تاریخ

پشتبه‌ستن بە خوا، چۆن ده‌بێت؟

ئایا هەرئەوندە بەسە پشت بە خوا ببەستین و واز لە سەبەبەکان بێنین بۆ ئەوەی لە نەخۆشی کۆڕۆنا پارێزراو بین! یاخود بایس و سەبەب بۆی هەیە؟ وەک لە کوردەواریا دەوترێ: کوللووسەبەب” یا ئەبێ پێشەکی سەبەب بگرینەبەر جا دوایی پشت بە خوای کارساز ببەستین؟

وەڵام
قوڕئان پێمان دەڵێ گشت شتەکان پەیدا دەبن لەسەر سەبەب، جا ئەو شتە پەیوەندی بە هەر شتێکەوە بێت. ئەم یاسایە گشتی بۆ تەواوی ئەو شتانەی لە گەردوونا هەیە.
ئەسباب و موسەببەبات لە ئاکاری خوا گیانە. خوای مەزن خۆی ئافرێنەری هەردوکیانە. ئەگەر خوای گەورە نەبوایە هیچ سەبەبێک بایسی نەتیجە نەدەبوو.
کەواتە وتەی ئەوانە ڕەد دەکرێتەوە کە سەبەب ڕەچاو ناکەن و دەڵێن: پەیابووەکان بەرهەمی هۆکارەکان نین! چونکه قوڕئان پێچەوانەی ئەم بۆچوونەیە، هەروەک دەفەرموێ: «ادْخُلُواْ الْجَنَّةَ بِمَا كُنتُمْ تَعْمَلُونَ» پیتی بێ بۆ سەبەبیەتە.

پێویستە بۆ هاتنەدی سەبەبەکان، لەگەڵ نەبوونی کۆسپەکان، مەرجەکانی بێنە دی؛ مەسەلەن باران مەرجە بۆ ڕوانی گیاوگژ، بەس بەتەنیا کافی نییە؛ ئەبێ هەوا و گڵی لەگەڵ بێ جا هەرسێکیان ئەتوانن شینایی شین بکەن.

ڕەوا نییە بەهۆی بڕوا به‌ قەزاوقەدەر واز لە ئەسباب بێنین، وەک ئەوەی واز بێنین لە ئیشکردن بە بەڵگەی ئەوەی مادام خوای گەورە ڕزقی منی دابێ، حەتمەن بۆم دەنێرێ، ئیش بکەم یا ئیش نەکەم! ئەم بیرکردنەوە هەڵەیە. بەڵکوو واجبە پشت ببەستین بەو ئاکار و ئەرکانەی شەرع پێویستی کردوون، چونکه هەموومان بەرەو ئەو ئاقارە ئەڕۆیین کەبۆی دروست بووین.
هەروەها خوای گەورە فەرمانی داوە بە پاڕانەوە و داوای لێخۆشبوونی گوناهەکان و… تاکوو دەرگای خێر و ڕەحمەت وەکرێ و ناخۆشییەکان وەڕەوێن، جا ئەمانە هۆکارن بۆ گەیەشتن بە مراد و نیاز، گەر خوا دیاری کردبێ. بەندە ناگات بە مرازی بەختەوەری جگە بەگرتنەبەری ئەم ڕێسایانە نەبێ، نایداتێ تاکو لەو کاناڵەوە وارد نەبێ. کەواتە ئەسبابەکان پێشەنگن بۆ بەدەستخستنی چاڕەنووسی نادیاری خۆت.

ئێستا با بێینە سەرباسی تەوه‌ککول بەخوا و وازهێنان لە ئەسبابەکان!
زۆربەی خەڵکی ئیماندار بڕوایان وایە ـ بەتایبەت لەم هەلومەرجەی ئێستادا کە ئەم نەخۆشییە باوە ـ کە هەر خوامان بەسه‌ و ئیتر حیساب بۆ هیچ شتێ ناکەن و خۆیان بێ ئاگا دەکەن لە چارەسەرییەکان! بە دڵنیاییەوە ئاوا بۆچوونێک هەڵەیە و قەت قەت قوڕئان ئاوای فێر نەکردووین. ئیبنوقەییم دەڵێت: خوای گەورە فەرمانی کردووە بە گرتنەبەری ئەسبابەکان هەرکەس وازیان لێ بێنێ بەڕاستی دژایەتی خوای گەورەی کردووە لە ئەمر و فەرمانیدا. چۆن ڕەوایە بۆ موسوڵمان تەرکی تەواوی سەبەبەکان بکات؟ بگرە خودی ته‌وەککول گەورەترینی سەبەبەکانە کە بە مرازەکانت ئەگەیێنیت، جا هەرکەس نکۆڵی ئەسبابەکان بێ، ته‌وەککول لێی ناوەشێتەوە. تەوەککول یانی متمانەبوون بە خوا، هێمنبوون لە پەنای خوای گەورە. کەواتە کەسێ ڕاستگۆ بێ لە پشت بەستن بەخوای گەورە، دەبێ هۆکارەکان بگرێتەبەر بۆ گەیشتن بە مرامەکەی وەک ئەنەس دەگێڕێتەوە پیاوێ وتی: ئەی پێغەمبەری خوا(د.خ) وشترەکەم وەبەستم و تەوەککول کەم یا ڕەهای کەم و تەوەککول بکەم؟ فەرمووی: وەیبەستە جا تەوەککول بکە. لەم فەرموودەوە فێر دەبین ئەمرمان پێ دەکا بە گرتنەبەری ئەسباب جا پشت بەستن بە خوای گەورە.

ـ کۆی توێژینەوە ئەوەسە کە” ئێمەی بڕوادار بە خالقی کەون‌ و کائینات، بڕوادار بە ڕێنماییەکانی قوڕئانی پیرۆز و بڕوادار بە ژیان و ڕێباز و فەرموودەکانی پێەمبەری دڵبەند(د.خ) دەبێ سەرەتا باوەڕێکی پتەو و قایممان ببێ بە خوای گەورە، چاکی بناسین، دڵنیا بین لەوەی زاڵە بەسەر هەموو شتێکا، دەسەڵاتدارە بۆ لابردنی بەڵاکان و ناسۆرییەکان و ناخۆشییەکان و… وەک دەفەرموێت: «وَمَا ذَلِكَ عَلَي اللَّهِ بِعَزِيزٍ» لەگەڵ ئەم دڵنیاییە باوەڕمان بێ، بەبێ گرتنەبەری چاڕەسەری و هۆکارەکان سوننەت و ڕەوشی خۆی بۆ ئێمەمانان تێک نادات! وەک دەفەرموێت: «فَلَن تَجِدَ لِسُنَّتِ اللَّهِ تَبْدِيلاً وَلَن تَجِدَ لِسُنَّتِ اللَّهِ تَحْوِيلاً» سەیرکەن قوڕئان باسی گەورەمان ئەییووب دەکات کاتێ نەخۆش کەوت، داوای لە خوا کرد شفای بدات، خوا فەرمووی پێ لەو ئەرزە بدە، خۆت بشۆ بە ئاوە ساردەکە چاک دەبیتەوە! ڕاستەوخۆ تەندرووستی پێ نەبخشییەوە، بەڵکوو واداری کرد بەو ناسازییە بچێت خۆی بشوا ـ سەبەب بگرێتەبەرـ جا شیفای بدات. ئێمەمانانیش لەم دۆخەی ئیستادا نابێ گوێ بە ڕێنموونی سازمانەکان و ئێنجی‌ئۆکان و بێهداشتی جیهانی و ئامۆژگاری ئایینی نەدەیین و بڵێیین خوا حیسابە! یا بڵێیین لە قەدیما وایان کردووه‌ و باووباپیرانمان وابوون و… ئەمانە دژی ڕێسا قوڕئانییەکانن. باش وایە و پێویستە ڕێی تەندرووستی بگرینەبەر، ئینجا پشت بەستین بە خوای خالقمان، خوا یاربێ تووشی پەتا و نەخۆشی نابین، ئەم تەمی پەتایەش ئەڕەوێتەوە.
لە کۆتاییدا دەڵێم: خوایە پەنات پێ دەگرم لە؛ شێتی، لە گولی، لە بەڵەکی و لە نەخۆشی خراپ، ئامین.

ـسەرچاوە” السنن الاهیه” د، عبدالکریم زیدان. بە دەستکارییەوە.
کاناڵێک بۆ پرسیارەکانتان
ئاماده‌ کردن: سه‌عدی موڕادی
سۆزی میحڕاب

نمایش بیشتر

سعدی مرادی

استان کردستان - بانه مترجم و نویسنده دعوتگر و فعال دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا