نەفەرێک دێتە خزمەت پێغەمبەر (د.خ) و دەڵێ : ئەی پێغەمبەر چ کەسێک لە هەموو کەس سەزاوارترە من چاکەی لەگەڵ بکەم ؟
رەسولی ئەکرەم دەفەرمۆێ : دایکت !
دیسان پرسیاری دەکا ، لە پاشان ؟
فەرموی : دایکت !
کوتی : دوای ئەو؟
بۆ باری سێیەم فەرموی : دایکت !
نەفەرەکە پرسیاری لێ کرد ، ئەی دوای دایکم ؟ فەرموی : بابت
هەروەها دەفەرموێ : وای بەحاڵی ئەو کەسە ، وای بە حاڵی ئەو کەسە ، وای بە حاڵی ئەو کەسە ، کە دایک و بابی یان دانەیەک لەو دوانە لەکنی بە تەمەنی پیری دەگەن ، بەڵام ناچێتە بەهەشتەوە!!
✅ خودای گەورە لە قورێانی پیرۆزدا ئەمر بە ئیحسان و چاکەکاری لەگەڵ دایک و باب دەکاو دەفەرمۆێ :
(( و وصینا الانسان بوالدیه حسنا )) عنکبوت/ ۸
[ئێمه فهرمانمانداوه به ئادهمیزاد که چاکرهفتار بێت لهگهڵ دایک و باوکیدا]
یان دەفەرمۆێ : (( واخفض لهما جناح الذل من الرحمه و قل ارحمهما کما ربیانی صغیرا )) ۲۴/ اسراء
[باڵی میهرهبانی خۆتیان بۆ ڕاخهو ملکهچ به بۆیان، نزا بکهو بڵێ: پهروهردگارا ڕهحمیان پێ بکهو میهرهبان به بۆیان، ههروهکو چۆن ئهوان ڕهحمیان به من کردوو و منیان پهروهرده کردووه به بچووکی و منداڵی]
پرسیار :
بۆچی خودا و رەسولەکەی ئەوا سفارش دەکەن ، بە چاکە لەگەڵ دایک و باب ؟
لە جوابی ئەو پرسیارە دەبێ بڵێین بە ڕاستی ئەو دوانە (دایک و باب) شانیان هەڵدەگرێ کە ئاوا خودای خۆڵقێنەر و نێردراوەکەی محمد (د.خ) سفارش بکەن بە چاکەو ئیحسان کردن دەرحەق بەوان !
چونکە زۆر ڕوون و ئاشکرایە ، دایک و باب بە خاتری منداڵەکانیان سەختی و نارەحەتی زۆر و زەوەندە قبووڵ دەکەن .
✔ زەحمەتەکانی دایک :
زەحمەت و لە خۆگوزەرانی دایک دەرحەق بە منداڵ ، هەر لە دەورانی دوگیانی و زگ پڕبوونی ، دەست پێدەکا
۹ مانگ دایک کۆرپەلەکەی بە زگی هەڵدەگرێ ، رۆژ لەگەڵ رۆژ ئازارو نارەحەتی زیاتر دەبێ ، تووشی جۆرەها زەحمەت و ناسۆر دێ ، جار لەگەڵ جار زەعف و لاوازی ڕووی تێدەکا .
خودای باڵا دەست لە کەلامە موبارەک و پیرۆزەکەی خۆی دا دەفەرمۆێ :
((حملته امه وهنا علی وهن…)) لقمان/۱۴
[دایکی به ئێش و ئازارو لاوازی و بێتاقهتیهکی زۆرهوه، (به پێستی سکی نۆ مانگ) ههڵی گرتووه]
ئەوە دایکە بەۆ هەمۆ ئازارەوە کورپەلەکەی بە زگی هەڵدەگرێ ، کورپەلە لە ماوەی ئەو چەند مانگە لە وجودی دایکی – لەرێگای خۆێنەوە – (تغذیه) دەکاو کەڵک وەردەگرێ ، بەۆ شێوەیە دایک لەش و جسمی هێندەی دی لاوازو زەعیف دەبێ .
دایک مادام دەزانێ منداڵ لە لەش و جسمی ئەو کەڵک وەردەگرێ ، نەتەنها نارەحەت نابێ ، بەڵکوو پێشی خۆشحاڵ و شادمانە !
هەر جووڵەیەک لە زگی دا کۆرپەلە دەیکا ، هەزاران جار دایک خۆی بە قوربانی دەکا ، خۆ ێەگەر بە شێوەیەک لە شێوەکان ، نەجووڵی یان لانی کەم دڕەنگ بجووڵێ ، دایک نارەحەت و پەرێشان دەبێ و ماتەم داێدەگڕێ .
لەکاتی منداڵبوونی چ ئێش و ژانێک دەچێژێ ؟ مەگەر هەر خودا بۆ خۆی بزانێ و ئەو دایکەی منداڵەکەی دەبێ .
دوای منداڵ بوون ، دەورانی شیر پێدان و تەڕوو ویشک کردنەوەی منداڵەکە دەست پێدەکا.
خودای گەورە هەر لەو ئایەتەدا باسی ئەو مەرحەلەیە دەکا و دەفەرمۆێ :
((وفصاله فی عامین)) لقمان/ ۱۴
[بڕینهوهشی (لە شیر پێدان) له دوای دوو ساڵه]
لەو دەورانەدا دایک شیر دەدا بە منداڵەکەی ، دیسان بە هۆی ئەو شیردانە لاوازی و کزۆڵی رووی تێدەکا.
منداڵ دەگری ، دایک بە سەدەقەو قوربانی دەبێ ، خۆی تەڕدەکا ئەو ویشکی دەکاتەوە ، منداڵ نەخۆش دەکەوێ ، دایک لەگەڵی ناخۆش و نارەحەت دەبێ و وەک پرستارێکی دڵسۆز ئاگاداری و چاودێری دەکا و شەو بە دم رۆژدا دەدا تا منداڵەکە چاک بێتەوە و ئارام ناگرێ تا منداڵەکە ئارام و ئۆقرە بگرێ ، زۆر جاران لە نیوەی شەۆدا لە خەوی شیرن رادەپەڕێ بۆ ئەوەی منداڵەکە بخەوێتەوە و ڕانەپەڕێ !
ئەو هەمۆ لەخۆگوزەرانە بۆتە هۆی ئەوەی کە رەسولی ئەکرەم لە جوابی پرسیاری نەفەرەکە سێ جار بفەرمۆێ :
(( سەزاوارترین کەس بۆ چاکە لەگەڵ کردن ، دایکە ، دایکە ، دایک !! لە پاشان بڵێ چاکە لەگەڵ باب !))
هەر ئەو رێزدارە(د.خ) دەفەرموێ :
((بەهەشت لە ژێر پێیەکانی دایکان دایە))
✅ خۆ بەخت کردنی باب :
باب هەر پێش لە دایک بوونی منداڵ، مەیدان بۆ گەشە و نەشەی منداڵەکەی ئامادە دەکا ، بەزەحمەت و تێکۆشانێکی ماندوونەناسانە ،حەوڵ دەدا تەواوی پێداویستێکانی بنەماڵەکەی خۆی جێبەجێ کا تا بە ئاسوودەیی ژیان بەرنەسەر و بحەسێنەوە.
ئەگەر دایک دوای منداڵ بوون وەک پرستارێک چاودێریی لە منداڵەکەی دەکا ، باب وەکو پشتیوان و نێگابانێک ، ئاگای لە دایکەکە و منداڵەکەیەتی !
ئەو بابە لە ئیستراحەت و حەسانەوەی خۆی دەگرێتەوە تا نیازەکانی بنەماڵەکەی خۆی بەراوەردەکا .
بە شوانی ، سەپانی ، کرێکاری ، فەعلایی ، فلاحەتی و کەشاوەرزی یان هەر کەسب و کارو کەسابەتێک کە خودا بە قسمەتی کا دەیهەوێ هەر چۆن بێ سەری ماڵ و منداڵی خۆی راگرێ .
زۆرجاران مننەت و بۆڵەو ئازاری سێحەب کار و ئەرباب و کاربەدەست دەکێشێ و قبووڵ دەکا بۆ ئەوەی به ڕوو زەردی نەچێتەوە نێو ماڵ و خێزانەکەی !
منداڵ نەخۆش دەکەوێ ، بێ قەڕار رێی دوکتور دەگرێتە بەر ، لەگەڵ نارەحەتی و ئازاری منداڵەکە ، ئازار دەچێژی و کەم دەکا. باب وەک شەمعێک دەتوێتەوە بۆ بنەماڵەکەی .
بەکورتی داتوانین بڵێین : دوای خودای گەورە ، رەمز و کلیلی سەرکەوتنی منداڵ لە ژیانیدا بابە ، باب !!
بەڵام سەد حەیف و خەسار کاتێک منداڵان پێدەگەن و گەورە دەبن ، هەموو ئەو زەحمەت و مەینەتی و ئێش و ئازارانە لە بیر دەخرێ و فەرامۆشی دەکەن وەک بێگانەیەک بگرە خرابتر لە بێگانەش تەماشای ئەو دو فرشتەیە دەکرێ!!
✍️یونس سلیمان زادە /قەڵاجۆغە
۱۳۹۷/۶/۱۱