دعوت اسلامیقرآن

پەیامی قورئان(۵)

پیام قرآن

وەرگێڕ: سعدی مرادی

(وَقَدِمْنَا إِلَي مَا عَمِلُوا مِنْ عَمَلٍ فَجَعَلْنَاهُ هَبَاء مَّنثُوراً (23) فرقان..
واتە”
ئێمە ئەچینە لای هەر کارێکی چاک کە کردوویانە، ئەیکەینە تەپووتۆزی بڵاو…

ــ لە کتێبی (بحر الدموع)ی ئیبنوجەوزی‌دا هاتووە، نەقڵ کراوە لە سەعیدی کوڕی جوبەیر”

ڕۆژی پەسڵان بەندەیێک دێنن، نامەی کردەوەکانی ئەدەنێ، نوێژ و ڕۆژووی تیا نابینێ، کردەوە باشەکانی نابینێ! ئەڵێ:
پەروەردگارا ئەمە نامەی عەمەلی نەفەرێکی‌ترە، هی من نیە! بە دڵنیاییەوە من کاری چاکە و جوانم هەبوو بەڵام لەم نامەیا نیە!؟
ـ پێی ئەوترێ:
پەروەردگارت نەلێی ئەشێوێ نە لەبیری ئەکا، کردەوەکانت ڕۆشتوون بەهۆی ئەوەی غەیبەتی خەڵکت کردووە.
ــ وریابە بۆ خەڵکی خوا پەرەستی مەکەو تاعەت و چاکەکانت بڕوات بۆ کەسێ دڵیت ئێشاندبێ، یا ماڵیت خواردبێ، یا دەست درێژیت کردبێتە سەر نامووسی خەڵکی، یا بە واسیتەکاری پلەوپایەی کەسێکت دزی بێ.
(خوایە پەنامان بدەیت).
ـــــــــــــــــــــــــــ

(وَلَا تُطِعْ كُلَّ حَلَّافٍ مَّهِينٍ (10) هَمَّازٍ مَّشَّاء بِنَمِيمٍ (11) قلم..

واتە” زۆر باوەڕ بە سوێندخۆری سووکەڕۆ مەکە، عەیبگرەو دووزمانی ئەکات…

ــ دوو زمانیە، دووبەرەکی ئەنێتەوە و پەیوەندیەکان ئەپچڕێنێ، چەندە زۆرن دوو زمانەکان…!
ــ ئەگەر یەکێ دەرحەق نەفەرێ بە چاکی زمانی گەڕا لەوانەیە کەس نەبێ پێی بگەیێنێتەوە، بەڵام گەر بە خراپە باسی بکات زۆرینە هەوڵ ئەدەن پێی بگەیێننەوە!!

👈 عادەتی چاکان لە قەدیما وابووە دەرگایان لە ڕووی دووزمانەکان داخستووە.

ــ فەزڵی کوڕی عەیاش ئەڵێ: لای وەهبی کوڕی مونەبیهـ بووم، پیاوێ هات پێی وت”
لای فڵانی لام‌دا قسەی پێ ئەوتی!
وەهب پێی وت: شەیتان جگە لەتۆ کەسی‌تری دەست نەکەوت؟!! مەبنە داردەستی نەفس و نوێنەری شەیتان..
ـــــــــــــــــــــــــــــــ

(قُلِ الْحَمْدُ لِلَّهِ بَلْ أَكْثَرُهُمْ لَا يَعْقِلُونَ (63) عنکبوت..

واتە” تۆ بڵێ: سپاس بۆ خوا، بەڵام ئەوان زۆربەیان ئەقڵیان پێی ناشکێ..

ــ ئەگەر تۆ بگەڕێی بە دوای تاریفی خواوەند لە قوڕئانا سەبارەت بە خەڵکی، ئەبینی سەبارەت بەوان فەرموویەتی: نازانن، شوکرانە بژێر نین، ژیرنین.
ـ لە بەرابەرا فەرموویەتی: (وَقَلِيلٌ مِّنْ عِبَادِيَ الشَّكُورُ (13) سبٲ. کەمینەی عەبدەکانم شوکرانە بژێرن! زۆر پشت بە خەڵکی مەبەستە، ئەوەی لەسەرتە پێشی بخەو ئەوەی مافی خۆتە داوایکە لە خواوەند.

👈 ئیمام ئەحمەد بە حاتەمی ئەسەممی وت: چۆن سڵامەت دەرچین لەناو خەڵکی‌دا؟
ـ وتی: ماڵیان بدەرێ بەس داوای ماڵیان لێ مەکە، ئەت ڕەنجێنن بەس تۆ مەیان ڕەنجێنە، کاروباریان ڕێکبخە بەڵام تۆ کارت بەوان مەسپێرە..
ـ ئیمام ئەحمەد پێی وت: ئەوە زۆر سەختە حاتەم!
ـ وتی: ئەی چۆن سڵامەت دەرئەچی.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(وَاصْبِرْ عَلَي مَا أَصَابَكَ إِنَّ ذَلِكَ مِنْ عَزْمِ الْأُمُورِ (17) لقمان..

واتە” خۆڕاگربە لەسەر هەموو ئەوشتانەی دێنەڕێت، ئەوە لەکارە گرنگەکانە..

ـ ئێمە لەم ژیانەیا ئەڕۆین بەپێی قەدەری خوای گەورە، بۆ وێنە؛
اـ ئەو نەخۆشیەی تووشت ئەبێ ناتوانیت خۆتی لێ لادەی.
ب‌ـ ئەو مردنەی ئەبێتە میوانی خۆشەویستەکەت، حەتمەن و بێ‌گومان پێی ئەگا هەرچەند هەوڵ بدەیت.
ج‌ـ ئەو ئەرک و وەزیفەی لە دەستت داوە، تۆ هەر لە کیست ئەچوو، ئەگەرچی هەموو بەیانیێک پێڵاوی گەورەکەشت بۆیاخ کردایە..

👈 سەیرکە پێغەمبەر [س‌م] چۆن دڵەکان خۆشە ئەکات و ئەفەرموێ:
ـ بزانە، هەرچی تووشت ئەبێ بە هەڵە نایێت، هەرچیش لێت لادرێ ناتپێکێ.

ــ حەسەنی بەسری ئەڵێ: ئێمە ئەگەر خێرمان نەگاتێ تەنیا لەوانەیا نەبێ کە پێمان خۆشە پاداشمان کەم دەست ئەکەوێ، بەڵام خوای گەورە بەندەکەی تاقی ئەکاتەوە با پێشی ناخۆش بێ تا پاداشیان باتەوە..
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ

﴿وَلَا تُصَعِّرْ خَدَّكَ لِلنَّاسِ﴾ لقمان ١٨، واتە” ڕووی خۆت لە خەڵکی وەرمەگێڕە.

ــ یەحیای کوری موعین ئەڵێ:
کەسم وەک ئەحمەدی کوری حەنبەل نەدیووە، پەنجا ساڵ ڕفیقایەتیمان کرد، بە هیچ شتێکەوە خۆی هەڵنەکێشا لەوانەی خێرو چاکەی تێدایە!

ـ بە ڕەحمەت بێ ئەیوت”
ئێمە هەژار و نەدارین!

☑️ خۆبەکەمگرتن؛
ـ ئەو ماڵەی خۆتی پێ هەڵئەکێشی، نەداریە!
ـ ئەو زانستەی خۆتی پێ ئەنوێنی، نەزانیە!
ـ ئەو پڵەوپایەی زۆرداری پێ ئەکەی، تیاچوونە!
ـ ئەو هێزی بازوەی ملهوڕت ئەکا، زەبوونیە!

✅ دەوڵەمەندی، کەسایەتی، زانیاری لای کەسی  خاکەڕایی گیرت ئەکەوێ.
ـــــــــــــــــــــــــــــــ

﴿وَإِذْ قُلْنَا لِلْمَلاَئِكَةِ اسْجُدُواْ لآدَمَ فَسَجَدُواْ إِلاَّ إِبْلِيسَ أَبَي وَاسْتَكْبَرَ وَكَانَ مِنَ الْكَافِرِينَ (34) بەقەرە.
ــ سوجدە نەبردنی ئیبلیس لەو کوڕنووشەی خوا ئەمری پێکردبوو، بووە هۆی دووری خۆی لە ڕەحم و لوتفی خوای گەورە..
بەڵام ئەگەر ورد بینەوە لە حاڵی ئیلیس و لە حاڵی نوێژ نەخوێنانی موسوڵمان، بۆمان دەر ئەکەوێ:

👈 ئیبلیس کوڕنووشی بۆ ئادەم نەبرد، بەڵام تاریکە نوێژ کوڕنووش بۆ  پەروەردگاری ئادەم..

* سوبحان اللە چەندە بە ڕەحمە و چەندە هێورە لەسەر ئەم ئوممەتە!.

ـ ئەو بەندەکانی بەیانی و ئێوارە بانگ ئەکات بۆ گەرانەوە، با تاوان و هەڵەیان قورس و گران بێ، یا لە مێژبێ دابڕانیان..
ـــــــــــــــــــــــــــــــــ

﴿لَا تَدْرِي لَعَلَّ اللَّهَ يُحْدِثُ بَعْدَ ذَلِكَ أَمْراً﴾ ١ طلاق.
واتە” تۆ نازانی لەوانەیە خواوەند دوای  ئەمە، ئەمرێکی‌تر بێنێتە دی.

ــ کارەکان لەسەر مرۆڤ وا تەنگ ئەبێتەوە پێی وایە هیچ دەرباز بوونێکی نیە، پاشان فەرعانە دێت لەلایەن خواوە.
ــ کێ باوەڕی ئەکرد، ئەو هاجەرەی لە بەینی سەفا و مەروەیا بۆ ئاو ئەگەڕا لەژێر پێی کۆرپەکەیا هەڵقوڵێ؟!
نەک هەر بۆخۆیان لێی وەخۆن، بەڵکوو تەواوی ئوممەتان لێی وەخۆن تا ڕۆژی سەڵا.
ـ ئابەم جۆرە خوای گەورە حاڵێک بۆ حاڵەتێکی‌تر گورج ئەگۆڕێ لە چاو ترووکانێکا!.

ــ ناخۆشی و سەختیەکان دوابڕاون، دەوامیان نیە، ئیبنوقەییم ئەڵێت”
هەموومان کات‌وساتێکی وا هەستیارمان بەسەرا هاتووە پێمان وابووە کۆتاییمانە، بەڵام گشتی ئەمڕۆ بووەتە بیرەوەری.
👈 نا ئومێد مەبە و متمانەت بێ بە پەروەڕێنت، چون گەورەترین خواپەرەستی چاوەڕوانی فەرعانە و کرانەوەی تەنگانەکانە.
ـــــــــــــــــــــــــــــــ

(مَا يَلْفِظُ مِن قَوْلٍ إِلَّا لَدَيْهِ رَقِيبٌ عَتِيدٌ (18) قاف..
واتە” هیچ وتەیێک لە دەم نایێتە دەر مەگەر ئەوەی لە لایەتی چاودێرێکی حازرو ئامادە”.

ـ  فریشتە بەس ئەوە نانووسن کە خەڵکی بەزاری ئەیڵێن، بەڵکوو ئەوەش ئەنووسن لە کاتی پەیوەندیشا ئەیڵێن..
ـ وشەی پاک لەسەر پەڕەی چاکەکانتە..
ـ وتەی ناپاک لە ناو نامەی خراپەکانتە..
👈 کەواتە هەرچی لەویا نووسرا لەدوای مردنت ئەمێنێتەوە..
ــ ئەگەر لەناو نامەکانتا خێری نەبڕاوە نەبوو، لانیکەم لە دوای خۆت شەڕی نەبڕاوە جێ مەهێڵە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(وَلَا تَمْشِ فِي الْأَرْضِ مَرَحاً إِنَّ اللَّهَ لَا يُحِبُّ كُلَّ مُخْتَالٍ فَخُورٍ (18) لقمان..
واتە”
بەسەر زەوی‌دا بەفیزەوە مەڕۆ، چون خوای گەورە لووت بەرزانی خۆش ناوێ.

ــ ڕۆژێک ئیمام ئەحمەد چوو بۆ بازاری بەغدا، باوشێ داری کڕی و خستیە سەرشانی، وەختێ خەڵکی ئەوەیان چاوپێ کەوت ڕایان کرد بۆلای، دوکانداران دوکانەکانیان بەجێهێشت، پێڕۆکان وەستان سڵاویان لێ ئەکرد، تێکڕا ئەیانوت:
ئێمە کۆڵە دارەکەت بۆ هەڵئەگرین، سوور هەڵگەڕاو گریاو فەرمووی:
👈 ئێمە داماوین، ئەگەر ڕەحمی خوا نەبوایە ئابڕوومان ئەچوو…!
ـ ئیمام ئەحمەد فێری خاکیبوون بووبوو لە پێغەمبەرەوە [س‌م] زانیبووی ئەو مەڕەکەی ئەدۆشێ، پێڵاوەکانی پاک ئەکاتەوە، لیباسەکانی ئەدروێتەوە، لەگەڵ عائیشەی خێزانی کێبەرکێ ئەکات، فرمێسکی چاوەکانی سەفیەی خێزانی ئەسڕی کاتێ سەحابەکان لە سەربڕینی مەڕێکا کارەکانیان دابەش ئەکرد، یەکێکیان ئەیوت من ئەیکوژمەوە، ئەوی‌تریان ئەیوت من کەوڵی ئەکەم، پێغەمبەریش [د‌خ] ئەیفەرموو: منیش دارو چیلکە کۆ ئەکەمەوە.
ــــــــــــــــــــــــــــــ

(قَالَ رَبِّ إِنِّي وَهَنَ الْعَظْمُ مِنِّي وَاشْتَعَلَ الرَّأْسُ شَيْباً) ٤ مریم.
واتە” وتی: پەروەرێنم ئێسکم سست بوون، سەرم سپی بووە.. [ڕەحمێ].

ـ گشت هۆکارەکان لە ڕووی گەورەمان زەکەریادا وەستابوون! مناڵێکی کوڕی ئەویست، هەموو ڕێگەکانیش داخرابوون، ئێسقانی پووک بووبون، مووی سەری چەرموو بووبوو، خێزانی نەزۆک بوو، ئیتر مناڵی چۆن ببێ لە حاڵێکا ئەو هەموو بەربەستەی لێ خڕ بووەتەوە.

👈 بەڵام گەورەمان زەکەریا ئەیزانی خوای گەورە بە توانایە [قادر] ـ وەختێ دڵی خاڵی کردەوە لە هۆگری بە هۆکارەکانەوە،
ـ وەختێ بینی هیچ شتێ لە ئاست هێزی خوادا هێزی نیە، دڵی گرێ‌دا بەس بە ئەڵڵاوە، هەواڵی خۆش هات؛
(يَا زَكَرِيَّا إِنَّا نُبَشِّرُكَ بِغُلَامٍ اسْمُهُ يَحْيَي..) ئەی زەکەریا موژدەبێ لێت کوڕێکت ئەبێ ناوی یەحیایە.
☑️ هەرکەس بە متمانە و دڵنیاییەوە لەگەڵ خوایا بێ، خوای مەزن پەرجووی [معجزات] بۆ ڕام ئەکات..
ــــــــــــــــــــــــــــــ

(فَافْسَحُوا يَفْسَحِ اللَّهُ لَكُمْ) ١١ مجادله. واتە”
هەر وەختێ پێیان وتن جێ وەکەن جێ خاڵی بدەن..

ــ ئەم ئایەتە سەبارەت بە جێ خاڵی کردن لە کۆڕدا دابەزیوە. بەڵام ئایەتەکە واتاکەی بەربڵاوترە لەوە، بەرهەمی زۆرترە، بۆ نموونە؛
١ـ هەر کەس گرێ کوێرەی کەسێک وەکات، خوای گەورە دەرگای ڕەحمەتی لێ ئەکاتەوە.

٢ـ هەر کەس خاترێک ساڕێژکا، خوای گەورە چارەی خاتری ئەکاتەوە.

٣ـ هەر کەسێ دڵێک خۆشبەخت بکا، خوای مەزن دڵی بەختەوەر ئەکا.

٤ـ هەر کەسێ دەردێ سووک بکا، خوای دڵۆڤان دەردەکانی سووک ئەکا.

٥ـ هەر کەس فرمێسکێ وەسڕێ، خواوەندی کارزان ئەسرینی ئەسرێتەوە.

👈 هیچ کەس بەڕێزتر و وەفادارتر نیە لە ئەڵڵای پاک و بێگەرد.

* کاروباری باش قەڵغانی گۆڕەپانی خراپەیە.
ــــــــــــــــــــــــــــــ

(إِذْ قَالَ يُوسُفُ لِأَبِيهِ يَا أَبتِ إِنِّي رَأَيْتُ أَحَدَ عَشَرَ كَوْكَباً وَالشَّمْسَ وَالْقَمَرَ رَأَيْتُهُمْ لِي سَاجِدِينَ (4) یوسف..
واتە”
کاتێ یوسف بە باوکی وت: بابەگیان، من دڵنیام ١١ ستێرە و ڕۆژو هەیڤم دی کوڕنووشیان بۆ دەبردم!.

ــ سەرنج بدە بە جوانی، ئەفەرموێ: باوکی!
یانی بزانە ڕازەکانت لە کوێ دائەنێیت، هەموو مرۆڤێ جێی باوەڕ نیە، هەموو بابەتێ بۆ ئەوە نابێ کێشی بدیتێ و بیخەیتە مەیدان.
ـ تەواوی بابەتەکە ئاڵۆز مەکە بیخەیتە ناو خەڵک، کەمێکی لای خۆت وەهێڵە.
ــــــــــــــــــــــــــــــ

(قَلِيلاً مَّا تَشْكُرُونَ (10) اعراف. واتە”
کەمێکتان شوکرانە بژێرن..

ــ یەکێ لە خاسانی خوا کەچەڵ و گول بوو، کوێر بوو، گۆجی دەست و پێ بوو! ئەم نزایەشی ئەکرد:
سپاس بۆ ئەو خوایەی منی پاراستووە لە زۆربەی ئەو شتانەی خەڵک گیرۆدەی بوون…! پیاوێ بەلای‌دا تێپەڕی و پێی وت: کوێری، گولی، کەچەڵی، گۆجی، پێم ناڵێی لەچی تۆی پاراستووە؟!
وتی: ئەی پیاو واوەیلا بۆتۆ! زمانێ زیکراوی پێداوم، هەروەها دڵێکی شوکرانە بژێر و لەشێکی خۆڕاگر لەسەر بەڵا…
ـ مەخابن زۆرێک لە خەڵکی بڕوایان وایە تەنیا سامان بەخششێکە شایانی شوکرانەیە. ئیتر ئەو چاوەی پێی ئەبینن نایبینن، کەچی دنیا پڕە لە نابینا، یا ئەو دەستەی پێی وەرئەگریت و پێی ئەبەخشی، لەملاشەوە دنیا پڕە گۆج و فەلەج، یان ئەو پێیەی پێی ئەڕۆی، لەملاوە دنیا پڕە لەوانەی ناتوانن بڕۆن و دانیشتوون…
ــ ئەی پەروەردگار سپاس بۆ تۆ، شوکرانە بژێری تۆین هەمیشە..
ـــــــــــــــــــــــــــــ

(وَكُلُّهُمْ آتِيهِ يَوْمَ الْقِيَامَةِ فَرْداً (95) مریم.. واتە”
هەموویان دێنە حزووری باری تەعالا ڕۆژی سەڵا بە تاک و تەنیا..

ــ هەروەها تۆش، ئاوا بە تەنیا دێیت!
بێ ئەو ماڵەی کۆت کردووەتەوە، بەبێ ئەو پلەی باشەی سەرقاڵی کردووی، بەبێ ئەو خێزانەی تۆ پشتت پێیان ئەبەست، تۆ و خوا و کردەوەکانت..
👌 کاتێ سوڵتان سولەیمانی قانوونی ڕاکشا لەسەر تەختەکەی بۆ مردن، بە دەوروبەرەکەی وت:
وەختێ مردم دەستەکانم لە تابووتەکە بێننە دەر، تا خەڵکی بزانن تەنانەت سوڵتانیش ئەم دنیایەی بەجێ هێشت بە دەستی خاڵی.

ـ کێشە نیە مرۆ بۆ ئەم دنیا تێکۆشێ
بەڵام بێ ئەوەی پەسڵانی لە بیرچێ
قەینا ماڵەکەی وەڕازێنێ و جوانی بکا
بەڵام بەو مەرجەی گۆڕەکەی لەبیر نەکا

ـ ئەدهەم شەڕقاوی

نمایش بیشتر

سعدی مرادی

استان کردستان - بانه مترجم و نویسنده دعوتگر و فعال دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا