تاریخ

سۆزێک لە دووری خاڵی ئازیزم

*خالی خوشه ویستم خوالیخوشبو کاک جلیل محمدیان سالیک له وه پیش به هوی روداوی هاتوچو – تصادف – گیانی پاکی له ده ست دا .

هەر لەو کاتەی کە چاوم کردەوە و کەسەکانی دەورووبەرم ناسین، جگە لە دەستی میهرەبانی دایک و بابی دڵسۆزم، دەستێکی تریش بەردەوام لەسەر سەرم بوو، دەستێکی میهرەبان پڕ لە سۆز و خۆشەویستی کە پڕ بە دڵ ئارامی پێ دەبەخشیم، دەستێکی میهرەبان کە وەک چیایەکی بەرز و ڕاوەستاو لە پشتم بوو, لە هەمبەر کێشە و گرفتی ژیان، کۆڵەکە بوو لە ژیانمدا.
ئەو دەستە سۆزدارەی کە بە هێزەوە لەسەر شانمی دادەنا و فێری وانەی ژیانی دەکردم، فێری خۆشەویستی و مرۆڤ دۆستی دەکردم … ئەو دەستە, دەستی میهرەبان و دڵسۆزی خاڵە جەلیلم بوو.
ئەو کەسەی کاتێک قاوم لێ دەکرد خاڵە گیان؛ بە عیشقەوە ئاوڕووی وێدەدام و نیگا میهرەبانەکانی بۆ ئارامی دڵم بەس بوون.
خاڵە جەلیلم کەسێک بوو کە تەنیا تۆوی خۆشەویستی و چاکەکاری لە دڵەکاندا دادەچاند.
من هەر لە مناڵیوە لە ژێر چەتری خۆشەویستی خاڵی ئازیزم فێری وانەی ژیان، دینداری و مرۆڤایەتی بووم، هەرچەند ڕەنگە من قوتابییەکی شیاوی ئەو مەزنە پیاوە نەبم، بەڵام شانازی دەکەم کە مامۆستای ژیانم خاڵە جەلیلم بوو.
کەسێک کە تەنیا بە خۆشەویستی خۆی و ڕەوشتی بەرز و کرداری جوامێرانەی تۆوی دینداری لە دڵدا ڕواندم.
من مناڵ بووم و سەرم دەرنەدەکرد لە دینداری، نەمدەزانی چییە حیکمەت باڵاپۆشی، بەس ئەوەندەم دەزانی خاڵم دین دۆست و ئایین پەروەر بوو و داوای دەکرد لە کچەکانمان کە حیجاب بپۆشن، فەرمانی پەروەردگار بەجێ بێنن.
خۆشەویستی ئەو بۆ منی تەمەن ۸ , ۷ ساڵ بەس بوو کە ئەوینداری ڕێبازی ئەو بم، بە باڵا پۆشیم شادی کەم، پڕ بە دڵ خۆشەویستیم بۆی بنوێنم.
خۆ من نەمدەناسی خوای بانی سەر، خاڵم پێی ناساندم زاتی پاکی تاک و بێ شەریکی و…
خاڵی ئازیزم هەڤینداری عیلم و زانست، شادمان لە سەرکەوتنی گەنجان و قوتابیان بوو.
بەردەوام ئاواتەخوازی سەربەرزیمان بوو و بە هاندان و دڵگەرمی، ماندوویی لە دڵ دەردەکردین.
هەر لەسەرەتای قوتابخانەم تا دەرچوون لە زانکۆ پاڵپشت و هاندەرمان بوو.
خاڵم مەزنە پیاوێکی دڵسۆز کە لە هەموو ساتەکانی ژیانمدا ڕوڵی هەبوو.
هاوڕێم بوو: نزیکترین هاوڕێ کە تێدەگەیشت لە ناخی دڵ، بە زمانی شیرین و قسەی پڕمیهری، وێنەی هاوتەمەنم خۆی دەنواند، بۆیە دەتوانم بڵێم لە مناڵیوە لەگەڵم گەورە بوو.
هاوڕازم بوو: کەسێکی جێ متمانە کە هەموو نەهێنییەک لای دەمایەوه بە پنهانی.
ڕاوێژکارم بوو: ڕاوێژکارێکی دڵسۆز کە بە پشوودرێژی و وردی گوێی لێ دەگرتم، بە تێگەیشتنێکی قوڵ و لێکدانەوەیەکی هەمە لایەن بۆی ڕوون دەکردمەوه چاکە و خراپە، وێنەی چرایەکی گەش ڕێگای نیشان دەدام، دوبارە ڕێزی دەگرتەوه لە بڕیارم و دەیگوت من پشتت بەرنادەم لە هیچ لاوە.
بەڵێ خاڵە جەلیلم مامۆستام بوو, بەڵام نەک تەنیا بە قسە، بەڵکو بە کردەوە فێری کردم مانای خوا پەرستی، چۆنیەتی ژیان و دڵ بەستن بە قوڕئان و ڕێز گرتن لە مرۆڤایەتی.
بە دڵی پاک و بەسۆزی لە باوەشی دەگرتم، هەرکات خەم دایدەگرتم بە دوو وشەی شیرین و بزەی سەر لێوی خەم و پەژارەی لەسەر دڵ دەردەکردم.
بەڕادەیەک لە ژیانم دا ڕۆڵی هەبوو کە هەرچەند لێی بڵێم کۆتایی پێ نایەت ئەگەر چی پەرتوکێک لە ئاکارە جوان و بەرزەکان و دڵسۆزییەکانی بنووسم.
ئەو نیعمەته تەنیا بۆ من نەبوو, دەیان کەس لە ژێر کاریگەری ئەو گەورە پیاوە پێگەیشتن و هەر کەسە جۆرێک بیرەوەری لێ دەگێڕیتەوە.
خاڵە جەلیلی خۆشەویستم بەردەوام خەریک خزمەت بوو، لای ئەو هەژار و دەوڵەمەند، پیر و جەوان، خزم و بێگانە وەک یەک بوو. کەسم نەدیت بێ هیوا لای بگەڕێتەوه، تەنانەت ئەگەر هیچی لەدەست نەهاتبا بە زمانی شیرین و وشەی بەنرخی هاودەردی دەکرد لەگەڵی.
پیاوی کردەوە بوو بۆ خزمەت بە مرۆڤایەتی ماندوو بوو. ڕووناک بیر و خاوەن فکرێکی بڵاو و بێ سنوور بوو. تێڕوانینی لە ئاستی جیهانی بوو، سنووردار بە فکر و تەیار، یا ناوچه و گەلێک نەبوو، ڕێزی لە هەموو مرۆڤێک و فکر و ئایینێک دەگرت.
تەنانەت ئاژەڵانیش لای ئەو خاوەن ڕێز و ڕوحیانیەتی تایبەت بوون.
ڕێزی زۆر لە مناڵ دەگرت و دەیگوت مناڵ دڵی پاک و ڕوحی بەرز و دوور لە رک و خەشمە و مناڵی ئێستا کەسایەتی داهاتوویە.
لەگەڵ گەنج، گەنجانە هەڵسوکەوتی دەکرد، ڕێزی پیری ڕیش‌سپی لەسەر سەر و سەر چاو بوو.
بە بڕوای ئەو هەموو مرۆڤێک کەسایەتی تایبەتی خۆی هەیە و پێویستە ڕێزی لێ بگیردرێت، خۆی کەمتر لە هەموو کەس دادەنا، خاکەڕا و بێ دەمار بوو.
مرۆڤایەتی لای خاڵە جەلیلم بانتر لەهەر شتێک بوو، تەنیا ڕەخنەی لە کەسێک دەگرت کە ئامادەی خزمەتگوزاری بۆ مرۆڤایەتی نەبوو.

خاڵە جەلیلم ئازا و نەترس بوو، لە ڕاستی ژیان تێگەیشتبوو، زۆر بەئاسایی دەیڕوانییە بەسەرهات و ڕووداوەکانی ژیان، مردن و لێ قەومان زۆر لای ئاسایی بوو، زۆر جار کە ڕووداوێکی ناخۆش دەهاتە پێش یا ئازیزێک کۆچی دوایی دەکرد، خاڵی ئازیزم هێمنی دەبەخشی بە دڵەکان و دەیگوت ئەوانه لەو دنیایە زۆر ئاساییە و ڕۆژێک دێت منیش دەمرم و خوا دایناوە کە چیمان بەسەر دێت، تەنیا دەبێ پشوو درێژ بین و لە ڕێی بەندایەتی خوا لانەدەین.
و ئهوڕۆ بەو ڕاستیانە گەیشتین کە دنیا تەنیا ساتێکی کورت بۆ تاقی کردنەوە و تێکۆشانه.
فێری کردین دنیا ساتێکی کورتە چ خۆش بێت یا ناخۆش وەک با دێت و دەڕوات، کەواتە بەردەوام با ئامادەی خزمەت بین.
تەنانەت لەو ساتە ئەستەم و پڕمەینەتییەی ماڵاوایی لە خاڵی خۆشەویستم کە خەم و پەژارە پەردەی کێشاوە بەسەر دڵی شەکەتی هەموومان، شتێک کە بە حەق ئارامی پێ دەبەخشیم هەر یادی قسەکانی ئەو مێرخاسە بوو، که وەک ئەوەی کە زیندوو بێت و وەک هەمیشە دەستی میهرەبانی لەسەر شانم دانێت و پێم بڵێت کە هێزانی و بەردەوامی پێداویستی گەیشتن بە ئامانجی ژیانە… هەر بەم چەشنە یادەکەشی ئارامی بە دڵ دەبەخشیم، ئامۆژگارییەکانی مەرهەمی برینی دڵ بوو. هەزاران سپاس بۆ خوای گەورە و دڵۆڤان.
لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی ئەو پیاوە مەزنە، میوانداری و غەریبەنەوازی بێ وێنەی بوو. سفرەی خوانی هەموو کەس بوو، هەژار و دەوڵەمەند، خزم و بێگانە لەسەر سفرەی یەک جۆر میوانداریان لێدەکرا، ئیبڕاهیم ئاسا میوانداری دەکرد و گەر دوو ڕۆژ میوانی نەبایە دڵی تاقەت نەدەهێنا و دەچوو کەسێکی بانگهێشتی سفرەی ڕازاوەی دڵی دەکرد.
خاڵە جەلیلی جوان و شۆخ و شەنگم لەو ساتەدا دەژیا کە تێیدابوو، نە خەمی ڕابردوو و نە ترسی داهاتووی هەبوو. جوانترین لیباسەکانی لەبەر دەکرد و زۆر شایی بەخۆیی بوو. بەردەوام بۆنی خۆشی لێدەهات و لە باشترین نیعمەتەکانی بەردەستی کەڵکی وەردەگرت و لە هەمان کاتدا قانع و سپاسگوزار بوو.
لە خزمەت خێزان و مناڵەکانی دابوو و بەردەوام لەگەڵیان دەم بە پێکەنین و ڕوو خۆش بوو و ئەرکی سەرشانی بەرامبەر بەجێ دەهێنان.
پیاوێکی دڵسۆز و بێ ڕیا کە تەنیا مەبەستی ڕەزامەندی خوای تاقانە بوو و گرینگی بە دەست خۆشانەی کەس نەدەدا و چاوەڕێی قەرەبووی چاکەی لەکەس نەبوو. لە هیچ چاکەیەک چاو پۆشی نەدەکرد و کەسی لە خزمەتەکانی خۆی بێ هیوا نەدەکرد.
بەڵام ئێستا کاتی ماڵئاوایی لە خاڵە ئازیزەکەمە، خاڵی خۆشەویستم کە تەمەنی نەگەیشتبوو بە ۵۰ ساڵ دوای هەموو سەختی و تێکۆشان و مەینەتی ژیان، لە سەفەرێکی بۆ تاران و تەورێز, لە ڕێگای گەڕانەوە لە تەورێز تووشی ڕووداوی هات و چۆ دەبێت و لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانی کە خەڵکی عێڕاق بوو و بۆ یەکەم جار بوو هاتبوو بۆ ئێران گیانی لەدەست دەدات و دەگەڕێتەوە بەرەو بارەگای خوای مەزن.
خاڵە ئازیزەکەم کە مەودایەکی زۆر لە ژیانی لە ڕێگای ئەو شار بۆ ئەو شار بۆ خزمەتی دۆست و ئاشنا و بێگانە بەسەر برد و حەسانەوەی بە خۆوە نەدیت، ئەو جارەیان دوایین سەفەری بوو و بۆ هەمیشە حەسایەوه.
و شەوی سێ شەممە لە شەوێکی زۆر ساردی زستاندا، سەدان کەس لە ژن و پیاو بە دڵی پڕ لە خەم چاوەڕێی تەرمی پیرۆزیان دەکرد تا بۆ زێدی خۆی بگەڕێتەوه.
چۆنییەتی گەڕانەوە و هەستی دڵەکانی چاوەڕوان و کۆتا ماڵاوایی خاڵە نازەنینەکەم کە لەسەر دارە مەیت بۆ حەوشی ماڵەکەیان هێنایەوە و بۆ چەند ساتێک چووینە سەری و خواحافیزیمان لێی کرد، لە باس نایەت و هیچ وشەیەک توانای پێناسە و گێڕانەوەی هەستی خەمباری ئەو ساتەی دڵەکانی نییە کە چەندە ساتێکی دڵتەزێن و ئەستەم بوو.
هەڵبەت هاوخەمی و هاودەردی بەشدار بووان لە ژنان و پیاوان جێی سپاسە کە هەموویان شەریکی خەممان بوون،خوای گەورە لە هەموولایەک ڕازی بێت و خاڵی ئازیزم بە بەهەشتی بەرین شاد بکات.

دوای یەک ساڵ له کۆچی دوایی خاڵە جەلیلم:

خاڵە گیان وا ئێستا ساڵێک
تێپەڕی بەسەر ماڵاواییت
و یادت بۆ چرکه ساتێ نەچووە لە یادم
هێندێک جار قەست دەکەم
بێمە سەر گۆڕت، تێر تێر دانیشم
هەڵیڕیژم هەرچی لە ناو دڵم دایە
بەس بە یادی جاران….
بەڵام خاڵە گیان
زیاتر لەوەی هەست بکەم بە وجودت
لە ژێر ئەو خاکە کپ و ماتەدا،
هەست دەکەم بە یادت لە ناو دڵمدا
خاڵە گیان قەت لەبیرم ناچێت
دڵنەواییەکانت
ئامۆژگارییە جوانەکەنت
خەندەی سەر لێوانت
خەم و پەژارە شاراوەکەی ناو سینەت

خاڵە گیان تۆ دەمێکە ڕۆیشتووی
و یادت تەنیا بۆ ساتێ ناچێ لە یادم
یادت لە هەموو ژیانم‌دا ڕەنگی داوەتەوە
هەرکات خەم دامدەگریت
ئەسرین دەبارێ لە چاوانم
یادت دەبێتە مەرهەمی دڵی بریندارم
یادی وتە ناوازەکانت
چەنێ هێزم پێ دەبەخشیت!
خاڵە گیان بەڵام بزانە زۆر بیرت دەکەم
دڵم تامەزرۆی دیدارە
و مەودایەک ها لە نێوانمان
خاڵە گیان زۆرت بیر دەکەم
بیری ئەو کاتانەی سەرم دەخستە سر شانت
دەستت دەگرتم دەتبردمەی دنیایەک لە جوانی
میهرەبانی
بەندایەتی
هیوا و متمانە
زۆرت بیر دەکەم زۆر …..

ئێستا کە لێم دووری
دەستی میهرەبانیت نییە بەسەرما
بزەی لێوت نییە زامی برینی ناخم بێت
بە یادت لە نێو دڵم دا ئۆقرە دەگرم
کە هەردەم پێت دەگوتم
ئازا و بوێر بە
لە یاری ژیاندا
هەمیشە بە مەیلی تۆ نابێت
بەڵام تۆ بەردەوام بە
مەترسە و خۆت بە
ورەت بەرز و متمانە بە خوا بە

خاڵە گیان سپاست دەکەم کە
تۆ بووی خوات پێ ناساندم
قوڕئانت کردە هاودەم و هاوڕێم
لەگەڵ دنیای جوانی ئاشنات کردم
خاڵە گیان سپاست دەکەم
کە تۆ بووی فێڕت کردم
چۆنە بەندایەتی
چۆنە مرۆڤایەتی

خاڵەگیان
هەرچەند نازانم
نازانم ئێستا لە چ حاڵ دای
نازانم خوای بانی سەرمان
خوای ڕەحیم و ڕەحمان
خوای دەهەندەی دڵۆڤان
چی کردۆتە نسیبت؟
بەس من داوا دەکەم لە خوای میهرەبان
جێت خۆش بکات بە لوتفی پاکی
لێت خۆش بێت لە گوناح و تاوان
ماڵت لای خوا، لەبەهەشتی خوا و لەگەڵ خۆشەویستانی خوا بێت.

خاڵە گیان هیوادارم توێشووی تەواوت لەو سەفەرە لەگەڵ خۆت بردبێت و بەفەزڵ و گەورەیی خوا کاتی حەسانەوە و ڕابواردنت بێت.

ئامین

خوشکه زای دلته زیو و به په روشت : کلثوم حسن زاده

نمایش بیشتر

کلثوم حسن زاده

@@نویسنده و مترجم و شاعر ایران - آذربایجان غربی - سردشت

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا