خبرها،نظرها

پەیامی قوڕئانی بەشی  [١٧]

پەیامی قوڕئانی بەشی  [١٧]

سعدی مرادی

(مَن كَانَ يَرْجُو لِقَاء اللَّهِ فَإِنَّ أَجَلَ اللَّهِ لَآتٍ وَهُوَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ (5) عنکبوت / واتە”

هەر کەس بە تەمای دیداری ئەڵڵا تەعالایە، با بزانێ ئەو کاتە دیاری کراوە دێت و هەر ئەویشە بیسەر و زانا..

ـ وانە:

1⃣ دڵی شەیدایانی ئەسرەوێنێ، تاسەباریان بەرەو هەستان شارەزا ئەکات، یادەوەریان پاک و بۆن خۆش دەکات.
ـ دڵدانەوەیان ئەکات لەو شتانەی عادەتەن خەڵکی سڵی لێ ئەکەن! وەک بڵێی ئەفەرمێت بە ئەویندارانی: هیچ شتێک ئێوەم لێ دانابڕێ مەرگ نەبێ.
ـ ئەوەش مانای ئەوەنیە مرۆ نابێتە بڕواداری ڕاستەقینە مەگەر ئەوەی حەتمەن حەزکات بە مردن!

2⃣ دنیاویستی و ژیان دۆستی واڕسکی مرۆڤیە.
ـ بڕوادار و کافر لەمە یەکسانن..
ـ دایکە عائیشە عەرزی پێغەمبەری [دخ] خوای کرد سەبارەت بەم فەرموودەی ئەڵڵا تەعالا:
دیداری خوایان ناوێ، خواش چارەی ئەوانی ناوێ!،
ـ فەرمووی: جا کێمان مردنی پێخۆشە؟
ـ فەرمووی پێی: مەبەستەکە ئەوە نیە ئەی عائیشە!
ـ ئاگاداری کردەوە” مرۆڤ شوێنی خۆی ئەبینێ لە دۆزخ یا لە بەهەشت پێش ڕۆح دەرچوونی. جا کافر شوێنی خۆی ئەبینێ پێی ناخۆشە بە حزوری خوا بگات بۆیە خوای پاک و بێگەردیش زۆرتر لەو مەیلی لە دیداری نیە!.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(فَكَيْفَ إِذَا جِئْنَا مِن كُلِّ أمَّةٍ بِشَهِيدٍ وَجِئْنَا بِكَ عَلَي هَـؤُلاء شَهِيداً (41) نیساء/ واتە”
چۆنەبێ ئەو کاتەی لە هەموو ئۆمەتێ شاهیدێ دێنین و تۆش دێنین بەسەر ئەمانەوە وەک شاهید..

ـ وانە”

1⃣ گەورەترین شاهیدی، لە گەورەترین دۆسیەدا، لە مەزنترین دادگەدا، لەلای بەرزترین دادوەر! ئەوە دۆسیەی بوونی مەزنە، کە بە تاک ڕاگرتنی زاتی ئەڵڵایە لە خوایەتی و پەروەردگاریەتیدا (ربوبیت و الوهیت).

2⃣ لەبەر خاتری ئەوە ئەرز و ئاسمان سازکراوە، پێغەمبەران نێردراون، پەڕاوەکان دابەزیون، تەرازوو دانراوە، حیسابیش دابینکراوە، ئەوەیە هۆی دروستکردنی جنۆکە و مرۆڤ. ئەگەر مەیلیشت لێیە ئەم ئایەتە وەخوێنە (وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ (56) ذاریات…
بەڵام هەر بە ڕەحمی خۆیەتی ژیانی دنیای گوێڕایەڵی داناوە بە خواپەرەستی.
ـ پەیدا کردنی ڕسق و ڕۆزی بە حەڵاڵ خواپەرەستیە..
ـ ئەو پاروەی پیاو بەرزی ئەکاتەوە بۆ دەمی خێزانی خێرە..
ـ چاکە لەگەڵ دراوسێ عیبادەتە..
ـ ڕاماڵینی کۆسپەکانی سەر ڕێگە عیبادەتە..
ـ بزەی لێو بەڕووی مرۆڤ‌دا خێر و سەدەقەیە، بەڵکوو لە نزیکی هاوسەران خێر هەیە! پێیان سەیربوو و پرسیان: جا چۆن؟ فەرمووی: ئایا ئەگەر لە شوێنی حەرامدا داینێ گوناحی ئەگاتێ؟ هەروەها ئەگەر لە شوێنی خۆیدا دایبنێ پاداشی هەیە..

3⃣ گەورەترین شاهید؛
پێغەمبەر [دخ] بە ئیبنومەسعوود ئەفەرمێ: وەخوێنە بۆم،
ـ عەرزی کرد: قوربان بۆت وەخوێنم و بۆ بەرێزیشت دابەزیووە؟!
ـ فەرمووی: پێمخۆشە لە کەسانی تریشەوە گوێم لێ بێت. سوورەی نیسائی بۆ خوێندەوە، کاتێ گەیشتە ئەم ئایەتە فرمێسک بە چاویدا هاتە خوارەوە، فەرمووی: بەسە.
هەموو پێغەمبەرێ لە دادگەی گەورەدا شاهیدی ئەدات کە پەیامەکەی گەیاندووە، شاهیدی گەورە ئەدرێت لە لایەن زاتە مەزنەکانەوە لەڕووی ئەخلاق و مەقامەوە. ئەڵێت: پەروەردگارا” گەیاندیان. چەندە بەرزە ئەم پلەیە! ئەوە لێدوانێکی پیرۆزە، نابینی لەودا شتێ ناڕێکی ڕەوشتی بێ [دخ] بێجگە لە لێدوانی ئەرک نەبێ [خطاب التکلیف].
ـ هەست بە گەورەیی ئیشەکە ئەکات و ئەگریت!.

4⃣ گەورەترین دادگە و دادگایی”

ـ لەوێ پێست و چەرم دێنە وتە بەوەی هەستی پێ ئەکەن
ـ چاوەکان دێنە لێدوان بەوەی دیویانە..
ـ پێکان شاهیدی ئەدەن بەوەی بۆی ڕۆشتوون..
ـ دەستەکانیش دیان ئەنێن بەوەی کردوویانن..
ـ لەو کاتەدایە مافەکان ئەدرێن، پارێزەری لێنیە ڕاستیەکان ئاوەژوو بکەن، دۆسیەکان داناخرێن لەبەر نەبوونی بەڵگە، لەوێ هەموو کەس مافی خۆی وەرئەگرێ و تەمەکان لەسەر ئەڕەوێتەوە. لە حاڵێکدا نە دیرهەمی لێیە نە دینار!
ـ دادگە کۆتایی پێ نایەت تا تۆڵە بۆ قۆچی بێ قۆچ نەستێنرێ لە بەرانی شاخدار! تەنانەت ئەو مێیەی خۆی بەهێز زانیوە بەرابەر ئەو مێ کۆڵە بێ شاخە، لە تۆڵەدا کە شاخ بە شاخ بکرێن.

5⃣ مەزنترین دادوەر!

دەسەڵاتداری [جبار] ئەرز و ئاسمان دێتە پێش بۆ لێپرسینەوە! هیچ کەس نیە حەتمەن خوای گەورە قسەی لەگەورە قسەی لەگەڵ ئەکات بێ دیلمانج! پێی ئەفەرموێ:
(اقْرَأْ كَتَابَكَ كَفَي بِنَفْسِكَ الْيَوْمَ عَلَيْكَ حَسِيباً (14) اسراء..
👌 با ئەوە بنووسین سبەی ڕوومان بێت وەیخوێنین لە حزووریا بە شادی و دڵشادییەوە..
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(وَمَا يَعْلَمُ جُنُودَ رَبِّكَ إِلَّا هُوَ) ٣١ مدثر/ واتە”
جگە لە خۆی ـ خوداـ کەسی‌تر نازانێ سپا و لەشکری پەروەردگارت چەندەیە!!

🌺 وانە”

1⃣ بە ئاو تۆڵەی ساندەوە بۆ حەزرەتی نووح [دخ] ـ بە ئاگر ڕاستی سەلماند بۆ حەزرەتی ئیبراهیم [دخ] ـ بە نەهەنگ پاراستی حەزرەتی یوونس [دخ] ـ بە قرپۆق و خوێن و ئەسپێ بەگری کرد لە حەزرەتی مووسا [دخ] ــ بە تەونی جاڵجاڵۆکە شاردیەوە حەزرەتی موحەممەد [دخ]

2⃣ ئەوجا پێچەوانە؛
ــ بە دەریا و زەریا فیرعەونی نوقم کرد.
ــ بە مێشوولە نەمروودی ڕسوا کرد.
ــ بە مشک بەنداوی مەئریبی مەترسیدار کرد.
ــ بە خۆرکە پەیمان نامەی قوڕەیشی هەڵتەکاند.
ــ لەسەر وروودی مەککە فیلی حەبەشەکیان مانی گرت، لە حاڵێکدا ئەهلی مەککە هیچ هێزی لەشکریان نەبوو، بەڵام خاوەنی مەککە سپای بوو. ڕێی نێوان ئەبرەهە و ماڵی خواوە ڕەهاکرد.
پاشان عەبدولموتەلیب لە دوورەوە وەستا، شمشێرەکەی لە کالان دابدوو، ئەم نزا مەشهوورەی بە ئاشکرا کرد:
(اللهم ان العبد یمنع رحله، فامنع رحالک)
واتە؛
پەروەردگارا” بەندە بە بێ دەسەڵاتی خۆی بەرگری لە شوێنی خۆی ئەکات، تۆش ماڵی خۆت بپارێزە، سەلیب و فێلکاریان زاڵ نەبێت،  عوزر چارە نیە! ئەگەر وێڵیان کەیت و قیبلەکەمان نەپارێزی، تازە قەت دەستوور و ئەمری تۆ دەرناکەوێ.
ـ پارانەوەکەی گیرا کرد و چۆلەکە وردەی ناردن [ابابیل]..

3⃣ پاکی  بۆ زاتی ئەڵڵا ئاو و ئاگر، مێش و مێشوولە، کولە و ئەسپێ، بۆق و مار، مشک و خۆرکە، پەلەوەر و خوێن، ئەکاتە لەشکری خۆی!.
ـ ئەم بوونەوەرە لەشکریەتی
ـ ئەم گەردوونە خزمەتگوزاریەتی
ــ تەپڵی شەڕ بەرەو ڕووی دوژمنانی لێئەدا بە لاوازترین دروستکراوانی، ئەمری وی بۆ ملهوڕان بەس وشەی بوونە (کن فیکون)!
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(قَالَتْ فَذَلِكُنَّ الَّذِي لُمْتُنَّنِي فِيهِ وَلَقَدْ رَاوَدتُّهُ عَن نَّفْسِهِ فَاسَتَعْصَمَ وَلَئِن لَّمْ يَفْعَلْ مَا آمُرُهُ لَيُسْجَنَنَّ وَلَيَكُوناً مِّنَ الصَّاغِرِينَ (32) یوسف../ واتە”

ـ زولەیخا وتی: ئەوە ئەو کەسەیە کە ئێوە منتان سەبارەت بەو لۆمە کرد، بە ڕاستی لێدوانم لەگەڵ کردووە سەبارەت بە خودی خۆی، بەڵام ئەو خۆی پاراستووە، ئەگەر بێتوو ئەوە نەکات کە دەستووری پێ ئەدەم؛ بە دڵنیاییەوە لە گرتووخانەی توند ئەکەم و پاشان بچێتە ڕیزی بێ ڕێزەکانەوە..

🌺 وانەکان”

1⃣ دوو ئافرەت لە میسردا لە ماڵی هەرکامیان پێغەمبەرێک پەروەردە کرا!
١ـ زولەیخا خێزانی عەزیزی میسر لە ماڵیدا یووسف بەخێو کرا و گەورە بوو.
٢ـ ئاسیەی خێزانی فیرعەون لە کۆشکەکەیدا مووسای پەروەردە کرد.
ـ هەر دووکیان دەسەڵات و پلە و کەسایەتیان مسۆگەر کرد، بەڵام لە پارێزگاری و ئیمان و چاکەدا لێک جیابوون..

2⃣ زولەیخا خێزانی عەزیزی میسر بوو؛ دووەم پیاوی حکومەت، بەپێی سیستمی سیاسی حکومەتی فیرعەونەکان.
ـ لەملاشەوە ئاسیە هاوسەری فیرعەون بوو؛ یەکەم پیاوی دەسەڵات بە گوێرەی ڕیزبەندی ڕامیاری لە میسری کۆندا،
ـ یا بە پێی ئایینی خوایان بوو!.
ــ واتە ئاسیە خانم پلەی گەورەتر و پایەبەرزتر بوو لە زولەیخا، هەر چەند لە دوو زەمانی جیادا ژیاون.

3⃣ پاشان حەزرەتی یووسف [دخ] بە چەندین سەدە پێش حەزرەتی مووسا [دخ] ژیاوە. هەروەها زولەیخاش پێش ئاسیە خاتوون بووە.
ـ جا هەردوکیان پێغەمبەرێکیان پەروەردە کرد لە کۆشکی خۆیاندا، هەر لە ساتە وەختی دەرهاتنی نینۆکیانەوە تا بوونە پیاوێکی کامڵ و جوامێر..

اـ ئنجا زولەیخا یووسفی بەخێو کرد بە مناڵی پێش ئەوەی بگاتە دە ساڵی. دوای ئەوەی عەزیزی میسر کڕی و بە دیاری دای بە زولەیخا.

ب‌ـ بەڵام ئاسیە هەر بە کۆرپەڵەیی مووسای لە ئامێز گرت، دوای ئەوەی خوای گەورە سرووشی نارد بۆ دایکی کە شیری بداتێ و بیخاتە ناو سنووقێکەوە و دەم ئاوی نیلی بدات!.

ج‌ـ زولەیخا هەوەس بەسەر دایکایەتی دا  زاڵبوو، داوای کرد لە یووسف وەک چۆن هاوسەران داوای یەکتری دەکەن!!.

دـ ئاسیە خاتوون سۆزی دایکایەتی زاڵبوو بەسەر دوژمنایەتی‌دا، داوای کرد لە مووسا بە داوای دایکانە.
چاودێری کرد و گرنگی پێدا و بە پێڵووی چاو ئەی پاراست و بە خۆیەوەی ئەگووشی پڕ بە دڵ..

هـ ـ زولەیخا یووسفی خستە کونی زیندانەوە،
ئاسیە نەیهێشت و مووسای ڕزگار کرد لە سەربڕین.
ـ زولەیخا دنیای ویست، بەڵام ئاسیە دواڕۆژ..

وـ زولەیخا ئیمانی بە یووسف نەهێنا تا دەورانی پیری! وای لێهات بووە پیرەژنی پەک کەوتەی زەلیلی کوێری بێوەژنی بێ دەسەڵاتی بێ سەروەت و سامان.
ـ بەڵام ئاسیە باوەڕی بە مووسا هێنا لە یەکەم ڕۆژەوە کە بانگی کرد بەرەو خواناسی.

زـ زولەیخا ئارەزوو بازییەکەی بووە هۆی جیایی نێوان خۆی و مێردەکەی.
ـ بەڵام ئاسیە، ئیمانەکەی بووە هۆکاری جیاکاری نێوان خۆی و مێردەکەی!.

ح‌ـ زولەیخا مرد لە حاڵێکا شووەکەی لێی تووڕە بوو، بەڵام ئاسیە وەختێک مرد خوا لێی ڕازی بوو..

ـ باوەڕی وابوو سەربەرزی ڕاستەقینە سەربەرزی دواڕۆژە، بۆیە هەمیشە ئەپاڕاوە (رَبِّ ابْنِ لِي عِندَكَ بَيْتاً فِي الْجَنَّةِ)11 تحریم.. وەختێک فیرعەونی مێردی زانی  ئیماندارە لە قەنارەی دا.
ـ ساتێ گیان دانی زەردەخەنە گرتی چونکە ماڵەکەی خۆی لە بەهەشت‌دا چاو پێکەوت.

4⃣ ماڵ و سەروەت مرۆڤ بۆگەن ناکات، نەداریش چاکی ناکات. گرنگ نیە مرۆڤ لەگەڵ کێ ژیان ئەکات بەڵکوو چۆن ئەژی؟!

ـ ئافرەتێک مێردەکەی بڵێ: من پەروەردگارتم! بەیانیان و ئێواران کوڕنووشی بۆ خوا ئەبرد و ئەیوت: [سبحان ربی الاعلی و بحمدە]. بۆیە گرنگ نیە لەگەڵ کێ ئەژیت یان چۆن ئەژیت؟ ئاسیە لە کۆشک و سەرای ئەودا ئەژیا و دڵی بەسترابوەوە بە ماڵەکەی لە بەهەشت..
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(هُوَ الَّذِي يُصَوِّرُكُمْ فِي الأَرْحَامِ كَيْفَ يَشَاءُ لاَ إِلَـهَ إِلاَّ هُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ (6) آل عمران/ واتە”

بەڕێزیان؛ ئەو زاتەیە وێنەتان دەکێشێ لە ناو مناڵدان‌دا چۆنی مەیل بێت، هیچ ئیلاهێک نیە جگە لە ئەو، کە زاڵ و کاربەجێیە..

👈وانە”

1⃣ بە ڕاستی خوای گەورە جوانی دابەش کردووە لەناو خەڵکی دا وەک چۆن ڕزقی دابەش کردووە!
ـ هەرکەسی بێ نیاز کردبێ ئەوە لە گەورەیی خۆیەتی.
ـ هەرکەسیشی هەژار کردبێ، ئەوە لە نەداری ئەو نیە، بەڵام هەموو شتێک لای ئەو بە ڕێژەیە..

2⃣ هەروەها جوانی..
ـ جا هەرکەسی جوان ئافراندبێ ئەوە خاڵێکە لە دەریای داهێنانی خۆی.
ـ هەر کەسێکیشی کەمتر جوانی پێدابێ، ئەوە لە بێ دەسەڵاتی نیە بەس ئەوندەیە هەموو شتێک لای ئەو ڕێژەیە [اندازە].

3⃣ جا ئەگەر جوانیەکەت لەخۆبایی کردیت، لە بیرت بێ کە ڕۆژێک لەسەر ئەم زەویە کەسێک بووە جوانیەکەی خەیاڵی بووە! جوانیەکەی بە ڕێژەیەک بووە ئافرەتان دەستیان بڕیووە و سەیریان کردووە بۆی!.

ـ ئەگەر بەس زولەیخا دەستی ببڕیایە ئەوە تەنیا یەک ئافرەت بوو کەوتبوە داوی پیاوێکەوە و تووشی تاقیکاری هاتووە…

4⃣ جاری وایە جوانی ڕێژەییە [نسبی]”
ـ ئەوەی تۆ پێت جوانە، غەیری تۆ پێی عادییه، بەڵام گەر هەموو ئافرەتانی حازر دەستیان ببڕن بێ ئەوەی پێ بزانن، ئەوە یانی جوانی یووسف هەموو کۆکن لەسەری! ئەوندە دڵگر و جوان بووە لە حەددی فیتنەدا بووە.!! جوانیەکی ئاوها لە ڕێژەی بێ هۆشیدا!!!
جوانیەکی وا زۆر، گومانت بۆ دروست بێ لە مرۆڤایەتیەکەیدا [مَا هَـذَا بَشَراً]..

5⃣ پاشان ئەم جوان خاسە دڵڕفێنە چی کرد؟

ـ ئەو دڵگر بوو بە ڕەوشتی پێش ڕوومەتی..

ـ ڕازاوە و ناوازە بوو بە دڵی پێش قیافەی..

ـ ئەو لە بەندابوو داوای لێکدانەوەی خەونەکانیان لێ دەکرد لە حاڵێکدا چاکەکار بوو.

ـ ئەو سەروەری میسرێ بوو، داوای سەدەقەیان لێ دەکرد چونکە لە ڕیزی چاکاندا بوو.
ـ پلەوپایە نەی گۆڕابوو، شوێن و مەکان بایی هەوایی نەکردبوو. بەسەر کێڵگە و کشت و کاڵدا ئەگەڕا، سیلۆی گەنمی دروست دەکرد تا داهاتی خەڵکی بپاراستایە.
ـ حەوت ساڵان خواردن و خۆراکی خەڵک و کۆمەڵگەی بە شان و باڵ هەڵگرت..

👌 ئەوەیە جوانی حەقیقی.!!

6⃣ هەر لە ڕەحمی خوایە وەختێ جیاوازی خستە ناو جوانیەکان جیاوازیشی خستوەتە ناو سەلیقەکانەوە..
ـ کەمترین جوانیش هەبێ کەسانێک هەن پێیان جوانە و لایانگری ئەکەن..
ـ پیاوی وایە ئافرەتێک ئەبینێ شەیدای ئەبێ، بەڵام بەلای پیاوانی‌ترەوە ئاساییە!
ـ یان پیاوی وایە ڕێک و پێک و شۆخ و شەنگە لە چاو ئافرەتێکەوە بەڵام بەلای ئافرەتانی‌ترەوە ئاساییە..

7⃣ بەڵام ئەبێ بزانین شتێک هەیە بە ناوی خووگرتن [الفت].
ـ پاکی بۆ خوای گەورە ئەگەر جیاوازی سەلیقە نەبوایە کالاکە ئەڕزا و بۆنی ئەکرد و بێ سوود ئەمایەوە..
ـــــــــــــــــــــــــــــــــ

(وَلَقَدْ نَعْلَمُ أَنَّكَ يَضِيقُ صَدْرُكَ بِمَا يَقُولُونَ (97) حجر/ واتە”

دڵنیابە ئەزانین تۆ دڵت تەنگ ئەبێ بە هۆی ئەو قسانەی ئەیڵێن..

🌺وانە”

1⃣ وتەی ڕەق خەڵکی دڵ بریندار ئەکات وەک دڵ ئازاریان ئەکات لێدانی شمشێر..

ـ وتەی شیرین کامەرانیان ئەکات وەک دیاری خۆشحاڵیان ئەکات!

2⃣ پێغەمبەر [دخ] سرووشی بۆ ئەهاتە خوار، جوبرەئیل ئەهاتە خزمەتی و ئەیبرد بۆ قودس تا نوێژ بکات بۆ گشت پێغەمبەران وەک پێشەوا و ڕێبەری مرۆڤ بگرێتە ئەستۆ..
ـ پاشان ئاسمان ئاسمان ڕۆشتە سەرێ،
گەیشتە کۆتایی سیدرە،
چووە جێگەیەک تا ئێستا هیچ پێغەمبەرێک و فریشتەیەکی پلە بەرز نەچووە پێش ئەو!
ـ خوای گەورە چاوگەی کەوسەری پێ بەخشی،
ـ ناوی کردە هاوناوی خۆی،
ـ لەگەڵ ئەوەشدا وشەی ناحەز دڵ تەنگی ئەکرد! دەی کەسانی‌تر زیاتر ناراحەت ئەبن و پەرۆشی ڕوویان تێ دەکات.

3⃣  هەموو وتارێک دوو بەشی هەس”

١ـ چەمک، مژار
٢ـ شێواز، مێتۆد

ا‌ـ جا ئەگەر چەمکەکەی جوان داڕێژرا، ئەوە بە شێوازی ناشرین خەراپ نابێ!
ـ لە بیرت بێت ئەو کەسەی ئەیگۆت: ئەمن پەروەرێنی ئەنگۆمە، خوای گەورە پێغەمبەرێکی بۆ لای نارد تا بە وێژەی نەرم بیدوێنێ!.

ب‌ـ بەڵام ئەگەر مژارەکە ناحەز بوو ئەوە دوو چتی دزێو لێت خڕ نابنەوە، واتە ناپەسەندی چەمک و میتۆد.

4⃣ وتەت بجوو پێش وتنی”
ــ گەر تامی لە دەمتا خۆشبوو ئەوە لە گوێی خەڵکیشدا ئاوا دەبێت، هەروەها ئەگەر تاڵبوو لە گوی خەڵکیدا هەروا ئەبێت..

5⃣ ڕاستیەکەی ئەوەیە؛ تۆ بێ نیازی لە وشە و وتەی ڕەق و نەشیاو، ئارمانجی بەرز و ڕازاوە بە شێوازی ناپەسند نایێتە دی.
ـ پێویستە ڕەوشەکان شایستەی ئامانجەکان بن.
ـ کەواببوو هیچ هەقێک مەزنتر نیە لە بانگەوازی پێغەمبەران [دخ]، لەگەڵ ئەوەشدا خوای گەورە پێیان ئەفەرموێ:
(وَلَوْ كُنتَ فَظّاً غَلِيظَ الْقَلْبِ لاَنفَضُّواْ مِنْ حَوْلِكَ) ١٥٩/ ال عمران. واتە”
ئەگەر تۆ ڕقن و تووڕە بوویتایە دەوروبەرتیان چۆڵ ئەکرد و کەسی لێ نەئەما..

نوسه ر: شەرقاوی

#سەعدی مرادی

نمایش بیشتر

سعدی مرادی

استان کردستان - بانه مترجم و نویسنده دعوتگر و فعال دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا