تاریخ

ڕۆڵەی تەنگانە کێن؟

زۆربەی خەڵکی ئەوڕۆ، بەهەویای دەوڵەتەکان خۆیان لەدەسک و نێوک ناوە چاوەڕوانی ئەوەیان هەیە کە هەموو کارو و بارێکیان بۆبکەن.

چاوەڕوانی بۆ دەوڵەتێکی لێهاتوو و خۆماڵی کە خۆ بەئی خەڵک بزانێ و لە دڵی خەڵکدابێ بەجێیە و شتێکی چاوەڕوانکراوە؛ بەڵام ئەی ڕۆڵ و نەقشی خودی خەڵک بۆ کوێ دەچێ؟ مەگەر نابێ لەفکری ژیان و رووح و مانەوەی خۆی دابێ؟

گەلێک جار لە وڵاتانی ئێمە خەڵک هیچ پلان و نەقشەیەکیان بۆ ژیان نیە و حکومەتەکانیش مەجبوورن ئەو هەلە بقۆزنەوە و بێنە ناو جەرگەی کایەکە و ڕەسمەی کارەکە بگرنە دەست و خۆهەڵسووڕێنن.

ئەی بابایەکی وەک دایک و باوک و مامۆستای قوتابخانە و زانستگا و دڵسۆزانی ناو گەل، چیان کردوە؟ بۆ نەیانتوانیوە بێنە ناو دڵی خەڵک و بەرەو ویست و داخوازەکانی ژیانی خۆیان هانیان دەن؟

مرۆڤی ئەو سەردەمە، ڕۆژ بەڕۆژ، دەست و پێ سپی تر دەبێ و ناتوانێ کار و باری خۆی باش بەڕێوە بەرێ دایم چاوەڕوانی حکوومەت و ئەنجومەنەکانی مەدەنی و خێرخوازییە کە وەهانای بێن و دەستی بگرن و خۆشی لە سەرپشت خستوە.

لەو چاخەی ئێمەدا، مرۆڤ هەرخۆی بێدەسەڵات و هەتیو نیشان دەدا و کێیەتی و کەسایەتی مرۆڤێکی زبر و زرینگ و لێهاتووی نیە. ڕۆڵی خۆیان ژێر پێدەنێن و خۆیان قانع دەکەن کە کەسانێک هەن کە کارو بارمان بو بەڕێوە بەرن .

ئێمە لە ناو مێژوودا زۆر رووداوی ناخۆش و دڵتەزێنمان خوێندوونەوە کە بەسەر بابو و باپیران و بێگانەکان هاتوون. زۆر جار بۆیان گریاوین و دڵمان بۆیان سووتاوە .
جاری واش هەبوە کە پێیان پێکەنیوین و گاڵتەمان پێ کردوون و پێمان گێل و حۆلی و بێ سەوادیش بوون.

سێڵاو و بوومەلەرزە وێرانکەرەکان، پەتای تاعوون و وەبا، ئاوارەگی و ماڵکاولی دەوڵەتان، شەری یەکەم و دووهەمی جیهانی ، هەژاری و کوشت و بڕی خەڵکی بێ تاوان ،سەدان جار بەرۆکی خەڵکی گرتۆتەوە.

لەناوبنەماڵەکان، قوتابخانەکان، زانستگاکان، هیچ ئامادەکاریێک بۆ رووبەروو بوونەوەی کاری سەخڵەت و دژوار ئەنجام نەدراوە و کەس پەروردەی تایبەتی بۆ نەکراوە کە نە تەنیا بۆ خۆی ڕاپەڕێ و نەترسێ بەڵکوو یارمەتیدەری تیمە فریاگوزاریەکانیش بکەوێ .

لەناو جەرگەی تەربیتەکانیشماندا هەتا ئێوارێ بەشتی پڕو پووچ و بێکەڵکەوە دەنووسێن کە لە ژیاندا بەکارنایەن و بەزمانێکی خۆماڵی، خۆخافڵاندن و لابردنی ئەرکی سەرشانە و بەس.

نە گەورەساڵان و نەمناڵان، بۆ کاری گەورەی وەک پەتای کڕۆنا، هەژاری و لێقەوماوی، بێکاری،
بوومەلەرزە، سێڵاو و ئاگر کەوتنەوەی بەرفرەوان، سەرماو گەرما و ئاوارەیی و داماوی بار نەهاتووین.

بارهاتن و راهێنان ترس و دڵەڕاوکێی کەم دەکاتەوە و بگرە ورە دەبەخشێ. ئێمە کە لەژیانماندا تووشی هیچ نەگبەتێک و ناخۆشیێک نەهاتووین هەر زوو دەست دەکەین بە ناسوپاسی و هاوار و هەرا. ئەوەش یەکێکە لەخاڵە لاوازەکانی ژیانی شووشەیی سەردەم و گەورەبوون لەناز و نێعمەتی ناو شار کە بەرهەمی پیشەسازی و سەرمایەداری و خۆش گوزەرانییە.

کۆمەڵگای ئێمە لە باری ڕاهێنان و گورج و گۆڵ کردنی ئەندامانی خۆی، گەلێک ساوایە و دەست و پێی سپیەو بۆ ڕۆژی تەنگانان نەخوڵقاوە بۆ بە هەموو بایەکی کزۆڵە وە لەرزین دەکەون و داماون.

پەتای سەردەمی کرۆنا، سەرەڕای ئاژاوە وجەرگ بڕینی زۆر بنەماڵەی خۆشەویست و تۆقان و زیندانی کردن، پەردەی ڕەشی لەسەر زۆرکەم و کووڕی کۆمەڵگا و دەوڵەتەکان و بنەماڵەکانیش هەڵدایەوە و سەلماندی کە کوڕ و کچی تۆکمە و ئازا و بەورەو و هێزمان بۆ ساز نەکراون.

ئێستا لەو هەل و مەرجەدا کە لەناو ژوورەکانماندا، ماوینەوە خوا ڕەحمی کردوە کە تەنیا بۆ مانەوە لەناو خانووبەرەکانی خۆمان دڵبەخەمین کە ئازاد و ڕەهانین .

ئەی ئەگەر نەبوونی و قات و قڕی و کوشت و کوشتار و بێ حورمەتی و بێ خانە و لانەیشی لەگەڵ بایە چمان دەکرد؟ئێستا تەنیا لە بەر نەهاتنەدەرێکی سادە ئاوا زیقەمان چۆتە تەشقی عاسمان، ئەی ئەودەم چۆن دەبووین؟ باوەرکەن کفر و ناسپاسیشمان لەزار دەباری و خۆمان دەدۆڕاند.

پیاو و ئافرەتی تەنگانان، مەچەک پۆڵایینن، ترس نابێته خۆرکەی مێشک و فکریان، بەجێ و ڕێ بەرنگاری کێشەکان دەبنەوە، بەزانست و هێز و باوەر ڕادەپەڕن، دەستی چەوری نەهامەتی لەخودا و خەڵک هەڵناسوون، هەستی بەرپرسایەتیان زۆر بەهێزە، هەرقسەی حۆقە ناکەن و بە کردەوە خۆ دەسەلمێنن، پشتیان بەوزەی باوەڕ گەرمە.

ئەوان پێشەنگ و سەرقافڵەی تەنگانانن، نابەزن، ناهومێدی پێیان ناوێرێ، ژیان وەک خۆی دەبینن، ناسکۆڵە و نازدار ناژین، حەماسە و پیاوەتی هەڵیان دەسووڕێنێ، لەهەڵدێران ناترسن، دەزانن هەرکەوتنێک هەستانەوەشی لەدوویە، دەستەو ئەژنۆ دانانیشن .
قۆڕناپێون، چرای هیوا و باوەڕ بە خۆبوون شەوەزەنگی ڕێگایان روون دەکاتەوە، هەموو پێشهاتێک بە خێر و خۆشی لێکدەدەنەوە، بۆهەموو ڕووداوێک پلان و بەرنامەیان هەیە، دەست و پێ سپی نین و ڕاپەرین لەخوێنیان دایە، وەک شێردەژی و سەرداناخا، هەڵۆی شاخەبەرزەکانە و بەسەر گوێلک و پەین ڕازی نابێ.
لای هەڵۆیبەرزە فڕی بەرزە مژی
چۆن بژی شەرتە نەوەک چەندە بژی

جەهانگیربابایی ـ سەردەشت

نمایش بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا