وه رزی بوژانه وه

ئەی وەرزی جوانی، بمژێنەوە

وەک هاژەی کانی و ڕووبارت

با لە ڕۆحما هاژەبکات شادومانی

با بارانی میهر و جوانیت

پەڵە گەنمی دڵنیاییم نما پێبکات

ڕەنگڕێژم کە بە گوڵاڵەی دەشت و دەرت

تا لە ڕەنگی نێرگزیت

لوکۆی سەربەرزی بنەخشێنم

بە گوڵاڵەی سوور و زەردت

ئاڵای شەکاوەی سەربەستی پێک بێنم

بمژێنەوە، بە نەغمەی باڵندەی کەژ و کۆسارت

تا بولبولی هەستم وەک باڵدار

لە شەقەی باڵ بدات

لەم چڵ بۆ ئەو چڵ

بۆ کامەرانی دەورووبەر

بمبوژێنەوە و بە بارانی کەرنەڤاڵی مێهرەبانی

گوڵشەنی خۆزگەکانم

تێر ئاو بکە بە تنۆکی بەردەوامی

تا لەبەر ڕحمەتی ئاسماندا

پەلکەزێڕینەی خۆشبەختی ببێتە یاوەری وجودم

با لە ناو هەوای ساف و بێگەردتا وەرزی جوانم

ژەهری ژیان لەبیر بکەم

بەستەڵەکی میحنەت و ژانم بتوێنەوە

لەبەر تینی یاقوتی سوبحێکتا

لەناو بەرامەی سروشتتا

بەبۆنی ئەوین سەرحاڵم کە

تالە کەناری هیچ دەریایەکی لێڵدا

عومرم بەپایان نەگاو

ئەستێرەی دڵنیایی هیچ کات

خۆییم لێ ون نەکات 

شاعیر: ڕۆشنا ساڵح

خروج از نسخه موبایل