سیاسیکوردی

گەندەڵی نەتەوەیی

جهانگیر بابایی

هەموو بوونەوەرێک سەرەتایەکی هەیەو کۆتاییشی لە پێشە.بەڵام زۆرکۆتایی، وەک سووکایەتی و ئەتک، بەدەستی خۆی دەخوڵقێ و خۆ دەتوێنێتەوە کە لە چاو ئەوانی دیکە، دەردێکی گرانە.گەندەڵی نەتەوایەتی، لەچاو چەمکەکانی دیکە، وەک خۆکوژیێکی بەکۆمەڵ دەچێ. ئەگەرگەلێک بەدەستی زۆردارێک وەتوێ پاکتاوی پێدەڵێن و زۆرێک لەسەری وەجواب دێن، بەڵام کاتێک ئەوگەلە بۆ خۆی بە پێشوازی دامرکان و خۆپاکردنەوە چوو گلەیی و گازەندە لە کێ دەکا و پەنا بۆ کێ دەبا؟ دار هۆرەی لە خۆ نەبێ ناقەڵشێ!گەلی کورد، هەتا ئەونیوسەدەیە، وەک پوورە هەنگێک لەدەوری خەڵەفی کوردایەتی هاڵابوون .

بە هەموو پێک هاتەکان، دڵیان بەدایکی نیشتمان خۆش بوو و شانازیان بە شاخ و کوێستان و ئاژەڵداری و هەورازو هۆبەو ڕەشماڵ و وەرزێری و مەڕداری خۆیان دەکردو شایان بەسەپانی خۆیان نەدەزانی. کۆت و بەند و تێلی سنوور، هیچ بەربەستێکی سازنەکردبوو بۆ خزمایەتی و  هاتوو چۆ و خۆشەویستی لەبەینی چوارپارچەکان وەک کەس و کارو خوشک و براو هاونەتەویی، باس و خواسی یەکتریان دەکرد و لەسەریەک بەجواب بوون.

بەڵام کەئێستا کەمێک وردتر بڕوانی، هەڵوەشان ولالووتی و ناکۆکی ودابڕانێکی بەرچاو بەقەوارەی هەموولایەنەکوردیەکانەوە دیارە.گەندەڵی و ڕزینی هزرو بیری کوردی، چاکی خۆنواندوە و ئەو ژارو دەرمانەی کەبۆیان لە ناوتەپکە و تەڵە، نابوو ئێستا خۆدەنوێنێ.  نەیاران باش لەوکارە قێزەونە دا، سەرکەوتوو بوون و کوردەواریش تووشی نەهامەتی و ترازان بوە.

 گەندەڵی لەوە زیاتر بە چ دەڵێن کە کورد بۆ خۆی وا پچڕپچڕ بوە کە یەک بەنێوی باشوورو یەک باکوور، یەک بەنێو نەتەوەپەرست و یەک حیزبایەتی، یەک باوەڕووارو یەک بێ دین، هەڵدەکەنە سەریەک وزریانی ناتەبایی و لالووتی و خۆهەڵنانەوەشەڕە جوێن و مڕەمڕ، هەڵی کردوە و سەرماوسۆڵبەندانی کردۆتە حاکم و ئەوانیش لە خۆشیان هەر فیکەی سمێڵیانە.

هیچ وڵاتێکی داگیرکەر، هەتا سەر، نەیتوانیوە بە زۆرانبازی و ململانێ و خاپوورکردن و ماڵ سووتان ودەربەدەری، دەروەست و دەرەقەتی ئەو زاگرۆس نشینە بێ و لەخاکی خۆی وەدەری نێ.بەڵام ئێستا بە پلانی تۆکمەو سەرلێو لە فێڵ و فەرتەنەوە نانەوە، وایان کردوە بە دەستی خۆیان گۆر هەڵکەنن و یەکتر چاڵ کەن ، تەنانەت چینی بڕوانامەدارو کۆڵێژچووی ئەوڕۆش، نەغافڵ، پێیان لەو داوە کەوتوە.هەتا بڵێی تاکی کورد ڕۆڵەیەکی ئازاو بەئەمەگ و خزم گر و دڵپاک ، بوێر و مرۆڤ دۆسته. بەڵام لەولاشەوە بەوهەموو ئەزموونە کۆن و تاڵەی کە لەبەردەستی دایە  بۆ دەرس وەرناگرێ و تەممێ نابێ نازانم!

مێژوو، باوکێکی بێدەنگ و پیرو پسپۆڕە، هیچ خاڵێکی لاوازو بەهێزی ڕابردووی لە بیر نەچوە و ڕێزی کردوون.ئەی سەرەڕای ئەوهەموو هزرو بیرە دەوڵەمەندە و مێژووی پڕ لە وانەیە، چۆنە سەدان لق و پۆ وزڕەپەلی ویشک و پوازو تەڵەزمی تیژی لێ دەبنەوە و ڕاستەوخۆ لە جەستەو چاوی گەلە لێقەماوەکەی خۆی هەڵدەچنەوە و ڕێگری دەبێ؟

ساکاری و خۆش باوەڕی و بێ حیکمەتی و زوو هەڵفریوان و لەبیرچوونەوەی ڕابردوو، کۆڵەکە و نیرگەی ماڵباتی کوردی ڕزاندوە و لە هەرەتی دارووخاندن دایە.باتێکردن و هەڵنانەوە و حۆهەڵمساندن لەلایەن ناحەزان و نەیارانی ئەوگەلە، وای کردوە تاکی کورد هەر من بێ  و کەس نیو منی ناوێ. ئەو من منە، دەبێتە هۆی شەڕەنگێزی و تێک هەڵچوون و گوێ ڕانەگرتن بۆ قسەی بەرامبەرو و ڕێزو حوورمەتی فکری جیاواز.

ئەوپەندە کە:” قسەی پیاوان یەکە”” بۆتە هەوێنی خۆبەزل زانی و خۆهەڵنانەوە. کەس، کەسی پێ پیاو نەبێ و بە سەرنەکەوتنی دڵخۆش بێ.بەڵێ، کۆچ و کاولکاری و هەژاری و گەمارۆ و کوشت و بڕین و سووکایەتی هەمیشە میوانی ماڵەکانی کورد بوە و سەدان ساڵە وەک دێوەزمە، بەرۆکی گرتوە و ناهێڵێ چەقەرە بدا و گەشە بکا و تاوێک لە کاولاشی خۆی بڵی ئۆخەی و پڕ بەدڵ چاولەکوێستان و داوێنی چۆم و دەراوەکانی بکا و گوێ لە سۆزی شمشاڵ و حەیران بگرێ!بەڵام لەو بەینەشدا، هزو بیرو وشیاری ئەو گەلە دێتە ژێر پرسیار، کە کاکی خۆم ئەو نادۆستەو چاوی بەتۆ هەڵ نایە، ئەتۆ بۆ بەزەییت بە خۆ دانایە و دەبیە دار هۆرەی نەیارانت؟کەسێک دڵسۆزو بەئەمەگە کەتەنیا قسەی حۆقەو قمبە نەکا و بە ئاکارو ڕەفتارو کردوە، بیسەلمێنێ کە وڵات و زێدی خۆی دەوێ.

 هەر فکرو بیر و زاراوە و ڕەنگ و گوندنشین و شارپەروەرو موسوڵمان و جوو مەسیحی و ئێزەدی و یارەسانی و کرمانج و ئاغاو حاجی و شێخ و مەلاو هەژارو ساماندار بێ مادام کوردبێ و هاووڵاتی بێ جێگای ڕێزە و هیچ کەسێک  بۆی نیە بەسەریدا خۆ هەڵنێتەوە و بێ ڕێزی بکا ویان بەقسەی ئەم و ئەو، لە گژ یەک ڕاچن. خودا، هەموومانی بەسەربەرزی و ڕەهایی درووست کردوە. وەک تاکێکی وشیارو بیرتیژ، دەبێ لە فکری داهاتووی تەندرووستی و سەلامتی گەندەڵی و ڕزیوی، هەڵوێست و بیرکرنەوەکانمان بین و دوور بین لە داڕووخاندن و بنکۆڵکردنی بناغەی کۆمەڵگاکەمان. هەوری بەڕەحمەت بین، نەک هەورەتریشقه.

رووباری هێدی بین نەک سێڵاو، شنەبا بین نەک زریان، هەتاوی دڵگەشێن بین نەک بڵێسەی گڕی ئاگر. وەک شەماڵ بەستەڵەک تەقێن بین و بەهارو سەوزایی بەدیاری بێنین نەک وەک زریان پڕ بین لە قین و تۆڵە و شەختەو تۆفان. وشەجوان و پڕ لە ئۆقرەیی و باوەڕبەخۆیی دامەزڕێنین، نەک فیرعەون ئاسا خۆبەزلزان و بەفیزو دەمارو خۆ بەخوازان.مۆسیقای ژیان، هەڵگری سەمفۆنیای هەموو هزرو فکر و بۆچوونێکە.چەن خۆشە لەڕووبار فێر بین باوەش بەگاشەبەردو شاخ و هەڵدێرو تەلان داکەین و وەک خۆمان نەرم ونیانی بکەین و وەیتوێنین.

موحەمەدئاسا، چۆڕاوکەی بارانێک بین کە لە دڵی لمزار و شۆرەکات، بابەکرو عومەرو عوسمان و عەلی و بیلال، ڕەنێو دێنێ.ئای خۆشەویستەکەم!چەندت باخەوانی لێ جوان بوو. چە نهاسەرەڕۆ و  داوێن پیس و سوودخۆر و خوێن ڕێژو کەللەڕەق و یەکدەندە و کیژ کوژت، بە ودمی ئیمان و لەسەرەخۆیی و دڵ نەرمی ودڵسۆزی، ڕام کردن و باخەنەمامێکی ساوای سەحابەت نایەوە کە ئێستا مێژوو، پێیانەوە دەنازێ و ئافەریمیان پێ دەڵێ.    ‌    

جەهانگیربابایی ، سەردەشت 

نمایش بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا