فتاویفقه

یونیک فایناس(2-2)

کۆمپانیای (UniqueFinance) (یونیک فاینانس) ناوەندێک بۆ چەواشەکاری و هەڵخەڵەتاندن

نووسینی: پڕۆفیسۆر. د. خالید موحەممەد ساڵح.
ئامادەکردنی: عەبدوڵڵا عەلی پوور.

تێبینییە شەرعییەکانی سەر کاری کۆمپانیای (UniqueFinance):

یەکەم: کۆمپانیا لە پێناو زیاد کردنی ڕێژەی بەشداربووانی بەهەردوو سیستەمی پۆنزی (Network Marketing) و (( Hierarchical Marketing کار دەکات کە هەردووکیان حەرامن و دروست نین.

دووەم: کۆمپانیا لە پێناو زیادکردنی ڕێژەی داهات و قازانجەکانیدا سیستەمی (CFD) (الرافعات المالية) بەکار دەهێنێت کە ئەمیش نەک تەنها لەیەک ڕووەوە بەڵکو لەچەندین ڕووەوە سووی تێ دەکەوێت و حەرامە و بۆ زیاتر ئاشنا بوون بەم سیستەمە لە کۆتایی باسەکەدا بەستەرێک دادەنێن کە دەکرێت سوودی لێ ببینن لەو ڕوەوە.

سێیەم: تا ئێستا ڕوون نییە و کەس نازانێت ڕۆڵی کۆمپانیای (UniqueFinance) لەم مامەڵەیەدا چییە و لەگەڵ کام گرێبەستی و مامەڵەی شەرعی یەک دەکاتەوە؛ ئایا ئەوەی کۆمپانیا دەیکات (وكالة) یان (شراكة) یان (كفالة) یان (جعالة) یان (مضاربة) یە؛ چونکە لە هەموویان دەچێت و هیچیشیان نییە و ئەوەی کە ڕوکەشە ئەوەیە کە کۆمپانیای (Unique) تەنها ڕۆڵی نێوەندگیری دەبینێت لەنێوان کەسی بەشداربوو و کۆمپانیا خاوەن پشکەکانی وەک کۆمپانیای بی ام دبلیو یان فۆڕت یان مایکڕۆسۆفت یان ئەپڵ یان هەر کۆمپانیایەکی تر، من لەگەڵ شاندی کۆمپانیا دانیشتووم و ئەم پرسیارەم لێکردون کە ڕۆڵی کۆمپانیاکەی ئێوە چییە؟ هیج وەڵامیان پێ نەبووە.

چونکە ئەگەر کۆمپانیای Unique)) لەم نێوەندەدا ڕۆڵی بریکار و وەکیل ببینێت، ئەو کات دەبێت لە بەرامبەر پارەیەکی دیاریکراودا ئەو کارە بکات. بۆ نموونە من هەزار دۆلارم داوە بە کۆمپانیای Unique)) تا لەبری من پێنج پشکم لە کۆمپانیای ئەپڵ بۆ بکڕێت، کۆمپانیای Unique)) ئەرکی بەیەک گەیاندنی من و کۆمپانیای ئەپڵ ونووسینەوەی گرێبەست و گەرەنتی کردنی پارەکەی من و پشکەکانی ئەو دەگرێتە ئەستۆ و لەبەرامبەردا بڕێک پارەی دیاریکراو لەمن وەردەگرێت، دواتر ئەو پشکانە هەرچی و هەرچەند بکەن پەیوەندی بە کۆمپانیای Unique)) ەوە نییە و بڕیاری مامەڵەکردن بە پشکەکانیشەوە لەدەستی ئەودا نییە، بەڵام شێوازی ئەم مامەڵەیەی Unique)) لە ئێستادا تەواو بە پێچەوانەوەیەی ئەمەوەیە و لە ئێستادا کۆمپانیای Unique)) بڕێک قازانجی دیاریکراو دەداتە کەسی بەشداربوو ئیتر هەموو بڕیارێک لە دەستی خۆیدایە و کەسی بەشداربوو هیچ ئاگای لە پشکەکانی نییە و نازانێت قازانجی کردوە یان زەرەر وە بڕی قازانج یان زەرەرەکەی چەندە. کەواتە ئەم کارەی Unique)) دەیکات وەکالە نییە. با بێینە سەر ئەوەی بزانین (شراكة) و هاوبەشییه، بەداخەوە ئەمەیشیان نییه؛ چونکە ئەگەر موشارەکە بێت دەبێت ئەو کات کۆمپانیای Unique)) یش وەک کەسی بەشداربوو پارە بهێنێت و بەشداری بکات و دواتر لەسەر ڕێژەیەکی دیاریکراوی زەرەر و قازانج ڕێک بکەون و بڕیاری مامەڵە کردن بە پشکەکانەوە لە دەستی هەردوو لایاندا بێت، لە ئێستادا هیچ کام لەم خاڵانە لەم مامەڵەیەدا بوونی نییە و کۆمپانیا هیچ پارەیەک نادات و هەموو بڕیارێکیش لای ئەوە و هیچ ڕێژەیەکی هاوبەشی بوونیش بوونی نییە و ئەو پارەیەیش کۆمپانیا دەیداتە کەسی بەشداربوو ڕێژەیەکە لە خودی سەرمایەکە نەک داهات بۆنموونە لە (1000$) ڕۆژانە (3-4$) و لە (5000$) ڕۆژانە (15-20$) ی پێ دەدات، هەر بۆیە ڕێژەی داهاتەکە جێگیرە و زیاد و کەم ناکات و هەموو ئەمانەیش پێچەوانەی حوکمی شەرع و بنەماکانی گرێبەستی (شراكة) و هاوبەشی بوونن. کەواتە (شراكة) یش نییه.

خۆ ئەگەر بپرسین ئایا (كفالة) یە؟ کەفالەتیش نییه؛ چوونکە کەفالەت له شەرعدا لەو گرێبەستانەیە کە دەبێت بەبێ بەرامبەر بکرێت وەکو پێدانی قەرز وایە و چۆن کەسی خاوەن قەرز بۆی نییە لە بەرامبەر پێدانی قەرزەکەیدا هیچ بڕە پارەیەک لەکەسی قەرزدار وەربگرێت، کەسی کەفیلیش بۆی نییە لەبەرامبەر کەفالەتەکەیدا هیچ بڕە پارەیەک لەوکەسە وەربگرێت کە بۆتە کەفیلی، مەگەر تێچووی مامەڵەی کەفالەکە نەبێت، بۆ نموونە کۆمپانیای Unique)) لای نازداک دەڵێت: من کەفیلی دوکتۆر خالیدم کە دوکتۆر خالید پیاوێکی سەر ڕاستە و غەش ناکات و پارە و ئیلتیزاماتەکانی خۆی جێبەجێ دەکات و ئەگەر ئەو جێبەجێی نەکرد من دەبمە کەفیلی و لەبری ئەو جێبەجێی دەکەم، کۆمپانیای Unique)) بۆی نییە لە بری ئەم کارەیدا هیچ بڕە پارەیەک لەمن وەربگرێت و هەر پارەیەک وەربگرێت حەرامە.

ئێستا کێ باوەڕ بەم قسەیە دەکات و دەتوانێت بڵێت کۆمپانیای Unique)) پڕۆژەیەکی وەقفییە و خاوەنەکەی لەبەر خوا و لە پێناو چاوە کاڵەکانی ئێمەدا دایناوە و هاوکاری ئێمە دەکات و پارەی قازانجمان پێ دەدات و بەرپرسیاریێتییەکەیشی دەگرێتە ئەستۆ!!. کەواتە ئەم کارەی Unique)) دەیکات ناچێتە خانەی کەفالەتیشەوە و ئەگەریش بڵین کەفالەتە ئەوە کارەکەیان حەرامە و دروست نییە چونکە لەبەرامبەردا پارەی لەسەر وەردەگرن.

ئەی بڵێیت (جعالة) بێت؟! بەداخەوە ئەویش نییە؛ چونکە لە جەعالەدا کەسێک لەبەرامبەر کردنی کارێکدا خەڵاتێک دیاری دەکات و هەرکەس کارەکەی کرد خەڵاتەکەی پێ دەدات، ئێستا لەم کارەدا ڕوون نییە کێ خەڵات بە کێ دەدات، ئایا کۆمپانیا بەبەشداربووی دەدات یان بەپێچەوانەوە، دواتریش جەعالە لە بەرامبەر کردنی کاردایە بەڵام لێرەدا لە بەرامبەر هێنانی پارەدایە؛ بۆیە ناکرێت بە جەعالەیش پۆلێن بکرێت.

دێینە سەر گریمانەیەکی تر و بزانین دەکرێت ئەو کارەی Unique)) (مضاربة) بێت، و ئێمە پارە دەدەین بەکۆمپانیای Unique)) و ئەویش بازرگانی پێوە دەکات و پاشان لە داهاتەکەیدا بەڕێژەیەک هاوبەش دەبین.
بەداخەوە ئەم مامەڵەیە (مضاربة) یش نییە؛ چونکە لە (مضاربة) دا ناکرێت ئەو کەسەی پارەکە هەڵدەسوڕێنێت ڕێژەیەکی جێگیر لە سەرمایەکە بداتەوە خاوەن دەسمایەکە بەڵکوو دەبێت ڕێژەیەک لە قازانجی بداتێ کە ئەویش بەپێی بارودۆخی بازاڕ دەگۆڕێت و جێگیر نییە، جگە لەوەیش لە (مضاربة) دا کەسی خاوەن دەستمایە وەک هاوبەشێک دەبێت وردەکاری مامەڵەکە بزانێت و ئاگای لێی بێت؛ چونکە هەر زیانێک ڕوو بدات لە پارەکەی ئەو دەکەوێت؛ بەڵام لەم مامەڵەیەدا خاوەن دەستمایە هیچ ئاگای لە مامەڵەکان نییە و هەر زیانێکیش ڕوو بدات لە پارەکەی ئەو ناکەوێت بەڵکو بە حیساب کۆمپانیای Unique)) دەیدات و خاوەن دەستمایەکە پاش دوو ساڵ هەرچی ڕووبدات پارەی خۆی وەردەگرێتەوە. هەموو ئەمانە پێچەوانەی بنەمای (مضاربة) ی شەرعین هەر بۆیە ئەم مامەڵەیە (مضاربة) یش نییە.

کەواتە هەر وەکو پێشتریش گوتمان ئەم مامەڵەیە لەگەڵ هیچ مامەڵەیەکی شەرعی یەک ناکاتەوە و لە چەندین ڕوەوە سەرپێچی شەرعی تێدایە.

چوارەم: ئەم مامەڵەیە سوویەکی ئاشکرایە؛ چونکە تۆ پارەیەک بەناوی بازرگانی دەدەیتە کۆمپانیای Unique)) ئەویش مانگانە ڕێژەیەکی دیاریکراو لە قازانجت دەداتێ و دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەیش پارەکەت بەکاش وەردەگریتەوە بێ زیاد و کەم؛ بۆیە ئەم مامەڵەیە زیاتر لەگەڵ قەرزدان بەسوو یەک دەکاتەوە نەک هیچ مامەڵەیەکی شەرعی تر. هەر وەک ئەوەی لە مامەڵەی بانکەکان دەگوزەرێت و بەڕێوە دەچێت کە کەسێک پاره له بانکدا دادەنێت بە ڕێژەی (٥٪) ی سوو، دواتر بانکیش دەچێت ئەو پارەیە دەدات بە کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان بە ڕێژەی (١٣٪) ی سوو. لەو نێوەندەدا بانک (٨٪) قازانج بۆ خۆی هەڵدەگرێت و (٥٪) ی دەداتە کەسی خاوەن دەستمایە. ئەوەی کۆمپانیای Unique)) لەم مامەڵەیەدا دەیکات هەمان کاری بانکە و زیاد لەوەیش کۆمپانیای Unique)) لە پێناو زیادکردنی قازانجەکانیدا پەنا بۆ سیستەمی (مارجن) و (الرافعات المالية) دەبات.بابەتی کڕینی پشک و مامەڵە کردنیش بەو پشکانەوە تەنها بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک و خۆ دزینەوەیە لە پرسیار و ئاستەنگە شەرعییەکان.

پێنجەم: ئێمە هیچ دەربارەی شێوازی مامەڵە کردنی کۆمپانیا Unique)) و وردەکارییەکانی نازانین و ناشزانین کە ئایا کۆمپانیای Unique)) ئەو پارەیەی ئێمە لە مامەڵەي ناشەرعی و بازرگانیکردن بە پشکی حەرام بەکار دەهێنێت یان ناا؟. وەک پشکی کۆمپانیاکانی عارەق و قومار و ئەوانی تر. من تەحەددا دەکەم هەر بەڕێزێک پێم بڵێ کۆمپانیای Unique)) سەرمایەکەی چۆن بەکار دەهێنێت و لەچیدا وەبەرهێنانی پێ دەکات. ئایا تا ئێستا هیچ گرێبەستێکی فەرمی باوەڕپێکراوی بەکسێک داوە کەپشکی ئەو کۆمپانیا زەبەلاحانەی بۆ کەسێک کڕیبێت و بەناوییەوە کردبێت و کە بچیتە بۆرصە و ئەژماری فەرمی کۆمپانیای فەیس بوک یان ئەپڵ یان بی ئێم ببینت کە ئەو پشکانە بەناوی تۆوە کراوە و تۆ خاوەنی ڕاستەقینەی پشکەکانیت و هەر تۆیش مافی مامەڵەکردنت بەو پشکانەوە هەیە؟!! ئایا هیچ دامەزراوەیەکی دارایی هەیە کە گرەنتی پارە و پشکەکانی ئەو خەڵکە بکات ئەگەر کێشەیەک دروستبوو؟! ئایا کەس دەزانێت کە لە کوێ و لای کێ دەتوانێت سکاڵای یاسایی تۆمار بکات ئەگەر کێشەیەکی بۆ دروست بوو؟!!. ئەمانە چەندین پرسیاری جددین و پێویستە کۆمپانیای Unique)) وەڵامیان بداتەوە.

شەشەم: بەدەر لەمانە هەمووی کۆمپانیای Unique)) درۆ و چاوبەستێکی زۆر لەگەڵ بەشداربووەکانی دەکات و لێرەدا تیشک دەخەینە سەر هەندێک لە درۆکانی و با کۆمپانیای Unique)) وەڵامیان بداتەوە:

أ‌- کۆمپانیای (UniqueFinance) لەژێر ناوی کۆمپانیایەکی تردا کار دەکات و بانگەشە بۆ کارەکانی دەکات کە لەیەکچوونێکی زۆر لە نێوان ناوەکانیاندا هەیە، ئەویش کۆمپانیای (Unique Finanz) و لە زیورخ لە سویسرایە و له پێگە فەڕمییەکانی بۆڕسەی ئەو وڵاتە تۆمارە و خاوەندارییەتی بۆ (رۆبەرت وایزەر) دەگەڕێتەوە و ئەو پیاوە چەندین جار سکاڵای ئەوەی کردوە کە کۆمپانیای (UniqueFinance) بەشێوەیەکی نایاسایی ناوی کۆمپانیاکەی ئەو بەکار دەهێنن و خەڵکی پێ لە خشتە دەبەن. ئێستا کۆمپانیای (UniqueFinance) ناوی کۆمپانیا سویسرییەکە بەکار دەهێنێت و بانگەشەی ئەوە دەکات کە له سویسرا و له بازاڕەکانی ئامریکادا تۆمارە و ئەم قسەیەیش درۆیەکی شاخدارە و دووره له ڕاستییەوە و هەر کەس بیەوێت دەتوانێت بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات و ئەو کات بۆی دەردەکەوێت کە شتێک نییە لە سویسرا بەناوی (UniqueFinance) ەوە. هەر بۆ دڵنایی دەتوانن بگەڕێنەوە سەر پێگەی (Zefix) کە پێگەیەکی تایبەتە بەناوی ئەو کۆمپانیایانەی کە لەسویسرا بەفەڕمی تۆمارکراون و بزانن ناوی کۆمپانیای (UniqueFinance) ی تێدایە یان نا. جگە لەویش پێگەی (FINMA) ی فەرمیمان هەیە کە تایبەتە بە چاودێری بازاڕی دارایی لە سویسڕا دەربارەی (UniqueFinance) دەڵێت: کۆمپانیایەکی وەهمیە و لە پەڕاوی بازرگانی سویسرا ناوی تۆمار نییە و یەکێکە لەو کۆمپانیاینەی کە ناوی لە لیستی کۆمپانیا قەدەغەکراوەکاندایە. ئەمەیش بەستەری بابەتەکەیە:

https://www.finma.ch/en/finma-public/warning-list/unique-finance/
پێگەیەکی ترمان هەیە بەناوی (IOSCO) ئەویش دەربارەی کۆمپانیای (UniqueFinance) دەڵێت: ئەم کۆمپانیایە لە سویسرا ناوی لە لیستی ئەو کۆمپانیایانەدایە کە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕێگە پینەدراون لەبەر ئەوەی فێڵ و درۆ لەبواری وەبەرهێناندا دەکەن.
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دەزگاکانی کاغەزە داراییەکانیش کۆمپانیای (UniqueFinance) ی وەک یەکێک لە کۆمپانیا ساختە و قۆڵبڕەکانی لەسەر لیستی خۆی تۆمار کردوە.
هەموو ئەو کۆمپانیایانەیش کە ئەو دەڵێت من مامەڵەیان لەگەڵ دەکەم درۆیە و هەموویان لەگەڵ (Unique Finanz) مامەڵە دەکەن نەک (UniqueFinance) .

ب‌- کۆمپانیای (UniqueFinance) لە پێناو پاراستنی خۆی و پەیداکردنی متمانە لەلای بەشداربووانی بانگەشەی ئەوە دەکات کە گوایە لە مانگی (٥) ساڵی (۲۰۱۷) لە (٥١٪) پشکەکانی فرۆشتووە بە کۆمپانیایەکی ئەمریکی بەناوی:Portfolio Management) (Global
و دەشڵێن کە ئەم کۆمپانیایە ساڵی (١٩٧٢) لە ولایەتی (دیلاوێر) دامەزراوە، و چەندین کۆمپانیای تر لەگەڵی کاردەکەن و ناوبانگێکی باشی هەیە، هەموو ئەم قسانەیش دوورن لە ڕاستییەوە؛ چونکە

ئەگەر سەیری پەڕەی فەڕمی تایبەت بەو کۆمپانیایانە بکەین کە لەو ویلایەتە کار دەکەن بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو کۆمپانیایە لە بنەڕەتدا لە (١٣-٣-٢٠١٧) دا دامەزراوە، واتە تەنها پێش یەک مانگ لە کڕینی پشکەکانی کۆمپانیای (UniqueFinance)، ئەمەیش ئەوە دەردەخات کە ئەم کۆمپانیای Global)) ە لە بنەڕەتدا لە پێناو سپیکردنەوەی ڕووی کۆمپانیای Unique)) دروست کراوە و پێ دەچێت هەر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیای Unique)) خۆیەوە بۆ ئەو مەبەستە دروست کرابێت. و ئەمەیش کارێکی قورس نییە و هەکەس بیەوێت دەتوانێت تەنها بە بڕی (٢٠٠$) و لەچەند خولەکێکی کەمدا کۆمپانیایەک لەو ویلایەتە تۆمار بکات، کاتێکیش سەیری ناوی ئەو کۆمپانیایانە دەکەیت کە گوایە لەگەڵ (Global) کار دەکەن بۆت دەدردەکەوێت کە هەموو ئەو کۆمپانیایانە وەهمین و هیچیان لە واقیعدا بوونیان نییە.

ت‌- بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە کۆمپانیای Unique)) لە کۆمپانیای http://www.mcafee.com)) کە کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتییە تۆمار کراوە، ئەمەیش دیسانەوە جگە لە فێڵ و چاوبەست شتێکی تر نییە، چونکە کۆمپانیای (mcafee) کۆمپانیایەکە لەبواری وەبەرهێنانی بەرنامەی دژە ڤایرۆس کار دەکات و هیچی تر و هەر کۆمپانیای یان کەسێکیش بیەوێت دەتوانێت بەرهەمەکانی بەکار بهینێت و ناوی بخاتە ناو لیستی بەکاربەرانی بەرنامەکانییەوە و ئەمەیش هیچ لە پێگە و سەنگی Unique)) زیاد و کەم ناکات.

ث‌- کۆمپانیای Unique)) بەڵێنی پێدانی ڕێژەی (٨٠٪) ی قازانج بەبەشداربووەکانی دەدات و ئەمەیش جگە لە خەیاڵ شتێکی تر نییە و خودی قازانجەکانی بازاڕی نازداک کە ئەمان لەڕێی ئەوەوە کار دەکەن لە (٣-٨٪) تێپەڕ ناکات ئیتر چۆن ئەوان دەتوانن لە (٨٠٪) بدەنە بەشداربووەکانیان، ئەگەر پرسیاریشیان لێ بکرێت کە چۆن ئەو قازانجە خەیاڵییانە بەدەست دەهێنن و بەچ شێوەیەک، بۆ خۆ دزینەوە لە وەڵام و پەردەپۆشکردنی ڕاستییەکان دەڵین ئێمەیش نازانین چۆن؛ چونکە ئەوەی گرێبەستەکان ئەنجام دەدات سیستەمی (ATS) و ڕۆبۆتێکی ئالییە کە گوایە سێ تریلیۆن دۆلاریان پێ داوە. ئەم قسەیەش دوورە لە ڕاستییەوە چونکە هەموو ئەو ڕۆبۆتانەی لەو بوارەدا لە جیهاندا کاریان پێ دەکرێت وا داتا کراون کە قازانجیان لە (٤٠٪) تێپەڕ ناکات ئێستا چۆن ئەم ڕۆبۆتە قازانجەکەی دەگاتە (٨٠٪)؟!. بۆیە ئەو ڕێژەی قازانجە یان هەر بوونی نیە و درۆیە یانیش ئەگەر لە هەندێک حاڵەتی دەگمەن و بۆ هەندێک کەس هەبێت ئەوە بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکە و سەرچاوەکەی سوو و مارجن و پارەی بەشداربووەکانی ترە و هەموو ئەوانەیش ناشەرعی و حەرامن.

ج‌- هێشتنەوەی پارەی بەشداربوو بۆ ماوەی دوو ساڵ پێچەوانەی سیستەمی مۆڵەتە جیهانییەکانی قوبروصی و بەریتانییە کە دەڵێت: سەرمایەی بەشداربوو هێڵی سوورە و ناکرێت دەستکاری بکرێت یان دەست بەسەردا بگیرێت و هەرکات بەشداربوو بیەوێت دەتوانێت ڕایبکێشێتەوە یان مامەڵەی پێوە بکات، بۆیە ئەوەی کۆمپانیای (Unique) دەیکات لەم ڕوەیشەوە سەرپێچییە.
ح‌- هەتا ئێستا کۆمپانیای( Unique)) ئەژمارێکی بانکی دیار و باوەڕپێکراوی نییە و هەموو ئەو ئەژمارە بانکییانەی بەکاری دەهێنێت وەهمین و لە ژێر ناوی تر و لاوڵاتانێکی تردایە و هیچ پەیوەندیەکی بە کۆمپانیای( Unique) ەوە نییە و ئەگەریش لە هۆکارەکەی بپرسیت پێت دەڵێن: بۆ خۆ دزینەوەیە لە باج و لەبەر ئەو داهاتە زۆرەی هەیانە دەبێت باجێکی زۆر بدەن و ئەوانیش نایانەوێت ئەو کارە بکەن و ئەم قسەیەش دیسانەوە دوورە لە ڕاستییەوە و مەبەستی سەرەکی ئەوەیە کە هەر کات ون کرد و پارەی خەڵکیان خوارد کەس نەتوانێت بەدواداچوون بۆ ئەژمارە بانکییەکانیان بکات و پارەکانی وەربگرێتەوە.

لەبەر هەموو ئەم هۆکارانە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیای (UniqueFinance) شەرعی نییە و حەرامە:
بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە و هاوشێوەکانی دەکرێت سوود لەم بەستەرانە وەربگیرێت:

از طريق
عبدالله علی پور
منبع
https://sozimihrab.org/
نمایش بیشتر

عبدالله علی پور

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - نقده @ شغل : دعوتگر دینی و فعال اجتماعی - مدیر کانال تلگرامی @sozimihrab

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا