فقهمناسبت ها

گوێزەبانە، حەوتم، عەقیقە

ـ ئایینی ئیسلام پڕیەتی لە نەریتی (آداب) جوان بۆیە پێشینیانی ئێمە زۆر زوو ئەم ئاینەیان وەرگرتوەو بە ئیختیار دینی مەنشوورن چون تێگەییون ئەم ئایینە خۆشبەختی دێنێ، جا یەکێ لەو دەستوورە کەم وێنانەی کە دایڕشتوە بریتیە لە کاری هەمووتی ( دسته‌جمعی)و کۆڕبەندی بۆی، ئامانج لەم دەستوورانە بەس ئەوەیە خەڵکی لێک کۆ وەبن لە دەور یەکدی دانیشن پەڕژووبڵاو نەبن، کەواتە کەسانێ پێچەوانەی ئەم خاڵە هەنگاو بنێ لە هەڵەدایە وەک ئەوەی دەستووری داوە”

۱ـ کاتێ مناڵ لە دایک دەبێ داوەتی بۆ سازکەن

۲ـ کاتێ خانوو یا ماڵ چادەکەیت و تەواوبوو خزم‌و خەڵکی گەڕەک و دەورووبەر بانگهێشت بکە.

۳ـ هەروەها کاتێ زەماوەند دەکەیت

۴ـ کاتێ کوڕە گەورەکەت لە باڵبازی (سربازی) هاتەوە.

۵ـ کاتێ نەفەرێک لە سەفەری دوور وڵاتان گەڕایەوەو لە مێژبوو دیار نەمابوو.

۶ـ کاتێ بڕوانامە وەردەگرێ و… بۆنەی‌تری ڕەسەن با لە ڕابردودا بوونی نەبووبێ بە شێوەیێکی شەرعی بەڕێوە ببرێ دروستەو زۆر جەختی لەسەر دەکاتەوە.

ـ جا دوای ئەم پێشەکیە پێویستە بزانین یەکێ لەو کۆڕبەندیانەی ئیسلام پەسەندیەتی بریتیە لە کۆڕی لە دایک بوونی کۆرپەیێکی ساوای پەیابوو بۆ ئەم دنیایە. لە وڵاتی کوردەواری پێی ئەڵێن: گوێزەبانە، هۆزەبانە، حەتم، مناڵ ناونان، بە عەرەویش پێی ئەوترێ(عقیقه).

٭ جێی خۆیەتی بزانین بۆچی ئەبێ شایی دەربڕین بۆ لە دایکبوونی کۆرپەیێک؟!

۱⃣ حەوتم یەکێکە لەو بۆنە پیرۆزانەی زۆر گەورەو گرنگ‌و پیرۆزە، بۆنەی ڕێزنانە لە مرۆڤێکی نوێ، کە پێ دەنێتە ژیان‌و ئاڵەمێکی نوێ کە سەرزەویە.

ـ لە ئایینە شێواوەکان‌و نەریتە مرۆییەکانی کۆن‌و نوێدا باو بووە کە مناڵ بوون مایەی جۆرە ڕەشبینیێکە زۆر یان کەم! دڵگران بوون بە هاتنە دنیای! چون دەبێتە ئەرک لەسەریان و لەسەر سفرەی ئەوان دەخوات و هیچیان بۆ دابین ناکات و بەرهەم ناهێنێ!.

ـ ئەم بیرە نالەبارە باوبووە بەتایبەت لەسەردەمی دابەزینی قورئان‌دا، عەرەبە نەزانەکان بە کاریگەری نەزانی و دوور لە سروشی ئیلاهی و بە تێکەڵاوی لەگەڵ خەڵکانی دەورووبەر بە خراپ بۆ هاتنە دنیای مناڵیان ڕوانیوە! لەبەر ئەوەی ناتوانێ”

+ شەڕ بکات و بەرگری بکات،

+ تاڵان بە دەست بێنێت.

+ لە بەشی دایک‌وبابی دەخوات

+ بەرهەم و سوودی نییە!

+ ئەرکە لەسەرشان و هیچ کارێک ناکات.

بۆیە ڕەشبین بوونە لە ئاستی‌دا بەتایبەت کە کچ بوایێ، ئەوەتا قورئانی پیرۆز ئەو ڕاستیەمان بۆ دەگێرێتەوە وەک لە سووڕەی نەحل‌دا دەفەرموێ: وَإِذَا بُشِّرَ أَحَدُهُمْ بِالأُنثَی ظَلَّ وَجْهُهُ مُسْوَدّاً وَهُوَ کَظِیمٌ (۵۸) یَتَوَارَی مِنَ الْقَوْمِ مِن سُوءِ مَا بُشِّرَ بِهِ أَیُمْسِکُهُ عَلَی هُونٍ أَمْ یَدُسُّهُ فِی التُّرَابِ أَلاَ سَاء مَا یَحْکُمُونَ (۵۹). کەواتە ئەو نەزانانە ڕەشبین بوون بەرابەر ڕەگەزێکی نوێ کە” ئەخوات و پەیا ناکات، ئەبات و نابەخشێت! جا بەم تێڕوانیە پێیان وابووە مرۆڤ ڕۆزی‌دەرەو سەرچاوەی بە دەستهێنانی ڕزق‌و ڕۆزیە! کە تا ئەمڕۆی لەگەڵ‌دابێ لە هێندێ کۆمەڵگادا ئەم تێڕوانینە هەر بەردەوامە (پەنابەخوا).

۲ قورئانی پیرۆز یەکێ لە هیکمەتەکانی (حکمت) ئەوەیە بۆ ڕاستکردنەوەی چەمکە هەڵەکان و پڕ لە کەم‌وکووڕیەکانی مرۆڤ کە پێچەوانە کراونەتەوە هاتوە ڕاستی کردونەتەوەو فەرموویەتی:

۱ـ لە دایکبوونی کۆرپەڵە موژدەیە” هەروەک لەسەربردەکانی گەورەمان ئیبراهیم و زەکەریاو…. هتد کە باسی چۆنیەتی مناڵ پێیدانینان دەکات بەم وشانە(فَبَشَّرْنَاهُ بِغُلَامٍ حَلِیمٍ (۱۰۱) یان (أَنَّ اللّهَ یُبَشِّرُکَ بِیَحْیَـی) موژدەیان دەداتێ و دڵخۆشیان دەکات.

۲ـ مناڵ چاوڕوونیە” وەک لەسەر زاری بڕواداران هاتوە(وَالَّذِینَ یَقُولُونَ رَبَّنَا هَبْ لَنَا مِنْ أَزْوَاجِنَا وَذُرِّیَّاتِنَا قُرَّهَ أَعْیُنٍ وَاجْعَلْنَا لِلْمُتَّقِینَ إِمَاماً (۷۴). پێچەوانەی تێڕوانینە پووچەڵەکەی باسمان کرد.

۳ـ مناڵ خەمڵان‌و جوانیە”(الْمَالُ وَالْبَنُونَ زِینَهُ الْحَیَاهِ الدُّنْیَا وَالْبَاقِیَاتُ الصَّالِحَاتُ خَیْرٌ عِندَ رَبِّکَ ثَوَاباً وَخَیْرٌ أَمَلاً (۴۶).

ـ قورئانی پیرۆز بەم شێوازە ناسک‌و جوانە پڕ لە ڕەوانبێژیە ئەم چەمکە ڕاستانەی گەڕاندوەتەوە شوێنی خۆی بەمە وردەوردە کۆمەڵگایێکی نوێی بە بیرو فکرێکی نوێوە دروستکرد، ئەوجا گەر مناڵێک ببوایێ دەیان وت: سوپاس بۆخوای گەورە ئەوا ڕەگەزێکی‌تر زیایی کرد بۆ ناو ئەم هەموو ڕەگەزانە. چونکە ئێمە دەبنین ڕۆژانە پیرێک دەمرێت، نەخۆشێ سەردەنێتەوە، باوکێک، دایکێک، برایێک، خوشکێک، خولی تەمەنی تەواو دەبێت بەرەو ڕەحمی خودای گەورە دەگەڕێنەوە، بەرەو ئاڵەمی نەمری دەچن و جێمان دەهێڵن. جا ئەم کاروانە گەر ئاوا بڕوات و ڕەگەزی نوێ شوێنیان پڕ نەکاتەوە! مەترسی‌دارە، بەو هۆیەوە هاوسەنگی تێک دەچێت.

ـ بۆیە قورئانی مەزن وای لە مرۆڤە موسوڵمانەکان کرد کە هەرکاتێ مناڵی نوێیان ببێ کوڕبێ یان کچ پێی دڵخۆشبن و گەشبین بن بۆی.

۴ـ هەروەها ئەو چەمکە هەڵەشی ڕاستە کردەوە کە پێیان وابوو مناڵ هۆی وەدیهێنانی ڕزق‌وڕۆزیە! خوای گەورە دەفەرموێ:( وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنسَ إِلَّا لِیَعْبُدُونِ (۵۶)مَا أُرِیدُ مِنْهُم مِّن رِّزْقٍ وَمَا أُرِیدُ أَن یُطْعِمُونِ (۵۷)إِنَّ اللَّهَ هُوَ الرَّزَّاقُ ذُو الْقُوَّهِ الْمَتِینُ (۵۸). بەڵێ سەلماندی کە ڕازقیەت وەکو خالقیەت وایە، چۆن خالقەو مرۆڤ و بوونەوەرانی هێناوەتە بوون بە هەمان شێوە ڕازقیش هەر خودایە، بە هیکمەتی خۆی ڕۆزی سەرجەم بەدیهێنراوان دەدات چونکە ڕۆزیدەری خوا نهێنیێکە لە نهێنیەکانی خۆی بۆیە ئەقڵی مرۆ پەی پێ نابات کە خواگیان چۆن ڕۆزی ئەم هەموو خەڵکەو زیڕۆحانە ئەدات!؟

ـ ئاخر ئەگەر بە لێزانی زۆرزانی و چوست و چالاکی بێ ئەبێ ئەوەی پێ‌سپی بێت نان نەبێ بیخوات! وە ئەوەشی لێزان‌و چالاک‌و ژیرە داراو خاوەن ماڵ‌و سامانی زۆربێ!؟ بەڵام ئەوە وانییە پێوەرەکان لای خوداو بەندەکان جیاوازن ڕزق‌وڕۆزی لای خواوە بڕاوەتەوە. بە پێوەرە مادیە بەشەریەکان بێ فرەکەس هەن دەبێ نان نەبێ بیخۆن کەچی هێندەیان هەیە نازانێ لەکوێوە بەسەریا باریوە! لەولاشەوە کەسانی ئازاو کارەکەر بەردەوام کاسبی‌ ئەکا ـ بە گوێرەی بۆچوونی مرۆڤ ئەوە ئەبوا زۆر دەوڵەمەندبێ‌ـ بە داخەوە ئەو جۆرە کەسانە جاری وایە نان نییە بیخۆن!( پەنا بە خوا) ئەوە بەس نییە بۆ ئەوەی بڕوامان بێت کە تەنیا خوای گەورە ڕۆزی دەرە؟.

– ئەوەی تائێرە باسکرا پەیوەندی بوو بە لایەنی بڕواو ئەقیدەوە ئێستەش لە لایەنی ڕواڵەتیەوە ئەدوێین

-ئیسلام زنجیرەیێک ئەرکی یەک بەدوای یەکا چەسپاند کە سەرجەمیان تۆپزی دەکەن لەسەر ڕێزو بایەخی زاڕۆکێ کە پێی ناوەتە دنیای ئاسایی. یەک لەوانەی دەستووری پێداوە بریتیە لە”

۱ دایک‌وباب زۆر کەیف خۆشبن بە هاتنە دنیای مناڵەکە.

۲ سپاسی خوای مەزن بکەن کە مناڵی پێ بەخشیون چون بوونی مناڵەکە ئازایەتی خۆیان نییە!

ـ ئەها زۆر کەس هەن لە دەورووبەرو لە ناو کۆمەڵگادا لە من‌وتۆ بەتواناترو لێهاتووترو زیرەکترو داراترو… هتد کەچی مناڵی نابێ! یانی ئێمەی هۆکارین ئێنا خوای خالق خۆی پێمان ئەدا.

ـ بڕوانە ئەوانەی مناڵیان نابێ چ خەرجیێک دەکەن؟ چەن شوێن و وڵات دەچن؟ چەندە دەوا ئەخۆن؟ چەندە تانەی خەڵکی دەبیستن؟ چەندە ئازاری ڕۆحی ئەچێژن؟ قەت ئۆمێدی بە ژیان نییە، هاوسەرگیری‌تر دەکات واش کارساز نییە! کەواتە هەر سپاس بۆخوایە کە بەخششی مناڵی پێداین.

۳ لە ڕۆژی حەوتەم‌دا

ـ حەیوانێکی بۆ سەربڕن،

ـ ناوێکی خۆشی لێ‌بنێن،

– بازێ خێزان هەیە وەک چاولێکەری‌و مۆد ئەچن دوو ناوی بۆ دائەنێن ناوێکی شەرعی لێ ئەنێن بۆ ناسنامەکەی دوای کۆڕەکە ئەو ناوەی مەبەستی خۆشیانە وەک” ڕۆزیتاـ هانیتاـ و… ئەوە بابزانن دروست نییە ئەبێ یەک ئیسم هەڵبژێرن، شەرع باسی یەک ئیسم ئەکات دوایی نازناوی داناوە ئیتر جگە لەمانە شتیتر نییە، هەر ئیسمێک مانایێکی خۆشیبوو دروستە بکرێتە ناو. کەواتە تکام وایە ئەو عادەتە نەزانیانە وازلێبێنن.

– ناوی کوردەواری هەڵبژێرن بۆ مناڵەکانمان” ئێستە لە ئەنتەرنێت‌دا، لە کتێبخانەکانا کتێب و نەرمەئامێری جوان و چاک هەیە پڕیەتی لەناوی جوان لەوانە ناوەکان هەڵبژێرن با خزمەتێک بێ بە ژیاری کوردستان و نیشتمان و ناڕاستەوخۆ خزمەت بە فەرهەنگی وڵاتانی بێگانە نەکەین.

ـ بانگ و قامەت بدرێ بە گوێچکەی ڕاست و چەپیا بۆ ئەوەی ئەوەڵ وشەیێ کە ئەبیێ ناوی بەرزو پیرۆزی (الله) بێت. کە لەڕووی زانستی سەردەمەوە سەڵماوە وشەی ئەڵڵا لە مێشکی کۆڕپەڵەدا نەقش ئەبەستێ.

۴ نزای ساڵح بوون‌و تەمەن درێژی بۆ بکرێت.

– ئێستە ئەچن پاکەت نامە ئەخەنە سەرکۆشی میوانەکان کە هاتوون بۆ دەعوەتی ئەو حەوتمە! ئەوە کارێکی نادروستە چوون”

ـ دەبێتە ئەوەی کۆڕەکە کەم ڕەونەق ببێت و خەڵکی نەچن بەدەم بانگهێشتەکەوە.

ـ دەبێتە مۆدو عورفێک هەموو ماڵێک دەگرێتەوە کە ئەوە دروست نییە چون زۆرێک لە میوانەکان پارەیان پێنیە یا هەژارن یا کەم دەرامەدن.

ـ بەس گەر ئاوا نەبوو هەرکەس بە ئیختیاری خۆی پارەی داناو خاوەن ماڵەکەش نەداربوو دروستە قەرەبووی خەرجیەکە یا لانیکەم دەستکەوتێکی بێ بیداتە جل‌وبەرگ بۆ کۆرپەکەیان ئەمیان دروستە چون پاکەت نامەی تیانییەو لە ڕووا دانامێنن.

– لە کۆتاییدا دەڵێم:

ئەبینین ئەم هەموو پیاوە ڕیش سپی و ئاقڵ‌و خاوەن بڕوانامەی گەورەو زانایە کۆدەبنەوە لەسەر سفرەی گوێزەبانەی مناڵێک و حازری کۆڕی شایەدی ناونانی مناڵێک دەبن! لەبەر چی؟ بۆ ڕێزنان لە مناڵێک کە هێشتا ئاگای هیچ نییە، نازانێ چ دەنگ‌وباسێک لە دەورووبەریدا ڕوو دەدات، زمانی نییە بەخێرهاتنی هیچ یەکێکیان بکات، هیچی بۆ ناکرێ دەخوات و بەرهەم ناهێنێ. دە سوبحانەڵڵا ئەم ڕێزلێنانەی ئیسلام لە کوێ‌و بە ڕەشبینانە هاتنە دنیای مناڵ‌و زیندەبەچاڵ کردنی‌و بایەخ پێنەدانی لە کوێ؟! وَلَقَدْ کَرَّمْنَا بَنِی آدَمَ وَحَمَلْنَاهُمْ فِی الْبَرِّ وَالْبَحْرِ وَرَزَقْنَاهُم مِّنَ الطَّیِّبَاتِ وَفَضَّلْنَاهُمْ عَلَی کَثِیرٍ مِّمَّنْ خَلَقْنَا تَفْضِیلاً (۷۰). ئیسلام ئەوەی سەلماندوە ڕێزو حورمەتی مرۆڤ لەوەدایە کە مرۆڤە نەک حورمەتی لە مادیات و جوگرافیاو ڕەنگ و ڕوو نەژادابێ! نەخەیر هەرگیز وانییە. جا هەموو مروڤەکان هاوبەشن لە یەکسانی‌دا بۆیە جیاوازی لە نێوان منداڵێکی تازە لە دایکبوو لەگەڵ ڕیش سپیێکی ئاقڵ‌و ژیرو پڕۆفیسۆرێکی گەورەو سیاسەتمەدارێکی زیرەک‌و بازرگانێکی لێزان و… هتد نییە.

ـ ئەوەش گەورەیی ئایینەکەمان دەچەسپێنێ کە لە پێناو بەرژەوەندی مرۆڤ و ڕێزگرتن لە مرۆدا لە لایەن خودای دڵۆڤانەوە خەڵاتی بەندەکانی کراوە.

سەعدی مرادی- بە دەستکاریەوە لە بانە.

 ئەسڵی بابەتەکە هی مامۆستا سەیدئەحمەد پێنجوێنیە.

از طريق
سعدی مرادی
منبع
sozimihrab
نمایش بیشتر

سعدی مرادی

استان کردستان - بانه مترجم و نویسنده دعوتگر و فعال دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا