اندیشهکوردی

گرینگی کات

سوێند بە کات کە مرۆڤ لە خەسار دایە، بێ‌ئاگا له لەدەست‌دانی سەرمایەی ژیانی. مرۆڤی تێکۆشەر کە شەو و ڕۆژی تەرخان کردووە بۆ پاشەکەوت‌کردنی سەرمایەی ژیانی، لە بیری کردووە کە بنچینەی سەرمایەکەی چییە؟ بێ‌ئاگایە کە خه‌ریکه سات بە ساتی بەفیڕۆ دەدات و بەرەو فەوتانی دەبات. لە کاتێکدا خوای میهرەبان جەخت لە سەر گرینگی ئەو سەرمایەیە دەکات کە ئەی بەندەی ئازیزم؛ وریابە خەزێنەیەکت لەبه‌ر دەستە، زۆر بە باشی پارێزگاری لێ بکە، ئەو خەزێنەیە ئەو ساتە وەختانەن کە لەبه‌ر دەستت دایە و دەتوانی لە چاکە و چاکەکاری بەهرەی لێ وەرگری یا به‌پێچەوانە لە کردەوی بێ‌کەڵک و ناڕێک خەرجی بکەی، بەڵام وریا بە کە ڕۆیشت بە هیچ کڵۆجێ جارێکی‌تر بۆت ناگەڕێتەوە. تا ڕۆژی پەسڵان کە لەو ڕۆژەدا لە سات بە ساتی ئەو خەزێنە پڕبایه‌خە لێپرسینەوەت لێ دەکرێت.

بەتایبەت تۆ ئەی گەنجی بڕوادار کە ئێستا هێز و توانای تایبەتت هەیە، دەرفەت لە دەستت مەدە، کە پێغەمبەری ئازیزمان(د.خ) فەرموویەتی: لە ڕۆژی دواییدا جگە لە لێپرسینەوە لە تەواوی تەمەن، لێپرسینەوەیه‌کی تایبه‌تت لەگەڵ دەکرێ سەبارت به‌ ڕۆژگاری لاویت؛ کە چۆن و لە چیدا تێپه‌ڕت کرد؟ کەواتە بزانە ئەی گەنجی وشیار؛ ئاگاداری کاتەکانت بە کە خوا سوێندی خواردووە بە کات کە کات لەدەست چووان خەسارتمەندی دونیا و قیامەت دەبن.

ژیان کورتە و کات کەم، بۆ سوود وەرگرتن لەو خەزێنە به‌هاداره،‌ پێویست بە جووڵانه؛ چونکە پەژیوانی دوایی کەڵکی نابێت. بۆ ڕزگاربوون لە زەرەرمەندان دەبێ تەواوی کەرەستە و ئامرازی پێویست دەکار بکەین، کەرەستەی ئیمان، کردەوەی شیاو و چاکە و ڕاسپاردەکردنی یەکتر  بە حەق و ڕاستی و تەقوا و خۆڕاگری.

پێغەمبەری خۆشەویستمان(د.خ) فەرموویەتی: دوو نیعمەتی خوایی هەن کە زۆربەی خەڵکی لێیان  هەڵخەڵەتاون و قەدریان نازانن، تەندرووستی و کاتی ئەرخەیان.

کات وێنەی ترنجۆیەکی بێ‌وەستان ڕادەبری، هەر چەندە تێپەڕبوونەکەی تەنیا هەناسەیەکە، بەڵام کاریگەرییەکەی زۆر هێزان و یەمانە. بەشێک لە ژیانی مرۆڤ، ژیانی دنیایە؛ ژیانی تایبەت بە تاقی کردنەوە و چارەنووس‌ساز کە چارەی بەشی
دیکەی ژیان، واتە ژیانی هه‌تاهه‌تایی ڕۆژی دوایی دیاری دەکات. لە ڕاستیدا کات شڵاڵەی ژیانی ئێمەیە کە وێنەی هەور بە گورجی تێدەپەڕێت و وەک بایەکی پڕتا و ڕەوانە، چ لەگەڵ خۆشی و ڕەوەت بێت یان مەینەتی و پەژارە و کاتێک تێپەڕ بوو، گەڕانەوە و قەرەبووکردنەوەی نییە. کات دەفرێکە  پڕە لە کردەوە و تێکۆشان و دەستکەوتەکانی مرۆڤ؛ کەواتە ئەی مرۆڤی ژیر با کردەوەکەت جوان و ڕەزامەندانە و تێکۆشانت بەرەو بەختەوەری و کامەڕانی بێت.

حەسەنی بەسری چ جوان فەرموویەتی: کە هیچ ڕۆژێک نییە تێپەڕ بێت و بووڵیڵەی بەر بەیان سه‌ر هه‌ڵدات و هەرایەک لە مرۆڤ نەکات کە؛ ئەی ڕوڵەی بەنی ئادەم من ئافراوێکی جەختم بە سەر کردەوی تۆ، کەواتە توێشوویەک کۆ بکەوە، چونکە دوای تێپەڕبوونم تا ڕۆژی پەسڵان گەڕانەوەم نییە. کەواتە با ئێمەش نەبین لە خەسارەتمەندانی کات لەدەست‌چوو. کاتی دەمی مەرگ یا ڕۆژی پەسڵان ئاە و ناڵە سەر بدەین بۆ ساتێکی هەر چەندە کورت بۆ قەرەبووکردنەوە، به‌ڵام وەڵاممان بدرێتەوە؛ هەیهات هەیهات…

هەرچی بە دیدە دیارە لە عالەم دەستەوامی هەیە
جگە لە تەمەن کە بێ دەستەوام لە عالەمە
تا دەرفەتە قەدری بزانە، دەستکەوتێکی بەنرخە
کە هەڵت نەما ئاە و ناڵە بێ کەڵکە…

 وەرگێڕان بە هێندێک گۆڕانکاری و زیاد کردن: کولسووم حەسەن‌زادە

از طريق
کلثوم حسن زاده
منبع
سوزی میحراب
نمایش بیشتر

کلثوم حسن زادە

@@نویسنده و مترجم و شاعر ایران - آذربایجان غربی - سردشت

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا