فتاویمناسبت هامیلاد پیامبر

ئایا سازدانی یادی مەولودبیدعەیە؟

میلاد پیامبر

بیدعە بریتییە لەو عیبادەتکارییانەی لە کتاب و سوننەدا هیچ بنەڕەتێکیان نەبێ یان کاروکردەوەیەکە کە لە چوارچێوەی ڕێکاری عیباداتدا ئەنجامئەدرێ لە کاتێکدا موخالەفەی دەقێکی ئاشکرای کتاب و سوونە و کۆدەنگیی ئوممەت بکات و لە هیچ یاسایەکی ئسووڵی و فیقهیدا جێگەی نەبیتەوە بۆیە سازکردنی ئاهەنگی یادی مەولد نەک ناچێتە قالبی بیدعەوە بەڵکو کارێکی ڕێپێدراوو تەنانەت سوننەت و لە هەندێک حاڵ و کاتیشدا فەرزە. بەڵگەی ئەوەی کە بیدعە نییە ئەمانەی خوارەوەن :

یەکەم / بنەڕەتی کارەکە ڕێکاری سازدانی عیبادەتە نەک عیبادەتی دیاریکراو وەک نوێژو ڕۆژوو و حەج و جۆرەکانی تری عیبادات ، واتە ڕێکخستن و سازکردنی کەشی عیباداتە وەک ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا قورئان دەخوێنرێ و حەمدو سەنای خوا دەکرێ و نان دەدرێ و سەڵاوات ئەدرێ کە ئەمانە دەقیان لەسەرەو ئاشکرایە کە لە عیباداتە هەرە بەرزو پیرۆزەکانن . کەواتە ڕیکارەکەش کە هۆکاری ئەنجامدانی ئەو عیبادەتانەیە جائیزە وەک چوونی موسڵمان بۆ حەج بە فڕۆکەو کۆکردنەوەی فەرموودە لە کتێبداو هتد

دووەم/ لە سازکردنی کۆبوونەوەی مەولددا موسڵمانان گوێ لە فەرمایشت و ئامۆژگاری شەرعی دەگرن و وەک دائیرەیەکی کەسبی زانستی ئیسلامی کەڵک وەردەگرن کە ئەمەش پێچەوانەی بیدعەتە چونکە بیدعەت مرؤڤی ئیماندار تووشی نەفامی و دوورکەوتنەوە لە زانستی ئاینی دەکات .

سێیەم / بیدعەت دانراوی عەبدە بە داهێنراوێک کە شتێک بۆ ئاین زیاد دەکات لە کاتێکدا خواو پێغەمبەرەکەی صلی الله علیه وآله ئەمریان پێنەکردووە ، بەڵام ئەم جۆرە لە ئاهەنگ و کۆبوونەوەی ئیمانداران زیادکردنی شتێک نییە بۆ خودی ئاین بەڵکو داهێنانی ڕێگەیەکە لە شێوازو مۆدێلی حەمدو سەناکردنی خوا لەبەر نیعمەتەکانی کە دەچێتە بابی وەسیلەوە بۆ ئەنجامدانی کاری خێر .

چوارەم / مەرج نییە ئەوەی لە سەردەمی سەدری ئیسلام وسەحابەدا نەکرابێ جائیز نەبێ چونکە تەرکی شتێک مانای تەحریمی ئەو شتە ناگەیەنێ ، وەک کردنەوەی خولی فێربوون و قۆناغەکانی مەدرەسەی علمی و داهێنانی کۆڕو کۆمەڵەی بانگخوازی و سیاسی و ئیداری و هتد کە لەو مێژووە پاکەدا هیچ ئەسەرێکیان نەبووە .دوای ئەوەی بەو بەڵگانەی ئاماژەمان پێدان دەرکەوت کە یادکردنەوەی مەولدی پێغەمبەری ئەکرەم صلی الله علیه وآله وسلم بیدعە نییەو کارێکی ڕێپێدراوو ئاسایی  و شەرعیە ئیتنجا دێینە سەر سەلماندنی ئەوەی کە یادکردنەوەکە بە نیەتی حەمدو سەنای خوای پەروەردگار لەسەر نیعمەتی خەلق و پێغەمبەرایەتی حەزرەتی محمد صلی الله علیه وآله وسلم سوننەتیشەو یەکەمین جار لە خودی رسول الله وە ئەنجامدراوە ( صلی الله علیه وآله وسلم ) ئەوەش بە ڕۆژووگرتنی ڕۆژانی دووشەممان بە بەردەوامی تا وەفاتی ، کە پرسیاریشی لێکراوە بۆچی دووشەممان بەڕۆژوو دەبێت فەرموویەتی : لەو ڕۆژەدا لە دایکبووم و لەو ڕۆژەشدا سوپاسی خوا دەکەم ، واتە رۆژووگرتنەکەی بە شیوەیەکی دەوری حەمدو سەنای خودایە و لە هەموو رؤژێکی دووشەمماندا یادی ئەو نیعمەتە دەکاتەوەو یادکردنەوەکەیشی لەلای زاتی ئەو ڕۆژووگرتنە ، واە حەمدو سەنای خودایە لە ڕیگەی ڕۆژووگرتنەوە . کەوایە یادکردنەوەی لەدایکبوون بە بێ لەبەرچاوگرتنی چۆنیەتی یادکردنەوەکە شەرعیەتدانە بەوەی لە یادی ویلادەتی فەخری جیهاندا صلی الله علیه وسلم حەمدو سەنای خودا بکرێ بە عیبادەت و چاکەیەک رۆژوو گرتن بێ یان خواردن و نانبەخشین بێ یان سەڵاوات و باسی گەورەیی و وانەکانی ئەزموون و قۆناغەکانی سیرە بێت هەر ئەچێتە چوارچێوەی یادکردنەوەی دەوری و لە بنەڕەت و ناوەڕۆکی کارەکەدا پەیڕەوکردن لە سوننەتێک دەکرێ کە بریتییە لە سوننەتی حەمدوسەنای خوای تەعالا لە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری گەورەماندا صلی الله علیه وآله وسلم . سازکردنی بۆنەو یادکردنەوەی ویلادەتی گەورەی ئادەمیان صلی الله علیه وآله وسلم وەک لە سەرەتای قسەکانماندا ئاماژەمان پیدا لە هەندیک حالەت و سەردەم و قۆناغی میژووی ئوممەتی ئیسلامدا دەبیتە فەرزو واجبە کە موسڵمانان ئەنجامی بدەن وەک سەردەم و حاڵی ئێستای ئوممەتی ئیسلام .

لەگەڵ هاتنی ئیسلامدا بۆ ڕیبەرایەتی ئوممەتی ئیسلام و برەودان و بڵاوکردنەوەی ئیسلام و بە موسڵمانکردنی گرۆی ئادەمی و بە ئیسلامیکردنی تەواوی هەسارەی زەوی حوکمڕانییەک بە قیادەی خودی پێغەمبەری ئەکرەم صلی الله علیه وآله وسلم دامەزرا ، دواتر دەوڵەتی خیلافەی ڕاشدین و سەڵتەنەی ئەمەوی و عەباسی درێژەیان بەو ڕیبەرایەتیەی ئوممەت دا ، لە دوای کەوتنی دەوڵەتی عەباسیش دەوڵەتی مەمالیک نەیهێشت ئەو پایە ژیاریە ەتەواوی دوابڕاو ببێ و بەدوای ئەویشدا بێ بچڕان دەوڵەتی عوسمانییەکان دامەزراو توانی ڕیبەرایەتی ئوممەتی ئیسلام بە پەیڕەوی لە یاساکانی شەریعەت درێژە پێبدات تا لە ساڵی ١٩٢٠ ی زاینی بەتەواوەتی ڕووخاو لەو ڕۆژەوە تا ئێستا بۆ یەکەمین جار لە مێژووی موسڵماناندا ئەم ئوممەتە بێ سەرپەرشت و ڕێبەرایەتیە و لەوکاتەشەوە تا ئێستاسەدەیەک بەسەرئەو لێکهەڵوەشاوی و بێ سەرپەرشتی و فەوزا عەقیدەیی و فیقهی و بێسەروبەرییەی حاڵی ئیمانداراندا تێدەپەڕێ .

کەواتە ئێستاو لە سەردەمی هەنووکەدا ئوممەتی ئیسلام تەواوی پایە مەحکەمەکانی بونیادی عیززەت و سەرفرازی و  دەسەڵاتداری لەدەستاوەو تەنها شتێک کە ماویەتی لەسەرب بوەستێ و بوون و مانەوەی لەسەر بپارێزێ ، وەسیلەکانی دەعوەو دەرفەتەکانی تەبلیغات و گەیاندنی مەشخەڵ و دروشمە مێژووییەکانی ناو سیرەو سەردەمی زێڕینی خۆیەتی کە تەواوی  جیهانە عەقائیدی و شەریعەتی و ئەزموونە ژیارییەکەی هەر بۆ موڵکیەتی ئەو ەردەمە ئەگەڕێتەوە . زێڕینترین بەهاو هەبووی ئەو سەردەمەش بە ئێستاو داهاتووشەوە پێغەمبەرایەتی حەزرەتی موحەممەدە ( صلی الله لیه وآله وسلم ) کە ئەگەر ئەو ناونیشان و فەخرە گەورەیە بە زیندوو ڕابگیردرێ و هەمیشە لە یادو یادەوەریماندا بێ و کۆڕو کۆبوونەوە لە پێناوی زیکرو باسی ئەودا بگێڕین ئەوا ئیسلامەکەمان و ئوممەتەکەمان قازانج دەکات و خەرمانەکە هەر دەچێتە عەمباری دینەکەمانەوە . لەم سەردەمەدا کە بەرەی ناحەز هەمیشە خەریکی تەوهین و تانەو تەشەرو کاریکاتێرو لەکەدارکردنی ئەو سەروەرەمانن ( صلی الله علیه وأله وسلم ) دەبێ و واجبە لەسەرمان کە بە یادکردنەوەی ئەو زاتەو بەرزڕاگرتنی ناوی وەک خوا دەفەرموێ ( و رفعنا لک ذكرك ) دەرفەتی بۆنەی مەولدی پێغەمبەری ئەکرەم ( صلی الله علیه وأله وسلم ) بقۆزینەوەو بە باسکردن و بەرز ڕاگرتنی خۆی و تەبلیغاتی دینەکەی لە میانەی کۆڕو کۆبوونەوەی یادی مەولووددا کەلیمەی الله و دینی ئاخر زەمان سەربخەین .. ئەمە جگە لەوەی شادیدەربڕین بە بەخشین و نازڵبوونی ڕەحمەت و نیعمەتەکانی خوای پەروەردگار کە خودی پێغەمبەر صلی الله علیه وآله گەورەترین ڕەحمەت و نیعمەتە وەک دەفەرموێ ( و ما ارسلناک الا رحمة للعالمین ) ئەمرێکی ئیلاهی یەو لە قورئاندا بەیانکراوە ، ئەوەتا لە سورةتي ( يونس ) دا هاتووة : ( قُلْ بِفَضْلِ اللَّهِ وَبِرَحْمَتِهِ فَبِذَٰلِكَ فَلْيَفْرَحُوا هُوَ خَيْرٌ مِّمَّا يَجْمَعُونَ ) .

هەروەها لە ئەمرێکی تری قورئانیدا هاتووە کە باس و یادی نیعمەتەکانی خوای تەعالا بکەین وەک دەفەرموێ : ( وأما بنعمة ربک فحدث ) ، کە مەعلومیشە گەورەرین نیعمەت بۆ ئوممەتی ئیسلام لە دنیاو قیامەتدا حەزرەتی فەخری کائیناتە ( صلی الله علیه وأله وسلم ) . کەواتە سازکردنی یادی مەولد بۆ ئێمەو زەمانی ئێستامان وەسیلەیەکە بۆ دەعوەو گەیاندنی دین و بە زیندوومانەوەی ئوممەتەکەمان بۆیە لەم دیدگایەوە  بەجێهینانی ئەو مەراسیمە پڕ شکۆیە واجبەو لەسەرمانە کە هەر دوانزە مانگەکەی ساڵ بە گشتی و لە مانگی ربیع الاولدا بەتایبەتی شەوو ڕۆژەکانمان بە یادکردنیەوەی لەدایکبوون و هەبوون و ناردنی پێغەمبەری گەورەی ئاخرین زەمانی دنیا ئاوەدان بکەینەوە.

.نوسینی : مامۆستا ئامانج قادر صالح

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا