گفتگو

علامه ابن آدم دانشمند نامدار و گمنام کورد(2-1)

عەللامە ئیبنوئادەم، زانا و ڕۆشنبیر و بڵیمەتی تاقانەی کورد لە سەردەمی بداغ خانی موکری(2-1)

                                                                                               ئەحمەد ئەحمەدیان

کورته ی وتار

لەم وتارە دا تا ڕادەیەکی گونجاو، بە پێی بەڵگە و بابەتی نووسراو و سەرچاوەی باوەڕ پێکراو، بە کورتی باس لە گەورەیی و مەزنایەتی و حەق پەرەستی و ڕادەی زانایی و پسپۆڕی و هەر وەها نیشتمان پەروەری و نەتەوەخوازی و ڕۆشنبیری عەللامە ئیبنوئادەم دەکەین و بەڵگەی زەق و ئاشکرای وەبەر چاو دەخەین. هەروەها باس لە پێوەندی دۆستایەتی و خۆشەویستی نێوان ئیبنوئادەم و بداغ خانی موکری( کۆچی دوایی: 1201ی هەتاوی ) دەکەین کە لە سەردەمی حوکمات و دەسەڵاتداریی ئەودا ئیبنوئادەم هاتە سابڵاغ و له سابلاغ ژیانی تێپەڕ کرد و 35 ساڵ لە مەهاباد مایەوە و بە داخوازی بداغ خان و بە هۆی خۆشەویستی ئەو بوو کە ئیبنوئادەم کتێبی قورس و گرینگی « فه تاوای کوبرای ئیبنوحەجەر »ی لە عەڕەبی ڕا وەرگێڕایە سەر زمانی فارسی.

هەست و سۆزی نیشتمان پەروەری و نەتەوەخوازی لە ئاکار و بیر و ڕا و تەنانەت ئاسەواری نووسراوی ئیبنوئادەم ڕەنگدانەوەی تایبەتی هەبووە و لەو وتارە دا بە کورتی شڕۆڤە کراوە.

ئیبنوئادەم مەودایەکی زەمەنی زۆر دوور و درێژ لە سابڵاغ ژیاوە ( نزیک بە 35 ساڵ ) و هەرلەو شارە و لەو مەڵبەندە سەدان فەقێ و مەلا و زانای پێگەیاندووە وچەندین کتێبی نووسیوە و گەلێک چالاکی ڕۆشنبیریی بە ئەنجام گەیاندووە کە وابوو بە بێ­شک لە کەسایەتی­یەکانی سابڵاغ لە ئەژمار دێ هەر وەکوو لە زۆربەی هەرەزۆری ئەو کتێب و پەڕتووکانەی وا لە مەڕ ژیان و بەسەرهاتی کەسایەتی­یەکانی سابڵاغ و ناوچە نووسراوە هەر لە زانایان و عولەمای سابڵاغ ژمێردراوە.

ئیبنوئادەم لە زانستەکانی ڕیازیات و حیساب و هەندەسە و موسەلەسات و جەبر و موقابەلە و هەیئەت و نجووم و حەواناسی و فەلەکیات و ئوستورلاب و روبعی موجەییەب و روبعی موقەنتەر و مەنازیر و مەڕایا و عیلمی ئۆکەڕ لە سەردەمی خۆی­دا و لە کوردستانی ئەوکات دا بێ­وێنە و تاقانە بووە و تەنانەت لە سەردەمانی دواتریش لەم بوارەدا بێ هاوتا بووە و لینگەی نەبووە.

وشە سەرکەییەکان:

ئیبنوئادەم، بداغ خان، سابڵاغ، نیشتمان پەروەری، حەق­پەرەستی، حیکمەت و ڕیازیات و فەلەکیات

1- پێشەکی:

  لە دوای عەڕەبەکان و لە نێو وڵاتەکانی هەندەران، کوردستان یەکەمین مەڵبەندێک بوو کە باوەشی بۆ دینی پیرۆزی ئیسلام گرتەوە و لە دوای موسڵمان­ بوونیش وەکوو متورفەیەکی بێ­وێنە دەستی بەسەر ئەو دینە ڕاگرت و بۆ ڕاگیرکردن و بڵاوکردنەوەی شۆق و شەبەقی ئەو دینە عاسمانییەش هەزاران پسپۆڕ و زانا و بڵیمەتی خاوەن زمان و قەڵەم و دانەر و کتێب نووسی لە کوردەواریدا پەروەردە کرد کە نەک هەر مەڵبەندی کوردستان بەڵکوو تەواوی شار و دێ و قەد و لاپاڵی وڵاتەکانی دیکەی عەڕەب و غەیری عەڕەبیان وەژێر تیشک و نووری زانستی خۆیان خستووە.

 هەر لەو ڕۆژەوە کە جابان( جاوان )، گاوانێکی کورد، چمچمەکەی هەڵکێشا و فەرەنجێکەی لەبەر کرد و قەفی گۆچانەکەی بە قۆڵیدا کرد و لە کوردستان ڕا بەرەو مەدینە وەڕێکەوت و ئیمانی بە پیغەمبەری خودا « دروود و سڵاوی خودای لێ بێ » هێنا و لە ڕیزی سەحابەکان دا قەراری گرت، لەو ڕۆژەوە مەرج و پەیمانی خزمەت­گوزاری نەتەوەی کورد بە دینی ئیسلام دامەزرا، لە دوای ئیمان هێنانیش زنجیرەیەکی دوور و درێژی لە خزمەتکارانی کورد بە دینی ئیسلام بە نێوی موحەددیسین، موتەکەللیمین، فوقەها، مووەڕڕیخین، موفەسیرین و زانایانی عولومی بەلاغە و ڕێزمانی قورئان و تەنانەت عولومی تەعبیر وەسەر کار خست. وە بە درێژایی مێژوو زانا ئایینیەکانی کوردەواری نە هەر وڵاتەکەی خۆیان بەڵکوو تەواوی وڵاتەکانی دیکە و تەواوی قەد و لاپاڵی وڵاته دوور و نزیکەکانی جیهانی هەراو و بەربڵاوی ئیسلامیان بە تیشکی و نووری عیلم و زانستی خۆیان ڕوون کردۆتەوە.

ئیمام محەممەدی غەزالی دەفەرموێ: « خودای تەباڕەک و تەعالا دینی ئیسلامی لە سەر سێ دیرگە ڕۆناوە، کە ئەگەر ئەو سێ دیرگانە نەبانایە، لەوانە بوو دینی ئیسلام تێک تەپیبا: « شارەزووری»، «ئامەدی» و« دینەوەری ». کە هەر سێکیان لە زانایانی نەتەوەی کورد بوون( خەزێنە، ل: 240-243 ).

ئەو زنجیرە، زنجیرەیەکی نەپساوە و نەبڕاویە. لاپەڕەکانی مێژوو زانایی و ئازایەتی و مەردایەتی ئەو هەڵکەوتانەی تۆمار کردووە: « موحییەدینی خەلاتی » باوەڕ پێکراوی « خاجە نەسیری تووسی، « ئیبنوسەلاحی شارەزووری » گەورەترین زانا و عالەمی عیلمولحەدیس، « ئیبنو ئەسیر » و « ئیبنو خەلەکان » گەورەترین مێژوونووسانی ئیسلام، « ئیبنولحاج » و « ئیبنولحاجب »، « بێتووشی »، « مەلا ئەبوبەکری موسەنیف»، « مەلا یوسفی ئەسەم »، « ئەبو حەنیفەی دینەوەری»، « ئیبنوکەج »، « ئیبنو نەجا »، «ئیبنو ڕەسووڵ»، «موفتی زەهاوی»، «عەللامە مەلا عەبدوڵڵای پیرەباب»، «عەللامە مەلا عەلی قزڵجی»، «عەللامە مەلا عەبدوڵلا وەلزی»، «مەلا گچکەی هەولێری» و… لە زانایانی کوردی سەردەمیش: «عەللامە مەلا باقری بالک»، «عەللامە مەلا عەبدولکەریمی موددەڕیس»، «عەللامە مەلا محەممەد قزڵجی»، «عەللامە بەدیعوززەمانی نوورسی»، «بەدیعوززەمانی کوردستانی»، «مامۆستا مەردوخ»، «عەللامە ئەحمەدی تورجانی زادە»،«پروفسور محه ممه د سه عید ره مه زان بووتی»، «ماموستای خال»، «ماموستا مه لا حوسینی مه جدی»، «ماموستا مه لا که ریم شاریکه ندی»، «ماموستا مه لا هادی ئه فخه م زاده»،«پروفسور مسته فا ئیبراهیم زه لمی»،«عه للامه مه لا عه بدوللا ئه حمه دیان» و…

یەکێک لەو ئەستێرە هەرە درەوشاوانەی ناو ئاسمانی زانست و ڕۆشنبیری و نیشتمان پەروەری کوردستان عەللامە مەلا محەممەدی ئیبنوئادەمە کە ئەوەندەی لەم وتارە دا دەگونجێ باس لە ڕادەی زانایی و ئازایی و حەق پەرەستی و ڕۆشنبیری و هەڵکەوتەیی ئەم پسپۆڕ و بڵیمەتە نێو بە دەرەوەی کورد دەکەین.

2- ژیان و بەسەرهاتی ئیبنوئادەم بە کورتی

یەکێک لە زانا و بڵیمەت و هەڵکەوتە و پسپۆڕەکانی بواری فەلسەفە و حیکمەت و ئایین و ئەدەب و ڕۆشنبیری کوردەواری کە لە کەسایەتی­یەکانی هەرە ناوداری سابڵاغی سەردەمی بداغ خانی موکری ( ک. د:1201 ی هه تاوی ) لە ئەژمار دێ. عەللامە مەلا محەممەدی ئیبنوئادەم ( 1164- 1260 ق / 1130- 1223ش )ە. نێو و نێوبانگی ئیبنو ئادەم نە تەنیا لە سنووری سابڵاغ و ناوچه پەڕیوەتەوە، بەڵکوو ئەوپەڕی سنوورەکانی کوردستانی گەرمێن و تەنانەت باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانیشی تێپەڕاندووە.

ئەم زانا و بڵیمەتە نێو بەدەرەوەیە ناوی «محەممەد» کوڕی «ئادەم» کوڕی «عەبدوڵلا» بووە و لە دێیەک بە ناوی «ڕۆست» لە ناوچەی باڵەکایەتی ڕەواندز، لە دەور و بەری ساڵی 1164ی کۆچی مانگی بەرامبەر و هاوڕێکەوت لەگەڵ 1130ی هەتاوی واتە 164 ساڵ پێش ئێستا هاتۆتە دنیا( عبدالکریم مدرس: 507؛ شیخ محمد خال: 129 ).لە لای بابی خۆشەویستی کە زانایەکی خاوەن بەهرە و خاوەن بەرهەم بووە بەشێک لە زانستەکانی مەعقوول و مەنقوول، ناسراو بە دوازدە زانستی ئایینی خوێند. دواتر بەشێکی دی لەم زانستانە لە لای «عەللامە  مەلا محەممەد بایەزیدی» دەخوێنێ و خوێندنی ئەم زانستانە تەواو دەکا و دەبێ بە زانایەکی یەگجار گەورە و خاوەن بەهرە و نێوبەدەرەوە تا ئەو جێیەی کە گەورەترین زاناکانی ئەو سەردەمی عێراق و تەنانەت دنیای ئیسلام کە بریتی بوون لە : عەللامە مەلا ئەسعەد حەیدەری، عەللامە مەلا یەحیا مزوری و عەللامە مەلا عەبدوڕڕەحمانی روزبەهانی و…شاهیدی دەدەن لەسەر بێ هاوتایی و تاقانە بوونی ئیبنوئادەم لە سەرجەم زانستەکانی مەعقوول و مەنقوول و حیکمەت و ڕیازیات و فەلەکیات و عولومی بەلاغە و زانستەکانی تر، وە هەموویان وەباڵی ئەوەی بۆ دەکێشن کە لە هیچکام لەم زانستانە  لە سەردەمی خۆی دا لینگەی نەبووە( شێخ محەممەدی خاڵ: 130 ).

ئیبنوئادەم بە هۆی تینویەتی لە ڕادەبەدەری بۆ فێربوون و کۆکردنەوەی زانیاری پتر دێتە سابڵاغ و فێری زمان و وێژەی فارسی و زۆر بابەتی تر دەبێ؛ ئەو سەفەرەی بۆ سابڵاغ لە کاتێک دابوو کە ئیبنوئادەم نووسەر و پسپۆڕ و دەرسوێژ و زانایەکی لێهاتوو و نێوبەدەرەوە بوو.سەرجەم پتر لە 35 ساڵ لە سابڵاغ مایەوە و هەر لەبەر ئەو ماوە دوور و درێژە کە وا لە سابڵاغ ژیاوە لە کەسایەتی­­یەکان و زاناکان و عالمانی سابڵاغ لە ئەژمار دێ و لە زۆربەی هەرە زۆری ئەو کتێبانەی لە بابەت مێژووی ناودارانی کورد نووسراوە وەک کەسایەتی­یەکی سابڵاغ ناوی هاتووە و ناسێندراوە.

ئیبنوئادەم لە سابڵاغ زۆر فەقێ و مەلا و زانای گەورەی پێ گەیاندن و زۆری کتێب نووسی و وەریگێڕا و زۆر چالاکی ڕۆشنبیری و پڕۆژە و پڕۆگرامی سەقافی و کەلتووری بە ئەنجام گەیاند و زۆر لەسەر حەق و مافی مرۆڤەکان پێداگری کرد و زۆر ئاکاری چەوت و خورافی لە قاو دا و بەرگری لە ڕاستەقینەکان کرد و قوتابخانەیەکی فیکری و ڕۆشنبیری سەرکەوتوو و پێشکەوتووی لەو ناوچە بنیاد نا و ئەرکی دینداری و حەقخوازی و نیشتمان پەروەری خۆی و هەروەها تێگەیاندن و پێگەیاندنی بەرەیەکی پێشکەوتنخواز و ڕووناکبیر و پێشڕەو، بەم جۆرەی کە شیاوی نەتەوەیەکی زیندوو و خاوەن ژیار و بەهرەمەندە، بە ئەنجام گەیاند.  

ئیبنوئادەم دوای ئەو ماوەی لە سابڵاغ بووە( نزیک بە 35 ساڵ ) گەڕایەوە بۆ ڕەواندز. ئەو کاتە میر محەممەد پاشا، دەسەڵاتداری سۆران بوو. زۆری ڕێز لێ گرت و دەرسخانە و مزگەوتێکی لە «قەڵاتیلوکان» بۆ دروست کرد. لە دەرەوەی شوورەی کۆنی ڕەواندز بە ناوی «مەدرەسەی محەممەد پاشا» لەوێ سەرقاڵی تەدریس بوو. زۆربەی زانا هەڵکەوتەکان لەو سەردەمەدا لە لای ئیبنوئادەم دەرسیان خوێند. «مەولانا خالیدی نەقشبەندی» و زانای هەڵکەوتە «مەلا محەممەدی خەتێ» و هەروەها هەڵکەوتەی زۆرزان «مەلا عەلی وەسانی» – الوسانی – و «حاجی قادر کۆیی» و «مەلاعەبدوڵڵای جەلی زادە» لەو کەسایەتی­یانە بوون کە لە خزمەت ئیبنوئادەم دەیانخوێند( ئەحمەدیان، محەممەد: مەهاباد، ژ124: ل 7؛ شیخ محمد خال ص:129؛ مدرس، عبدالکریم، ص:507 ).

سەردەمی ئیبنوئادەم سەردەمی زانا هەڵکەوتەکانی ڕۆژگار بوو وەک شێخ مارف نۆدێهی، مەلا عەبدوڵڵا خەرپاتی، مەلا عەبدوڵلا بێتووشی، مەلا عەبدوڵڵا جەلی زادە، ئەوانە هەریەک بەحرێک بوون لە زانایی.

دوای نێوان ناخۆشی و لێک هەڵبەزینەوە لەگەڵ میر محەممەد( میری سۆران )ئیبنوئادەم ڕەواندزی بەجێ هێشت و چووە دێی «دێڵزە» تا کۆتایی ژیانی هەر لەوێ مایەوە. بۆچی و لەبەرچی ئیبنوئادەم لە ڕەواندز نەما، لەسەر ئەوە قسە و باس زۆرە، هێندێک لە نەوەکانی دەڵێن ئیبنوئادەم پیر ببوو تاقەتی نەمابوو، گەڕایەوە بۆ باڵەکان و لە گوندی «دێڵزە» دامەزرا  و دانیشت( مزوری، ممدوح، ل: 62 ).

بەڵام هێندێک لە مێژوونووسان دەڵێن هۆی ڕۆیشتنی ئیبنوئادەم ناکۆکی نێوان ئیبنوئادەم و میری ڕەاندز بوو. لە ڕەواندز باری کرد. چووە گوندەکەی خۆی «ڕۆست» پاشان چووە «دێڵزە». ئەوە دەبێ ڕاست تر بێ چونکە ئیبنوئادەم لە کتێبەکەی خۆی دا «سلسلةالذهب» باسی ناکۆکی خۆی و میری ڕەواندزی کردووە کە ئەو فەرمانی پێداوە بچێ لە گوندی ڕۆست دانیشێ( گۆڤاری کۆڕی زانیاری، بەرگی5 ، ل:467 ).

سەرچاوەیەکی تر دەڵێ : « ئیبنوئادەم لە کاتی دەسەڵاتی میرمحەممەدی ڕەواندز موفتیی میرنشینەکە بوو. هەر وەک ئاشکرایە مامۆستای میر محەممەد بوو. لەبەر ئەوەی هەندێ بڕیاری میرمحەممەد و قەتڵ و عامی  بێ­بەزییانەی مام و ئامۆزا و خزمان و خەڵکی تر لە ژن و منداڵی کورد کە لەگەڵ شەرع دا نەدەگونجا، ئیبنوئادەم لە فتوا بۆ دانیان خۆی دەپاراست، ناکۆکی لەگەڵ میرمحەممەد دا بۆ دروست بوو( حەسەن مەحموود کەریم، ل: 14 ).

ئیبنوئادەم کەسایەتی­یەکی حەق ویست و ڕەخنەگر و قسەڕەق بووە، دۆستی هەژاران  و دژی زۆرداران بووە، بە گوێرەی گێڕانەوەی دەماودەم کە میراتی فۆلکلۆرە وەک ئەو بەیتەی :

«ست عشر» ژنیەتی بە مەزهەبی «حماری» – ئیبنوئادەم نەماوە سەری پان کا وەک ماری

وا ڕادەگەیەنێ کە وا هەر ساتێک بیستبیتی «بێ شەرعی» و ناحەقی دەکرێ لە جێگەیەکی ئەو دەستی بیگاتێ، بۆخۆی بەرهەڵستی ئەو بێ­شەرعی و ناحەقییەی کردووە و سەزای تاوانبارەکەی داوە( مەسعوود محەممەد، بەرگی دووهەم، ل: 62 ).

ئەوەی پێی بگوترێ باوەڕی خاوێن، ڕەوشتی پاک، کردەوی چاک و بەرهەڵست کردنی بێ­دینی و ستەم، هەمووی ڕەچاو دەکردن. ئیبنوئادەم بە ڕەوشت و کردەوەی خۆی زەویی هەموار کردووە بۆ لێڕوانی تۆوی ڕاستی و چاکە لە سەردەمی خۆی و دواڕۆژ دا.

مامۆستا مەلا کەریم مودەڕڕیس و مامۆستای خاڵ نووسیویانە، مەلا محەممەد ئیبنوئادەم دوازدە کوڕی بووە کە زۆربەیان زانا و سەردەرچوو و تەنانەت خاوەن بەرهەم بوون( شیخ محمد خال، ص:129؛ عبدالکریم مدرس، ص: 507 ) و لە دەور و بەری ڕەواندز نیشتەجێ بوون. مامۆستا مەسعوود محەممەد نووسیویە: « ساڵی 1973 لە گەڵاڵە چوومە دیدەنی جەنابی مەلا وەیسی کە لە نەوەی ئیبنوئادەمە، پێش تریش بە نامە و ڕاسپاردە لە یەکتر خەبەردار بووین، لەو سەردانە دا تەواوێک لە بارەی ئیبنوئادەم دواین( مەسعوود محەممەد، بەرگی دووەم، ل: 78 ). مەلا سەعید کوڕی مەلا وەیسی تا ساڵی 1995 لە حەیات دا بوو، زۆربەی دەست نووس و بەرهەمەکانی ئیبنوئادەم لە لای ئەو بوو( حەسەن، مەحموود کەریم، ل: 16 ).

ئەو جۆرەی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی دا گوێدێر بووم، لەسەر کەسایەتی ئیبنوئادەم چەند بڕوانامەی ماجێستێڕ و دوکتۆڕا نووسراوە.

 ئیبنوئادەم لەسەر ئەو هەموو زانا­یی­یەی، کەسایەتی­یەکی هەستیار بووە، پلەی شاعیریشی بووە و ناسناوی «واجم» واتە «بێدەنگ» ی بووە( شیخ محمد خال، ص:129 ).

3- عەللامە ئیبنوئادەم و بداغ خان

بداغ خان کوڕی شێخ عەلی خان کوڕی مووسا سوڵتان کوڕی بداغ سوڵتان لە ساڵی 1212 هەتا 1238ی کۆچی مانگی واتە لە ساڵی 1177 هەتا 1201ی کۆچی هەتاوی بۆ ماوەی 25 ساڵ دەسەڵاتدار و حاکمی سابڵاغ و ناوچە بووە. لە سەردەمی ئەو دا کێشە و شەڕی نێوان «موکری و دێبۆکری و بڵباسەکان» لە پەرەسەندن دابوو. بداغ خان ئیمام قوڵی خان، نوێنەری کەریم خانی زەند لە موکریانی کوشت. لە سەردەمی دەسەڵاتداری بداغ خان دابوو کە باپیرئاغا لەگەڵ سوارەکانی لە مەراغە کوژرا(1225ی کۆچی / 1189ی کۆچی هەتاوی ).

محەممەد قوڵی خانی بیگلەربەیگی کە حاکمی ورمێ بوو، بداغ خانی بۆ ورمێ بانگهێشت کرد و بداغ خانی زیندانی کرد و چاوەکانی کوێر کردن و ساڵی 1238ی مانگی بەرامبەر دەگەڵ 1201ی هەتاوی کۆچی دوایی کرد. هەر وەک کە کوترا لە سەردەمی دەسەڵاتداری ئەو حاکمە دابوو کە ئیبنوئادەم هاتە سابڵاغ و فەتاوای کوبڕای ئیبنوحەجەری لە سابڵاغ لە ساڵی 1227ی مانگی / 1191ی هەتاوی بە فەرمانی بداغ خان وەرگێڕا سەرزمانی فارسی( مهاباد دیروز و امروز،1351 ).

دەقی وەرگێڕدراوی فارسی ئەو کتێبە واتە دەست نووسەکەی ئیبنوئادەم ئێستا لە کتێبخانەی بنەماڵەی قازی شنۆ «قازی محەممەد خزری» پارێزراوە. چەند دێڕێک لە دەست  نووسی ئەو کتێبە بە خەتی ئیبنوئادەم کە ئاماژە بە ناوی «بداغ خان» دەکا لێرەدا دەنووسینەوە و دەیخوێنینەوە:

«…بسم اللە الرحمان الرحیم – فاتحەی مقال و خاتمه­ی کلام در همه حال صنایع مدایح بی قیاس و بدایع لوایح شکر و سپاس آن صانع مصنوعات و مبدع موجودات است که ترصیع کرامت خواص اشخاص انسانی به جوهر فصاحت و بلاغت در بیان اکرام فرمود. بدایع صلوات و روائع تحیات نثار آن مطلع انوار سخنوری و مقطع اسرار پیغمبری، ذاتی که تنسیق صفات و کمالاتش از مکان کتابت و مکان عبارت بیرون است سیاقت اعداد و حالاتش از وسع اصحاب کنایه و طاقت ارباب استعاره افزون است، زهی شاه عجم، شاه ترک و ماه عرب که جن و انس و ملک را وجود اوست سبب…اما بعد، پس چنین گوید حقیر آرزومند و بنده­ی پناهنده­ی درگاه منان، محمد بن آدم مانده از کاروان…در اواسط شهر رمضان المبارک سال هزار و دویست و بیست و هفت هجرت کائنات علیه و علی آله صلوات و التحیات در اسعد ساعات شرف ملاقات با ابوالمعالی سیف الدنیا والدین بداغ خان مکری حماه الله من عسر الی یسری اتفاق افتاد، چون آن خاقان کبیر و امیرعدالت دستگیر، حسن اعتقاد داشته بود، به این داعی صمیمی و دولت خواه قدیمی فرمود که خاتمه­ی فتاوای کبری که از اعظم مصنفات امام انام شیخ احمد بن حجر تهامی است به زبان پارسی شکر در رشته ترجمه کشیده، حقیرتعلّل و تسویف روا ننمود… »( محەممەد ئەحمەدیان، ل: 7 ).

کەوابوو وەک مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە و وەبیرمان دێنێتەوە، ئیبنوئادەم وەک هەوەڵین وەرگێڕ لە سەرجەم مێژووی 350 ساڵەی سابڵاغ دەناسرێ و دەکرێ وەک پێشڕەو و مەشخەڵدار وبنیاتنەری بزاڤی وەرگێڕان لە سابڵاغ و موکریان پێناسە بکرێ بە هۆی ئەم ڕاستی­یە کە سەرەتاکان و دەسپێکی مێژووی وەرگێڕان لەم ناوچەیە بە وەرگێڕانەکەی ئیبنوئادەم دیاری دەکرێ( احمد احمدیان، 1392: 4 ).

لەوەی ڕا کە بداغ خان داوای لە ئیبنوئادەم کردووە ئەم کتێبە شەرعی­یە گرینگ و قورس و پڕبایەخ و پڕ واتایە وەرگێڕێ، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە بداغ خان حاکم و دەسەڵاتدارێکی زانست خواز و ئەدەب دۆست، بەمشوور و لە خودا ترس و تا ڕادەیەکیش شەرع زان و شەرع خۆشەویست بووە.

وێدەچێ بداغ خان لەم داواکاری و داخوازی­یەی خۆی دوو ئامانجی هەبووبێ:

یەکەم، ئەوەی کە قازانج و کەلک و بەهرەی ئەم کتێبە شەرعی­یە متورفەیە تەنیا له جەغزی عەڕەبی زانان و مامۆستایانی ئایینی دا نەمێنێتەوە، بەڵکوو میرزاکان و باقی خوێندەواران بتوانن کەلک و بەهرە و پیتی پێویستی لێ وەرگرن. وە بەڵام ئامانجی دووهەمی بداغ خان لەم ڕاسپاردەیە لەو داخوازی­یە دەکرێ ئامانجیکی درێژخایەن بێ و بداغ خان نواڕیبێتە ئاسۆیەکی دوور ئەویش بریتی­یە لە بەجێ هێشتنی میراتێکی کەلتووری و ئایینی و وێژەیی – تەنانەت میراتێکی سەمبولیک- لە لایەن ئەم عەللامەیە و ئەم حاکم و ئەمیرە بۆ وەچەکان و بەرەکان ی داهاتوو بە گشتی و بۆ نەوەکانی داهاتووی سابڵاغ و موکریان بە تایبەتی.

ئاماژە بە چەمکی «عدالت» لە پێشەکی ئەم وەرگێڕانە دا ئاماژەیەکی وشیارانە و بە ئانقەست و لە ڕووی ئامانجەکان، پێکهاتەکان و بنەماکانی فەلسەفەی ڕامیاری و حیکمەتی کردەیی( = حکمت عملی )یه، بە واتایەکی تر ئیبنوئادەم لە ڕووی بنەماکان و دیسیپلین و دەلالەتەکانی فەلسەفەی ڕامیاری و فەلسەفەی شارۆمەندی ئاماژە پێکراو لە ناو دەقەکانی کلاسیکی حیکمەتی کردەیی دا چەمکی «عدالت» بەکار دەهێنێ نەک لە ڕووی ڕێسا و یاساکانی ڕووتی شەرع خوازانەی باوی ئەو سەردەمە. گەیشتن بەو ئاکامەش لە ڕووی شاهیدی دانی مێژووی ژیانی ئیبنوئادەم و وەباڵ کێشانی زانایان و پسپۆڕان و هزروانان و لێکۆڵەرانێکی ئاوانگارد و پێشڕەوی وەک مامۆستا مەسعوود محەممەدە کە ئیبنوئادەممان وەک بیریار و هزروان، فەیلەسووف و حەکیم و ئەندیشەمەندێک پێ دەناسێنێ و بە ئەوپەڕی ڕێزەوە دەڕوانێتە قەد و قەڵافەتی بەرزی ئەم کەڵەپیاوەی مێژووی کورد و وەک پەیکەرەیەکی داڕێژراو لە ماکە و هەوێنی هزروانی و عەقڵانییەت و ڕۆشنبیری و چاکخوازی و مافپەروەری و حەقخوازی و نەتەوەپەروەری و کوردایەتی ڕەسەن و بێ فڕ و فێڵ، دەڕوانێتە بەژن و باڵای پیرۆزی؛ دەی چ بەڵگەیەک لەوەی ڕوونتر و ئاشکراتر. ئەوانەی مامۆستا مەسعوود محەممەد دەناسن بە باشی دەزانن کە ئەم بڵیمەت و پسپۆڕە تاقانەی کوردە یەکێکە لە کەسایەتی­یەکانی هەرە دەگمەنی ئەو سەردەمەی کورد کە بڕیارەکانی لە بابەت مێژووی ناودارانی کورد و تەنانەت زۆر بوار و بابەتی تر وەک وێژە و مێژوو و زمانەوانی، بۆ خاوەن ڕایان و لێکۆڵەران وەک «حجت شرعی» وایە. مامۆستا مەسعوود  محەممەد هەر ئەو کەسایەتی­یە گەورەی کوردە کە مامۆستایان هەژار و هێمن و قزڵجی و زەبیحی بە شانازییەوە خۆیان پێ قوتابێکی ئەم زانا تاقانەی کوردە.

سەرچاوەکان:

  • ئەحمەدیان، ئەحمەد،( چاپ نەکراو )، مێژووی ناودارانی مەهاباد.
  • ئەحمەدیان، ئەحمەد( 1391 )، «عەللامە مەلا محەممەد ئیبوئادەم»، مەهاباد ژمارە 124
  • ئەحمەدیان، عەبدوڵڵا( 1387 )، خەزێنە، کۆمەڵە وتار، نەشری ئیحسان، تاران.
  • بلال اسماعیل، زبیر( 2001 )، محمد الخطی و نهایە الامارات السورانیە، بغداد.
  • حەمە کەریم، حەسەن مەحموود( 2006 )، فەتواکەی مەلا خەتێ، چاپخانەی چوارچرا، سلێمانی.
  • خال، شیخ محمد( 1378 )، شیخ معروف نودهی برزنجی، ترجمە: احمد حواری نسب، احسان، تهران.
  • مدرس، عبدالکریم( 1369 )، دانشمندان کرد در خدمت علم و دین، ترجمە:احمد حواری نسب، اطلاعات، تهران.
  • مدرس، عبدالکریم( 1403 )، علمائنا فی خدمة العلم و الدین، دارالحریە، بغداد.
  • مزوری، ممدوح( 2001 )، بنەماڵانی بەناوبانگی ڕەواندز، ڕۆشنبیری سلێمانی.

10- مەسعوود، محەممەد ( 2010 )، حاجی قادری کۆیی، بەشی دووهەم، ئاراس هەولێر

11- مەسعوود، محەممەد (2001 )، نامەکانی مەسعوود محەممەد، ئاراس، هەولێر

12- مەلا کەریم، محەممەد( 1989 )، حاجی قادر کۆیی شاعیری قۆناغێکی نوێیە لە ژیانی نەتەوەی کورد، چاپخانەی نەجاح، بەغدا.   

بخش پایانی مقاله

نمایش بیشتر

احمد احمدیان

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - مهاباد @ شغل : دبیر آموزش و پرورش

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا