شعرکوردی

مامۆستا و شۆڕشی ژیان

من مامۆستام،
من بۆشەکاوە ڕاگرتنی ئاڵای مرۆڤایەتی، دەبمە هەورەتریشڤەو دیوارو تەلەسمی تاریکایی دەتەقێنم.
ئەستێرەیەکم ئەنگوستە چاو دەتارێنم.

وەکوو سێڵاو هەرچی خشت و خۆلی ڕێگەم ڕادەماڵم ودڵی شاخ و داخ دەکۆڵم.

دەبمەتاڤگە،
بەدنووکی ڤەڵەمەکەم مێشکی زەوی هێدی هێدی دەخەمەروو.وەکوو شەپۆلی سەرشێتم بۆ پەرەپێدانی گوڕەپانی ژیان، مستەکۆڵە دەخەمە دم و دەدان ولێواری بەردەڵێن.
ڕێژنە بارانێکم بەشۆڕش و گرمە و هەرا جەرگی زەوی دەکێڵم و تۆی دڵداری وئەمەگی لێدەچێنم.
من مامۆستام ،
خۆرەتاو، شەرمم لێدەکا و شەپۆل و زریان کۆرنۆشم بۆ دەبەن و زریان سەردادەخا.
دژی ڕەشەشەو وبەستەڵەکم.قەت ترووسکایی خەو بەچاوم دانایە.چاوەکانم کانگای خۆرن.کۆمەڵەگا بەتیشکی دووچاوی من تێراو دەبێ.چوونکە هەستی شوانێکی بەئەمەگ و وگۆچان بەدەست و چاونەترس لەمن دایە.

من بۆپارێزگاری لەهەرێمی بارهێنان و خۆشەویستی لەکانیاوی شەڕوانانی جوامێر و بەدڵ و جورئەت،تێراوکراوم.

پەنجەم وێنەی فریزوو،لەدەوری چەکی قەڵەم و پێنووس هاڵاوە و بەری نادا.
جەوهەری ناو پێنووسەکەم خوێن وزاخاوی دڵ و فرمێسکی چاوە.
زەریای مێشکم بەشەپۆلی دڵداری و مڕۆڤ دۆستی ئاخنراوه.من هەست دەکەم باخەوانێکم کە باقەباقە شتڵە گوڵی ناسک و نازدارم پێسپێراوە.
پەنجەکانم عیسائاسا،لاشەی مردوو و بێ زمان وەگیان دێنێ و قەڵەمەکەم وێنەی وەکازەکەی مووسا، چۆمی نەزانی شەق دەکا و فیرعەونی نەزانی دەشڵەژێنێ.
زمانم وێنەی پەنجە پیرۆزەکانی موحەممەد( د) روومەتی سێحراوی مانگەشەو لەت لەت دەکا. زستان و هاوین و پاییز بۆ مەزرای ژیانم مانای نیە.هەربەهارم. چوونکە بەڵێنیم داوە هەر دڵدار بم.
من مامۆستام ،
گزینگی خۆرەتاوی بەربەیانم.بەپانتایی شەوگار دژی ڕەشەشەو لەشەڕدام.بەرگی زانیاری بۆمن وێنەی ئاسن و پوڵایە. دایم دڵم لێوڕێژ لەشەپۆلی هێوایە.
رووحی دەریا و وزەی کوێستان و گرمەی زریان وهەرای هەورم لەدڵدایە.
من مامۆستام،
وێنەی دایکی سرووشتم فێری ڕاخستنی سفرە و خوانی دڵداریم.
وەکوو باران کەس لەتنۆکەی خۆشەویستیم بێ بەش ناکەم.
وێنەی هەور، سێبەری خۆشەویستی دەکێشمە سەر هەموو سەران.
وێنەی شەماڵ، هەناسەی پرلە مرۆڤایەتی و ئەمەگ، دەپڕژێنم.
ئەوجار بەدڵێکی خۆش و ئاخنراو لە شادی و ئازادی، سەردەنێمە سەرڕانی دایکی سرووشت و نەرمەحەیرانی وەرەئازیزێ تێهەڵدەکەم .
جەهانگیربابایی ـ سەردەۺت ـ

از طريق
جهانگیر بابایی
منبع
sozimihrab
نمایش بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا