شعرکوردی

شێعر بۆ مامۆستا

‍ ٭٭٭ پێنج خشتەکی ٭٭٭

” ڕاپەرین”

????سوپای تاریکی ،هێرشی هێنا
باڵای نیشتمان، دەردی هەڵێنا
دونیاگشت هەمووی کەوتە نەخۆشی
بووکی پێکەنین،ڕەشایی پۆشی

“هەستەڕاپەڕە مامۆستا ئەوجار”
٭٭٭٭٭٭
????شەپۆلی فەساد بە قاقاوهاوار
تەمی نەداری گەیشتە دەمار
خۆشی و زەماوەند،ڕووخا بەجارێ
دەوڵەمەند خواردی لاشەی هەژارێ

“هەستە مامۆستا دەخیلم سەدجار”
٭٭٭٭٭٭
????کەمتیارو ڕێوی لێم بوونە کوێخا
بۆیە ڕەوەک و شینایی نەما
شادی باری کرد درۆ هاتە کایە
بازاڕی گەرمە لەسەر دوونیایە

“هەستە بپسێنە زنجیری زۆردار”
٭٭٭٭٭٭
????قسەی خۆش و نەستەق،باوی نەماوە
کۆشک و ساباتی ژیان تەپاوە
زانای بەئەمەگ،دمی داخراو
حوکمی نەزانە و داسپێنراو

“ئاواتی هەژار،تۆبێنە سەربار”
٭٭٭٭٭٭
????دەچیە هەرلایەک هەرباسی پارە
ماشێنی جوان و کۆشک وتەلارە
مرۆڤایەتی و دەست گرتن،مردن
سەرمایەداری بۆگۆڕی بردن

“هەستە پیاوەتی بێنەوە سەرکار”
٭٭٭٭٭٭
????ئاڵای سەروەری،بوو هەڵدڕ هەڵدڕ
کۆمەڵگا پچڕا وەک دەواری شڕ
مێشکم هەڵمسا بەقسەی هۆقە، پڕ
لەفڕو فیشاڵ و لوشمە و مڕەمڕ

“ئەتۆ لوقمانی بۆدڵی زامار”
٭٭٭٭٭٭
????هەستە ڕەشایی تینی هێناوە
ئەخلاق و ڕەوشت،بناغەی تەقاوە
ریشەی پیاوەتی پس پس و هەودا
یاسای ڕەشانگه ، کەوتوە بەسەردا

“مەشغەڵ بەتۆیه چارمان بکە چار”
٭٭٭٭٭٭
????شمشیری شۆڕش لەدەست تۆدایە
هەودای دڵداری بێنەوە کایە
پەتی زۆرداران، بپسێنە بەزمان
مۆڵگە و سەنگەریان،بکە بۆردومان

“تۆی جێنشینی ئەحمەدی موختار”
٭٭٭٭٭٭
????تەوژمی چاوت دەبڕێ شاخ و کۆ
قافڵەی زۆرداران،دەکەونە ڕۆڕۆ
بۆمبی قەڵەمت،دڵ دەتەقێنێ
ریشەی نابەکار،لەبن دەردێنێ

“وڵاتی وێران بکە هۆبەو هەوار”
٭٭٭٭٭٭
????پەنجەی زێرینت پڕسێحرەو جادوو
دەپشکوێن بەوی هیواو ئارەزوو
هەناسەت وێنەی شەماڵ،بژوێنە
خەفەت لابەرەو زستان بەزێنە

“هەسته داپڵۆسە،نەگبەتی زۆردار”
٭٭٭٭٭٭
????هەستە ڕاپەڕە کۆڵان بەکۆڵان
خەڵکی لاڵ و پاڵ، بێنەوە سەرزمان
سێحر بنوێنە بومێشکی مردوو
ئەوجار بپشکوێ عومری بابردوو

“هەرتۆ دەتوانی کۆمەڵ بکەی ڕزگار”
٭٭٭٭٭٭

جەهانگیربابایی ـ سەردەشت

از طريق
جهانگیر بابایی
منبع
sozimihrab
نمایش بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا