کوردیمناجات

نزا و پارانه وه

نزا و پارانه وه

لە پێش دا هەر بە ناوی تۆ خودایە
کە بێ ناوت هەبونیش نارەوایە

خودا گیان یا ئیلاهی پەروەرێنم
ئومێدی ژین و مانم خەمرەوێنم

ئەتۆی هەردەم ئەوینی راستەقینەم
ئەتۆی خاوەن دڵ و ئەو چۆره ژینەم

هەتا مردن لە یاد و بیری تۆ دام
رەزامەندیته هەردەم راستە رێگام

بە زیکر و حەمدی تۆ کاتم غەنی کەم
هەناو و روح و دڵ هەر دەم خەنی کەم

هەتا ماوم لە وەسفت ماندو نابم
لە سۆزت دا سوتاوم وەک کەبابم

لە بۆ تۆیە ژیانم هەم مەماتم
حەیاتم هەر بەدەست تۆیه حەیاتم

هەموو کات دەم بەدەم چاوم لەتۆیە
دڵم حەیرانی ناوت پڕ شکۆیە

بەڵێن بێ روو نەنێم هەرگیز لە غەیرت
بە گیان و دڵ بژیم بۆ خواست و مەیلت

به فەرمان و بە ئەمر و ئیزنی تۆیه
کە تیشکی خۆرەتاو هەردەم بە سۆیه

ئەتۆی خاون هەبین و هەست و مانم
ئەتۆی مەعبودی تاق و مێهرەبانم

دەکەم ئیقرارێ من عەبدێکی عاسیم
قوسورم زۆرە و دوورە خۆشۆناسیم

لە تۆ رایه هەموو جوانی جەماڵێ
لە تۆ رایە هەموو عیلم و کەماڵێ

لە تۆ رایە هەموو لوتف و کەرامەت
لەمن رایه خەتا و عوزر و نەدامەت

لە تۆ رایە پەنا و بەخشین و عیززەت
لە خۆم رایە هەڵه و تاوان و زیللــەت

دڵم بۆ وەسڵی روت هەردەم دەناڵێ
کە وەجهی تۆیه رێگا بۆ کەماڵێ

ویساڵ و وەسڵی تۆ ئاوات و تاسەم
بە لوتف و یادی تۆ دەردێ هەناسەم

موتیعی ئەمری تۆمه یا ئیلاهی
کە خۆت داپۆشەری ئیسم و گوناهی

هەموو دونیا بزانن چێ رێبازم
به رێگەی بەرزی تەوحیدم دەنازم

رێگەی تەوحیدە رێگای ئەنبیایە
رێگەی رزگارییە و رێگەی بەقایە

نیشانت دەم نیشانەی ئەمنی رێیە
قورئان و سوننەتە ئەمریان بەجێیە

بزانە حەق ، رەوا و ئیمان و تەقوا
سیراتی موستەقیمی بەندەگی خوا

لە ئیسلام دایە هەر دەربازی دوو لا
کە رێک دەتبا بەرەو فیردەوسی ئەعلا

پەنا دەگرم بە بەرزی زاتی نورت
بە بێ گەردی و بە سۆزی بێ سنورت

منی عاجز زەبونم بێنەوامه
ئەوین و حوببی تۆ هەردم دەوامه

تای دەرگای بارەگای بەرزت کراوە
ئومێدم نابڕی لەو سورە تاوە

خدا گیان بۆم وەدی بێنە نیازم
ئەتۆی مەقسود و ئەنوا و چارە سازم

کە داپۆشی هەڵە و سەوخان و سووچم
ببووری گشت خەتا و ئاکـــاری پووچم

نەبادا جەستە نەشکێ و رەق بێ چۆکم
لەبەر نزمیم لە ئاوی شەرمێ رۆچم

ئەگینا لێم حەرام بێ فێنکی سێبەر
له خێڵی روو رەشان بمهێنەوە دەر

لە کاتی وەسڵێ دڵخۆش بم خودایە
سەرم هەڵبێ بە لوتفت تا هەتایە

لە جوملەی دەگمەنی یارانی تۆ بم
لە حاڵی کەیف و خۆشی و گوفت وگۆ بم

لە شوێنێكی هەتایی و دورە خەم دا
کە مەرگ و دەم نمێنێ هەم نه سەودا

لە کۆری گشت رەسوڵ و ئەنبیایه
سەحابە و ئالی بەیت و ئەولیایە

رەفیقی خۆشەویستی تۆم تەمایە
ویساڵی ئەحمەدم ئەو موستەفایە

لە ناو کۆرێکی وا خۆشی بەدی دێ
کە خۆشیش خۆی شتی ئەوتۆی نەدی بێ

دەدەم سوێندت بە زاتی تاق و تەنیات
بە ناوی ئەعزەم و زاتی بێ هاوتات

بە نێو و گشت سیفاتی بەرز و جوانت
بەزاتی پڕ لە سۆز و میهرەبانت

رێگاکەم راست و کۆتاکەم بە خێر کە
روا و راستی و رێگای هەرمانم فێر کە

هەتا ماوم لە دونیا و ژینی فانی
نەکەی دەستم رەهاکەی بۆ نەزانی

بۆ غەیری خۆتم هەرگیز جێ نەهێڵی
لە ئەولاش بۆ جەهەننەم ڕامنەهێڵی

نوسەر : محمد فتحی نژاد ـ چیا

از طريق
محمد فتحی نژاد
منبع
https://sozimihrab.org/
نمایش بیشتر

محمد فتحی نژاد

استان آذربایجان غربی - مهاباد نویسنده و شاعر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا