تاریخشخصیت ها

یادەوەری و ژیاننامەی تەڵاڵ ئەبوو غەزالە

یادەوەری و ژیاننامەی تەڵاڵ ئەبوو غەزالە

بەڕاستی ژیان قوتابخانەیە، بۆیە پێویستە سوود لە ئەزموونی خۆمان و خەڵکی وەربگرین، ئەوانەی ژیاننامە و یادەوەرییەکانیان دەنووسنەوە، خزمەتێکی گەورە دەکەن. جارێک پڕۆفیسۆر موحسین عه‌بدولحه‌مید وتاری بۆ دایین. منیش وتم: خۆزگە ژیاننامەی خۆتت تۆمار بکردایە کە بەهێندەی ئەو کتێبانەی نووسیوتن سوودی دەبوو، جەنابیان وتی: بەڵێ‌ نووسیوومە، شەشسەد لاپەڕەیەک دەبێت، بەڵام ده‌بێ‌ لەڕۆژی خۆیدا بڵاوی بکەمەوە، جارێ‌ کاتی نەهاتووە.

قوڕئانی پیرۆز کە یەک لەسەر سێی چیرۆک و بەسەرهات و ژیاننامەی پێغەمبەرانە، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت، بۆیە ئێمەش پێویستە گرنگی بدەین بەو لایەنە، جا من ئاوا لێی حاڵی بووم، بۆیە زۆر ژیاننامە و یادەوەریم خوێندۆتەوە و ئەگەر کەسانێکیش لە چاوپێکەوتنێکدا باسێکی خۆیانیان کردبێت، وەمزانیوە هەنگونیم لەدارا دۆزیوەتەوە و زوو تۆمارم کردووە و بڵاوم کردۆتەوە.

یەکێ‌ لەوانەی کە سەرسام بووم بە بەسەرهاتەکەی، کەسایەتی ئوردونی بەرەچەڵەک فەلەستینی تەڵاڵ ئەبوو غەزالەیە. ئەم کەسایەتییە ساڵی ١٩٣٨ لە یافای فەلەستین لەدایک بووە و باوکی باخ و بێستان و زەرعاتی زۆری هه‌بووە. هەروەها سەیارەی زۆری هەبووە که لەنێوان یافا و قودسدا کاریان کردووە، نوێنەری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت بووە.

لە ساڵی ١٩۴۸ دا کە جوولەکە، فەلەستینی داگیر کرد و سەرکردە خیانەتکارەکانی عەڕەب ڕێیان بۆ خۆش کردن. ڕۆژێک جاڕدرا لە بڵندگۆکانەوە تا سەلامەت بن شار بەجێ بهێڵن، تەقە دەکرا لەهەموو لایەکەوە. ئەوانیش دوودڵ بوون، ئەوە دەنگی عەڕەبەکانە یان جوولەکە. هەموو خەڵک ماڵ و حاڵ و سەروەت و سامان و زەرعاتیان جێهێشت و چوون بەرەو کەناری دەریا و سواری کەشتی بوون، ئەبوایە بەڕۆژێک بگەیشتنایەتە سەیدای لوبنان، کەچی دوو هەفتە لە کەشتیدا مانەوە، دانیشتوان لە ملیۆنێک و دووسەدهەزار و حەوت سەد و پەنجا هەزاریان، ئاوارەی ناو خێمە بوون لە لوبنان. خەڵکی بڕوایان نەدەکرد درێژە بکێشێت کە بەداخەوە لەوساوە تا ئێستا درێژەی کێشاوە، ئەو نەهامەتییەی ئەوان، مەگەر بەسەر کورددا هاتبێت لە ئەنفال و جینۆسایدی بەعسدا.

تەڵاڵ کە ئێستا ئەندامی مەجلیسی ئەعیانی ئەردەنییە و کۆمپانیای هەیە لەسەد وڵاتا، باسی نەهامەتی و بیرەوەرییە تاڵەکانی دەکات لە پەڕاوێکدا بەناوی (بەتانییەکە دەبێتە چاکەت). جا خوا حەز کات تۆزێکیتان لە زمانی خۆیەوە بۆ باس دەکەم، هیچ نەبێت ئێمەش گەلێکی خێرنەدیوین، باشتر هەست بە ئازاری بەرامبەر دەکەیین. لەگەڵمان بن تا ورد ورد بەو کەم تفاقییەی خۆمەوە بۆتان ئەهۆنمەوە. هەر شاد و دوورە بەڵا بن.

دکتۆر تەڵاڵ تۆفیق ئەبوو غەزالە لە یادەوەرییەکانیدا بەناوی (بەتانییەکە دەبێت بە چاکەت) دەڵێت: کە سواری کەشتییەکە بووین، لە یافاوە بەرەو سەیدا، من مناڵێکی دە ساڵان بووم، هەندێکم بینین تووشی سەرسووڕان و دڵتێکچوون بوون، یەکێکیش کۆچی دوایی کرد، زۆر مشتومڕیان کرد که چی لێ بکەن. سەرەنجام بڕیاریان دا بیخەنە ناو دەریاوە. لە سەیدا باوکم قایل نەبوو بچینە ناو خێمەوە، چووینە دێی غازیە کە حەوت کیلۆمەتر لە سەیداوە دوور بوو، شوققەیەکی دووژووریمان گرت بەکرێ‌ کە ئەندامانی خێزانەکەمان پانزە کەس بووین.

هاوەڵێکی باوکم بەناوی ڕەزا خەلیفە کە حاجیان پێدەگوت و لە ڕێی بازرگانییەوە بووبووە دۆستی باوکم و وەک موختاری دێ‌ و دەمڕاستیان بوو، هاوکاری کردین. باوکم کەزۆر دەوڵەمەند بوو و یەکەم کەس بوو کە کارگەی سەهۆڵی لە فەلەستینا دانا، هەژار کەوتوو ئەوەندەش نەفسی بەرز بوو که یارمەتی پیتاکی وەرنەدەگرت. زۆر خەفەتی ده‌خوارد، پیاوێکی خاوەن بەهای باڵا بوو، هەژاری و پیری بڕستی بڕیبوو، زۆر قسەی دەوت بە سەرکردە عەڕەبەکان کە فەلەستینییان فرۆشت لە پیناو مانەوەیاندا لەسەر کورسی دەسەڵات. باوکم ۱۰۷ ساڵ ژیا، بەڵام بەتەندروستییەکی باش کە تا ئەو تەمەنەش نەچوو بەلای مەی و جگەرە و حەرامدا و بەو بار و زرووفەشەوە گۆچانی نەگرت بەدەستییەوە. ئەوەندەی متمانە بەخۆی هەبوو، قەرزی دابوو بە کابرایەک و لە کاتی دانەوەیدا کابرا نکوڵی لێ کرد، چووە لای قازی شکاتی لێ کرد، قازی وتی: هەرچەند تۆ نووسراوه‌ت پێ نەنووسیوە، بەڵام سوێند بخۆ بەخوا، چونکە پیاوێکی بەڕێزی، هەموو حەقێکت بۆ وەردەگرم. باوکم وتی: هەرگیز سوێند ناخۆم بەخوا لەسەر ماڵێکی دونیا، ناکەسێکی وا بیخوات تا دەستم بکەوێتەوە، کەمن شتێکم وت سەنەدە. وتی: ئاخر خەڵک واناڵێن و ڕەنگە بڵێن: درۆ دەکات. باوکم وتی: ئەوەی من بناسێت دەزانێت ڕاست دەکەم، باوکم سوێندی نەخوارد و پارەکەی فەوتا و حەواڵە بە خوای کرد.

باوکم ئەوەی بەچەند ساڵی تەمەنی پەیدای کردبوو و بەتەمابوو وەک میرات بۆمان بەجێ بهێڵێت، لەشەو و ڕۆژێکدا هەمووی لەدەست دا، بەڵام چونکە خاوەنی بەهاکان بوو، ئێمەشی لەسەر ئەوە پەروەردە کردبوو و تەنیا خەمی ئه‌وه‌ بوو که خوێندن تەواو بکەین.

باوکم چونکە سەربازی کردبوو لەسوپای عوسمانیدا، کەسێکی ڕێککار(منضبط) بوو، هەموو بەیانییەک سەعات پێنج هەڵی دەستاندین لەخەو و ئەی وت: هەستن سەربازەکان، خوا بەیانییان ڕزق و رۆژی بەش دەکات.

قوتابخانەکەم دوو سەعات لە ماڵمانەوە دوور بوو، بەپێ‌ دەچووم، دەوامیشمان سەعات حەوت چارەکێ‌ کەم دەستی پێ دەکرد، ناچار شەوم بەکۆڵەوە دەگرت. خۆ ئەگەر بارهەڵگرێکی سەوزە بۆم بووەستایە، ئەوە خۆم بەپاشا دەزانی. ڕۆژێکیان باران بوو، نە چەترم پێ بوو نە پاڵتۆ، بۆیە کە گەیشتمە قوتابخانە، دەتووت ئێستا لەناو ئاو هاتوومەتە دەرەوە، قوتابییەکان پێم پێکەنین، وەیانزانی بەئارەزوو وام لەخۆم کردووە، دواتر مامۆستاکە پێی وتبوون کەمن دوو سەعات بەپێ‌ ڕێ دەکەم بۆخوێندن، بۆیە بۆبەیانی کەچوومە پۆلەوە، هەموو لەبەرم هەستان و چەپڵەیان بۆ لێدام وەک کەفارەتێک بۆ هەڵەکەی ڕۆژی پیشتریان.

دکتۆر تەڵاڵ تۆفیق ئەبووغەزالە، ئەندامی مەجلیسی ئەعیانی ئەردەنی لە یادەوەرییەکانیدا ده‌ڵێت: ڕاستە نەبوونی و هەژاریمان بەسەر هات، بەڵام نیعمەتێکی گەورەبوو کە منی دروست کرد، لەو هەموو دەوڵەمەندییەوە لە یافای فەلەستین، هەژار کەوتین و دەربەدەر بووین، بەجۆرێک کە دایکم بەتانییە شڕێکی پارچەپارچە کرد و چاکەتێکی دروست کرد بۆم. کەچوومە قوتابخانە، هەموو بەلایانەوە دیمەنێکی سەیر و عەنتیکە بوو و گاڵتەیان پێ کردم، منیش ئەوەندە متمانەم بەخۆم بوو گوتم: ئەوە ئێوە ئێرەیی بەمن ده‌بەن، ئێوە نازانن ئەوە ئیحرامە لەبەرمدا.

کەڕۆژانە دوو سەعات بەپێ‌ دەچووم بۆ قوتابخانە، بەدەم ڕێوە بە وانەکانمدا دەچوومەوە، ئینجا فرسەتێکی باش بوو کە خۆم لەگەڵ خۆمدا بم و بیر بکەمەوە کە ئایا وەک باوکم بێکار بم، یان کارێ‌ بکەم و داهاتوویەک بۆخۆم فەراهەم بهێنم.

ناچار بووم کە دەبێ‌ هەرچیم کردووە، یەکەم بم لەبەر ئەوەی مینحەی خوێندن وەرگرم. کەچوومە سانەوی ئەوەندە ئینگلیزیەکەم باش بوو، وانەم بە قوتابییە کچەکانی سانەوییەک دەوتەوە، ئینجا شتم وەردەگێڕا، ئینگلیزییەکەم زۆر باش بوو. هەروەها عەڕەبییەکەشم زۆر باش بوو، بەهۆی ئەوەی هەموو قوڕئانم بەتەرتیل و تەجویدەوە لەبەر بوو (کاتێک هەموو قوڕئانم لەبەر کرد، سەعاتێکیان بەدیاری دامێ‌ کە یەکەمجار بوو سەعات بکەمە دەستم).

ساڵانە لە عەڕەبی و ئینگلیزیدا عه‌فو دەبووم و تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵم تیایاندا نەدەدا. لەزانکۆی ئەمەریکی لە لوبنان مینحەی خوێندن و مانەوە و خواردنم وەرگرت کە هەفتانە دەڕۆیشتمەوە بۆ ماڵی باوکم، ئەو میوەهاتەی لەگەڵ خواردنەکاندا دەیانداینێ‌، کۆم دەکردەوە و دەمبردەوە لەگەڵ ئەوان دەمانخوارد.

کە دەگەڕامەوە بە شەمەندەفەر، پارەی بیتاقەم پێنەبوو، بۆیە کەدەمزانی موفەتیشی شەمەندەفەرەکە دەگەڕێت لەوێستگەیەک دادەبەزیم و دواتر سواری شەمەندەفەرێکی تر دەبووم تا پێم نەزانن.

لەزانکۆ پێشبڕکێیەک لەنێوان هەموو زانکۆکانی وڵاتە عەڕەبییەکان ڕاگەیاندرا بۆ کورتە چیرۆک و کورتە وتار. منیش کە تاڵاوی دەربەدەریم چەشتووە، کورتە چیرۆکێک و کورتە وتارێکم لەوبارەیەوە نارد، ڕۆژێک سەرۆکی زانکۆ بانگی کردم وتی: تۆ بۆ ئیدارە و ژمێریاری دەخوێنی، بۆنابیتە چیرۆکنووس و ڕۆژنامەوان، وتم: بۆ؟ وتی: هەردوو بابەتەکەت یەکەم بوون و ئەوەش پێنج سەد جونەیهت خەڵات بۆهاتۆتەوە، یەکەم جار بوو بڕە پارەی وا بەخۆمەوە ببینم.

تاقەتتان بێت لەگەڵما بەردەوام دەبم لەم باسەدا کە ئەم کەسە لەو وەزعە نالەبارەوە چۆن بووە بە کەسایەتییەکی ناودار. وێنەی ناوبراو کە شارەزای نێودەوڵەتییە لەبواری ئابووری فێرکردندا.

دکتۆر تەڵاڵ ئەبو غەزالە لەدرێژەی یادەوەرییەکانیدا دەڵێت: باوکم زۆر هیوای پێم بوو، هەمیشە دەیووت: تۆ ببە باوکیان و باڵ بەسەر هەموویاندا بکێشە، ئەوە وای لەمن کرد کە لەمناڵیدا وەک باقی مناڵانی تر یاری نەکەم و کات بەفیڕۆ نەدەم، خەمی خۆپێگەیاندن و کارکردنم بێت، لەسانەویدا بەیانیان سەعات پێنج دەچوومە عەلوە و دوو سەعاتێک کاری ژمێریاریم دەکرد، ئینجا سەعات حەوت دەگەڕامەوە ماڵەوە و ئاوێکم دەکرد بەخۆمدا و دەچووم بۆ خوێندن. کە دەشهاتمەوە، دەچووم لەسانەوییەکی کچان ئینگلیزیم پێ دەوتن.

برایەکه‌م کە پانزەساڵ لەخۆم گەورەتر بوو، لای کەسێک ئیشی دەکرد، لەکارەکەی دەریان کرد بەهۆی ئەوەی بەیانیان دوادەکەوت. چوومە لای خاوەن کارەکە و تکا و ڕجام بۆکرد کە وەری بگرێتەوە و بۆ سێ‌ مانگ هیچی نەداتێ‌، ئەگەر پابەند بوو بەکارەکەیەوە بەتەواوی، دوای سێ‌ مانگەکە هەموو هەقەکەی بداتێ‌، خاوەنکار لای سەیربوو من کە مناڵتر بووم لە براکەم و ئاوا قسەم دەکرد، سەرەنجام قایلم کرد و پەیمانم لە براکەم وەرگرت کە بەیانیان زوو بچێتە سەرکارەکەی.

باوکم فێری کردم هەموو شتێک کاتی خۆی هەیە، کات ئەو کاڵایەیە کە دەتوانی دروستی بکەیت، بەبێ‌ مەوادی سەرەتایی. پێمگوت: مەبەستت چییە لە دروستکردنی کات؟ وتی: وادانێ‌ هەشت سەعات نووستوویت، ئەوەی کە دەمێنێتەوە شانزە سەعاتە، دەتوانی بەرنامەی بۆ دابنێیت و بەرهەمدار بێت و بەپێچەوانەشەوە ده‌توانی بەفیڕۆی بدەیت کە ئەو بڕیارەش لای خۆتە.

ڕەنگە وابزانن من بێتاقەت دەبووم لەوەی دوو سەعات بەپێ‌ دەچووم بۆ قوتابخانە، لەکاتێکدا هاوپۆلەکانم بەگشتی وەزعیان باش بوو. نەخێر هەرگیز خۆم بەهەژار نەدەزانی و پێم ناخۆش نەبوو کە تەنها جووتێک پێڵاوم هەبوو، ئەگەر جووتێ‌ نەعلیشیان بۆ بکڕیمایە خۆم پێوە بادەدا.

لەو ڕێ‌ دوورودرێژەدا بیرم دەکردەوە کە لەداهاتوودا چەک هەڵبگرم و هەقی خۆم و میللەتەکەم لە جوولەکە وەحشییەکان بکەمەوە. ڕاستە من تازە پێدەگەیشتم، بەڵام ئەگەرەکانم تاوتوێ‌ دەکرد لەمێشکمدا، هەندێ‌ جار ده‌مگوت واچاکە کاری سیاسی بکەم یان ببمە ڕۆژنامەوان.

هەر لەمناڵییەوە فێری پارە پەیاکردن بووم، بۆ که‌سێکی چلوورەم دەکردە شانم، ئەم کۆڵان و ئەو کۆڵان هاوارم دەکرد: چلورە… چلوورە، سابەڵکو یەکێک لێم بکڕێت.

پەڕاوی (التخطیط الإستراتیجی) (ترودیسکی)یم وەرگێڕا لە ئینگلیزییەوە، پاشان ماوەیەکیش لە دوکانێکی تەسجیلات کارم کرد و ئەوەش خۆشەویستی بۆ هونەر و مۆسیقا لا دروست کردم و تائێستاش ئەو حەزەم بەردەوامە.

خۆم بە بەرپرسیاری یەکەم زانیوە بەرامبەر خێزانەکەم کە ئەوەشم بە پاداشت دەزانی، چونکە سەروەرمان دروودی خوای لەسەر بێت دەفەرموێت: «خیرکم خیرکم لاهلە».

باوکم هەموو شەوێک تاهەموومان نەهاتینایەتەوە کە ۱۳ نەفەربووین و قاچی هەموومانی نەژماردایە کە ۲۶ قاچ بووین، ئۆقرەی نەدەگرت و نەدەخەوت، کە براکانم جاری واهەبوو درەنگ دەهاتنەوە. جا پاش تەمەنی زیاتر لەهەشتا ساڵ لێیان پرسی تاکەی ناسرەوی؟ دکتۆر تەڵاڵ وتی: دڵ کەهێمای ژیانە وەستان و پشوودانی واته‌ مردن، بۆیە بەردەوام منیش کار دەکەم و ناسرەوم.

بەڵێ‌ ئەوە بەشێکی کەم بوو لە بەسەرهاتی ئەو کەسایەتییە ماندوونەناسە کە بەو هەموو ناڕەحەتییەوە توانی ببێتە کەسێکی ناسراو و کاریگەر لەسەر ئاستی جیهان کە پلە و پۆست و کارەکانی لەبەشی داهاتوودا بۆ پەند وەرگرتن بڵاو دەکەمەوە بەئیزنی خوا.

تەڵاڵ ئەبوو غەزالە لەیادەوەرییەکانیدا (بەتانییەکە دەبێتە چاکەت) دەڵێت: بەهێزترین چەک بەلای منەوە خۆشەویستییە، تەنانەت ئەوەی کە ڕقی لێمە و شانەخڕێم لەگەڵ دەکات، خۆشم دەوێت. چونکە دەبێتە هۆی ئەوەیکە من خۆم گورج بکەمەوە و هۆشیار بم و منیش پێشبڕکێی لەگەڵ بکەم.

پاش ئەوەی لە زانکۆی ئەمەریکی بەپلەی یەکەم دەرچوو، ساڵی ۱۹۶۹ کەوتە کارکردن و کۆمپانیایێکی جیهانی دانا لەبواری ڕاوێژکاری ژمێریاری و بەڕێوەبردن و خاوەندارێتی فیکری کە لە ڕێی سەدوچل کۆمپانیاوە لە زیاتر لە سەد وڵاتا خزمەت پێشکەش دەکەن. ساڵی ۱۹۱۰ شا عەبدوڵڵا لە ئۆردۆن بە ئەندامی مەجلیسی ئەعیانی دانا، دواتر بەهۆی ئەوەی کە ئەم دوو ڕەگەزنامەی هەیە، دەستی لەکار کێشایەوە کە لە یاسادا نابێ‌ ئەوەی دوو ڕەگەزنامەی هەبێت، ئەندام بێت، کەچی جارێکی تر شا عه‌بدوڵڵا داینایەوە و لە ساڵی ۲۰۱۶ ویسامی سەربەخۆیی پێ بەخشی.

ساڵی ۲۰۰۹کرا بە سەرۆکی ئیئتیلافی جیهانی تەکنۆلۆجیای مەعلوومات و پەیوەندی و پەرەپێدانی سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکان. جا ناوبراو چەندەها پلە و پۆستی تری هەبووە و چەند ویسام خەڵاتی تری وەرگرتووە. جا ئەم کەسایەتییە ئەوەی من پێی سەرسام بووم، ئەوەیە کە لە کەوتن و هەژاری و دەربەدەری وڵاتانەوە توانی بەئیزنی خوا هەستێتەوە و ببێتە یەکپارچە لە کار و هەوڵ و تێکۆشان. سا بەڵکوو ئەمەش هاندەرێک بێت بۆ هاوڵاتیانی خێرنەدیوی وڵاتەکەم، هەرچەندە بەداخەوە هەر ئەوەندەم زانیاری لەسەر دەستکەوت و ئەگەر ژیاننامەکەیم لەداهاتوودا بەتەواوی دەست بکەوێت، هەوڵ ده‌دەم بیکەم بە کوردی کە دیارە ئەزموونی زۆری تیایە بۆ هەمووان…

شاد و دوورەبەڵا بن..

نووسه‌ر: مامۆستا ئه‌ندازیار عوسمان
پێداچوونه‌وه‌: سۆزی میحڕاب

برچسب ها
نمایش بیشتر

ئه‌ندازیار عوسمان

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا
بستن
بستن