خانواده

توڕه بوون وه ک سه رچاوه ی خراپه کاری

توڕەیی یەکێکە لەو نەخۆشیە ترسناکانەی کە تووشی دڵی مرۆڤ دەبێت و کاریگەری هەیە بۆسەر خۆشیەکانی لە دنیا و دواڕۆژدا، نەخۆشی توڕەیی بریتیە لە بڵێسەی ئاگر و پشکۆی ئەو ئاگرەی کە روو دەکاتە دڵی مرۆڤ، دەبێتە هۆی خراپ کردنی و سووتاندنی، سەرئەنجامیش سەردەکێشێت بۆ خۆ بەگەورەزانی، توڕەیی یەکێکە لە بەرهەمەکانی نزیک بوون لە شەیتان، چونکە شەیتان لە ئاگر دروست کراوە توڕە بوونیش لە راستیدا بڵێسەیەکی ئاگرە ،یەکێک لە سیفەتەکانی ئاگریش ئەوەیە، کە توانای جووڵان و سوتاندن و وێرانکاری هەیە، کاتێک کە مرۆڤ توڕە دەبێت دەرگای دڵی دەکاتەوە بۆ شەیتان و سەرئەنجام کۆمەڵێک خراپەکاری لێ‌ دەکەوێتەوە، پێغەمبەری خوا هۆشداریمان پێ‌ دەدات لە توڕە بوون، جارێکیان پیاوێک کە رێگەیەکی دووری بڕی بوو هاتە خزمەت پێغەمبەر و لێی پرسی . شتێکم پێ بڵێ بە سود بێت و لە گوێی بگرم ،ئەویش فەرمووی توڕە مەبە، چەند جارێک پرسیارەکەی لێ‌ دووبارە کردەوە هەموو جارێک پێغەمبەر دەیفەرموو توڕە مەبە، چونکە پێغەمبەری خوا دەیزانی ئەو کەسەی کە پرسیارەکە دەکات لەکاتی توڕەبووندا شتی خراپ دەکات و دەڵێت، لەبەرئەوە ئەمە باشترین ئامۆژگاری بوو بۆ ئەو.

سوفیانی کوڕی عەبدوڵای سەقەفی، چووە لای پێغەمبەری خواو وتی : “ئەی پێغەمبەری خوا وتەیەکم فێر بکە کە سوودی لێ‌ ببینم”، ئەویش فەرمووی “توڕە مەبە جێگەت بەهەشت دەبێت”. لە فەرموودەیەکی تریشدا، کە ئەبی دەرداْ  دەگێڕێتەوە دەڵێت “وتم ئەی پێغەمبەری خوا کارێکم پێ‌ بڵێ‌ ئەگەر بیکەم دەچمە بەهەشت”، ئەویش فەرمووی “توڕە مەبە”.

چونکە مرۆڤ کە توڕە بوو لە حاڵەتی ئاسایی دەردەچێت و دەکەوێتە بازنەی وتنی وشەی نابەجێ‌ و ئەنجامدانی کاری خراپ، هەر لێرەشەوە لە ئاستێکی گشتی دا رەگەزپەرستی و رق بوونەوە لە بەرامبەر دروست دەبێت، کە ئەوانیش ئەو نەخۆشیانەن کە کۆمەڵگە بەرەو لاوازی دەبەن.

بەلای ئیسلامەوە کەسی بەهێز ئەو کەسەیە، کە لەکاتی توڕە بووندا کۆنتڕۆڵی خۆی دەکات و رقەکەی دەخواتەوەو لە بەرامبەرەکانی دەبورێت وە ئەگەر توڕەش بوو توڕەبوونەکەی بۆ خوایە و ناچێتە بازنەی حەرامەوە. (پێغەمبەری خوا لەبەردەم کۆمەڵێک لە یارانی دا فەرمووی کێ‌ لای ئێوە بەهێزە ؟ وتیان ئەو کەسەی کە لە زۆرانبازی دا ئازابێت، بەڵام ئەو فەرمووی بەهێز ئەو کەسەیە کە لەکاتی توڕەبووندا خۆی بگرێت).

لە فەرموودەیەکی تریشدا کە ئەبو هورەیرە ریوایەتی کردووە دەڵێت : پێغەمبەری خوا فەرموویەتی”بەهێز ئەو کەسە نیە کە لە زۆرانبازی دا سەردەکەوێت، بەڵکو کەسێکە کە لەکاتی توڕەبووندا دەتوانێت کۆنترۆڵی خۆی بکات”، تەبەرانیش لە فەرموودەیەکی تردا دەڵێت: پێغەمبەری خوا فەرموویەتی “هەرکەسێک واز لە توڕەبوون بهێنێت خوای گەورە ناتەواویەکانی بۆ دەپۆشێت”.

سلێمان بە کوڕەکەی (سەلامی خوایان لێ‌ بێت) وت : “ئەی کوڕەکەم خۆت بپارێزە لە زۆر توڕە بوون چونکە زۆر توڕەبوون دڵی پیاوی گەورە لاواز دەکات”.

خوای گەورە لە وەسفی عیسا پێغەمبەردا دەفەرموێت (و سیدا وحصورا)، عەکرەمە دەڵێت: واتا توڕەیی بەسەری دا زاڵا نابێت.

ئیبن ئەبی دونیا دەگێڕێتەوەو دەڵێت: ذوالقرنین بە یەکێک لە فریشتەکان گەیشت و پێی وت “زانستێکم فێر بکە کە ئیمان و بڕوام پێ‌ زیاد بکات، ئەویش وتی توڕە مەبە ،چونکە لەکاتی توڕەیی دا شەیتان بەئاسانی دەتوانێت زاڵا بێت بەسەر مرۆڤدا، لەبەرئەوە توڕەیی بگۆڕە بۆ دان بەخۆدا گرتن و ئارامی و خۆشەویستی، خۆت بپارێزە لە پەلە کردن، چونکە ئەگەر پەلە بکەیت رێگەت لێ‌ تێکدەچێت، ئاسانکار و نەرم و نیان بە لە نزیک و دوردا سەرکەش و خۆبەگەورەزان مەبە لەگەل کەسدا ” .

توڕە بوون کلیلی هەموو شەڕێکە، سەری هەموو گەوجێتیەکە، لەبەرئەوە پێویستە مرۆڤی مسوڵمان یەکێک لە سیفەتە بەرزەکانی بریتی بێت لە توڕە نەبوون و رق خواردنەوە، هەروەک خوای گەورە فەرمانمان پێ‌ دەکات و بەیەکێک لە سیفەتەکانی ئەو چاکەکارانە باسی دەکات کە شایەنی بەهەشتن و دەبنە مایەی لێخۆش بوون و رەزامەندی خوا، وەک دەفەرموێت (ۆالْکَاظمِینَ الْغَیْظ ۆالْعَافِینَ عَنِ النَّاسِ)

مرۆڤی توڕە گرفتی گەورە بۆ ژیانی خۆی دروست دەکات لەگەڵ دەوروبەر و خێزانەکەیدا، زۆربەی گرفتەکانی خێزان لە ئێستادا هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ توڕەیی و نەبوونی گیانی لێبوردەیی لەنێوان هاوسەرەکاندا، کە ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی رێژەی جیابوونەوە روو لە هەڵکشان بکات، بۆ نموونە ئاستی جیابوونەوە لە وڵاتانی کەنداودا دەگاتە رێژەی ۳۷% ی ئەو هاوسەرانەی کە لە ساڵی یەکەم و دووەمدا بەیەک گەیشتوون، هەروەها گرفتەکانی دراوسێ‌ لەگەڵا یەکتردا یان هاوڕێکان لە نێوان یەکتردا هەموو ئەمانە دەبنە هۆی گرفتی گەورەی کۆمەڵایەتی و پچڕاندنی پەیوەندی تاکەکان بەیەکەوە، لەلایەکی ترەوە دەتوانین بڵێین زۆربەی ئەو دەسەڵاتە تاکڕەوانەی کە لە وڵاتانی عەرەبی دا دروست بوون سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی راوێژکاری و خۆسەپاندنی کەسێک بەسەر دەسەڵاتدا، ئەم کەسەش لەکاتی توڕەبووندا هەندێ‌ بڕیار دەدات کە دەبێتە هۆی وێرانکردنی وڵات و هاوڵاتی، زۆربەی دەسەڵاتدارەکانمان کەسانی ستەمکارن و گوێ‌ بۆ ئامۆژگاری و پێشنیار و رەخنە ناگرن، ئەو راوێژکارانەش کە لەگەڵیاندان وەک کارمەندێکی بچووک وان کە تەنها پیشەیان پیاهەڵدان و دەستخۆشیە بە بڕیار و کردەوەکانیاندا، بەڵام ئەگەر سەیری وڵاتانی رۆژئاوا بکەین لەسەروی هەموو دەسەڵاتدارەکانەوە دەستور و یاسایەک هەیە کە دەبێت هەمووان پێوەی پابەند بن، هەروەها دامەزراوەی چاودێری هەیە کە چاودێرە بەسەر حکومەت و بەرپرسەکانیانەوە، لەبەرئەوە کەس ناتوانێت بە ویست و ئارەزووی خۆی هەڵس و کەوت بکات و بڕیار بدات، کۆمەڵگاکانی ئێمە لەم کاتەدا زۆر پێویستیان بەوە هەیە، کە ملکەچی دەستور و یاسایەک بن بۆئەوەی بتوانن حوکم لە خزمەتی خەڵکدا بەکار بهێنن، خەلیفەکانی راشیدین و خەلیفەی پێنجەمیش کە عومەری کوڕی عەبدولعەزیزە، ئێمەیان جێبەجێ‌ کردووە و بۆ دادوەر و موفتیەکان و بەرپرسی مسوڵمانانیان نووسیوە: “کە بە هیچ جۆرێک بڕیار نەدەن و فەتوا دەرنەکەن لەکاتی توڕەیی دا، چونکە هەرکەسێک بەوجۆرە بکات لێپرسینەوەی توندی لەگەڵدا دەکرێت”.

توڕە بوون دەرگا دەکاتەوە بۆ شەیتان و سەرچاوەی هەموو ئاژاوەو تاوانکاریەکە، لە هەندێک لە ئاساردا هاتووە دەڵێت: یەکێک لە روهبانەکان بە شەیتانی وت چ ئەخلاقێکی مرۆڤ پشتیوانیە بۆ تۆ ؟ ئەویش وتی : توندی و توڕەیی، چونکە ئەگەر ئاسنیش بێت لوولی دەکەین هەروەک چۆن منداڵێک یاری بەتۆپ دەکات.

گرفتی گەورەی ئەم ئوممەتە ئەوەیە لە بواری ئەخلاق و مامەڵەدا بەپێی ئەو مەنهەجە ناڕۆن کە خوا بۆی دیاری کردوون چونکە زۆربەی عیبادەتەکانمان تەنها هەڵسوکەوتێکی ئاینیە و کاریگەری لەسەر مامەڵە و رەوشتمان نیە هەموو شتێک دەگێڕینەوە بۆ خوا و پێغەمبەر و تەنها ئەوانەی وەردەگرین کە لەگەڵا غەریزە و حەزەکانماندا دەگونجێت.

چارەسەری توڕەیی:

ئیسلام ئەم نەخۆشیەی بەبێ‌ چارەسەر بەبێ‌ نەهێشتووە، بەڵکو پێغەمبەری خوا چارەسەرێکی زۆر گونجاو و سەرکەوتووی بۆ داناوە ئەگەر پەیڕەوی لێ‌ بکات، بەمەش دڵی لەم نەخۆشیە پاک دەبێتەوە کە سەرچاوەی لەناوبردنی ئیمان و عەقیدەیەتی، وای لێ‌ دەکات ببێتە خاوەنی رەوشتێکی بەرز، لەو چارەسەرانەش بریتیە لە دوورکەوتنەوە لەو شوێنانەی کە دەبێتە هۆی توڕەبوونی مرۆڤ، ئەمەش بەوە دەبێت، کە پێغەمبەری خوا بکەین بە پێشەنگی خۆمان و چاوێک بگێڕینەوە بە ژیاننامەکەیدا لەوێوە بزانین لەکاتی توڕەبووندا چۆن هەڵسوکەوتی کردووە و چ جۆرە هەڵوێستێکی هەبووە پێغەمبەری خوا دەفەرموێت “ئەگەر یەکێکتان توڕەبوون با بێدەنگ بێت چونکە قسەکردن لەکاتی توڕەیی دا دەبێتە هۆی وتنی وشەی نەشیاو و هەڵسوکەوتی نالەبار” لە فەرموودەیەکی تردا دەفەرموێت: “ئەگەر یەکێکتان توڕە بوو بەپێوە بوو با دابنیشێت، ئەگەر لەو حاڵەتەشدا توڕەییەکەی لەکۆڵا نەبویەوە، با پاڵا بکەوێت”، پێغەمبەری خوا دەفەرموێت توڕەبوون لە شەیتانەوەیە شەیتانیش لە ئاگر دروست کراوە ئاگریش بە ئاو دەکوژێتەوە لەبەرئەوە یەکێکتان توڕە بوو با بڕوات دەستنوێژ بگرێت، لە فەرمودەیەکی تریشدا پێغەمبەر (د.خ)دە فەرموێت :یەکێک لە هاوەڵان لە پێغەمبەری پرسی شتێکم پێ بڵێ لە تورەیی خوا بمپارێزێت ،ئەویش فەرموی توڕە مەبە ،ئەگەر توڕە نەبیت لە توڕەیی خوا دور دەکەویتەوە .بەمشێوەیە ئیسلام توڕەبوون چارەسەر دەکات و ئەگەر ئێمەش پابەند بووین پێوەی گرفتەکانمان چارەسەر دەبێت و بارودۆخمان بەرەوباشی دەڕوات و ئەو گرفتانەمان چارەسەر دەبوو کە ئێستا لەنێو ئەم ئوممەتەدا هەیە لە رق و بوغز و ناکۆکی و ستەمکاری ئەگەر دەسەڵاتداران لەم حاڵەتە رزگاریان ببێت ئەوا دەتوانن گەل بەرەو هێز و بوژانەوە بەرن.

سه رچاوه : مالپه ری فه رمی قه ره داغی

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا