خبرها،نظرهاشخصیت ها

سۆزێک بۆ حاجی مامۆستا مەلا محەممەدئەمین ئازەریان

????د.سولەیمان ڕەسووڵی

بەداخەوە پەتای ڕەشی کڕۆنا لەو مانگەدا باڵی بە سەر شاری مەهاباد کێشاوە و هەر لە مانگی ڕابردوو دا ۳۳ کەس گیانی شیرینیان لەدەست دا. وەک وەی وایە هەموو مانگێ ئوتووبووسێک هاوشاری بە کەمتەرخەمی کەسە نزیکەکانیان ڕەوانەی دونیای هەرمان بکرێن.

وێڕای پەژارە و کەسەرێکی زۆرەوە لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەر، هەواڵی کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا حەمەدەمین لە گەڕەکی تەپپەی قازی بڵاو بۆوە و دڵی هەموو لایەکمانی هەژاند و تاسەباری کردین.

من وەک کەسێکی لەو گەڕەکە لەدایک بووم و هاتوچۆی مزگەوتی حاج سەیید محەممەدی حوسێنم کردووە، زۆر بیرەوەریم لە مامۆستا هەیە کە وەک نمونەیەکی شایانی مەلای سەربەخۆی کوردەواری خۆمان ژیانێکی پڕ هەوراز و نشێوی بەسەر برد و ئەمن کە بابم لە نزیکترین هەڤاڵان و هاوڕێیانی مامۆستا لە مزگەوت بوو، ئاگاداری بەشێک لە ژیان و چالاکی و چەرمەسەری و کوێرەوەری مامۆستا بووم. من لە هەڕەتی مێرمناڵی دا لە خزمەت مامۆستا فێری قوڕئانی پیرۆز بە پێی داب و نەریتی باپیرانم، مەلا برایمی تەرەغە، بووم. توانیم قوڕئانی پیرۆزی بە شێوازی حوجرەی فەقێی کوردەواری خۆمان لای خەتم کەم.  لە حینجەی عم جزء تا کتێبی ئەحمەدیم لە لا خوێند و دەستپێکی جامع المقدمات لە خزمەتی دا بووم و دوایە بە هۆی گوشاری دەرس خوێندن لە پۆلەکانی ناوەندی وازم لێ هێنا.

وەک یەکەم خاڵی ژیانی مامۆستا دەتوانم ئاماژە بە هەستی نەتەوایەتی مامۆستا بکەم کە موسڵمانێکی نیشتمان پەروەر بوو کە گشت کات پێی وا بوو «حب الوطن من الایمان». ئەو هەستە نەتەوایەتییە لە تەواوی وتار و ئامۆژگارێ دینێکانی خۆی دەنواند و لە زۆربەی کۆڕو کۆبوونەوە نەتەوایەتی و ڕێ و ڕەسمە هاوپەیوەند بە کەسایەتی میللێکان دا لە ڕیزی یەکەم دا دەبیندرا. هەڵبەت ئەوە تایبەتمەندی زۆربەی مامۆستا ئایینێکانی شار و وڵاتمانە.

حاجی مامۆستا لە شێستەکان هاتە مزگەوتی تەپپەی قازی کە مامۆستایەکی لاو و بەدیمەن بوو. لە چارەسەرکردنی گیرو گرفتەکانی ناوچە و مەهاباد و گەڕەکی تەپپەی قازی، ڕۆڵێکی چالاکی هەبوو و گشت کات لەگەڵ خەڵک و هاوڕا دەگەڵیان مایەوە و لە کێشەکان دا وەک کەیخودا ڕۆڵی چالاکی لە حەل و فەسڵی گرفتی خەڵک دەگێڕا. دیارە وەک مامۆستایەکی سەربەخۆی خەڵکیش هەزینە دا و بە سەربەرزی و ڕوو سوریش تێپەڕی کرد. لەبیرمە من پۆلی سەرەتایی بووم و کاتێک لە زیندان ئازاد کرا، یەکێک لە ئامۆژگارێکانی بۆ من ئەوە بوو کە بۆ گیانی گیانلەبەران ڕێز دانێم و ئازاریان نەدەم. دەیفەرموو«پاش قورعان خوێندنەوە، تاقە هەواڵ و هاوڕێی دەورانی زیندانم، سیسرەیەک بوو کە شەوانە دەیخوێند و بە دەنگەکەی سوکنایی دەخستە ناو دڵم! » دیارە بۆ مامۆستایەکی بنەماڵەکەی لە بارودۆخی ئەوسەردەمی دا بە تەنیا جێبێڵێ، زۆر دژوار بوو.

حاجی مامۆستا ئینسانێکی خوێن شیرین، پاک و خاوێن و موڕەتتەب، خۆش مەشرەف و دەم بە بزە و پێکەنین و خوێنگەرم بوو کە کاتێک دەچوویە لای دڵت بە ڕاوێژ لەگەڵی دەکراوە. حاجی مامۆستا گشت کات هاوڕێ دەگەڵ خەڵکی هەژار بوو و لای ئەو پیر و جەوان و منداڵ و نەدار و دەوڵەمەند جیاوازی نەبوو و ڕێزی لە هەموو کەس دەگرت.

هەندێک کەس بەداخەوە لە خاڵێکی ڕەش دەگەڕێن لە کەسێکی زل کەنەوە، بەڵام سەرەڕای وەی هیچ کات هیچ قسەیەک لە باری ماڵی، ئەخلاقی، نامووسی و …. نەهاتەوە سەر مامۆستا و هەموو خەڵکی شار و گەڕەک ئیماندار و نوێژخوێن و حەتتا ئەوانەی هاتوچۆی مزگەوتیشان نەدەکرد، دان بە داوین پاکی و خۆش ئەخلاقی و سڵامەتی نەفسی مامۆستا دادێنن. لە ڕاستی دا سەرەڕای بانگهێشتی خەڵک بۆ دینی پیرۆزی ئیسلام و ئامۆژگاری بە پێی سوننەنی پێغەمبەر ص، کەسابەتیەک نەبوو بیهەوێ کەس بە زۆری بباتە بەهەشت! حاجی مامۆستا هیچ کات حەولی نەدا بە ڕیا لە دەسەڵاتدار و دەوڵەمەند و خاوەن زێڕ و قودرەت نزیک بێتەوە وهەمیشە لە بەرەی خەڵک و ڕیزی نەتەوەی دا مایەوە. بۆیەش زۆر جێگای متمانە بوو و باوەڕ پێکراو بوو و زۆر کەس خێر و خێراتەکەی بۆ مامۆستا دێنا لە ناو خەڵکی هەژار دابەشی بکا.

حاجی مامۆستا مرۆڤێکی بە بەزەیی و دڵڕەحم بوو و ڕۆژانی جێژنە، تا ئەو دواییانە بۆ نوێژی جێژن هەر دەچوومە مزگەوتی مەلا محەممەدئەمین و هەمیشە لە خوتبە دا، لە دوعا و نزای پاش نوێژ دا حەتمەن ئاوڕێکی لە چارەنووسی گەلی خۆی دەدا و دوعا و نزایەکی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ بۆ باشتر بوونی حاڵ و ڕۆژمان تێدا دەگونجاند. پاش نوێژی جەژن ، نۆرەی لە باوەش گرتن و لەناخی دڵ گەردن ئازایی خواستن دەهات و لەو بەشە دا حەتمەن فرمێسکی دڵپاکی و نییەت چاکی لە چاوان دەهاتە خوار و ئەرخەیانم دڵ و دەروونی پاک و خاوێن دەکردەوە. مامۆستا بەو ڕێ و ڕەسمە دڵێشاوی و شەر و کێشەی جیرانەکانی کۆتایی پێدێنا.

حاجی مامۆستا زانایەکی میانەڕەو بوو کە لە توندڕەوی وتاقم و گرووهە توندەڕۆکان بەدوور بوو و هیچ کات ئیزنی نەدا مزگەوت ببێتە مەکۆی ئەو ڕوانگە ئیفڕاتی و بێ بنەمایانەی بەدوورن لە ئیسلامی ڕاستەقینە و وەک مامۆستایەکی کوردی موسڵمان و بەئیمان، میراتی ئایینی کولتووری تایبەت بە کوردستانی زۆر بە جوانی ڕادەگواستە بەرەی داهاتوو.وتەی بەنرخی حەزرەتی محەممەد ص، لە ژیانی دەبیندرا؛ واتا «خير الأمور أوسطها». هاوینان مزگەوت پڕ دەبوو لە جموجۆڵی مناڵانی گەڕەک ولە جیات سەرگەردانی و بەفیڕۆدانی کات، فێری قوڕئان خوێندنەوەی دەکردن. مانگی پیرۆزی ڕەمەزان جاری وابوو ڕێژەی مناڵان و مێرمناڵان زۆر زیاد دەبوو کە مجێور و نوێژخوێنە بەساڵاچوو وکەم حەوسەلەکان بەگژ منداڵان دادەهاتن، بە ڕوویەکی کراوەوە لە سەریان وەجواب دەهات و ئامۆژگاری دەکردن. شەوانی لەیلەتولقەدر مزگەوتی تەپپەی قازی لە چوار قوڕنەی سابڵاغێ ڕا میوانداری هاوشاریان بوو وپاش تەڕاویح نوێژی سەلاتوتتەسبیح و قوڕئان خوێندنەوە و دوعا وپاڕانەوە لە دەرگای خودا هەتا سەڵای بەیانێ بەردەوام بوو. زۆر جار خزم و کەس کە دەرگای مزگەوتەکانیان بۆ لەیلەتولقەدر دادەخرا، ڕوویان دەکردە مزگەوتی حاجی مامۆستا.

کۆچی دوایی حاجی مامۆستا بۆ گشت خەڵکی گەڕەک، بەتایبەت چین و توێژی فەقیر و هەژار خەسارێکی گەورەیە. گشت کات ئاگای لە دەست کورت و داماو بوو و بە تایبەت ڕۆژانی جەژن خێراتی بۆ کۆدەکردنەوە و پیاوێکی دەست و دڵ ئاوەڵە و بە خێر و خێرات بوو. بۆ مافی سەغیر وهەتیو زۆر پێداگربوو، زوڵم و زۆریان لێ نەکرێ.

لە باری ئابووریەوە حاجی مامۆستا مزگەوتێکی تەحویل گرت کە بۆ هەموو شتێک پێداویستی بە یارمەتی کۆکردنەوەی هەیئەت ئومەنا هەبوو، بۆ گۆڕینی ئەم شێوازە مامۆستا قۆڵی هیممەتی هەڵماڵی و بە هاوکاری خێرخواز و چاکەکاران هەم مزگەوتی نوێژەن کردەوە و هەمیش لە چەند نۆبەتان دا حوجرە و خانوو و … بە داهاتی مزگەوت ئیزافە کرد و سەربەخۆیی مزگەوت مسۆگەر بوو، هەڵبەت بۆ گەیشتن بەو قۆناغە زۆری کار و چالاکی کرد و لەخۆبردوویی نواند و زۆر جار دیتوومە عەبای دادەنا و قۆڵی هەڵدەماڵی و بە دڵسۆزیەوە کاری بۆ مزگەوت دەکرد.

حاجی مامۆستا ڕێزی لە مافی ژنان دەگرت و لە هەلی گونجاو دا بەشێکی تایبەت بە ژنانی گەڕەک لە تەبەقەی دوو ساز کرد. بەتایبەت لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و کاتی سەرەخۆشی خزمەتێکی گەورەی بە دانیشتووانی گەڕەک دەکرد. دەرگای مزگەوت بە ڕووی هەموو کەس کراوە بوو و جاری وابوو خاوەن سەرەخۆشی یا تەنانەت شایی کە جێگا و ڕێگای نەبوو بۆ نان خواردن و بەڕێکردنی میوانان ماڵی خودای بەڕووی کراوە بوو و حاجی مامۆستا نەیدەهێشت هیچ فەقیر و هەژار و لێقەوماوێک بە دەستی بەتاڵ و بی هیوا بگەڕێتەوە. بۆ کاری خێرخوازانە پێشقەدەم و شێلگیر بوو و بۆ بەدواداچوونی لێقەوماوان ماندوویی نەدەناسی و نەدەسرەوت.

لە شێستەکان کە خوشک و برا کوردە موسڵمانەکانی باشوور بە ڕێپێوانێکی گشتی لە زوڵم و زۆری ڕەژیمی بەعس هەڵاتن. مزگەوتی تەپپەی قازی و حاجی مامۆستا ۲۴ کاتژمێری ڕۆژ و شەو لە خزمەت بە میوانان ئامادە بوون و مامۆستا بۆ ڕێزگرتن لەو میوانانە ماندوویی نەدەناسی و تا ئەو جێگایەی مزگەوت دەیبرد، پڕ بوو لە میوانی قەڵادزێ و هەولێر و سلێمانی و…

پاش ئەوەی حاجی مامۆستا ئیزنی دەفتەری زەماوەند و تەڵاقی پێدرا، خزمەتێکی گەورەی کرد. هەر ئەوەندەی مارەکرانی دوو گەنج و لاو بە قەڵەمی مامۆستا کرابا، هەر دوو تایفەی لای بووک و زاوا بێجگە لە مامۆستا نەدەچوونە لای کەسی تر و هەبوو مارەکردنیان بەخاتری مامۆستا وەپاش دەدا. دیارە بۆ تەڵاق و جیابوونەوە، زۆر حەولی دەدا دوولایەن پێک بێنەوە و زۆر ژن و مێرد کە ژیانیان گەیشتبوو ئاستی هەڵوەشان، بە ئامۆژگاری و ڕێنمایی لەو دیو بەم دیو دەبوون و بڕیاریان دەگۆڕی.

هەڵبەت حاجی مامۆستا بۆ گشت خەڵکی شار و دێ خزمەتگوزاڕێکی ڕاستەقینە و بێ وێنە لە ڕێگای خودا دا بوو؛ زۆر جار لەو سەری شاری کە مامۆستای مزگەوتێک لە ماڵ نەدەبوو، بۆ یاسین و تەڵقین و کاروباری ئایینی دەهاتنە خزمەت مامۆستا و بە ڕۆژ وشەو، بەفر وباران مامۆستا قەت ڕوی گرژ نەکردو گشت کات بە ڕوویەکی خۆش و کراوە بە دەرد و مەرگی خەڵکەوە بوو و لە ڕێگای خودا دا خزمەتی دەکرد.

حاجی مامۆستا مرۆڤێکی تێگەیشتوو و ڕووناکبیر و ئەمەگناس و بەڕۆژ بوو. گشت کات ڕێزی تایبەتی هەبوو بۆ ئەو مامۆستایانەی لە خزمەتیانی خوێندبوو. بێجگە لە کتێبە دینی و ئایینێکانی کە دەیخوێندەوە ، کتێبی کوردی و نەتەوەیی دەخوێندنەوە. بۆخۆم وەک دوایین وێنەی مامۆستا کتێبی چێشتی مجێوری مامۆستا هەژارم بە دەستەوە دیت کە لە سەر سەکۆی پەنا حەوزی مزگەوت دەیخوێندەوە. خوالێخۆشبوو کتێبخانەیەکی دەوڵەمەندی هەبوو.

ڕەنگ بێ تاقمێک لە هاوشاریان بۆیان پرسیار بێ کە بۆ من وا مامۆستایەکی نەوعیم هێناوەتە بەرباس و سەبارەت بە مامۆستایانی ئایینی نووسەر وبلیمەتی گەورەی دیکە چیم نەوتووە؟! دەبێ من ئاماژە بکەم کە من نە شارەزای دینی و ئایینیم و نە پێوەر و زانستی وەم لە لایە بتوانم هەڵسەنگاندنی دوازدە عیلمی مامۆستایانی بلیمەت بکەم، لەو چەند دێڕەش دا بۆیە سەبارەت بەو لایەنەی حاجی مامۆستام نەنووسی.

 دیارە گشت زانایانی ئایینی جێگای ڕێزن و بە دیدەی حورمەتەوە دەیانبینم، بەڵام حاجی مامۆستا ئەوکەسایەتیە بەدین و ئیمان و دڵسۆز و بێ ئیدعا و خاکییە کە لە نزیکەوە دەمناسی کە چلۆن بێ هیچ چاوەڕوانییەک لە ڕێگای خودا دا شەو و ڕۆژ لە خزمەت خەڵک دابوو و دەرگای ماڵەکەی هەمیشە کراوە بوو و لە ڕاستی دا پێم حەیف بوو بەو هەمۆ کار و خزمەتەی لە ماوەی تەمەنی پڕ پیت و بەرەکەتی بە خەڵکی ئاسایی کردووە ، یادێکی لێ نەکرێ و خزمەتەکانی نەخسترێتە بەر چرا وئاماژە نەکرێن. کەوابوو من لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە باسەکەم کردۆتەوە کە زۆر ڕوون و حاشا هەڵنەگرە و تەواوی ئەوکەسانەی حاجی مامۆستا دەناسن، دەگەڵم هاوڕان کە هەبوونی بۆ خەڵک نیعمەتێکی گەورە بوو. لە بیرمە کوڕەکەی خۆم قوتابی خولی سەرەتایی بوو و بۆ نووسینی بابەتێکی ناو کتێبەکانی دەبوایە سەردانی کەسایەتییەکی ئایینی کردبا و سەبارەت بە مزگەوت و کاروچالاکی مزگەوتی نووسیبا. ئەو کارە تۆزێک وەدرەنگی کەوت و لای سەعات دەی شەو کوڕەکەم لەگەڵ بابم چوونە ماڵە مامۆستا. بە ڕوویەکی خۆشەوە و وەک هەلێک کە بتوانێ مناڵێک بۆ لای دین و ئایینی باب و کالی خۆی ڕاکێشێ ، بە حەوسەلە پتر لە سەعاتێک لەگەڵیان دانیشتبوو و وڵامی پرسیارەکانی دابۆوە. زۆر جار دەتدیت مەیت و جەنازە سەعات سێ وچواری شەو دەگەیشتنە مزگەوت و نە تەنیا بەجوانی خاوەن سەرەخۆشی وەردەگرت، بەڵکوو زۆر جار هەتا بانگی بەیانێ بێ چاوەڕوانی قوڕئانی لە سەر جەنازە دەخوێند و ئەگەر کەسی لەگەڵ نەبا، بۆ نوێژی سەر مردوو چەند کەسی نزیکی خۆی بۆ بانگ دەکرد.

هەڵبەت ئەو تایبەتمەندییانەی حاجی مامۆستا لە ئاستی قسە دا نەبوون و بە کردەوەش نیشانی دەدان. کاتێک دەڵێم بیرۆکەی نەتەوایەتی هەبوو لە وتار و هەڵوێست و قسەکانی ڕا بگرە، هەتا ناوی منداڵەکانی نیشتمانپەروەری پێوە دیار بوون؛ کەچی ئێستاش زۆر مامۆستامان هەیە کە ،وێڕای ڕێزم، حازر نین لە ناوی شەرعی واتا عاڕەبی بەدەر، لە سەر مناڵەکانیان دابنێن.

یا دیتوومە لە وتاری سەرەخۆشییەک، مامۆستا کلاسی زانستی فیزیک وشیمی لە ڕقابەت دەگەڵ کلاسی قوڕئان بەراورد کردووە، واتا وەک قەدیم زانستی تەک عیلمی شەیتان بەرانبەر داناوە؛ بەڵام حاجی مامۆستا کە گشت کات هاندەر بوو بۆ خوێندنی زانست، بەکردەوە نیشانی دەدا عیلم و زانستی بەلاوە گرینگە. بۆ وێنە دەتوانم ئاماژە بە بیرەوەریەکی خۆم بکەم. پاش ئەوەی بۆخۆم ماڵەکەم لەو گەڕەکە ڕۆیشت، حاجی مامۆستا چەند جاران بەسەری کردمەوە، و یەک لە وان کاتێک بوو خەڵاتی نێو دەوڵەتی HST2017م لە ناوەندی توێژینەوەی ناوەکی ئەورووپا CERN وەرگرت، پێڵاوی لە سەر چاوم دانا و هاتە ماڵەکەم و شایەد زۆر مامۆستا تەنیا بۆ سەردانی حاجێکی لە ماڵی خوا گەڕابێتەوە، ئاوا سەردانی بکا. ئەوەش نیشان دەدا حاجی مامۆستا نە تەنیا وەدوای عیلم زانست کەوتنی زۆر پێ گرینگ بوو، بەڵکوو ڕوانگەی ناوچەیی و گەڕەک و شاری مەهابادیشی نەبوو. زۆر کات مامۆستا لە خۆشی و ناخۆشی جەماوەری گوند و شارەکانی دەوروبەریش بەشدار دەبوو. ئەو شێوازە هەڵس وکەوتە بە کەم کەس دەکرێ. بۆیە وەک هەستی پێزانین و ئەمەگناسی لە ئینسانێکی کە خزمەتی بە خەڵکی ئاسایی کردووە، ئەو بابەتەم نووسی.

لێرەدا شتێک دیکەش پێم باش بوو لەسەری بدوێم ئەوەیە کە بەداخەوە تاقمێک لە خوێندەوارانی خۆمان کە ڕەنگە تا پلەی دکتوڕاش ڕۆیشتبن، پێیان وابێ دژایەتی لە گەڵ دین و ئایینی باب و باپیرانیان و پتر لە میلیاردێک خەڵکی موسڵمان نیشانەی ڕووناکبیری و تێگەیشتوویی یە، بەڵام وەکی بۆخۆم لە ناوەندی توێژینەوەی ناوەکی ئەورووپاش پرسیارم لە فیزیکزانانی هەرە پسپۆڕی جیهان کرد، بەڕاشکاوی حیسابی زانست و کڵێسەیان لێک نەدابوو و هیچ ئیهانەتێکیان بە باوەڕمەندان نەدەکرد و بە بێڕێزی باسیان نەدەکردن. بەڵکوو زانست و ئایینیان لە دوو حەوزە دەدیت کە لە دوو مژاری جیاواز دان. هەڵبەت بە پێچەوانەی ئەمەش کەسانێکمان هەن کە باوڕیان بە خوا و ڕۆژی پەسڵان هەیە، بەڵام زانستیان تەنیا لە چوارچێوەی تەئیید ی دین قبووڵە، و زۆر جار بۆ هەر پێشکەوتێکی زانستی ئایەتێکی قوڕئان دێننەوە، کە بە باوەڕی من هەر دوو ڕوانگە ڕەخنەیان لەسەرە. قورئانی پیرۆز بۆ ئامانجێکی دیکە هاتۆتە خوار و گرێدانی هەر ئایەتێک بە زانست کە شایەد سبحەینێ ئاڵ و گۆڕی تێدابەدی بێ، هەڵەیەکی بنەڕەتیە. زانست بە پێی بەڵگە و تاقیکاری دەگۆڕدرێ و زۆر کات تێئۆری زۆر بەبرەو بە تاقیکارییەک ڕەت کراوەتەوە. چلۆن ئەو بابەتە زانستییە بە ئایەتی قورئانی پیرۆز گرێ بدرێ؟!

من بە شانازییەوە ئەو ڕێ و شوێنە پاک و بێگەردەم قبووڵە کە باب و باپیرانمان پێیدا ڕۆیشتوون و وێڕای ڕێز بۆ گشت بیر و باوەڕێک، پاش دەراویشتنی هەندێک خورافە و بە نکۆڵی کردن لە هەرچی ئیفڕات و توندڕەوییە، خۆم بە کوردێکی موسڵمان دەزانم کە حاجی مامۆستاش لەو ڕێگایە دا زۆر شوێندانەر بووە. دیارە لە ڕوانگەی منەوە وا باشە مرۆڤ کەس بە کافر و بێدین لە قەڵەم نەدا و دەبێ بەو پەڕی مرۆڤایەتی و ئینساندۆستی بڕوانێتە گشت هاوڕەگەزێکی خۆی بە هەر دین و ئایین و نژاد و کولتوور و داب و نەریتێک.

هەڵبەت نابێ فریوی ناو و ڕواڵەتیش بخۆین، بەداخەوە ئێمە بەڕواڵەت_موسڵمانی وەک ئەردۆغانمان هەیە کە ئیدعای ڕێبەری جیهانی ئیسلام دەکا، بەڕواڵەت قسەکانی شتێکن و لە ڕاستی دا ئاگادارین چ هەڵس و کەوتێک لەگەڵ برایانی هاودینی خۆی و هاوزمانی ئێمە دەکا. بەداخەوە لە گشت سینف و توێژ و چینێک شایەد کەسانێکی وا هەل ویست هەبن و نابێ ئیسلام ببێتە پۆشش و ڕواڵەتێک کە لە ژێر ئەو ناوە دا ئەو کەسانە هەموو گەندەڵکاری و بێ ویژدانیەک دەکەن و دوایەش کڵاوی شەرعیشی بۆ بدرون!

هەر ئەو جۆرەی من نیگەرانی زمانی کوردیم کە دەیان ڕێنووس و ڕێزمانی بۆ داندراوە، لە هەمان کات دا ئەرخەیانم مەترسی لەناو چوونی لەسەر نەماوە؛ بەڵام بەو جۆرەی شاری مەهاباد کە بە درێژایی مێژووی چەندسەد ساڵەی و بەتایبەت پاش دامەزرانی مزگەوتی سوور لە لایان بوداغ سوڵتانەوە، مەکۆی زانایانی بلیمەتی ئایینی وەک مامۆستا مەلا جامی بووە و گشت کات حوجرەی فەقێیان لە مەهاباد ئاوەدان ماوەتەوە، بەڵام بەداخەوە لە چەند ساڵی ڕابردوو دا ئەو ڕەوتە تێک چووە و ئێستا فەقێی لاو کە لە خزمەت مامۆستایانی بەناوبانگی مەهاباد بخوێنن، زۆر دەگمەنن.

من وەک شارۆمەندێک پێم وایە ئەو مزگەوتانە هەر وا ئاوەدان دەبن و کار و باری ئایینی و نوێژ و ڕۆژوو و قوربانی و زەکات و… هەر دەمێنن، بۆیەش پێم گونجاوە کوڕ و کچ و نەوە و بەرەی داهاتوومان هەر بە شێوازی من و باب و باپیرانم ڕێ و ڕەسمی تایبەت لە بانگ بە گوێ دا خوێندنی حەوتوو وچلە ڕا بگرە هەتا مارەکردن و کفن و دفن بە ڕێوە بەرن.

 دەی خوشک و برای بەڕێزم کە شایەد بڵەی موافیقی گەشەی حوجرە نیم، لە داهاتوو دا کەسێک لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد، نوێژی لە سەر نەخوێندرێ؟! بە شێوازی ئیسلامی ئەسپاردەی خاک نەکرێ؟ تەڵقین نەدرێ؟! ئەگەر قەرار بێ ئەو کارانە کە چەندسەد ساڵە لە مەهاباد مامۆستایان کردوویانە، درێژەی هەبێ، سەد ساڵی دیکە کێ بیکا؟! لە شارێکی دیکە ڕا مامۆستامان بۆ بنێرن؟!

هیوادارم ئەو پرسیارانە لە خۆمان بکەین و بەتایبەت مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی مان و بەڕێز مامۆستا دکتور ئیمامی وەک ئیمام جومعەی دڵسۆز و بلیمەتی شارستانی مەهاباد ڕێگایەک بۆ پەروەردە کردنی مامۆستای دوازدە عیلمی ناوچەی خۆمان بۆ بەرەی داهاتوو بکەنەوە و خەمێک لە بارودۆخی ئێستای حوجرە خاڵێکانی ناو مزگەوتەکان بخۆن. بەڵکوو ڕێگا چارەیەکی باش بدۆزرێتەوە و مەهاباد بگەڕێتەوە دەورانی پڕشکۆی مەدرەسەی ئایینی ساڵانی پێشوو و حاجی مامۆستا جێگای بەتاڵ نەمێنێ و ڕێگای پڕڕێبوار بێ. انشااللە

ئەگەر هەڵە نەبم حاجی مامۆستا محەممەدئەمین ئازەریان خەڵکی شیلاناوێ بووە کە گەورەپیاوی وەک مامۆستا هێمنی لێ پەروەردە بووە، بە قەولی مامۆستا هێمن «نامرن ئەوانە، وا لە دڵی میللەتا دەژین» ، ڕاستە هەموومان گیای مردنین، بەڵام مامۆستا مەلا محەممەد ئەمین ئازەریان یەکێک لەو کەسایەتیانەیە کە یادی لە ناو دڵی خەڵک دا هەرمانە. حاجی مامۆستا زۆر کات دەیکوت: «جۆرێک بژین، کە دونیای فانیتان بەجێهێشت، بۆخۆتان لێو بە بزە و پێکەنین بڕۆن و خەڵک بۆتان چاو بەگریان بن!»؛ ئەو شێوازە ژیانە بەڕاستی لە کۆچی دوایی خۆی دا هاتە دی و گشت ئەو کەسانەی دەیانناسی و هەڵس و کەوتیان لەگەڵ هەبوو، تاسەبارن و بۆ کۆچی دوایی بەداخن و چاو بە گریان. دڵنیام ڕۆحی پاکی حاجی مامۆستا لە سوکنایی و ئارامیش دایە و وەک هەمیشە دەم بە بزە و پێکەنینە.

هیوادارم ئاواتە بەرزە دینی و ئایینی و نەتەوایەتێکانی حاجی مامۆستا بێنە دی . وەکوو لە کوردەواری دەڵێن زمانی خەڵک، قەڵەمی خودایە. هیوادارم هەر ئەو جۆرەی خەڵک بۆ حاجی مامۆستا دەپاڕێنەوە، ڕووحی بە بەهەشتی بەرین شاد بێ و حەشری لەگەڵ پیاوچاکان بێ. ان شااللە .

لە کۆتایی دا پڕبەدڵ سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەس و کار و مامۆستایانی ئایینی و دۆست و ئاشنا و خزم و هاڤاڵانی حاجی مامۆستا بە تایبەت هاوژینی ئازیز و کچانی بەڕێزی خانمەکان کەژاڵ، پەرەنگ، لەیلا، فاتم، پڕشەنگ، عبسمەت، فوزیە و کاک عوسمان دەکەم و هیوادارم خوا سێبووری دڵیان بدات و خۆم و بنەماڵەم، بەتایبەت بابی بەڕێزم کاک ڕەحیمی ڕەسووڵی هاوخەمیان دەزانم.

سولەیمان ڕەسووڵی، مامۆستای فیزیکی شاری مەهاباد. خەزەڵوەری ۱۳٩۹

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا