والسماء ذات البروج
ئه‌ی چه‌رخێنه‌ری دڵ و دیده‌کان | دڵ و دیده تۆ ده‌یخه‌یته گه‌ڕان | |
هاتن شه‌و و رۆژ، کوا سه‌ر به خۆیه | یاسا‌و به‌رنامه‌و رێبازی تۆیه | |
ئه‌ی گۆڕێنه‌ری رۆژ و مانگ و ساڵ | ئاڵوگۆڕ بێ تۆ مه‌حاڵه مه‌حاڵ | |
وه‌زع و حاڵ ئێمه‌ش بگۆڕه قوربان | به چاتر له‌وه‌ی که ئێستا هه‌سمان | |
به‌ڵکوو سه‌رکه‌وین له هه‌ر دوو لاوه | له هه‌ر دوو بواری دین و دونیاوه |
مه‌لا فاتح حه‌یده‌ر نه‌ژاد
نه‌ورۆز له لایه‌ک موژده‌ی به‌هار و وه‌رزی گوڵ و گوڵزاره، له لایه‌کیش دڵه‌خورپه‌و خووخهندهی ناله‌بار، له لایه‌ک نه‌شئه‌ی سروشت و سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شانه‌وه، له لایه‌ک له ده‌ست مۆدو باوی ناحه‌زدا شکانه‌وه، له لایه‌ک شهکاوهیو جۆش و خرۆش، له لایه‌ک رێ و ره‌سمی ناله‌بار و بیره‌وه‌ری ناخۆش له لایه‌ک به تازه‌بوونه‌وه‌ی که‌ش و هه‌وا ده‌بێ به جێژن، له لایه‌کیش هه‌لپه‌رستان مرۆڤایه‌تی ده‌نێژن. زۆر که‌س شه‌هدی شادی ده‌چێژن، بڕێکیش ئه‌سرینی لێقه‌وماوی ده‌ڕێژن.
نه‌ورۆزیش وه‌ک زۆر دیارده‌ی دیکه له چه‌ندین بواردا کاریگه‌ری بۆ سه‌ر ژیانمان هه‌یه که بڕێکیان باش و خۆشن و زۆر شوێنه‌واری ناله‌باریشی له سه‌ر کۆمه‌ڵ و بازاڕ و بنه‌ماڵه‌کان به جێدێڵێ و ده‌بێته هۆی هاڵۆزی و شێواندنی ئه‌من و ئاسایش. بۆیه ناتوانین له‌و پێیه‌دا بێ ته‌فاوه‌ت بین و سه‌باره‌ت به‌و نه‌ریت و باوانه که بڕێکیان جێی شانازین و هێندێکیشیان جێی داخ و که‌سه‌رن ده‌بێ بدوێین و به چاو روونی هه‌ڵیانسه‌نگێنین و بواره جۆراوجۆره‌کانی مێژوویی، سروشتی و بیروباوه‌ڕ و به‌ڵکوو له بواری رامیاریشه‌وه هه‌ڵوێستی زانستیانه‌مان هه‌بێت.
له زووه‌وه تا ئێستا زۆر کتێب و گۆڤار و هه‌ڵبه‌ست بۆ نه‌ورۆز نووسراوه‌و بڵاوکراوه‌ته‌وه، به زوبانهکانی کوردی، فارسی و عه‌ره‌بی و ته‌نانه‌ت زوبانهکانی دیکه‌ش باسی لێکراوه که هه‌م باستانی و هه‌م داستانیشن.
له‌و کورته باسه‌دا به که‌ڵک وه‌رگرتن له چه‌ندین کانگا به تایبه‌ت « تاریخ نوروز و گاهشماری ایران» نوسراوه‌ی عبدالعظیم رضایی، راپۆرتێک پێشکه‌ش ده‌کرێ و له کۆتایشدا له روانگه‌ی ئیسلامه‌وه ئاماژه‌ی پێده‌که‌ین.
ئاریاییه‌کان له ساڵدا ۷ جێژنی تایبه‌تیان بووه که بریتین له:
- نه‌ورۆز، ۲٫ میهره‌گان، ۳٫ جێژنی سه‌ده، ۴٫ تیره‌گان، ۵٫ په‌روه‌ردگان، ۶٫ کۆسه، ۷٫ به‌همه‌ن.
هۆیه‌کانی به جێژن بوونی نه‌ورۆز، به پێی به‌ڵگه‌کانی باستانی و داستانی زۆر له شاره‌زایان که بڕێکیان عه‌ڕه‌بن ده‌ڵێن: گوایه دونیا و ئاده‌م له‌و رۆژه‌دا دروست بوون یان ئاده‌م له رۆژی شه‌شه‌مدا دروست بووه که هێندێک پێیان وایه که‌یومه‌رسه (کیومرث).
مێژوونوسانی وه‌ک ته‌به‌ری و مه‌سعوودی ده‌ڵێن: له زه‌مانی کهیانیهکاندا نه‌ورۆز به سه‌ری ساڵ داندراوه.
هۆشه‌نگ کوڕی سیامه‌ک که به چوار پشت ده‌چێته‌وه سه‌ر ئاده‌م و فه‌رمانڕه‌وای پێش دادیه‌کان بووه به بۆنه‌ی یه‌که‌م روژی به‌هاره‌وه ده‌چێته ده‌ره‌وه بۆ سه‌یران. تووشی مارێک ده‌بێ. به‌ردێکی پێداده‌دا. وه به‌ردێکی دیکه ده‌که‌وێ. ئاوری لێ ده‌بێته‌وه‌و به‌و ئاور دۆزینه‌وه ده‌ڵێن رۆژی نوێ.
له بورهانی قاتیعدا ده‌ڵێن به بۆنه‌ی چوونه سه‌ر ته‌ختی جه‌مشیده‌وه دارای پادشای هەخامەنشیان لە رۆژی نەورۆز دەچێته پەرستگای مەردۆکی گەورەی بابل بۆ پیرۆز بایی.
گوایه ۷۰۰ یا ۸۰۰ ساڵ پێش زایین پیوراست (ضحاک) یان ئەژدەهاک لە ئورشەلیمی فەلەستین و هێندێکیش دەڵێن لە بابلەوه به لەشکرێکی زۆرەوە به سەر کوردستاندا دەڕواو خەڵکیش به سەر کردایەتی کاوەی ئاسنگەر بەربەرەکانی دەکەن و تێکی دەشکێنن و فەرەیدون دەکەن به فەرمانڕەوا و دەوڵەتی کاویانی دادەمەزرێ و ئەو رۆژە به نەورۆز دادەندرێ یان لە نەورۆزدا دەبێ بۆیە نەورۆز نیشانەی سەرکەوتنی شۆڕشه بەسەر تەخت و بەختی ستەمدا بۆیە لە شەڕەفنامەدا دەیباتەوه سەر تێک شکانی ئەژدەهاک و گیانی نەتەوەیی تێدەخاو بڕێکیش کوتویانه لە میهرەگاندا بووه.
بیروونی و تەقی زاده و … دەڵێن جێژن دوای چەند رۆژ گریان و ماتەمی خەڵک بۆ مردوەکان بووه که لە پێنج رۆژی ئاخری ساڵدا بەڕێوەچووه کە رێوڕەسمی فروردگان (گەڕانەوەی رۆحی مردوەکان) بووه چونکه لە لای زەردەشتیەکان شین و گریان ناڕەوا بووه و ماتەمیان کردووه به جێژن.
گوایه خەڵکی بوخارا لە سەر سیاوەشی کوڕی کەیکاووسی پێشدادی گرایان. دوای گریانەکه هەموو ساڵێ بەر له خۆرکەوتن کەڵەشێرێکی لە سەر گۆڕەکەی سەر دەبڕن و هەواڵی نەورۆزیان بڵاوکردۆتەوه.
کتێبی دەبیستانی مەزاهیب دەڵێت: فەروەردگان لە پێنجەی ئاخری ساڵدا بووه بەڵام ئێرانی هیندیەکان دە رۆژیان بەڕێوەبردوه. ئەو رێوڕەسمەیان زۆر به گرینگ داناوە. شەوانه لە ماڵەکان ئاوری تایبەتیان دەکردەوه و خۆراکی بۆن خۆشیان لێدەناو پێیان وابوو رۆحی مردوەکان لە ئاخری ساڵدا دەگەڕێتەوه، بە چەشنێک جێژنی دینیش بووه و دەبوو پادشاکانیش بە شداری ئەو بۆنه بکەن و ئەگەر لە کاتی خۆی ترازابا به گوناهیان دەزانی.
دەڵێن پیوراست ئیمپڕاتۆری رۆم نوێنەری نارد بۆ لای ئەنۆشیروان، چونکه کاتی رێوڕەسمی تایبەتی دینی بوو نەیتوانی پێشوازی لێ بکاو هەتا دوای دە رۆژەکه چاوی پێی نەکەوت هەر چەند دەسەڵاتداری رۆم زۆر سامناکیش بوو.
نیشانەکانی تەختی جەمشید به شێوەی تاشراوی رێوڕەسمی نەورۆز نیشان دەدەن.
لە ئێران دوو وەرزی گەورە بووه. هاوینی ۷ مانگه لە فەروەردین (خاکەلێوه) وە تا ئاخری میهر و زستانی ۵ مانگه لە ئابانەوه (خەزەڵوەر) تا کۆتایی رەشەمه (ئیسفەند) که ساسانیەکان لە باشور بوون و بەهاری وان لە میهرەوه بووه.
هۆرموزی کوڕی شاپوور لە پێنج رۆژی کۆتایی ساڵ هەر رۆژەی لەگەڵ چینێک لە خەڵک جێژنی گرتووه.
خەییام دەڵێ: ئاشووزەردەشت لە ساڵی ۳۰ پادشایەتی گوشتاسب دینی خۆی ئاشکرا کردووه کە لە مانگی فەروەردین (خاکەلێوه)دا بووه و جێژنی راگەیاند.
جاحیز (جاحظ) لە تاجدا کوتویەتی نەورۆز لە میهرەگاندا و جێژنی فەروەردگانیش لە پێنجەی ئاخری ساڵدا پێش زەردەشت دیتراوە.
دابەش بوونی ساڵ به چوار وەرزیش لە ئەوێستاو سانسکریتدا وەبەر چاو هاتووه، ساڵی دینی زەردەشتیەکان پێوەندی به نەورۆزەوه پتەو کردووه و دواتریش سرنجی خەڵک بۆ سروشت راکێشراوه که وەخەبەر هاتنی سروشت و بووژانەوه ئاماژەیه بەهاری رۆحی و زیندوو بوونەوەی مردووان بۆیه ساڵی خۆیان لە نەورۆزەوه، دەست پێکردووه.
ئەبووریحان دەڵێ: ئاشووزەردەشت رۆژمێری دەوری خۆی به هۆی کۆبوونەوەی ی رۆژ لەهەر ساڵێکدا کە لە جێی خۆی دوور کەوتبۆوه دروست کردەوەی نەورۆزی لە جێی خۆی داناوه، بڕیاری جێژنی داوه بۆوەی لێیان تێکنەچێ ئێرانیەکانیش یەکەم نەتەوه بوون که پێرەویان لێکردووه و پێوەری حیساب جۆری هەڵکەوتنی مەڵبەندو ژینگه کە لە کەم شوێنی دیکه وابووه.
هەروەها زەردەشت ساڵی به ۱۲ مانگ و مانگیشی به ۳۰ رۆژ و پێنج رۆژی جیاوازی کۆتایی ساڵ دابین کردووه.
رۆژی ۱۷ یان ۱۹ی فەروەردینیش سەردەمێک جێژنێکی دینی زەردەشتیەکانی تێدا بەڕێوەچووه.
هۆی هاڵۆز بوونی رێکەوتەکان دەگەڕێتەوه سەر جۆری دینەکان و مێژووی پادشاکان و جۆری حیسابی ساڵەکان و وەرزەکان و گۆڕینی دەسەڵاتدارەکان:
فینیقی و قیبتیەکانیش نەورۆزیان لە بەهاردا بەڕێوەبردووه و گوایه لە میسریش جێژنی شم النسیم بەڕێوەچووه. گۆیا بتلمیوسی زانا لە زانستی دانیالەوه جۆرێک نەورۆزنامەی تایبەتی بۆ چەند مەبەستێک وەک هاتونەهات کەش و هەواو بەدبەختی و خۆشبەختی رێکخستووه.
گوت ئاشمیدی ئاڵمانی دەڵێ: لە دەورانی داریوشی دووەم لە ساڵی ۴۱۱ ی بەر لە زایین تەرتیبی کاتەکان لە ئێران دروست ببوو و دوایی هاڵۆز بووه.
کەبیسەی ئێرانیان بە شێوەی ئاشووزەردەشت ساڵیان به ۳۶۵ رۆژ و کانیشان تا ۱۲۰ ساڵ را دەگوت. سەد و بیستەمین ساڵیان به ۱۳ مانگ رادەگەیان. کوتراویشه چونکه ـەکانیان بۆ رانەدەگیرا ۱۲ مانگی رۆژی و ۵ رۆژی کۆتایشیان به پێنجەی دزراوە یان ئیزافه دیاری دەکرد که رێوڕەسمی تایبەتیان تێدا دەگیرا.
دوکتور ویست کە مێژووی پەهلەوی باش زانیوه دەڵێ: لە دوایین کاتەکانی دەسەڵاتداری داریوش (۵۰۵)ی دوای زایین مانگەکانی ئەوێستایی فەروەردین و ئۆردیبەهێشت و … بوون و جێگری مانگەکانی هەخامەنشی بوون.
دوای دامەزرانی دینی ئیسلام و هاتنی بۆ ئێران بڕیار درا کاتەکان راست کرێنەوەو لە جێی خۆیان نەگوێزرێنەوه.
ئەو ریوایەته لە پێغەمبەر (د.خ) دەگێڕنەوه “الزمان قد استدار کهیئه یوم خلق السموات و الأرض”. یانی کات و زەمان هەر وەک سەرەتای دروست بوونی ئاسمانەکان و ئەرز دەگەڕێ بەو جۆرەی کە تەنزیم کراوه کە باسی نجووم و هەیئەتی لە سەره.
بۆ راست کردنەوەی رۆژ ژمێر لە ساڵی ۳۱۷ی کۆچی مانگی سوڵتان جەلالەددین مەلەکشای سەلجووقی بە یارمەتی ئەستێرەناسان و بیرکاران و زانایانی بەناو نابگ وەکوو عومەری خەییام و عەبدوڕڕەحمانی خانی، حەکیم لوکری، ئەبوو زەفەری ئەسفراینی و مەیموونی بەنی نەجیب و واسیتی، رۆژ ژمێریان دامەزراند کە لە هەموو شێوەکانی پێشوو رێکوپێکتر بوو.
بە پێێ بڕێک ریوایەت لە ساڵی ۴۷۱ی کۆچی ۲۸۰۴ی رەسەدی بە فەرمانی خاجه نظام الملک رەسەدی ئەستێرەکان دەست پێکراوه.
مێژووی متوکل و معتضد له مردنی یەزگردەوه دامەزراوە که لە ۱۷‌ی حوزەیران یەکی زیحەججەی ۲۳۵ی کۆچی مانگی واته ۹ رۆژ لە بەهار تێپەڕیوه ۸۵۰ی زایینی بووه. ئەو دو ناوبراوه تێکۆشاون کاروباری وڵات بە رێک‌وپێکی و حیسابی ساڵ راست بکرێتەوه.
ساڵی هەتاوی (شمسی) بەو جۆرەی ئێستا لە زەمانی خەییامەوه وەک به رۆژ ژمێری جه‌لالی به ناوبانگی دامه‌زراوه و یه‌که‌م رۆژی ساڵ جێگیربوونی خۆر له بورجی حه‌مه‌ل دیاری کراوه که دوای فه‌رمانی مه‌له‌ک شازانایان به که‌ره‌سه‌و ئامراز و پێداویستیه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه وه‌ک دیوار و حه‌وشه‌و ئاڵقه‌و بورجه‌کان به تێکۆشانێکی زۆر یه‌که‌م رۆژی به‌هاریان دۆزیه‌وه.
ئه‌و رۆژمێره له ئێران‌دا له ساڵی ۱۳۰۴ی هه‌تاوی، ۱۳۴۳ی مانگی به پێی یاسای په‌سندکراو له ۱۱ی خاکه‌لێوه‌دا راگه‌یه‌ندرا که شه‌ش مانگی به‌هار و هاوین ۳۱ رۆژ، پێنج مانگ ۳۰ رۆژ و ره‌شه‌مه (اسفند) ۲۹ رۆژ. به‌ڵام هه‌ر به ۴ ساڵ جارێک به کۆبوونه‌وه‌ی ـەکان ده‌بێته ۳۰ رۆژ (که‌بیسه). واته ساڵی هه‌تاوی ۳۶۵ رۆژو ۵ سه‌عات و ۴۸ خوله‌ک و ۴۶ چرکه‌یه.
ئاور: ئاور له زوودا به مه‌به‌ستی جۆراوجۆر کراوه‌ته‌وه که بریتین له: وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی دیتنه‌وه‌ی ئاور له لایه‌ن هۆشه‌نگی کوڕی سیامه‌ک له نههاردا. ئاور له به‌رامبه‌ر ئه‌هریمه‌ندا کراوه‌ته‌وه چونکه ئاور سه‌رچاوه‌ی رووناکی و ئه‌هریمه‌ن سه‌رچاوه‌ی تاریکی بووه. ئه‌بوو جه‌عفه‌ری نه‌رشه‌خی ده‌ڵێ: دوای ماته‌م و شینی رۆژه‌کانی ئاخری ساڵ به مه‌به‌ستی تاراندنی میحنه‌ت و ناڕاحه‌تی ئاوریان کردۆته‌وه بۆ وه‌ی سورو سرور و خۆشی بخاته دڵانه‌وه. ئه‌میری سه‌دید واته مه‌نسووری کوڕی نووح له بوخارا ئاوری کردۆته‌وه که قه‌ڵاو باڵاخانه‌که‌ی پێوهدهسوتێ و ده‌گوێزێته‌وه بۆ جووی موولیان. جێژنی ئاور له ئه‌وێستادا ئاماژه‌ی پێکراوه‌و ده‌ڵێن ئاور سرنجی ئێمه‌ی بۆ یه‌زدانی پاک راکێشاوه بۆیه گوتویانه:
نگویید که آتش پرستان بدند پرستنده ی پاک یزدان بُدند
ماکسیموسی تیروس ده‌ڵێ: ئاور روخساری خودای ئێرانیه‌کان بووه.
ئێسترابۆن: شتی پیس خستنه نێو ئاوریان به گوناهی گه‌وره داناوه‌و کوریتوس ده‌ڵێ: سوێندێک که له به‌رابه‌ر ئاوردا خورابا به گه‌وره‌یان داده‌نا.
پێیان وابووه ئاور که بڵێسه‌کانی به‌ره‌و به‌رزایی ده‌ڕوا ئه‌وانیش ده‌بێ به‌ره‌و روحانییه‌ت بڕۆن. بڵێسه‌ی ئاور قه‌ت به‌ره‌و خوار ناچێ، مرۆڤیش به‌ره‌و نزمی نه‌چێ و ئاوات و ویستی به‌ریان هه‌بێ.
ئاور پاک که‌ره‌وه‌یه‌و بۆ خۆی پیس نابێ. مرۆڤیش به‌ربه‌ره‌کانی ناپاکی بکاو خۆی ئالووده نه‌کا. ئاور ده‌وروبه‌ری خۆی ده‌گه‌شێنێته‌وه. مرۆڤیش ده‌بێ به هه‌ڵوێستی جوانی خۆی ده‌وروبه‌ری رووناک کاته‌وه.
هه‌روه‌ها ئاور به مه‌به‌سته‌کانی کۆتایی ساڵ و بۆنهکانهوهو بۆ راگه‌یاندنی کاته‌کان کراوه‌ته‌وه. به‌ڵام کاتێک ئیسلام هاته ئێرانه‌وه سرنجی خه‌ڵکی بۆ نوور و رووناکی ده‌روون که له‌گه‌ڵ رووناکی ئاور جیایه راکێشا. ئه‌وه‌ش که کوتوویانه دووای هاتنی عه‌ڕه‌به‌کان جێژنی ئاورکهتۆته چوارشه‌ممه پێوه‌ندی به ئیسلامه‌وه نییه و شتێکی سه‌لیقه‌ییه. هیچ رۆژێک له ئیسلامدا نه نه‌حس داناندرێ و نه‌حس بیتیه له خووخدی خراپ و بیروباوه‌ڕی ناپاک.
سفره‌ی حه‌وت سین
به مه‌به‌ستی پێشوازی له به‌هارو بڕێکیشیان به خه‌یاڵی به‌تاڵی په‌زیرایی له رۆحی مردوان ته‌عامی دیاریکراویان حه‌وت میوه و شتی کاکڵ دار (مغزدار) له سه‌ر سفره داده‌ندرا ته‌له‌بی به‌ره‌که‌ت و شیفایان ده‌کرد. دوای به جێهێنانی پاک و خاوێنی و گۆڕینی جل و به‌رگ و عه‌تر و گوڵاو، گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه سێ که‌وچک هه‌نگوین یان شه‌ربه‌ت یان سێ ده‌نک میوه‌ی ویشکی ده‌دا به ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌و له کتێبی ئاوێستا ئایه‌تێکی به نێوی ئایه‌تی ته‌ندروستی ده‌خوێنده‌وه‌و دوعای ده‌کرد و گۆیا له نێو زەردەشتیان تا ۲۱ رۆژ درێژەی بووه. هەر رۆژەی تایبەتی شتێک بووه. سوفرەی حەزرەتی خدریش لە دیوێکدا به چەند جۆر خواردەمەنی دەڕازاوه. دو رەکات نوێژ و قورئان و بڕێکیان دوعا دەکردو دەرکەی دیوەکەیان پێوەدەدا بەو هیوایه خدر بچێتە ئەو دیوەو لە تەعامەکان بخوا که دوا ماوەیەک دەرکه دەکراوەو دەچوونه ژوورێ و بۆ جێ دەستی خدر دەگەڕان لە سەر تەعامەکان.
گۆیا سوفرە لە پێشدا حەوت شین بووه کە بریتی بوون له:
شیر، شەکر، شیرنی، شەربەت، شەمع (مۆم)، شانەو شاتەریه (جۆرێک نەعنا). بەڵام دوای هاتنی ئیسلام بۆته حەوت سین: سنجوو، سماق، سەمەنو، سێ‌و، سیر، سرکه، سەوزی که ئەوانه پەیوەندیان به سڵامەتی و سروریان زیاتر هەیه.
بڕێک لە سەردارانی عەڕەب کە له ئێران دامەزراون لە ساسانیەکان زیاتر گرنگیان به نەورۆز داوه. یەخسیر و دیلیان لە نەورۆزدا ئازاد کردوه. هێندێک ئاڵوگۆڕی باشیان لە نەریته خوڕافیەکاندا گونجاندوه و سرنجی خەڵکیان زۆرتر بۆ لای سروشت و ئاڵوگۆڕ لە ژیاندا راکێشاوه.
نەورۆز لە روانگەی ئیسلامەوه
نەورۆز یان رۆژی نوێ یەکەم رۆژی جێگیربوونی خۆر لە بورجی حەمەل و سەری ساڵی هەتاوی و دەست پێکردنی بەهار کە بریتیه لە قۆناغێکی گوێستنەوەی کەش و هەوا و تێپەڕبوونی سارد‌و سەرما به تایبەت لە مەڵبەنده کوێستانیەکان وە نیوەی باکووری ئێران و وڵاتانی هاوچەشنی کە ئەوەش بە هۆی خولی تایبەتی دام و دەزگای ئەو مەنزوومەی که گۆی زەوی تێدایه که سرنجی روناکبیران بۆ یاسا‌و نیزامی کائنات رادەکێشێ که پەروەردگار رێکیخستووه بۆ بەشەرییەتی رام کردووه “و سخرلکم الیل و النهار و الشمس و النجوم مسخرات بامره ان فی ذلک لآیات لقوم یعقلون” نحل/۱۲٫ وە لەو رۆژەوه وەگەڕ کەوتووه له نەزم و مەسیر و مەداری خۆی لای نەداوه که زانایان دەڵێن تەنیا لەو سەد ساڵەی رابردوودا چرکەیەک (ثانیه) لە چاو گەڕانی هەمیشەیی وەدوا کەوتووه.
خواوەند کە تەکلیفی تاعەت و حیساب و کیتابی مێژوو تەمەن و تەرتیبی کار‌و باری لێ ویستووین رۆژمێرێکی ئاوا دروست و دەقیقی بۆ تەرخان کردووین تا به سەهوو نەچین “هوالذی جعل الشمس ضیا‌ء والقمر نورا و قدره منازل لتعلموا عدد السنین و الحساب … ” یوسن/۵٫ زاتێکی وایه کە رۆژ بە سەرچاەی رووناکی و مانگ بۆ شەبەق دانەوه لە جێی و مەداری خۆیان بوخلێنەوه بۆ ئەوەی ژومارەی ساڵ و کاتەکان بزانن.
“والشمس و القمر بحسبان” رحمن/۵٫ رۆژو مانگ لە رووی حیساب و یاسا ئیش دەکەن و بێهووده ناسووڕێن.
سرای آفرینش سرسری نیست زمین و آسمان بی داوری نیست
کات و زەمان یەکێک لە گرنگترین پرسیارەکانی رۆژی قیامەتەو به نرخترین شتی ئێمەیه و هەر کاتێک تێپەڕبوو به هیچ مەزندەیەک ناگەڕێتەوه. جیا لەوه شوێنەواری کردگاری زانا لەو دام و دەزگا سروشتیه ئینسانی ژیر‌و شارەزا وەک مەنزومەکان دێنێته سه‌ر مه‌سیر و مه‌دارێک که بۆی ته‌رخان کراوه.
به ناوی ئه‌و خوایه له عاله‌می زل | میلیۆنها کوره‌ی هێناوه‌ته خول ] |
|
بیلیۆنها بیلیۆن مه‌نزومه‌ی ره‌خشان | میلیۆنها میلیۆن حه‌ڵقه‌ی که‌هکه‌شان | |
هاتوچۆو نه‌زمی مه‌نزوومه‌کانی | کافیه بۆ ده‌رکی گه‌وره‌یی شانی ] |
له لایه‌کی که‌وه جۆرێکی گه‌ڕانی زه‌وی ته‌رخان کردوه که وه‌رزو فه‌سڵه‌کانی ساڵ به مه‌به‌سته‌کانی جۆراوجۆری ژیان له گۆڕاندابن. له قورئانی پیرۆزدا ئاماژه به چه‌ند جۆر خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا ده‌کات. بۆ ئه‌وه‌ی تیشک و تینی خۆر هه‌ر وه‌رزه‌ی له به‌شێکی زه‌وی کاریگهرتربێ و له به‌شه‌کانی دیکه مه‌به‌سته‌کانی تری به‌شه‌رییه‌ت بێته دی و لایه‌نه‌کانی پیشه‌یی و ئیشه تایبه‌تیه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی و کۆمه‌ڵایه‌تی و نێونه‌ته‌وه‌یی جێ به جێ بێ له شوێنێک ده‌فه‌رموێ ” رب المشرق و المغرب” له شوێنێکی دیکه ده‌فه‌رموێ ” رب المشرقین و رب المغربین” واته خودای دو خۆرهه‌ڵات و دو خۆر ئاوا. له لایه‌ک ده‌فه‌رموێ “رب المشارق و المغارب” په‌روه‌ردگاری خۆرهه‌ڵاته‌کان و خۆرئاواکان. که هه‌رکاته‌ی له وڵاتێک خۆر ده‌رده‌که‌وێ و له وڵاتێکی که ون ده‌بێ جیا له‌وه‌ی زانایان ده‌ڵێن تۆپ بوون و کووره‌یی بوونی زه‌وی ده‌گه‌یه‌نێ. ئاماژه به‌و بورجانه‌ش که خۆریان تێدا جێگیر ده‌بێ که سوێندیشیان پێده‌خوا ” والسماء ذات البروج” واته سوێند به ئاسمان و بورجه‌کانی.
دیاره خۆر به پێی زانایانی ئیسلامی وه‌ک خه‌ییام و ئیبنی سینا و … دوای تێکۆشانێکی زۆر ئه‌و دوانزده مه‌نزڵه‌ی خۆریان نیشانهکردو به پێی شکڵ و روخساری پێک هاتنی ئه‌ستێره‌و شوێنه‌کان ۱۲ نێویان لێناون وهل حمل، ثور، جوزا، سرطان، اسد، سنبله، میزان، عقرب، قوص، جدی، دلو، حوت. ئه‌بوو نه‌سر له شێعرێکدا کۆی کردوونه‌وه:
برجها دیدم که از مشرق برآوردند سر | جمله در تسبیح و در تجلیل حیلایموت | |
چون حمل چون ثور چون جوزا سرطاو و اسد | سنبله میزان و عقرب قوس و جدی و دلو و حوت |
جا خۆر که ده‌که‌وێته بورج و مه‌نزڵی حهمهلهوه و سه‌ره‌تای ساڵی هه‌تاوییه، شوێنه‌واری له سه‌ر که‌ش و هه‌وا و به‌ره‌و به‌هار ده‌چێ گرنگی بۆ جوتیاران و ئاژه‌ڵداران و کاسبکارانی ئه‌و ناوچه تایبه‌تیانه هه‌یه‌و راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به ژیان و له‌ش و که‌ش و هه‌وا هه‌یه و له هاتوچۆی وه‌رزێران و چینه‌کانی دیکه کاریگه‌ری هه‌یه.
ره‌سوڵی خودا (د.خ) فه‌رموویه‌تی الزارعون کنوز الامه. واته وه‌رزێران گه‌نج و خه‌زێنه‌ی ئوممه‌تن. هه‌ر وه‌هاش له‌به‌ر ئەوەی راستەوخۆ لەگەڵ خاک و ئاو و خۆر و باو باران پێوەندیان هەیه و لایەنی رۆحی و جیسمیان ساغترو هەم لەبەر ئەوەی پێداویستیەکانی زۆر لە چینەکانی دیکەی کۆمەڵگا به دەستی وان وەبەر دێ وەک مامۆستا هێمن دەڵێ:
من جوتیارم من جوتیارم ] |
من لەگەڵ هەتاو هاوکارم | |
من به عارەق و ئەو بەتین | دامانڕشتۆ بناغەی ژین | |
باسکی من و تیشکی ئەوی ] |
بژێوی دەستێنێ لە زەوی ] |
|
گەر هەتاو تیشک ناوێژێ ] |
گەر جوتیار عارەق نەڕێژێ | |
دانیشتووی نێو کۆشک و قەڵا | ناخۆن نانی گەڵا گەڵا |
لە لایەکی دیکه بەهار وەرزی تازە بوونەوەی نەقش و نیگاری ئافەریدەگار و بە گوڵ و گیا‌و سەوزەڵانی وڵات دەڕازێتەوه که هەر گوڵ و گیایەک بەڵگەی حاشاهەڵنەگری یەزدانی پاکه و نیشانەکانی خوا لە ئاسمان و زەوی خۆیان دەنوێنن وەک شاعیر دەڵێ:
خوایه ئەوانەی کە بێ باوەڕن ] |
هیچیان نەدیوه وا هەڵه وەرن | |
ئەگینا سەیری باغێکی گوڵ کەن ] |
تەماشایەکی به عەقڵ و دڵ کەن ] |
|
ئەو رەنگه جوانەی پەرەی هەر جایی ] |
بە زەڕڕەبینی تیشکی بینایی | |
لێی وردەبینەوه کە ئەو سەنعەته | کێ دەڵێ زادەی خووی تەبیعەته؟ ]]] |
|
گەڵای گوڵ پەسەند کام مەقەست بووی ] |
پەرده عەرووسی کێی پەردەی دڕی ] |
|
کێ هات لاولاوی بەدارا هاڵاند | کام دەست گەردنی وەنەوشەی شکاند |
و شاعر دیگر گفته:
چه زیبا نگاری است فصل بهار سراسر پرداز صحنه ی کردگار
بەڕاستی بەهار وەرزی بیرکردنەوەو سەیری هونەرو جوانی نەقشی خودایه و دەبێ وێڕای سروشت رەنگی دینی خودا به خۆمانەوه بگرین. بۆ ئەو کەسانە بەهار جێژنێکی هەمەلایەنه کە بەهارو نەورۆز بە هەلێک دەخوازنەوه. تین و گوڕی تێکۆشان و بووژانەوه و تازه بوونەوەی تێدا بەدی بێنن و بەڵێنی لە خودای سروشت و بەندەکانی تازە بکەنەوه کەندو کۆسپی دینی و میللی وەلانێن. ئەوانەی کە بە بۆنەی دینەکانی پێشوو جێژن دەگرن پێویسته بزانن زۆر لە ئاداب و نەریتی قەومی پێغەمبەرانی پێشوو تایبەتی ئەوکات بووه و لە ئیسلامدا کە پێگەیشتووترینی وانه ئەوی پێویست بێ ئاماژەی پێکراوەتەوه و ئەوی تایبەتی دینەکانی پێشوو بێ کە دەوریان بە سەر چووه نەسخ کراوه و هەڵوەشاوەتەوه.
بۆ موسوڵمان و ئینسانی ژیری ئەو سەردەمەی ئێستا رەوا نییه گیرۆدەی خووخدەی بێکەڵکی کۆن کەوێ چونکه دینەکان پلە به پلە هاتوونە سەر قانوون به یاسا‌و دینێکی پێشکەوتوو خوازی وەک ئیسلام. ئەوانەش کە دەڵێن جێژنی سەرکەوتنی کاوە بە سەر زوحاک دایه بزانن کە بەربەرەکانی زوحاکەکانی ئەوڕٶکە دژی تێگەیشتن و پێگەیشتنی نەتەوەکانی جیهانی سێهەمن وەک کاوە دژی ستەمی دینی و نەتەوەیی و ئابووری و رامیاری و … راپەڕن و لە سەر خۆیانی لابەرن نەک به داب و نەریتی دوور لە شارستانییەت لاسای بێ مانای ئەم و ئەو بکەنەوه.
به داخەوه نەورۆز و بەهار هەلێکه بۆ هەڵپەرستان بۆ چەوساندنەوەو روتاندنەوەی کریارو موشتەری و ئەوەش دەگەڕێتەوه سەر جەماوەر که وەشوێن مۆد و نەریتی ناپەسەند و دوور لە زانست نەکەون، نابێ رێوڕەسمی خوڕافی و باتڵ کە زۆرتر جیاوازی چینەکان و بنەماڵەکان وەدەردەخا نالێکی و ناڕێکی زۆرتر ئاشکرا دەبێ بایەخی پێ بدەن. بە هاتنی نەورۆز دڵەخورپه دەکەوێته دڵی زۆر لەو بنەماڵانە کە لە لایەک ناتوانن شان به شانی چینەکانی سەرەوه بۆ ماوەی نیومانگ رابوێرن و لە لایەکیش هەناسەی به جێماوی و داماوی دەیانتوێنێتەوه.
بێجگه لەوەش ئەو تەقەمەنی و سووتەمەنیانه کە هەموو ساڵێ چەندین بنەماڵه داخ دا و زام دار دەکەن دیاردەی بەناو نەورۆزن کە جێژن دەکەن به بیرەوەری تاڵ و کاتی پەژارەو داچڵەکان. داچڵەکانی ئافرەت و منداڵی شیرەخۆره و پیری لەرزۆک لە دیاردەکانی ئەوجۆرە رێوڕەسمی نالەبارن کە گوناهێکی نەبەخشراون.
دوکەڵ و ئاور کە مەترسی بۆ سروشت و ژینگەی وڵاته جوانەکەمان زۆر بەر چاوه ئاسەواری نالەباری تا ماوەیەکی زۆر لە سەر مرۆڤ و گیانلەبەران دەمێنێ. ئەو ژینگه جوانه کە خەڵاتی خالقەو بەهاتنی بەهار به خاوێنی کەڵکی لێوەرگرین نەک بێ حورمەتی پێ بکەین و دارایی و سامانی و ئاسایشی خۆمان به فیڕۆ بدەین بەڵکو دەبێ نەورۆز موژدەی پاکی و رووناکی و چالاکی بێ.
ساڵ سوڕایەوە کاتی بەهاره کاتی هەڵمەت و کۆشین و کاره
سەرچاوەکان:
نەورۆزنامەی محمدعبدالرحمن زنگنه،
نەورۆزو گاهشووماری ئێران عبدالعظیم رضایی کە ئەویش لەو سەر چاوانەی خوارەوه کەڵکی وەرگرتووه
الرساله النوروزیه، ابن سینا،کشف الظنون
کتاب النیروز، ابن فارس، برهان قاطع
نهایهالادب المعرب للجوالیقی، شاهانه
اثارالباقیه، بیرونی، ایران در عهد باستان
الازمنه و الامکنه، مروج الذهب، مسعودی
التاج للجاحظ
نوسه ر: عەبدوڵڵا حەسەن زادە- رەبەت