اصولاصول فقهشبهات

تیشکێک بۆ سەر بابەتى یەکدەنگیى (إجماع) و پەیوەندیى بە نەسخەوە

تیشکێک بۆ سەر بابەتى یەکدەنگیى (إجماع)

مامۆستا عەلی باپیر

 بەڕێزان!

سەرەتا بە پێویستى دەزانم تیشکێک بخەمە سەر بابەتى ئیجماع، کە کەسانێک زۆر بە هەڵەو کرچ‌و کاڵیی لێی حاڵیی بوون‌و، لە غەیری شوێنی خۆیدا بەکاری دێنن‌و، پێیان وایە وەک گۆچانێکی جادوویی (عصا سحریة‌)یەو، هەموو مەرامێکیان پێی ساز دەبێ‌و، قەرەبووی نەبوونی هەموو زانیاریی‌و بەڵگەیەکیان بۆ دەکاتەوەو، هەرکات ویستیشیان بەرپەرچی قسەو بیرۆکەیەکی کەسێکی پێ بدەنەوە، ئەوەندە بەسە بڵێین: ئەوە پێچەوانەی کۆڕا (إجماع)یە!

بێ ئەوەی ڕوونی بکەنەوە، ئەو ئیجماعەی دەیڵێن:

چییەو، چۆنەو، کەی بووەو، لەکوێ بووە، ئایا ڕاستە هەیە، یان بەس قسەو بانگەشەیە؟!

بێ ئاگا لەوە کە ئیجماع ڕاجیاییەکی زۆری تێدایەو، بۆ لێتێگەیشتنی ڕاست‌و دروستی، لێکۆڵینەوەو وردەکارییەکی زۆری پێویستەو، ناگونجێ هەروا سەرکێڵیی‌و سەرپێیانە باسی بکرێ.

دواتریش سەرنجێکی پەیوەندیی نێوان ئیجماع‌و نەسخ “لە قوڕئاندا” دەدەین‌و، ڕوونی دەکەینەوە کە هیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نیەو، ئیجماع هەبوون لەسەر مەنسووخ بوونی چەند ئایەتێكی قوڕئان، قسەیەكی بێ بنەمایە.

هەوڵ دەدەین بە کورتیی‌و گوشراویی لە پێنج خاڵاندا باسی ئیجماع بکەین:

   یەکەم: ئیجماع بابەتێکی فرە ڕەهەندو بە لق‌و پۆپە:

دەشتوانین بڵێین: فرە ڕەهەندیی و لق و پۆپ زۆریی ئیجماع لە سێ ڕووەوەیە:

   یەك: لە ڕووى کەسانێکەوە کە ئیجماعیان پێ دێتە دى:

زانایان لەو بارەوە ڕاجیان:

١ـ ئایا ئیجماع پەکى لەسەر یەکڕا بوونى ئۆممەت کەوتوە، یان تەنیا یەکڕابوونى کۆمەڵێک لە ئۆممەتى دەوێ؟

٢ـ ئنجا ئەگەر تەنیا کۆمەڵێک لە ئۆممەتى بوێ، ئەوانە کێن؟

٣ـ ئایا بەس خەڵکى مەدینەن، وەك مالیك گوتوویەتی؟ یان تەنیا خەڵکى بنەماڵەى پێغەمبەرن؟ یان مشوور خۆران (أهل الحل والعقد)ن؟ یان حوکمڕان و زانایانن؟ یان تەنیا زانایانن؟

٤ـ ئنجا ئەگەر زانایانن: ئایا بەس زانایانی (أهل السنة)ن، يان زانایانى ئؤممەتن بە هەموو ڕەوتەکانیانەوە؟!

٥ـ ئنجا ئەگەر هەرکام لەو جۆرانەش بن، ئایا یەکڕابوونى تێکڕایان پێویستە، یان هى زۆربەیان؟

٦ـ پاشان ئایا پێویستە هەموویان قسەیان کردبێ، یان هەر كامێكیان تەنیا زانینى ئەو قسەیەی بۆ بە مەرج گیراوە، با بێدەنگیش بووبێ؟!

٧ـ ئنجا ئایا پێویستە بە شێوەى تەواتور لێیانەوە گوازرابێتەوە “کە ئەو ڕایەیان هەیە” یان شێوازى ئاحاد بەسە؟!

   دوو: لە ڕووى سرووشتى ئەو مەسەلانەوە کە یەکڕاییان لەسەر دەبێ:

١ـ ئایا تەنیا ئەوانەن کە دەقێکى قوڕئان و سوننەت بۆیان بۆتە بناغەو لەسەریان هەڵچنراوە، یان ئەوانەشن کە دەقیان لەسەر نیە؟

٢ـ ئنجا ئەگەر بەس مەسەلە دەقدارەکان (المسائل المنصوص علیها) بن، ئایا تەنیا ئەو جۆرەن کە دەقە یەکلاییکەرەوەکان لە ڕووى سەنەدو دەلالەتەوە (المسائل المنصوصة القطعیة الثبوت والقطعیة الدلالة) بوونە بناغەیان، یان جگە لەوانیش “کە مەسەلە گومانییەکان (المسائل الظنیة)ن” دەگرنەوە؟!

سێ: لەڕووى حوکمى ئیجماعەوە:

زانایان لەبارەى حوکمى ئیجماعەوە ڕاجیایی زۆریان هەبووەو هەیەو، بەپێی جۆرەکانى ئیجماع و پلەکانى، حوکمى جۆراو جۆریشیان بۆ بڕیارداون[1]، بۆ وێنە:

(الشوکاني) گوتوویەتى:

(العلم باتفاق الأمة لايحصل إلاّ بعد معرفة كل واحد منهم، وذلك مُتَعذِّر قطعاً، ومَنِ الذي يعرف جميع المجتهدين من الأمة في الشرق والغرب وسائر البلاد الإسلامية؟! إن العمرَ يفنى دون مجرد البلوغ إلى كل مكان من الأمكنة التي سكنها أهل العلم، فضلاً من اختبار أحوالهم ومعرفة من هو من أهل الإجماع منهم…!)[2].

واتە: بەبێ ناسینى یەک یەکى ئۆممەت، زانیاریى بۆ کۆڕای ئۆممەت پەیدا نابێ، ئەوەش بە دڵنیایی نەلواوە، ئاخر کێ تێکڕاى موجتەهیدانى ئۆممەت لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژ ئاواو وڵاتانى دیکەى ئیسلامیی دەناسێ؟ بێگومان تەمەن تەواو دەبێ بێ ئەوەى مرۆڤ تەنیا بگاتە ئەو شوێنانەى زانایان تێیاندا نیشتەجێن، چ جاى ئەوەى حاڵ و باڵیان بجەڕێنێ و بزانێ کامیان ئەهلی ئیجماعن؟!

   دووەم: ڕاجیایی زۆرى زانایان لەبارەى ئیجماعەوە:

زانایانى ئیسلام بە گشتیى بە پێشین و پاشینەوە، ڕاجیایی زۆریان لە بارەى ئیجماعەوە هەبووەو هەیە، نەک وەک کەسانێکى زۆر لە کۆن و تازە گومانیان بردوەو دەبەن، ئیجماع ڕێیەکى تەخت و ئاچووغ بێ!

ئێستاش با سەرنج بدەینە قسەى هەندێک لە زانایان لەوبارەوە:

١ـ (الإمام أحمد بن حنبل) گوتوویەتى: (ما يدّعي الرجل فيه الإجماع هذا الكذب، من ادَّعى الإجماع فقد كذب، لعلَّ الناس قد اختلفوا)[3].

واتە: ئەوەى پیاوێک لافی ئیجماعى تێدا لێ بدا، درۆیە، هەرکەس لافی هەبوونى ئیجماع لێبدات، درۆى کردوە، ڕەنگە خەڵک ڕا جیابووبن (و ئەو نەیزانیبێ).

٢ـ ژمارەیەک لە زانایان نکووڵیى لە ئیجماعى جگە لە هاوەڵان دەکەن[4]، وەک:

أـ داود الظاهري. ب ـ إبن حزم الأندلسي. ج ـ الإمام أحمد ـ لە ڕایەکیدا ـ  د ـ أبو زهرة، هـ – الشوكاني.

٣ـ (إبن تیمیة) گوتوویەتى:

(مَعْنَى الْإِجْمَاعِ : أَنْ تَجْتَمِعَ عُلَمَاءُ الْمُسْلِمِينَ عَلَى حُكْمٍ مِنْ الْأَحْكَامِ، وَإِذَا ثَبَتَ إجْمَاعُ الْأُمَّةِ عَلَى حُكْمٍ مِنْ الْأَحْكَامِ، لَمْ يَكُنْ لِأَحَدٍ أَنْ يَخْرُجَ عَنْ إجْمَاعِهِمْ؛ فَإِنَّ الْأُمَّةَ لَا تَجْتَمِعُ عَلَى ضَلَالَةٍ

وَلَكِنْ كَثِيرٌ مِنْ الْمَسَائِلِ يَظُنُّ بَعْضُ النَّاسِ فِيهَا إجْمَاعًا وَلَا يَكُونُ الْأَمْرُ كَذَلِكَ، بَلْ يَكُونُ الْقَوْلُ الْآخَرُ أَرْجَحَ فِي الْكِتَابِ وَالسُّنَّةِ)[5].

واتە: ئیجماع ئەوەیە کە زانایانى مسوڵمان لەسەر شتێک کۆبنەوە، ئنجا هەر کات ئۆممەت لەسەر حوکمێک لە حوکمەکان یەکڕا بوو، هیچ کەس بۆى نیە لە ئیجماعیان بچێتە دەرێ، چونکە ئۆممەت لەسەر گومڕایی کۆنابێتەوە، بەڵام زۆر مەسەلە هەندێک کەس پێیان وایە ئیجماعیان لەسەرە، بەڵام وانیە، بەڵکو قسەى دیکەى بەرانبەرى لە قوڕئان و سوننەتدا زاڵترو بەڵگەدارترە.

کەواتە: مەرج نیە هەرکەسێک لافی هەبوونى ئیجماعى لەبارەى مەسەلەیەکەوە لێدا، قسەکەى ڕاست بێ و، هیچ کەس بە لافلێدانى ڕووت هیچى بۆ ناچەسپێ و، وەک گوتراوە:

((کەس بە خەیاڵ نەبووە بە ماڵ)).

   سێیەم: پێناسەى ئیجماع:

ئاشکرایە زۆربەى هەرە زۆرى کتێبەکانى زانیاریى (أصول الفقه) ئەم پێناسە باوەى (إجماع)یان هێناوە:

(إتفاق مجتهدي أمة محمد “صلى الله عليه وسلم” بعد وفاته في عصر من العصور على حكم شرعي)[6].

ڕێککەوتنى موجتەهیدانى ئۆممەتى موحەمەد دواى کۆچکردنى لە چاخێک لە چاخەکاندا لەسەر حوکمێکى شەرعیى.

بەڵام ژمارەیەکیان ئەو جۆرە ئیجماعەى ئەو پێناسەیە بیگرێتەوە، بە خەیاڵیی و ناواقیعیی دەزانن و، دەڵێن مەحاڵە بتوانرێ بیروڕای سەرجەم زانایانى موجتەهید لەسەر مەسەلەیەک کۆبکرێتەوە[7]، هەرچەندە پێم وایە لەم ڕۆژگارەدا بە هۆى بەرەو پێشچوونى هۆیەکانى گواستنەوەو تەکنۆلوژیاى ڕاگەیاندنەوە، ئەوە ئاسان بووە.

   سێ جۆرە پێناسە بۆ ئیجماع بۆ وەخۆگرتنى ( إستیعاب)ى جۆرەکانى:

١ـ بە ئاشکرا زانراو لە ئایین (المطلوب من الدین بالضرورة)[8]:

کە بریتیە لەوەى مسوڵمانان تێیدا ڕاجیا نین، وەک: پێنج پایەکانى ئیسلام و، قەدەغە بوونى ئازاردانى دڵی  باب و دایک و، مەی خواردنەوەو، زینا…

ئەوجۆرەى ئیجماع تێکڕای زانایان لەسەرى ڕێککەوتوون و (الشافعي) لەبارەیەوە گوتوویەتى: (لن أقول ولا أحد من أهل العلم: هذا مجتمع عليه، إلاّ لما تلقى عالما أبداً إلاّ قال لك  وحكاه عن مَنْ قبله، كالظهر أربع، وكتحريم الخمر، وما أشبه هذا)[9].

واتە: نە من و نە هیچ کام لە زانایان ناڵێین: ئەمە یەکدەنگیى لەسەرە، مەگەر بۆ شتێک کە هیچ زانایەک نابینى مەگەر پێت دەڵێ و لە کەسانى پێش خۆى دەیگێڕێتەوە، وەک: نوێژى نیوەڕۆ چوار ڕکاتەو، قەدەغە بوونى مەى و، وێنەى ئەوانە.

بۆیەش بەشێک لە زانایان لە پێناسەى ئیجماعدا گوتوویانە:

(الإجماع هو مااتفق علیه المسلمون من الأحکام الثابتة في الكتاب والسنة)[10].

واتە: ئیجماع ئەوەیە کە مسوڵمانان لەسەرى یەکدەنگ بووبن لە حوکمە چەسپاوەکانى قوڕئان و سوننەت.

هیچ گومانیشى تێدا نیە کە نکوڵییکەر لەو جۆرە ئیجماعە، مەترسیى دەرچوونى هەیە لە بازنەى ئیسلام و مسوڵمانان.

٢ـ یەکدەنگیی و ڕێکكەوتنى موجتەهیدانى ڕۆژگارێک لە چاخەکانى ئیسلام، لەسەر حوکمێک بە هۆى بەڵگەیەکەوە (إتفاق مجتهدي عصر من عصور الإسلام على حكم لدليل)[11].

کە وەک پێشتر گوتمان: ئەو جۆرە ئیجماعە بەو پێناسەیە لە دنیای واقیعدا بوونى نەبووە، جگە لە سەردەمى هاوەڵان (عصر الصحابة) خوا لێیان ڕازی بێ.

پسپۆڕانیش هۆکارى ئەوە دەگێڕنەوە بۆ لەدایکبوونى ئەو چەمک و پێناسەیە لە منداڵدانى زانایانى كەلام (متکلمین)دا، کە کەمتر حاڵەتى واقیعیى و کردەیی لە قسەو کتێبەکانیاندا ڕەچاو کراوە[12]، بەپێچەوانەى شەرعزانان (فقهاء)ەوە.

٣ـ بێدەنگ بوونى زانایان لە چاخێک لەسەر قسەیەک یان کارێک (سکوت العلماء في عصر على قول أو فعل)[13].

کە ئەوە لە زاراوەى زانایانى بنچینەکان (علماء الأصول)دا بە یەکڕایی بێدەنگیی (الإجماع السکوتي) ناسراوە، چاخى هاوەڵانیش بەتایبەت ڕۆژگاڕى حوکمڕانیی عومەرى کوڕى خەتتاب “خوا لێی ڕازی بێ” -کە نەیدەهێشت هاوەڵانى شارەزا لە مەدینە بچنە دەرێ بۆ ئەوەى ڕاوێژیان پێ بکات- چاخى زێڕینى ئەو جۆرە کۆڕایە بوو.

   چوارەم: بناغەى ئیجماع و بەڵگەکانى:

زۆربەى هەرە زۆرى زانایان گوتوویانە: (لابد للإجماع من مستند من الکتاب والسنة، لأنه لیس بدلیل مستقل وإنّما هو دلیل تبعي)[14].

واتە: دەبی ئیجماع پشتیوانییەکى لە قوڕئان و سوننەتدا هەبێ، چونکە بەڵگەیەکى سەربەخۆ نیەو، بەڵگەیەکى شوێن کەوتەیە.

بۆ نموونە: (الزرکشي) گوتوویەتى: (ولابد له من مستند لأن أهل الإجماع ليست لهم مرتبة الإستقلال بإثبات الأحكام، وإنما يثبتونها نظراً إلى أدلتها ومآخذها، فوجب أن يكون عن مستند، لأنه لو انعقد من غير مستند، لاقتضى إثبات الشرع بعد النبي وهو باطل)[15].

واتە: ئیجماع هەر دەبێ پاڵپشتێکى هەبێ، چونکە ئەهلى ئیجماع پلەى سەربەخۆیان نیە لە دانانى حوکماندا، بەڵکو بە لەبەرچاوگرتنى بەڵگەکانیان و شوێنى لێوەرگیرانیان دەیانچەسپێنن، بۆیە دەبێ پاڵپشتێکى هەبێ، چونکە ئەگەر بەبێ پاڵپشت گرێدرابایە، ئەوە خوازیاری دانانى حوکمى شەرعیى بوو دواى پێغەمبەر “صلى الله علیه وسلم”و، ئەمەش ناڕاستە.

شایانى باسیشە: زانایان چەند دەقێکیان بە بەڵگەى ڕاست و ڕەوایی ئیجماع هێناونەوە، هەرچەندە مشت و مڕى زۆریش دەربارەى بەڵگە بوونیان لەو بارەوە هەیە، بۆ نموونە:

١ـ (وَمَن يُشَاقِقِ الرَّسُولَ مِن بَعْدِ مَا تَبَيَّنَ لَهُ الْهُدَىٰ وَيَتَّبِعْ غَيْرَ سَبِيلِ الْمُؤْمِنِينَ نُوَلِّهِ مَا تَوَلَّىٰ وَنُصْلِهِ جَهَنَّمَ ۖ وَسَاءَتْ مَصِيرًا) النساء (115).

واتە: هەرکەس دواى ئەوەى ڕێی ڕاستى بۆ دەرکەوتوە، سەرپێچیى لە پێغەمبەر بکات و بکەوێتە شوێن ڕێیەک جیا لە ڕێی بڕواداران، حەواڵەى ئەوەى دەکەین کە شوێنى کەوتوەو دەیخەینە دۆزەخەوەو، ئەویش خراپترین سەرەنجامە.

 ٢ـ (لا تجتمع أمتي على ضلالة أبداً) رواه الدارمي، وهو عند أحمد في المسند (5/145) بلفظ: (إن الله عزوجل  لن یجمع أمتي إلاّ علی الهدی)، واتە: هەرگیز ئۆممەتم لەسەر گومڕایی كۆنابێتەوە،

هەرچەندە بەلاى زۆرێک لە زانایانەوە سەنەدەکەى بێهێزە، بەڵام مانایەکەى ڕاستەو ناشگونجێ ئۆممەتى ئیسلام لەسەر مرۆڤایەتیى بکرێتە شایەدو، لەسەر ناهەقیش کۆبێتەوە، خوا لەبارەی شایەد بوونی ئۆممەتی موحەممەدەوە، لەسەر مرۆڤایەتیی فەرموویەتی: (وَكَذَٰلِكَ جَعَلْنَاكُمْ أُمَّةً وَسَطًا لِّتَكُونُوا شُهَدَاءَ عَلَى النَّاسِ…) البقرة: ١٤٣.

واتە: هەر بەوشێوەیە گێڕاومانن بە باشترین كۆمەڵ (كۆمەڵێكی میانجیی) تاكو بەسەر خەڵكەوە شایەدو چاودێر بن.

3ـ (عليكم بالجماعة وإياكم والفرقة، فإن الشيطان مع الواحد، وهو من الإثنين أبعد، من أراد بحبوحة الجنة فليلزم الجماعة)، الترمذي: (1650) وقال حديث حسن صحيح.

واتە: هەر کۆمەڵ و کۆبن و خۆتان لە پەرتەوازەیی دووربگرن، چونکە شەیتان لەگەڵ یەکێک (ى تەنیا) دایەو لە دووان دوورترە، هەرکەس نێوەڕاستى بەهەشتى دەوێ، با لەگەڵ کۆمەڵ (ى مسوڵمانان)دا بێ.

لەو بارەوەش کە ئیجماع هەر دەبێ پشتیوانێکى لە قوڕئان و سونەتدا هەبێ (إبن تیمیة) گوتوویەتى:

(لاتوجد قط مسألة مُجْمَعٌ عليها إلاّ وفیها بیان من الرسول “صلى الله علیه وسلم” ولکن قد یخفى ذلك على بعض الناس، ويُعلمُ الإجماعُ فيُستدلّ به)[16].

واتە: هەرگیز مەسەلەیەکى یەكڕایی لەسەر نەبووە، مەگەر ڕوونكردنەوەیەكی پێغەمبەری لەسەر هەیە، بەڵام  هەندێک کەس ئەوە نازانن و لێیان پەنهان دەبێ و، ئیجماعەکە دەزانرێ و بە بەڵگە دەهێنرێتەوە.

   پێنجەم: گرنگیی ئیجماع:

ئیجماع بە هەر سێ جۆرو پلەکەیەوە، گرنگیی و بایەخێکى زۆرى هەیە، کە دەتوانین لە حەوت بڕگەدا بیانخەینە ڕوو:

١ـ جۆرى سەرەکیی و بنەڕەتیی ئیجماع کە بریتیە لە ڕێکكەوتن لەسەر ئەو شتانەى بە ئاشکرا لە ئاییندا زانراون (الإتفاق على ما علم من الدین بالضرورة) قەبارەى تەبایی و یەکدەنگیی مسوڵمانان دەردەخات و، دەبێتە ڕێگریش لە لادەران و داهێنەران.

٢ـ زانیاریی هەبوون بە بابەتە یەكڕایی لەسەرە سەرەکییەکان (القضایا المجمع علیها) متمانەى پتر بۆ بڕواداران بە ئایینەکەیان دەدات و، ڕێگریی لە قسەو قاڵی ئەوانەش دەکات کە دەڵێن: مسوڵمانان لە هەموو شتێکدا پێکەوە ناتەباو ناکۆکن.

٣ـ ئیجماع دەبێتە هۆى بەرزکردنەوەى ئاستى ئیجتیهادو بیروڕا تاکییەکان بۆ: دڵنیایی و هەڵبڕین (الیقین والقطع) بۆ وێنە[17]:

أـ زانایان یەکدەنگن لەسەر پێویست بوونى خۆ شۆردن بۆ پیاو و ئافرەت بە هۆى پێکگەیشتنى چووک و زێ (التقاء الختانین) بە بێ ئاو هاتنەوە، بینا لەسەر دەقی: (إذا التقى الختانان وجب الغسل) أحمد: 26025.

ب ـ هەروەها یەکدەنگیی لەسەر قەدەغە بوونى فرۆشتنى خواردن بەر لە وەرگیرانى (حرمة بیع الطعام قبل قبضه) بینا لەسەر فەرموودەکەى (إبن عمر) کە بوخاريى: ٢٠١٧ و موسلیم: ١٥٢٥ هێناویانە.

ج ـ (أبوبکر) خوا لێی ڕازی بێ بۆ جەنگ كردن دژی زەكات نەدەران و هەڵگەڕاوان، قیاسى زەکاتی کردە سەر نوێژو، هاوەڵانیش پشتیان گرت.

د ـ هاوەڵان بینا لەسەر بەرژەوەندیى (مصلحة)، لەسەر کۆکردنەوەى قوڕئان لە نێو دوو بەرگى (مصحف)دا، یەکدەنگ بوون.

٤ـ بێگومان هیچ ئیجماعێک بێ پشتیوانیى قوڕئان و سوننەت نیە، بەڵام زۆر کەس بەڵگەو پشتیوانەکە نازانێ و ئیجماعەکە دەزانێ.

٥ـ ئیجماع دەبێتە مایەی جەختکردنەوەى حوکمى مەسەلەیەک کە قوڕئان و سوننەت و عەقڵ بەڵگەی بن و، ئیجماعیش دەبێـتە بەڵگەیەکى دیکە.

٦ـ دەقە شەرعییەکان بە گشتیی ئەگەرى تەئویل و تایبەتکردن (تخصیص)و بەنددار کردن (تقیید)یان هەیە، هەروەها دەقەکانى سوننەت لە ڕووی سەنەدەوە، مشت و مڕیان لەسەرە، ئنجا هەرکات یەکدەنگیی (إجماع) هەبوو، ئەو مەسەلەیە هەڵدەبڕرێ و ساغ دەبێتەوە[18].

٧ـ سوودو بەرهەمێکى دیکەى ئیجماع ئەوەیە کە (إبن حزم) ڕوونى کردوەتەوەو گوتوویەتى:

(مال أهْل العلم إلى معرفة الإجماع؛ ليُعَظِّموا خلاف مَنْ خالفه، وليزجروه عن خلافه، وكذلك مالوا إلى معرفة اختلاف الناس؛ لتكذيب من لا يبالي بادِّعاء الإجماع جرأة على الكذب، حيث الإختلاف موجود، فيردعونه بإيراده عن اللجاج في كذبه)[19].

   واتە: زانایان حەزیان کردوە ئیجماع بزانن، تاکو ئەو کەسەى سەرپێچیی دەکات لەسەرى مەزن بکەن و بیپرینگێننەوە لە سەرپێچیی، هەروەها حەزیان کردوە ڕاجیایی خەڵک بزانن، تاکو ئەو کەسەى بەبێ گوێپێدان لافی ئیجماع لێ دەدات، بە درۆى بخەنەوە، ئەو كەسەی بەبێ باكیی درۆ دەكات لە حاڵێکدا ڕاجیاییش هەیە، ئنجا بە خستنە ڕووى ڕاجیایی، لەبەردەوام بوون  لەسەر درۆیەكەی دەیپرینگێننەوە.

بێگومانیش دواى ئەوەى بە وردیی لە ئیجماع تێدەگەین، ئنجا دەزانین کە شتێکى زانستییانەو ژیرانە نیە، هەر لە خۆوە وشەى (ئیجماع) بە دەمەوە بگرین و، هەر قسەو بیرۆکەو هەڵوێستێکى کەسێکمان بەدڵ نەبوو، یان لە عەقڵەوە نەچوو، بێ لێکۆڵینەوەو وردبوونەوە بڵێین: ئەوە پێچەوانەى ئیجماعەو، خەڵکێکى سادەو ناحاڵییش کە بەبێ تێڕامان لاسایی ئەم و ئەو دەکەنەوە، بیانخەینە دوو دڵیی و گومانەوە، بەرانبەر بە شتێک کە شایستەى دوو دڵیی و گومان نیە.

ئێستاش دواى تیشک خستنە سەر (ئیجماع)، با سەرنج بدەین: ئایا دەگونجێ ئیجماع بکرێتە بەڵگەى نەسخکرانەوەى هەندێک لە ئایەتەکانى قوڕئان، وەک لە هەندێک لە کتێبەکانى (أصول الفقه)دا نووسراوەو، کەسانێکیش بێ وردبوونەوە ئەو قسەیە دووبارە دەکەنەوە؟

هیچ پەیوەندییەك لەنێوان ئیجماع و نەسخی قوڕئاندا نیە:

بەڵێ باسکردنى هەبوونى یەکدەنگیى (إجماع) لەسەر هەبوونى نەسخ “بە زاراوەى زانایانى پاشین كە: لابردنی حوكمێكی دواترە بۆ حوكمێكی پێشتر” لە قوڕئاندا، جگە لە ئەفسانەیەک و قسەیەکى بێ بنەما هیچى دیکە نیە، چونکە:

چۆن دەگونجێ بیرۆکەیەک یەکدەنگیی لەسەر دروست ببێ، کە ئەو هەموو ڕا جیاوازانەى لەسەر بن، تەنانەت لە لایەن ئەوانەشەوە کە بڕوایان بە هەبوونى نەسخ هەیە لە قوڕئاندا؟

كە ئەمانە یازدە (11) ڕان، لەو بیروڕا زۆرانەی لەوبارەوە خراونە ڕوو:

١ـ قتادة بن دعامة / ١١٧ هـ   لە کتێبەکەیدا باسى چل (٤٠) ئایەتى مەنسووخى کردوە.

   ٢ـ محمد بن حزم / ١٧٨ هـ  لە کتێبەکەیدا باسى دووسەدو چواردە (٢١٤) ئایەتى کردوە.

   ٣ـ أبو جعفر النحاس / ٢٤٥ هـ  لە کتێبەکەیدا باسی سەدو سی و چوار (١٣٤) ئایەتى کردوە.

   ٤ـ هبة الله بن سلامة /    لە کتێبەکەیدا دووسەدو سێزدە (٢١٣) ئایەتى باسکردوون.

   ٥ـ مکي بن أبي طالب /   لە کتێبەکەیدا سەدو نەوەدو پێنج (١٩٥) ئایەتى لەو جۆرەى هێناون.

   ٦ـ إبن الجوزي /   سەدو چل و هەشت (١٤٨) ئایەتى هێناون.

   ٧ـ العتائقي / دووسەدو بیست و چوار (٢٢٤) ئایەت.

   ٨ـ إبن البازري /  دووسەدو چل و نۆ (٢٤٩) ئایەت.

   ٩ـ السیوطي /   لە (الإتقان) دا، بیست (٢٠) ئایەت.

   ١٠ـ محمد بن عبدالعظيم الزرقاني/ لە (مناهل العرفان) دا، نۆ (٩) ئایەت.

   ١١ـ الدکتور مصطفى زید/ لە (النسخ في القرآن الكريم) دا، شەش (٦) ئایەت[20].

ئنجا ئایا کام لەو ڕایانە یەکدەنگییان لەسەرە؟!

بێگومان هیچ کامیان، چونکە یەکدەنگیی (إجماع) دەبێ لەسەر شتێکى ڕوون و دیارییکراو و سەلمێنراوبێ، نەك بەلای كەمەوە لەسەر یازدە (11) ڕای جۆراو جۆر، كە زۆرترینیان دەڵێ: دووسەدو چل و نۆ (249) ئایەت مەنووسخن و، كەمترینیشیان دەڵێ: شەش (6) ئایەت نەسخ كراونەوە!!

هەروەها وێڕای ئەوەش كە ڕابرد:

زانایان لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە دروست نیە هیچ ئایەتێکى قوڕئان، بەبێ بەڵگەیەکى دڵنیاکەر لە پێغەمبەرى خواوە، بە مەنسووخ دابنرێ، بۆ وێنە:

١ـ (الشافعي) گوتوویەتى: ( ولا يستدل على الناسخ والمنسوخ إلاّ بخبر عن رسول الله صلى الله عليه وسلم…)[21] واتە: بە هەواڵێک لە پێغەمبەرى خواوە نەبێ، بەڵگە لەسەر نەسخ ناهێنرێتەوە.

٢ـ (الغزالي) گوتوویەتى: (لا ينسخ حكم بقول الصحابيِّ: نُسِخَ حكمُ كذا، ما لم يَقُلْ: سمعت رسول الله يقول: نسخت حكم كذا… فلعلَّهُ ظن ما ليس يُنْسَخُ نسخاً)[22].

واتە: هیچ حوکمێک بەقسەى هاوەڵ: فڵان حوکم نەسخ کراوەتەوە، نەسخ ناکرێتەوە، مەگەر بڵێ: گوێم لە پێغەمبەرى خوا بوو دەیفەرموو: فڵان حوکمەم نەسخکردوەتەوە… چونکە ڕەنگە شتێک کە نەسخ نەبۆتەوە، وایزانیبێ نەسخ بۆتەوە.

٣ـ (إبن تیمیة) گوتوویەتى: (النَّسخُ لا يصار إليه إلا بيقين، وأمّا بالظن فلا يثبت النسخ)[23].

واته: نەسخ بە دڵنیایی نەبێ پەناى پێ نابرێ، بەڵام بە گومان نەسخ ناچەسپێ.

٤ـ (إبن حزم) گوتوویەتى: (لا يحل لمسلم أن يقول في آية ولا حديث بالنَّسخ إلاَّ عن نص…)[24].

واته: هیچ موسوڵمانێک بۆى نیە باسی نەسخ بوونەوەى ئایەتێک یان فەرموودەیەک بکات، مەگەر بە دەقێک…

5ـ (إبن رشد) گوتوویەتى: (لم يجز أن نترك شرعاً وجب العمل به، بظن لم نُؤْمَرْ أن نوُجِبِ النَّسْخَ به…)[25].

واتە: شەرعێک کە کارپێکردنى پێویستە، دروست نیە بۆ گومانێک وازى لێ بهێنین، كە فەرمانمان پێ نەکراوە، نەسخى پێ پێویست بکەین.

٦ـ الشوكاني گوتوویەتى: (النَّسْخُ لا يثبت بالإحتمال…)[26].

واته: نەسخ، بە شێمانەو ئەگەر ناچەسپێ…

ئنجا شایانى باسە:

کە وشەى (نسخ) و ڕیشەى (ن س خ) بە هیچ سەنەدێکى ڕاست یان باش (صحیح أو حسن) لەهیچ فەرموودەیەكی پێغەمبەرى خوادا (صلى الله علیه وسلم) نەهاتوە، لە هیچ کام لەو شازدە (16) کتێب و سەرچاوانەى سوننەت دا، کە هى ئەم فەرموودەناسانەن:

١ـ البخاري. 2ـ مسلم. 3ـ الترمذي. 4ـ النسائي.5ـ أبوداود. 6ـ إبن ماجة. 7ـ أحمد (في المسند). 8ـ مالك (في الموطأ). 9ـ الدارمي. 10ـ الحاكم (في المستدرك). 11ـ إبن حبان. 12ـ إبن الجارود. 13ـ إبن خزيمة. 14ـ البيهقي. 15ـ الدارقطني. 16ـ الشافعي (في المسند)[27].

کە بێگومان ئەوەش بەهێزترین بەڵگەیە لەسەر نەبوونى نەسخ لە قوڕئاندا، چونکە خواى کار بەجێ و زانا، کتێبی کۆتایی خۆى (قوڕئان)ى بەوە وەسفکردوە کە سەرجەم ئایەتەکانى موحکەم و پتەو و قایم و نە لەخشاون:

(ألر كِتابٌ أُحْكِمَتْ آياتُهُ ثُمَّ فُصِّلَّتْ مِنْ لَدُنْ حَكِيمٍ خَبِير) هود ـ 1 ـ .

ئنجا مادام دڵنیایی (یقین) یمان هەیە لەبارەى موحکەم بوونى تێکڕای ئایەتەکانى قوڕئانەوە، هەتا دڵنیایيشمان لەبارەى مەنسووخ بوونى ئایەتێک یان زیاتریەوە نەبێ، دروست نیە هەر لە خۆمانەوە باسی مەنسووخ بوونى بکەین.

چونكە بنچینەیەكی گەورەی شەرعیی و عەقڵییە كە:

(اليقين لایزول بالشك) دڵنیایی بەدوودڵیی “بگرە بەگومان (ظن)يش” لاناچێ، بەڵكو پێویستە دڵنیاییەكی دژو پێچەوانەی هەبێ، ئنجا لادەچێ، كە بەدڵنیایی هەرگیز ئەو جۆرە دڵنیاییە نەبووەو ناشگونجێ هەبێ، چونكە هەموو ئەو زانایانەی قسەكانیانمان هێنان، جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە بەبێ هەواڵدانی پێغەمبەر “صلی الله علیه وسلم” لەسەر مەنسووخ بوونی ئایەتێك یان زیاتر، دروست نیە باسی نەسخكرانەوەی بكرێ و، لەسەرجەم سەرچاوەكانی سوننەتیشدا “كە شازدەیانمان هێناون” وشەی نەسخ (ن س خ) بەسەرزمانی پێغەمبەری خوادا نەهاتوە، كەواتە: دڵنیایی (الیقین)ێك كە خوا “عز وجل”، لەبارەی موحكەم بوونی سەرجەم ئایەتەكانی قوڕئانەوە پێیداوین، چەسپاو و نەلەخشاوە.

29 ذي الحجة/ 1442كـ8/8/2021ز

[1]   نظرات في أصول الفقه، د. عمر سليمان عبدالله الأشقر ص 12 ـ 13و 41 و 42.

[2]   إرشاد الفحول، ص 72.

[3]   أخرجه عبدالله بن أحمد عن أبيه في (مسائله) رقم: 1826، هەروەها بڕوانە: (مجموعة الفتاوى) لابن تیمیة، ج١٩ ص ١٤٧.

[4]   نظرات في أصول الفقه، ص 49.

[5]   (مجموعة الفتاوى) ج ٢٠ ص ١٠.

[6]   تيسير علم أصول الفقه ، ص 149 . هەروەها : الإحكام، في أصول الأحكام للآمدي ج1 ص 254 ، دیسان : (أصول الفقه) لمحمد أبي زهرة، ص 182.

[7]   هەمان سەرچاوە و لاپەڕە، هەروەها بڕوانە: (أصول الفقه) محمد أبو زهرة ص ١٩٤ ، دیسان (إرشاد الفحول) للشوکاني ص ٧٢.

[8]   التجدید الأصولي . بإشراف د. أحمد الرَّيسوني، ص  ٢٩٧.

[9]   الرسالة للشافعي، رقم النص: 1559.

[10]   تيسير علم أصول الفقه. ص 150.

[11]   التجديد الأصولي . ص 301 .

[12]   هەمان سەرچاوەو لاپەڕە.

[13]   هەمان سەرچاوە، ص ٣٠٢

[14]   تیسیر أصول الفقه. ص ١٥٢.

[15]    البحر المحیط في أصول الفقه، ج3 ص499.

[16]   مجموع الفتاوى ج ١٩ ص ١٩٥.

[17]   التجدید الأصولي . ص 314.

[18]   نظرات في أصول الفقه ، ص 52 ـ 54.

[19]   الإحكام في أصول الأحكام ، ج 1 ص506.

[20] – ژمارەیەكیش لەزانایانی هاوچەرخ ڕایان وایە كە هیچ ئایەتێكی مەنسووخ لەقوڕئاندا نیەو، ئەو زانایانەش كە وشەی: (نسخ)یان بۆ هەندێك ئایەتەكان بەكارهێناوە، مەبەستیان پێی: (تخصیص العام) بەندداركردنی ڕەهاو، (تقید المطلق) ڕوونكردنەوەی كورت و، (تبيين المجمل) پلە پلەیی (تدرّج) بووە، هەركام: د. محمد أبو زهرةو، محمد خضري بگ و، شیخ محمد الغزالي و، د. يوسف القرضاوي و، د.طه جابر العلواني و، د. جاسر عودة و، د. مصطفى زلمي و، بەندەش، چەند نموونەیەكن لەوانەی ئەو ڕایەیان هەیەو بێگومان زۆری دیكەش هەن.

[21]   إختلاف الحديث ج1 ص485.

[22]   المستصفى  ج1 ص 103.

[23]   مجموع الفتاوى ج21  ص 575.

[24]   الإحكام في أصول الأحكام، ج7 ص380.

[25]   بداية المجتهد ونهاية المقتصد، ج1 ص 613.

[26]   فتح القدير، ج1 ص 305.

[27]   نقد نظرية النسخ. د.جابر عودة ص95. ط1 / 2013م.

علی باپیر

ارسالی از یویف مکاری زاده

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا