خبرها،نظرها

کۆکردنەوەی ئەزموونی ژیان

مرۆڤ، بوونەوەرێکی شێواز تایبەت و دەگمەنە.سەرلەهەموو جۆرە زانیاریێک هەڵدەقوتێنێ.
پەرێزی ژیانی هەتا ئێستا کەتێیدا سەری هەڵداوە زۆر خاوێن و جوان نیە، لەهێندێک لە کات و زەمانی کەم دانەبێ، مێژوێکی ڕەسەن و دڵسۆزانەی نەناوەتەو.

دەسپێک و چەخماغەی بە کاروباری سەرسووڕهێنەرو حەماسەو رکابەرایەتی و ماڵ خۆشەویستی وچەڵخووسی و چەوسانەوەی ژێر دەست، هەڵاییساند.
بەچاوپێداخشاندنێک لەژیانی هەوەڵ عەولادەکانی باوکە ئادەم، ئەو نەهێنیە دەردەخا کە دەروونی هەرئینسانێک لەو سفەت و ئاکارانە ئاخنراوە و لەگەڵی دەژین.زۆرجار لەگەڵ چیرۆکی هابیل ،هاوخەمی دەکەین و بەزەیی دەنوێنین و سەرکۆنەی قابیلی داگیرکەرو خوێن ڕێژ دەکەین.

بەڵام چیرۆکی ژیانی خۆمان لەبیر دەچێتەوە کە، ئاکار و کردەوەکانی هابیل و قابیل، حەکایەت و داستانی هەر مرۆڤێکن . ئەگەر هەل بگونجێ و دەرفەت بڕەخسێ، نەتەنیائێمەش بۆ ماڵی دونیا ،ئەو کارە دووپات دەکەینەوە بەڵکوو مۆری چاکەشی لێدەدەین هەرچەند ئێستا وەک مارێکی سڕین .

خۆ بەسەرهاتی هابیل و قابیل، هێما و تابڵۆی ژیانی و عەقلییەتی هەر تاکێکن.بەهەزاران جار ئەو چیرۆکە لە ئاستی تاکی و بنەماڵەیی و کۆمەڵگاو حکوومەتدا، سەرلەنوێ خۆڵقاونەوە و خوێن ڕێژەکان بەپێوەری شەرعی و یاسایی، مافی بێدەسەڵات و مل کەچیان، ژێرپێ ناوە و کەس مرقەی لێنەهاتوە و ئێمەش سەرمان بۆلەقاندوە.
گەلێ جاران کە قەڵەمبازێک دەکەین و خۆهەڵدەدەینە ناو مێژووی باب و باپیرانمان، لەسەر شەڕو خوێن ڕێژی و داگیرکەری و بگرە داب و نەریتی ناحەزو چەپەڵ، سەرکۆنەیان دەکەین وعەقڵ و ژیری ئەوان ، بەکەم دەزانین. هەزاران هێمای ( ؟ )پرسیاری لەپێش هەڵویست و بۆچوونەکانیان قوت دەکەینەوە.

سروشت پەرستی وسوژدە بو بوت بردن، ئافرەت لەچاڵنان، بێ ڕێزی و بە کۆیلە کردنی گەلانی ژێردەست و داگیرکردنی خاک ورزێدی یەکتر، دەکەۆنە ژێر سوژنی بیر و عەقلێەتی سەردەمیانەی ئێمە.
سەدەی بیست و یەکەم، میداڵی عەقڵ سەروەری و گەشەپێدانی مافی مرۆڤە. سەدەی حاکمیەتی عیلم و زانیاریە، سەدەی پێکەوە بوون و دوورلە ڕەگەز پەرەستیە،سەدەی گەشەی ئابووری و لێک نێزیک بوونەوەیە، دونیای بەو پان و بەرینە وەک گوندێکی بچکۆلەی لێهاتوە و خێرایی زانیاری لەوپەڕی خۆی دایە. سەدەی بەرابەری ڕەگەزی نێرو مێیە، مناڵ لەقەڵای بنەماڵە دا سەروەرە.هەموو کەس مافی ژیان و خاک و زوبان و ئایین و ساغی و نەفەس کێشانی هەیە.

بەڵام لە دونیای واقیعی، ئەو دروشمانە بوونیان هەیە؟ وەک ئێسترێکی نەزۆکن و هەردەدرەوشێنەوە.
جاری واهەیە گومانت بۆساز دەبێ کەمرۆڤی سەردەم ، بەبەرزکردنەوەی ئەوهەموو درووشمە جوان و ڕەنگاوڕەنگانە، نیازی بەبوونی خوایەک و پێغەمەرێک نیە. سەد ماشەڵڵا بۆ خۆی بەگۆچانی عیلم و زانیاری و فەلسەفەو یاسای دێموکڕاسی، ئەوپەری لووتکەی مافی مرۆڤ دەپێوێ!
سەدەی ژیانی ئێمە، مرۆڤی بەرەو خۆبەزلزانی و پۆزو دەمارێکی خۆپەرستانە بردوە. بەڕێوە بەران و دمڕاستان و قافڵەسالارانی ئەوڕۆ، ڕێگاپێشاندەرێکی دڵسۆز نین. بۆگەنی خۆویستی و خۆپەرستی لەکردەوەکان و بۆچوونەکانیان، هەڵدەستێ.

کورتە روانینێک بەسەر سیاسەتی جیهان بەگشتی وڵاتانی خۆمان و دەورو بەر مان، ئەو قسەیە پشت ڕاست دەکاتەوە.
بێبەشی و فریودان و کایە پێکردنی گەلانی دڵپاکی وەک کورد، برسیایەتی و شەڕو ئاژاوە، پێشێلی مافی مرۆڤ، دزین و فڕاندنی سامان و ماڵی وڵاتان، خوا لەبیر بردنەوە، دەستنان لەقوڕگی هەژاران ، سەرقاڵکردنی خەڵک بەدونیاوە ، سەدان بێ حورمەتی بە ماف و ئازادی وکوشت و کوشتاری ژن و مناڵ و خاپوورکردنی ماڵ و و هەڵوەشاندنەوە و رووخانی ملێۆنەها بنەمالە و بێ ڕێزی بەئافرەتانی داوێن پاک و………. هەرهەموویان بەرهەمی بیرۆکە ی پیس و نەگبەتی بەشەرن.ئەوبەشەرەی کە ئاڵای دێموکڕاسی و مرۆڤ سەروەری بەرزکردۆتەوە.
ئێستا بەو هەموو کارجوانیە و دەست ڕەنگینیە و پەرێزخاوێنیە، هیوادارین سۆزو بەزەیی خوامان بەسەردا ببارێ؟

خۆ سێبەری فیتنە و ئاژاوە سەراسەری دونیای داپۆشیوە، خۆشیەکانی دونیا، ئێمەی وا بەخۆوە سەرقاڵ کردوە هەرلەبیرمان چوتەوە لەکوێڕا هاتووین؟ بۆ هاتووین؟‌لەبەرچی هاتووین؟ئەرک و وەزیفەمان وەک ئینسان، چیە؟
هەرکەسەی بۆگیرڤان و گەدەو کەس و کاری خۆی تێدەکۆشێ. لەبیرمان چۆتەوە مرۆڤ، مرۆڤە.جیاوازیان نیە. دەسکردو بەندەی خوان.بەرابەری و پێکەوە بوون، شەرته. لەبیرمان چۆتەوە خوایەک هەیە، تەنیا ئەودرووشمە بکەینە پێوەری ژیان بەسە:
“”لای هەڵۆی بەرزە فری بەرزە مژی
چۆن بژی شەرتە نەوەک چەندە بژی “”
( کاک سوارە)

سەردەشت ـ جەهانگیر بابایی ‌ـ خاکەلێوە ی۹٨

از طريق
جهانگیر بابایی
منبع
sozimihrab
برچسب ها

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

لطفا نظرات خود را با حروف کوردی یا فارسی تایپ کنید
نظرات حاوی مطلب توهین آمیز یا بی احترامی به اشخاص ، عقاید دیگران، و مغایر با قوانین کشور منتشر نمی شود
نظرات پس از تائید منتشر می شود

همچنین ببینید

بستن
بستن