شخصیت هاکوردی

کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا هەرتەلی

پێشەکی

ماوەیەکی زۆر بوو ناوی مامۆستا هەرتەلی م بیستبۆ و لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بە مامۆستایەکی بلیمەت و هەڵکەوتو ناویان دەبرد..

زۆر تامەزرۆی دیداری بووم و قەرارم دابۆ گەرچوین بۆ کوردستانی باشور لەنزیکەوە بڕۆم بۆ خزمەتیان… بەداخەوە ئەجەل مەجالی نەدا .. تا ڕۆژێک لە فەیس بوک دا خوێندمەوە بەداخەوە زانای بەناوبانگی کورد مامۆستا هەرتەلی کۆچی دوایی کرد…زۆر بەمەرگی مامۆستای خۆشەویست تێک چووم و شڵەژام..

ویستم ژیانی مامۆستا بنوسمەوە .. بیرم کردەوە باشترین ڕێگا بۆ ئەم کارە ئەوەیە کە پێوەندی بکەم بە بنەماڵەی خوالێخۆشبوو … بۆ ئەم مەبەستە پێوەندیم کرد بە کاک ئەحمەد هەرتەلی کوڕی مامۆستا .. دوایی دەربڕینی هاوخەمی و سەرەخۆشی داوام لێکرد ژیاننامەی باوکی زانا و هەڵکەوتەی کوردم بۆ بنێرێ تا تا لەسەر ماڵپەڕی بەسۆزی سۆزی میحڕاب بڵاوی بکەینەوە … کاک ئەحمەد زۆر بە خۆشیەوە سەرەخۆشی منی وەرگرت و بەڵێنیشی پێدام بەزوترین کات ژیاننامەی باوکی م بۆ بنێرێ…

ئەوەی لەبەردەستی ئێوە خوێنەرانی ئازیز دایە بریتیە لە ژیانی کەسایەتی ناوداری کورد مامۆستا هەرتەلی کە لەلایەن کۆڕی خۆشەویستی ئەحمەد هەتەلی نێردراوە بۆ ماڵپەڕی سۆزی میحڕاب…

دوایی پێداچونەوەیەک پێشکەشی ئێوە دۆستانی خوالێخۆشبوو مامۆستا هەرتەلی دەکەم

                     “سانا حیدری” مەهاباد

————————————————————————————————

لەشاری “هەولێر” کەسایەتی و نووسەر و زانای دیاری وڵاتی کوردەواری و خزمەتکارێکی ڕاستگۆ و بێلایەنی ئاینی پیرۆزی ئیسلامی ڕاستەقینەی حوجرە و مزگەوت ، مێزەر بەسەرێکی پاک و ڕاست گۆ ، نەتەوە خوازێکی دوور لە حیزب و سیاسەت کۆچی دوای کرد و بارگەی پێچایەوە بۆخزمەتی زانایانی تری کوردەواری .

????کورتەیەک لە ژیانی جەنــابی مامۆستا مەلا عبداللەی هەرتەلی

٭ ناوی تەواوی مامۆستا مەلا عبداللە کوڕی عبدالعزیز کوڕی خضر ی کوڕی عبدالعزیزی ـ هەرتەلی ـ یە/ 1 لە هۆزی دیار و گەورەی خۆشناوە/2.

مامۆســتا لــە ساڵی ۱۹٥٥ لە گوندی هەرتەل لە دایــک بووە .

زۆرینەی خوێندنی خۆی لە شاری هەولێردا بووە لە خزمەت مامۆستا خدری شەمامەری و مامۆستا سید موحەممەدی پیرداودی و مامۆستا مەلا بەهائەددینی خەتێ و شێخ عبدالله ی زیخان و مامۆستاجەمال هەرتەلی و مامۆستاعبدالباقی هەرتەلی و مامۆستا فائیز المدرس و مامۆستا جەلال زراری و زۆرێکی تر لە زانایانی هەولێردا خوێندوویەتی ، بە گشتی لای زۆربەی زانا گەورەکانی شاری هەولێر خوێندویەتی .

جەنابی مامۆستا لە ساڵی ۱۹۷۷ دامەزراوە و جەنابی مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس بڕیاری داوە ئیجازەی مەلایەتی پێبدات ؛ بەڵام مامۆستا بە هۆی باری داراییەوە نەیتوانیوە لە بەغدا درێژە بە خوێندن بدات.. دوای ساڵێک لە خوێندنی کۆلێژ لە بەغدا ئیجازەی لە کۆلێژ وەرگرتوە و گەڕاوەتەوەو نەیتوانیوە بچێتەوە بۆ درێژەدان بە خوێندنی کۆلێژ و وەرگرتنی ئیجازەنامەکەی لە خزمەت جەنابی مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس …

دوای دامەزراندن ژنی هێناوەو پاشان ماوەیەک دەچێتە سەربازی چونکە لەو سەردەمدا سەربازی بەزۆرە ملێ بوە  …

دوای ماوەیەک دەگەڕێتەوە گوندی هەرتەل و واز لە سەربازی دەهێنێت و دەست دەکاتەوە بەکاری مەلایەتی . 

جەنابی مامۆستا لە سەرەتای نەوەدەکان دەستی کردووە بەنووسین بەماوەیێکی کەم دانراوەکانی مامۆستا گەیشتنە ئەوپەڕی کوردستان و پارچەکانی تری کوردستان .

مامۆستا لەزۆربەی زانستەکاندا دانراوەی هەیەو خزمەتەکانی بەڕوونی لەکتێبخانەی کوردیدا دیارن .

لەبەناوبانگ ترین دانراوەکانی:

1-ڕۆژی پرشنگدار، شرح فتح القريب لٲبی شجاع .

2- ڕوناكی ـ رب العالمين ـ کە شەڕحی منهاج الطالبين ی ئیمامی نەواوی یە کە پێکهاتوە لە  5 بەرگ  .

3- ڕوونكردنەوەی ـ العقیدة الطحاوية.

4-ڕونكردنەوەی40 حەدیثەکەی پێغەمبەرﷺ شەڕحی ئەڕبەعینی ئیمامی نەوەوی یە .

5-هۆنراوەی ئیمان و ئیسلام .

6ـ مانگی شەوی چواردە ڕونکردنەوەی قەصیدەی بوردیە .

7 ـ عەقیدەی ئیسلامی .

8ـ چەند گوڵێک لە گوڵزاری ئیسلام پێشکەش بە گەنجی نەونەمام .

9ـ مێرگ و گوڵزاری بەهار بۆ گەشتیارانی ژیانی پێغەمبەری ڕێزدار ﷺ” .

10ـ چۆنیەتی نوێژ وەک لە پێغەمبەر ﷺ وەرگیراوە .

11ـ چۆنیەتی حەج و عومرە.

12ـ نوێژکردن لەسەر کورسی.

13ـ زیکری دوای نوێژەکان .

14- چۆنیەتی بەشکردنی میرات، ڕوونکردنەوەی قطر العارض في علم الفرائض .

لەگەڵ چەندین بڵاوکراوەی تر.

 لەساڵی ١٩٩١ پەیوەندی کردوە بە ڕیزەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی و لە ساڵی ١٩٩٣ دەستی لەکار کێشاوەتەوە و تا کۆتا ڕۆژەکانی تەمەنی بێ لایەن بوە.

لە ساڵی ۱۹۹۱ دەستی کردووە بە نوسین و یەکەم کتێبی هۆنراوەی ئیمان و ئیسلام بووە، ئەم نوسراوە گشت ئەڕکانەکانی ئیمان و ئیسلام لە خۆدەگرێت کە جەنابی مامۆستا بە شێوەی شیعر هۆنیویەتیەوە ، وە لەماوەی پانزە ڕۆژی ڕەمەزان توانیویەتی گشتی بنوسێت بە شیعر .

پاش ئەم کتێبە ئیتر دەستی کردووە بە شەرحی کتێبی اربعین النوویە .

وە پاشان ئیتر کتێبی فتح القریب لە فیقی شافعیدا کە بە دەیان چاپی لێکراوە تاوەکو ئێستا و سەرو پەنجا هەزار دانەی لێ چاپ کراوە لە ئێران و عێڕاق .

وە پاشان دەستی کردوە بە نوسینی “چەند گوڵێک گوڵزاری ئیسلام” پێشکەش بە گەنجی نێونەمام .

 شایەنی باسە ئەم پەرتوکەی جەنابی مامۆستا هەر لە نەوەدەکانەوە کاریگەریەکی زۆری لەسەر بیری گەنجان هەبوە و وایکردوە بەسەدان گەنج لەبیری توندڕەوی دوور بکەونەوە و واز لە توندڕەوی و تەفرەقە بهێنن.

 مامۆستا بەم پەرتووکەی هەر لە نەوەدەکانەوە دەستی کردوە بە دژایەتیکردنی بیری توندڕەوی وە ئەم پەرتوکەش بەدەیان چاپی لێکراوە تاوەکو ئێستا .

پاشان دەستی کردوە بە شەڕح کردنی “مینهاجی ئیمامی نەوەوی” کە لە پێنج بەرگ پێک دێت و بە پێنج ساڵ تەواو بووە هەر ساڵەو بەرگێکی تەواو کردوە و بە چاپی گەیاندوە، هەر لەم مودەتەشدا کە خەریکی مینهاج بوە لەگەڵ نوسینی مینهاج خەریکیشەڕحکردنی “فەڕائیزی شێخ مەعروفی نۆدەیی”بووە و تەواوی کردووە کە بەڕاستی فەڕائیزی شێخ مەعروف  مەعلوماتی زۆر تێدایەو تەنانەت لەقزڵجیەکەش زیاتری تێدایە.

 پاشان کتێبی “عەقیدەی ئیمامی تەحاوی” شەڕح کردوە، پاشان دەستی کردوە بەنوسینی”ژیانی پێغەمبەری ئازیزﷺ”لە یەک بەرگ دا  وە پاشان تەرجومە و شەرحی “قەصیدەی بوردیە” و وە چەندین نوسینی تر ….

زۆربەی کتێبەکانی مامۆستا وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فارسی و چەندین چاپیان لێ کراوە و لە ناوچەکانی زاهیدان و تورکمان سەحرای ئێران زۆر بەربڵاون و سودیان لێ وەردەگیرێت ، وە لەناوچە کوردیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش وەکو باشوور بەشێک لە پەرتوکەکانی مامۆستا لەحوجرەکاندا مەنهەجی خوێندن ن ولە حوجرەکاندا دەخوێندرێن .

تا کاتی وەفاتی دەرگای حوجرە و مزگەوتی واڵا بوو بە ڕووی فەقێیاندا و تەدریسی دەکرد و زۆرێک لە فێرخواز و فەقێیان لە خزمەتیدا سودمەند بوون …

مامۆستا و تەصەووف

بەندە ـ کوڕی مامۆستا ـ  لەم بارەوە کاتێک پرسیارم لێکرد له وەڵامدا فەرمووی :

من بڕوام بە هەموو جۆرە تەصەوفێک هەیە بەمەرجێک ڕاست بکەن و ڕێگەی پێغەمبەر بگرن . من بۆ خۆم تا ئێستا نەگەیشتوومەتە یەکێکی وا تەمەسسوکی پێبکەم و گەر بگەمە یەکێکی وا دەست و پێیشی ماچ دەکــــــەم ، بەڵام موسوڵمان مەرج نیە هەر لەڕێگای موڕشید بگات بە حەقیقەت ، ئەکرێ بەبێ موڕشیدیش بگات بە حەقیقەت ؛ بۆ نمونە ئیمامی نەوەوی شێخیشی نەبووە گەیشتۆتە دەرەجەی قوطب…

مامۆستا هەرتەلی لەدرێژەدا فەرمووی :

شێخ و موڕشید بۆ دوو شتە :

یەکەم : ببێت بە موڕاقیبت و دووەم : تەعلیمت بکات

بەڵام ئەتوانرێ گەر ئینسان بەهێز بوو هەم خوا و هەم نەفسی بکات بە موڕاقیب و خۆیشی گەر خوێندەوار بێت شەریعەت بێخوێنێتەوە تەعلیمات وەرگرێـــــــت  ..!!

٭ ئـەم زاتە بەڕاستی خوێندەوار و زانــا عیلم ڕەوان بوو وە لە هەموو مەزهەبەکان شارەزایی هەبوە بە تایبەتیش لە مەزهەبی ئیمامی شافیعیدا شارەزاییەکی تەواوی هەبوو و کاتێک لە مەجلیسیدا دائەنیشتی هەستت دەکرد لە مەجلیسی یەکێک له زانایانی موجتەهیدینی مەزهەبی شافعیدا دانیشتوویت.

پەرتوکەکانی خوێندنی حوجرە و علومی شەرعی لەبەر بوە وە هەندێک لە نەزمەکانی شێخ مەعروفی نۆدەیی ی و کۆمەڵێک پەرتوکی تر وە هەروەها زۆرێک لە قوڕئانی پیرۆزیشی لەبەر بوە .

وە ئەم زاتە زۆر ڕاشکاوانە ڕەئی خۆی دەوت و ترس و باکی لەکەس نەبوو و شەرمیشی لە وتنی حەق نەبدەکرد.. هەرچی بڵێین لە وەسفی ئەم زاتەدا هێشتا کەممان وتووە ، بەڕاستی تەمەنی لە خزمەتی زانستی شەرعیدا بەڕێکرد و خۆشەویستی هەموو چین و لایەنێک بوو …

بەداخەوە لە ڕۆژی سێ شەممە ٧ ی ٤ ی ٢٠٢٠ زاینی دوای ماوەیێک نەخۆشی لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد و بۆهەمیشە ماڵ ئاوایی لەفەقێ و حوجرە و مزگەوت و وڵاتی کوردەواری کرد.

شیاوی باسە دوای خۆی چەندین کتێب و وتار و وانەی تۆمارکراوی بەجێ هێشتوە .

خوالێخۆشبوو بەعیزەتەوە ژیا و بەعیزەتەوە فەوتیکرد .

دواکارین خوای گەورە بەبەهەشی شاد بکات ..

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

1/هەرتەل: گوندێکی جوان و ڕازاوەی دەڤەری خۆشناوەتیە و سەربەناحیەی “بێتواتە”ی قەزای “ڕانیە”ی پارێزگای “سلێمانی” یەو ئەم گوندە بەوە ناسراوەکە لە کۆندا خاوەنی مەدرەسەیەکی گەورەی دینی بووەو لەم گوندە دەیان و سەدان زانای گەورەی ئایینی  هەڵکەوتون .

2/خۆشناو : هۆزێکی گەورەی کوردیەو لەباشووری کوردستاندا دەژین و زۆربەیان لە هەولێر نیشتەجێن .

نوسین و نێردراوه ی : ئەحمەد عبدوڵڵا هەرتەلی

ئامادەکردن و پێداچوونەوە:سه وزه حیدری “سانا”

نمایش بیشتر

سه وزه حیدری

@ مترجم وشاعر @ آذزبایجان غربی - مهاباد ☑ کارشناسی روانشناسی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا