مامۆستا مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی مُدرّس
سه‌باره‌ت به مامۆستای هێژا و زانای کورد مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی مدرّس
به پێنووسی: هێمن موکریانی
هه‌موو کوردێکی پاک، چاک، دیندار، دڵسۆز و ئه‌ده‌ب‌دۆست ئه‌گه‌ر به دڵ و گیان خۆی به منه‌تبار و قه‌رزداری مامۆستای هێژا و زانای کورد مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی مدرّس نه‌زانێ ناهه‌قی ده‌کا. چونکه مامۆستا و کوڕەکارامه و لێزانه‌کانی به هه‌موو هێز و توانای خۆیانه‌وه به هیچ بارێک له خزمه‌تی کوردی چاره‌ڕه‌شی، دووره‌به‌شی هه‌ژار، درێخی‌یان نه‌کردووه.
به‌ڕاستی ئه‌م خزمه‌ته بەنرخانه‌ی ئه‌م بنه‌ماڵه چاکه، به دین، به فه‌رهه‌نگ، به زمان، به ئه‌ده‌ب و ئاکاری کوردیان کردووه شایانی ئه‌وپه‌ڕی ڕێز و سوپاسه.
یاخوا له‌م لایه له به‌ڵای لابه‌لا دوور بن، به‌ردی سارد و گه‌رمیان وه به‌ر پێ نه‌یه و له‌ولاش له‌به‌ر ئاڵای پێغه‌مبه‌ر که‌ون و حه‌شریان ده‌گه‌ڵ حه‌شری پیاوچاکان بێ! پێم وایه خزمه‌ت به کوردی زۆر لێ‌کراو چاکه‌یه‌که که له پێش چاوی بینایی چاوان بزر نابێ و پاداشێ دنیا و قیامه‌تی ده‌بێ.
گه‌ڕیده‌یی و ده‌ر‌به‌ده‌ری ئه‌م سوده‌ی بۆ من هه‌بوو که له نێزیکه‌وه به خزمه‌ت مامۆستا بگه‌م و ده‌ستی موباره‌کی ماچ بکه‌م و بزانم کۆگای نوور و ده‌ریای بێ سنووره.
جارێک ده‌گه‌ڵ چه‌ند مامۆستای گه‌وره و ماقووڵ له باره‌گای حه‌زره‌تی غه‌وس له حوجره ته‌نگ و چکۆله‌که‌ی‌دا له خزمه‌تی مامۆستا دانیشتبووین، من ئه‌م بیره‌م به مێشک‌دا هات ئه‌گه‌ر هه‌موو نووسینه به نرخه‌کانی ئه‌م مامۆستا کورته باڵا، ڕه‌زاسووکه، خۆین شیرین و قسه خۆشه بێنی و له تایه‌کی ته‌رازووی باوی و جه‌سته‌ی لاوازی خۆشی له تایه‌که‌ی دیکه بخه‌ی ئایا سه‌ری وه میچی حوجره‌که‌ی ناکه‌وی؟
دیاره ئه‌وینێکی پڕ سۆز، ئیمانێکی پیرۆز و ئیراده‌یه‌کی قه‌وی و پته‌و ئه‌م پیره خاوێنه و ئه‌م زانا که‌م وێنه‌ی هان داوه که له‌و ته‌مه‌نه‌دا له خزمه‌ت به زانست، به ئه‌ده‌ب، به ئیسلامییه‌ت و ئینسانییه‌ت خافڵ و بێ ئاگا و شه‌که‌ت و ماندوو نه‌بێ.
باسی یه‌ک یه‌ک نووسراوه‌کانی مامۆستا وه‌ک ته‌فسیری قورئانی پیرۆز و شه‌ریعه‌تی ئیسلام و… نه به منی بێ ده‌سه‌ڵات ده‌کرێ و نه له‌و کورته باسه‌دا ده‌گونجێ، ئه‌م ئه‌رکه له ئه‌ستوێ ماموستایانی ئایینی و شاره‌زایانی ئه‌ده‌ب و پسپورانی زانسته که هیوادارم که‌مترخه‌می نه‌که‌ن و شوێنه‌واره به که‌ڵک و باشه‌کانی مامۆستا پتر به خه‌ڵک بناسینن.
له باره‌ی « شه‌ریعه‌تی ئیسلام» ـی دا ڕای مامۆستایه‌کی شاره‌زام پرسی، فه‌رمووی: هه‌رکه‌سه بۆ خۆی بۆ چونێکی هه‌یه. من به ڕاشکاوی ده‌ڵێم تا ئێستا کتێبی وا ته‌واو له باره‌ی فیقهی شافیعی‌دا نه‌نووسراوه.
من لێره‌دا ده‌مه‌وێ به کورتی له باره‌ی ئه‌م دیوانه‌دا شتێک بنووسم به بڕوای شاره‌زایانی شیعر و ئه‌ده‌ب،« نالی» یه‌کێکه له گه‌شترین و پرشنگدارترین ئه‌ستێره به‌رزه‌کانی ئاسمانی ئه‌ده‌بی کوردی؛ ته‌نیا ره‌خنه یا به ئه‌ده‌ب‌تر بلیم ده‌ردی دڵێکی له شیعری نالی‌یان بوو، ئه‌وه بوو که تێگه‌یشتنی شیعره ناسک و ورد و جوان و ڕازاوه‌کانی زۆر هاسان نه‌بوو ، پیویستی به شی کردنه‌وه ، لێ تۆژینه‌وه و ورد بوونه‌وه‌ی ته‌واو بوو ؛ که‌سێک سێ زمانی عه‌ره‌بی، فارسی و کوردی نه‌زانی بایه، چاک له شیعری نالی نه‌ده‌گه‌یشت.
مامۆستای مه‌زن هه‌ستی به‌و که‌م و کووڕی‌یه کردوه بۆیه به خۆی و کوڕ‌انیه‌وه ، هه‌ستاون ، تێکۆشان و ڕه‌نجیان کێشاوه و به هه‌زاران زه‌حمه‌ت نوسخه‌ی ده‌ستنووسیان په‌یدا کردوون له به‌ر یه‌کیان ڕاناون ئه‌م دیوانه به نرخه‌یان شه‌رح کردوه له هه‌وه‌ڵه‌وه پێشه‌کی‌یه‌کی زانایانه‌یان بۆ نووسیوه که خۆی کتێبێکی سه‌ر به خۆیه و خویندنه‌وه‌ی بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی سه‌ریان له شیعر و ئه‌ده‌ب ده‌خورێ پێویسته؛ له دوایه شیعره‌کانیان راست کردوه‌ته‌وه ، مانا لێ داوه‌ته‌وه ، هه‌ڵسه‌نگاندوه و له پێش خوینه‌ریان داناوه.
تا ئێستا کاری وا له نێو کوردان‌دا نه‌کراوه . زۆر که‌س له سه‌ر نالی‌یان نووسیوه به‌ڵام که‌س ئه‌وه‌نده‌ی خۆ پێوه ماندوو نه‌کردوه؛ ئه‌وانی باش بوون، ناته‌واو بوون ئه‌وانه‌ی نه‌زانانه نووسرا بوون هه‌ر نه‌بان باشتر بوو. هیچ کارێک ئه‌ویش کاری وا ئه‌سته‌م و گران بێ که‌م و کووڕی نابێ، ره‌نگه ئه‌و کاره گه‌وره‌یش نه‌خته نه‌قسێکی هه‌بێ به‌ڵام بێ گومان هاوتا و وێنه‌ی نیه… .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
?سه‌رنج: ئه‌م نووسراوه به‌شێکه له سه‌ره‌تای دیوانی نالی به پێنووسی مامۆستا سیّد محمّدامین شیخ الاسلامی(مامۆستا هێمن).
?مڕۆژی ۹‌ی خەرمانان ساڵڕۆژی وەفاتی مامۆستا عەبدولکەریمی مودەرریسە؛
ڕۆحی شاد