌دا بەشداری نەکەیین و سەرەخۆشی بۆ ئازیزانمان دانەنێیین.
ماڵ و مزگەوت و شوێنی ئیش و کارمان گەماربەر کەیین.
زۆر دەستمان بە ئاو و سابوون بشۆیین.
کەمتر لە ماڵ بچینە دەر، چونکە نەخۆشییەکە
دەگوازرێتەوە، ڕەنگە بە دەسدان لە دەسگیرەی دەرگایەک، به کردنەوەی دەرگای ماشێنێک، بە کۆکە و پژمەی نەفەرێک، نەخۆشییەکە بۆ کەسێکی تر بگوازرێتەوە.

قَالَ رسول اللە: «إذَا سمِعْتُمْ الطَّاعُونَ بِأَرْضٍ، فَلاَ تَدْخُلُوهَا، وَإذَا وقَعَ بِأَرْضٍ، وَأَنْتُمْ فِیهَا، فَلاَ تَخْرُجُوا مِنْهَا» (متفقٌ علیهِ)
واته‌: پێغەمبەری خوا(د.خ) دەفەرمۆیت: کە بیستان تاعوون ڕووی لە وڵاتێک کردووە، سەفەری بۆ مەکەن، کە لەوێش بوون، مەڕۆنەدەر.

۴- بۆ دەرمانکردن کەڵک لەشتی پاک و خاوێن وەرگرن و باوەڕ بە خەون و خوڕافات مەکەن، چونکە خوای گەورە بنەماگه‌لێکی لە هەستی داهەن کە دەبێ ڕەچاو بکرێن.

سوننەتی خوا بۆ چارەسەری نەخۆشی، ڕەچاوکردنی ڕێنومایی پزیشکە پسپۆڕ و بەڕێزەکان و بەکارهێنانی دەوا و دەرمانە و هەرکەس پێی وابێ خوای گەورە سوننەتێکی خۆی بۆ وی دەگۆڕێ، تووش هەڵەیەکی گەورە بووە و گوناهبار دەبێ.

۵- دوعا کردن، ئینسانی خاوەن باوەڕ دوا ئەوەی کە کەرەسەی لازم و پێویستی ئامادە کرد، ئەو کەڕەتە دەست بەرز دەکاتەوە بۆ ئاسمان و دەپاڕێتەوە کە خوای گەوره کاریگه‌ری بخاتە ئەو ئەسبابەوە، چونکە پێی وایە کە ئەسباب کاریگه‌ری زاتییان نییە و دەبێ خوا ئەو کاریگه‌ریه‌ی دروست کات.

پێغەمبەری خوا بۆ تووش نەبوون بە نەخۆشییەکان، ئاوا دەپاڕایه‌وە:
«اللّهمّ إنّی أعوذ بک من البرص و الجنون و الجذام و من سیّئ الأسقام»
واته‌: خوایە گیان من خۆ پەنا دەگرم بە تۆ، لە بەڵەکی و شێتی و گولی و نە خۆشییە خراپەکان

۶- تۆبە و داوای لێخۆشبونکردن لە خواش، فاکتەرێکی گەلێ گرینگە بۆ لابردنی دەرد و بەڵا و نەهامەتی و نەخۆشی و ناخۆشییەکان، لە قوڕئان و فەرمودەدا دەیان ئایەت و فەرموودە لەسەر ڕاستی ئەو بابەتە هه‌یه‌.

۷- خاوەنی سۆز وبە زەیی بین و لە فکری یەکتردا بین و بە هانای یەکترەوە بچین. بەداخه‌وە لەو ڕۆژانەدا دەبینین کە هەندێک موعامەلە بە سڵامەتی خەڵکەوە دەکەن و وەکوو زەروو، دەستیان لە بینی خەڵک ناوە و خوێنی خەڵک دەمژن.

ئەگەرچی ڤایرۆسی کڕۆنا کوشه‌ندەیە، بەڵام هەر ئەم ڤایرۆسە بکوژە توانی چەنده‌ها ڤایرۆسی بکوژتر بە ئێمە بناسێنێت. ڤایرۆسانێک کە هاوسێی خۆمانن و لە ڕەگەزی خۆمانن و لەگەڵمان دەژین:

– میوەفرۆشێک بە بیانووی ئەوەی سیر یان لیمۆ، دژە کڕۆنایە، بە چەند بەرابەر دەیفرۆشێ.
– دەرماخانەیەک ماسکێک بە چەندقات لە نرخی خۆی دەفرۆشێت.
– دوکاندارێک دەستێکش بە نرخێکی خەیاڵی ئەدا بە خەڵک.
– بازرگانەکان چەندها شتیان لە دوکانەکانیاندا حەشار داوە بۆ قازانجی زیاتر.

هەموو ئه‌وانه ڤایرۆسان ێکن لە کڕۆنا مەترسیدارتر!!
کڕۆنا هات تا چەند کڕۆنای ترسناکترمان نیشان بدات کە لە خۆمانن!!

کڕۆنا زەنگێکی ئاگادار کردنەوە بوو تا هەندێک خەڵک بناسین کە پاره‌ هەمووشتێکیانە و ڕەحم و سۆز و بەزەیی و ویژدان و ئینساف لە قامووسی ژیانیاندا بەدی ناکرێ و مەسڵەحەت و مەنفەعەتی خۆیان لەگەڵ هیچ شتێک ناگۆڕنەوە و لەبیری قەبر و قیامەتدا نین و ڤایرۆسی تەماع و دونیاپەرەستی دەمێکە کەڕ و کوێری کردوون و لە خۆیان زیاتر کەس نابینن و هاواری هیچ هەژارێک بەگوێیان ناگا.

۸- ئازیزانم ئێمە ئەگەر لە کڕۆنا دەترسین:
– چەندە خۆمان بۆ مەرگ ئامادە کردووە؟
– چەندە مافمان بۆ خاوەنەکانیان گێڕاوەتەوە؟
– چەنده زمانمان لە درۆ و غەیبەت و بوختان و قسەهێنانوبردن گرتۆتەوە؟
– چەنده لە ئاست حەرامدا چاوەکانمان پاراستوون؟
– وە هەروەها…؟

خۆ بەڕێزانم گەر بە کڕۆناش نەمرین، مردن براگەورەیە و لە دەرکەی هەموو کەس دەدا، کەوابوو بێین خۆ بۆ مولاقاتی خوا ئامادە کەیین.

عەبدوڕڕەحمان ڕەسوڵیان ــــ بانە
سۆزی میحڕاب

برچسب ها

عبدالرحمن رسولیان

@ استان کردستان- شهرستان بانه @ نویسنده - مترجم @ فعال دینی و امام جمعه

نوشته های مشابه

پاسخی بگذارید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

لطفا نظرات خود را با حروف کوردی یا فارسی تایپ کنید
نظرات حاوی مطلب توهین آمیز یا بی احترامی به اشخاص ، عقاید دیگران، و مغایر با قوانین کشور منتشر نمی شود
نظرات پس از تائید منتشر می شود

همچنین ببینید

بستن
بستن