دل نوشتهشعرکوردی

نەورۆزی بێ ناز !

پەخشانە شیعرێک بە بۆنەی بەهاری خەماوی ۲۷۱۹

هەموو ساڵێ بە ویستی خوا .. لەم کاتەدا .. دوای شکانی سپای زوقم و ڕمانی کۆشکی سەرما .. سروشتی جوان و پڕ پیت .. خۆی دەردەخا و قیافە دەگرێ زۆر قۆز و قیت .. دار و دەوەن چرۆ دەکا .. گوڵ و چەمەن دەکەن سەما .. کە خاک خۆی ڕادەژێنێ و نەما سەرما .. کە زریانی ڕووگرژ و تاڵ .. جێگەی چۆڵ کرد بۆ شەماڵی گیان گەشێن و وەدی‌هێنی خەون و خەیاڵ .. تاڤگە و شەتاو .. تیشکی هەتاو .. نیشتیمانم خەمڵیو ئەکا و کانیاوەکانی پڕ لە ئاو ..

لە زێدی من لە کۆنەوە .. بە نەریتی جۆاروجۆرەوە .. ساڵی تازە دەست پێدەکەن .. خەم و مەینەت بەربا ئەدەن .. منداڵانیش لە گوند و شار .. بە تەقڵە و غار .. ئەچنە دەرگای دەوڵەمەند و پاڵە و هەژار .. تا ئەو کۆرپە چاوگەشانە .. وەریگرن نەورۆزانە .. بە دەستی پڕ بە دڵی خۆش .. ئەچنەوە ماڵ دڵی باوک و ناخی دایکیش ئەهێننە جۆش ..

بەڵام گەلۆ! ئەم بەهارە .. دڵهەژێن و مەینەتبارە .. بەهار نیە بەفرانبارە .. زوقم و شەختە و ڕێبەندانە .. لە گەڵ یادی هەڵەبجەی هەڵقرچاو .. پێنج هەزار پەپوولەی سووتاو .. بە ئاگری دوژمنانی لە ڕق و قین ئاخندراو .. لە کوردستانی بێ‌ناز و داگیرکراو .. خەمێکی‌تر بوو بە بەشمان .. زامداری کرد دڵ و لەشمان .. نەیهێشت شادی بێتە بەشمان .. پەتای “کڕۆنا”ی کەڕ و کوێر .. بێ‌ڕەحم و خێر .. قوڕگی ئاخنین لە تاڵ و سوێر .. لە چنگی دەرناچێ جوان و پیر .. میر و گزیر .. دەوڵەمەندی شایی بە خۆ .. هەژارانی ژین پڕ لە سۆ .. کلیلی دا ماڵی خودا .. نوێژی هەینی و بانگ و سەڵا .. کە چاو دەکا پڕ ئەسرین و دڵ لێوان‌لێو لە سکاڵا ..
هەر وەک چەتە و ڕێگرێ مەست .. ڕێی پەیوەندی لە گەڵ یەک بەست .. دەرکەی ماڵ و تەنانەت دووکان و بازاڕیشی داخست .. هەموانی کرد کزۆڵ و سست .. هەوری ڕەشی ئاسمانی داگرت بست بە بست .. میوانێکە بانگهێشت نەکراو .. هەموومانی کردوە داماو .. خەمبار، خەمین و دۆش‌داماو ..

خوای میهرەبان! .. خوای هەموومان! .. خوای ساتی خۆشی و خەم‌باران! .. ڕزگارمان‌کە لەم پەتایە .. لەم ئێش و ژان و بەڵایە .. بڕوا وەرزی ڕێبەندان و بێتەوە بەهاری شادی .. دوور لە زوڵم و لە بێدادی .. گشتمان بژین بە ئازادی .. ئازاد لە ژێر نیری مرۆڤ .. لە ناخۆشی و لە ئێش و ئۆف .. ئازا و ئازاد بەندەی تۆ بین .. پۆشتە و کۆ بین .. لە ڕوی ناخ و هەست و سۆزمان تازە و نۆ بین .. لە دەست نەدەین هێز و نەوا .. خۆ بسپێرین بەو خوایە وا .. سپاردەکان زایە ناکا ..

ئەحمەد عەبباسی ــ بانە ـ ۲٥ ڕەشەمەی ۲۷۱۹

نمایش بیشتر

ئەحمەد عەبباسی

استان کردستان - بانه نویستده - مترجم - فعال دینی و اجتماعی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا