ادبیات

جوانترین فرمیسکه کان

جوانترینى فرمێسکەکان

هەڵاڵە محەمەد ئەڵماس

یەکێک لەو نیعمەتانەى خواى گەورە بەخشیویەتى بە مرۆڤەکان، بەخشینى ڕشتنى فرمێسک و ئەشکى چاوەکانە، فرمێسک لاى مرۆڤەکان بەهاى خۆى هەیە و هەر کەسە لەلایەن خۆیەوە پێناسەى تایبەتى بۆ فرمێسکەکانى دەکات.

 لەم بابەتەدا ئایینیش ووتەى تایبەتى خۆى لەمەڕ فرمێسکەکان هەیە و لە فەرموودەکانى پێغەمبەر(دروودى خواى لەسەر بیت) گوزارشتى لێ کراوە.

پێغەمبەرى ئازیزمان(د.خ) دەفەرمووێت: «عَینانِ لا تمسهما النار، عین بکت فی جوف اللیل من خشیۀ الله، وعین باتت تحرس فی سبیل الله» (رواه الترمذى و صححه الالبانى).

واتە: دوو چاو بە ئاگر ناسوتێ و ئاگرى بەر ناکەوێت، چاوێک لەنیوەى شەودا ئەشک بڕژێ لەترسی خوا و چاوێکیش لەپێناوى خودادا پاسەوانى بکات. یه‌زیدی کوڕی مه‌سیره‌، یەکێک لە زانایانه و جۆرەکانى گریان و فرمێسکى کردووە بە حەوت جۆر و دەڵێ: گریانى خۆشى، گریانى دڵتەنگى، گریانى ترس و ئازار و گریانى ڕووپامایی، سوپاسگوزارى و گریانێ لەترسی خواى گەورە…

لە فەرموودەى سەحیحدا ئاماژە بە گریان و فرمێسک کراوە، لە ناو ئەو حەوت کۆمەڵەى کە لە ژێر سێبەرى عەڕشى پەروەردگاردا کە هیچ سێبەرێک نییە لە ڕۆژى لێپرسینەوە و حیسابدا، کەسێکە کە یادى خوا دەکات (پەیمان و سزا و پاداشت)، چاوەکانى فرمێسک دەرێژن.

هەروەها ئەبو هورەیرە لە پێغەمبەرەوە(د.خ) فەرموویەتى:«کل عین باکیه یوم القیامه الا عیناً غچت عن محارم الله و عین سهرت فی سبیل الله و عین یخرج منها مثل رڕس الذباب من خشیە الله تعالى.[

گریانێ لەبەر خوا لە چاوەکان بڕژێ، لە ترسى خوا بە ناڵە ناڵ بێتە دەرەوە و لەبەر فرمانى ئەو دابخرێ، لەو چاوانەن کە لە ڕۆژی گریان و ترسى وەرگرتنەوەى تاقیکردنەوەى گەورەى ژیان و وەرگرتنى نامە و تیانووسی بڕوانامەى سەرکەوتن، ئەوانە ناگرین و خۆشی و شادى بە ڕەنگ و ڕووخساریانەوە دیارە و دەدرەوشێنەوە، هەموو کەسێک دەگرى و فرمێسک دەڕێژێ و عارەقی خەجاڵەتى لە تاوان و هەڵەکان دەڕژێنێ، تەنها ئەو کۆمەڵانە نەبێت کە پێغەمبەرى پێشەوامان(د.خ) ئاماژەى بۆ کردووە.

مرۆڤ هەندێ جار حەزى لە گریانە، وەک گریانى مناڵ کە چۆن دەگرى بۆ باوەشی گەرم و میهرەبانى دایکى یان کە منداڵ برسی دەبێت یا جێگەیەکى ئازارى هەیە… کە جارجار  وڕک دەگرێت هەر ژیر نابێتەوە.

منداڵ ئەوەى دەیەوێت بە گریان گوزارشتى لێ دەکات، کەواتە گریان نیعمەتێکە لە نیعمەتەکانى خواى باڵادەست لەسەر مرۆڤەکانی گەورە یا بچووک.

گەورەیەک دەگرى و فرمێسک دەڕێژێ بۆ لەدەست‌دانى کەسێکى ئازیز و خۆشەویستى یا جیابوونەوە و دوورکەوتنەوەى هاوڕێکەى یا دوورکەوتنەوەى ئازیزان… هتد.

کەواتە لە گریان و ڕشتنى ئەشکى چاوەکاندا عەیبە و نەنگێ نییە، چونکە بەڕشتنى ئەو گەوهەرانەى چاو بەشێکى خەم و خەفەت دەڕوات و ڕۆح ئاسوودە دەبێت.

مەرج نییە گریان هەمیشە گوزارشت بێت لە ترس و لاوازى، بەڵکو گوزارشتە لەوەى‌کە لە ناخی دایە، لە ئازار و ناڕەحەتى و نەهامەتییەکانى ژیان.

وێنایەکى باوە کەسێک بگرى، ئه‌وه‌ قسەیەک ئەزیەتى داوە یا هەستى بریندار کراوە، وتەیەک ویژدانى هێناوەتە ژان، یا کەسێکى عەزیزى لەدەست داوە…

بۆیە گریان لاى مرۆڤ کاتێک بریندار دەکرێت، یا کارێکى ناشایستەى بەرامبەر دەکرێت لەلایەن کەسێکەوە خۆشى دەوێت و ئەم ناتوانێ خراپ بێت بەرامبەرى، بۆیە پەنا بۆ گریان دەبات…

لە کاتى بوونى ژان و ئازاردا فرمێسک خەزان دەکات، لە هەمان کاتدا لە ساتەوەختى خۆشی و ئاسوودەییدا ئەشکى خۆشى بەچاوەکانیدا دەبارێت، بۆیە دواى ڕژاندنى فرمێسکەکان مرۆڤ هەست بە ئاسوودەیی و سووکنایى ڕۆح دەکات.

شتێکى‌تر کە گرنگە ئاماژەى بۆ بکەین، مرۆڤ بوونەوەرێکى لاوازە هەرچەندە پلە و پایە و پۆستى بەرزى هەبێت، خودا ئاماژەى بەم ڕاستیە کردووە «و خلق الانسان چعیفاً» لە ساتە ناڕەحەت و ئازاربەخشەکاندا فرمێسک دەڕێژێ. هەرچەندە لاى ئێمە ئاسایى و باو نییە که ببینین پیاوان فرمێسک بڕێژن!! دەگونجێ بەسەدان جار مرۆڤ لەناو ناخیدا فرمێسکى خوێنین بڕێژێ، بەبێ ئەوەى کەس هەستى پێ بکات.

گەر سەیرى جۆرى فرمێسکەکان بکەین، دەبینین باشترین و بەبایەخترین و پیرۆزترین فرمێسکەکان ئەو فرمێسکانەیە کە هۆن هۆن و لە ترسى خوا و شەوق بۆ گەیشتن بە لیقاى خوا دەڕژێن.

یەکێک لەپیاو چاکان دەڵێ: پێم گەیشتووە هەر بەشێکى لاشەى مرۆڤ کە ئەو فرمێسکەى بەرکەوێت کە لە ترسى پەروەردگارى دەیڕێژێ، خواى گەورە حەرام و یاساغی کردووە کە نابێ ئاگرى بەر بکەوێ.

ئەشکەکان دڵ دەشۆرن و پاکى دەکەنەوە، دەروون دەشۆرن و ڕوونى دەکەنەوە، ڕۆحیش دەشۆرێ، واى لێ دەکەن بەرەو بەرزاییەکانى بەهەشتى دەبەن هەرچەندە لاشەشى لەژیاندا بێت.

کەواتە ئەشکى چاوەکان مرۆڤەکان بەرەو:

۱ـ هیدایەت دەبات: «وَ یَخِرُّونَ لِلأَذقَانِ یَبکُونَ وَ یَزِیدُهُم خُشُوعًا» (سورەتى الاسرا:۱۰۹)

واتە: بە گریانەوە لەپەوڕوو بۆى دەکەون، ملکەچى و فەرمانبەرداریان بۆ زیاد دەکات (تیشکێک لە قوڕئانەوە).

۲ـ نوور و ڕووناکى‌یە: پێغەمبەرى پێشەوامان دەفەرمووێت: «لا یلج النار رجل بکى من خشیە الله حتى یعود اللبن فی الچرع، ولا یجتمع  غبار فی سبیل الله ودخان جهنم»(رواه الترمذی و قال حدیث حسن صحیح (۱۶۳۲)

فرمێسک ناسکیەکە دڵ ئاوەڵا دەکات لە ئەنجامى ترس و بیم و ڕەحمەت و شەوق و خەم، کە داگیرسێنەر و سوتێنەرى ئەو کاریگەریەیە کە دەروون وەک باران فرمێسک دەبارێنێ.

شتێکى‌تر کە ئاماژەى بۆ بکەین، گریان لەبەر کەسێک یا گریانى ناڕاستەقینە و گریان لەبەر گریانى گریاوێ؛ ئەو جۆرە گریانانە  باشە یان ناباش؟

جۆرى گریانى خاترانە یا بەزۆر… ئەو گریانەیە لەبەر خوا و بۆ ناسکى دڵ و دەروون و لە ترسی خوا بگریت نەک بۆ ڕیا و ناو و ناوبانگ، ئەمە باشە و سوپاسکراوە، بەڵام ئەو گریانەى ڕووپاماییە و لەبەر خاترى کەسێکه‌، ئەوە خراپە و سەرزەنشت کراوە.

عومه‌رى کوڕى خەتاب(خوا لێى ڕازى بێت) دەڵێ: «بینیم پێغەمبەرى خوا(د.خ) لەگەڵ ئەبوبکر دەگرین بۆ بەندییەکانى شەڕى بەدر، وتم هەواڵم پێ بدەن بۆچى دەگرین ئەى پێغەمبەرى خوا؟ گەر شتێ هەیە با منیش بگریم گەر نییە با بگریم بۆ گریانەکانى ئێوە» (‌أخرجە مسلم(

گریان لە ترسی خوا و هۆکارەکانى:

ڕاڤەکارى قوڕئانى پیرۆز قورتبی لە ڕاڤەى ئایەتى: «و انه اضحک و أبکى» دەفەرمووێت: خواى گەورە خۆى هۆکارەکانى گریان و پێکەنینى بەخشیوە، عەتاى کوڕى موسلیم دەڵێ: واتە مرۆڤ دڵخۆش دەبێت خەمبار دەبێت، چونکە دڵخۆشى؛ پێکەنین بەرهەم دەهێنێت و خەمباریش گریان. لەگەڵ ئەوەى گریان کارێکى غەریزەیە، مرۆڤ هەندێ جار ناتوانێ خۆى لێ لابدات. گریان لە ڕیزى حەڵاڵەکانە بەمەرجێ نیشانە نەبێت بۆ ناڕازى دەربڕین بەرامبەر قەزا و قەدەرى خوا. پێغەمبەرى خوا(د.خ) دەفەرمووێت: «خواى گەورە سزاى کەسێ نادات لەسەر ڕژانى فرمێسکەکانى و یا غەمبارى دڵى، بەڵکو سزاى کەسێک دەدات لەسەر ئاماژەى کرد بۆ زوبانى» (رواە بخارى(۱۲۴۲))

ئیمام ئیبنی قه‌ییم لە کتێبی زاد المعاد باسى (۱۰) جۆر گریانى کردووە:

۱ـ گریانى ترس و بیم

۲ـ گریانى ڕەحمەت و نەرم و نیانى

۳ـ گریانى خۆشەویستى و شەوق بۆ بینین

۴ـ گریانى ئازار و ئێش و ژان

۵ـ گریانى غەمبارى، ئەمە جیاوازە  لە گریانى ترس، چونکە گریانى خەم بۆ ڕابردووە لە خراپەیەک یان  تاوانێک یان لەدەستدانى ئەزیزێکە …

بەڵام گریانى ترس (الخوف) ئەو گریانەیە بۆ داهاتوو، هەروەها جیاوازیش لە نێوان گریانى دڵخۆشى و خۆشى لەگەڵ گریانى غەمبارى. گریانى خۆشى و شادى، سارد و فێنکە و دڵ خۆشی دەردەبڕێت، بەڵام گریانى غەمبارى گەرم و دڵیش خەمبارە، هەر بۆیە بە کەسێک کە دڵت پێى خۆش بێت (قره عین)ە، چونکە چاوەکان بەهۆى ئەوەوە خۆشحاڵ دەبن، بەڵام کەسێ کە غەمبارت دەکات ئەوەیە کە چاوەکان گەرم دەبن و توند دەبن بەبینینی.

۶ـ گریانى لاوازى و بێ‌دەسەڵاتى.

۷ـ گریانى کەسی دووڕوو کە بە چاو فرمێسک دەڕێژێت، بەڵام دڵى ڕەقە وەک دەڵێن فرمێسکى تیمساحى.

۸ـ گریانى کەسی بەکرێگیراو، وەک گریانى لاواندنەوەى مردوو بەکرێ.

۹ـ گریان بۆ گریانى کەسی‌تر، وەک کەسێک دەگرى بۆ گریانى کەسانى‌تر.

۱۰ـ گریانى خۆشی و شادى دەربڕین.

گریان لەبەر ترسی خواى بەدیهێنەر ڕاسترین گریانە کە دەروون پێی ئارام و خۆشحاڵ دەبێت، بەهێزترین وەرگێڕى دڵى لەرزاو و ترساوە!

بەڵام گریانى درۆزن، یا بەڵگەیە لەسەر ڕاستى ئەوەى بۆى دەگرین یا بەڵگە نییە. وەک قوڕئان ئاماژە بە گریانى براکانى یوسف دەکات کە بەدرۆ دەگریان: «و جاؤوا اباهم عشیاً یبکون»

فەزڵ و پێگەى ئەشک ڕشتن لە ترسی خوا:

پێغەمبەرى خوا(د.خ) لەوەسفى کۆمەڵانى ژێر سێبەرى عەڕشى خواى گەورەدا کە هیچ سێبەرێک نییە لەوکاتەدا جگە لەسێبەرى عەڕشى خودایى، ئاماژە بە کەسێک دەکات کە یادى خواى گەورە دەکات و لەترسی خوا فرمێسک بە چاوەکانیدا هۆن هۆن دێتە خوارێ.

یا دەفەرمووێت: «دوو چاو بە ئاگر ناسوتێن چاوێک لەترسى خوا فرمێسک بڕژێ و…» (رواە الترمذی(۱۶۳۹))

عه‌بدوڵڵای کوڕى عومەر(خوا لێیان ڕازى بێت) دەڵێت: ڕشتنى فرمێسک لە ترسى خوا، لام خۆشەویسترە کە هەزار دینار ببەخشم لەپێناوى خوادا.

فرمێسک و گریان لە ناو فریشتەکاندا:

ئەنەسى کوڕى مالیک(خوا لێى ڕازى بێت) دەڵێ: پێغەمبەرى خودا(د.خ) وتى: «وتم بە جوبرەئیل بۆچى من نابینم  میکائیل هیچ کات پێبکەنیت؟ فەرمووى: میکائیل لەوەتەى ئاگر دروستکراوە پێ نەکەنیوە.» (رواە ئه‌حمه‌د (۱۲۹۳۰))

 هەروەها جابر دەڵێ: پێغەمبەرى خوا فەرمووى: «لەشەوى ئیسڕائدا ڕۆشتم بۆلاى مەلائى ئەعلا و جوبرەئیلدا، جوبرەئیلم بینى وەک حەڵواى تواوەى لێ هاتبوو لە ترسی خودا» (رواە الطبرانی فی الاوسط (۵۱/۶۴))

گریانى پێغەمبەران:

پەروەردگار لە وەسفى پێغەمبەراندا(سەلامى خوایان لەسەر بێت) دەفەرمووێت: «أولئک الذین انعم الله علیهم من النبیین من ذریە ادم وممن حملنا مع نوح و من ذریە ابراهیم و إسرائیل و ممن هدینا واجتبینا إذا تتلى علیهم آیات الرحمن خروا سجداً وبکیاً» (مریم:۵۸(

واتە: ئا ئەوانە ئەو کەسانەن کە خوا نیعمەتى خۆى ڕشتووە بەسەریاندا، لەو پێغەمبەرانەى کە نەوەى ئادەم بوون، لەوانەش کە لەگەڵ نوحدا سوار بوون، لە ڕەگەزى ئیبڕاهیم و ئیسماعیلیش، لەوانەش کە شارەزامان کردن و هەڵمان بژاردن، ئەمان هەرکاتێ ئایەت و نیشانەکانى خواى خاوەن بەزەیی‌یان بەسەردا دەخوێنرایەوە لە پەوڕوو کڕنوشیان دەبرد و دەگریان. (تیشکێ لە قوڕئانەوە- وەرگێڕانى مامۆستا ئیبڕاهیم مەردۆخى).

گریانى پیغه مبه ری ئازیزمان(دروودى خواى لەسەر بێت):

عه‌بدوڵڵای کوڕى مەسعوود(خواى لێ ڕازى بێت) دەڵێت: پێغەمبەرى خودا(د.خ) پێى ووتم: قوڕئانم بۆ بخوێنە، وتم ئەى پێغەمبەرى خوا قوڕئانت بۆ بخوێنم لە کاتێکدا بۆ تۆ هاتووە؟ فەرمووى: پێم خۆشە لەکەسێکى ترەوە بیبیستم.

دەڵێت سورەتى نێسام خوێند هەتا گەیشتم بە ئایەتى «فکیف إذا جئنا من کل ڕمە بشهید وجئنا بک على هولاء شهیدا…» (النساء:۴۰) فەرمووى: بەسە، سەیرم کرد چاوەکانى فرمێسک دەبارێنن. رواە بخارى (۴۷۶۳) مسلم (۸۰۰)

هەروەها کاتێ پرسیار لە خاتوو عائیشە کرا سەبارەت بە سەرسامترین کارى پێغەمبەر(د.خ) کە لەژیاندا بینیبێتی؟

دایکى ئیمانداران بێ دەنگ بوو پاشان ووتى: شەوێک لە شەوەکان، فەرمووى: ئەى عائیشە ڕێگەم بدە ئەمشەوە پەرستشى پەروەردگار بکەم، دەڵێت: وتم بەخوا زۆر حەزم لە نزیکیتە، حەزیش دەکەم دڵخۆشت بکەم، پێغەمبەر هەستا دەستنوێژى شۆرد و دەستى کرد بە نوێژکردن، زۆر گریا هەتا بەر نوێژەکەى تەڕبوو!

دەڵێت: کە دانیشت هەر دەگریا، هەتا ڕیشى تەڕبوو، پاشان گریا بەجۆرێ زەوییەکەش تەڕبوو، لەو کاتەدا بیلال بانگى فەرموو بۆ نوێژى بەیانى، کە بیلال بینى پێغەمبەر(د.خ) دەگرى، ووتى: پێغەمبەرى خوا دەگریت لە کاتێکدا خواى پەروەردگار لە گوناهى ڕابردوو و داهاتووت خۆش بووە؟ فەرمووى: «افلا أکون عبداً شکوراً؟!» ئەمشەو ئایەتێک دابەزیوە، واى بۆ ئەوانەى دەیخوێننەوە و تێنافکرێن و وه‌بیر و هۆش نایەنەوە «ان فی خلق السماوات والارض…» (ال عمران:۱۹۰) رواە ابن حبان وغیره (۲/ ۳۸۶).

گریانى هاوەڵانى پێغەمبەر(د.خ)

نمونەى گریانى یارانى ڕەسول زۆر زۆرە، ئەوان دڵیان زۆر نەرم بووە: زۆرتر و زووتر هەستیان  بە گرنگى گریان کردووە، کاتێ گەیشتووە بەئایەتى سزا و ناڕەحەتییەکانى دواڕۆژ، گریاون و کاتێ بیریان لە پاشەڕۆژ کردۆتەوە فرمێسکى گەوهەریینیان ڕشتووە. ئەنەسى کوڕى مالیک(خوا لێى ڕازى بێت) دەلێ: پێغەمبەر(د.خ) وتاریکى دا بۆمان که پێشتر گوێبیستى وتارى‌وا نەبووین، فەرمووى: ئەگەر ئەوەى من دەیزانم ئێوە بتانزانیبایە زۆر کەم پێدەکەنین و زۆر دەگریان، بۆیە هاوەڵان سەریان داپۆشى و ودەستیان کرد بە گریان بەجۆرێ کە دەنگى گریانیان دەهات.

هانیئى خزمەتگوزارى عوسمانى کوڕى عەففان دەلێت: عوسمان کاتێ لەسەر قەبرێک بوەستایە، دەگریا هەتا ڕیشى تەڕ دەبوو! پێیان وت باسى بەهەشت و ئاگر دەکرێت ناگریت!؟ بەڵام لێرە دەگریت؟ وتى: پێغەمبەرى خوا فەرمووى: «ان القبر اول منزل من منازل الاخرە، فان نجا منه، فما بعده ایسر منه و ان لم ینج منه، فما بعده اشد منه!) قال : و قال رسول الله(صلى الله علیه وسلم): (مارایت منظراً قط الا القبر افظع منه» (رواه احمد و الترمذى و ابن ماجه)

واته: گۆڕی یەکەم وێستگەیە لە وێستگەکانى دواڕۆژ، هەر کەس ڕزگارى بێت لێى، هەرچى دواى ئەو هات ئاسانە، هەر کەسیش ڕزگارى نەبێت لێى، ئیتر سەختى دواى ئەو دەست پێ دەکات.

مەسروق(ڕەحمەتى خواى لێ بیت) دەڵێت: ئەم ئایەتەم خوێند لاى خاتوو عائیشە(خوا لێى ڕازى بیت) که ده‌فه‌رموێت: «فمن الله علینا و وقانا عذاب السموم» (الطور:۲۷).

دەستى کرد بە گریان و وتى: خوایە منەتى خۆت بخەسەرم و بمپارێزە لە سزاى سەخت و بەژان.

  گریان لە ترسى خوا و لە ترسى سزاى خوایى تەنها یارانى نەگرتۆتەوە لەم ئومەتە، بەڵکو پیاوچاکانى پێشینە و پاشینەش بە هەمان شێوە لەسەر ئەم ڕەوشت و خووە جوان و سوپاس‌کراوە پەروەردە بوون و بە گریان و چاوى پڕ ئەشکەوە چونەتە خزمەت پەروەردگار و ڕاز و نیازى خۆیان واڵاکردووە.

وەک دەگێڕنەوە هەندێکیان هەیان بووە بەیانى و ئێوارە گریاوە، کە لێیان پرسیوە بۆچى دەگرى؟ وتویەتى دەترسم خوداى گەورە لەکاتى گوناهدا بینیبێتمى و پێم بڵێ بڕۆ ئیتر من توڕەم لە تۆ!

 فوزاڵەى کوڕى بەیفى زۆر دەگریا، پیاوێک چوو بۆ لاى لەو کاتەدا دەگریا، لە ژنەکەى پرسى فوزاڵە بۆ دەگرێ، ئەوە چیەتى؟ خێزانەکەى ووتى:  گومانى وایە سەفەرێکى دوورودرێژ لەبەر دەمی دایە و توێشووى پێ نییە.

شەوێک حەسەنى کوڕى عەلى(خوا لێیان ڕازى بێت) دەستى کرد بەگریان، بەجۆریک هەموو خیزانەکەى هێنا گریان، پرسیاریان لێ کرد لەبارەى حاڵى ووتى: بیرى گوناهێکم کەوتەوە کەکردوومە بۆیە دەگریم .

بە گریانەکانمان هەم هەست بە ئاسوودەیى و سووکى ڕۆحمان دەکەین، هەم بە ویستى پەروەردگار لە تاوان و گوناهەکانمان پاک دەبینەوە. چەند جوانە ئەو دیمەنەى کە کەسێک دەبینى دەگرى، بەڵام گریانێ لە ترسى خوا و لەبەر خوا و بۆ خودا جوانترین دیمەنە کە دڵ بێدار دەکات. دڵى مەستى ئێمەش بەئاگا دێنێ. گریانى بەندەیە لە خزمەت خالقى خۆیدا، گریانى گەنجانە کە سێبەرى عەڕشى ئیلاهى حاسڵ دەکات، گریانى کەسێکی ڕدێن‌ سپى و بەتەمەنەکانە لەوێستگەى پەشیمانى و تەوبەکردندا، وەکوو شاعیرى عارفى گەورەى کورد مەحوى دەڵێت:

ڕشت و ناشیرینە پیر ئەمما چ شیرینە ئەگەر               

چاوى خوێنبارى نەدامەت ڕیشى خورمایى بکا

هەڵاڵە محەمەد ئەڵماس

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا