رمضانعبادات

بۆچی دەبێ ئێمەی موسوڵمان بەڕۆژوو بین؟

بۆچی دەبێ ئێمەی موسوڵمان بەڕۆژوو بین؟

پێش هاتنی مانگی پڕخێروبەرەکەتی ڕەمەزان، پێویستە ئێمەی موسوڵمان ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە: بۆچی دەبێ بەڕۆژوو بین؟

لەبەر چەند مەبەست و ئامانجێک لازمە ئێمە ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین:

ئامانجی یەکەم: جێبەجێکردنی فەرمانی خودای پەروەردگار .

ئێمەی موسوڵمان دەبێ بزانین بۆیە بەڕۆژوو دەبین، تاوەکو فەرمان و دەستووری خاوەن و پەروەردگاری خۆمان جێبەجێ بکەین و گوێڕایەڵی ئەمر و دەستوری بین.

خودای گەورە دەفەرموێ: «يَأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ كُتِبَ عَلَيْكُمُ ٱلصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى ٱلَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُون» [به‌قه‌ڕه‌:۱۸۳]
واته‌: ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه، ڕۆژووی ڕه‌مه‌زان له‌سه‌رتان پێویست كراوه، هه‌ر وه‌كوو له‌سه‌ر گه‌لانی پێش ئێوه پێویست كرابوو، بۆ ئه‌وه‌ی خواناسی و پارێزكاری بكه‌ن.

خودای گەورە لەو ئایەتەدا ڕۆژووی مانگی ڕەمەزانی لەسەر ئیمانداران فەڕز دەکا و فەرمانیان پێ دەکا تا بەڕۆژوو بن، ئێمەی موسوڵمانیش بە گرتنی ڕۆژوو، وه‌ڵامی ئەو فەرمانەی خودای باڵادەست دەدەینەوە.

ئامانجی دووهەم: بۆ ئەوەی ئێمە عادەت لە عیبادەت جودا کەینەوە، زۆر کەس هەن، لەساڵدا بە قەولی خۆیان: پارێز له‌ خواردن ده‌که‌ن و خۆیان لە خواردن و خواردنەوە دەگرنەوە، یان هەر عادەتیان بە خۆیان داوە لە شەو و ڕۆژدا کەمتر خواردن و خواردنەوە بخۆن و لە ژەمەکانیاندا دەستێوەردانێک ئەنجام دەدەن. هەشمانە لەبەر ڕەزامەندی خودای پەروەردگار و بە مەبەستی شوێنکەوتنی ڕێباز و سوننەتی پێغەمبەر(دروودی خوای لە‌سە‌ر بێت) خۆی لە خواردن و خواردنەوە و شتە ڕێپێدراوەکان دەگرێتەوە، جا یان لە ساڵدا، مانگێک بەڕۆژوو دەبێ یان جگە لە ڕۆژووی ئەو مانگە (مانگی پیرۆزی ڕەمەزان) ئەوە لە حەفتەدا چەند ڕۆژ واز لە خواردن و خواردنەوە دەهێنێ و دەستکارییەکی خواردن و ژەمی ڕۆژانەی خۆی دەکا.

ئیستا جیاوازی ئەو دوو کەسە لە مەبەست و نییەتی کارەکەیان دایە، یەکیان بە مەبەستی گەیشتن بە تەندرووستی و ئەوی دیان جگە لە گەیشتن بەو ئامانج و مه‌به‌سته‌، دەیهەوێ ڕەنگێکی مەعنەویش بە کارەکەی بدا. جا به گرتنی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان ئەو عادەتە دەگۆڕدرێ بە عیبادەت.

ئامانجی سێهەم: گەیشتن بە تەقوا و پارێزگاری خودای تاقانەیە. وەک ده‌فه‌رموێ: ڕۆژووم لەسەر فەڕز کردوون، بۆ ئەوەی پارێزکاری و خوداناسی بکەن.

تەقوا: هەست کردن بە چاودێری خودای عەلیم و ئاگادارە. ئینسانی ڕۆژوووان بە خۆگرتنەوە لەو شتانەی کە دەبنە سەبەبی بەتاڵبوونەوەی ڕۆژووەکەی، هۆی پاکسازی و خاوێنکردنەوەی دڵ و دەروون و نەفسی  فەراهەم دێنێ و بە ڕیعایەتکردنی ئەو شتانە ڕەزامەندی خودای گەورە وەدەست دەخا و ئەوەش هۆکارێکە بۆ گەیشتن بە تەقوا و پارێزکاری.

واته‌: چی خودا پێی ڕازییە دەیکا و هەرچێک قەدەغەی کردووە وازی لێ دەهێنێ، ئەوە هەمان تەقوایە. جا بە گرتنی ڕۆژوو، بەو ئامانجە سەرەکییە دەگەین.

ئامانجی چوارەم: بۆ ئەوەی لە ئاوری دۆزەخ ڕزگارمان بێ.

هیچ کەسێکی عاقڵ و ژیر نایهەوێ خۆی تووشی جەزرەبە و عەزاب بکا، ئیمانداریش باوەڕی بە عەزاب و تووڕەیی پەروەردگاری هەیە و دەزانێ کە دۆزەخ بۆ کەسانی لەسنووردەرچوویه‌ کە خوێان ناپارێزن لە قەدەغەکراوەکانی خودا و بە ئەمر و فەرمانی خودای گەورە هەڵناستن و گوێڕایەڵی فەرمانەکانی نابن، ئامادە و دڕووست کراوە.

 جا بۆ گەیشتن بەو مەبەستە کە هەمان دوورکەوتنەوە لە تووڕەیی خودا و تێنەکەوتنە لە ئاوری بەژانی دۆزەخ، ئەوە موسوڵمان دەبێ بەڕۆژوو بێ. پێغەمبەریش (سڵاوی خودای لەسەر بێ) دەفەرموێ: «مَنْ صَامَ يَوْمًا فِي سَبِيلِ اللَّهِ بَعَّدَ اللَّهُ وَجْهَهُ عَنِ النَّارِسَبْعِينَ خَرِيفًا».[بوخاری(۲۸٤۰)موسلم(۱۱٥۳)ترمزی(۱٦۲۳)]
واتە: هەر کەس لەپێناو خودای پەروەردگار ڕۆژێک  بەڕۆژوو بێ، بەهۆیەوە خودای گەورە حەفتا پاییز، یانی: حەفتا ساڵ ڕوومەتی لە ئاوری دۆزەخ دوور دەخاتەوە.

هەروەها خۆشەویست دەفەرموێ: «الصَّوْمُ جُنَّةٌ مِنَ النَّارِ» [سنن النسائی(۲۲۲۳)] واته: ڕوژوو پارێزەرە، بەهۆیەوە موسوڵمان خۆی لە ئاوری دۆزەخ دەپارێزێ. ئەوەش مزگێنییەکی زۆر بەنرخ و گرینگە لەلایان پێغەمبەرەوە(سڵاوی خودای لەسەر بێ) کە بە ئێمەی ئیمانداری داوە تا ڕۆژوو بکەینە هەل و دەرفەتێک و خۆمانی پێ لە ئاوری دۆزەخ ڕزگار کەین.

ئامانجی پێنجەم: بەهۆی ڕۆژووگرتن ئینسان بەهەشتی نەبڕاوەی خودای گەورە دەستەبەر دەکا.

ئه‌بوو ئه‌مامه(خودا لێی ڕازی بێ) دەڵێ: چومە لای پێغەمبەر(سڵاوی خودای لەسەر بێ) عەرزم کرد: کردەوەیەکم پێ بڵێ بیکەم و بچمە بەهەشت. فەرمووی: «عَلَيْكَ بِالصَّوْمِ؛ فَإِنَّهُ لَا عِدْلَ لَهُ» [نیسایی(۲۲۲۰) ئه‌حمه‌د(۲۲۱٤۰)]

واتە: ڕۆژوو بگرە، چونکە هیچ شتێک هاوتای نییە. دەڵێ: بۆ جاری دووەم چوومەوە لای و پرسیارم لێ کرد: هەر فەرمووی: خەریکی ڕۆژووگرتن بە.

لەو فەرمودەیەدا پێغەمبەر(سڵاوی خودای لەسەر بێ) دەری دەخا کە ڕۆژوو، ڕێگایەکی باشە بۆ چوونە ناو بەهەشت و گەیشتن بە ناز و نیعمەتەکانی.

ڕەسوڵی خودا لە فەرموودەیەکی قوودسیدا باس لە جیاوازی ڕۆژوو دەکا و دەفەرموێ: «ڕۆژووان واز لە خواردن و خواردنەوە و ئارەزووه‌کانی دەهێنێ بە خاتری من (لەپێناو ڕەزامەندی من) ڕۆژووگرتن بۆ منە و تەنها بۆخۆشم پاداشتی دیاری نەکراوه‌م بۆ داناوە، چاکەش بە دە ئەوەندەی خۆی پاداشت دەدرێتەوە».

ئامانجی پێنجەم: ئێمە پێویستمان بە کردەوەیەک هەیە تاوەکوو تاوان و گوناهەکانمان بسڕێتەوە. ڕۆژانە ئینسان تووشی گوناه‍ وتاوان ده‌بێ و هیچ کەسیش جگە لە پێغەمبەران (سڵاوی خودایان لەسەر بێ) مەعسووم لە تاوان نییە، بۆیە پێویستە بەڕۆژوو بین تاکوو کەمێک باری گوناح و تاوانەکانمان لەسەرشان سووک بێ. چونکە پێغەمبەر(سڵاوی خودای لەسەر بێ) دەفەرموێ: «الصَّلَوَاتُ الْخَمْسُ، وَالْجُمْعَةُ إِلَى الْجُمْعَةِ وَرَمَضَانُ إِلَى رَمَضَانَ مُكَفِّرَاتٌ مَا بَيْنَهُنَّ إِذَا اجْتَنَبَ الْكَبَائِرَ» [موسلیم:۲۳۳]
واته: پێنج فەرگڕزی نوێژ و نوێژی جومعە بۆ نوێژی جومعەی دی و ڕۆژووی ڕەمەزان بۆ ڕەمەزانەکەی دی، ئەو گوناهانە دەسڕنەوە کە لە نێوانیاندا ئەنجام دەدرێن، بە مەرجێک (ئینسان) خۆی بپارێزێ لە تاوانە گەورەکان.

بۆیە هەرکەس دەیهەوێ گوناح و تاوانی لەکۆڵ کەوێ با بەڕۆژوو بێ.

ئامانجی شەشه‌م: موسوڵمان دەبێ لە هەل و دەرفەتێک بگەڕی، بۆ ئەوەی خودای گەورە باشتر دوعاکانی لێ وەرگرێ. زۆر جاران گلەیی و گازندەکان بەرز دەبنەوە و دەکوترێ، هەرچی دوعا دەکەین و دەپاڕێینەوە، نازانم بۆ خودای گەورە لێمان وەرناگرێ و قه‌بووڵی ناکا، دەبێ بڵێین: قه‌بووڵبوونی دوعا و پاڕانەوەکان هەلومەرجی تایبەت بە خۆی دەوێ کە پێویستە ئەو مەرجانە بێنە دی و به‌ربه‌سته‌کانیش لاچن، بەڵام جاری واشە خودای گەورە و میهرەبان بە ڕەحم و بەزەیی خۆی دەرفەتی تایبه‌تی دادەنێ بۆ وەرگرتنی نزا و پاڕانەوەکانمان، یەکێک لەو هەلانە مانگی ڕەمەزانە کە دوعا و پاڕانەوە لەو مانگه‌دا، لە بابای ڕۆژووان وەردەگرێ. وەک پێغەمبەر(سڵاوی خودای لەسەر بێ) دەفەرموێ: «إِنَّ لِلَّهِ عُتَقَاءَ فِي كُلِّ يَوْمٍ وَلَيْلَةٍ، لِكُلِّ عَبْدٍ مِنْهُمْ دَعْوَةٌ مُسْتَجَابَةٌ» [صحیح الجامع الصغیر(۹٦۱۲)]
واته: خودای گەورە لە هەموو ڕۆژ و شەوێکی مانگی ڕەمەزاندا، چەندها کەس ڕزگار دەکا، هەروەها بۆ هەموو موسوڵمانێکیش پاڕانەوەیەک هەیە کە تێیدا بپاڕێتەوە و وه‌ڵامیش دەدرێتەوە.

ئامانجی حەوتەم: پێویستە ئێمە بیسەلمێنین کە موسوڵمانین.

کوردەواری خۆمان دەڵی: بەحەڵوا حەڵوا گوتن، ده‌م شیرین نابێ. ئینسانیش نابێ هەر بەقسە ڕاوەستێ و ئیددیعای موسوڵمانبوونی هەبێ، چونکە قسە هیچی تێناچێ، بەڵکوو پێویسته بە کردەوەش بیسەلمێنێ کە موسوڵمانە و تەسلیمی ئەمری پەروەردگاریه‌تی. ئەخە، هەر ئەو نوێژ و ڕۆژوو و حەج و زەکاتەن کە نیشانەی موسوڵمانبوونی ئینسانن و لە پایە و پلەکانی ئیسلام بە ئەژمار دێن و ئەگەر وازیان لێ بهێندرێ، ئەوە ئەگەری شۆردنەوە لە ئیسلامەتی دێتە گۆڕێ!

ئیمامی زه‌هه‌بی(ڕ.خ) ده‌فەرموێ: «لای موسوڵمانان سه‌لماو و ئاشکرایە کە هەرکەس بێ پاساوی شەرعی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان واز لێ بهێنێ و تەرکی بکا، تاوان و گوناحی ئەو کارەی، لە کاری ئینسانی زیناکار و هەمیشە مەست گەورەترە، ته‌نانه‌ت دەبێ لە موسوڵمانبوونی ئەو کەسە بکەوینە شک و گومانەوە». [فقە السنە(۱/۳۲۲)]

 لە کۆتاییدا: جوبڕه‌ئیل دوعا و نفرین دەکا لەو کەسەی قەدری مانگی ڕەمەزان ناگرێ و واز لە ڕۆژووگرتن دەهێنێ:

 ئه‌بوو هوره‌یرە(ڕەزای خودای لەسەر بێ) دەڵێ: پێغەمبەری خودا(سڵاوی خودای لەسەر بێ) لەسەر مینبەر فەرمووی: ئامین، ئامین، ئامین. گوتیان ئەی پێغەمبەری خودا بۆچی ئامینت گوت؟ فەرمووی: لەوکاتەدا جوبڕه‌ئیل هاتە لام فەرمووی: هەر کەسێک لە ئوممەتەکەت مانگی ڕەمەزانی بەسەردا هات و خودا لێی خۆش نەبوو، با بڕواتە دۆزەخەوە و خودا دووری خاتەوە لە ڕەحمەتی خۆی، بڵێ ئامین، فەرمووی: گوتم: ئامین.

جا لەبەر خاتری گەیشتن بەو ئامانجانە و دووری لە ناڕەحەتی و خەشم خودای باڵادەست، هەموو موسوڵمانێکی عاقڵ و باڵغ، چ ژن، چ پیاو مادام عوزرێکی شەرعی بەدەستەوە نەبێ، پێویستە و فەڕزە بەڕۆژوو بێ و لە گرتنی ئەو فەڕزەدا کەمتەرخەمی نیشان نەدا.

لەخودای گەورە داواکارم یارمەتیده‌رمان بێ لەسەر ئەنجامدانی خوداپەرەستی و عیبادەتکردنی. «ئامین»

ئامادەکردن و نووسینی: یوونس سولەیمانزادە
سۆزی میحڕاب

از طريق
یونس سلیمان زاده
منبع
https://sozimihrab.org/
نمایش بیشتر

یونس سلیمان زاده‌

استان آذربایجان غربی- بوکان نویسنده و مترجم فعال و دعوتگر دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا