تاریخشخصیت ها

ئاوڕێکی خێرا لەسەر ژیانی حاجی مامۆستا سەید نوورەددینی واژی پەسوێ

ئاوڕێکی خێرا لەسەر ژیانی حاجی مامۆستا سەید نوورەددینی واژی پەسوێ

مەلا، نوورە لە بۆ ئەهلی وڵاتم
چرایە، شۆڵەیە بۆ سەر بێستانم
کلیلی دەرگای، پیرۆزی ژینە
عومری دڕێژکە، ئەی خوای ئەکبەر
بۆ تەرویجی دین، شەرعی پێغەمبەرٍﷺ

ئاماژە

لە ناو گەلی کوردی موسوڵماندا زۆرن ئەوانەی کە چراهەڵکەری شەوەزەنگی تاریکی ژیانی دەیان کەس بوون و بە کات و ژیان و پشووەکانی خۆیان دڵسۆزانە و خۆنەویستانە لە خزمەتکاریدا بوون، یەکێک لەو توێژانەی، کە سمبولی ڕێنوێنی و ڕووناکی ڕێگەی هاوڵاتی و خەڵک بوون، زانایانی سەربەرزی ئایینیی بوون لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو.

ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابردووی خۆمان بدەینەوە، ئەو حەقیقەت و ڕاستییەمان بۆ پشت ڕاست دەبێتەوە کە مامۆستایانی ئایینی پێشەنگی ئەو وڵاتە بوون، لە مێژووی دێرینی کۆمەڵگەی کوردیدا وەک کاریزمایەک سەیریان کراوە.

ئەگەر بێنەوە سەر بواری داهێنان و ڕۆشنگەری و فەرهەنگی شارستانی ئەم میللەتە، هەر لە بواری ئایینی، مێژوو، ئەدەب، فەلسەفە، کیمیا و… دیسانەوە هەر زانایانی ئایینی پێشەنگی کاروان بوون، نموونەی زیندووی ئەمانەش: مامۆستای خاڵ، ناڵی، مەولەوی، ئەحمەدی خانی، مەولانا خالید، کاک ئەحمەدی شێخ، مەلای جەزیری، مەحوی، هەژار، هێمن و… کە زانا و مەلا و پەروەردەی مزگەوت و حوجرە قوڕینەکانی کوردستان بوون، هەر یەکەیان لە بواری خۆیدا ئەسپی خۆی تاوداوە.

یەکێ لەو ئەستێرە گەشانەی کە لە ئاسمانی تەدریس و وەێژەی کوردەواریدا هەتا هەتایە دەدروشێتەوە، بەڕێز حاجی مامۆستا “سەید نوورەددینی واژی پەسوێ” یە. یەکێکە لە زانایانی هەرەبەرزی کورد، شارەزا لە فیقهی ئیسلامی و دەستێکی باڵای هەیە لەو بوارە.

سوپاس بۆ خوا خەڵکی ئێمە هەمیشە بە چاوی ڕێز و حورمەت سەیری پێگەی مامۆستایانی ئایینی کردووە، بە هەموو شێوەیەک لە خزمەت زانایانی ئایینیدا بوون، ئەوە حەقیقەتێکە نکوڵی لێ ناکرێت.

لە گێڕانەوە و نووسینی ژیاننامە و سەربووردەی مامۆستایانی میراتگری پێغەمبەر(دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت)، ئەوجارە دەچینە خزمەت زانایەکی دیندار و خواناس و بەتەقوا و دڵسۆزی دین و گەل و نیشتمان، ئەستێرەیەکی گەشی ئاسمانی ئیسلام و کوردایەتی جەنابی حاجی مامۆستا سەید نوورەددینی واژی پەسوێ کە هەموو تەمەنی لە خزمەت ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا بووە، وەک نموونە لەناو سەدان کەڵەپیاوی زانا و دانای ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەردەگرین و دەچینە خزمەتی و ژیانی پڕ لە نووریان دەبینین کە هەمووی پڕە لە حیکمەت.

بەشێکی کورت لە ژیانی حاجی مامۆستا سەید نوورەددین واژی ــ پەسوێ

لە ساڵی (۱۳۱۷) لە ئاوایی سێڵوێ سەر بە شاری خانێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناوچەی پارێزگاری ورمێ لەناو بنەماڵەیەکی دینپەروەر و مەلازادە کە باوک و باپیرانی پێشەوای ئایینی و زانا و دیندار و بەتەقوا بوون، چاوی بەدونیا هەڵێناوە.

لە تەمەنی دوو ساڵیدا دایکی لەدەست دەدا و ئەرکی بەخێوکردنی دەکەوێتە سەرشانی خوشکی گەورەی.
بەڕێز حاجی مامۆستا سەید نوورەددینی واژی لە تەمه‌نی مناڵی و گەنجی، وانەکانی سەرەتایی لە خزمەت باوکی بەڕێزی دەخوێنێ و لە دواییدا بۆ پەرەپێدانی زانستە ئیسلامییەکان وەک دابونەریتی ناوچەکە، دەچێتە خزمەت مامۆستایانی شارەزا و لێهاتووی ناوچەکانی تر.

حاجی مامۆستا سەید نوورەددین ماوەیەک لە خزمەت خوالێخۆشبووان: مامۆستا مەلا موحەممەد ماوەتی و مامۆستا مەلا حەسەن جەماڵی “جەڵدیان” و مامۆستا مەلا ئەحمەد شنۆیی “پەسوێ” درێژە بە خوێندن دەدا.
دواتر حاجی مامۆستا بۆ پەرەپێدانی زانست و زانیاری دەچێتە خزمەت زانایانی ناوداری ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک خوالێخۆشبووان: مامۆستا موحەممەد زاهید واژی “سنگان” و خوالێخۆشبوو مامۆستا سەید موحەممەد باقی واژی “بێمزورتێ”، مامۆستا حەسەن موتڵەق جەڵدیان، حاجی مامۆستا موحەممەدی بوداقی شێڵم جاران، مامۆستا عەبدوڵڵا شامخی شیناوێ، مامۆستا یووسف گەرگوڵ، مامۆستا ئەحمەد ئیسکی بەغدادی ـ پوور عوسمان گردکسپیان، ئۆستاد شێخ موحەممەدی خانەقای بوڕهان و… خەریکی فێربوونی زانست و زانیاری بوو.

دواتر لە ساڵی (۱۳٤٦) بۆ ماوەی دوو ساڵ و یەک مانگ بەرەو کوردستانی ئێراق دەڕوات و لە حوجرە و قوتابخانەکانی کوردستان بە دووی خوێندندا هەنگ ئاسا عەوداڵ بووە.

دواتر لە خزمەت مامۆستای بەتوانا و زانا و پایەبەرز و دڵسۆزی، بەڕێز مامۆستا مەلا موحەممەد ڕەئیس بۆکانی لەسەر خوێندن بەردەوام دەبێ و لە کۆتاییدا هەر لە خزمەت بەڕێزیان لە گەڵاڵەی ئێراق، خوێندن تەواو دەکات و هەر لەوێش لە ساڵی (۱۳٤٨) بڕوانامەی زانستی لەسەر دەستی مامۆستا موحەممەد ڕەئیس بۆکانی پێ دەبەخشرێت. دوای تەواوکردنی زانستە ئیسلامییەکان دەگەڕێتەوە ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی ئێران و بۆ ماوەی ۲ ساڵ لە ئاوایی سینگان سەر بە ناوچەی شنۆ، لە زێدی باب و باپیرانی خەریکی تەدریس و وانەگوتنەوە و وتاربێژی دەبێت. دوای ئەوەش حاجی مامۆستا لەسەر داوا و ڕاسپاردەی خەڵکی پەسوێ چۆتە شارە دێی پەسوێ، لەوێ دەبێت بە پێشنوێژ و وتارخوێن و بەردەوام دەبێت لە تەدریس و وانەگوتنەوە.

بەڕێز حاجی مامۆستا سەید نوورەددین واژی وەک باب و باپیرانی خاوەن مزگەوت و حوجرە و فەقێیەکی گەلێک زۆر بووە، هەتا ئەویش بۆتە ئەستێرەیەکی گەش و لە ئاسمانی عیلم و زانست و زانیاری دره‌وشاوەتەوە، ئەو ئەمانەتەی کە لە زانایانی پێش خۆی وەری گرتووە تاکوو ئێستا به‌باشی گەیاندوویەتی بە نەوەی ئێستا و چەندین مامۆستای بەناوبانگی ناوچەی ڕۆژهه‌ڵات لە خزمەتی ئەو مەزنە پیاوەدا ئیجازەی عیلمی و زانستییان وەرگرتووە.

مامۆستا و خزمەتی لە تەدریسدا

یەکێ لەو ئەستێرە گەشانەی کە لە ئاسمانی تەدریس و وێژەی کوردەواریدا هەتاهەتایە دەدره‌وشێتەوە، بەڕێز حاجی مامۆستا سەید نوورەددینی واژی پەسوێیە. یەکێکە لە زانایانی هەرە بەرزی کورد، شارەزا لە فیقهی ئیسلامی و دەستێکی باڵای هەیە لەو بوارە.
لە سەرەتای شارەزابوونی جەنابی حاجی مامۆستا بە زانستەکانی ئایینی بێ وچان هەوڵی پێگەیاندنی ڕۆڵەکانی میللەتەکەی داوە بە زانست و بنچینەکانی ئایین، تا تەمەنی پیری و بەساڵاچوون لە حوجرە پڕخێرەکەی گوندی پەسوێ هەر خەریکی وانەگوتنەوە بووە، ماوەی چەند ساڵێک دەبێ بە هۆی پیری و کزی ولاوازی و بەساڵاچوونەوە، چاوی کێشەی دیتن و کز بوونی بۆ دروست بووە، کە بەداخەوە هەر بەو هۆیەشەوە پسپۆر و دکتۆری پشکنینی چاو بەخاتری تەندروستی بەڕێزیان خوێندنەوە و تەدریسی لێ قەدەخە کردووە، حاجی مامۆستا لەگەڵ ئەوە زۆر دڵگران دەبێ لە دوورکەوتنەوە لە تەدریس، بەڵام لە ڕووی ناچاری و بۆ پاراستنی بواری تەندروستی لە خۆشترین کاتەکانی ژیانی دوورکەوتەوە. هەر بەو هۆیەوە ناتوانێ ئەرکی وانەگوتنەوە و وتاربێژی بەجێ بێنێت و بەڕێز مەڵا سەید جەماڵی کوڕی، ئەرکی وتاربێژی وەئەستۆی خوێ گرتووە… هەرچەندە بەشێکی زۆر لە فەقێ و مامۆستایانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێڕاق لە خزمەتی بەهرەمەند بوون و توانیویەتی ئیجازە بە بەشێکی زۆر لە مامۆستایانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی ئێران و ئێراق بدات، کە ژومارەی ئەو فەقێ و مامۆستایانە بە زیاتر لە ۵۰ پەنجا مامۆستا مەزەندە دەکرێن کە لە شار و ئاوایی و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان خەریکی وانە کوتنەوە و وتاربێژی و خزمەت بە ئایین و گەڵ و نیشتمانن.

ئەو زاتە مەزنە یەکێک لە زانا بەناوبانگەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێرانە. لە دەریای زانستی دینیدا بە گشتی و فیقهی بەتایبەتی، مەلەوانێکی کەم هاوتایە. چەندین مەلای دیاری کوردستان لە خزمەتیدا وانەیان خوێندووە و بڕوانامەی مەلایەتییان لە دەستی بەڕێزیان وەرگرتووە. حاجی مامۆستا خاوەنی چەندین پەڕاوی زێڕینە لەسەر بابەتە هەستییارەکان.

حاجی مامۆستا جێگەی متمانەی خەڵک و خۆشەویستی خەڵکی پەسوێیە، مرۆڤێکی خاکی و موتەوازیع و خەمخۆری داهاتووی ئیسلام و دینە کە جێگەی شانازی نەک تەنیا ئێمەی ناوچەی لاجان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکوو بۆ هەموو ناوچەی کوردەواری جێگەی فەخرە و نموونەی بەرز و باڵایە و سونبولی نەتەوەکەمانە.

لە ڕاستیدا ئەگەر ژیان و بەسەرهاتی ئەم کەسایەتی و کلتورە ئیسلامییانە لە مێژووی کوردی دابڕێنین، ئەوە بێگومان شتێکی ئەوتۆمان بەدەستەوە نامێنێتەوە، سڕینەوەی ژیان و سەربووردەی ئەو مەزنەپیاوانە لە مێژووی ڕەسەنایەتی نەتەوەکەمان، واتە سڕینەوەی شارستانییەت و سەقافەتی گەلەکەمان، کە ئەوەش بە تاوانێکی گەورە هەژماردەکرێت.

گەورەترین ڕەوشت و سیفەتی حاجی مامۆستای بەڕێز، تەقوا و بوێری و هەڵوێستنواندن بووە لەسەر مەسائیلە ناشەرعییەکان و حەرامەکان. ساتەکانی ژیانی ڕۆژانەی بە دەرس وتنەوە و بانگخوازی و پێشنوێژی و ئامۆژگاری کردنی خەڵک بەسەر بردووە و زۆربەی کاتەکانی تریشی بە خوێندنەوەی کتێبی فیقهی و ئایینی تێپەڕاندووە.

بێگومان ئەوە لایەنێکی کەمە لە ژیاننامە و سەرگوزەشتەی بەڕێز حاجی مامۆستا سەید نوورەددینی واژی، ئەگەر نا حاجی مامۆستا ژیانی پڕە لە سەروەری.

لە کۆتاییدا لە خوڵقێنەری جیهان داواکارم و ئومێد دەکەم سەرجەم کات و ساتەکانی لای خۆی بە پەرستش وەربگرێت و لەش ساغی و تەمەنێکی پڕ خێر و بەڕەکەتی پێ بدات.

نووسەر: مامۆستا سەید سادق واژی

وەرگێڕان بە دەستکاریی و زیادکردنەوە: عەبدوڵڵا عەلیپوور

نمایش بیشتر

عبداللە علی پور

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - نقده @ شغل : دعوتگر دینی و فعال اجتماعی - مدیر کانال تلگرامی @sozimihrab

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا