اندیشهکوردی

که‌ڵه‌پیاوانی گه‌ل

جهانگیر بابایی

کۆمەڵگا وەک مەزرا و باخێکی ئاوەدان و پان و بەرین وایە کە سەدان شلکەنەمام و دار و میوە و گوڵ و گوڵزاری لەخۆ گرتوون. هەریەکەی بۆن و بەرام و تام و چێژ و جوانی خۆی هەیە.

مرۆڤ بۆ مانەوە و پەلەقاژەی ژیان، پێویستی بە هەموو بوارەکان و لێزانەکان هەیە. هەر لە کارکەرێکی ساکار و تا پسپۆڕ و دکتۆر و هونەرمەند، بەچالاکی و بزوانی ئەوان زیندوو ڕادەگیرێ.

هەژاری و دەوڵەمەندی و ناحەزی و جوانی و بیروڕاش، هیچ شوێن دانانێ، مادام مرۆڤێکی وێژدان زیندوو بێت.
ئاخر هەڵسەنگاندنی مرۆڤ بە قالب و بەدەنی ساغ و ملهوولی و مەچەک ئەستووری نییە. مرۆڤ هەرچەند ڕاهێنان بەخۆی بکا، ناگاتە ئاستی ئازایەتی و هێزی هیچ ئاژەڵێک. ویژدان و دڵێکی پاک، پێناسەی ئینسانەکانە و بەس.

هونەری شێعر و وێژەی ڕەسەن و سەربەخۆ، یەکێک لەو چەمکانەیە کە زۆر وەستایانە دەتوانێ دڵی گەلێک زیندوو ڕاگرێ و نه‌هێڵێ مەرگ و مەستی بەسەر مێشک و ویژداندا داسەپێ.
سامان و دارایی کە کەوتە دەست خەڵک و نەیزانی کەڵکی لێوەرگرێ، هونەر و پیاوەتی و نەتەوایەتی هەرهەموویان دەمرن. گەلێک کە ڕێزی ماڵ و دەوڵەمەندی پێ گرینگتر بێ، دەبێ فاتیحەی بخوێندرێ. دەسەڵات و دارایی، ویژدان تۆپێنە، هەژارچەوسێنە، وادەزانێ خوای سەرزەوینە.

بەڵام شاعیرێکی هەست بزوێن و دڵبریندار، دەتوانێ بەگۆمپاڵ و ڕمبی وشە و ڕستە، گەلێک لەخەو ڕاپەڕێنێ، نەهێڵێ دایپەڵۆسن و وەیچەوسێن. وێنەی ئەوجۆرە هۆنەرانه لەناو گەلانی جیهاندا زۆرن.

ئەوڕۆ سی و دوو ساڵە، مامە هێمن خانوێکی لەناو گڵدا ساز داوە و لەچنگ مەینەت و خەم و بێکەسی و چەوساوەیی، هەڵناستێتەوە و بەهیچ ئەمانێکی خوا لێفەی گڵینی خۆی لەسەر دموچاو لانابا و چۆتەوە ناو هەوەڵ و بێشکەی ژیان.

شاعیرێکی گەل ویست و گەل دۆست و بەئەمەگ و قەت نەحەساوە و گۆچان بەدەست و بوخچە لەشان.
پێم وانییە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، بەدڵێکی خۆش، چنگیک ئاوی کانیاوی زوڵاڵی کوێستانەکان خواردبێتەوە و بەدڵ شەوێکی ڕۆژ کردبێتەوە و چاوی لەسەریەک دانابێ و ئۆخەی گوتبێ.

ئەوەش هاوارە پڕ لە خوێنەکەیەتی کە چۆن لەتاو وڵاتی کڕووزاوەتەوە.
“کوردەواری ئەی وڵاته جوانەکەم
ڕۆڵەکەم باوانەکەم، خێزانەکەم”

بەڕێز هێمن بە شێعر و وەرگێڕاو و نووسینە بەپێزەکانی وەفا و ئەمەگی خۆی بۆ کورد سەلماندووە، تەنیا هەر قسەی نەبوون و لە گۆڕەپانی حەماسە و چیرۆک و ئەفسانە کوردییەکان و شێعری ڕەسەن، ڕمبازێنی کردووە.

لەناو هەموو گەلاندا هەڵکەوتە و تاقانە هەن کە هەست بە پێشەنگی و خەمخۆری دەکەن.ئەوجۆرە ئینسانانه دەستبژێر و گوڵبژێرێکن کە ڕێگا هەموار دەکەن و بەفر و تەلان و کەمین، دەشکێنن هەتا کۆمەڵگا بەسەلامەتی ڕێگای ژیان بپێون.

مامۆستا هێمن، یەکێک لەو جەنگاوەرانەی بواری ئەدەب و حەماسه و لەخەوهەستانەیە، کە دەریای مەندی گەلی شڵەقاندووە و نەیهێشت ناحەزان تاپۆی کەن و بیخەنە ژێرڕکێڤی خۆیان.

شێعرەکانی ژیانن، شنەبای لەخەو هەستانن، ئاوی زوڵاڵی کوێستانن، حەماسە و هەست و ڕاپەرینن، پڕن لەسەر زیندوویی، سەرلێون لە هیوابەخۆبوون و نیشتمانپەروەری، کاتێک دەچیە دیوەخانێکی شێعری هێمن، زمان و گەل و وڵاتت لەلا دڵگیرتر دەبن و هەستی خۆشەویستیت دەبزوێنن.
“لەدونیادا کەمە بەهاری جوانی کوردستان
ئەویش ئەوساڵ کەلایێکی نەجاتی بوو لەژێر دەستان”

م هێمن، وەک وەستایەکی شارەزا، بەئامراز و کەرەسەی پیت و وشە و ڕسته، کوشکێکی کورده‌واری نەخشاندووە کە بە کوێستان و زەنوێر و هەڵدێر و کانیاو و مەڕوماڵات و ڕەشماڵ و شەنگەبێری و جلوبەرگی کوردی ڕازاونەوە. خوێندنەوەی شێعرەکانی تابڵۆیەکی جوانی نیشتمانەکەیە، وێنەکێشێکی نەشارەزاش دەتوانێ کوردستانەکەی هێمن بێنێته سەر دڵی سپی قاقەز.

ئازایەتی و جوامێری و خۆنەدۆڕان و میوانگری و بەئەمەگی و ماندوویی گەلەکەی، ملوانکەیەکی مەعنەوین کە بە سینگوبەرۆکی شێعرەکانی هەڵواسراون.

بەڕێز هێمن زمانی خۆی زۆر خۆش ویستووە و پێی لە زمانەکانی دیکە کەمتر نەبووە، بەڕاستی بۆ ئێمە جێگای شانازییە سەره‌ڕای ئەو هەموو هەژاری و نەهامەتی و بێکەسییە، پیاوی وەک کاک هێمنمان تێدا هەڵدەکەون.
ڕووحی شاد و ڕێگای بەردەوام بێ.

جەهانگیر بابایی ـ سەردەشت ـخاکەلێوەی ۹۹ هەتاوی
سۆزی میحڕاب

نمایش بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا