تاریخ

ڕۆشەنبیر کێیە؟

وشەی ڕۆشەنبیر ، لەناو ئەدەبیاتی کۆمەڵگادا، ماناو لق و پۆی زۆری لێکەوتۆتەوە.
سەدان بنکە و دامەزراوە و زانستگا، شانازی پێوە دەکەن کە توانیویانه بڕوانامەی بەناو ڕۆشەنبیر بۆ دەرچووانیان، بنووسن .

گەلێک حیزب و سیاسەتوانانیش، سەرۆک ودمڕاستەکانیان بە ڕۆشەنبیر نێو دەبەن وخۆ بەئاڵا هەڵگری ئەو وشە جوان و بە پێزە دەزانن.
تۆ بڵێی پێناسە و چەمکی واقیعی ، گەیشتن بە پلەکانی سەرووی حکوومی و حیزبی و ئایینەکان بێ؟دەبێ چ پێناسه و شوناسێکی هەبێ کە ئەندامانی کۆمەڵگا هەڵگری بەیداخی ئەو بن؟
زانکۆکانی ناوداری جیهان،بە وێدانی بڕوانامە ی ماستەڕ ودکتۆرا، دەبنه بەرزکردنەوەی ئاستی زانین و تێگەیشتن و بەپێزکردنی تاقیگاکان و کتێبخانەکان.

خوێنکارانی دەرچوو، لەبوارەکانی ئەدەب و فەلسەفە و بیرکاری و فیزیک وپیشەسازی و کامپیۆتێڕو سەدان ڕشتەی جۆراوجۆر، دەبنە پسپۆر و لێزان.تۆبڵێی هەرئەندامێکی پسپۆڕ و لێزان، بێتە ژێر سێبەری ڕۆشەنبیری و بتوانین مۆرکی ئەوی لێدەین؟
بەڵام چەمکی پیشەسازی و ئاستی بەرزی تاقیگا و ئازمایشگاکان و داهێنان بۆژیان ، بەشێکی جوێیە و لەگەڵ ڕۆشەنبیری جیاوازن.
پێناسەی ڕۆشەنبیری لەگەڵ هەڵگری بڕوانامە و تێپەڕکردنی دەورەکانی تایبەتی یەکتر ناگرنەوە و گۆڕەپانی هەوڵ و چالاکیەکانیان جوێن.

ئەی مەیدان و سنووری ڕۆشەنبیر هەتا کوێیە؟
وشەی ڕۆشەنبیر هەرگیز ناکەوێته بازنەی بەرتەسکی هیچ ئایین و فکروحیزبێک. دایم لەفڕین دایە وەک باڵندەیەک دەچێ کە هەردەم لەوچڵ بۆ ئەو چڵ باز بازێن دەکا و نابەسترێتەوە.دایم بەرەو داهێنان وعەقڵانیەت دەڕوا ، تەنیا بۆ خۆشی نیە بەڵکوو موڵکی گشتی هەموو مرۆڤە و خۆ بە خەم خۆری هەموو کەس دەزانێ. قەت ناچێته ژێر ڕەکێف و بەندی ئایین و حیزب و لایەنێک.
وەرزشی فکری و بیروبۆچوونی نوێ لە ناو مێشکی لەجووڵە دایە لەگەڵ دۆخەکان دەگۆڕێ، وێنەی هەنگ هەردەم شیلەی هەموو گوڵەکان دەمژێ.
کەسێک سەبارەت بەبۆچوونەکان و شنەبای فکری ناو کۆمەڵگا، داهێنانی هەبێ وبەربەستێکی ڕەخنەگرانە و لێکدانەوەی بۆ بکا ، هەردەم لە خۆهەڵسەنگاندن دابێ و دایم لە سەر هێڵی نوێکاری فکری و توێخ هاویشتن بێ ،هیچ ساتێک خۆ بە زیندانی و بەندکراوی کات و زەمانی ڕابردوو ئێستا نەزانێ ڕۆشەنبیرە.
ڕۆشەنبیر لەم جیهانه دا گەلێک داوێن بڵاوە و لەق و پۆی زۆرە . پرچی سەوزی بەسەرتەواوی تاقم و چین و توێژ و فکرو بۆچوونە کاندا، پەرێشانە ، بێ حەوشە و حەسارە.

ڕۆشەنبیر وزەیەکی نادیارو بەهێزە لە هیج پەرژین و بەربەستێک ناوێستێ و بێ سنوورە. زمان و نەتەوەو وڵات و ڕەنگ و ئایین ناناسێ.بۆن و بەرامی عەقڵ و هۆشە، وەک خۆرەتاوە و تیشکی لەهەموو جیهاندا شەبەق دەدا.
جاری واهەیە بازی ڕۆشەنبیری لە سەر کەسێکی ئاسایی دەنیشێ ، کەسێک کە لەناو کۆمەڵ وەبەرچاوی ئێمە نایە حیسابی بۆ ناکەین بەڵام ڕۆشەنبیرێکی ڕاستەقینەیە، وەک کاریگەرێکی سادە، دوکاندارێک، دایکێکی بەئەمەگ و خەمخۆری ناو ماڵ،خوێنکارێکی ساویلکە و نزم و……
ڕۆشەنبیر، جیهان بەجۆرێکی سێحراوی وجوان و بەربڵاو ومەزن دەبینی. خۆی هەموو کەسی لەبەر چاوە بەرژەوەندی هەموو کەسێک و لایەنێکی دەوێ.
گەڕۆکە لەهەرچاوترووکاندنێکدا، داهاتێکی نوێ دەبینێ. وەکوو وەرزشوانێک، لە فکری پتەو کردنی ماسوولکەکانی عەقڵ و داهێنانە.

خۆی بەر ڕەخنە وتوانج دەخا ، زنجیر لە دەست و قاچی خۆی نادا، هەرکات فکرێک و بۆچوونێک بیانهەوێ بیبەستنەوە زوو ڕادەپەڕێ و دەیپسێنێ،
بەخاک و ڕەگەزو ئایین و فکرێک پێشێل ناکرێ.
ڕۆشەنبیر ڕووحێکی هێن گەورەی هەیە کەلەناو دونیای فکرە بچکوڵەکان جێگای نابێتەوە دارێکی زەبەلاحه دونیای ناو گوڵدان هەڵی ناگرێ.
سەدان ساڵ خێراتر لەکۆمەڵگای سڕو خەوتوو لە پێش ترە. ئەسپی خەیال تاودەدا و لە مەیدانی بیروهزردا، تەقڵە غار دەکا.
کەسێک بکەوێته ناو بازنەی ئەوشوناسانە و ئەو چەمکانە لەخۆ گرێ ئەوە دەتواندرێ پێ بگوترێ ئاڵا هەڵگرو چرا بەدەستی ڕۆشەنبیر.
هەڵس و کەوت و بیرو بۆچوونەکانمان ،لێکدەینەوە ئاخۆ دەکەوینە ژێر تاقمی ڕۆشەنبیر!

جەهانگیر بابایی ـ سەردەشت ـ جۆزەردانی ۹٨

از طريق
جهانگیر بابایی
منبع
sozimihrab
نمایش بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا