تربیت فرزندانخانواده

ڕۆڵـی تێکدەرانەی ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەلەڤیـــزیۆن لە سـەر منــداڵ!!

ڕۆڵـی تێکدەرانەی ئینتێرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و تەلەڤیـــزیۆن لە سـەر منــداڵ!!

دەسپێک

لە جیهانی ئەوڕۆدا لە ناو تاک و خێـزان بە هۆی توش بوون بە نەخۆشییەکانی ڕوحی و فکری و خەیاڵی و زۆر بوونی خەفەت و کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتی و ماددی، بیری پەروەردە و بارهێنانی منداڵ وەک شتێکی گرینگ و ئەساسی لە بەرچاو نەماوە و بگرە بوونیشی ناکرێ! کە چی ئێمە یا زۆر بێ ئاگایین یا خۆد خۆمان بێ ئاگا دەکەین لەو ڕاستییە کە منداڵەکانمان موڵکی ئێمە نین، بەڵکو ئەمانەتێکن لە گەردنی ئێمەدا…
بێگومان سات لە دوای سات ئامێرەکانی پێشکەوتن زۆر دەبن و بەو هۆیەشەوە چەندان شتی بەکەڵک و شتی گرنگ و بە بایەخ دەبینرێت کە بە هیچ شێوەیەک لە پێشدا وێنە و چەشنی نەبووە. لە وانە بوونی ئینتێرنێت و لە ناو ئەوەشدا بوونی تۆڕی کۆمەڵایەتی {تێلێگرام، واتساپ، ئێمۆ، فەیسبوک و…}  بۆیە ئەمەش کاریگەری خۆی هەیە چ بە باشە بێ یان بە خراپە، چونکە مەرج نییە هەموو تازە داهێنراوێک خەڵکی بە باشی بەکاری بهێنن، بۆیە لێرەدا ئەوەندەی پێمان بکرێت و تواناشمان هەبێت چەند تێبینییەک دەخەینە بەرچاوی ئێوەی بەڕێز، بەو ئاواتەی سەرەتا خۆمان و دواتر ئێوەی بەڕێزیش سوودی لێ ببینن.

لە ڕاستیدا لە جیهانی ئەمڕۆدا ڕۆژ لە دواى ڕۆژ زانست پێشکەوتنى هەمەجۆر بەخۆیەوە دەبینێ کە مرۆڤ لە بەر دەمیاندا هەندێ جار سوودمەند و هەندێ جاریش زەرەرمەند دەبێت. واتە: مەرج نییە هەر شتێک بەرهەمى زانستێک بێت، سوودمەند بێت، بە ماناى تەواو دیارە لەمەشدا مەبەستم ئەوە نییە خودى شتەکە زەرەرە، بەڵکو بەکارهێنانى لە ڕێگە و ڕێڕەوى خراپ ئاقارەکە دەگۆڕێت. نموونەى هەر وەکو چەقۆیەک وایە هەندێ جار میوەى پێ قاژ دەکرێت و هەندێ جار دەستى خۆتى پێ دەبڕى.

یەکێک لەو بەرهەمە زانستییانەى کە زۆربەى ماڵەکانى داگیر کردووە (تەلەڤیزیون، سەتەلایت، ئینتێرنێت و بوونی تۆرەکۆمەڵایەتییەکان)ە. دیارە ئینتێرنێت وەکوو ئامێرێک سوودى مرۆڤى تێدایە کە لاى هەمووان ئاشکرایە، بەڵام نەبوونى بەرنامەى تەواو لە بەکارهێنانیدا و بەڕچاوکردنى هەمەلایەنە لە لایەن بینەرەوە، زۆر جار تووشى کێشە و دەرەنجامى خراپ دەبێت کە پەشیمانى بەدواوە دەبێ.
خۆێنەرى بەڕێز: گرنگترین شتێکی که لەم دونیایەدا هەبێت، واقیع بینانەیە، واتە تۆى ڕۆشنبیر پێویستە پێوەرێک لە لاى خۆت و خێزانت دروست بکەیت بۆ جیاکردنەوەى شتى دروست و بەسوود لە شتى نادروست و خوار و خێچ و خراپ لە هەموو بوارەکانى ژیاندا. ئەگەر پێوەرت لا نەبێت، گومانى تێدا نییە لە بازنەى مرۆڤایەتى دەردەچیت و بەرەو ئاقارێکى خراپ مل دەنێیت، دەرەنجام گێژاوى نەزانى و ماڵوێرانى مەدالیا و ناونیشانى ژیانت لێ ئەسێنن…
تۆرەکۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆژیا لە ژیانی تاک و خێزان ڕۆڵێکی گرینگ دەبینێت، هەر ئەوە وای کردووە کە بە پێی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا هەوڵ بدەین سەرجەم ئەو ئامێرانە دەستە بەر بکەین کە پێداویستی ژیانی ڕۆژانەی ئێمەن.
لە ناو خێزانی کوردەواری هەریەک لەو ئامێرانە بە شێوەی جیاواز کەڵکی لێوەدەگیرێ، ئەوەش وایکردووە کە زیانەکانی زۆرتر بێت تا قازانجەکانی.
ئایا بەڕاستی تا چەند ئینتێرنێت و تەلەڤیزیۆن و سەرجەم تۆرەکۆمەڵایەتییەکان بوونەتە فاکتەرێک بۆ پێشخستن و لایەنی پەروەردەیی خێزان؟ بێگومان خێزان گەورەترین و هەستیارترین قوتابخانەیە بۆ بارهێنان و پەروەردەی منداڵ کە دەبێتە بناغەیەک بۆ کەسایەتێکی گونجاو و بنیاتنانی دەروونێکی تەندروست…

کاریگەری تۆرەکۆمەڵایەتییەکان و ئینتێرنێت و سەتەلایت لە سەر مناڵ!؟

مەخابن له‌ سەردەمى تازە باو تەلەڤیزیون بەگشتی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و ئینتێرنێت بە تایبەتی وەکو ئەندامێک لە ئەندامانى خێزانى لێهاتووە و کەسانێکى زۆر خویان بە زۆر سەیرکردنییەوە گرتووه‌، له‌وانه‌ش منداڵان کە زۆربەى کاتەکانیان لە بەردەم ئینتێرنێت بەسەر دەبەن و زۆربەى جارەکانیش دایک و باوکان، بیر لەوە ناکەنەوە کە ئایا ڕێگەدان بە منداڵ بۆ وەها گیرۆدەبوونێک بە تەلەڤیزیون و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کارێکى باشە، یاخود نا؟ ئایا ئەم گیرۆده‌بوون و خوپێوەگرتنە لە داهاتوودا چ سەرەنجامێکى لێ دەکەوێتەوە؟ ئایا ده‌شێت ڕێگەدان بەو زۆر سەیرکردنە، باش بێت، ئەگەر لە ژێر چاودێرى گەورەکاندا نەبێت؟ لە کاتێکدا لە سەردەمی ئەمڕۆماندا لاى زۆربەى خێزانه‌کان تەلەڤیـزیون و ئینتێرنێت بۆ سەرقاڵکردنى منداڵان به‌کار دەهێنرێت، یاخود بۆ ئه‌وه‌ى منداڵان نەچنە کۆڵانه‌کان…!!
کەچی بەداخەوە فیلمەکان و بەرنامەکانی تەلەڤیزیون و ئینتێرنێت لە چوارچێوەی تەمەنی منداڵانـدا نین و کارتێگەرێکی خراپیـان لە سەر ژیان و ئاکاری ئەواندا هەیە.
زۆربەی فیلمەکانی تەلەڤیـزیون بە نیشاندانی پێوەندی جینسی ژن و پیاو، بیـری مناڵ بە شێوێکی نائاسایی بەرەو بابەتگەلێک دەکێشن کە هیچ چاشنە هاوتایی لە گەڵ ویست و هەستی ڕوحی و سروشتی ئەواندا نییە!.

بە پێی لێکدانەوەکان لە فیلمەکانی پڕ بینەری تەلەڤیزیوندا وەک کاناڵەکانی {جیم تی وی،جیم کوردی، کوردماکس، کوردماکس شەو، نێ تیوی و… } بەلانیکەم هەشت {٨} جار پێوەندی جێنسی نیشان دەدرێ کە دوو لە سەر سێی ڕاستەوخۆ نزیکایەتی جێنسی ژن و پیاوە!  مەخابن منداڵ بە دیتنی ئەم فیلمانە لە ژیان و ڕاستییەکانی جیهانی منداڵیان دوور دەخرێنەوە بە جێی دەرس، وەرزش، کایە و یاری لە گەڵ منداڵانی هاوتەمەنی خۆیان، لە ڕاستیدا لە ماڵێ زۆربەی کاتی بەکەڵکیان بەداخەوە بەفیڕۆ دەڕوا.
بۆ پێشگیری لە ئاکامی نگاتیڤی تەلەڤیزیون، ئینتێرنێت، دراماکوردییەکان و هەر ڕووداوێکی نەخوازراو لە سەر مناڵان، پێشنیار دەکرێ کاتی سەیری تەلەڤیزیون و سەرجەم تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کەم کرێتەوە و پێشگیری لە سەیری ئەو فیلمانە بکرێ کە لە گەڵ تەمەنی منداڵدا نایەنەوە. بۆ ئەو مەبەستە باشتر وایە کە ئینتێڕنێت لە ژێر دەسەڵاتی باوک و دایک بێ و تەلەڤیزیون  لە دیوی دانیشتن بێ و منداڵ لە دیوی خۆی تەلەڤیزیونی لە بەر دەستدا نەبێ. چونکە ئەو حاڵەتە دەرفەتێکی باش دەڕه‌خسێنی بۆ منداڵ تا لە کاتی خۆی باشتر کەڵک وەرگرێ و کاتی پشوودانی لە گەڵ هاوتەمەنەکانی خۆی تێپەرکات.

لە ڕاستیدا لە جیهانی ئەمڕۆدا، ئینتێرنێت دەتوانێ لە ژیانی مرۆڤدا سەرچاوەیەکی باش و بەکەڵک بێ، دەشتوانێ سەرچاوەیەکی تاڵی و ناخۆشی بێت که تەنانەت لە ژیانی منداڵاندا کارەساتی زۆر گەورەی خوڵقاندووە، بەتایبەت لە بنەماڵەگەلێک کە منداڵەکانیان پێ کۆنتڕوڵ ناکرێ! هەر ئەوەندەی کە منداڵ لە بەشی گەڕانی {گوگڵ} ئینتێرنێت وشەی سێکس بنووسێ، ڕێگای بە هەزاران ماڵپەری جۆراوجۆری سێکسی دەکرێتەوە…!  باشتر وایە بۆ بەرگری لە هەر چەشنە کارەساتی گەورە و بچووک منداڵان لە ژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵی دایک و باوک یا لە ژێر چاودێری کەسانی ئەهلی ئیمان کەڵکی باش لە ئینتێرنێت وەرگرن.
بەداخەوە زۆربەی منداڵان ئەوڕۆ لە ڕێگای ئینتێرنێت تووشی ڕێگای هەڵە دەبن و هەڵدەخەڵەتێن و زۆر جاران تووشی ئازار و دەسدرێژی جینسی دەبن! مەخابن دەسدڕێژی جینسی لە تەواوی ولاتانی دونیا سەرەڕای جیاوازی فەرهەنگی، ئابووری، کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی بەرچاو خۆی دەنوێنێ و تەنیا جیاوازی لە شێوەی بۆچوونی بنەماڵە، کۆمەڵگا و یاسای سزادانی ئەو وڵاتە سەبارەت بەو مەسەلەیە هەیە. هەرچەندە دەسدرێژی جێنسی شتێکی نۆی نییە و مێژوویەکه‌ی بە درێژایی مێژووی ئینسانە، بەڵام ئەوەی جێی داخە ئەوەیە کە زۆربەی ڕووداوە جێنسییەکان و دەسدرێژی بۆ سەر منداڵان، لە سەتا ۹۰ی دەسدرێژکەر لە ئەندامانی بنەماڵە، خزم و دۆست و ئاشنای نزیک بووە!؟!؟
بە داخەوە زۆر جار ئەو کارە ساڵیانی ساڵ درێژەی پێدەدرەی و دەسدرێژکەر لە تەواوی شێوەکان بۆ بێ دەنگ ڕاگرتنی منداڵەکە و پێش بردنی ئامانجی خۆی کەڵک وەردەگرێ!! کە ئێمە لێرە لەو نامیلکەیە خۆ لە ئاماری دەسدرێژی بۆ سەر مناڵان دەپارێزین…!

ئەو منداڵانەی زۆرتر لە مەترسیدان

یەکەم: ئەوانەی لە ژێر کۆنتڕۆڵی دایک و باوکدا نین!

دووەم: ئەوانەی کە دایک و باوکیان سەر خۆشن بە ماددە بێهوشکەرەکان!

سێهەم: ئەو منداڵانەی پێویستیان بە موحەببەت و خۆشەویستی هەیە و زۆر بەته‌نیان.

چوارەم: ئەوانەی کە شارەزا نین و بە خاتری ترس ناوێرن ناڕه‌حەتی ئەو ڕووداوە و شێوازەکانی دەسدرێژی و ڕاستییەکان لای دایک و باوک بدرکێنن.

بەداخەوە زۆربەی خەڵک نایانهەوێ، یا ناتوانن و پێیان عەیبێکی گەورەیە وه‌ڵامی ساکارترین پرسیاری منداڵەکانیان سەبارەت بە سێکس بدەنەوە. هەڵبەت لە ناو کۆمەڵگا وشەی سێکس وەک سنوورێکی مەزن لە بەرچاو دەگێرێ کە بەشی زۆر لە خەڵکی پێیان وایە کە تێپەڕین و لادان لەو سنوورە دەبێتە هۆی کرانەوەی چاو و گوێچکەی منداڵان و شکاندنی مەرزی شەرم و حەیا. بەشێکیش تەنانەت ئەگەر پێشیان خۆش بێ وه‌ڵامی منداڵان بدەنەوە، لە بەر نەبوونی زانستی پێویست سەبارەت بەو مەسەلەیە تێیدا دەمێننەوە و ناتوانن بە شێوەکی ڕێک و پێک لە چۆنێتی جیهانی سێکس بدوێن، بۆیه‌ مەیلێکی وایان نییە لە سەر ئەو مەسەلەیە لە گەڵ منداڵەکانیان بدوێن.
لە ڕاستیدا سێکس مەسەلەیەکی گرنگە لە ژیانی مرۆڤدا و پێویستی بەوە هەیە بەلای ڕاستدا ئاراستە بکرێ، ئەو کات تاک و منداڵ دەتوانێ لە پێکهێنانی کەسایەتی سێکسی خۆیدا تایبەتمەند بێت و لە بنیاتنانی کەسایەتی خۆیدا بە باشی و بە بەڕێزی سوودی لێ وەربگرێت تا بتوانی بەرەو ڕووی ئەو ڕەوتە لادەرانە بێتەوە بەلایدا ڕادەبڕن.
شێوەکانی پێشگیری لەو ڕووداوە نەخوازراوە ئەوەیە کە پێوەندێکی دۆستانە و متمانەیەکی باش لە گەڵ منداڵ دروست بکرێ و هەوێنی خۆشەویستی و مۆحەببەتی دایک و باوک لە دڵی منداڵدا جێی خۆی بکاتەوە.
بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەو هێرشە دڕندانەیە پێویستە منداڵەکانمان وەک مرۆڤێکی باوەڕدار بە ڕەوشت، باوەڕبەخۆ و جوامێر باریان بهێنین و کەسایەتیان گەشە پێبدەین کە بۆ گەیشتن بەو قۆناغە دوو ناوەندی گرنگی گەشەکردنی منداڵ کە {بنەماڵە و قوتابخانەیه‌} لە ناو کۆمەڵگا دەبێ ئاستی زانستی خۆیان بەرنە سەر.

ڕۆڵـێ میدیا لە بەلاڕێ ڕۆیشتنی منـداڵ

بێگومان هەموومان ئەمەش باش دەزانین کە لە جیهانێکدا دەژین ڕۆژانە بە چەشنێک سەر و کارمان دەگەڵ دونیایێکی سەرسوورهێنەر هەیە، شەو و ڕۆژ لە ڕادوێ و تەلەڤیزیۆن، ئینتێڕنێت، تەنانەت پڕوپاگەندەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و سەتەلایت، بۆ فرۆشتنی زۆر شت لە سابوونەوە بگرە تا دەگاتە پێداویسیتی ناو ماڵ و ماشێن، سێکس و وێنەی ڕووت و جوان بۆتە خۆراکی بەرنامەکانی تەلەڤیزیون و ڕپۆرتاژی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و کەڵکی ڵێ وەردەگرن…!

کاتێک دەمانەوێت منداڵەکانمان دوور بخەینەوە لە زۆر سەیرکردنى تەلەڤیزیون، پێویست دەکات کە خۆمان سەیرکردنى تەلەڤیزیون کەم بکەینەوە و لەبرى سەیرکردنى تەلەڤیزیون، با هەڵسین بە خوێندنەوەی کتێب و ئەنجامدانى هەندێ کارى گرنگى ناوماڵ، لەوانەشدا داوا لە منداڵەکانمان بکەین یارمەتیمان بدەن، هەڵبەت مەرج نییه‌ منداڵەکە بزانێت یارمەتیت بدات، به‌ڵام لێرەدا ئەو منداڵە لە برى سەیرکردنى تۆرەکۆمەڵایەتییەکان و ئینتێڕنێت فێرى یارمەتى دەبێت و لە هەمان کاتدا سه‌رقاڵ دەبیت بێ ئەوەى بیر لە سەیرکردنى تەلەڤیزیون و… بکاتەوە، کە ئەمە ئامانجى سەرەکییە، یاخود هەڵسین بەهەر کارێکى تر وەکو سەردانیکردنى خزمان و هاوڕێیان لە مانەشدا دەبینین کە به‌ شێوەیەکى ئۆتۆماتیکى منداڵه‌کانمان لاساییمان دەکەنەوە. بەڵام ئەگەر منداڵەکەت زۆر بچوکە و تواناى خوێندنەوە و کاری ترى نییە، ئەوا هەڵسە بە کڕینى هەندێک کتێبى سەرەتایى بۆ فێربوون، یا خود یارمەتى منداڵەکەت بدە بۆ دۆزینەوەى ئەو بەهرەى کە تێیدایە. کەمکردنەوەى ئەم خوگرتنە، زیاتر دەکەوێتە ئەستۆى دایکان. چونکە باوکان زۆربەى کاتەکان لە دەرەوەى ماڵ دەبن بە مەبەستى پەیداکردنى بژێوى خێزانەکانیان و لە هەمان کاتیشدا وا باوە کە منداڵان زیاتر خو به‌ دایکیانەوە دەگرن و دایکان ساناتر له‌ باوکان دەتوانن دڵى منداڵەکانیان گیرۆدەى خۆیان بکەن و گوێڕایەڵییان بکەن بۆ خۆیان.
لە ڕاستیدا نەبوونی کولتوری وتووێژی بنەماڵە لە گەڵ منداڵان، گوناحێکی مەزن لە قەڵەم دەدرێ، ئەو کات بێ متمانەبەخۆیی لە ناخی منداڵدا دروست دەبێ و کارەساتی گەورەی لێ دەکەوێتەوە!
بێگومان کاتێک مناڵ بە تەمەنی بالغی دەگا، هەست و مەیلی جینسی لەودا بەهێزتر دەبێ. بە تایبەت لەو قوناغەدا، ئەرکی دایک و باوکە کە بە شێوەیەکی شیاو و ئاسایی باسی ئەوین و دڵداری و یەکێتی و جیاوازی ئەو هەستە لە گەڵ مەیل بە پێوەندی و نزیکایەتی جینسی بکەن. واتە دەبێ بۆ منداڵ ڕوون کرێتەوە کە {ئەوین و خۆشەویستی} هەستێکی بەهێز و ئینسانیە کە دەتوانێ لە خۆشەویستی و ڕێزی مرۆڤ بە کچ، کوڕ، بنەماڵە، دۆست، وڵات، بیر و باوەر و مـرۆڤدا خۆی بنوێنێ. لەو قۆناغە هەستیارەدا باشتر وایە دایک و باوک چاوەڕوانی پرسیاری منداڵ نەبن، بەڵکو بۆ خۆیان دەبێ بە پێی تەمەن و ڕادەی ویستی ڕۆحی و ئاسایی منداڵ و بە کەڵک وەرگرتن لە ڕووداوەکانی ڕۆژانە پرسیارێک دروست بکەن و ڕاوێژی لەسەر بکەن.

چەند هەنگاوێکی پـراکتیزەیی بـۆ پەروەردەی منـداڵ

ئەوەی ڕاستی بێ زۆر بەر لە شەڕی یەکەمی جیهانییەوە، ناوچەی بارناسکی ڕۆژهەڵاتی ناوین، زیاتر لە ناوچەکانی تری جیهان بە ڕەهەندێکی ئاڵۆز و پڕ کارەساتدا تێپەڕیوە و لەو ماوەیەدا گەلێک شەڕ و تاوان و جەنایەتی بە خۆیەوە بینیوە. کەم وا هەبووە لە سەر بنەمای بەرژەوەندی پێکهاتەگەڵی نەتەوەیی، ئایینی ماوەیەکی درێژخایەن ئاشتی و هێمنایەتی سەرانسۆی ئەو ناوچەیەی کردبێ. بێگومان کورد وەک یەکێک لە نەتەوەکانی ئەو ناوچەیە، بەردەوام عەوداڵی پاراستن و پەروەردە و بارهێنان و سەلماندنی پێناسەی خێزانی خۆی بووە، تا وێڕای نەتەوەکانی تر بە دوور لە دیلی و پەڕبەستەبوون، ئەرخەیان درێژە بە ژیان بدا.
مەخابن لە سەردەمی نوێدا تەفرەقە و دووبەرەکی، بێ تەفاوەتی و ورەبەردان، دوورەپەرێزی و لێکترازان، ترس و ناهومێدی بوون بە دیاردەیەکی پڕ خەسار بۆ دواکەوتوویی لە ئاست پەروەردەی خێـزان و بارهێنان و پاراستنی منـداڵ.
بێگومان زۆرێک لە ئێمە هەر وەکوو چۆن لە زۆربەی مەسەلەکانی تری ژیان بە هەڵە تێگەیەشتووین، لە مەسەلەی پەروەردە و بارهێنانی منداڵیش هەڵە تێگەیشتنێک لای بەشێکی زۆر لە تاکەکانی کومەڵگا بە گەورە و بچوکەوە دروست بووە. لە ڕاستیدا هەڵەیەکی کوشندە کە زۆرێک لە دایک و باوکان هەستی پێ ناکەن و گوێی پێ نادەن، ئەویش بریتیە لەوەی کە وا دەزانن پەروەردە کردن تەنها بریتییە لە دابینکردنی خۆراک و مەعیشه‌تی ڕۆژانە و شوێنی حەوانەوە و جل و بەرگ! ڕاستە ئەو لایەنە گرنگە بۆ ئاسوودەیی و پاراستنی منداڵەکانمان، بەڵام ئەوە تەنها لایەنە ماددییەکەیە، لایەنێکی تر ماوە که‌ زۆر گرنگتر و کاریگەرترە، ئەویش بریتییە لە لایەنی مەعنەوی کە تەواوکاری لایەنە ماددییەکەیە و نابێ بە هیچ شێوەیەک فەرامۆش بکرێت. پێویستە منداڵەکانمان و نەوەکانمان بە شێوازێکی هاوسەنگ پەروەردە بکەین، واتە هیچ لایەنێک لە سەر حیسابی لایەنەکەی تر نه‌بێ، زۆر جار کە دایک و باوک لە منداڵەکانیان تووڕە دەبن، ئەو ڕەستەیەمان بەر گوێ دەکەوێ {گوشی و لەبتاب و… باشت نییە؟ لە چیتان کەمە وا دەکەن هااا ؟!} پێویستە دایکان و باوکان ئاگادار بن و ئەو لایەنە فەرامۆش نەکەن کە پەروەردەی خێزانی بە یەکێک لە بنەما گرنگەکانی ژیان هەژمار دەکرێت، چونکە بەختەوەری بە پارە و شتە ماددییەکان نییە، بەڵکوو ئاسوودەیی لە دەروونەوەیە نەک لە هەبوونی ئەو بابەتانەی کە منداڵەکەت پێ سەرکوت دەکەی…!
هه‌ڵه‌یه‌کی تری ناو خێزان بریتییه‌ له‌ ململانێی نێوان دایک و باوک، ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین که‌ منداڵ بوونه‌وه‌رێکی زۆر هه‌ستیار و سه‌رنجده‌ره‌. ته‌نانه‌ت زاناکانی کۆمه‌ڵناسی و ده‌روونناسی بە ئیلهام لە فەرموودەی پێغەمبەری خواﷺ  ئه‌وه‌ی ڕوون ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ منداڵ له‌ سه‌ره‌تای ته‌مه‌نیه‌وه،‌ واتا ته‌مه‌نی یه‌ک ساڵییه‌وه‌ هه‌ست به‌ شته‌کان ده‌کات و هه‌سته‌کانی ده‌جوڵێن، هه‌تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ که‌ منداڵ هه‌ست به‌ به‌خته‌وه‌ربوون و نا به‌خته‌وه‌ربوونی دایک و باوکی ده‌کات و هه‌ست به‌ ناکۆکییه‌کان و خۆشییه‌کانیان ده‌کات و ژینگه‌که‌ چۆنه‌ هه‌ستی پێ ده‌کات، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ سه‌ر دایک و باوک که‌ ژینگه‌یه‌کی له‌بار و گونجاو دروست بکه‌ن و ململانێ و ناخۆشییه‌کانیان نه‌هێننه‌ به‌ر چاوی منداڵەکانیان، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ندروستانه‌ منداڵه‌که‌ پێ بگات و له‌ ناوه‌وه‌ توشی هیچ پێکدادانێکی ده‌روونی و کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بێت. زۆر جار ئه‌و ململانێیانه‌ ده‌بێته‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی که‌ غه‌ریزه‌ و ڕۆحیه‌ته‌ شه‌ڕانگێزیه‌کانی منداڵ ببێته‌ ڕه‌فتار. بێگومان لە جیهانی ئەمڕۆدا پەروەردەیەکی تەندروست و تۆکمە و سوودبەخش نایەتە کایەوە، ئەگەر پەنا بۆ زانست نەبەین، بۆیە دەبێ زۆر ئاگادار بین.

منداڵ و دەرەنجامی تێکەڵاوی و ڕاهێنانی قوتابخانە و زانستگا

بەداخەوە سیستمی ناڕێکی پەروەردە تاوەکوو ئێستا ئامانجێکی باڵا و بەهاداری سەبارەت بە پێگەیاندن و گەشەپێدانی منداڵ و نێرمناڵی نەبووە، بە ڕەهایی وا ناڵێم، بەڵکوو لە جوگرافیایەکی بەربەرینی جیهاندا ئامانجەکانی پەروەردە کاڵ و کرچن، بێ سەنگ و پەڕپووتن، لە زۆربەی وڵاتاندا تاقیکردنەوە و هێنانی ده‌ره‌جه‌ی باڵا، گرنگترە لە بنیاتنانی ڕۆحی و عەقڵی و سایکۆلۆژی. بگرە ئەوەی کە دەگوزەرێت بە ناوی تاقیکردنەوە، بێجگە لە ترساندن و شکاندن و کوشتنی بەهرە و توانا شاراوەکانی کچەکان و کوڕەکان هیچی دیکە نییە، تاقیکردنەوە دۆخ و ژینگەیەکی پۆلیسی دەسازێنێت، پتر لە سزاخانە و کوشتارگا دەچێت، نەک دڵنیابوون لە دۆزینەوەی توانا و بەهرەی منداڵەکان و تازەلاو و گەنجەکان.
مەخابن ئەوڕۆ گەورەترین کێشە و گرفتی ئێمە تێکەڵاوی کچان و کوڕان لە قۆتابخانە و زانکۆکانه‌. ڕوون و ئاشکرایە کە تێکەڵاوی قۆتابخانەی کوڕان و کچان لە جیاتی خەریک بوون بە خوێندن، هەر یەکەیان بە دوای ڕەگەزی بەرانبەری خۆیدا دەگەرێ و دەبێتە مایەی خەریک بوونی مێشک و دڵی منداڵ و کێشە و ناڕه‌حەتی لە ناو بەشێکی زۆر لە خێزانەکان دروست دەکا.
بە تایبەت تێکەڵ بوونی کچ وکوڕ لە قۆتابخانەی دواناوەندی زۆر زۆر هەستیارە، لە بەر ئەوەی سەرەتای گەیشتنی گەنجان بەو قۆناغەیە، کە بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ ناکرین. ئەوجا ئەگەر پێکەوە بن، کارەساتی لێ دروست دەبێ بە تایبەت لەو سەردەمەدا کە منداڵان مۆبایل و ئینتێڕنێت زۆر بەکار دێنن.
لە گەڵ ئەوەشدا ئێستا لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەت لە وڵاتی ئەمریکا، دیاردەی تێکەڵاوی کچ و کوڕ لە قۆتابخانەکان ڕاگیراوە و خوێندن وای لێ هاتووە کە هەر کەس بە ئارەزوومەندی خۆی دەچێ بۆ قۆتابخانەی تێکەڵ یا ناتێکەڵ. (هەڵبەت له‌ وڵاتی ئێران لە شاره‌کان ئه‌و دیاردەیه‌ چاره‌سه‌ر کراوه‌ و قوتابخانەی کچان و کوڕان لێک جودان، به‌س له‌ زانکۆکان و گونده‌کان بە هۆی نه‌بوونی ئیمکانات ئێستاش تێکه‌ڵاون. به‌ڵام لێره‌دا به‌ هۆی گرینگی ئه‌و بابه‌ته‌ و کاریگەری نه‌رێنی له‌ زۆربه‌ی وڵاتان لە سه‌ر منداڵان و مێرمنداڵان ئاماژه‌ی پێ ده‌که‌یین.)

ئەگەر بە وردی چاوێک لە ئەزموونی وڵاتانی ئەوروپا بکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە دوای تێپەرکردنی ماوەیەکی زۆر لە تێکەڵکردنی قۆناغی خوێندنی سەرەتای قوتابیان چ زەرەر و زیانێکی زانستی و کۆمەڵایەتی و دەروونی و تەندروستی هەیە بۆ کوڕان و کچان، بۆیە ئێستا زۆربەی وڵاتان بیریان لەوە کردۆتەوە کە ئەم دوو ڕەگەزە لە یەک جیا بکەنەوە. بۆیە لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا لە گەڵ پاراستن و ئازادی و ڕێز لە شکۆی منداڵ و نێرمنداڵ، هاوکات لە گەڵ ئەوەشدا قوتابخانەکان بوونەتە سێ بەش: کوڕان ـــ کچان ــ تێکەڵاو، لێرە قوتابی و خێزانی ئەو منداڵە حەزی لە کامەیە، دەچێت لەوێ دەخوێنێت…
مەخابن ئەمڕۆ لە قوتابخانەکانی ئێمە گرنگ نییە مامۆستا هەرچی بێت!! ئەگەر مامۆستا مارکسی بێت ‌و بڵێت خوا نییە، مامۆستا مامۆستایە و دەبێت دەرس بڵێتەوە ‌و منداڵەکەی خۆتی بۆ بنێری کە فێری بکات، بڵێت ئێمە لە مەیموون دروست کراوین! فێری بکات بڵێت لە هیچ شتێکدا جیاوازی لە نێوان پیاو ‌و ژندا نییە. وا دێتە پێش مامۆستایەک وانە دەڵێتەوە کە ئیمانی بە ئیسلامەتی‌ و دینی خوا نییە و گرینگ نییە، بەڵام کە مامۆستا دیندار بوو خۆی لە خۆیدا کێشەیە! بۆ؟ هەڵبەت بوونی مامۆستایەکی لەو چەشنە { باوەرمەند بە دین نەبێ } لە قوتابخانە و زانکۆ کێشە نییە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە زۆر جار مامۆستایەکی ئەهلی دین ئازار دەدرێت، چونکە بە منداڵەکان دەڵێن خوا بناسن، نوێژ بکەن، ڕەوشتتان ڕەوشتی جوانی پێغەمبەر بێت، ئایا ئەوە تێکدانە؟!
یان دەبێ وشەی پەروەردە ڕەش بکرێتەوە ‌و بەس بڵێن فێرکردن، یا خود مادام وەزارەتی پەروەردەیە، دەبێ بزانێت منداڵەکان لە سەر چی پەروەردە دەکرێن.
منداڵ یا خود گەنج لەو قۆناغەدا کە تێکەڵت کردن چ ڕادێنی!! لە قۆناغی سەرەتاییدا منداڵ هەڵسوکەوتی تێک دەچێت چ جای ئەوەی لە گەورەیی ‌و ناوەندیدا!!!
دەوڵەتە کافرەکان ئێستا داوا دەکەن‌ و کردووشیانە کە کوڕ و کچ لێک جیا بکرێنەوە، بۆ خزمەتی زانست بۆ ئەوەی کوڕەکانیش سوود لە زانست وەربگرن ‌و کچەکانیش تێبگەن زانست مانای چییە؟ نەک هەر بەیەکەوە مەشغوڵ بن و داڵغە بەیەکەوە لێ‌ بدەن، بەڵام هی ئێمە…؟! بە پێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە لە ئەمریکا چوارسەد قوتابخانەی کچان بەتەنها کراوەیە و ۶۶ قوتابخانە و زانستگای تایبەت بە کچانی لێیە، کە ئەوان لافی پێشکەوتن و شارستانییەت لێدەدەن. بەڵام بەداخەوە وڵاتی ئێمە لە خەراپە لاساییان دەکەنەوە، بەڵام لە چاکەدا نا!!

ڕۆڵی خێــزان و ڕێنمایـی ئاییـن

بێگومان خێزان باڵی ڕاستى پرۆسەى پەروەردەکردنە و یەکێک لەو هۆکارە کاریگەریانەى کە ڕاستەوخۆ ڕۆڵی تایبەتى دەبینێ لە پرۆسەى پەروەردە و فێرکردندا، دایک و باوکە لە پێگەى خێزاندا. واتە خێزان یەکەمین و گرینگترین بناغەیە کە لە پەروەردەکردن و ڕێنمایی و ڕاهێنان و ئاراستە کردنی منداڵەکانیان، کە کاریگەریان هەیە لە سەر هەڵسووکەوتی تاک لەم قۆناغەدا و بناغەى که‌سێتی منداڵ کە تیا بنیات ده‌نرێت. بۆیه‌ ده‌بینین له‌ هه‌موو دینه‌کان و به‌رنامه‌کاندا چاوى زۆر له‌ سه‌ر دایک هه‌یه‌ و گرنگى تایبه‌تى خۆى پێدراوه‌ و به‌ قوتابخانه‌ى یه‌که‌مى پێگه‌یاندن ناونراوه‌. لە ڕاستیدا هەر جۆرە هەڵەیەک و بێبەرنامەیی و بێسەره‌وبەری و نەبوونی متمانە لە نێوان منداڵ و خێزان و دایک و باب کاریگەری خراپ و کارەساتی دڵتەزێنی لێ دەکەوێتەوە، چونکە منداڵ وەک ئاوێنە هەموو شتەکانی نێو خێزانەکانیان نیشان دەدەنەوە. ئێمە چ وەک تاک و چ وەک بنەماڵـە کاتێک لە پەروەردەکردن و فێرکردنی منداڵەکانماندا سەرکەوتوو دەبین، کە منداڵـەکانمان بناسین، نیاز و خواستەکانیان بناسین، ئەو کارەش زانست و تێکۆشانی دەوێت.

مەخابن لە دونیای ئەوڕۆدا بە پێی توێژینەوەکان منداڵ و نێرمنداڵەکان بە هۆی نەبوونی پەروەردەیەکی دروست و نەبوونی متمانە بە دایک و باب، ئینتمای خێزانیان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو لاوازبوون دەچێ و هێندێکیش هەر زۆر زوو لە بیری جێهێشتنی خێزان و وڵاتەکەیان دا دەبن و پێیان وایە هیچ شتێک نییە کە ئەوان بە بنەماڵەکەیانەوە ببەستێتەوە کە زۆر جار ئەوەش بۆتە هۆی ڕوودانی کارەساتی گەوەرە لە ناو کۆمەڵگا.
هەموو ئەوانەی لە گەڵ منداڵان کار دەکەن، چ لە ماڵێ دایک و باوک چ لە قوتابخانە سەرەتاییەکاندا، گەلی جار ڕووبەڕووی پرسیاری گەلێک سەخت، لە لایەن منداڵانەوە دەبنەوە. واتە منداڵان زۆربەیان وەک گچکە فەیلەسوفێکی زانا دەردەکەون و پرسیاری زۆر سەخت و دژوار دەکەن، کە وه‌ڵام دانەوەیان ئاسان نییە. گەر وه‌ڵامیشیان بدرێتەوە، دیسان دەبێتە مایەی پرسیاری نوێ لە لایان…!!!
بێگومان پەروەردەکردنی منـداڵ گرینگترین و هەستیارترین ئەرکی سەرشانی دایک و باوکە، کە ئەوەش زانست و زانیاری تایبەت بە خۆی پێویستە. هاوکات لە گەڵ ئەوەشدا پەروەردەکردن و بارهێنانی منداڵ دەبێتە هۆی دڵخۆشی دایک و باوک.

هەڵبەت پەروەردەکردنی منداڵ لە گەڵ هەبوونی ئەو هەموو ئامێرە پێشکەوتووە بە بیر و هزری ڕابردو تاوانێکی گەورەیە، نەک بەو مانایە کە پەروەردە و ڕاهێنانی منداڵ لە ڕابردو هەڵە بێت، بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە سەردەمی منداڵی ئێستا لە گەڵ ژیانی منداڵی خۆمان جیاوازی زۆرە و ناکرێ بەو شێوازە منداڵ پەروەردە بکرێ. بەڵام دەتوانین بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی ژیانی خۆمان و گەورەکان و بە خوێندنەوەیەکی تازە و پەندوەرگرتن لە مێژوو و ئێستا و گرێدانی ئەوان بە یەکەوە و تێفکرین بۆ داهاتوویەکی پڕشەنگدار، بەختەوەری و خۆشی بۆ مناڵەکانمان مسۆگەر کەین.
بێگومان هه‌موومان پێش ئه‌وه‌ى ببینه‌ خاوه‌نى منداڵ یان پێش ئه‌وه‌ى ببینه‌ باب یان دایک، دنیایه‌ک حه‌ز و خولیامان هه‌یه‌ و به‌رنامه‌ى جوان جوانیان بۆ داده‌ڕێژین تاوه‌کوو منداڵێکى به‌سوود پێشکه‌شی کۆمه‌ڵگە بکه‌ین، زۆر جار له‌ ئه‌نجامى هه‌ڵسوکه‌وتى دایک و باوکان که‌ ئه‌وپه‌ڕى دڵسۆزى ده‌نوێنن به‌رامبه‌ر منداڵه‌کانیان، ئه‌وه‌نده‌ هه‌ڵسوکه‌وته‌کانیان خه‌ست ده‌که‌نه‌وه‌ که‌” ئه‌مه‌ مه‌که‌، ئه‌وه‌ مه‌خۆ، ئاوا مه‌ڕۆ، زوو بڕۆ، زوو وه‌ره‌ و… کە چی پێچەوانە دەبێتەوە. لە ڕاستیدا هەر شتێک بە زۆر بەسەر منداڵ یا خود نێرمنداڵ بسەپێنرێت، لە ڕووی دەروونییەوە دوچاری کاردانەوە دەبێت. ئامانجی ئێمە لە پەروەردەکردنی منداڵ و نێرمنداڵەکانمان ئەوەیە کە وەک نموونەی مرۆڤێکی باوەڕدار و بەڕەوشت، باوەڕبەخۆ و جوامێر لە سەر گەورەییەکانی کلتووری ئایینی و نەتەوەیی باریان بێنین.
هەموومان لەو وڵاتەی کە لێ دەژین و لێ سوودمەندین، لە بەرامبەردا کۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسیاریەتی لە سەر شانمانە کە دەبێ ئەنجامی بدەین و لە گەڵی بەوەفا و دڵسۆز و ڕاستگۆ و پارێزراو بین، هەر یەکە و بە پێی کار و پیشەکەی.
یەکێک لەو خاڵە بنچینەییانەى کە یارمەتى مرۆڤ دەدات بۆ بنیاتنانى بنەماڵە و خێزانێکی بەختەوەر و پەروەرده‌یەکی دڵسۆز بریتییە لە متمانه‌بەخۆ، پاشان بنیاتنانى ژێرخانی کەسایەتی منداڵ لە هەموو بوارەکانى ژیانیدا. ئەوەش بە سووربون و جێگیربون لەسه‌ر ئەوبنەمایە، بۆ دوور کەوتنەوە لە ڕاڕای له‌ هەستان بە ئەنجامدانى ئەرک و هەموو ئەوانەى کە دەخوازرێت ئەنجام بدرێت، بەو شێوەیە دەبێته‌ کەسێکى سوودمەند بۆ خۆى و بۆ کەسانى تریش.
بەڵام سەبارەت بە بیروهزری پەروەردەی ئیسلامی، دەتوانین بڵێین کە بەرنامەیەکی سەربەخۆ و یاسایەکی تایبەتی هەیە و واتاکانی فراوانترە کە بۆ پەروەردەی هەر دوو جیهان و هاوسەنگی لە نێوان هەردوو جیهان مرۆڤ پەروەردە دەکات.
هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به‌ بڕواى ته‌واو پێویستى به‌ خۆگۆڕین و ئیڕاده هه‌‌یه‌، پێویستى به‌ گۆڕانکارییه‌ له‌ ژیانیدا، قوڕئان ده‌فه‌رموێت: «ذلِکَ بأَنَّ اللهَ لَمْ یَکُ مُغَیَّرَاً نِعمَهً أنْعَمَها عَلى قَومٍ حتى یُغَیِّرُوا ما بِأَنْفُسهِم وأنَّ اللهَ سمیعٌ عَلیم» (ئەنفال:۵۳) واته‌: بێگومان خوا هیچ ناز و نیعمه‌تێکى نه‌گۆڕیوه‌ که‌ به‌خشیبێتى به‌ هه‌ر گه‌لێک، هه‌تا ئه‌وان ئه‌وه‌ى به‌ خۆیان ده‌کرێت نه‌یگۆڕن، به‌ ڕاستى خواى گه‌وره‌ بیسه‌ر و زانایه‌.
یان لە ئایەتێکی تردا ده‌فه‌رموێت: «إنَّ الله لایُغَیِّرُ ما بقومٍ حتى یُغَیَّروا ما بِأَنفُسِهِمْ» (سورەی ڕەعد:۱۱) واته‌: به‌ڕاستى خوا بارودۆخى هیچ گه‌لێک ناگۆڕێت، تا حاڵى خۆیان نه‌گۆڕن و ئه‌وه‌ى فه‌رمانیان پێدراوه‌ نه‌یکه‌ن. به‌ڵێ مێژووش ئه‌وه‌ى سه‌لماندووه‌ که‌مرۆڤ ناتوانێت داهاتوویه‌کى پڕشنگدار و شارستانیه‌تێکى پێشکه‌وتوو بۆ خۆى بنیات بنێت، تا وه‌کو مرۆڤه‌کان دڵ و ده‌روونیان چاک نه‌که‌ن و له‌ خۆیانه‌وه‌ ده‌ست پێنه‌که‌ن.

بێگومان ئیسلام لە گەڵ فێرکردنە، چونکە یەکەم وشەی قوڕئان کە لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە وشەی {اقْرَأْ} واتە: {بخوێنەوە}، کەواتە ئەم دینە لەسەر بناغەی خوێندنەوە دامەزراوە. یەکەم ئایەتی قوڕئان باسی خوێندن و خوێندنەوە دەکات. کەواتە دینی ئیسلام دینی زانست ‌و پێگەیاندن ‌و ڕۆشنبیرییە ‌و هەر کەسێک وا بزانێت ئیسلام ڕێ‌ لە خوێندن دەگرێ‌ ئەوە خەراپ تێگەیشتووە. ئیسلامەتی هانمان دەدات فێربین، تێبگەین، زانستمان هەبێت، چونکە ئەوەی زانستی هەبێت ئەو کەسە دەتوانێت ڕەوشت ‌و کردەوەکانیشی جوان بێت، دەتوانێت کەسێکی سوودبەخش بێت بۆ کۆمەڵگایەکەی، بۆ خێزانەکەی، بۆ خودی نەفسی خۆی، بۆ قیامەتەکەی، ئیسلام زانستی دەوێت، دیندارییەتی بە جەهالەت ناکرێت، خوا پەرستیش بە جەهالەت ناکرێت، بۆیە زۆر لە وانەی کە نەخوێندەوارن بە هۆی جەهل ‌و نەزانینەوە تووشی زۆر هەڵە و بیدعە دەبن کە وا دەزانن بەم پەرستنە داهێنراوانە لە خوا نزیک دەبنەوە، بەڵام لە خوایان دوور دەخاتەوە، زۆر شت وا دەزانن شەرعییە ‌و بەڵام شەرعیش نییە، بۆ؟ چونکە زانستی نییە، ئەوانەی کە زانستیان نییە توانای فێربوونیان نییە. خوای گەورە ئاوا وازی لێ نەهێناوین ‌و بڵێ‌ ئێوە قەڵەمتان لە سەر نییە، نەخوێندەوارەکان نەک ئەوەی کە توانای فێربوونی نییە، خوای پەروەردگار فەرموویەتی: {فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّکْرِ إِنْ کُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ} واتە: پرسیار لە ئەهلی زیکر بکەن، ئەهلی زانست کە شتێکتان نەزانی بۆ خۆتان، کەواتە تۆ بە چی خۆت ڕزگار دەکەیت لە زەرەری نەفامییەتی، خۆت ڕزگار کە ئەی نەخوێندەوار بە پرسیار، پرسیار لە کێ‌ بکە؟ ئەهلی زیکر ئەهلی زانست، له زانایان پرسیاریان بکە، ئەوە حەڵاڵە ئەوە حەرامە، ئەوە دروستە ئەوە نادروستە، ئەوە ئەرکی سەرشانی تۆیە کە تۆ نەخوێندەواری کە تۆ گەنجێکی یان منداڵێکی قابیلییەت ‌و توانای فێربوونت هەیە، تۆ واجبە لەسەرت بخوێنی، پێغەمبەری خوا ٍﷺ دەفەرموێت: فێربوونی زانست فەڕزە، چۆن خوای گەورە پێنج نوێژەکانی فەڕز کردووە لە سەرت ‌و ڕۆژوو گرتن فەڕزە لە سەرت، پێغەمبەری خوا ٍﷺدەفەرموێت: {طلب العلم فریضه على کل مسلم} واتە: فێربوونی زانست فەڕزە لەسەر هەموو موسوڵمانێک)، بە پیا‌و ‌و ژنەوە بە کچ ‌و کوڕەوە.
لە ئیسلامدا فێربوونی زانست فەڕزە نەک تەنها بڵێ‌ بیکە ‌و بەس، چۆن ئەگەر فەڕزێک ئەنجام نەدەی گوناهبار دەبیت، ئەی ئەو کەسەی توانای فێربوونت هەیە، تەنها پیرەکان توانایان نەماوە، بەس واجبی ئەوان پرسیارکردنە، ئەوانەی کە تواناتان هەیە چۆن ئەگەر نوێژێک نەکەی گوناهبار دەبیت، ئەگەر هەوڵی فێربوونی زانستیش نەدەیت گوناهبار دەبیت.
قوناغی منداڵی و نێرمنداڵی هەر یەکەیان بایەخ و تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەر یەکەیان لە ڕووی کات و ماوە و ئاست لە یەکتر جیاوازن، بەڵام پەیوەندییەکی زەنجیرەیی هاوبەند لە نێوانییان هەیە، هەر یەک لەو قوناغانە بەگوێرەی پلەبەندی و ئاست ڕەنگدانەوە و کاریگەریان لەسەر یەکتر دەبێت، یەکێک لەو قۆناغە سەرەکی و بنچینەییانە قۆناغی بنەڕەتییە، ئەو قۆناغە زۆر گرینگ و هەستیارە، بناغە  و بنچینەی بیروهزر و پەروەردەی منداڵە، چونکە درێژترین قۆناغی پەروەردەکردنە کە ماوەی نۆ ساڵ دەخایەنێ. لەو تەمەنەدا ناتوانرێت ڕۆڵی خێـزان و قوتابخانە و میدیا فەرامۆش بکرێت. ئەمە لە لایەک، لە لایەکی ترەوە لەگەڵ دەستەبەرکردنی هەموو پێداویستییەکانی ژیان بەداخەوە وەک {وول دیورانت} وتوویەتی پەروەردەی خێزانی و قوتابخانە بەرەو هەمەجیـەت گەڕاونەتەوە.

درێژەی هەیە…

تۆژینەوە: عەبدوڵڵا عەلی پوور

سەرنج: بۆ نووسینی ئەو نامیلکەیە سوودم لە کتێبی ــ بحران سلامت جنسی ـ بەشێکی زۆر کاناڵەکانی تێلێگرام ـ ئینتێرنێت، تربیت جوانان و نوجوانان، وتاری بانگخوازان ــ  بەرێز دکتۆر کەماڵ بەختیار تاڵەبانی ــ دکتۆر ژیڵا مرادپوور ــ مامۆستا هێژا نەوڕۆز ــ دکتۆر خالید موحەممەد خالید، کوڕی بەرێز دکتۆر بەختیار کەماڵ تاڵەبانی تایبەت بە پەروەردەی منداڵان، ماڵپەری سـۆزی میحـڕاب، ماڵپەری ئیسلاح وێب، راسپاردەکانی رێکخراوی مناڵان، رێکخراوی دەبلیو نێج نۆ و…

از طريق
عبدالله علی پور
منبع
sozimihrab
نمایش بیشتر

عبداللە علی پور

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - نقده @ شغل : دعوتگر دینی و فعال اجتماعی - مدیر کانال تلگرامی @sozimihrab

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا