سێ مۆری سه‌ر پاسپۆڕتی چوونه به‌هه‌شت
کاتێ ئه‌و سێ مۆره به‌سه‌ر پاسپۆڕتی چوونه به‌هه‌شتی هه‌ر که‌سێکه‌وه هه‌بێ، چوونه ناوی زۆر ئاسانه. ئه‌و سێ مۆره بریتین له سێ پێناسه‌ی:
ته‌قی … نه‌قی … خه‌فی
و که‌سانێک که خاوه‌ن ئه‌و سێ مۆره یا پێناسه بن، پێیان ده‌وترێ:
ئه‌تقیا … ئه‌نقیا … ئه‌خفیا
ته‌قی:
واته پارێزکاری و له خواترسان. واته خۆت بپارێزی له نافه‌رمانی خوای گه‌وره. هه‌رچی ئه‌مری پێ کردبووی، به جوانی به‌جێی بێنی و له فه‌رمانی ده‌رنه‌چی و له هه‌رچی قه‌ده‌غه‌ی کردبووی، خۆی لێ بپارێزی.
له هه‌ر کار و پیشه‌یه‌ک بی، ته‌قوای خوای گه‌وره‌ت له دڵدا بێ. گه‌ر ده‌سه‌ڵاتداری و به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کدا حکومه‌ت ده‌که‌ی، پارێزکار به و خیانه‌ت له مافی هیچ که‌س مه‌که و دادپه‌روه‌رانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا بکه. گه‌ر کرێکاری به باشترین شێوه کاره‌که‌ت بکه و که‌متر له موچه‌که‌ت کار مه‌که. گه‌ر مامۆستای قوتابخانه‌ی به جوانی و دڵسۆزانه وانه‌که‌ت بڵێوه و ته‌نیا کات به‌سه‌ر مه‌به، بزانه خوای گه‌وره ئاگادارته. گه‌ر دوکانداری غه‌ل و غه‌شت نه‌بێ له پێوانه‌کردندا و پارێزکارانه کڕێن و فرۆشتن بکه؛ شتی کۆن به تازه و خراب به باش مه‌فرۆشه و ته‌قوای ناو دڵت ئیزنی گه‌نده‌ڵیت پێ نه‌دات. گه‌ر خاتوونێکی و ماڵداری ده‌که‌ی، ترسی خوات هه‌بێ و ئه‌رکت به خاتری خوا به باشترین شێوه به جێ بێنه. گه‌ر دایکی یا باب، ژنی یا پیاو، ژێرده‌ستی یا ده‌سه‌ڵاتدار، هه‌ژاری یا ده‌وڵه‌مه‌ند، دڵت به پێناسه‌ی جوانی پارێزکاری بڕازێنه‌وه، دڵنیا به سه‌رکه‌وتوو ده‌بی.
له‌ڕاستیدا په‌یامی هه‌موو پێغه‌مبه‌ران بۆ گه‌له‌که‌یان هه‌ر ئه‌وه بووه که خوای گه‌وره عیباده‌ت بکه‌ن و پارێزکار بن. هه‌ر وه‌ک حه‌زره‌تی نوح به گه‌له‌که‌ی ده‌فه‌رموێت:
«قَالَ یَا قَومِ إِنِّی لَکُم نَذِیرٌ مُّبِینٌ * أَنِ اعبُدُوا اللهَ وَاتَّقُوهُ وَ أَطِیعُونَ» (نوح:٢و٣)
واته: «(نوح) وتی: قه‌وم و هۆز و گه‌لم؛ من بێگومان بێدارکه‌ره‌وه‌یه‌کی ئاشکرام بۆتان. داواتان لێ ده‌که‌م که: هه‌ر خوا بپه‌رستن و له خه‌شم و قینیی خۆتان بپارێزن و پارێزکار بن و فه‌رمانبه‌رداری منیش بن.»
هه‌روه‌ها له سوڕه‌تی شوعه‌ڕاءدا باس له به‌سه‌رهاتی پێغه‌مبه‌ر مووسا، ئیبڕاهیم، نوح، هود، ساڵح، لووت و شوعه‌یب ده‌کات که هه‌موویان گه‌ل و هۆزه‌که‌یان به‌ره‌و عیباده‌ت و په‌رستشی خوای گه‌وره و ته‌قوای خوا بانگه‌شه ده‌کرد.
«قَومَ فِرعَونَ أَلَا یَتَّقُونَ» (شوعه‌ڕاء:١١)
واته: «(خوای گه‌وره مو‌سا ده‌نێریت بۆ لای هۆزێکی سته‌مکار) که هۆزی فیرعه‌ونه… که پێیان بڵێت: ئایا له خوا ناترسن؟ پارێزکار نابن؟»
«فَاتَّقُوا اللهَ وَ أَطِیعُونَ» (شوعه‌ڕاء:١٠٨-١١٠-١٢۶-١٣١-١۴۴-١۵٠-١۶٣-١٧٩)
واته: «که‌وابوو له خوا بترسێن و فه‌رمانبه‌رداری من بکه‌ن.»
له زۆر شوێنی دی قوڕئانی پیرۆز بانگمان ده‌کات که پارێزکار بین، چونکه ئه‌گه‌ر پارێزکار بین ئه‌وه ده‌رگای ڕه‌حمه‌تی خوای گه‌وره‌مان بۆ ده‌کرێته‌وه، ته‌نانه‌ت له ڕێگایێکه‌وه که بیریشمان لێ نه‌کردۆته‌وه:
«… وَ مَن یَتَّقِ اللهَ یَجعَل لَّهُ مَخرَجًا … وَ مَن یَتَّقِ اللهَ یَجعَل لَّهُ مِن أَمرِهِ یُسرًا … » (ته‌ڵاق:٢و۴)
واته: «جا ئه‌وه‌ی له خوا بترسێت و پارێزکار بێت، ئه‌وه خوا ده‌رووی لێ ده‌کاته‌وه … جا ئه‌وه‌ی له خوا بترسێت و پارێزکار بێت، ئه‌وه خوا کاری بۆ ئاسان ده‌کات.»
پارێزکاری وه‌ک کلیدێک وایه که ده‌رگای چاکه‌کان ده‌کاته‌وه و ده‌رگای خراپه‌کان داده‌خات. چونکه پارێزکاری وات لێ ده‌کات که هه‌وڵ بده‌ی هه‌رچی خوا فه‌رمانی پێ کردووه به کردن، بیکه‌ی و له هه‌رچی خراپه و تاوانێک که خوا نه‌هی لێ کردبین خۆی لێ بپارێزی.
که‌واته با خۆمان به‌و سیفه‌ت جوان و شایسته‌یه بڕازێنینه‌وه که له دونیا و دواڕۆژ ده‌بێته هۆی ڕزگاری و به‌خته‌وه‌ریمان و گه‌ر پارێزکار بین، ئه‌وه به هه‌موو سیفاتی بڕواداران ده‌گه‌ین.
نه‌قی:
واته خاوه‌ن دڵێکی پاک، دڵێکی بێ‌غه‌ش و کین و بوغز و غه‌ره‌ز. واته خۆشی هه‌موو که‌سی پێ خۆش بێت و ناخۆشی هه‌موو که‌سی پێ ناخۆش بێت. دڵێک که به ساکاری لێده‌بوورێ، چاوپۆشی ده‌کات و خۆشه‌ویستی ده‌نوێنی. دڵێک که خاوه‌ن ڕه‌حم و به‌زه‌ییه. له ئاست هه‌ڵه‌ی خۆی داوای لێبوردن ده‌کات و له هه‌ڵه‌ی به‌رامبه‌ریشی چاوپۆشی ده‌کات.
ئه‌و دڵه به ڕوانگه‌یه‌کی جوان و ئه‌رێنیی بۆ خه‌ڵک و بۆ ژیان ده‌ڕوانیت و چونکه ڕوانگه‌ی جوانه، تووشی گومانی خراب به‌رامبه‌ر خه‌ڵک نابێ و ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یێکیش بکرێ، ئه‌وه لێی ده‌بوورێ و به عیشقی لێبوورده‌یی خوا، چاوپۆشی ده‌کات.
«وَلیَعفُوا وَلیَصفَحُوا أَلَا تُحِبُّونَ أَن یَغفِرَ اللهُ لَکُم وَاللهُ غَفُورٌ رَّحِیمٌ» (نوور:٢٢)
واته: «ده‌با لێبوورده بن و چاوپۆشی بکه‌ن، مه‌گه‌ر حه‌ز ناکه‌ن خوا لێتان خۆش بێت؟! خوایش هه‌میشه لێخۆش‌بوو و میهره‌بانه.»
که‌سی وا چۆن پێی خۆش نییه خوای گه‌وره لێی خۆش بێت؟! به‌ڵێ بێگومان ده‌یهه‌وێت و هه‌وڵێشی بۆ ده‌دات و بوغز و قینی ناو دڵی به ئه‌وینی لێبورده‌یی خوا ده‌سڕیته‌وه و خۆشه‌ویستی و سۆز و ئه‌وینی نیشته‌جێ ده‌کات. ئه‌و کات ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ی پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان زۆر به جوانی له ژیانیدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه که ده‌فه‌رموێت:
«لا یُؤمِنُ أَحَدُکُم حَتَّی یُحِبُّ لِأَخِیهِ مَا یُحِبُّ لِنَفسِهِ»
واته: «ئیمانی هیچ کام له ئێوه ته‌واو نابێ تا ئه‌وه‌یکه هه‌رچی بۆخۆتان خۆش ده‌وێ، بۆ برای ئیمانیشتان خۆش نه‌وێ.»
هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆکارێک که له زۆرێک له تاوانه‌کانی وه‌ک گومانی خراب، درۆ، ئیره‌یی، خوسپ، بوختان، چاوچنۆکی و ڕژدی و… دوور بکه‌وێته‌وه. چونکه هیچ کام له‌وانه‌ی بۆخۆی پێ خۆش نییه، که‌واته بۆ خوشک و برای بڕواداریشی پێ خۆش نییه و خۆیانی لێ ده‌پارێزیت.
بێگومان ئه‌و دڵه به‌رده‌وام هه‌ست به ئاسووده‌یی و ئارامی ده‌کات، به شێوازێک که ڕه‌نگه به هه‌موو چێژ و خۆشییه‌کانی دونیای نه‌گۆڕیته‌وه. هه‌ر وه‌ک له زانستی ده‌روونناسیش سه‌لمێندراوه، ئه‌و تام و چێژه‌ی که له به‌خشین دایه، له تۆڵه‌دا نییه و ئه‌و ئارامی و ئاسووده‌ییه‌ی که له خۆشه‌ویستی و دۆستایه‌تیدا هه‌یه، له دوژمنایه‌تیدا نییه.
که‌واته گه‌ر بمانهه‌وێ که خاوه‌ن دڵێکی ئارام و ئاسووده بین و له دواڕۆژیش مۆری چوونه به‌هه‌شتمان هه‌بێت، ئه‌وه با دڵمان له ژه‌نگ و ژاری ڕق و قین و بوغز و غه‌ره‌ز خاوێن بکه‌ینه‌وه و نه‌قی بین.
خه‌فی:
واته دڵێکی شاراوه، دڵێکی که به‌شێک له کاره‌کانی به نهێنی بکات. به نهێنی ببه‌خشێت، له تاریکایی شه‌ودا خه‌ریکی زیکر و یادی خوا بێت، چاکه بکات به ده‌ستی ڕاستی بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستی چه‌پی بزانێت. ئه‌و چاکانه‌ی که له ناو ئه‌و دڵه دایه، به‌ته‌نیا خوای ئاگادار به نهێنی و ئاشکرا پێی ده‌زانیت. ئه‌و دڵه‌ی که ڕیایی باوێکی نییه لای.
ئه‌و دڵانه‌ی که حه‌زیان له چاکه‌یه و به بێده‌نگی و تایبه‌ت بۆ خوای گه‌وره‌ی ده‌یکه‌ن، ئه‌وانه هیچ کات زه‌ره‌رمه‌ند نابن. چونکه ئه‌وان ته‌نیا به مه‌به‌ستی ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره ئه‌و کارانه ده‌که‌ن و به ئاشکراکردن و فیزنواندن، پاداشی خێره‌که‌یان که‌م ناکه‌نه‌وه. زۆر به‌سه‌رهاتی جۆراوجۆر گێڕدراوه‌ته‌وه که باس له ده‌ره‌نجامی باشی خه‌فی ده‌کات و خوای گه‌وره‌ش له قوڕئانی پیرۆزدا ئاوا ده‌فه‌رموێت:
«إِنَّ الَِّذِینَ یَتلُونَ کِتَبَ اللهِ وَ أَقَامُوا الصَّلَوَهَ وَ أَنفَقُوا مِمَّا رَزَقنَهُم سِرًّا وَ عَلَانِیَهً یَرجُونَ تِجَرَهً لَّن تَبُورَ» (فاتێر:٢٩)
واته: «به‌ڕاستی ئه‌وانه‌ی که په‌یامی خوا، قوڕئان ده‌خوێننه‌وه و نوێژه‌کانیان به چاکی ئه‌نجام داوه و له‌و ڕزق و ڕۆژی و سامانه جۆراوجۆرانه‌ی پێمان به‌خشیون، به‌خشیویانه، به نهێنی و به ئاشکرا، (به نهێنی بۆ ئه‌وه‌ی ڕیا و ڕووپامایی تێکه‌ڵ نه‌بێت، به ئاشکراش بۆ هاندانی خه‌ڵکی) ئه‌وانه به هیوای بازرگانییه‌ک ئه‌و کاره ده‌که‌ن که هه‌رگیز بێ‌هیوا و زه‌ره‌رمه‌ند نابن.»
له تاریکایی شه‌ودا بێ‌ئه‌وه‌ی که‌س بزانێ هه‌سته و نزا بکه، چه‌نده هه‌ستێکی خۆشه، مه‌یگۆڕه‌وه به خۆشیه‌کانی دونیا. ئه‌گه‌ر چاکه‌یه‌کت کردووه له‌گه‌ڵ که‌سێک و ده‌ستی هه‌ژار و نه‌دارێکت گرتووه، لای خۆت فه‌رامۆشی بکه، ئه‌وه‌نده به‌سه که لای خوای گه‌وره تۆمار کراوه. ئه‌گه‌ر عه‌یبی که‌سێکت لایه، له نهێنخانه‌ی دڵتدا حه‌شاری بده و لای که‌س باسی مه‌که، ئه‌وه‌نده به‌سه که خوای گه‌وره له قیامه‌ت عه‌یبت داپۆشێ.
سه‌رنج: ئه‌و سێ مۆره یا سێ پێناسه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که هه‌رسێک ته‌واوکه‌ری یه‌کترین و پێوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆیان هه‌یه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هه‌ر کامیان له جێی خۆی خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندییه‌کی به‌رچاون.
هه‌رچه‌ند ته‌قی خۆی دابینکه‌ری دوو دانه‌ی دیکه‌یه. چونکه که‌سێک ته‌قی و پارێزکار بێ، ئه‌وه دڵێکی پاکیشی ده‌بێ و به‌خاتری ترس له خوا و به هیوای عه‌فووی خوا، هه‌وڵ ده‌دا هه‌موو که‌سی خۆش بوێت (مه‌به‌ست که‌سانێکی بڕاوادار و یا بێ‌بڕوایه‌ک که دژایه‌تی خوا و دینی خوا نه‌کات و به ئاشکرا زه‌ره‌ری بۆ بڕواداران نه‌بێ) و له تاوان و هه‌ڵه‌یان ببورێ و ڕق و کین وه‌لانێت. که‌سێک که پارێزکار بێت، هه‌رچی بیکات دڵسۆزانه به‌خاتری خوا ده‌یکات و بۆی گرینگ نییه که‌س ده‌سخۆشی لێبکات و سپاسی بکات، بۆیه ته‌نانه‌ت حه‌ز ده‌کات زۆرێک له عیبادات و چاکه و خێراتی به نهێنی بکات و ئه‌وه‌نده‌ی ئاشکراشی بکات، هه‌ر به خاتری خوا و بۆ هاندانی خه‌ڵکه.
گه‌ر ئه‌و سێ مۆره له‌سه‌ر پاسپۆڕتی هه‌ر که‌سێک بدرێ، ئه‌وه چوونه به‌هه‌شتی بۆ مسۆگه‌ره. ده‌سا با هه‌وڵ بده‌یین بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و سێ مۆره له‌سه‌ر پاسپۆڕته‌که‌مان و خۆمان به‌و سێ پێناسه قوڕئانییه بڕازێنینه‌وه. بێگومان ژیانی هه‌ردوو دونیامان ده‌ڕازێته‌وه به جوانی و ئارامی.
ئاماده‌کردن: کولسووم حه‌سه‌نزاده