سڵاوی خوای گەورەت لێ بێت
پرسیاری یەکەم ) ئەگەر چی خاتوو کوێستان یەزدان پەرەست بۆ هەموو لایەک ناسراوە ، بەڵام تکایە : ، زیاتر خۆتان بە هۆگران و خوێنەرانی سۆزی میحراب بناسێنن .
وڵام ) بە نێوی خودای سکاڵا و هاوار
من کوێستان یەزدان پەرەست ، لە دایک بووی ساڵی ۱۳۴۰ی کۆچی هەتاوی ، دانیشتووی شاری مەریوان .
کوێستان لە شارۆچکەی پێنجوێن لە دایک بووە و لە گەڵ شۆڕشی ئەیلوول ، کە خەڵکی ئێراق ئاوارە بوون و بەرەو ئێران هاتوون ، بنەماڵەی کوێستانیش بەرەو شاری میر و پاڵەوان و دوازدە سوارەی مەریوانی ئازیز هاتوون ..
بە فەرمایشی بڕێ لە گەورەکان : ، ئەو کاتە تەمەنم دە ڕۆژ بووە ،، وە بە فەرمایشی بڕێ دیکە لە گەورەکان : ، تەمەنم دوو ساڵ بووە ،، بەڵام باب و بابان و باپیرانم بانەیین ،، ئێستا تەمەنم پەنجاد و حەوت ساڵە .
فەرموون لە خزمەتتانم
پرسیاری دووهەم) ۲ – خاتوو کوێستان ، تکایە ، سەبارەت بە خوێندەواری خۆتان بۆمان بڵێن ،، چەن ساڵە ژیانی هاوبەشیتان پێک هێناوە و سەمەری ژیانی هاوبەشیتان چەن منداڵە ؟
وڵام )کوێستان تا یەکی دەبیرستان ، خوێندەواری هەیە و بە هۆی شەعارێکی هیچ و پووچ و بێ مانا و بێ نرخ ، کە بە دەرگای ئاودەستی مەدرەسەکەی نووسیابوو ، وە کەس نەیدەزانی کێ نووسیویەتی ، لە مەدرەسە ئیخراجیان کرد و لە خوێندن و خوێندەواری بێ بەشیان کرد ،، نەک تەنیا کوێستان ، بەڵکوو هەموو هاوەڵانیان ئیخراج کرد و کەلاسەکەیان پێچایەوە .
داستانی ژیانی کوێستان ، پێچ و پڵووچ و قەمچ قەمچاوییە و درێژخایەنە ،، هەر ئەوەنتان عەرز دەکەم : ، بە هۆی تۆمەت و ئیهانەت و زەرب و شەتم و ڕەشبینی و زەجر و ئەشکەنجەی توند و تیژ و هێقمی فیزییایی مێردسالاری و چەن بەرەکەیی ، واتە : ، هەر منداڵێ لە داکێ ، دوای پێنج ساڵ ژیانی هاوبەشی ، بە فەخرێکی قەڵاینی قەڵایینەوە ، لە مێردەکەم دابڕام و جوێ بوومەوە ،، سەمەری ژیانم ، تەنیا کیژێکە و لە تەمەنی چار ساڵانیۆ لە باوەشیان هەڵگرتم و تا بە ئێستا ، کە تەمەنی ۲۵ ساڵانە، نەمدیتووە ، واتە : ، (( هەر چەن بەڵگەی حوکمی دادگا و یاسا وا بە دەسمەوە ، کە گۆیا : ، هەققی بینینی ڕۆڵەکەم هەیە ، بەڵان هێز و حوکمی پیاوسالاری و نێرسالاری دەرگی ڕەحمی لێ بەستووم و نەیهێشتوە تاکانە ڕۆڵەکەم ببینم )) ،،،
ئەدی کوێستان زەواجی نەکردۆتەوە و لە خودا بە زیاد بێ ، بە کار و باری شیعر و شاعیریەوە سەری قاڵە .
فەرموو لە خزمەتتانم
پرسیاری سێهەم) مامۆستای هێژا : ، بەڕێزتان وەکوو خاتوون و ئافرەتێکی کورد و موسوڵمان ، وەزعی ژنانی کوردەواری چۆن دەبینن ؟ ،، پێتان وایە هۆی ئەوەی کە بەشێک لە ژنانی کورد ، وە شوێنی خوێندن و خوێندنەوە ناکەون چییە ؟ ،، بە واتایەکی تر ، بۆچی ژنانی ئێمە ، زیادە لە حەد ، بە زه رق و به رقی ژیانەوە چەسپاون ؟
وڵام )ئەم پرسیارە کاتی زۆری دەوێ بۆ شیکردنەوە ،، بەڵان بە پێی پێرگنی پێرگین کەرانم و سکاڵای جوان و نۆجوان و پیر و کیژان و لاوان ، کە ڕز ڕز دەبنە میوانم و هەر یەک بە دەس خەم و کەسەرێکۆ دەناڵێنێ ، عەرزتان دەکەم : ، زۆربەی ژنان و کچانی ئێمە ، بە هۆی فەقر و نەداری و بڕێکی دیشیان بە هۆی تەعەسسوبی کۆمەڵایەتی و بڕێ دیشیان بە هۆی قسەڵۆک و مەتەڵۆک و زەجر و ئەشکەنجەی فیزییایی باب سالاری و برا سالاری و مێرد سالاری و بڕێکی دیش بە هۆی ژوڵسەیی و ئەفسوردەگی و شکستەباڵی و کەمەندامی و ناشیرینی ڕوخسار و بەژن و باڵای و بڕێکی دیش و بڕێکی دیش و بڕێکی دیش بە شێوەهایێ جۆرا و جۆر ، بەرەو خوێندن و خوێندەواری ناچن ، یان کە دەشچن چونکە ڕەوانیان ئاسوودە نییە و مشەوویق و هاندەرێکیان نییە و لە خورپە خورپ و دڵە لەرزە ژیانیان وە سەر دەبەن ، دڵسارن و پشتکاریان نییە و لە نیوەی ڕێ دەستی لێبەر دەدەن و بە کارهایێ ناشایست و بە دوور لە حوجب و حەیا و عیففەت بە جێگەهایەک و ڕێگەهایەکی باریک و پوخڵ و گەنار و قیزەون خۆیان دەکشێنن .
من پێم وابێ : ، ئەو ژنانەی کە بە زرق و برقی دنیاوە چەسپاون ، ئیمانیان پتر زەعیفە و ئەوەن نرخ و بەها بۆ ژیانی ئەبەدییەت ، یانێ ژیانی دوای مەرگ و نەمان دانانێن و وان لە بەر هژوومی دنە دنی شەیتانە لەعنەت لێ کراوەکان و بە بەزم و ڕەزم و بالۆرەیان خۆیان وە ڕەخسین هانیوە !
من لێرەوە عەرزیان دەکەم : ، ئەگەر لە قورئانی پیرۆز وە دووی مژدە هەنگەمینیەکانی خوای گیان بگەڕێن ، بەو خودایە ، قیزیان لە زرق و برق و پۆخڵەوات و ئات و ئەشغاڵ و شڕە و بڕەی ئەم دنێ ئەزموون و تەمەن کورتە دەشێوایەوە و تەمەنی یەک و دوو ڕۆژەیان ، تەنیا و تەنیا و تەنیا ، لە ڕێی ئەمرەکانی خوای گیان و دەسگیرۆیی و خەمەوەری هەژاران و بێ دەستەوسانان و خەمناکان و سفەت و وەفا و وەفاداری و ئاشتەوایی و … ،، دەبڕانەوە و ئاسەوارێکی نەخشینیان لە دنێی تێست بە جێ دەهێڵا و شڤەڕێیەکی عەترینیان دەشکان و مێشەسیان و زازاکانیان وە سەر دەنا و ڕۆحیان لە ڕەحمەتها و ڕەحمەتها و ڕەحمەتها تێر دەکرد و لە فیردەوسە بەرین و عەنبەرینەکەی خوای گیان ، دەستی ئەرخەیانیان لە ژێر سەر دەنا و تا هەتایی و ئەبەدییەت دەحەوانەوە ،، حەواندنەوەیێ کە مەرگی لە دوو نییە .
فەرموو لە خزمەتتانم
پرسیاری چارەم) ئێوە وەک شاعیرەیەکی مەزنی کوردەواری و هەر وەها وەک ئافرەتێکی خاوەن ئەزموون ، چۆن ده ڕواننە ڕۆڵی ژن لە بنەماڵەکاندا ؟ ،، ئایا وەکوو دایکێک ، بۆ پەوەردە کردنی مناڵەکان هەنگاو هەڵدێنیتەوە ؟ ،،
تاوانی دایکان لە نالەباری وەزعی کۆمەڵگاکه مان چۆن تاو و توێ دەکەن ؟
وڵام )دیسان ئەم پەیڤ و باسە کاتی زۆر هەڵدەگرێ و ژنەکان و پیاوەکان گرووپ گرووپن ،، یانێ : ، بڕێ لەو پەڕی ڕێز و ئیحترام و خۆشەویستی ، بێ ڕێزی و بێ ئیحترامی دەکەن و هۆی گفت و لفت و کردەوەی ناشیرینیان ، ئینسان وازی وایە : ، توخنیان نەکەوێت و لە بەریان ڕاکات و خوو و خدەیان نەگرێت ،،، بڕێ دیشیان لەو پەڕی بێ ڕێزی و بێ ئیحترامی و سەختی ژیان و قسە و قسەڵۆکی فڵان و فیسار ، دانی لە سەر جەرگی ناوە و ، چرچ لە ئەنی ناخات و ، ئەوەن کردەوە شرین و لەبارە ، ئینسان وازی وایە : ، بەرەو پیریان ڕاکات و لە کردەوەی شیرین و بە تام و خوێیان وانەیێ وەرگرێت ،، کەوا بوو ئەم هەویرە ئاو زۆر دەکێشێت ! ،،
هەر ئەوەن عەرزتان دەکەم : ، ئەگەر هەر دوو گرووپ ، یانێ : ، ژنان و پیاوان ، بیر کەنەوە کە لە چیەوە هاتوون و دەبنەوە بە چی ، بەو خودایە لە تاوان و فڕ و فێڵ و گەڕ و گەڕبازی و خەیانەت و جەنایەت دوورن و قەت قەت قەت قەت سەبارەت بە یەکتر و بە هیچکەسێکی دی خەراپ نابن .
ئەرکی سەر شانی هەموو داکێکە ، کە بۆ منداڵەکەی هەنگاو هەڵێنێت و ، سەختی و زەختەکانی ژیان تێپەڕێنێ لە بەر منداڵەکەی ،،، ئەگەر مریشکێ کە جووجەڵەکانی هەڵانیوە و نێزیک جووجەڵەکانی بیتەوە ، لە دووت ڕا دەکات و ، لەوانەیە لەت و پەتت کات ،، کەوا بوو : ، وە بەر نیگای بێنن و مانای داک و ژن دەنەوە .
فەرموو لە خزمەتتانم
پرسیاری پێنجەم
مامۆستای گیان : ، چۆن بوو دەستت کرد بە نووسینی شیعر و دیکلەمە ؟ ،، چۆن بوو ئەو هەستەت بۆ پەیدا بوو ؟ ،، کام شاعیری کورد زۆرترین شوێنەواری لە سەر ئێوە هەبوە ؟ ،، ئایا لە بنەماڵەتاندا کەسی تر هەیە کە شیعری نووسیبێت ؟
وڵام ) پێشەکی سپاسی یەزدانم دەکەم ، کە نیعمەتهایێ گەورە و گرنگ ، وەکوو چاو ، گوێ ، دڵ ، مێشک و ، دەست و زار و زان و هێز و توانا ، وە دیکەی ئەعزای بێ مننەت و بێ پارە بە مرۆ بەخشیوە کە بتوانین بەرزی و نزمیەکانی ژیانی پێشیکەینەوە ، ئەگەر بیری لێ کەینەوە و بە ژیرانە تێی بڕوانین و بە ژیرانە هەڵیسەنگێنین ، بەڕاستی بەڕاستی نیعمەتهایێ گەورە و جیلوە بەخشن ، وە ئەم هونەرە بە هونەری خۆمی نازانم و لە خودای دەناسم ، کە لوتفی کەرەم کردووە و پێی خەڵات کردووم ، بێ سنوور سپاسی خوای بێ شێوە و بێ وێنە دەکەم .
کوێستان لە تەمەنی شەش ساڵانیەوە حاڵ و هەوای شیعری بووە و لە تەمەنی حەوت ساڵانیەوە ، واتە : ، شەش مانگێکی لە قوتابخانە تێپەڕاندووە و دەستی بە شیعر هۆنینەوە کردووە و بە پێی تەمەن شیعری هونیوەتەوە ،،،
شایه د بپرسن : ، یەکەمین شیعری کوێستان کامەیە ؟ ،،، یەکەمین شیعری کوێستان برێتییە لەمە : ،
خودا
گەورە خودایە تەنیا خـودایـە
لــە دوو دنیــا بێ هـاوتـایــە
ئەم شیعرە لە بەرواری : ، دووی ، شەشی ، هەزار و سێسەت و چل و حەوتی کۆچی هەتاوی ، واتە : ، تەمەنی حەوت ساڵان کاتژمێر : ، دەی بەیانی هۆنراوەتۆ .
بەڵێ ئازیزان : ، ئەو کاتەی کە هاوەڵانی کوێستان لە بەر دەرگ و لە کۆڵان و لە باخچە و باخچیلەکان سەر جەنجاڵی گەمە و گاڵتە و پلەزیقان و هەڵبەز و دابەز و میوان میوان و بووک بووکێنە بوون کوێستان لە کۆخار و بنارێ ، ئایا ماڵ بایە ، یا دەر بایە ، یا سەفەر بایە ، یا میوانی بایە ، هەڵدەترووشکا و لەتە کاغەزێ ، یا لەتە مقەبایەکی لە سەر سنگی ڕانی دادەنا و هەر چەن بۆی ڕێک نەدەخرا و بە لایۆ گەلێ قورس و گران بوو وە شارەزایی لە شیعر نەبوو ، بێ مشەوویق و هاندەر ، سەری بێنازی خۆی بە شیعرەوە جەنجاڵ دەکرد و بە هۆنینەوەی شیعر ، تەسەللای بە ڕۆحی ماندووی دەبەخشی .
چونکە خەمەکانی ژیانی کوێستان ، هەر زگمێنی لە سەر شان و کۆڵی شانیان دایاوە و هەر ڕۆژ و هەر مانگ و هەر ساڵ ، هەر یەک بە لەونێ تەرزیان ڕاکێشاوە و ، هەر یەک بە لەونێ تەرز ڕادەکێشن ، وەکوو خوای گیان کوێستانی خۆشویستبێت ، قەڵەمی وە پیریەوە هانی و ، کردیە هاودەمی تەنیایەکانی و ، ئێش و ئازارەکانی زگمێنی .
کوێستان هەر لە تەمەنی شەش ساڵانیەوە تا بە ئێستا ، بێ قران و عانە و فلووس ، بە شانازیەکی کەشکەڵانییەوه خەریکی خزمەتی دین و زێد و زاگە و وڵات و کورد و کوردستاااانی خۆشەویستە .
کوێستان مشەوویق و هاندەرێکی نەبوە و هەر لە منداڵییەوە تا ساڵی ۱۳۸۶ی کۆچی هەتاوی ، بە هۆی تەعەسسوبی کۆمەڵایەتی و بە هۆی و هۆی و بە هۆی … ، هەر بە دزیەوە شیعری دەهۆنینەوە .
بەرهەمە بە نرخەکانی مامۆستا هەژاری زۆۆۆۆر هێژا و هەمیشە زیندوو ، بە زۆری لە سەری کاریگەر بووە و ئەگەر شییان بێ ، ڕێچکە پێو و ڕێوگااااری مامۆستا هەژاری بەوەجە و هەتا مابێ و هەتا مابێ و هەتا مابێ ، هەر ڕێوگاااار و هەر ڕێوگار و هەر ڕێوگاریە .
لە بنەماڵەی ماڵە بابی کوێستان ، هیچ کەس شیعر نانووسێت و هیچ کەس لووتی لە شیعر ناخورێت هەر تەنیا کوێستانە ، کە خوا دەرووی بە ڕەحمەتی لێ کردەوە و لە زریای شیعر مەلەوانە و مەلەوانی دەکا .
فەرموو لە خزمەتتانم
پرسیاری شەشەم
خاتوونی بەڕێز : ، لە چ کات و ساتانێکدا شیعر دەنووسن ؟ ،، بە واتایەکی تر : ، هەوێنی شیعرەکانت زۆرتر خەم و ماتەمە ، یا خود دڵخۆشی و ئەشقە ؟ ،، زۆرتر بە زمانی کوردی شیعر دەنووسن یا فارسی ؟ ،، وە تاکوو ئێستا توانیوتە دیوان یا کتێبێک لە شیعرەکانت بڵاو بکەیتەوە ؟ ،، بۆ ناساندنی خۆت و شیعرەکانت ، تاکوو ئێستا لە سمینار و جەشنواراکانی دەروە و ناوەوەی وڵات شیرکەتتان کردووە ؟ .
ولام) کاتێ شەو پەردەی ڕەشی لە ڕووی دنێ ڕادەکشێنێ ، واتە : ، لە کاتژمێری دووی نیوەشەو ، تا سەری زێڕینی تاو وەدەر دێت ، کوێستان خەریکی شیعر هۆنینەوەیە و وا لە بەر پێلی چڕ تەوژمی ئیلهامە ئوقیانووسیەکانی .
شیعرەکانی کوێستان پێم وابێ شادی و خۆشحاڵیان تێ بەدی نایە و هەر هەمووی بۆنی خەم و ماتەمی لێ دێن ، چون هەر زگمێنی لە نێو ئوقیانووسی خەم و ماتەما ژیاوە ،، دەی کەسێ لە نێو خەم و تەم و ماتەما ژیاوە ، لە گەڵ شادی و خۆشحاڵیەکان نامۆیە .
کوێستان کوردە و خەڵکی کوردستانە و ، قورباااانی کوڕد و کوردستاااانی خۆشەویستە و ، لە نێو شیعری کوردیدایە و ، تاااا دەمی مەرگ شیعری کوردیش دەهۆنێتەوە .
کوێستان شیعری فارسی و ڕومانێکی بە زبانی فارسیشی بە نێوی : ، (( قلب خستە )) هەیە ، بەڵان ئەو شیعرە فارسیانە و ئەو ڕومانە فارسیە ، هی زەمەنێکە ، کە کوردی نووسین و کوردی خێندنەوەی نەدەزانی ،، بەڵان پێی وابێ چون بە سەر شیعرە فارسیەکانیا نەهاتۆتەوە زۆر جوان نیین .
کوێستان دەڵێ : ، چون لە مەکتەب پەرتووکی کوردیم نەبوە و هەر فارسی و هەر فارسی و هەر فارسی بووە ، ئەدی لە فارسی تێێێێێر و تەسلم و ، تینووی زبانی شرینی داکی خۆمم ، داکی خۆمم ، ئەوەن تینووم ، تەنانەت لە یەکێ لە شیعرە نەوە فارسیەکانم ، بە نێوی (( کووووو زبان مادر زادم )) داوای زبانە کوردیەکەی خۆمم کردووە .
کوێستان لە هەموو بوارێکەوە ، وەکوو : ، عیرفانی ،، کۆمەڵایەتی ،، نیشتمانی و کوردایەتی ،، خۆشەویستی و هیجرانەکانی ،، دڵداری و کەند و کۆسپەکانی ،، چوارینە ،، پەندی پێشینیان ،، چیرۆک و سەرهات ،، دوو بەیتی ،، لە کۆن و تازە شیعری هەیە و ، دیوانێکی ۳۰۰۰ پەڕەیی و ، ڕومانێکی ۸۰۰ پەڕەیی ئامادەی چاپە .
بەختەوەرانە ، بە زەحمەت و مەرارەتێکی زۆر ، کوێستان توانی پاش ساڵەهای ساڵ پەرتووکێکی ۱۳۴ پەڕەیی ، بە نێو : ، (( سریوەی ئیلهام )) بە چاپ بگەیەنێ ،، بەڵان چون ئەوەن عەزیەتی لە ڕێی چاپی پەرتووکەکەی کێشاوە ، لە چاپ دانی پەرتووکەکەی پەشیمانە و دەڵێ : ، بریا چاپم نەکردبا !! ، نەکردبا !! ، نەکردبا !! .
کوێستان بۆ جەشنوارەکانی دەرەوە نەچوە ، بەڵان بۆ جەشنوارەکانی شاری خۆی ، واتە : ، شاری میر و پاڵەوان و دوازدە سوارەی مەریوانی ئازیز ، بە پێی دەعوەتیەکان ، بەشداری کردووە و ، سوخەنڕانی کردووە ، موجری گەریشی کردووە.
بە زۆری ڕەسانەکان و کاناڵەکان و ڕادوێکان ، وەکوو : ، کاناڵی سەحەر دوو چەنها جار گوزارشی بیستۆکیان لە کوێستان گرتووە ،، کاناڵی سپێدەی ئێراق تەشریفیان هێناوەتە ماڵیان و ، سێ کاتژمێر مەقابلەی سەوت و تەسویریان لێ گرتووە ،، شەوباش کوردستان و ڕادوێ کوردەیەکانی ئێران ، چەنها جار و چەنها جار بۆ گوزارش تەشریفیان هێناوەتە ماڵیان .
پرسیاری حەوتەم
-مامۆستای بەڕێز : ، تکایە ڕای خۆتان ، لە بارەی ئەم پیتانەی خوارەوە بفرموون : ،
نووسین ،، قەڵەم ،، شیعر ،، شاعیر ،، ژن .
ولام) ئەم پیتانە ، وەک : ، نووسین ،، قەڵەم ،، شیعر ،، شاعیر ،، ژن ،، موسبەت و مەنفیان هەیە ،، ئەگەر بە وردی تێی بڕوانم و ، بە وردی هەڵیسەنگێنم و ، بە وردی شی کەمەوە ، دەبنە زریایەک و تێنووسها دەخووسێنێ ، بەڵان کوێستان لە زێواری موسبەتەکەوە بۆی دەچێت و ، لە یەک وشەدا ڕای خۆی دەردەبڕێت و عەرزتان دەکا : ، نووسین : ڕچە ،،، قەڵەم : کەواز ،،، شیعر : هەتوان ،،، شاعیر : کەتوان ،،، ژن : قەڵا .
پرسیاری هەشتەم
کام شیعری خۆتان پێ خۆشە ، تکایە بۆمانی وەخوێنەوە .
ولام) ئازیزان : ، بە زۆری هاوەڵانی ئازیز پەیام بارانیان کردووم ، کە ئایا شیعرەکانی کوێستان یەزدان پەرەست ، کە کاناڵەکان و ڕەسانەکان و جێگەهایەکی دیکە بڵاوی دەکەنەوە ، بە چاپ گەشتوون وە چنگی بێنین و کەڵکی لێ وەرگرین ؟ ،، پاگۆیان دەدەمەوە و دەڵێم بەڵێ ،، ئەو شیعرانەی کە کاناڵەکان و ڕەسانەکان و جێگەهایێ دیکە بڵاوی دەکەنەوە ، بڕێکی زۆریان لە پەرتووکی سریوەی ئیلهام و ، بڕێکی دیشیان لە جەریدەکان و گۆڤارەکان بە چاپ گەشتوون و ، کوێستان شیعری چاپ نەکراوی بڵاو نەکردۆتەوە .
لای لایە ، بۆ تاکانە ڕۆڵەکەم ، ئاسکەڵە کیژی کوردەواری ، بەڕێز : ، ئیلهام خانی کچم و ، (( ئیلهام خانەکانی دی ))
لای لای لای لایە ، کیژم لای لایە
بۆ خەوت نایە ، خۆشەویس دایە
بۆ دڵت گەرمە و لە شینە چاوت
تۆ کوردی و شێر و شمقاڕە ناوت
دەڵێن دووی گریان گەشە پێکەنین
لێـو دەگرێتە خۆ ، تین دەخاتە ژین
بەشکەم ئەم شینەت ، نەشەمەی باش بێت
تیشکێ وەدرەوشێ ، وەتوێن سۆڵی ڕێ
بەشکەم ئەم شینەت ، لە دووی بێ شادی
بۆ ئەزمێن فڕێ ، بەندێر ئازادی
کیژم لای لایە ، کیژم لای لایە
دە پێڵووت یەک نێ ، نازاری دایە
ڕۆڵەم : ، ئەم های و هاوارتە چییە
خۆ دەست و لاقت کەلەپچە نییە
لاقەکان خۆیان کردوە لاندکت
دەتژەنن ، بەشکەم ، شپنە کەن ڕکت
خۆزگا دەمزانی ، چت لە دڵە تۆ
وا گڕووت گرتوە ، وای لە شین و ڕۆ !
لە ژی ساواییت ، چت بەدی کردوە
وا بۆی دەگریێی ، قاراتی بردوە !
هەی لایە لایە ، بیلبیلەی دایە
وریای تەمەن بە ، نەڕوا بە زایە
چون تەمەن کورتە و ، تا لاااا دەکەیتۆ
وەرز بەفرانبارە و ، تێی قوم دەبیتۆ
ڕێی زانس بەگرە و بیکەرە زریا
ئاژنی تێدا کە و ، زااااڵ بە ، بە سەریا
هێز زانس بەرزە ، ماااافت دەس دەخا
ئەستەمگەرانت بۆ توونا دەکا
بە تایبەت ئەگەر ، یەکایەتی بێ
تەنگی و چەڵەمە ، قەت نایەتە ڕێ
هەی لایە لایە ، بەرخە کاڵەکەم
سێرە گەشەکەم ، نمای ماڵەکەم
شۆخەکەم : ، بۆیە کەتوااانی حاڵتم
گوێ بیستی پەڵپ و ، گڕۆزی و قاڵتم
بۆیە عەمرۆڵکەم دادەنێم لە ڕێت
شەو تا بەیانی چاو نانووقێ لێت
دەڵێم بەشکێکم ، بیتە سێرەی بەخت
هێمات بەهتین کا ، برینانی سەخت
بۆیە باڵگەتە دڵی چڕ ڕێشم
لە خورپەی گەیت و دەرمان کەی ئێشم
هەی لاااایە لایە ، بینایی دایە
بۆ زاگەت بیتە ، داااارێ چڕ سایە
بۆیە بۆت بوونە ، سپەر دەستانم
خزمەتکارتم و ، نییە وەستانم
سبەینێ بیتە ، ئەرخە بۆ زێدت
بای هەوا نەبی ، بە شێد و بێدت
بۆیە خەو شرین ، لە چاو دەردەکەم
تاااا سەبای ساڵحان ، ئاژانت دەدەم
سبەی بۆ گەلت ، خەوت زڕێنی
بەرەو ئەمری خوا ، بیییییرت فڕێنی
هەی لاااایە لایە ، ڕۆڵەم لای لایە
وی ڕوو لە خوا بێ ، گەداش بێ شایە
بۆیە ئامێزم ، بۆت بۆۆۆۆتە چەپەر
سبەی بۆ دەڤەر ، چەپەر بی و کەپەر
بۆ ماااافت ، زریکەی ، نااااخ هەڵبڕێنی
ئاگر نەورۆزێ ، دی هەڵگڕێنی
تۆ نەوەی کوردی زاڵم تۆپێنی
بۆیە چرکەیێ ، چاو ناخەوێنی
زاریت ئاژانە و ، پااااس وڵات دەدا
دەڵێی نەبادا ، سەر هەڵدا قەدا
هەی لاااایە لایە ، تریفەی مانگم
کەوباڕ شاخانم ، چڕ جااااز و هانگم
ڕۆڵەم : ، کوردستان ، وەستااااوە لە ڕێت
پێوێ شڤەڕێی ، بااااپیرانت پێت
ئەگەر دەتەوێ شیییییرمت حەڵاڵ کەم
وەحەسێیتەوە و قوم نەبی لە تەم
عیلم و زانیاری ، بەرکەکی ژینە
بنٮڕی شینە و ، لەماااالەم تینە
ئەو تینە گەشە ، هااااڵێنە هۆشت
پەندانی کەرە ، گۆشواااارەی گۆشت
هەی لاااایە لایە ، جەرگەکەم لایە
شمەکی دنیا ، بە کەڵکت نایە
زۆۆۆۆرم خۆش دەوێی ، حەز ناکەم ئاران
پێت هەڵقوڕێنێ ، ژاراوی ماران
گەر تۆش خۆم ئاسا ، منت خۆش دەوێ
بۆ ئەمرانی خوا ، گەردنت نەوێ
لە مێزی گرە ، نەریت و خێڵت
نەبینم قرمچ ، هێڵ هێڵ کا تێڵت
زەردەخۆی نەرمت خەرە لا لێوت
شپڕێوت نەکا ، خەمانی کێوت
هەی لاااایە لایە ، ڕۆحەکەم لایە
هەر خۆتم هەیە ، مایە و دەس مایە
دەمەوێ ئەشقم ، شەتڵ کەم لە گۆت
بە دنیای نادەم ، نیگااااهێکی خۆت
هەر نیگااااهێکت ، دارمااااڵی نێدە
پشت و هەسوون و ، چاودێێێێری زێدە
هەر نیگااااهێکت ، دەوای زامێکە
لابەر سامێکە ، دیهاااات کامێکە
خۆزیا هێزت با ، هیوام گەیێنی
دەس ئاشتەوایی ، لە دەس مەیێنی
هەی لایە لایە ، ئیلهام لای لایە
هەژار پەروەر بی ، قەزات لە دایە
هەی لاااایە لایە ، ئیلهام لای لایە
هەژار پەروەر بی ، قەزات لە دایە
لە گەڵ ڕێزم
بەرواری هۆنینەوەی شیعر ۱۳۷۳ / ۱۱ / ۱۷ کاتژمێر : یەکی نیوە شەو
ئەوە بابی ڕەحمەتییمە ، زۆر باش بوو بۆم ، هەر وەکوو هاوەڵ وا بووین و بە یەکێ لە بابە نموونەکانی دنیا هەڵبژاردەم کردووە .
پرسیاری نۆهەم
– کۆسپەکانی شاعیری و هونەری ، لە کوردستان ، بە تایبەت بۆ ژنان لە چیدا دەبینن ؟
ولام) ئەگەر بە جوانی ، دیققەتت دابێتە پاگۆی پرسیاری پێنج و شەش ، دەگەی بە کەند و کۆسپەکانی شاعیری و هونەری لە کوردستان ، بە تایبەت شاعیرانی ژن …..
پرسیاری دەهەم
– مامۆستای هێژا : ، تکایە ، ئەگەر ڕاسپاردەیەکت هەیە بۆ کچان و کوڕانی لاو ، بیفەرموون .
ولام) ڕاسپاردەکان بۆ کچان و کوڕانی لاو فراوانن ،، بەڵان بە چەن دانەیەکی ئاماژە دەکەم .
یەکەم : ، پێش هەموو شتێ ، لانی خودای مەننان و یەمان بەر نەدەن و ، بە دایم بیریان لا بیری خوای گیان شەتڵ کەن ، خوای دڵاوا ، ئەوەن بەندەکانی خۆی خۆش دەوێت ، ڕۆژێ پێنج کەڕە ، واتە : ، (( بانگی بەیانی و بانگی نیوەڕۆ و بانگی عەسر و بانگی مەغریب و بانگی عیشا )) ، بەندەکانی بانگ دەکا بۆ پێرگین و سکاڵا کردن ،،، جا ئەوەش بزانن ، نێژ و تاعەت و مناجات و شەو بەیاری و پاکی و ڕاستی ، لە تەمەنی جوانی و لاویدا ، گەلێ بە نرخترە لە تەمەنەکانی دیکە .
دووهەم : ، وریای داب و نەریت و ڕست و ڕێسا و زبانی داکیتان بن و ، وەک گلێنەی چەڤانتان بیپاڕێزن .
سێهەم : ، دین و خاک و ئاو و زێد و زاگە و کورد و کوردستانتان ، بە دەرهەم و دولار و دینار و لیر و ڕوپیە و تمەن و ، قەسر و کاخی تەمەن کورتی دنێی ئەزموون هەڕااااج نەکەن و ، نەیفرۆشن و ، وەکوو کۆرپەیەکی ئازیز لە مێزی گرن و ، لە بەن دڵی خەن و ، تاااا هێزتان تیایە ، تەنانەت لەو پەڕ نەبوونی و نەداری و هەژاری ، بۆ زانست و زانیاری ، بە گوڕ و گوستاخی لە حەول و کۆشش بن و ، لە هەر کوێیێ زانسگایەکتان بینی ، بەرەو پیری ڕاکەن و تاااا دەمی مەرگ پێوانەی کەن .
چارەم : ، جلکی کوڵ و تەسک و ترووسک و مینیژۆپ و میکیاج و دەواو دەرمان و ، سەر و قول و قۆل ڕووت کردن ، داب و نەریتی شەیتان و توولە شەیتانەکانە و ، هەتا هێزتان تیایە لە بەری هەڵێن و ، بەرەو پیری حوجب و حەیا و مەتینی و سەنگینی و ، چاکە و چاکەکاری و ، وەفا و وەفاداری و ماقووڵی هزرەکانتان وە ڕێخەن و ، لە چاولێکەری و مۆد و مۆدیسمی و دنیا پەرەستی و خۆپەرەستی خۆتان لادەن و ، جانتایێ پڕ لە تۆشە و سەوقاتی عەترین ، بۆ سەفەری نەهاتنەوە و ئاخرتان و ، بۆ ئاخرین ماڵی گڵتان ، کە قووڵە چایەکی باریکی تاریکی خۆڵینەیی بێ ئامێر و بێ دەرگ و دەلاقەیە ، لە شان خەن و ، لە بیری ئەو قووڵە چایە ، مێشکی تیز و فیز و فادە و کیبر و دەمار و بوغز و غەرەز و ئێرەیی و کینە و ڕکە بە ڕکێ و دانە چیڕە و خوسپ و زەم و شۆپگەری و ڕەشبینی و خۆپەرەستی و دنیا پەرەستی و بای هەوایی و چاونەزێری و تەماع و هەڵپە هەڵپ و هەڕ و گیڤ پراش پراش کەن و ، بە زیکر و فیکری خوای گیان ، تەسللا و ئاسوودەگی بە ڕۆحتان بەخشن .
پێنجەم : ، سەبارەت بە نەوەشان و ، بە ساڵاچووان و ، هەژاران و پەژاران و لیتەکان و ، سەرسۆران و سەخیران و بێ باسکان و بێ سعوودان و … ،، کەمتەرخەم نەبن و ، لە قەدەر هێز و تابشت و تەوانتان ڕاژەکاریان بن و ، بە کردەوەی شرین و لەبار و خەمەوەریتان ، خودای بێچوون لە خۆتان ڕەدا کەن و ڕەدا کەن و ڕەدا کەن .
لە کۆتایی : ، بێسنوور سپاس بۆ کاناڵ و ماڵپه ری ڕازاوە و نەخشین و ڕەنگینی چڕ مۆج و ئامۆچیاری سۆزی میحراب ،، سپاس بۆ خەمەوەری و هاودڵی و شاعیر نەوازیتان .
بە خوای گەورە و گرانتان دەسپێرم و خوای گەورە یار و یاوەرتان بێ .
۱۳۹۷ / ۱ / ۲۹
کاتژمێر : یازدەی شەو
مصاحبه کننده : یوسف ساجدی