دعوت اسلامیشخصیت ها

بەرەو ھوشیاریەکی ئیسلامی ڕەسەن وکراوەتر، دوکتۆر قەرزاوی وەك رەمزی قۆناغێکی ڕاگوزەری فیکریی

دوکتۆر قەرزاوی

نوسەر: ئەبووبەکر عەلی کاروانی 

دوای تەمەنێکی دورودرێژ و پڕلە ھەوڵ و تێکۆشان و بەرھەمی فیکری و زانستی، کەخۆی لە زیاتر لە ١٧٠ کتێبدا دەبینێتەوە،

زانا و بانگخوازی گەورەی جیھانی ئیسلام، دکتۆر قەرزاوی، کۆچی دوایی کرد.

بەم بۆنەوە وێڕای ڕێزگرتن لە ماندوبوون و شەونخونی وکەلەپوورە فیکری و زانستییەکەی، دەخوازم ئەم چەند سەرە قەڵەمەی خوارەوه‌ دەربارەی فیکر و ڕۆڵی ئەم کەسێتییە بخەمە بەرچاو:

١- فیکری قەرزاوی بەشێوەیەکی گشتی دەچێتە چوارچێوەی ئەوەی ناونراوە بە فیکری سەلەفییەتی ڕۆشنگەر( السلفية المستنيرة) ئەمەش وادەکا بەخاوەنفکرێکی ڕەسەن و کراوەی دابنێین بەڵام لەبازنەیەکی دیاریکراودا. 

٢- بەگشتی بەیەکێ لە ڕەمزە فیکرییە میانەڕەوییەکانی جیھانی ئیسلامی لە قەڵەم دەدرێت، کاری بەرچاویشی بۆ تێکشکاندنێ ھەندێ زھنییەتی دەقگرتووی فیقھی و کەلامی و حەڕەکیی ئەم جیھانە و بەتایبەتیش دنیای عەڕەب کرد، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، سەرجەم بیروڕاکانی و ئەوەی نووسیویەتی، بەپێوەرەکانی میانەڕەوی لەئێستادا، لەوخانەدا پۆڵێن دەکرێن. بۆنموونە بەشێ لەبیروڕاکانی لەزنجیرە کتێبی حەتمیەتی چارەسەری ئیسلامی نووسینی تریشی، ناچنە خانەی میانەڕەوی فیکرییەوە و نوێنەرایەتی قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەی فیکری و ئایدۆلۆژی دەکەن.

٣- لە ھەشتاکاندا و بەپێوەرەکانی ئەوکاتە، ڕۆڵێکی گەورەی ھەبوو لە بەرگریکردن لە میانەڕەوی حەرەکیی ئیسلامی و ڕەتکردنەوەی فیکری گروپە پەڕگیر و بناژۆخوازە ئیسلامییە توندوتیژەکان، کە لەژێر کاریگەری ئەو شەپۆلە شۆڕشگێڕیە ئیسلامییەی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و بەرپابوونی جیھادی ئەفغانستان ھێنابوویانە کایەوە، لەفۆڕمێکی داخراوتری فیکریی کاریگەر بە کەلتوری عەرەبییدا، بووبوونە ھەرەشە بەر میانەڕەوی فیکری و پێگەیشتوویی سیاسی.

 ٤-فیکری قەرزاوی لە ھەشتاو نەوەدەکاندا لەھەندێ ڕوەوە نوێنەرایەتی قۆناغێکی ڕاگوزەری دەکات لە تەقلیدەوە بەرەو کرانەوەیەکی زیاتر، واتە زەمینە سازکەربوو بۆ  ئەونوێکردنەوە قوڵەی فیکر و بزاڤی ئیسلامی پێویستیان پێیبوو پێیەتی.

بۆنموونە لەکاتێکدا دەستبەرداری  ھەندێ ڕووی ئەدەبیاتی ئیسلامی نوێ دەربارەی دەوڵەت و دەسەڵات نەبوو بوو ھاووێنەی دەوڵەتی ئیسلامی وپیادەکردنی شەریعەت لەڕێی ئەوەوە، دەرگای کردەوە بەڕووی تێگەیشتنێکی نوێ لەدیموکراسی وترسی شکاندن لە بەکارھێنانی زاراوەکە ومامەڵە لەگەڵکردنی، کەبۆکاتی خۆی گرنگ بوو.

٥- لاوازترین کتێبەکانی قەرزاوی ئەوکتێبانەن دەربارەی فیکری سیاسی نوسیونی، لەوێنەی: دین وسیاسەت، دەوڵەتی ئیسلامی، نیشتیمان وھاونیشتیمانێتی لەبەرتیشکی بنەما عقیدەیی ومەبەستە شەرعییەکاندا. ئەویش ئاساییە، چونکە سیاسەت بواری پسپۆڕی ئەو نەبوو.پێم وایە لەھەندێ لەھەڵوێست وفتوا  سیاسییەکانیشدا نەیپێکاوە.

 ٦-قەرزاوی لەسنورێکی دیاریکراو دەرچێت، دانووی لەگەڵ ناسیونالیزمدا نەدەکوڵا. بەجۆرێك باوەڕی بە چەمکی نەتەوە بە ناوەڕکە نوێکەی نەبوو! واتە فەزای بیرکردنەوەی ئەو، فەزای ئیمپراتۆرە فرەنەتەوە سنور نەناسەکان بوو، بەڵام سەرڕای ئەوە، لەسایەی نەبوونی ئەو فەزا دلخوازەی وڕووخانی قەوارە نێودەوڵەتیە ئیسلامییە مێژووییەکە، ماف بەکورد دەدا ت، بەھەمان شێوەی تورك وعەرەب وفارس کار بۆ یەکگرتنەوەو سەربەخۆیی وشکۆمەندی نەتەوەیی خۆیان بکەن.

 ٧-قەرزاوی لەیەکێ لەکتێبەکانیدا ئاواتێکی ئوسوڵیی دەخوازێت ودەڵێت: کاشکا زانایانی پێشین لەجیاتی سووننەت ژییاننامەو سیرەتی پێغەمبەر( دخ) یان بکردایە بەسەرچاوەی دووەمی تەشریع.

کەئەوەش مرۆیی ومێژوویبوونی  تەرتیبە ئوسوڵییە کە دەردەخات ودەرگا بەڕووی گفتوگۆی زانستیی گرنگ لەمڕوەوە دەکاتەوە. گەرچی خۆی بەوناوەوە کارێکی وای بۆ بەدیھێنانی ئەم ئاواتەی نەکردو بەدیھێنانی ئاواتەکەی بەقەدەری داھاتووی کاروانی ژیان وموسوڵمانان سپارد.

شوێنی لە بەھەشتا بەرزو  کرانەوەو میانەرەوی فیکری وکرداری لەنێوگەلی ئێمەو گەلانی موسوڵماندا سەرکەوتوو.

✍ابوبکر کاروانی

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا