تاریخسیره نبوی

گەشتێکی مەعنەوی بۆ ژیانی پێغەمبەر

گەشتێکی مەعنەوی بۆ ژیانی پێغەمبەر

دەسپێک

وەکوو ئاشکرایە ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و ئینتێڕنێت و سۆشیال میدیا زه‌مینه‌یه‌كی له‌باری ڕه‌خساندووه‌ بۆ قوڵكردنه‌وه‌ و سەربوردەی ژیانی پێغەمبەری خوا درود و سڵاوی خوای لەسەر بێت. ئه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ی ئاسانتر كردووه‌، جگه‌ له‌ به‌رده‌ستی سۆشیال میدیا له‌ هه‌موو وڵاتێك، ئه‌و تویت و نووسین و پۆست و وێنانه‌ن كه‌ له‌و مه‌یدانه‌دا و له‌ لایه‌ن ئەویندارانی بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌ و ده‌ستاوده‌ستیان پێ ده‌كرێت.
ئێمە بە درێژایی مێژووی ئیسلام خۆمان بە سەربەرز زانیوە کە نەتەوەیەکی دیندار و بەباوەڕمان بووە و هەیە و لە چکۆلەترین دێهاتەکان ئەرکی دینی بەڕێوە چووە. شانازی هەر شار و شارۆچکە و دێیەک ئەوە بووە کە مزگەوت و جومعە و جەماعه‌تی لێ پێکهاتووە.

ڕاڤەیەکی ڕۆحی پێغەمبەر لە سەدەی بیست و یەکدا

نازام لە کوێوە دەست پی بکەم…! مێژوونووسان و شاعیران و عاریفان بەوپەڕی ئەمەگناسییەوە بە ڕاشکاوی چوونەتە نێو ئاخنی ژیان و مێژووی پێغەمبەر و کۆڵان بە کۆڵان بە سیداقەتەوە وەک قەفی زنجیر گشت نەریت و ڕەفتار و ڕەوشتی پێغەمبەریان خستۆتە بەر چاوی خوێنەران و هێندە بە پێز و بەتام و چێژن، دەیان جار بیخوێنییەوە لێان تێر نابی!
ئەمڕۆ لە سەدەی بیست و یەکدا لە ناو نووسەران و وەرگێڕان و شاعیرانی ناوچەی کوردەواری لە هەموو بوارەکانی زانست و زانیاری، ڕۆشنبیری، سیاسی یا خود ئەدەبی و… بایەخێکی بەرچاویان بە ژیانی پێغەمبەر و هاوەڵانی داوە. واتە بە سەرنجدان بە قەڵەمی نووسەرانی ئەو سەردەمەی وڵاتەکەمان ئەو ڕاستییە دەردەکەوێ کە لەو شەوەزەنگ و تەم و مژاویی و چڕەدووکەڵەشدا کە تاقمێک سازیان کردووە، چەند قەڵەمی هەست ناسک و جیددی و نەدۆڕاو لە ناو شاعیران و عاریفان و نووسەران و وەرگێڕان، هەوارگەی ئەدەبیان لە ئاست کەسایەتی پێغەمبەر { د.خ } ترووسکەباران و تریفەباران کردوە و کۆڵیان نەدا و ئەو شەوەزەنگەیان لە ئاسمانی ئەدەبیاتی کوردی سڕیەوە…
بێگومان مرۆڤێک کە بتوانێ لە گەڵ ڕاستییەکانی قوڕئان بتوێتەوە، باش لەوە تێ دەگا کە دەبێ لە سەدەی بیست و یەکەمدا پێغەمبەر وەک خۆی بناسین. بۆ ئەو مەبەستە ئەوا پێویستە بە جۆرێکی دیکە بڕوانینە ژیانی پێغەمبەر درود و سڵاوی خوای لە سەر بێت. کاتێک جۆری ڕوانینمان گۆڕی، ئەوە ناخی خۆمان گۆڕیوە، کاتێک مرۆڤ خۆی گۆڕی و لەوە تێگەیشت ئەرکی لە سەر گۆی زەوی چییە، ئەودەم خۆی دەناسێ. هەڵبەت مرۆڤ ناتوانێ خۆی بناسێت و وەهمەکانی هەوا و نەفسی کەشف بکات هەتا دەرەوەی خۆی پێشان نەدرێت…
لە ڕاستیدا ژیان، مامەڵەیەکی حزووریانە و چوونە خزمەت پێغەمبەره‌، واتە مامەڵەی ڕاستەوخۆ و زیندووانه‌، وەک قوڕئان که مامەڵەکردنێکە کە هیچی باسی ڕابردوو و داهاتوو نییە، بەڵکوو هەمووی باسی ئێستایە. وەک سەید قوتب ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرموێت: قوڕئان داستانی ژیان نییە، بەڵکو خودی ژیانە. یا هەر وەک مەولانا دەفەرموێت: من چیرۆکی ئیمانم زۆر بیستووە، بەسە ئیدی، من دەمەوێت ئیمان بێنم!!
دەبێ ژیانی ئێستای ئێمەی باوەڕدار لە گەڵ پێغەمبەر درود و سڵاوی خوای لە سەر بێت، ئێستایانە و حزووریانە بێت، ئەوەیە عاریفان ناویان ناوە بە ئاگاهاتنەوە.
ئەگەر سەرنج لە ژیانی پێغەمبەر بدەین ئەوە باش بۆمان دەردەکەوێت که هەمووی مامەڵەی حزووریانەی دەوێت، وەک لە شەوی { لیلەالقدر } پێویستە چەند چرکە ساتێکی حزووریانەت هەبێ، واتە ژیانی ڕاستەقینە کە ئەویش بریتییە لە ژیانی حزووریانە و گەیشتن بە ئاشتی و هێمنایەتی. واتە لە خەڵوەتدا مرۆڤ بە تەواوەتی حزووری هەیە. شێخی سەعدی دەفەرموێت: بە خۆر بڵێن خۆی دوا بخات و هەڵنەیەت، چونکە من لە گەڵ مانگەکەمدا خەریکی ڕاز و نیازم! کە سەیری ژیانی هاوەڵانی پێغەمبەر و عاریفان و دۆستانی خوای گەورە بکەیین، دەبینین کە گرینگترین و بەهێزترین خاڵی ئۆقرەی دڵ و دەروونیان ئەوە بووە کە بە جۆرێک لە گەڵ سەربوردەی ژیانی پێغەمبەر دروودی خوای لە‌ سە‌ر بێت، هەڵسووکەوتیان کردووە کە هەموویان وەک لە خەڵوەتگەدا ژیانیان بەسەر بردبێت. شێخ سەعیدی نوورسی دەفەرمووێت: هاوەڵەکانی پێغەمبەر درود و سڵاوی خوایان لە سەر بێت چونکە هاوئاهەنگ بوون و لەو ژیانەدا ژیاون و بەشێک بوون لێی، نەک بڵێی هەر زانیاریان هەبووبێت، هەر ئەوەش وای کردووە عاریفان لە غەزەلە کۆنەکاندا سەرزەنشتی زاهیدەکان بکەن، چونکە ئەوان تەنیا دەیانگواستەوە و خۆیان لە گەڵ ناوەڕۆکی بابەتەکە نەدەژیان!
ئەگەر بەوردی بچینە نێو ژیان و سەربوردەی پێغەمبەر { د.خ } ئەو پرسیارەمان بۆ دروست دەبێ کە: پێغەمبەر { د.خ } چۆن توانی ئەو كارە بكات و ئایین بەو مەزنییەی خۆی بگەیەنێتە ئێمەی بچووك، کە ئەمڕۆ دەبینین بەو بەهێزی و نەمرییەی تاكو ئێستا ماوەتەوە، چ شتێك وایكردووە ئەو ڕۆحەی بەردەوام لە نێو مرۆڤایەتیدا بێت و بڕوات و زیندوو بێت، لە كاتێكدا چەندین جۆری بیر و فەلسەفە و قوتابخانەی فیكری و فەلسەفی بوونیان هەبووە و لە ناوچوون یان بە لاوازی ماونەتەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ڕووی مێژووییەوە چەندین سەدەیە لەو پەیامە مەعنەوی و ڕۆحییە دوور كەوتووینەتەوە، بەڵام هێشتاش گەرمی و گوڕی ئەو پەیامەمان پێدەگات و هەست بە جوانی و چێژی دەكەین؟!

گەر سەیری مەزنی ئەم پێوەرە بكەیین، بۆمان دەردەكەوێت پێغەمبەر لە ڕێگەی مەعنەوییەتەوە توانیویەتی تاكو ئێستا بمێنێتەوە و وەك ئاوی دەریا ئەوسەر و ئەوسەری دیار نەبێ و بتوانێ ئیمان و مەعنەوییەت بگەیەنێتە نێو بیابانی عەقڵی وشك و ڕۆحی تینووی مرۆڤەكان و لە هەموو سەردەمەكاندا مرۆڤی گەورە بەرهەم بهێنێت و خۆر ئاسا ڕۆح و دەروونی ئەوانیتریش ڕووناك و ئاوەدان بكاتەوە.
بە دەربڕینێک دەکرێ ئەوە بڵێین کە: میراتی جوان و قەشەنگ و نەمری پێغەمبەری ئازیزمان، میراتی مەعنەوییەت و ڕۆحانییەت و ئاوەدانكردنەوەی دونیای دەروونی و ناوەكی مرۆڤەكانە.
ئیمامی غەزاڵی لە كتێبە بەناوبانگەكەیدا { المنقذ من الظلال، دەربازبوون لە تاریکی}، كە یەكێكە لە كتێبە ناسراوەكانی ئەم سۆفی و فەیلەسوفە مەزنە، دەفەرموێت: بیركاریزانێك لە بیركاری تێدەگات، مرۆڤ دەبێت شتێك لە فەلسەفە و عیرفان بزانێت ئینجا لە فەلسەفە و عیرفان تێدەگات، لێرەوە دەگاتە ئەو ئەنجامەی كە پێغەمبەر لە پێغەمبەر و پێغەمبەرایەتی تێدەگات، بەو مانایەی مرۆڤ دەبێت پێغەمبەر بێت، ئینجا لە پێغەمبەر و مانای پێغەمبەرایەتی تێدەگات. پاشان ده‌ڵێت باشە ئێمەی مرۆڤ كە پێغەمبەر نین، كەواتە چۆن دەتوانین لە پێغەمبەر و پەیامەكەشی تێبگەیین؟ ئەو پێی وایە ئێمە نابینە پێغەمبەر، بەڵام دەشێ ئەزموونی پێغەمبەرانەمان هەبێت. هەر مرۆڤێك كۆمەڵێك ئەزموونی ڕۆحی و مەعنەوی هەیە، بەو ئەزمووونانەوە دەتوانێت لە مەزنی پێغەمبەر تێبگات و بەشدار بێت لە ئەزموونە گەورەكەی پێغەمبەردا. بە جۆرێك مەولانا گوتەنی ده‌ڵێت: هەر مرۆڤێك هێندەی بچووكی و گەورەیی ڕۆحی خۆی دەتوانێ‌ لە دەریای مەزنی ئایین و پەیامەكەی پێغەمبەر تێبگات و ئەزموونی بكات و بچێژێ‌. هەروەها ئیمامی غەزالی لە كتێبی { ایها الولد}دا و لە وەڵامی پرسیاری «ئیمان چییە؟»دا دەڵێت: ئیمان ئەو شتەیە كە دەچێژرێت، واتە باس ناكرێ‌، بەڵكوو دەبێت بیچێژی و ئەزموونی بكەیت. ئەگەر لەڕێی ئەزموونی گەشتێکی ڕۆحی خۆتەوە بە ڕۆحیەتی پێغەمبەر بگەیت، مامەڵەکەت پۆزەتیڤ و ژیاندۆست دەبێت، ئەوسا وایش هەست دەکەیت، پێغەمبەر لە ناخت دایە، بەڵام ئەگەر پێغەمبەر و بەرنامەکەی لە لات هەر لاساییکردنەوە بێت، ژیانت ساردوسڕ و نێگەتیڤ دەبێت، ویژدانت ئازارت دەدات، لە ژیان دەترسیت و نازانیت چی ڕاستە و چی هەڵەیە. بەرنامەی پێغەمبەرێک که بە میرات بۆت بمێنێتەوە، لە بازنەی دەستنیشانکردنی ڕەوشتی چاک و خراپ تێپەڕ ناکات و بوارت بۆ ناڕەخسێنێت ببێت بە ئینسانێکی ڕاستەقینە، ئینسانێک کە دوودڵ نییە و بەبێ دڵەڕاوکێ و سازش، هەست بە چی بکات.

مەولانای ڕۆمی دەفەرموێت: فێری هونەری تینوویەتی ببە، نەک ئادابەکانی ئاوخواردنەوە. مرۆڤ ئەگەر ئادابەکانی ئاوخواردنەوە بزانێ، بەڵام تینووی نەبێت، ئیتر زانینی ئەو ئادابانەش هیچ قازانجێکی نییە. بەڵام ئەگەر تینوو بووین و تەنانەت ئادابەکانیش نەزانین، ئەوە هەر دەزانین چۆن ئاوەکە بخۆینەوە، گرینگ کامەیانە؟ بە دڵنیاییەوە گرینگ تینوو بوونەکەیە نەک فێربوونی ئادابەکان. واتە گرینگ گەرم کردنەکەیە نەک تەفسیرەکە، ئەوەی کە ئەمڕۆ نیمانە ئەوەیە ئێمە تینوو نین بە ژیانی پێغەمبەر و گەرم نین بۆ ڕەوشت و ڕەفتاری پێغەمبەر. لەکاتێکدا پێشتر تینوو بوون، تینووی عیشق و عیڕفان، وه‌ک شاعیرانی: مەحوی و ناڵی و مەولەوی و جه‌زیری و…

دەگێڕنەوە مەولەوی تاوگۆزی لە خانەقای تەوێڵە گەیشتۆتە ساتێکی ئامادەیی حزووریانەی تەواو کە مامۆستا عەبدولکەریم مودەرریس لە ژیاننامەکەیدا هێناویەتی، مەولەوی تاوگۆزی دوای نوێژی عیشا گوێنییەکی پێچاوە بە خوێدا و هەتا بەیانی { اللە اللە}ی کردووە، سەیری ئەو عیشق و ئەوین و خۆشەویستی و مامەڵە حزووریانە بفەرموون! پێیان وتووە بۆ ناڵێت: «لا الە الا اللە»؟ وتوویەتی فریا ناکەوم. ڕۆحی پڕ بووە، کەیڵ بووە لە مەعنا. هەر وەک شێخ سەعیدی نوورسی بەهه‌مان شێوە بووە، بە کاتێکی کەم کتێبێکی نووسیووە. مەولانای ڕۆمیش ده‌فەرموێت: هێندە گەرم بووم بە عیشق، دەستم لێمەدە، نەوەک دەستەکانت بسووتێن.
بێگومان مرۆڤ ناتوانێت بەردەوام لەو ئەزموونەدا بێت، بەرگە ناگرێت، تەنانەت هی پێغەمبەرانیش حاڵەتێکی تایبەت بووە. بەڵام مرۆڤی ئاسایی لەم ئەزموونانە ئەوەندە گەرمایی وەردەگرێت، بەشی هەموو کاتەکان و قۆناغەکانی ژیانی دەکات. بۆیه‌ دەکرێ مرۆڤ بە وەرگرتنی کۆمەڵێک ئەزموونی ئامادەییانەی رۆحی قووڵ، کاریگەری لەسەر ڕەفتاری ئاسایی ڕۆژانەیدا دابنێت و ڕەنگبداتەوە و دەرهاویشتە و شهودی هەبێت و بە شتەکان وشیار بێت.
عاریفان و ئه‌ویندارانی پێغەمبەر دەچوونە حزوور و تێی ڕادەمان و دەسەودامانی دەبوون و کەیڵ دەبوون لە خۆشەویستی و خۆیان دەکرد بە قوربانی و لە دووری ئەو ڕەنگیان زەرد هەڵدەگەڕا و جەستەیان لاواز دەبوو و کانیاوی فرمێسکی چاویان دەتەقی. بێ ئەو، هەموو بوونیان بەلاوە هیچ بوو. مەخابن ئەمڕۆ لە ژیانی مرۆڤی باوەڕدار ئەو مامەڵە ڕۆحی و وجوودییە نەماوە، بۆیە هەموومان وشک وشک هەڵگەڕاوین و بووینەتە پەیکەرێکی بێگیان، ڕۆحمان و وجوودمان لەدەست داوە، بۆیە ئێمە پێویستیمان بە وەرچەرخانێکی رۆحی هەیە بۆ ئەوە کە زیندوو بینەوە و دڵمان گەرم دابێنین تا لە ئاکامدا بگەیین بە حقیقەتی ژیان کە پێی دەوترێت موحەممەد، کە وەکوو شەمعێک داگیرساوه‌، وەک گڵۆپێک ڕاوەستاوە، که‌واته‌ ئەوە دەورووبەرەکەن دەبێ بگۆڕێن.

ئەگەر لە ژیان و سەربوردەی پێغەمبەران ورد بینەوە، تێدەگەیین کە مەبەست لە کاری پێغەمبەران خودی پێغەمبەران نین، بەڵکوو ئەوە شوێنکەوتووانی پێغەمبەرانن کە دەبێ بگۆڕێن، ئێمەیین دەبێت بگۆڕێیین. بەڵێ ئێمە دەبێ هەزارەها ئاواز و چریکە لە دەممان بێتە دەرەوە، بۆ کێ؟ بۆ گوڵ، گوڵ بۆ خۆی وەستاوە، ئێمەیین پەروانە، دەبێ بە دەوریدا بسوڕێینەوە بەڵکو خۆمان بکەین بە قوربانی.

حافیزی شیرازی ده‌ڵێت: سەیرە لە گەڵ وجودی تۆدا وجودی من بمێنێ، سەیرە کاتێ تۆ هاتییە گوفتار، ئیدی من بتوانم وتەیەک بدرکێنم، دڵی من مۆم و ڕووی تۆ هەر وەکوو شەم دەتوێتەوە و لە بەر پێتا ئەبێ جەم. ئەوا ئێستا ده‌سووتێم تا بزانی عەشقی تۆ چرایە و من پەپوولەم. لە ئەویندا تەنها ئەویندار بە چاوی دڵی هەموو شتێک دەبینێ، چونکە چاوی ئاسایی هەرگیز توانای بینینی جوانییە حەقیقییەکانی نییە! هەر بۆیە ئەوانەی جگە لە چاوی سەر، بیناییه‌کی تریان نییە، لە بینینی جوانییەکان بێبه‌شن.
پێغەمبەر درود و سڵاوی خوای لە سەر بێت، وەکوو لایەنی فیزیکی کۆچی دوایی کردوە: «ٳنك میت و انهم میتون» ئەوەی موحەممەدی دەپەرست ئەوە با بزانێ موحەممەد مرد، ئەوەی کە خوای موحەممەد دەپەرستێ: «فان اللە حی لایموت»

مامۆستا نوورسی دەفەرموێت: مەعنەویەت و ڕۆحانییەتی پێغەمبەر تا قیامەت شەپۆل دەدات. مارتین لیگنز قسەیەکی زۆر جوانی هەیە دەڵێت: پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر وەک دەریایەک وایە، دەریا سات نا ساتێک شەپۆل دەدات، لە ڕێگەی ئەو شەپۆلە بەرەو ویشکانی دێ، دوایی ئەو شەپۆلانە دەگەڕێنەوە لە کەنار، لە وشکانییەکەدا کۆمەڵێ چاڵ بوونیان هەیە، دوای گەڕانەوەی شەپۆلەکان هەر کام لەو چاڵانە بە ئەندازەی قوڵایی خۆی ئاوی گڵداوەتەوە. ئەو چاڵانە ئێمەیین و شەپولەکان دیوی مەعنەویی پێغەمبەرن، چەند توانای وەرگرتنی دیوی مەعنەوی ئێمە گەورە بێت، چەند دڵمان گەورەتر بێت، چەندە چاڵەکانی دڵمان گەورەتر بێت، ئەوەندە ئاومان بۆخۆمان گڵداوەتەوە. دەبێ بەردەوام چاودێری بکەیین هەتاکو ئەو کاتەی شەپۆلەکە سەرهەڵدەداتەوە و دەگاتە لامان، ئینجا کە گەڕایەوە، ده‌بینین ئێمە بەشی خۆمان ئاومان دەست کەوتووە. ئەو شەپولانە لایەنی ئیحسان و مەعنەوی پێغەمبەرن کە بەردەوام لە ژیاندا هەڵبەزە و دابەزەیان هەیە و تا قیامەت شەپۆل دەدەن.
لە پەروەردەی دیندا باس باسی سینگ و ناخی مرۆڤە، نەک دەرەوە. واتە ئەرکی پێغەمبەران وەرچەرخانی ڕۆحە لە ناو دڵی مرۆڤەکاندا. بە دەربڕینێکی تر دەکرێ بڵێین: شۆک دروستکردن لە ڕۆحیاندا، کە ڕۆحی مرۆڤ بوو بە مەخلوقێکی تر، ڕۆحیان دەبێ بە ڕۆحێکی تر، ئیقباڵی لاهوری دەڵێت:

چون در جان رفت جان دیگر شود
چون جان دیگر شود جهان دیگر شود

کە گیان چووە ناو گیانەوە ئیتر گیان دەبێتە گیانێکی تر، کە گیانیش بووە گیانێکی دیکە، ئیتر جیهان دەبێتە جیهانێکی دیکە. ئەمە مامەڵەی ڕاستەقینەیە لە گەڵ پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر. واتە مەبەست ئەوەیە کە چیرۆکی پێغەمبەر دەبێ لە ناو تۆدا بێت، دەبێ لە گەڵ پێغەمبەر لە کاتێکدا جوبڕەئیل دێتە خوارەوەی و وەحی بۆ دێت ئامادە بی، لەگەڵ پێغەمبەردا بگەڕێیەوە ناو شاری مەککە، لە گەڵ پێغەمبەردا شەوڕەوی بکەی و کۆچ بکەی بۆ مەدینە و بەشداری لە دروستکردنی مزگەوت و… بکه‌ی. کە چووینە ناو ئەو حاڵەوە، ئەو کات دڵ و دەروونمان ئاویتەی ڕۆح و ژیانی پێغەمبەر دەبێ.

لێرەوە دەگەینە قوڵایی مانای ئەو ئایەتە کە دەفەرمووێت: «من اتی اللە بقلب سلیم»

ئەمە کرۆکی فەلسەفەی پەروەردەی پێغەمبەرانە، واتە وەرگێڕانی شتە دەرەکییەکان بۆ شتە ناوەکییەکان.

درێژەی هەیە…

توێژینەوە: عەبدوڵڵا عەلیپوور

از طريق
عبدالله علی پور
منبع
sozimihrab
نمایش بیشتر

عبداللە علی پور

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - نقده @ شغل : دعوتگر دینی و فعال اجتماعی - مدیر کانال تلگرامی @sozimihrab

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا