دل نوشتهطنز

ژیریی شێتان و شێتیی ژیران!!

خەڵک ئەگەر بە وردی بڕوانێ، دەبینێ کە زۆرێک لە شێتەکان، ئاقڵن و زۆرێک لە ئاقڵەکان، شێتن!؟ بۆ نموونە”

۱- شێتێک بوو لە سلێمانی شەپقەی لەسەر دەکرد، ڕۆژێک ئاقڵێک پێی وت: تۆ کە موسوڵمانیت چۆن شەپقەی گاور لەسەر دەنێیت؟ نازانی بەم شەپقەیە بێبڕوا دەبیت؟
ـ شێتەکەش وتی: منێکی خوێندەواری جیهان دیدەی موسوڵمانی خاوەن بیروباوەڕ بۆچی نەتوانم بە نوێژێک شەپقەکەم موسوڵمان بکەم، ئەو پارچە پەڕۆیە بۆچی بتوانێ من بێبڕوا بکات؟!

۲- ژیرێکی‌ تر هەر لە شاری سلێمانی لە شێتێکی چاوخێل دەپرسێ: توخوا فیسار کەس ئەوە ڕاستە دەڵێن: خێل یەک بە دوو دەبینێ؟ شێتەکەش کوتوپڕ دەڵێ: بەڵێ ڕاستە، چونکە من هەرچەن تۆ دەبینم، بە چوارپێ دەتبینم.

۳- شێتێک بوو لە سلێمانی خاوەن کۆشێک ماڵ و مناڵ بوو، ئه‌گه‌ر ڕۆژێ نەبوونی زۆری بۆ بێنایە، داوای لە دەوڵەمەند بکردایێ و ئەویش هیچی نەدابایێ! هەر لەبەر دوکانی دەوڵەمەندەکە دادەنیشت تا هەژارێک تێ دەپەڕی بە بەردەمیا، ئینجا بۆ ئەوەی پلارێک بگرێتە داراکە، خۆی چی پێ بوایە ئەیدا بە سواڵکەرەکە! بۆ ئەوەی دەرسێ بێت بۆ داراکە.

۴- هەر ئەم شێتە جارێک پێی دەڵێن: بۆ ناچیتە لای فیساربەگ تا هێندێ گەنم و جۆت باتێ؟ دەڵێ: جا بچم بۆلای کێ؟ ئەو تاژییەکانی خۆی کە ڕاویان پێ دەکات، لەبرسانا سەر بە تەندووری گەرمی ناوشارا دەکەن و کولێرە دەفڕێنن، ئێستا هیچ ناکات گەنم و جۆ دەیات بە من!؟
ـ ئەگەر کاتی خۆی کوێخای بەهەشت بوایێ، ئادەمی باپیری، سیودوو دیانەی دەربهاتایە دەیهێشت مێلاکی ئەو دەنکە گەنمەی بکردایێ کە خواردی و لەسەری دەرکرا؟!

۵- مێژوو بۆمان دەگێڕیتەوە کە ڕۆژێ هاڕوونەڕڕەشید لە قەراغ شاری بەغا بە دوو شێت دەگا، یەکێکیان باڵووڵ، ئەویتریش ڕەفیقی باڵووڵ. هاڕوونەڕڕەشید بە باڵووڵ دەڵێ: تۆ بۆچی ناوت نراوە باڵووڵ؟ ئەمیش دەڵێ: ئەی تۆ بۆ ناونراویت هاڕوون؟ هاڕوون تووڕە دەبێ و دەست دەکا بە قسەوتن بە باڵووڵ! باڵووڵ ڕوو دەکاتە ڕفیقەکەی دەڵێ: ئێمە کە لە شار دەرچووین، دوو بووین، کەچی وا بووین بە سێ!

۶- جارێکیان پیاوێکی گەورەی دەمڕاستی بەدەسەڵات دەچێتە تیمارخانەیێک بۆ سەیری ئەو شێتانەی لەوێدان، کاتێ دەیاندوێنێ دەبینێ دانەیەکیان زۆر لەسەرخۆ و ژیری دێتە بەرچاو! ئەویش ئەو دانە دەردەهێنێ و دەیباتەوە بۆ ماڵی خۆیان! ئێوارە مێزومەزە و خواردن و خواردنەوەیان بۆ دادەنێن! تەماشا دەکا شێتەکە ناخواتەوە! پێی دەڵێ: بۆ ناخۆیتەوە؟ دەڵێ: تۆ دەخۆیتەوە بۆ ئەوەی وەک منت لێ بێ! ئەی من بخۆمەوە بۆ ئەوەی وەک کێم لێ بێ؟ کابرای ژیر لەسەر ئەم قسەیە، دەست هەڵەگرێ لە خواردنەوە.

ژیری شێتان هەموو ئێسکیان سووک و گیانیان پاک و دڵیان ڕووناک و زمانیان شیرین و قسەیان خۆشە. لەبەر ئەوەی کە کەس هیوای ئەم جۆرە قسانەیان لێ ناکەن. بۆیە وائێجگار قسەکانیان خۆشە لە گوێچکەیا. بەڵام ژیرەکان چونکە هەمیشە چاوەڕوانی قسەی ژیرانەیان لێ دەکرێ، ئەگەر قسەکەیان زۆر بەرز و بەنرخ نەبێ، بە شتێکی هیچ و پووچ وەردەگیرێ.

وەرگیراو لە کتێبی ناڵەی دەروون هی مامۆستا محەممەدی خاڵ.

نووسینەوەی دەق: سەعدی موڕادی ـ بڵەسەن
سۆزی میحڕاب

نمایش بیشتر

سعدی مرادی

استان کردستان - بانه مترجم و نویسنده دعوتگر و فعال دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا