دل نوشتهکوردی

بەردەبازێک لە کۆشکەوە بۆ ئەشکەوت

چیرۆکی ژیانی مرۆڤ، لێوئاخنە لەڕووداوی سەیر و سەمەرو چاوەڕوان نەکراو.کارەساتی وا دەخوڵقێ کە باوەڕ ناکەی مرۆڤێک ئەنجامی دابێ؟
کەسایەتی ناو ئەو چیرۆکانە، لەناو کۆمەڵگا دا سەریان هەڵداوە و هەست و ئێحساسی مرۆڤانەیان هەیە. نەگۆچان و باڵندەی سێحراوی و نە ئەسپێکی شاخدار و نە ئەژدیهایەکی زەبەلاحیان لە خزمەت دابوە.
هێزو مەچەکیان، تەنیا و تەنیا ، وزەی باوەڕو هەستێکی پیاوانە و هیوا بەخۆ بوونە.
قوڕئان، لە چیڕۆک، وەک کەرەسە و ئامرازێکی بەهێز بۆ بارهێنان و چرۆی مێشکی ئینسان کەڵک وەردەگرێ. وێنە و هێمایەکە بۆ سەلماندنی توانایی و هێزی لەبڕان نەهاتووی بەشەر. بەشەرتێک کە باوەڕو تێکۆشان و ماندوونەناسی، هەوێنی چالاکیەکانی بێ.

وانەی بەپێزی چیڕۆکی هەڤالانی نێو غار، کەبۆ پاراستنی خواباوەڕی وتاڤانەی ئەو زاته، لەهەرچی پووش و پەڵاشی مەقام و سامان و خۆشیەکانی ئەو دونیایە، دەستیان هەڵگرت.کۆشکی پاشایی، دەسەڵات،تاج و تەخت و گشت حەزەکانی ناخی مرۆڤ.
گەیشتن بەپلەکانی دونیا، هەزاران شەڕو ئاژاوە و خوێن ڕێژی بۆ کراوە. گەلێک وڵات و باڵاخانە و ژن و مناڵی بۆ لەناو چوە. سەدان لاو و گەنج ، کۆیلە کراون و لاشەی ناسکیان، لەناو سیاچاڵ رزیوە.
بەڵام کۆمەڵە گەنجێک ،دوای گەیشتن بە ئەوپەڕی لووتکەی حەزو ئارەزوەکانی دونیا، کۆچ دەکەنە ڕێگای ژیان و ڕاخەری ساکاری خاک بەسەر فەڕش و مافوورەی ناو کۆشک، هەڵدەبژێرن.

ئەو کۆچە چ ڕازێکە ؟ لەپێناو چ دەسکەوتێک و لەبەرچ ئامانجێکە؟
چۆنەسەمای خۆشیەکان و هەوەس و شەهوەت و خۆنواندنی ماڵ و دارایی، نەیانتوانی ڕێگر بن؟
کۆچ لە کۆشکەوە بەرەو شاخ و دڵی زەوین، گەڕانەوە بۆ باوەشی دایکی سرووشت ، لەسەر باڵنجی لۆکەو پەردەی حەریر و دۆشەکی گەرم و نەرم هەستان و کردنی خاک بە پێخەف!

ئامانجی کۆچ، چاک سازییە،هێزی باوەڕە، تینی دەروونە، بووژانەوەی دڵی مردوویە، گڵووک دەخاتە کوڵمی هەژار، پێکەنین دەپژێنێته سەر لێوی دەردەدار، دەرکەی پۆڵایینی دەسەڵات دەشکێنێ.
ـ ئەشکەوت و دڵداری و هەژاری، سێ کۆچکەی مێژووی مرۆڤی دڵ بەژانن پەناگای دەردەدارانن، مەکۆی ئەوین و دوورە یارانن.
باوەشی ئەشکەوت، زانکۆییکی دڵدارانە، هەست بزوێنە، فرمێسک سڕە،حەماسەیە، دڵ پشکۆێنە، هیواو ئامانج وەبەردێنێ، لاو تەزێنە، سڕت دەکاو دەتباتە بن دەرگای ئەوین.

نە نازی هاوسەری نازدار، نە لەنجەی کۆرپەڵەی ساکار،نەشیرنایی پلە وپایە، قەت ناتوانن لەسەر ڕێگای عاشقی کەشکۆڵ بەشان، بەرەو ژوانگەی خۆشەویستی ، ببنە پەرژین!
کۆچ بەرەو غار، پەتکی عەشقە، داوی دڵە، لاق و لەتەر گره، ئەت لەرزێنێ،سستت دەکا، ئەژنۆ شکێنە،ڕاکێشەرە، ڕاست دەتباته دەرگای دڵدار!

ئەم چیرۆکانە دایم لەناو ژیانی مرۆڤ، ئەشنێنەوە، وەک ژیلەمۆن .بەشنەبایەک گڕ دەگرن ، بە تنۆکەی دەنکە باران سەردەردێنن، بەکزەی چاوێکی هەتاو چرۆ دەکەن.
مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، بۆ باوەڕدار، ئەشکەوتێکە کە وەک ژوانگەی دڵدارانە.مەکۆی خۆشەویستی وکۆێستانی پڕ ئاوی باوەڕە، پشکۆی دڵە، داگیرسێنی مۆمی ژینه.
تاکی باوەڕدار، یازدە مانگەژێرچەپۆکی دیکتاتۆڕەکانی دڵ ودەروونە، دارووخاوی بوتی ژینە،گیان و جەستەی پڕ برینە.

ماڵ و سامان، بەربەستێک و پەردەیێکن کەوتونە پێش، دیداری یاری نازدار،واخەریکە بەرەو هەڵدێری دەبەن. شەهوەت و خۆپەرستی، کەوڵی کردوە و خۆی کردۆتە لووتکەی حەزو خۆشەویستی.
بەڵام کۆچ بەرەو مانگی هەنگوین، وەرزی ئەوین، سەکۆیەکی خۆ هەڵدانە، بڕینی لووتکەی بەرزی ژیانە، خۆ هاویشتنی باوەڕ دارە بۆ باوەشی خودای ئازیز. ڕووخێنەری قەڵای خۆشەویستیە درۆزنەکانە.
هەرباوەڕدار، دەبێ ساڵێ جارێک بوخچەی سەفەرو کۆچ، لە کۆڵ هاوێ ، بێتە ناو جەرگی ڕەمەزان و تۆزو خۆڵی بێ ئاگایی و دوور لەیاری، لە سەر دڵی نیوە مردووی بستڕێتەوە!

جەهانگیر بابایی سەردەشت ـ ڕەمەزانی ۹٨

از طريق
جهانگیر بابایی
منبع
sozimihrab
نمایش بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا