شعرکوردی

پەخشانی ” ووشه “

وشه

دەستە ووشە یەک دەچنم
لە قامووسێ رەش بۆتەوە

لە ووشەدانی ژیانی تاڵ
لە کتێبی لاپەرە لێ بۆتەوە

سەیرکە
رەنگەکانی سوور و زەردە
رەنگی خوێنە رەگی مەرگە…
پڕ پشکۆیە دایسێ لە گڕە
بڵێسە و کڵپەی گەرمە وگوڕە …
وەرینی هەزاران گەڵا و بەرگە

خەت بە خەتی باسی تەمە
سووتان و بێ دەنگی شەمە
باسی خەمە
باسی جەنگە
رستە رستەی کارەساتە…
ئەوین نەبۆتە پێکهاتە
مەرگ و نەمان بۆ هەژاران
جوانترین دیاری و خەڵاتە
روگەی نەیار و دوژمنان
لە ناوەندی رۆژهەڵاتە…
زێری رەشوو زێرین و ئاڵ
مەبەستی وان
دەسەڵاتە…

راکێشی گورگ مەڕ دەکا…
بازاری بوون دەشێوێنێ…
گاڵتە بە خێر و شەڕ دەکا

هەڵایسانی هەرا و بەزمە…
شەرو هەڵا و پێک دادانە
تێک هەڵدانی خێر و شەڕە…
داگیرسانی قین و فڕە
پێک دادانی چەکی گەرمە.

باسی چەکی مێکرۆباوی …
هەواڵی کیمیایی بارانە …
شەری بیر و فکر و هەستە
لێرە ژیان مانای خەستە
شەری وێرانکەری پەستە
ئەلکترۆن و پرۆتۆن و هەستە
چۆن باس دەکرێ بە چەند رستە!?
باسی هەڵوەشانی ئەتۆمە…

لەو دێهاتە بچوکە دا
لە دم دانە تێک هەڵچونە..
مرۆڤان سەران دەبڕن
یەکتر دەخۆن
رەگەز لێرە وەک داردەستە!

دمەقاڵەی مێ و نێرە…
لێرە شەرە تووک خێرە…
دەست بە زۆرە ملی وتاڵان فێرە…
کەس نازانێ کێ برسیە کێها تێرە
چۆن دەر بڕم بە ئەو چەند دێرە…
زەوییە یان وەحشی خانەی بێ چاوە دێرە
ئەو کۆنە چاڵە بێ خێرە
پڕی دڕندە و هاوێرە
لەو گۆڕە پانە دا تەنیا زۆردارە شێرە.

گیان ولاشەی مرۆڤ زۆر هەرزانە
دڵە کوتە و دەست لەرزانە
نان نایابە لە کرین نایه
شڵەژانە، شڵەقانە، تێک پڕژانە..
لێرە دا ئاژاوەیە
جێ ڕاوگەی فەرەنگە…
لەخۆ دانە
پرسەی مەرگە
باسی دڵی بەژان و کزەی جەرگە…
خامۆشی و روخانێکی بێ هەست و بێ دەنگە…

لەناو جەرگەی بارانی ئاگر و گولـلە..
هەرایە،هاوارە، دەنگە دەنگە…

خەت بە خەتی پەند و ئەتکە
وێران بوونە، لەناو چوونە، دابڕانە
هەستی هەبون خاو و تەنکە
لاپەرەکانی مێژوی دڕاو و کۆنە..

دارزینە ئەو چیرۆکە
مایەی نەنگە…
لە کوێوە دێ ؟؟ کێ دەیفرۆشی ؟؟
دەیدا بەکێ ؟ کڕیار کێیه?
ئەو هەموو تانگ و تۆپ و تفەنگە
تەقەمەنی و چەک و ئاگر،تۆپی یارین!
تەقە و دەنگی بۆ جەفەنگە…

ووشە کانم رەق و تەقن
ویشک و تاڵ و پڕ لە رقن
گۆپاڵێکی ئەستوور و بە سەنگە
دایمە ئازا و گوێ بەزەنگە… .

لەگەڵ تۆ یەک ناگرێتەوە
بە مەزاقت ناخواتەوە
ئەو ئاگرە ناگوژێتەوە
نابڕێتەوە
تازە لەدەست نابێتەوە
هەوێنی پێ ناگرێتەوە…

پرسیار زۆرن
بە بێ وڵام

لەکێ پرسم ؟!
هیچ نابیسن
جوابی دەنگم نادرێتەوە
دەرکەی ئاوات ناکرێتەوە… .

ئەی ئەمن چبکەم
بۆ ئاشتی،
بۆ ژیان،
بۆ مان،
بۆ چۆڕێ ئاو و پەلکێ نان… .

چم لە دەست دێ بە بێ دەستی
بەخۆ ڕنین و سینگ کوتان…
بە سەرسام بوون و لە خۆدان…

بێ هاو دەستم و دەستم بەتاڵ…
بە بێ هێزی نەبونی باڵ …
بە بیر خاو و زەینی تاڵ
بۆ مناڵانی دڵ زوڵاڵ …
بۆ کیژ و لاوی کرچ و کاڵ…
بێ بەرگر و چەک و مەتاڵ…
لە نێو دەریای رەشی هەواڵ…
چم لە دەست دێ..?
تا دەربخەم مەکری بەتاڵ…
دڵم نەبێتە کۆی زوخاڵ…
کە دابەزێ بووکی خەیاڵ..

نوسراوەکانی پابۆتەوە…
بە پانتایی ئەو مێژو کۆنە…
دەسەڵاتیان بە بێ شۆنە..

رۆژێک دا دێ
بەڵێن دەدەم
تا چیا وتەم و
هەور ئاسمان…
دەریا و شەپۆل
لێ رەوار و دار…
وەیلان و هەتاو،
لاپەرە پێنوسەکان…
لەلای یەک بن، دەست لەملان بن،
ئەزموونی وا
هەتا هەتا
هەرگیز تاقی ناکرێتەوە… .

محمد فتحی نژاد

از طريق
محمد فتحی نژاد
منبع
https://sozimihrab.org/
نمایش بیشتر

محمد فتحی نژاد

استان آذربایجان غربی - مهاباد نویسنده و شاعر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا