وڵامی ئەو پرسیارانە، بە خۆفترین دیمەنی بەربەرەکانیی قەڵەم و قەممە! و بەربەرەکانیی ماف و مافینگی و بەرەنگار بوونی ئازادی و دەرەبەگایەتی! و لە گژ ڕاچوونی زمان و زۆرەملی، لە تاریکترین خولی مێژووی ئێران وە بیر خەڵکی دێنێتەوە! وڵامی ئەو پرسیارانە، شەوەزەنگێک لە مێژووی تاریکی ئێران وە بیر دێنێتەوە، کە دێوەزمەکانی چەرخی زۆرەملی، قۆڵیان لە قۆڵی یەکتری خستووە و بە هەڕەمە شاڵاویان بردووەتە سەر هەموو مافە ڕەواکانی خەڵکی چەوساوەی ئێران و زۆربەی نووسەرەکانیش لە برسان! یان لە ترسان! قەڵەمەکانیان هەڵپەساردووە یان کردوویاننە خولخولە! و باریکانیان بۆ پەشەدانی خەوی ئارامی زۆردارەکان پێ ڕستوون!
هەر وەها وڵامی ئەو پرسیارانە، لە لایەکی دیکەوە، قەڵافەتی سامداری پیاوێکی یەگجار بەجەرگ و نەبەزمان دەخاتە بەر چاو کە لە بن بارستایی ئەو هەمووە زۆر و زۆردارییەدا، لەو دێوەزمانە ڕاست بووەتەوە و بە قەڵەم و بە زمان خەڵکی ڕاپەڕاندووە و هەموو چین و توێژێکی لەو زۆردارانە هان داوە و لە ئاخ و داخ و ناڵە و سکاڵا و تووک و نەزای ئەو خەڵکە بەشخوراوە، تۆفانێکی هەستاندووە کە قەڵپەزەی شەپۆلی ئەو تۆفانە هاژاوە، کۆشک و تالاری هەموو زۆردارەکانی پێ ڕاژاوە و دێوەزمەکانیشی تا ئەو ڕادە شێت و خوودار کردووە کە خراپتر لە هەموو دڕندەیەک پەلاماریان بۆ بردووە و تەنانەت بە دەرزی و دەزوو زاریان درووە و بەو حاڵەش لە گرتووخانەیان هاویشتووە و لە دوایەش شارەودەریان کردووە و ماوەیەک لە بەر چاوی خۆیان لابردووە و حەوایان داوەتە هەندەران و پاشانیش بۆ هێنانەوەی، سەدان گوریسی درۆ و دەلەسەیان وە سەر یەکتری خستووە!! بەڵام قارەمانی نەبەزی ئەو بەسەرهاتە مامۆستا “فەڕڕوخی” چ لە ئێران و چ لە هەندەران، چ لە گرتووخانە و چ لە دەرەوە، تەنیا کارێک کە کردوویەتی، بەربەرەکانی دەگەڵ دێوەزمەکانی ئازادیخۆر بووە و تەنیا کارێک کە نەیکردووە، خۆ بە دەستەوەدان و سەر دانەواندن لە بەرانبەر ستەمگەران و خوێنمژانی ڕۆژگار بووە و پاش عومرێک بەربەرەکانی و گیانبازی و هاوار و زاڵە، لە گرتووخانەی نامەرداندا گیانی خۆی لە دەست دا و بە نامرادی سەری نایەوە.
ئەوە ئێوە و ئەوەش وڵامی ئەو پرسیارانە:
لە ساڵی ۱۲۶۸ی هەتاوی، بنەماڵەیەکی نەدار و دەستکورت ـ بەڵام دڵاوا و کارکەر و دیندار ـ لە شاری “یەزد”، خودا کوڕێکیان دەداتێ و ناوی دەنێن “محەممەد” و ئیبڕاهیمی بابی لە کاتی خۆیدا لە قوتابخانەی شار ـ بە ناوی “دارالمرسلین” (دارولمورسەلین) ـ ئەو کوڕەی وەبەر خوێندن دەنێ. ئەو قوتابخانەیە لە بەر ئەوەی ئینگلیسییەکان پێکیانەوەناوە و هەر خۆشیان هەڵیدەسووڕێنن، وە لە ڕاستیدا قەلەمندارەیەکە بۆ سیخوڕەکانی بریتانیای کەبیر! زۆربەی گەنج و لاوەکان، سێبەری ئەو قوتابخانەیە لە سەر سەری خۆیان زۆر بە قورس و گران دەزانن و “محەممەد فەڕڕوخی” سەرەڕای ئەوە لە هەموان پتر، لە سێبەری ڕەشی ئەو قوتابخانەیە جاڕزە، ناتوانێ وەکوو ئەوانی دیکە جاڕزێکی کوڕومات بێ و هیچ نەڵێ، بەڵکوو لەناکاو وە زاڵە دێ و لە چەند هۆنراوەیەکدا سەروگوێلاکی ئینگلیسییەکان وە بەر تەوس و پلاری قەڵەمەکەی دەدا و بەو چەشنە پیتە تیژ و تاڵانە، خەڵکەکەیان لێ هان دەدا: “ئەی خەڵکینە! ئێوە مسوڵمانن، بۆچی منداڵی خۆتان دەنێرنە قوتابخانەی خاچپەرستەکان!! ئایا بیرتان لەوە نەکردووەتەوە کە پاشەڕۆژی ئەو هەڵەیە چییە؟!”۱
دوای دەنگدانەوەی ئەو هاوارە و بڵاو بوونەوەی ئەو هۆنراوانە، سەرۆکی قوتابخانەکە و ژومارەیەک لە بەکرێگیراوەکان، محەممەد فەڕڕوخی بە تاوانی گێرەشێوێنی لەو قوتابخانە وەدەردەنێن و محەممەد فەڕڕوخی(کە ئەوکات تەمەنی شازدە ساڵ دەبێ) لەوە بەولاوە ناچار دەبێ کە لە باتی دەرس خوێندن، بە هێزی بڕووکەسەوادێک کە هەیەتی، دەست بە خوێندنەوەی کتێبەکان بکا و بە بەرکار کردن و ڕەنج بردن و نان پەیدا کردن، ڕووکاری زانین و ئاگادارییەکەی حەوا دا.
لەو کاتەدا کە هەنگەمەی “مەشڕووتەخوازی” لە حەوای ئێران دەنگ دەداتەوە، محەممەد فەڕڕوخی کە ئەو هەوایەی زۆر بە کەیفێ دەبێ، دەسبەجێ ڕەگەڵ مەشڕووتەخوازان دەکەوێ و دەبێتە ئەندامێکی”حیزبی دیمۆکراتی ئێران” و لە نەورۆزی ساڵی ۱۲۸۸ی هەتاویدا لێی دەگێڕنەوە کە بە نێوی هۆنەرێک، بۆ بەڕێوە بردنی داب و یاسای جێژنی نەورۆز لەو کۆڕە گەورەدا هاوبەشی بکا. لەو کۆڕەدا دوای ئەوە ژمارەیەک لە هۆنەران لە ترسان یان لە برسان، یان بە پێی داب هەتا دەتوانن بە حکوومەت و دەستوپێوەندی حکوومەت هەڵدەڵێن و دەستخۆشانەی خۆیان بە چەوری و شیرنی وەردەگرن! ئەو جار نۆرەی مامۆستا فەڕڕوخی دێ و مامۆستا فەڕڕوخی لە باتی پێهەڵکوتن، لە هۆنراوەیەکدا هەتا دەتوانێ سەروگوێلاکی «ضَیغَمُالدَّولَه» (زەیغەموددەولە) ـ فەرمانداری یەزد ـ دەکوتێ و سەری پلارەکانی بە گەورەتر لەویش دەگەیەنێ و لە حاڵیکدا کە چاوی تەماشاچییەکان وەکوو ئاڵقەچەقۆیان لێ هاتووە و هەموو ئەندامیان بووەتە گوێ! لەپڕدا گوڕڕەی”بژی بژی، دەست خۆش” و قریوەی ئازادیخوازان، میچی هۆدەکەی فەرمانداری دەلەرزێنێتەوە و زەیغەموددەولەی فەرماندار لەو گوڕڕەیە چوارچاو دەبێ و بەو قریوە و چەپڵەلێدانە وەها شێت و خوودار دەبێ، کە هەر لەو کۆڕەدا فەرمان دەدا مامۆستا فەڕڕوخی بگرن و لە گرتووخانەی هاوێن و دەسبەجێش لێپرسینەوە لەو دەست پێبکەن. لە جەنگەی لێپرسینەوەدا چونکە مامۆستا فەڕڕوخی ئامادە نابێ باداتەوە و لە سەر قسەکانی شێلگیرتر دەبێ و زۆرتر مەردازایی لە خۆی نیشان دەدا، زەیغەموددەولە پتر شێت و خوودار دەبێ و زیاتر لە کەوڵی ئینسانەتی دەڕواتە دەر و وەکوو دەرەبەگێکی “سەدەکانی نێوەڕاست”، فەرمان بە نۆکەرەکانی دەدا کە بە دەرزی و دەزوو زاری مامۆستا فەڕڕوخی بدروون!!
ڕووناکبیران و ئازادیخوازان کاتێک ئەو هەواڵە تاڵە دەبیستن و دەبینن کە دەرەبەگێکی “بەختیاری” ئاوا بە بێشەرمی کەڵەزەڕی دەکا و لە سەردەمی مەشڕووتەدا ئاوا گوڵێک بە ئاو دادەدا! تێکڕا هەڕا دەکەنە تێلگڕافخانە و بە ناردنی تێلگڕافێک، تەواوی نوێنەرەکانی “کۆڕی تەگبیری نەتەوایەتی” (مجلسِ شورایِ ملّی) لەو کەتن و پەندە ئاگادار دەکەن و نوێنەرەکان بە هەڕەمە “وەزیری نێوخۆ” وە ژێر پرسیار دەخەن و وەزیری نێوخۆ چەند کەڕەت لە سەریەک سوێند دەخوا کە ئاوا کارێک هەر ڕووی نەداوە و ڕانەبردووە!! بەڵام هەر لەو کاتەدا، مامۆستا فەڕڕوخی بە دمولێوی خوێناوییەوە لە گرتووخانەی شاری یەزددا زیندانی بوو.
مامۆستا فەڕڕوخی دوای دوو مانگ خۆی لە گرتووخانە دەرباز دەکا و بەر لە هەڵاتن، بە ڕەژی ئەو دوو شێعرە لە دیواری گرتووخانە دەنووسێ:
به زندان نگردد اگر عمر طی من و ضَیغَمُالدَّولَه و ملکِ ری
به آزادی ار شد مرا بخت یار برآرم از آن بختیاری دمار [۱]
دوای ئەو ڕووداوە، زەیغەموددەولە لێدەکەوێ و «فَخرُالمُلک» (فەخرولمولک) جێگای ئەو دەگرێ و دڵخۆشیی مامۆستا فەڕڕوخی دەداتەوە.
لە ساڵی ۱۲۹۹ی هەتاویدا مامۆستا فەڕڕوخی خۆی دەگەیەنێتە تاران و ڕەگەڵ سێڵاوی ئازادیخوازەکان دەکەوێ و هۆنراوەیەکی زۆر بە تەکان سەبارەت بە دادخوازی و ڕادانی سڕوسیپاڵی ستەمگەران بڵاو دەکاتەوە! دەڵێن دار هەڵیهێنییەوە زیانیخورۆ دیاری دەدا!! بەو هۆیە “رضاخان میرپنج” (ڕەزا میرپەنج) ــ سەرکردەی سپاـ بە هۆنراوەکانی مامۆستا، بیرگەی ئاڵۆز دەبێ و هاوار دەبا بۆ “کۆڕی تەگبیری نەتەوایەتی” و لە چنگ مامۆستا فەڕووخی سکاڵا دەکا و بە نوێنەرەکان ڕادەگەیەنێ کە: “ئەگەر ئێوە ئەو کابرایەم لە کۆڵ نەکەنەوە، ناچارم بۆخۆم هەر چەندی بتوانم دەگەڵی بکەم!!”
مامۆستا فەڕڕوخی لە جەنگەی هەڵایسانی شەڕی یەکەمی جیهانیدا کۆچێک دەکا بۆ «بَینُالنَّهرَین» (عێراق) و لەوێش ئینگلیسییەکان هێندەی وە دوو دەکەون و زۆری بۆ دێنن، ناچار دەبێ کە بە پێیان بێتەوە بۆ ئێران.
مامۆستا فەڕڕوخی لە کاتی بەستنی گرێبەستی شەرماویی ۱۹۱۹ کە ئێران بە پێی ئەو گرێبەستە دەچووە بەر چنگی ئینگلیسییەکان، زۆر بەگشتی هەڵبەزییەوە و بەرەنگاری «وُثوقُالدَّولَه» (وسوقوددەولە) ــ سەرۆکوەزیرانی ئەوکات ــ بوو و لە ئاکامدا ماوەیەکی زۆر خرایە گرتووخانەی ژمارە یەکی تاران، بەڵام زبری و زۆریی ژیانی گرتووخانە، تیغی زمان و قەڵەمی مامۆستای چاکتر دەسوو و ڕۆژ بە ڕۆژ تیژتری دەکردن؛ بەو هۆیە ئەو ڕۆژەی کە لە گرتووخانە هاتە دەر، یەکجێ لە “ئەحمەدشا”ی هەڵپێچا و بەوە تاوانباری کرد کە لایەنگیری لەو گرێبەستە شەرماوییە کردووە و پشتی وسوقوددەولەی گرتووە، وە ئەحمەدشا لە چنگ مامۆستا سکاڵای بردە «عَدلِیَّه» [=دادگا] و لە ئاکامدا وسوقوددەولە لێخرا و کارەکە سەرپۆش کرا.
مامۆستا فەڕڕوخی لە جەنگەی کوودەتای ۱۲۹۹ چەند مانگێک لە باغی “سەردار ئیعتیماد” زیندانی کرا.
مامۆستا فەڕڕوخی لە ساڵی ۱۳۰۰ی هەتاوی لە نێو دنیایەک کەند و کۆسپدا، ڕۆژنامەی “تۆفان”ی بڵاو کردەوە و لەو کاتەدا کە هێندێک لە ڕۆژنامەنووسەکان لە ترسان یان لە برسان بە خاوەن دەستەڵاتەکانیان هەڵدەکوت، مامۆستا شەپۆلی هاژاوی تۆفانەکەی ئاوقای سەروگوێلاکی ڕەزاخان میرپەنج ــ سەرکردەی سپا ــ دەکرد و بەتەواوی لەو پیاوە سەرەڕۆیەی هەڵکێڵابوو. بەو هۆیە چەند جاران “تۆفان” ڕادەوەستێندرا و دووبارە وەڕێ دەکەوتەوە و لە جەنگەی لە کارکەوتنی ڕۆژنامەی تۆفان، پەیامی ئازادیخوازیی مامۆستا و هەر وا دەربڕینی دەردی دڵی خەڵکی بە پێنووسی مامۆستا لە ڕۆژنامەکانی “پەیکار”، “قیام”، “ستارەی شەرق” و “تەلیعەی ئەفکار” [۲] بڵاو دەکرانەوە.
ڕۆژنامەی تۆفان بە کلیشەی سوور و ڕەنگی خوێنی شۆڕشگێڕان چاپ دەکرا و سەروتارەکانی گڕی ئاگری تووڕەیی نەتەوەی بەشخوراو و چەوساوەی لێ بڵیند دەبوو؛ بۆ نموونە یەکێک لە سەروتارەکانی ئەوە بوو:
«اَبوالهُوْلِ اِرتِجاع» [= دێوەزمەی کۆنەپەرستی]؛ و لە بن ئەو سەردێڕەدا نووسیبووی:
“ستەم و چەوساوەیی ڕۆژ بە ڕۆژ پتر دەبێ. نۆکەرەکانی ئینگلیس لە تەواوی وڵاتەکانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەت لە عێراق و لە ئێران، بە چوارناڵە هەڵیانکووتاوەتە سەر هەموو مافە ڕەواکانی خەڵکی و دەستە چەپەڵەکانی خۆیان هەتا هەنیشک بە خوێنی پاکی ئازادیخوازان ڕەنگاندووە و تازە ئیدی مان گرتن و تەگبیر و ڕا هیچ کەلکێکی نەماوە؛ یان دەبێ وەکوو سەرکردە مەردازاکانی ئیسلام ـ “حوسێن”(ع) و ”مَُصعب بن زُبَیر” (موسعەبی بنی زوبەیر) داوێنی پیاوەتی بە لادا کەین و چش لە گیان و مان بکەین و بەختەوەریی ئەبەدی وە دەست خۆمان خەین؛ یان بە پەیڕەوی لە شێخی گەورە “نەسیرەددین تووسی” بۆ بەتڵاندنی ئەبوولهولی ئیرتجاع هاوار بۆ هەلاکۆیەکی بەرین!”
ڕەزاخان ــ سەرکردەی سپاــ، دوای بڵاوبوونەوەی چەند وتارێکی ئاوا توند و ئاوراوی، نامەیەکی لە کۆڕی تەگبیری نەتەوایەتی نووسی و داوای لێپرسینەوەی لە مامۆستا فەڕڕوخی کرد و ئەو ڕۆژە کە ڕەزاخان بوو بە”ڕەزاشا”، بە ناوی دابین کردنی هێمنایەتی و ئارامیی وڵات، چەند هەنگاوێکی هەڵێناوە، کە یەکێکیان شارەودەر کردن و زیندانی کردنی مامۆستا فەڕڕوخی بوو بۆ شاری “کرمان”.
مامۆستا فەڕڕوخی دوای هاتنە دەر لە گرتووخانە و هاتنەوە لە تاراوگە، بۆ هاوبەشی کردن لە جێژنی دەیەمین ساڵی شوڕشی ئۆکتۆبر، چووە وڵاتی سۆڤییەت و هۆنراوەیەکی ئاوراوی و شۆڕشگێڕانەی خوێندەوە کە لە ڕۆژنامەکاندا بڵاو کرایەوە.
مامۆستا فەڕڕوخی دوای گەڕانەوە بۆ ئێران و لە ساڵی ۱۳۰۷(ی هەتاوی)دا، لە لایەن خەڵکی شاری یەزدەوە بۆ نوێنەریی لە کۆڕی تەگبیری نەتەوایەتی هەڵبژێردرا و حکوومەتیش لەو کارەدا دەستی تێدابوو، چونکە پێی وا بوو ئەگەر مامۆستا ببێتە نوێنەر لە کۆڕی تەگبیری نەتەوایەتی، لە لایەکەوە لە دڵی خەڵکی ناڕازیدا ئەو قودبەی نامێنێ و لە لایەکی دیکەشەوە بە هۆی نیزیک بوونەوە لە حکوومەت نەرم دەبێ و وردەوردە دەتوێتەوە! بەڵام داهاتووی مامۆستا نیشانی دا کە ئەو حیسابە لە هەشتی مشتێکیشی وا نییە، چونکە مامۆستا ئەو ڕۆژەی پێی نا کۆڕی تەگبیری نەتەوایەتی، ئەو جێگایەی کردە گۆڕەپانی بەربەرەکانی دەگەڵ زۆرداران و ستەمگەران و بەو هۆیە دەستوپێوەندی حکوومەت لەو کۆڕەدا بە پێچەوانەی یاسای توندی پاراستنی نوێنەران، چەند جار مامۆستایان وە بەر مست و شەقەزللە دا و هەڕەشەیان لێ کرد کە بیکووژن، هەر بۆیە مامۆستا ناچار بوو هەڵێ بۆ عرووسیات، بەڵام لە بەر ئەوە کە بیر و بڕوای مامۆستا فەڕڕوخی دەگەڵ هەوای ئەو مەڵبەندە نەدەحەواوە و لە چەند وتارێکی توند و ئاوراویدا دەزگای میرایەتیی سۆڤیەتی وەبەر تیر و تانە دا، پیاوەکانی دەرک و دیوان لە میرایەتیی سۆڤیەت لە مامۆستا تۆران و مامۆستایان داوە دەست نوێنەری ڕامیاریی ئێران لەو وڵاتە و پاش باسوخوازێکی زۆر، پەروانەی کۆچ کردن بۆ ئاڵمانیان دا دەست مامۆستا.
مامۆستا فەڕڕوخی لە ئاڵمانیش بێکار دانەنیشت و بە هۆی چەند وتارێکی توند ـ کە لە ڕۆژنامەی «پەیکار»دا بڵاو دەکرانەوە ـ حوکماتی ملهوڕی و زۆرەملی لە ئێراندا زۆر بە جوانی وە بەر چاو دەخست و لەو کاتەدا کە لە ئێران لە ترسی ڕەزاشا کەڵ بە موو بەند بوو، مامۆستا فەڕڕوخی باسی لە داردانی ڕەزاشای دەهێنایە گۆڕێ!! و دەیکوت:
بود اگر جامعه بیدار در این دارِ خراب جایِ سردارِ سپه، جز به سرِ دار نبود [۳]
و هەر وا دەیکوت:
به روزگارِ رضا هر که را که من دیدم هزار مرتبه فریادِ نارضایی زد [۴]
ڕەزاشا بە بیستنەوەی ئەو قسانە، لە ئەوپەڕی ئاڵۆزی و تووڕەییدا فەرمانی دا بە باڵوێزی ئێران لە ئاڵمان کە ڕانەوەستێ لە هەڵسووڕێنەری ڕۆژنامەی پەیکار و نووسەرەکانی و لە دادگای ئاڵمان سکاڵا بکا و بۆ هەموو کەسێکی ڕوون بکاتەوە کە لە ئێراندا جگە لە یاساکانی «حکوومەتی مەشڕووتە» هیچ یاسایەکی دیکە بەڕێوە ناچێ و هیچ کەس ستەمی لێ ناکرێ!!
دادگای ئاڵمان کۆڕی داوەریی پێکهێنا و مامۆستا فەڕڕوخی لەو کۆڕەشدا بە بەڵگەی ڕوون و ئاشکرا نیشانی دا کە «ڕەزاشا» لە ئێران لە هیچ ستەمێک دەست هەڵناگرێ و قوڕقوڕۆچکەی حەقبێژانی وەها ڕێککوشیوە کە هیچ کەس لە ترسی گیانی خۆی ناوێرێ لە چنگ ئەو ملهوڕە هاوار بکا!
ڕەزاشا کە بەو سکاڵایەش چنگی لە مامۆستا گیر نەبوو، یەگجاری گڕی گرت و ئەوەندەی دیکەش ڕقی لێهەڵگرت! وە هەرچی بیریشی دەکردەوە هیچی بۆ نەدەکرا، بەڵام میرایەتیی ئاڵمان کە بەرەو پەستی و خۆپەرستی دەهاتەخوار، لەنەکاو دەستوپێوەندی حوکمات لە بەر دڵی ڕەزاشا بیانوویان بە مامۆستا گرت و هەڵیانپێچا کە دەبێ لە ئاڵمان بڕواتەدەر! وە هەڵکەوتیش وا بوو کە لەو کاتەدا «تەیموورتاش» (وەزیری دەربار)، چاوی بە مامۆستا فەڕڕوخی کەوت و بە زمانلووسی و شاتوشووت مامۆستای فریو دا کە بگەڕێتەوە بۆ ئێران. مامۆستا بە چاووڕاوی ئەو وەزیرە بەکرێگیراوە هەڵخەڵەتا و هاتەوە بۆ ئێران. دیار بوو مامۆستا ئەجەلی هاتبوو و دەبوو بە پێی خۆی بێتەوە بۆ کوشتارگای خۆی و چارەنووس چاوی مامۆستای لە دیتنی ئەو ڕاستەقینە نوساندبوو کە: «ڕەزاشا هەر ڕەزاشایە و هەتا توانای زۆرتر بێ پتر دەستی بە خوێنی ئازادیخوازان سوور دەکا!!».
مامۆستا کاتێک کە هاتەوە بۆ ئێران، لەڕێوە نەیانگرت و تەنانەت بۆ چاونووساندنی خەڵک، شارەبانی مانگێ چوار قڕانیشی مووچە و مانگانە بۆ بڕییەوە و مامۆستا مانگی هەوەڵ و دووەم بە نابەدڵی و پێناخۆش بوون ئەو چوار قڕانەی وەردەگرت و دەیداوە بە قەرزدارەکانی و لە مانگی سێیەمدا بە نووسینی نامەیەک بەو ڕەنگە، لە وەرگرتنی ئەو مووچەیە خۆی کێشاوە:
« از مَراحمِ خصوصیِ حضرتِ اجل متشکّر، وَ چون دوستانم تقبّل نمودهاند ماهانه هر کدام به قدر توانایی برای ادارهی زندگی کمکم فرمایند، این وجه را به مصرفِ لازمتری رسانده وَ بنده را متشکّر فرمایید. فرّخی ـ مدیرِ روزنامهی توفان». [۵]
بەڵام هەر لە سەرەتای هاتنەوەی مامۆستا، «سَرلَشکَر آیرُم» (سەرلەشکر ئایرۆم) ــ سەرۆکی شارەبانی ـــ لە بنەوە و بە فەرمانی شا، مامۆستا و ئاشناکانی دەخاتە ژێر چاوەدێری و کەم هەتا زۆر چلۆنایەتیی ژیانی مامۆستا بە دەفتەری تایبەتیی شاهەنشاهی هەواڵ دەدرێ. لە نامەی (ژمارە ۶۱۲ی ڕێکەوتی۱۲/۶/۱۳) دەفتەری تایبەتی شاهەنشاهی لە شارەبانی دەپرسێ کە «فەڕڕوخی خەریکی چییە؟» شارەبانی لە وڵامدا دەڵێ: «بێکارە و هاموشۆی هیچ کەس ناکا و خەریکی هیچ کارێک نییە».
لە ساڵی ۱۳۱۴ کە «ڕوکنوددین موختار» دەکرێتە عۆدەداری کاروباری شارەبانی، ژیانی مامۆستا دەکەوێتە ئەوپەڕی تاڵی و ناخۆشییەوە و ڕۆژبەڕۆژ جێگای پێ تەنگتر دەکرێ؛ بەو ڕەنگە کە «موختار» کاغەزفرۆشێک (بە ناوی «کتابچی») فێر دەکا و بە هەڕەشە و تەما وەبەرنان هانی دەدا کە داوای قەرزێکی زۆری کاغەز کڕین لە مامۆستا بکا و چونکە مامۆستا پووڵی نابێ، موختار، کتابچی هان دەدا کە سکاڵای قەرزکوێری لە مامۆستا بکا و دادگا بەو تاوانە دەیخاتە گرتووخانە و لە گرتووخانە بە دەستی خۆی تووشی گرفت و ئازارێک دەبێ کە هاوکات دەگەڵ ئەو ڕووداوە دەنووسێ:
زین محبسِ تنگ در گشودم رفتم زنجیرِ ستم پاره نمودم رفتم
بیچیز و گرسنه و تهیدست و فقیر زان سان که نخست آمدهبودم رفتم [۶]
وە لە ئاکامی ماریجەیەکی زۆر لەو گرفت و ئازارە ڕزگار دەبێ، بەڵام لە جەنگەی ئەو گرفت و ئازارەدا کە هۆشی بە سەر خۆیەوە نابێ و قسان دەپەڕێنێ، «فَرهَت» (فەرهەت) ــ دادستانی ئەوکات ــ دەرفەت دێنێ و دۆسییەیەکی بۆ ساز دەکا کە فەڕڕوخی لە کاتی لێپرسینەوەدا قسەی ناحەزی بە شا کوتووە و لە ئاکامی دادگای سەرەتایی لە ڕێکەوتی ۱۳۱۷/۸/۷ مامۆستا بە ۲۷ مانگ زیندان مەحکووم دەکرێ و هەر وا بە هاندانی فەرهەت لە «دادگاه تجدید نظر»(دادگای پێداچوونەوە)دا بە سێ ساڵ زیندان مەحکووم دەکرێ، بەڵام مامۆستا هەر دوو جاران لە دیتنی بڕیارەکەی دادگا خۆی دەگرێ.
مامۆستا لە زیندانی “قەسر” بۆ زیندانی ژمارە ۳ی تاران دەگوێزرێتەوە و دەخرێتە نێو زیندانی تاکەکەسییەوە و هەموو پێداویستییەکانی ژیانی لێ دەبڕن؛ وەکوو خۆراک، بەرگ و شمەک، سیغار، حەمام و ئیدیکە، بۆ ئەوەی مامۆستا تەنبێ بێ و ئەوەی تا ئێستا کوتوویەتی ئیدی نەیڵێ، بەڵام مامۆستا ئێستاش باناداتەوە و بە ئیشتیای ئەوان نابزوێتەوە، بەڵکوو لە سەر ئەو حاڵەشڕا پڕ بە زاری هاوار لە چنگ زوڵم و ستەم دەکا و لە دیواری گرتووخانەکە دەنووسێ:
بهرِ من این زندگانی غیرِ جان کندن نبود مرگ را هر روز دیدم در نقابِ زندگی [۷]
بەڵام ئەو ستەمگەرە دڕندانە تەنانەت ئەو ژیانە تاڵەشیان بە مامۆستا ڕەوا نەدەدی و ڕۆژێکی ژەهریان لە چێشتەکەی کردبوو و پێی زانی و نەیخوارد، هەتا شەوێکی بردیان بۆ نەخۆشخانەیەکی نێو زیندان و “پزیشک ئەحمەدی” ئامپوولی هەوای لە دەمارەکانی لەشی کرد و ئەو پیاوە نەبەزەی کوشت و ئەو بانگ و گوڕڕە و هاوارەی لە بن حەوای ئێران یەکجێ خپ کرد! بەڵام دوای کوشتنی مامۆستا فەڕڕوخی، سەرۆکی گرتووخانەی ئەو کات، “یاوەر نیروومەند”، بە نووسینی نامەیەک هەواڵێکی ئاوای بە “ئیدارهی ئاگاهی” دا: «محمد فرّخی فرزندِ ابراهیم در تاریخ ۱۳۱۸/۷/۲۵ به مرضِ مالاریا و نِفریت فوت کرده است». [۸]
بەڵام دوو ساڵی تەواو لەو ڕێکەوتە تێنەپەڕی کە تەختی ڕەزاشا سەرەونخوون بوو. لە خەرمانانی ساڵی ۱۳۲۰ لە کاتی لێپرسینەوە لە دارودەستەی شارەبانی و هەر وا لێپرسینەوە لە سەرپاس موختاری و پزیشک ئەحمەدی ئاشکرا بوو کە پزیشک ئەحمەدی بە هۆی لێ ئاژن کردنی ئامپوولی هەوا بە یارمەتیی چەند کەسێک مامۆستا فەڕڕوخیی کوشتووە. لە نێو تاوانبارەکاندا چونکە پزیشک ئەحمەدی دراوێکی زۆری نەبوو کە خۆی پێ دەرباز بکا، لە مەیدانی “سپە” لە دار دەدرێ و ملی بە پەتەوە دەکرێ و بە دووی مامۆستا فەڕڕوخیدا بۆ ئەو دنیا بەڕێ دەکرێ، هەتا لە وێ تۆڵەی ئەو ستەمە ناڕەوایەی لێ بستێندرێتەوە.
ئەوە بوو کورتەی ژیاننامەی یەکێک لە هاوارکەرانی نەبەزی مێژووی بەربەرەکانی دەگەڵ زۆرەملی و ملهوڕی کە لە دیمەنی وێنەیەکی ڕەنگی، خستمانە بەر چاوی ئێوە. وە دەگەڵ ئەوە کە زۆریش تێکۆشاین کە ئەو وێنەیە دەگەڵ خاوەنەکەی بەتەواوی یەکتر بگرنەوە، کەچی ئاخرییەکەی دوو خاڵی دزێوی محەممەد فەڕڕوخی لەو وێنەدا خۆیان شاردەوە و ناچارین دوای گێڕانەوەی نەزیلەیەک ئەو خاڵە دزێوانەش لەو وێنەدا وەدەر بخەین:
دەگێڕنەوە شەنگەکوڕێکی بۆشناغ کە چاوێکی قیچ دەبێ و لاسمێڵێکی زگماک کەتۆر دەبێ، دێتە لای وێنەهەڵگرێکی ئاشنای، کە چەند وێنەی لێ هەڵگرێ. ئاشناکەی هەتا کاتی خۆی وێنەکان ئامادە دەکا و دەبینێ کە ئەو وێنانە بەڕاستی جوانن و حەیفە چاوی قیچ و سمێڵی کەتۆر ئەو وێنانە دزێو بکا. بەو هۆیە دێنێ چاوە قیچەکەی بە چاوێکی جوان نیشان دەدا و سمێڵەکەشی بۆ چاک دەکا. بەڵام کاتێک گەنجەکە دێتەوە بۆ وێنەکانی و ئەو وێنانە دەبینێ، زۆر بە تووڕەیی ئەو وێنانە بە سەر وێنەهەڵگرەکەدا دەداتەوە و زۆر بەتوندی بە سەریدا دەگوڕڕێنێ کە جارێکی دیکە قەت کارێکی وا مەکە کە پووڵ لە من وەرگری و وێنەی کەسێکی دیکە هەڵگری و بیدەی بە من!!
کە وا بوو بۆ ئەوەی ئەو وێنەیەمان بە سەردا نەدرێتەوە، دێنین ئەو دوو خاڵە دزێوەش لە وێنەی محەممەدی فەڕڕوخیدا وەدەردە خەین:
یەکەم؛ محەممەدی فەڕڕوخی جارێکی لە خۆڕا هێرشێکی بردووەتە سەر کوردەکان و تاوانباری کردوون کە موکریان و سندووس و سەڵماس و خۆی و سابڵاغیان پێکوت کردووە!:
مکری و سلدوز و سلماس و خوی و ساوجبلاغ
سر به سر پامال شد ز اکراد آذربایجان [۹]
وە لەبەر تووڕەیی نەپڕژاوەتە سەر ئەوە کە بیر لە قسەکەی خۆشی بکاتەوە؛ چونکە کوردەکانی «آذَربایَجان» ئاخر هەر ئەو کەسانەن کە لەو مەڵبەندانەدا دەژین؛ دەی چۆن خەڵکی ئەو مەڵبەندانە ئەو مەڵبەندانەیان پێکوت کردووە؟! وە ئەوەش کەمبەختییەکی نەتەوەی کوردە کە هەر کەس تووڕەیییەکی بە سەردا هات، لەخوڕا بە سەر ئەو نەتەوەیەدا دەگوڕڕێنێ و لە خۆڕا بە سەریدا دەبۆڵێنێ؛ وەکوو “عیشقی” و “ئەحمەد کیسرەوی” و ئیدیکە. دیارە بەخشینی ئەو تاوانانە و چاوپۆشی لەو هێرشە ناڕەوایانە مافی نەتەوەیەکە و ئێمە بەتەنیا ناتوانین ئەوانە جەبە بکەین؛ بەڵام هیوادارین نەتەوەی کورد بە پشوودرێژی و لێبووردەیی و هەراویی دڵ و بە مەندیی شۆڕشی خۆی، ئەو تەپوتۆزانە بە هێند نەگرێ و ئەو پیاوە نەبەزە لەو تاوانە جەبە بکا.
دووەم؛ محەممەد فەڕڕوخی لە بەشی دوای بەربەرەکانییەکەی لە گرتووخانەدا، لە ساڵی ۱۳۱۶ لە برسان و لە تەنیایی ئەوەندە جاڕز دەبێ کە بە مەبەستی خۆ کوشتن بڕێک تریاک دەخوا و کاتێک کە تێکهەڵدەگلێ، زیندانییەکان پێی دەزانن و هاوار لە “پزیشکی قانوونی” دەکەن و ناهێڵن محەممەد فەڕڕوخی خۆی بکووژێ.
جا دەگەڵ سەرینج دان لەو مەبەستە کە محەممەد فەڕڕوخی ئیمانێکی پتوونی بە خودا هەبووە و لە زۆربەیەک لە شێعرەکانیدا هاواری لە خودا کردووە و پاڕاوەتەوە کە خودا کۆشک و تالاری ستەمگەرەکان تێکڕووخێنێ و بە ئاشکرایی دەڵێ هەر خودا چارەسازە:
بیچارگی ز چار طرف چون شود دوچار غیر از خدایِ عَزَّوَجَل چارهساز نیست [۱۰]
هەر وەها ئیمانێکی پتوونی بە زیندووبوونەوە و ڕۆژی جەزا هەبووە و لە شێعرەکانیدا دەڵێ:
«لە دنیای دیکە ڕاست دەبمەوە و یاساکانی داوەری لە کۆڕی جەزا ئەستاندندا دەگەڵ ڕووحانییەکان پێشنیار دەکەم.»۲ خۆکوشتن بۆ ئیماندارێکی ئاوا، دیارە گوناهێکی یەگجار زۆر گەورەیە و چونکە لێپرسینەوەی ئەو تاوانەش مافی خودایە، دیارە هیچ کەس لەو بارەوە هیچ کارە نییە؛ بەڵام هیوادارین کە خودا بە هەراویی بەخشینەکەی، ئەو پیاوە ستەملێکراوە جەبە بکا و لە تاوانەکانی دیکەشی خۆش بێ.
پەڕاوێزەکان:
(۱) یەکێک لە هۆنراوەکانی ئەوە بوو:
دین ز دستِ مردم بُرد، فکرهایِ شیطانی
جمله طفلِ خود بردند، در سرایِ نصرانی [دیوان فرخی یزدی، اشعارِ مُتفرّقه، ص ۲۰۵]
(۲) میروم در مجلسِ روحانیان ِآخرت
وندر آنجا بی کُتَک، طرحِ قوانین میکنم [دیوانی فرخی یزدی، اشعار متفرقه، ێ ۱۸۶]
سەرچاوەکان:
۱٫ آژند، یعقوب(ترجمه و تدوین)؛ ادبیات نوین ایران (از انقلاب مشروطیت تا انقلاب اسلامی)، تهران: امیرکبیر؛ چاپ اول: ۱۳۶۳
۲٫ اسحاق، محمد؛ سخنوران نامی ایران در تاریخ معاصر؛ تهران: طلوع و سیروس؛ چاپ دوم: ۱۳۶۳
۳٫ براون، ادوارد؛ تاریخ مطبوعات و ادبیات ایران در دورهی مشروطیت؛ ترجمهی: محمد عباسی (و) رضا صالحزاده؛ تهران: کانون معرفت، ۱۳۴۱
۴٫ یزدی، فرخی؛ دیوان (غزلیات و قصاید و قطعات و رباعیات)؛ با تصحیح و مقدمه در شرح احوال شاعر، به قلم: حسین مکی؛ تهران: امیرکبیر؛ چاپ هشتم: ۱۳۵۷
پاشکۆ
ئەو چەند دێڕەی خواروو، کە لە دەقی وتارەکەی مامۆستا ئەحمەدیاندا نین، بۆ تێگەیشتن لە مانای شێعرە فارسییەکان و هەر وەها چەند ڕستە یان پاڕاگڕافی فارسی (کە لە دەقی وتارەکەدا بەبێ مانا کردنەوە خراونەتە ڕوو)، وەک پاشکۆیەک بە پێویست زاندرا بخرێتە ئێرەوە. لە نێو دەقی وتارەکەی مامۆستادا، ئەو ژمارانەی لە نێو کرووشە ([ ])دا هاتوون، پێوەندییان بەو بەشە (واتا: بەو پاشکۆیە) هەیە.
[۱] واتا: مەگین هەموو تەمەنم لە زینداندا تێپەڕ بێ، دەنا من و زەیغەموددەولە یەکتر هەر دەبینینەوە/ ئەگەر بەختی ئەوەم هەبێ کە لە زیندان ئازاد بم، بەو «بەختیاری»یە دەڵێم پووتێک چەند کیلۆیە. (ڕوون کردنەوە: «بەختیاری» عەشیرەتێکی ناسراون. وا دیارە «زەیغەموددەولە» سەر بەو عەشیرەتە بووە).
ئەو دوو بەیتە ـ کە بەناوبانگترین شێعری فەڕڕوخیی یەزدییە ـ لە نێو دیوانەکەیدا (کە «حسین مکی»(حوسێن مەککی) ئەرکی ساغ کردنەوە و پێشەکی لە سەر نووسینی لە ئەستۆ گرتووە) نەهاتووە، بەڵام لە پێشەکیی دیوانەکەدا هاتووە(بڕواننە: دیوان فرخی یزدی، مقدمه، ص ۲۰). دیوانی فەڕڕوخیی یەزدی جیا لە غەزەلەکان و چوارینەکان، لە خۆ گری شێعرە بۆنەیییەکانیشە و شێعری بۆنەییشی لەو دیوانەدا زۆر تێدایە، بەڵام ئەو دوو بەیتەی تێدا نییە. ئەو دوو بەیتە ڕەنگە لە گشت ئەو ژیاننامانەی تایبەتن بە فەڕڕوخیی یەزدیدا هاتبێ.
[۲] چوار ڕۆژنامە و بڵاوکراوەی ئەو سەردەم بوون.”پەیکار”، “قیام”، “ستارەی شەرق” و “ئەفکار”
[۳] واتا: ئەگەر خەڵک تێگەیشتووبان لەو وڵاتە وێرانەدا، جێی “سەردار سپە” (واتا: سەرکردەی سپا) هەر دەبوو لە سەر دار (واتا: سێدارە) با.
ئەو بەیتە، بەیتی هەشتەمی غەزەلی ژمارە ۱۲۳ (لە دیوانی فەڕڕوخیی یەزدی)یە. بڕواننە: دیوان فرخی یزدی، تصحیح و مقدمه: حسین مکی، تهران: امیرکبیر، چاپ هشتم: ۱۳۵۷، صفحهی ۱۴۵
[۴] واتا: لە ڕۆژگاری ڕەزا (واتا: ڕەزاشا)دا هەر کەسێکم دیت، هەزار جار هاواری ناڕەزایی کرد.
ئەو بەیتە، بەیتی هەشتەمی غەزەلی ژمارە ۹۴ە. بڕواننە: دیوان فرخی یزدی، ص ۱۳۲
[۵] واتا: «گەلێک سپاس لە بابەت دڵاوایییە تایبەتییەکەی بەڕێزتان؛ بەڵام بە هۆی ئەوە کە هاوڕێیانم قەبووڵیان کردووە کە مانگانە هەر کامەیان بە پێی تواناییان بۆ بەڕێوە بردنی ژیانم یارمەتیم بدەن، ئەو بڕەپارەیە بۆ بابەتێکی دیکە تەرخان بکەن و منیش مەمنوونی خۆتان بکەن. فەڕڕوخی ـ بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی تۆفان».
[۶] واتا: لەو بەندیخانە تەنگەبەرە دەرکەم کردەوە و ڕۆیشتم؛ زنجیری زوڵمم پساند و ڕۆیشتم. برسی و دەست بەتاڵ و فەقیر، هەر بەو شێوەیە کە هەوەڵ جار هاتبووم(ە ئەو دنیایە)، ڕۆیشتم.
ئەو چوارینەیە لە دیوانی فەڕڕوخیی یەزدیدا نەهاتووە، بەڵام لە ژیاننامەکانی فەڕڕوخی یەزدی (لانیکەم لەو ژیاننامەیەدا کە حوسێن مەککی وەک پێشەکیی لە سەر دیوانی فەڕڕوخیی یەزدی نووسیویەتی و من چاوم پێی کەوتووە) بوونی هەیە. بڕواننە: دیوان فرخی یزدی، مقدمه، ص ۶۲
[۷] واتا: ئەو ژیانە بۆ من شتێک نەبوو جیا لە عەزیەت و ئازار و جەزرەبە کێشان؛ هەموو ڕۆژێک مەرگم لە دەمامکی ژیاندا چاو پێکەوت.
ئەو بەیتە، بەیتی چوارەمی غەزەلی ژمارە ۱۷۹یە. بڕواننە: دیوان فرخی یزدی، ص ۱۷۷
[۸] واتا: «محەممەد فەڕڕوخی کوڕی ئیبڕاهیم ڕێکەوتی ۱۳۱۸/۷/۲۵ بە هۆی نەخۆشیی مالاریا و نێفریت مردووە».
[۹] واتا: موکریان و سندووس و سەڵماس و خۆی و سابڵاغ بە هۆی کوردەکانی ئازەربایەجانەوە پێشێل و پێکوت کرا.
ئەو بەیتە، بەیتی پێنجەمی شێعرێکە بە ناونیشانی «تهران ـ آذربایجان»؛ بڕواننە: دیوان فرخی یزدی، اشعار متفرقه، ص ۲۰۴
[۱۰] واتا: کاتێک لە هەموو لایەکەوە تووشی بێدەرەتانی و بێچارەیی دێی/ چارە و چارەسەری، بێجگە لە خوای مەزن و دلۆڤان لای هیچ کەسێکی دیکە نییە.
ئەو بەیتە، بەیتی شەشەمی غەزەلی ژمارە ۵۵ە؛ بڕواننە: دیوان فرخی یزدی، ص ۱۱۱
بۆنە و ڕێکەوتی نووسینی وتاری بەر دەست:
مامۆستا ئەحمەدیان ئەو وتارەی بەهاری ساڵی ۱۳۶۵ی هەتاوی، بەتایبەتی و لە سەر داوای «مەلا غەفوور دەبباغی» (حافزی مەهابادی) نووسیوە، هەتا وەک پێشەکی و هاوڕێ لەگەڵ دەقی وەرگێڕدراوی «چوارینەکانی فەڕڕوخیی یەزدی» بڵاو بکرێتەوە.
نوسه ر : *خوالێخۆشبوو عەللامە مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان
ارسالی : احمد احمدیان