دل نوشتهکوردی

نەهامەتیەکانی جیهان لە سەدەی بیستویەک دا

نەهامەتییەکانی جیهان لە سەدەی بیستویەکدا

کە جیهان ئاوس و دووگیانە بۆ وەدی هێنانی ئاڵوگۆڕیه‌کی تازە و بەربڵاو لە مەڕ ژیان و ژینی کۆمەڵگا و هەر وزە وزە و بزە بزەی چاوانیەتی بۆ خولقاندنی شێواز و ڕێڕەوەیێکی تر بۆ چۆن ژیان به‌سه‌ربردن و هەر لەو کاتەشە کە ئەمەریکا تەکتازی مەیدانە و سوارچاکی پیشە و سەنعەت و ته‌کنۆلۆژییە و ڕایەڵەکانی مەهوارەیی و ڕاگه‌یاندنه‌ جیهانییەکانە و خاوەنی هێزی کۆنتڕۆلکردنی ئینتێرنێتی بەڕبڵاوی جیهانی سەردەمە و بەرەو داهاتوویێکی نادیار و چاوەڕوان نەکراو پێش دەچێ.

جیهانی ئۆروپاش کە سەرقاڵی ئاڵوگۆڕکردنی دراوەکانە کە بیانکات بە یه‌ک پوڵی تاک، واته‌ یەک سککەیی، هەروەها مەشغووڵی هەڵگرتنی سنووره‌کان لە نێوان وەڵاتەکانە کە بیانکات بە تاکه یه‌ک جیهان، یانی دوونیایی تەک قووتپی و بێ مشتوومڕ و ناکۆکی و هەروەها دەسکاریکردنی شێوازەکانی سیاسی، ڕامیاری ئابووری و داراییەکانی جۆراوجۆر لە جیهانی سەردەمدا.

بەڵام هەزار مەخابین لەگەڵ ئەو هەموو ئامانجە مەزنانەی کە خوازیاری وەدیهێنانیانن و ئاڵوگۆڕیان تێدا بکەن، توانای هەڵکردن و حه‌وانەوە لەگەڵ ئەو وڵاتانە کە ڕێژەی موسوڵمانیان تێدا زۆرە، وەک وڵاتی بوسنی، ئاڵبانی و… و یا کەمینەی موسوڵمانیان هەیە لە ناو زۆرینەی مەسیحیه‌تی پێڕەوانی عیسا پێغەمبەر(دخ) پەڕژوبڵاون، لە گەڵیان هەڵ ناکەن؛ پچکوپلاریان زۆڕ ڕێدەهاڵێنن، هەر لەو کاتەش ڕوسیە دووهەمین زلهێزی جیهان کە ناودێره‌ بە “قوتبی کۆمۆنیستی” مێژوو، ئەویش سەرقاڵی پەلەقاژەکردنە بۆ خۆدەربازکردن لەو باتڵاقەی تێی کەوتووە و هەرەسی هێناوە لە مه‌ڕ سیاسی و کۆمەڵایەتی و دارایی، کە له‌و باتڵاقە نووقم بووە و دەستوپێ لێدەدات و خوا بە دەردی خۆی گرفتاری کردووە. لە ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ ڕەقیب لە مێژووی خۆی یانی ئەمەریکای سپڵە و بێ وفا بە کورد، وەک ماری پڕ لە ژەهر خۆی سرومەڵاس کردووە.

کاتی ئەوە هاتووە ئاوڕێکیش لە جیهانی سێووه‌م بدەینەوە کە ئەوانیش چەندساڵە بەهه‌رای نه‌ته‌وه‌خوازی و مەزهەبگەرایی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر کە بە لەناوبردنی هەڵکەوتووان و پیتۆڵانی خۆیان، سەرقاڵ کراون و بە جیهانی سێووەم نێودێر کراون، یانی دواکەوتوو لە سەردەمی مۆدێڕنیتە و پێشکەوتوو. سەرەنجام وڵاتانی باکووری لەسایەی شوومی ڕێبەرانی دوژمندۆست و دوژمن بە خۆیان و بە وڵاتەکەیان، بە تەواوی سەرقاڵی بەرەوپێشچوون و داهێنانی کەرەسەی تازە و نوێ و جێبەجێکردنی یاساو و قانوونەکانی خۆیانن و سواری ئەسپی ئامانجەکانیان بوونەوە لەناو جیهانی سێووەم چوارناڵ ڕەمبازێنێ دەکەن و غار دەدەن.

وڵاتانی باشووریش بە پێچەوانەی باکوورییەکانن، واته ئەوان داماو و سەرلێشێواو لە بێ یاسایی و خۆپەرستی و دواکەوتوویی خەڵکانی ترن و هەروا سەرقاڵی شه‌ڕ و کێشە لەگەڵ خۆیان یا لەگەڵ میللەتەکانی خۆیانن بە دروشمگه‌لێکی جۆراوجۆر کە ساڵەهای ساڵە بەو دەردەوە دەناڵێنن.
پێناسەیێکی کورتی نەتەوەی کورد:

نەتەوەی کورد ئاریاییە و خاک و نیشتمانەکەی بەشێکی ئەسڵی جیهانی سێووەمە و لە باشووری جیهانی سێووەمدا هەڵکەوتووە، کە چەند ساڵە لە نێو کڵپەی ئاگر و شەڕوهەرای داسەپاو و خوێنڕێژی بە ناحەق، به جێگای پەرەپێدانی ئیشوکار و بەرەو پێشچوون لە مه‌ڕ شارستانییەت، زانست و زانیاری و ئابووری و دارایی، دوژمنانیان ئەوانیان بە شەڕ و ئاژاوە و خۆینڕێژی دوچار کردوونە و سەرقاڵ کراون.

مناڵە چاوگەشەکانی ئەو زێد و نیشتمانە کە ڕابردوویێکی هەزاران ساڵانەیان هەیە، لە بڕی ئەوەی لە فێرگە و قوتابخانەکان و تاقیکارییەکان و سەنتەرە لێکۆڵینەوەکان سەرقاڵی پیشەسازی و فێربوونی کامپیوتێر و ڕاهێنانی جۆراوجۆر بۆ ژین و ژیان و… بن، لە ناو کەژ و چیاکان و دارستانەکان بە کایەکردن بە تفه‌نگ و گوولە و باڕووت سەرقاڵ کراون. ناخۆشتریش لەوە ئەو مناڵە خنجیلانە لە ناو باوەشی بەسۆزی دایک و باوکی کە لە ناو کەشوهەوای ساف و پاکی ئەو نیشتمانە کە خۆشترین شۆینی جیهانە، بەڵام هەزار مەخابین لەلایان کینەدڵانی ئەو کەونە نیشتمانە چەندجار بەگازی کیمیایی و خەردەل کە دروستکراوی کارگایەکانی جیهانی یه‌که‌من، بە ماڵ و سامان و داهاتی ئەو نەتەوە ستەملێکراوە بە درێژایی مێژوو، دەکرێت و هەر لەسەر خۆیان و نیشتمانەکەیان تاقی کراوەتەوە. بۆ نموونە هەڵەبجەی شەهید و سەردەشتی سەرسەوز و سەربەرز.

بەڵام ئەو جار برینەکە زۆر بەئازارە
لە ڕۆژاوای سوریەی زامدارە.
یانی نیشتمانی کوردی هەژارە،
لە بۆ هەرچی خاوەنی ویژدانە دیارە،
گوڵی ژاکاوی ئەو جارەمان موحەممەد ناوە،
لە ئامێزی باوکی دڵسووتاوی
لەسەر هەموو کاناڵەکانی جیهان و پێشکەوتووی سەردەم دیتراوە،
بۆ هەرچی خاوەنی ویژدانە جێگای حاشاکردنی نەماوە،
کە موحەممەدی تازە پێگەیشتوو لە زێدی لە مێژینەی باب و باپیرانی،
ئەو سینگە پڕ لە ئیشق و ئەوینەی بە گازی کیمیایی و ژەهراوی شەقار شەقار کراوه‌

تۆ نازانی ئەی بێ زەمیر تۆزێک وەخۆ وەرەوە بکەوە بیر

ئەو سینگە پڕ لە سۆز و ئەوینە بۆ زێد و نیشتیمان و ئەو دینە

بزانە ئەی ناحەزی سەردەم ئەو قوتابی موحەممه‌دە، خوا بتکا عەدەم

ئەو بەدەم گوتنەوەی پەیامەکەی پێغەمبەر بوو(دخ): «حب الوطن من الایمان» تۆی بێ ویژدان بە هەڵەت زانی.
واتا بۆچی موحەممەد زامدارکرا و خوشک و براکانی دەربەدەر کران؟ مەگەر دەربڕینی سۆز بۆ نیشتیمان تاوانە؟

ئەوەتا دایکمان حەزرەتی عائیشە بۆمان دەگێڕیتەوە: ڕۆژێک لە یەکێک لە یارەکانی حەزرەتی ڕەسوڵ(دخ) بە ناوی ئوسەیل لەمەڕ چۆنیەتی کۆچکردنی لە دیاری مەککە و دەورووبەری پرسیار دەکات و ئوسەیل سەرقاڵی باسکردنی بوو، کەچی حەزرەتی موحەممەد(د.خ) تەشریفی لەوێ بوو، فرمێسکی لە چاوەکانی هەڵدەڕژان و فەرمووی ئەی ئوسەیل لێی گەڕێ با دڵەکان بە ڕشتنی فرمێسکەکان خۆشحاڵ بن و ئارام بگرن

قال(ص): «دعِ القلوبَ تقرَّ» (کتاب جمع الجوامع)

یا فەرمایشتی دیکەی حەزرەت(د.خ) لە بارەی خۆشەویستی وەتەن و نیشتیمان کە دەفەرموێت: «ولله إنی أعلم أنکِ أحب بلاد الله إلی قلبی ولولا أن أهلک أخرجونی منکِ ماخرجت» (رواه الترمذی)

سوێند بە خوا ئه‌ی شاری مەککە، تۆ لە ناو دڵی من خۆشەویستترین زێدی لە سەر رووی حەرزی خوا و ئەگەر خەڵکی مەککە منیان دەرنەکردبا، هیچ کات تۆم بەجێ نەدەهێشت.

ئەرێ ئیمانداران خۆشەویستی وەتەن و نیشتمان تاوانە؟
ئەرێ ئیمانداران بەرگری لە وەتەن تاوانە؟

بەڵام تاوانی ئەوجارە لەسەر ئەو نیشتیمانە شەنگ و دیارە، لە داوێنی چیای (جودی) مەشهور بە ئارارات نەشینگەی پاپۆڕەکەی(کەشتی) نوح النبی(د.خ) بوو، دیسان تۆڕەمەکەی جابان، دیاکۆ، سەلاحەددین، سارمەددین، شێخ سەعید، شێخ مەحموود، یانی مووحەممەدی تازەلاو سینەی پاکی شەقار شەقار کرا وەک نیشتمانەکەی خەت خەت کرا وە بە چواربەش، بەش بەش کرا.

موحەممەد گیان، هیچم لە دەست نایە بە غەیری پاڕانەوە و لاڵانەوە لە بارەگای ئەو خوایه‌ کە من و تۆی بە کورد خەڵق کرد، بە کوێرایی چاوی ناحەزان و بێ خەبەران لە مێژووی ژیان.

«وَمِنْ آیَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافُ أَلْسِنَتِکُمْ وَأَلْوَانِکُمْ إِنَّ فِی ذَلِکَ لَآیَاتٍ لِّلْعَالِمِینَ» (ڕوم:۲۲)

و لە نیشانەکانی (دەسەڵاتی) ئەوە دروستکردنی ئاسمانەکان و زەوی و جیاوازی زمان و ڕەگەز و ڕەنگتانە، بەڕاستی لەوەدا (باسکرا) بەڵگەی زۆر ھەیە بۆ زانایان.

تەنیا دڵێکم هەیە لێواولێو لە خۆزیا و بریا، دەیکەمە بێشکەیەک تۆی تێدا ڕادەژێنم بۆوەی ساتێک ئارام ببیەوە و هەم ئەو دڵەم دەکەمە پەسیوێک بۆ حەسانەوەی ئەو هەتیوە بێ پەسیو و ڕووتەڵانەی نازی نەرمی ساوایەتیان لێ شێواوە…

موحەممەد گیان وریا بەوە؛ ئەو نیشتیمانە (کوردستان) جێگایەکە کە چوارچێوە و کێش و ڕیتمی هەوا دەگۆڕێ، ئەو شوێنەیە کە تۆفان و ڕهێڵە و باهۆز هەڵدەکا، چونکە ئەو ئاڵوگۆڕە نیشانەی ئەوەیە مرۆڤەکان لە ژێر دەستی زۆردارانی بێ بەزەیی و سفت و سۆی، هه‌ست به‌ ئازار دەکەن.

چون ئەو کوردستانە لێواولێوی کوڵ دەردی ئینسانییە و ئاوێنەی باڵانوێنە لە ژیان و ژانەکانی دوێنێ و ئێستامانە و مێژووی دەردی بێ بڕانەوەمانە.

لە کۆتاییدا لە خوا دەپاڕێمەوە چارەی هەموو بێچارەکان بکات و زاڵم و زۆردارەکان لە مێژوو ڕووڕەش بکات.

یوسف عەزیزپوور لە پیرانشار ڕێکەوتی: ۵/ ٨/ ۱۳۹۸ هەتاوی

از طريق
یوسف عزیزپور
منبع
sozimihrab
نمایش بیشتر

یوسف عزیزپور

@ استان آذربایجان غربی- پیرانشهر @@ نویسنده و مترجم @ فعال اجتماعی و دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا