تاریخ

 شوانی ساکارو مووسا 

دەڵێن لەکوێستان،سەردەمێکی زوو
چڵکنە شوانێ ، لەکن مەڕی بوو

کوێستان بژوێن وخۆشی بێ وێنە
رێگەی دەپێوا مووسا لەو شوێنە

شوانەمەستی مەست دەپاڕایەوە
ناخی هەڵدەڕشت ، دەلاڵایەوە

هەرای لە مەڕان ، دەنا دەگریا
ژینی پڕببوو، لە خۆزگەو بریا

جارێک حەوق بوو هەرنەبوودەنگی
جارێک بە گابۆڕ دەشکا بێدەنگی

شینی دەگێڕاو دەیگوت بەهاوار
هاوارئەی هاوار ،خودام وەرەخوار!

لەکوێی خودای من نۆکەرتە شوانە ؟
خودای بەرەحم و ، رۆژی تەنگانە

کەپەنکت وێدەم تاسەرمات نەبێ؟
ڕەنگبێ نان هەبێ بەڵام چات نەبێ!

بۆجلکی دڕاوت مشوورێ دەخۆم
لە دوا تێوەشان پیسەکان دەشۆم

زۆر لە مێژ ساڵە ،من بە ئاواتم
ماچی کەم دەستت خۆڵی ژێڕ پاتم

رادەخەم جێگەت گەسکە لەدوایی
پێخۆر لەسەرمن سازدەکەم چایی

بزن ومەڕەکان پێشکەشی تۆبن
هەزاری وەک من شوانکاری تۆبن

ماستی مەڕان و،شیری بزنەکان
فرۆو دەڵەمەش،ئەگەرهاتووزان

لەپەستەک وقات چ ڕەنگت دەوێ؟
کەڵاش و گۆچان ، پەکت ناکەوێ

ساڵانێکی زۆر، دوورە پەرێزی
بەم شێوەیەبوو ، نزاکەو ڕێزی

وێڵی دەکردن ،مەڕو بزنی خۆی
جارێ بەکەیف و،جارێ کڵوکۆی

جارێ بە مەستی وشێوەگۆرانی
مەڕی سەردەبڕی بۆی بەقوربانی

دایمە خەریک بوولەهەموو شوێنێ
لەدڵ پڕی خۆی ، بەرخی دەدوێنێ

لەبەختی رەشی شوانی بێچارە
مووسا بە ئاگا ،لەو شێوە زارە

پێمناڵێی لەکوێی شوانی بەرمەڕی؟
تۆ دەڵێی سەگی بەخوا دەوەڕی

ناڵێی بۆچیتە شەڕابی دەستت؟
کێیەئەوخودای وەکوتۆ مەستت؟

من لەگەڵ خودای خۆمە هاوارم !
خۆشەویستی ئەو بردی قەرارم !

بزن وگورگ و مەڕ،مارومەلووموور
ژین وبژێویان ، خودا دەیکا جوور

لەگەڵ خودای خۆم بەمەستی دەدوێم
لەدونیای روون و، لەهەستی دەدوێم

نەکەی ئەوکارە ،کفرە کوڕی باش؟
خۆ وەها نابێ ،خوامەکە وێڵداش؟

پاڕانەوەی تۆ،پووشێک ناهێنێ
بەردی نەزانە ،کێ دەری بێنێ

تۆ بێ خەبەری لە خەڵقی گێتی!
بەمەستی مەدوێ هەردەڵێی شێتی!

باوەڕکە گەورەم،خەو وخۆراکم
شمشاڵ لێدانم حەیرانی چاکم

هەمووی بۆئەوە ،رازو نیازم
جارێ بەیتەکان جارێ ئاوازم

دایمە گۆزەکەم، پڕی شەڕابە
بەیادی دەخۆم ، دڵم کەبابە

من بانگی دەکەم بەقوربانی تۆم
بۆی دەکوژمەوە،مەڕو بزنی خۆم

شوانە بترسە ،لە پاشە ڕۆژت!
لەدونیای دیکەو لەعەقڵی بۆشت!

زوو بپاڕێوە ،لەهەڵەت خۆش بێ
لەبێ عەقڵی تۆ کە دیدەپۆش بێ

دەوامەی بدەی ڵاڵ دەبێ زمانت
قووتت نامێنێ و، ماڵی وێرانت

مەڕو ماڵاتت هەموو قڕ دەبن
خەندەوبزەی تۆ سابن بڕدەبن

ماقووڵە شوانێک لەگەڵ خوابدوێ؟
یا جێگە راخاو لەگەڵ ئەو بنوێ؟

بڕۆ بەوڵاوە،لەخوا بێ خەبەر
مەستی شەڕابی نزات بێ ئەسەر

وەی لەخۆم مووسا من پەشیمانم
زارم ،وشک بوو سووتاندت گیانم

ئەمن نەمزانی کوێربن دووچاوم
بۆوام لەخۆم کرد سووتا هەناوم

من دەڕۆم ئێستا، بەدڵی پڕژان
مل لەکێو دەنێم لەگەڵ مەڕەکان

دڵی کاکی شوان لەگفتی مووسا
پڕئاخ وئۆف و،لەخەم هەڵ قرچا

زنەی ئیمانی، هاتە وشکانی
کۆتایی پێ هات ئیشق وئیمانی

وەک کەوی زستان سەری لێ شێوا
بە شین و هاوار، قوڕی دەپێوا

پەیامێکی نارد خودای بانی سەر
چ کارێکت کرد مووسا بێ خەبەر؟

بێ هۆ رەنجاندت مرۆڤی دڵ پاک
جا ئاوا دەبێ مووسامەردی چاک؟

خۆشەویستی من، لەدڵی ئەودا
وەکوو ئاوێکی رشتت بەکەودا

واباشە دایمە ، هیوابچێنی
نەوەک هومێدی دڵان بمرێنی

بەگفتی ناخۆش خەڵک مەشکێنە
یاخود ئیمانیان، لەدڵ مەمرێنە

دڵی، ڕەنجاوی، ئاش نابێتەوە
ئاوبۆسەرچاوەی، قەت ناچێتەوە

زوو بڕۆ مووسا وەڕێ بە ڕاکە!
دڵی رەنجاوی شوانەی دەواکە

بەپەلە ڕۆیی،گەر،وەدووی کەوی
پەیامی خودا بداتە بەوی

گەڵێک لێی گەڕا هەورازوهەڵدێر
نەیدی بیداتێ پەیامێکی خێر

مووسا پەرێشان لە کردەو کاری
نەیمابوو لەدڵ ، ئاراو قەراری

ئەوەندە گەڕا لەدەشت ولەکێو
شەکەت و ماندوو،هەورازونشێو

قەزای رەببانی بەری بەیانی
لەدوا هەوڵی زۆر،دیتیەوەشوانی

گوتی کاکی شوان گوێگرە پەیامێ
نۆشت بێ هەڵدە یەکەم شت جامێ

کردەو،کارەکەت ڕێگەوڕێبازت
بوونە بەتووشەو، بەپردەبازت

وەرە وەپاڕێ ،ئەوا موژدەیدا
دڵت ڕاژێنە ، بە یادی خودا

گوتی گوێ بگرە ئەی پەیام هێنەر
تۆعەقڵی منت بردە دەر لەسەر

من ترسم نییە، زۆرچاک بزانە
نەلەشەیتان و،نەلە ئەفسانە

نەلەوەی کوفرەو نەلە ئیمانم
نە لە دواڕۆژو، نە لە گۆڕنانم

نەلە پەیمانەو نەلە شەڕابیش
نەشێوە نزاو ،نە شێوە دابیش

ڕێبازی،چەوتە،من لێی ترساوم
خوداهومێدەو،عەقڵی پێداوم

لەوەی تۆدەیڵێی خودا بەدوورە
لەکردەوەشت،گەلێک ڕەنجوورە

خودا نابێتە، دێویزمەبۆخۆف
یادڵەڕاوکێی ، ناو دڵی مرۆڤ

دڵم ناترسێ من لەخودای خۆم
یا رێ وشوێنێ ، ئەودایناوە بۆم

ترسم لە وەیە نەکا رۆژگارێ
لەمن عاجزبێ تاکە ڕێبوارێ

نەبیرم شەڕەو نەشەڕ ئەنگێزم
پەرێشان منم ، یا تۆی بەڕێزم؟

خودا هومێدی، زاناو نەزانە
لەبیرو فکری، نامۆ نەبانە

حەسەن رەوێش(پارێزەر)

نمایش بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا