دل نوشتهکوردی

دكتۆرمحمد سەعید رەمەزان ئاوا ئەمیرەی هاوسەری ئەلاوێنێتەوە (2-1)

دكتۆرمحمد سەعید رەمەزان ئاوا ئەمیرەی هاوسەری ئەلاوێنێتەوە

دكتۆرمحمد سەعید رەمەزان


ئەمیرە
ئەی جوانترین خەون وئاواتێك كە تەوافی كرد بەدەوری هەموو بوونمدا چلودوو مانگ ..
ئەی بریسكەو بروسكەیەك كە پرشنگی دا لەژیانما لەبەرزاییەكانی بەهەشتەوە.

ئەمیرە
ئەی ئەو ناوەی كەبووە دوایەمین گوڵم لەمێرگ وباخچەی وشكبووما ، ئەی پاشماوەی خۆشیەك كە بەجێی هێشتووم، ئەی باخچەی یادەوەریم،ئەی ئەوزەردەپەڕەی كەخۆرئاوابوون لەگۆڕی نا.

ئەمیرە
ئەوەشەش مانگ تێپەڕی بەسەر ئەو رۆژەی كەمردن پەردەی لەنێوان من تۆدا دادایەوە.تائێستاش خەمۆكی دونیا لەرووخسارودڵما وەك خۆی ماوەو،خەم وخەفەتیش دەرگای لێ‌ دانەخستووم وخۆشیش دەرگای نەكردۆتەوە بەڕووما.
تائێستاش دونیای خەڵكی دوای تۆ نامۆیە بەمن و، بەردەوام دەنگەدەنگیان دڵم دەگەزن هەردەڵێی قاقالێدانی ناحەزانەو پێم خۆشدەبن.
تائێستاش برینەكانی دڵم سارێژنەبوون لەئازارداونقومی ناوئاگرێكە كە بەتێپەڕینی كات نەكوژاوەتەوەونەسیمی هیواش سووكی نەكردووە لەسەرم..

چەرخی دونیا دوای تۆ لەگەڕانی خۆی نەكەوتووەوهەردەڵێی هیچیش رووی نەداوە.
ئێساش هەمووبەیانیەك وەك جاران خۆر لەپشت ماڵمانەوە هەڵدێ‌ و تیشكەكانی لەشووشەكانی پەنجەرەكەوە دەنێرێت بۆسەردیوارەكەی بەرامبەری ، تائەوكاتەی كەبەرەوئاوابوون دەچێ‌ وەك عادەتی هەمیشەیی زەردهەڵدەگەڕێت ورووناكیەكانی خۆی كۆدەكاتەوەو لەپشت گردۆڵكەكانەوە خۆی دەشارێتەوە.
رووی ئاسمانیش لەشەودا دوای تۆ وەك خۆیەتی و ئێستاش ئەستێرە پەرش و بڵاوەكانی كەلەژماردن نایەن وەك دەنكە مروارییەكانی سەر كراسە جوانەكەی تۆ خۆیان دەنوێنن.

بەهاریش ..هەروەك بەهاری ساڵی رابردوومان هاتەوە ، ئەوكاتانەی كەلەباخ و بێستانەكەی بەردەم ماڵماندا دەهاتین ودەچووین ودرەختەكانی هەڵوژەو قۆخەكان گوڵی رەنگاورەنگیان گرتبوو، ئەو رۆژانەی بۆنی سەوزایی فەرشی راخراوی رێی سەردەریامان دەكرد كەدەچووین بۆلازقیە.
ئەوانەهیچی لەبەرگریانی من نەگۆڕاون، لەناسۆری مندا یەك گوڵ نەپوكاوەتەوە.جریوەی چۆلەكەو ئاوازی بولبولەكان وەك خۆیانن و هیچ خەمێكیان پێوەدیارنیە بۆخەمەكەی من.

قیڕەقیڕی بۆقەكان لە جۆگەكەی نزیك ماڵمان لەبەهاردا وەكو جاران چۆن بینیوتن بەیانیان نووستوو بەئاگادێنن .
خەڵكیش ..دۆست وهاوەڵان كە خەمگین بوون بۆ كۆست كەوتنەكەم ، پاش چەند سەعاتێك بەرگی خەمیان لەخۆیان داڕنی وچوونەوە بەلای ژیان ودونیای خۆیانەوە.
تەنانەت خزمەكانیشت ، گریان ، یان خۆیان هێنایە گریان بۆچەند ساتێك ، ئەوانیش چوونەوە بەلای ژیان وگوزەرانی خۆیانەوە تۆبەلایانەوە بووی بەباسێك لەباسەكان بۆكات بەسەربردن..زەمانە رێی خۆی گرتووەو دوای تۆ خەڵكی بەردەوام لەگەڵیا رێدەكەن، منم كە غەریبم لەناویاناو لەكاروان بەجێماوم وتەنها كەوتووم .

خۆرهەڵدێ‌، كاتێ‌ بەخۆم دەزانم بەرەوئاوابوونەولەچاوم ون دەبێت ،كاتێ‌ ئاوادەبێت ماڵ ئاوایم لێدەكات بە ئاوازێكی بێدەنگ كە لەقوڵایی دەروونمدا لەگیتاری مردن دەدات وتێكەڵ دەبێت لەگەڵ نووزەی گیانەڵا لەساتەوەختی ماڵئاواییدا.
بەهاردێت بەسەوزی وبۆنی خۆشی گوڵ ورێحانەیەوە و بەهاری رۆژەكانم بیردەخەنەوە لەگەڵتا ودەمگێڕنەوە بۆبۆنی خۆشی هەناسەو كەناردەریای چاوەشینەكانت.
سەیری خەڵكی دەكەم دێن ودەچن لەزەویداو رۆچوون لە خۆشیەكانیاندا وهەڵوەدای ئاوات و ئامانجەكانیانن ، وەك ونبوویەك خۆم دەبینمەوە تیایاندا ، نامۆم بەوان، دەنگی خۆشیەكەی ئەوان بۆمن دەڵێی دەنگی ئەوانەیە كە بەسزادراوێك پێدەكەنن.
راستە منیش لەگەڵیاندا دێم ودەچم وهەڵدەستم ودادەنیشم ، بەڵام وەك پەڵە هەورێكی هاوینم لەبەردەم رەشەبای گەرما ، یان وەكو لقەدارێكی وشك هەڵاتووی پایزەم لەناو شەپۆلەكانی دەریا.

دونیا پێبكەنێ‌ یان رووگرژبكات لای من هەرخەموخەفەتباری و رەش پۆشییە، دونیا بەلای منەوە وەك ئەوەیە بەندكرابێ‌ لەتەمەنی ئەو رۆژەدا كەئاوات و حەزوخەونەكانم لەگەڵ تۆدا ناشت لەگۆڕا.

ئەمیرە
هیچم بۆنەماوەتەوە لە خۆشی دونیاكەم لەدوای تۆ مەگەر ئەو یادەوەرییانەی كە رامدەكێشێ‌ بەرەولای تۆوئەو ئاسەوارانەی كەپەیوەندی بەتۆوە هەیە.
خەڵكی رادەكەن لەیادەوەری بەڵاوناخۆشیەكانیان بۆهۆكارەكانی خۆشی لەبیرچوونەوە ، بەڵام من لەهۆكارەكانی خۆشی و بیرخۆبردنەوەوە دەچم بەرەو یادی بەڵاوخەمەكانم. وەهیچ ئارامیم پێنابەخشێت مەگەرباسكردنی تۆ، وەبەهیچ ناگەشێمەوە مەگەر یادكردنەوەی رۆژانی رابردوومان.جا ئەوەی هاودەمی ژیانی لەدەستدابێ‌ لەوەزیاتر چی بكات كە دڵی بنێ‌ بە یادەوەری و هەوارگەی یارەكەیەوە؟
ئەوەی كە رێحانەی دڵی لەدەست بدات چی بكات لەوەزیاتر كەبچێت بۆنی ئەوخاكە بكات كە تیاڕواوەوئەو هەوایە هەڵمژێت كەلەدەوری بووە؟؟

بەڵام ئەمیرە تەنانەت ئەو یادگاریانەت كەدەموویست دڵ نەوایی بن بۆم لەدەستمدا. كراسەكانت كەباڵاتیان دەنواند نازانم چیان لێهات ، تا بیخەمە سەرچاوم و سییەكانم پڕكەن لەوبۆنەخۆشەی لەخۆتت دەدا.. دەرگای ماڵەكەتان كەسەرم دەدا ودەكرایەوە بەروومداو رووی گەشتم دەبینی ئیتر لەبەریا ناوەستم .
ئابەوشێوەیە ئەو بەهەشتەی بەهۆی تۆوەناسیم لێم بووە بەماڵی غەریبی و نامناسێتەوە ، ئەو دونیایەی كەبە سەرچاوەو كانیاوی هیواو گەنجینەی بەختەوەریم دەزانی بۆتە بەندیخانەیەكی تەنگ وتار كەئازارم بۆزیاد دەكات وزیاتر نامۆم دەكات بەژیان.
هیچم بۆنەماوە ئەوەنەبێت كەلەدونیای وەفای چۆڵكراودا هاوەڵی ئەوانەبكەم كەبەهۆی تۆوەناسیمن وخزمایەتیمان بۆدروست بوو، یان دراوسێیەتی، تەواف دەكەم بەدەوری ماڵتاندا بانەشچمە ژوورەوە ،هەوای دەوری ماڵتان پڕ بەسییەكانم هەڵدەمژم لەهەمووهاتن وچوونێكما.

من ئەگەربگریم بۆئاودانی ئاسەوارەكانتە لەدونیای وەفادا. ئەگەرئازاریش بچێژم بۆئەوەیە كەنەباوەكو دونیای فانی تۆم بیر بباتەوە.
بەڵێ‌. .خۆشەویستی دونیاو دوارۆژم ،دەستم شتووە لەپاشماوەكانت، مەگەرئەوەنەبێ‌ كە سۆزوخۆشەویستیتم یاد دەخاتەوە ، كەئەوەش ئەونامانەیە كە بۆت دەناردم و سۆزوخۆشەویستت بۆدەنەخشاندم.
ئەو وەرەقانە ، گەنجینەی بەنرخن بۆم لەدوای تۆ، كەلەسندوقێكی بۆن خۆشدا هەڵمگرتوون.

من لەمیحرابی خەڵوەتما وشەكانت دەخوێنمەوەو دەیانڵێمەوە ، بەدەم رشتنی ئەسرینی پیرۆزو شیرینەوە، كە خوا پێمدەبەخشێ‌ و رەحمێ‌ بەدڵەی پەرێشانم دەكا. رستەكانت دەخوێنمەوە بەچاوی هەست وسۆزم ، كە لەمیانەی وشەكاندا رۆحەناسكەكەت دەبینم كە بەسۆزە بۆم وەك سۆزی دایك بۆكۆرپە تاقانەكەی. كە لە گڕوبڵێسەی ئازارەكانمەوە رامدەكێشێ‌ بەرەو باوەشی دڵە بەجۆشەكەت.
ئەی خۆشەویستی هەتاهەتاییم
ئایا دەتوویست بەو وشانەی بەپەنجە ناسكەكانت بۆت دەنووسیم لەهەست وسۆزی دڵە خۆشەویستەكەتەوە تێشوویەكم بدەیتێ‌ لە گوڵاوی خۆشەویستیەكەت ، كە لەدوای تۆ رێی پێدەركەم لە رێگای هات ونەهاتا؟

ئایا قەدەر چرپاندبووی بەهەست و هۆشتدا كە زۆرناژی بۆم وئاوا خۆشەویستیەكەتت بۆ نەخشاندم بەوشە جوانەكانت ؟ئای بۆدڵەی زارم كەلەناوبەهەشتی وشەكانتام ودەسووتێم..
من دڵنیام بەهۆی ئیمانم بەخواو پێغەمبەران وكتێبەكانی كەئەوەی ئێمە ناوی دەنێین مردن هۆشیاربوونەوەیەكی گەورەیە وهەست وهۆش بەتەواوی كاری خۆی دەكات بەڵام بە یاساورێسایەكی جیاواز لەمەی دونیا.
مردن ئازادبوونی رۆحە لە قەفەسی جەستە كەتیایا بەندكراوە، كێ‌ ناڵێ‌ مردوان زیاتر لەئێمە جووڵەیان نیە لەم بوونەوەرەدا.كێ‌ ناڵێت ئەوان بەزەییان بەئێمەدانایەتەوە كەدەمانبینن رۆحمان بەندكراوە لەناوجەستەمانداو ،كێ‌ ناڵێت بانگمان ناكەن بۆئازادبوون وەكو خۆیان.
ئیمانەكەم سەبووریم بۆدێنێ‌ و ئارامیم پێدەبەخشێ‌ لەسەر ئازاری دووری تۆ.

من دڵنیام مردن نەیهاڕیوی لەنێوان دووبەرداشی عەدەمدا ، بەڵكو تۆ لەجیهانێكەوە چوویتە جیهانێكی دیكە وپەردەیەك لەنێوانماندا دادراوەتەوە.
من دڵنیام بەیەك دەگەینەوە ،منیش لەودەرگایەوە دێم كەتۆ پێش من پیاڕۆیشتی ، ئەوسا جارێكی تر چیرۆكی خۆشەویستیەكەمان دەست پێدەكاتەوە.ئەمە كاتێك كەخوا رێزم لێبنێت بەخاتیمەیەك كەخۆی پێی رازیە، وەگەرنا ئای چەند جەرگبڕە ئەم ئینزارە كەناخ هەڵدەتەكێنێت ( الأخلاء يومئذ بعضهم لبعض عدو إلا المتقين) .

جا كاتێك خۆشەویستێكی راستگۆ ئەم نیعمەتی ئیمانە لەدەست دەدات وئنجا مردن شورایەك لەنێوان ئەوو خۆشەویستەكەیدا دادەنێت ، ئەوكاتە هەمووخۆشییەكانی دونیا بۆی نابنە دڵدانەوە ، جائەوكاتە سەرەنجامی یان شێتبوونە، یان خۆكوشتن!!

ارسالی از: یوسف مکاری زاده

درێژەی هەیه

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا