خبرها،نظرها

وتووێژی تایبەتی سۆزی مێحڕاب لەگەڵ مامۆستا مەلا محەممەدی ڕەشیدی دەوسێنەیی

مامۆستا مەلا محەممەدی ڕەشیدی دەوسێنەیی

سەعدی مرادی⁩
بسم الله الرحمن الرحیم

ڕێکەوتی ٢٧٢٢/٧/٤ لە شەودا چوومە خزمەت مامۆستا محمدی ڕەشیدی دەوسێنە. لەکەڵ مەلا عومەری کوڕی. دوای بەخێرهاتن و تێگەیین لە مەرامی ئێمە و خزمەتمان بۆ سایتی پڕ بێری سۆزی مێحراب و ڕۆژنەیەکی تایبەت بە ژیانی مامۆستایان، ئاوا خۆی پێناس کرد:

فەرمووی: ناوم موحەممەدە کوڕی حاجی عەلی دەوسێنەم، لە پیرۆمەران لە دایک بووم ساڵی (١٣٢٠) دوایی هاتیوینە دەوسێنە، چوار برا بووین.
ـ لەگەڵ مەلا ڕەحیمی قوڵقوڵەیی بە یەکۆ لە دەوسێنە فەقێ بووین، موحتەرەم بوو، تۆقەنەیە شاگردی بوو من یەکێ لەوانە بووم کە تەمەنم دە ساڵ بوو بە داخەوە هەموویان دەستیان هەڵگرت و من و مەلا سەعید نەبێ کە لە قەوەخ بوو، ئەویش لەوێ فەوتی کرد.
ـ ئێمە لە عەشیرەتی کوێخا مستەفاین، تایفەی مامەلی‌مان ناوە، زوو لە پێش ڕووسا لە قەوەخ بوون، دوایی هاتون بۆ دەرە زیارەت، لە وەختی لێقەومان دوازدە برابوون، هەر یەک لە شوێنێک؛ بڕێکی لە سەرشیوی سەقز و سەرشیوی قوڵقەڵەو ئێمەش لە دەوسێنە گیرساوینەوە. مامەلی لە شیپانەجۆ بووە، ئێستاش جۆگەیەکی لێیە بە ناوی بەرە جۆگەی مامەلی.

حاکمی ئەو وەختە وتوویەتی:
تۆ ئەو بەرە جۆگە هەڵگرە بۆخۆت، تۆ کوڕداری ئەوەی گرتییەوە بۆ خۆت..
ـ کاتێ ڕووسەکە هاتووە هەر یەک بە لایەکدا پەرتەوازە بووە باپیرم بە ناوی کوێخا مستەفا هاتووەتە دەرەزیارەت دوای ماوەیە هاتووەتە سیانزار، کاتێ ڕووسەکە هات بەشەوا حەیوانمان تێر کردوون و بە ڕۆژیشا چووینە میشیاو گوزەراندوومانە تا ڕووسەکە لەو ناوە نەماوە. باوکم زۆر عەلاقەی بە مامم نەبووە دڵی ئێشاندووە و ڕۆیشتووە لە قەبەغڵووجە ژنی هێناوە یەعنی دایکم.
ماوەیەک هاتووەتە ئاوایی پیرۆمەران، ئەو وەختە جاف لە مەنتیقەدا حاکم بوون بەڵام جەماعەتی حەمە ڕەشیدخان مافەوقی جافەکان بوون، ئەگەر ئەوان کەسێکیان بویستایە جاف نەیان ئەتوانی زوڵمی لێ بکەن! لەو وەختەیا باوکم پەنای بردووە پێیان هێناویانەتە ئاوایی دەوسێنە. بەڵێ لەو ماوەیەدا کە ساڵی ( ١٣٢٣ )یە مامۆستا ڕەحیم کە موستەعید بووە لای مامۆستا محەممەد ئەمیری ـ بە ڕەحمەت بێ ـ کە مەشهوورە بە مەلا محەممەدی دەوسێنەیی، فەقێی زۆر بوون، یەکێ لەوانە ئەم مەلا ڕەحیمە بووە کە ئێمە شاگردی ئەو بووین دوای ئەوە هەستاوم چووم بۆ سەیران بەن و مەلا محەممەدی حەیدەری لەوێ مەلا بووە، یەکێ مەلا ئەحمەی گەرمک دوای ئەو شێخ حەمێمینی حەوتاش، ئەمنیش بە سوختەیی ماوەیێ چوومە ئەوێ.

دوای بەینێک چوومە میراوا؛ مەلا ڕەحمانی ماسیەری هەبوو زاوای مامۆستا شێخ مارفی باوکی مامۆستا شێخ محمەممەدی ساوان لەوێ مەلا بووە، چەند مستەعیدێکی لە خزمەتا بوو، دوایی هاتمۆ بۆ ئەم دیو ڕۆشتمەوە بۆ پیرۆمەران و مەلا مەجید لەوێ مەلا بوو. مەلاشێخ حەمەمینێکی لێبوو خەڵکی قوڵقوڵە بوو، مامۆستامان بوو دەرسی پێ ئەوتین، مەلا مەجید لەوێ دەسەڵاتێکی زۆری بوو! بە واستەی حەمەئاغا و حەسەن ئاغای جەوانمەردی. چوومەوە بۆ قەبەغڵووجە لای مەلا سەید حەمە ساڵحی سەمیعی ـ ئێستا وەزعی باش نییە و ناسازە خوا ڕەحمی پێبکات ـ دوایی چوومە ئاوایی سماقڵوو لای مەلا محەممەد ناوێ ئەم خوێن لەوێ مەلا شێخ حەسەن بەلەجەڕی بوو ـ ئێستە ماڵی لە بۆکانە ـ مەلا محەممەد خان زێنەبی لێبوو، پێکەوە ئەمان خوێن، من ئیزهارم ئەخوێند ئەوانیش تەسریف مەلاعەلی، چوومە دێی عارەبەلەنگ، مەلا عەبدوڵڵای سووری موستەعید بوو..
مەلا محەممەدی فەلسەفی لێبوو عارەبەلەنگی بوو، کتێبی جامی ئەخوێن وتی: ئەبێ ئەمە بێتە سوختەی من! مامۆستاش کە بانەیی بوو منیش بانەیی، عاتیفەی بانەیەتی گرتی وتی:
نە کاکە خۆم دەرسی پێ ئەڵێم، ئیتر دوایی لە دێی خورمتا ژنی هێنا. ئنجا لەوێ ڕۆیشتم چوومە دەرەزیارەت، مامۆستا شێخ محەممەد زاوای مەلا محەممەدی ساوان لەگەڵ مەلا ڕەحمانی هێجانانی کە لەوێ بوو بووینە ڕەفیق، لای مەلا غەریب ناوێ. ئەویش ئەچوو [ فتح الاسراری] ئەهێنا و کونەقەیدی ئەهێناو حاشیەو حەواشی ئەخوێندۆ لەسەری بە حەدێ شەرح و بەستی لێ ئەکرد ئیزهارەکەشم لەبیر ئەچوۆ.
زستان بوو بەفرێ زۆر باری بوو مامۆستا شێخ محەممەد فەرمووی: کاکە گیان تۆ لە مەولاناوا خوێندووتە، ڕێگە بەڵێدی عەبەی کوریشم نە گۆرەوی هەیە نە سابوون، ئەبێ سێ سابوون و جووتێک گۆرەوی بەری و بچی بۆ مەولاناوا! بیبەی بۆ عەبەی پارسا، ئاخر مامۆستا سێفەسوورە کێوێکی سەخت و گرانە، ناتوانم! فەرمووی: نابێ نابێ، ئەبێ بچی چونکە بەڵەدی.
وەڵا ئەسبابی بۆ پێچەمەوە دەی یاڵڵا بەیانی ڕێکەوە! ماڵێکی لێبوو کاک سەعای مەلا عبدالقادریان پێ ئەوت، منیان بەو سپارد بوو چووم ئەسبابەکانم لە ماڵی ئەوان دانا، ئاشێکی لێ بوو چایخانەی هەبوو بە ئاشەوان و چایچیەکەم وت:

ئا ئەمانە تەحویلی ماڵی مامۆستا بەنۆ ئیتر ڕۆشتم و بەجێم هێشت. یاڵا لەوێوە هاتمەوە بۆ دێی سماقڵوو و لەوێ مامۆ تا ماوەیەک. دوایی چووین بۆ گوندی بەیاندەرە بۆ لای مەلا ڕەحمان، مامۆستای چاکبوو، دەستم کردە خوێندنی کتێبی جامی.
کە چووین مامۆستا لە ماڵ نەبوو، مامۆستا ژن بەبێ ئیجازەی مامۆستا، جێی بە سێ چوار فەقێ دابوو! بە ئێمەوە ئەبووینە حەوت فەقێ، بەیاندەرەش توانای سێ فەقێی بوو، حاجی ئەحمەد خانێکی لێ بوو منی ئەناسی وتی:
مامۆستا ئا ئەم فەقێیە هی منە! واتە نابێ جوابی کەن، دوایی کۆ بووینەوە بۆخۆمان دەومان کرد. (قانوونێکی عامەبوو کەس نەیئەتوانی تەخەلوفی لێ بکا)، هەرچەند وتیان: حاجی ئەحمەدخان توورە ئەبێ، وتم: وەڵا هەر ئەڕۆم! خۆم دیسان هاتمەوە بۆ پیرۆمەران لەگەڵ مەلا ساڵەدا یەک کەوتینەوە. دەوری دوو ساڵ لەوێ مامەوە. دوای ئەوێ هاتمەوە بۆ لای مەلا ڕەحیمی قولقوڵە، ئیستیعارەم ئەخوێن حەوت مانگ مامۆ، دوایی مەلا ساڵەح ڕۆیی و تەنیا مامەوە. مەلا سەید ئەحمەدێکی لێبوو ـ ئێستا نەماوە ـ لە سەقز بوو وتی: کاکە حەمە من خەڵکی بۆیەن ژوورووم کوری سەید حەمەکەریمم تۆش خەڵکی دەوسێنەی ببە سوختەم! وتم: باشە دەی بچین بۆ کوێ؟ بۆ بێکەش چاکە، بۆلای مەلا عەبدوڵڵا؟ مەلا ئەحمەد ژووژوو لە هەولێرەوە هاتبوو فەقێ بوو ئەویش لەوێ بوو. ئەنجا هاتین بۆ میرەدێ بۆ خزمەت مەلا حەمەمین. دوای ماوەیێ مامۆستا چوو بۆ ئەودیو ئێمەش سەرگەردان ماینەوە، هەمیسان هاتمەوە بۆ قەبەغڵوجە! مەلا ساڵەح هەر لەوێیە، مەلا جەلالی کوڕی مەلا مەجید لەباشماخی تیلەکۆ ئەیخوێن لای مەلا شێخ قایەر ئاوبارەیی، مەلای چاکبوو وتی وەرن بۆ ئەوێ. مەلا ساڵحی خۆش ئەویست چونکە خزمی بوو، منیش لەوێ هەڵم نەکرد، هاتمە کانیبەن، لەگەڵ مەلا کەریم تاڵەجەڕی، بۆ خزمەت مامۆستا سەید مەحموود مەعرووفی ـ خوا لێی خۆشبێ ـ لەوێ مەلا ئەحمەدی عەلایی هات، دوایی چوومە نێزەڕۆ، بۆ خزمەت مامۆستا سەید شەریف. ساڵی چل و دوو لە کانیبەن بووم مەلا سەید مەحموود نەقلی مەکانی کرد بۆ دەوسێنە، لە خزمەتیا چووم، مامۆستا شەرحە عەقایدی پێ وتم. لەم سەرو بەینەدا بووم هەوای ژن هێنان کەوتە سەرم، باوکم زۆر موخالف بوو. منیش بێ ئەمری باوکمم کرد! خوشکێکم بوو دام بە ژن. زستان مامەوە لە دەوسێنە، وەزع تێکچوو لێم، ڕفیقەکانم لە کانیبەن ئەمانە بوون مەلا محەممەدی چاوگی بوو ـ هەر ماوە یادی بە خێرـ مەلا ئەحمەدی عەلایی و مەلا حەمەمینی جەوان مەردی و.. ئەویش هەر لەوێ ئەیخوێن بلیمەت و سەیر بوو! تا بەهارێ، وتم ئەچم ئەبم بە مەلا هەستام و هاتم بۆ ئەنجیلە بوومە مەلای سەعید بەگ زۆر ئیحترامی ئەگرتم کوڕی حاجی عەزیز بەگی چیچۆران بوو تۆقە پیاوێکی زۆر پیاوانەی تیا بوو هاوینان شکارتەم کردبوو، وتیان داوای سەربازیت لێ ئەکەن ساڵی (١٣٤٥) دوای وتم چوونەکەم باشترە ماڵ و کۆچم بە شانایا هاتمەوە بۆ دەوسێنە چووم بۆ سەربازیی! دەوری چل شەوێ لە حەوزەی شاری بانە هاتووچۆیان پێکردین. حاجی مەلا ساڵەی ئەنجێنەش هاتبوو ئەونەمان دوعا کرد، بەر تیروپشک کەوتین حەفتا سەربازیان ئەویست ئەوان (١٤٠) نەفەریان گرتبوو، فەرماندارێکی لێبوو وتی:
ـ کەس مەبەستن بە کەسەوە، چونکە عادەت وابوو گرووی دە نەفەر دە نەفەر ساز ئەکرا، ئەگەر یەکیان بەر قورئەی سەربازی بکەوتایە هەر دەیان ئەبوونە سەرباز! پووچیش بووایە هەروابوو، وتی وا مەکەن دەی ١٢٠ ناو بنووسن لە وەرەقەی چکۆلە چکۆلەدا، پاشان دەستی پیا کرد خۆی و شانسی، فەرماندار کیسەکەی بە دەستەوە گرت هی ئێمە پووچ دەرهات، تەواوی سەربازی دوو ساڵمان بە دوو دەقە تەواو کرد.
ـ ئنجا چوومەوە بۆ دەوسێنە، ئەو ساڵە تەفسیر و شەرعم خوێندن دوای ئەوە مەلا ڕەحمانی خودایی لە کانیبەن بوو بانگی کردم ووتی: لەگەڵ سەیدباقی ناوە ڕاوێژمان کردووە کە بتکەین بە مەلای کانی سێف، وتم:
زۆر کەمە ئەوێ، وتی: سەی‌باقی وتوویەتی: بۆی قەرەبوو ئەکەمەوە و ئەگەر دەروێش هاتن بۆ ئێرە ئەبێ بێ مەوعیزەمان بۆ بکات، بۆیە ناشی هێنم بۆ ناوە لەبەر ئەوەی ناوەیی ئەو خزمەتە ناکەن، خۆشم چاوم هەر لێی ئەبێ و ئەبێ هەر بێیت، ئەو ساڵەی باوکم چوو بۆ حەج بوومە مەلای کانی‌سێف. حاجی ئەحمەدێکی لێبوو ئەیوت:
ئەبێ نیوەڕۆ و ئێوارە لە ماڵی مندا نان بخۆی کەسم لا نییە هەموو ناودێ وابەستەی بوون هەر کەمیەکیشت بوو بۆت تەواو ئەکەم. منیش گوزەرانم نەکرد تا ئێوارێ دانیشم لە ماڵی ئەوا! تێکچوو بەینمان، ڕۆیشتم بۆ وڵیاوا، بە ئاغای وڵیاوام وت: جێم بەرێ مامەیەکم بوو لە خەییە پیاوێکی زۆر دووربین بوو وتی: ڕۆڵە گیان تۆ هاتیتە کانی سێف پرست بە حاجی عەلی بەگی کێلە کردووە؟ وتم: نەوەڵا، بۆ؟ وتی: ئێرە لەژێر دەسەڵاتی ئەودایە ئەبوا پرست بکردایە، وتم: من مەلایەکم نە ئینتیزاری چاکەم لێ هەیە نە واریاتیشی پێ ئەگەیەنم، من چکارم پێیەتی! بەڵێ کە چووم وتی: کاکە ئەمە ئێرە ئەشکەوتە، سێبەری بن بەردە! چوویتە ئەو موڵکی منە پرست نەکردووە! وتم: جەناب من کابرایەکی خۆش نشینم ئەمڕۆ لەوێم و خوا

ئەزانێ ساڵێتر لە کوێم، وتی: نابێ ئەبێ پرست بکردایە، دێی منە و مڵکمە. بوو بە غەرەزێ بۆ حاجی عەلی بەگ، هاتم بۆ وڵیاوا جێم خواستۆ جوابی ناردبوو جێ بەو مەلایە مەیەن! ئاغای وڵیاواش وابەستە بەو بوو، لەوێش هەڵکەندرام و ڕۆشتم.
من ئەحمەد ڕەفیقم بوو ـ ئێستا لە شێخان کە گەرەکێکە لە سلێمانی مەلایە ـ هات بۆلام وتی: خەڵکی دۆڵەبی ـ ئاواییەکە لە شلێری پێنجوێن ـ هاتوون بۆ لای مەلا محەممەدی چوێسە پێیان وتووە مەلامان نییە مەلامان بۆ پەیاکە، ئێمەش تۆمان بە باش زانیوە وەرە بۆ ئەوێ، منیش لە خوام ئەویست دەرفەتێکی ئاوا، هەستام لەگەڵی چووم بۆ دۆڵەبی لەگەڵ خەڵکی سازاین و هاتمۆ. دوایی خەڵکی کانی سێف نەیان ئەهێشت بڕۆم ئەیانوت: ئەتبەستین بە کۆڵەکەی مزگەوتەکەوە جا باوکمان تۆزێ بێ حەوسەڵەیە تۆش وەک ئێمە حەوسەڵەت بێ و خۆت وەک کوڕی ئەو دانێ، ئێمەیش نایەڵین قسەت پێ بڵێ. هەواڵم نارد بۆ خەڵکی دۆڵەبی وتم نایەڵن بڕۆم! ئەبێ بە شەو بێن بە دواما، لەملاشەوە هەژنۆ سەر بزنم هەیە لەگەڵ مانگایەک، ژن و مناڵم هێنا بۆ کانیبەن، شەو هاتن بە دواما تا گەیشتینە چەمی دوو پلوسکان، ئیتر خۆم نەچووم گەڕامۆ چووم بۆ ماڵی حاجی عەلی بەگ، وتی:
ئەوە خێرە؟ وتم: لەوێ ڕۆیشتووم ئەزانم حەیوانەکانیشم نایەنەوە داوات لێ ئەکەم وەکوو کابرایە شارەزووری ئەو حەیوانانەم بۆ وەرگریەوە لێیان! وتی: چۆن چوویتە ئەوێ ئاواش وەریگرەوە! ئەحمەد بەگی کوڕی وتی:
باوە گوناحە! وتی: وس لێی نەڵێی، قەیرێ ملمنا بەلارۆ، وتم: با یەک شتت پێ بڵێم، وتی دەی، وتم: تۆ مێروولەیە ئەگری قەپاڵەت پیا ئەکا، ئەمنیش دەست لە حەیوانی خۆم هەڵناگرم دوایی گلەیم لێ مەکە، وتی: بۆ هەڕەشەمان لێ ئەکەی! وتم: عەرزم کردووی، وتی: بڕۆ چیت بۆ ئەکرێ بیکە. بە نامێدی چووم بۆ ناوە لەگەڵ حەمە ڕەسووڵی کانیبەن. کانی سێفییەکانمان بانگ کرد نەمانزانی ئەوە داخ لە دڵن! وتیان: بە خوا (٨٠٠) تمەنمان داوەتێ دەبێ بماندەیتەوە جا حەیوانەکانت وەردەگریتەوە، ئەمنیش ساحێبی هەشت قەران نیم. سەیدباقی هەرچی وت خاتری ئەویشیان نەگرت. ئیتر مناڵم برد بۆ دۆڵەبی تا بەهارێ، دوایی شکاتم کرد بە شۆڕشی مەلا مستەفا وتیان: پێشمەرگەت ئەدەینێ بچۆ حەیوانی کانی‌سێڤ چەندە ئەهێنی بیهێنە، بیرم کردۆ من وام لە ژێر دەسەڵاتی حەمە ڕەشیخان‌دا عەیبە، ئێمە هاتوچۆی ئەوان ئەکەین لێمان ئەگرن و ئەبێتە ناڕەحەتی، وا نابێ، وتم: دەی چی بکەین؟ کاحەمەڕەسووڵ وتی: جواب ئەنێرم بۆ حەمەمین‌خان فکری ئەم کارە بکا، کاتێ هەواڵیان دابوویە وتبووی: بۆ دەنگی نەکردووە تا ئێستا! بەینی دارۆخان و شیوە گوێزان وەکوو یەک وان نایەڵم نە زوڵم بکەن نە زوڵمیان لێ بکرێ. وەڵا بزنەکانی بە پیاوی خۆیا ناردۆ بۆ دۆلەبێ. سێ ساڵ مامۆ وەختێ چووین بە دوای ماڵ و کۆچەکەیا خەڵک لەسەر مانگای مەلا لێیان بووە دەمەقاڵە، کەچی لێکەین؟ حاجی ڕەسووڵی لێبوو وتی: با هەر دە شەو لە ماڵی یەکێکمان بێت، حاجی ساڵەحێکی لێبوو وتی: یاخوا دڵتان دەرێ بۆ ئەسپی پۆلیسە ماڵەوماڵ بەخێوی کەن! بیکەنە ماڵی ئێمە تا بەهارێ، دە مانگام هەیە با ببێتە یازدە.
جا بۆشیان ئەدۆشین و بۆیان ئەهێناینەوە.
برایم بەگی لێبوو وتی:
وەرە زەمینی من بکێلە و گۆل هەڵڵە بیکە بە تووتن هەر چەندت بۆ ئەکرێ بە ئیشتای خۆت. بەڵێ بۆ جەژنە موبارەکە چووین بۆلای حەمەمین‌خان لە شیوەگوێزان، وتی: خەڵکی دۆڵەبین؟ وتم: بەڵێ، وتی: یا ئەبێ بێنە سەر دینی ئێمە یا ئێمە دێینە سەر دینی ئێوە! جەماعەت وتیان: بۆ قوربان چەن دینمان هەیە؟! هەر حاجی ساڵە زوو حالی بوو وتی: قوربان ئێمە ناتوانین بێینە سەر دینی ئێوە! وتی: بۆ؟ ووتی: ئێمە هەر دەشتێکمان هەیە کە جێی فەلاحەتە، بەڵام دێکەی تۆ گەڵای هەیە زەمینی هەیە ماڵ وایە سەد سەر حەیوانی هەیە و بەرێ ئەچێت، بەڵام ئێمە تۆویش بوەشێنین بە نیوەکاری هیچمان بۆ نامێنێتەوە! وتی: بە خوا ئەبێ وابێ، وتی: دە بە خوا ئێمە لەوێ نابین و ئەڕۆین! تا بەینێ شێوا نێوان ئاغا و ڕەعیەت. دوایی پێنج شەش ماڵێ نەبێ بە کەڵک نەهاتوو هەموو ڕۆیشتن. منیش هەستام چووم بۆ کن خەلیفە سەعید بۆ جێ پەیاکردن، چوومە ئاوایی بەهێ، جێ نەبوو چوومە ئاوایی دەڵاڕۆ مەلا محەممەدی لێبوو پیر بووبوو ڕۆیشتبوو وەختێ ماڵ و کۆچەکەم چوو بۆ ئەوێ بە ئاورەکەی ماڵی مامۆستا ئاورم کردۆ و هێشتا نەکوژابووەوە!. دەوری سێ ساڵیش لەوێ مامەوە. دوو منداڵم لەوێ بوون لە دایک بە ناوی لەتیف و کەمال. هۆی ڕۆشتنەکەشم عومەر میرابوو لە مێشەڕۆ ناوچەکە لەژێر دەستی ئەوابوو ـ ئەمانەی کە باسی ئەکەم ساڵی شەست و نۆی زایینی بوو ـ نامەی نووسی بوو بۆ مەلا ڕەحمان ـ کە لە ئاوایی پاشبەرد پێشنوێژبوو ـ کە ئافرەتێک هەیە مارەیکە بۆ کوڕی عەبدولی بەهێ! کە هاتن مەلا ڕەحمان لە ماڵ نەبوو، هاتن بۆ لای من وتیان دراسێین و مەلا ڕەحمان لە ماڵ نییە تۆ بچۆ وتم: باش کە چووم ئافرەتەکە ئەگریا! وتم: ئەگەر زۆڵمت لێئەکەن بەخوا مارەت ناکەم، وتی: نەوەڵا هەر لە خۆوە ئەگریم! بێخەبەر بووم شتێکی لە ژێر سەریایە.

مارەم کرد و دوو ڕۆژی پێچوو ئەونەم زانی لە محکەمەی پێنجوێن کاغەزێک کرا سەرم، فەوری ئەگەیتە پێنجوێن! ئای خوایە ئەمە چییە؟ هەستام چووم دوو نەفەر لەگەڵم هاتن بە ناوی محەممەدی مەلاکەریم کوڕی حاجی محەممەد و محەممەد کوڕی حاجی عەزیز وتیان نایەڵێین بە تەنیا بچیت گەیشتینە سەر جادەی ڕاوگان عەریف جەلال ئەمیر بەتالوێن بوو لە کانی میران زۆر یەکتریمان خۆشەویست گوتی: مامۆستا بۆ کوێ ئەچی؟ وتم: حاکم فاروق ناردوویەتی بە شوێنما! وتی: نەچی، وتم: بۆ؟ وەتی: بە حەقی قورئان سواری سەرت ئەبێ هەستە بچۆ بۆ لای بەکری حاجی سەفەر لە ماڵی حاجی حوسێن چادرە لەگەڵ میرزا مەحموود کوڕی برای میرزا سابیری ئەحای مینە ڕۆنان لەگەڵ نەژادی برازای مەحموود بەگی گۆڵی لەوێ دەعوەتن؛ چاوێکت بەوان کەوێ جا بچۆ وتم: جا خەبەر چییە؟ وتی: تۆ بڕۆ لەوێ پێت دەڵێ، چووم دوای بەخێرهاتن وتی: بچۆ بۆ ئەو چایخانە جا دێین پێت دەڵێین! وتم: خەبەر چییە و چی لەمن ئەوێ؟ وتی: ژنە پێشمەرگەیەکت لە کابرایە مارە کردووە ئێستا شکاتی لێکردوی! ئەڵێ: ژنەکەمی مارە کردووە! وتم: بۆ خاتری خوا، خۆ ئەوە کچە! وتی:
کوڕەکە خوشکەزای مەلامحەمەی شێخەڵمارێنە، ژن بە ژنیان کردووە، خوشکی کوڕەکە مردووە، کابراش ئەڵێ: چونکە خوشکەکەت مردووە منیش ئەو کچەت نادەمێ، نیشانە کراوە و مارە نەکراوە بەڵام محمدیش بە کوڕەکەی وت: بڕۆ ئەوە مارەی کە بە شاهیدی دوو نەفەر با کەس نەزانێ بە دزیەوە. نە خەڵک نە ساحەب کەچ نەیان زانیبوو!. بەڵێ چووین بۆ لای حاکم، میرزا مەحموود و نەژادی مەحموود بەگی گۆڵێ چوونە ژوورەوە لە پێشەوە، میرزا مەحموود وتی: حاکم ئەزانی بۆچی هاتووین وتی نەوەڵا هەر بۆ مەلاکەی دەڵاڕۆ نەهاتبن بۆ هەرچی‌تر هاتبن بەخێر بێن، وتی: وەڵا هەر بۆ ئەوە هاتووین، وتی: کارم لێ تێک مەیەن، ئەگەر ئێوە حاکمن ئێوە حاکم بن، وتی: ئاخر برا تۆ کوێروکوێرانە حوکم مەکە، بزانە وەزع چۆنە وتی: وەزع چۆنە! پێنج دیناریان داوەتێ ژنی خەڵکی مارە ئەکا، لەم بەینەیا خەتی کەس ناخوێنێتەوە، وتی: بابێ بیبینیم، کە هاتم وتی: ئەرێ کاکە تۆ لە کەس ناترسی؟ وتم: ئەرێ کاکە بۆ وا ئەکەی، چ هەڵەیەکم کردووە؟! وتی ئەمە هەڵە نییە تۆ کردووتە! پێشمەرگەیە پەیا بوو وتی: ئەمە غەڵەت نییە ژنەکەی منت مارە کردووە!؟ وتم: هی تۆ بۆ؟! وتی: من بە نهێنی مارەم کردووە و شاهیدی لێبووە و ئاوا…، وتم: ئەشەدوبیللا سەحیحە، وتی: تاریخی تۆ و من کامیان لە پێشە؟ وتم: هی تۆ، وتی: کەوابوو هی تۆ غەڵەتە؟ وتم: بەڵێ وایە، وتم: باشە بۆ بە ساحەبەکەیت نەوتووە؟ وتی: ساحەبەکەی بێ شەرەفە ئەڵێ: خوشکەکەت مردووە ناتدەمێ، ئەمنیش حەتمەنە لێی ئەستێنم، وتم: دەی بە نەفەرێکت بوتایە، من چووزانم تۆ ئاوات کردووە، حاکم وتی: تخوا ڕجاو لێئەکەم سەرمان مەیەشێنە، ئەمە ئاخر جارت بێ، بەخوا ویستم مەلای مەنتیقەت پێ تەمێ کەم!
ـ کابرایەک بەناوی فەقێ عارف خزممان بوو کوڕی زۆر بۆ کە ئەمەی بیستبوو، گورج هات وتی: جەنابی حاکم وا ئەزانێ ئەم مەلایە بێ ساحێبە! کەسی نییە؟ بەخوا مناڵەکانی لەسەر دائەنێم! چۆن ئەڵێی مەلای مەنتیقەت پێ تەمێ ئەکەم! کەس ناتوانێ شتی وای پێ بڵێ، کەسی منە، خزمی منە، وتبووی: خاڵۆ فەقێ نەمزانیوە..
ـ ئیتر هەستام چووم بۆ ئاوایی کواوا ساڵی ٦٩ میلادی سێ ساڵ مامەوە، کۆڕێکم بوو بە ناوی کەمال نەخۆش کەوت. مەلا عومەر لەوێ لە دایک بوو. بردمە سلێمانی وتیان: غودەیە وا لە سەریا! چاوی کز ئەبوو. دەربێ چاک چاک ئەبێ. هەستام چووم بۆ دووڕووە، وتیان: شێخ عوسمان دکتۆری چاکە، کە چووم ئەم مەلا شێخ حەمینی بانەییە بە ڕێکەوت یەک کەوتین لەوێ، هەروا لەگەڵ مەلایە مەریوانیش پێی وتم: فەقێی یان مەلا؟ وتم: ڕەنگم لە کامیان ئەچێ؟ وتی: ڕەنگت لە فەقێ ئەچێ، وتم: بە خوا لە فەقێ ئەچم، بەڵام مەلام لە کوواوە! وتی: بڵێ فەقێم لەبەر ئەوەی ئەوێ عێراقە منیش ئێرانی، وتم: با بچین بۆ لای شێخ، وتی: بە خوا شێخ ئەزانێ ئێمە هاتووین تا بانگم نەکا ناچین! وتم: کوڕە مامۆستا درەنگە با بچین، وتم: باشە ئێوە مەیێن بەڵام ئەو مێزەرە سپیەم بەرێ، یاڵا ڕۆیشتم. عارف ناوێکی لێبوو چەکداری ماڵی شێخ بوو، گوێی نەیامێ و چوومە ژوورەوە، شێخ کە بینی مەلام زۆر بەخێرهاتنی کردم و ڕێزی لێگرتم، وتم: قوربان منداڵێکی ئاوام هەیە دکتۆر ئاوای پێ وتوم! وتی: ڕاستیان وتووە، ئەم کوڕە کۆکە ڕەشەیەتی، چاوی مێش (مەڕ) دەربێنە و بیسووتێنە لەگەڵ…… چاک ئەبێ بەڵام ئەو غودە لە سەریا گەر وشک بێ عیلاجی ئەکرێ. چوومۆ بۆ لای مامۆستاکان وتێیان بە خوا شانست بوو. ئەوە مەحموودخانی کانیسانان هات ئەچێ بۆ لای شێخ لەگەڵ شێخ زانی ئەو هاتووە دێ بۆ لای ئێمەش چاومان پێی ئەکەوێ، وتم: قوربان شێخ حەمەومینێکی لێیە ئەڵێ: تا شێخ بانگم نەکا ڕووم نیە بچم! وتی: ناچی بە دوایا؟ چووم بۆ لای وتم: مامۆستا شێخ حەمێمین شێخ بانگت دەکا، وتی: تووووخوا، وتم: وەڵا، ئینجا کوڵا، گریا، لەرزی! لەگەڵی هاتم تا سەر دەرگاکە ئنجا نەئەچووە ژوورۆ! پاڵم پێوە ئەنا بۆم نە

ئەچووە ژووڕۆ، ئەلەرزی بۆم نەڕۆی.. وتم: کەیفی خۆتە. ئەمڕایەش شێخ هاتەدەر لە کەپرەکە قسەمان لەگەڵ کرد. دوایی وتم: من ئەڕۆم کارێ بارێ؟ شێخ حەمەمین وتی: مەڕۆ، باش نیە با ئیجازەت بدا ئینا شتێکت بەسەر دێ!! وتم: دە بەخوا ئەڕۆم چی ئەبێ با ببێ، هیچیش نەبوو. ڕۆیشتم منداڵەم برد بۆ بەغدا دکتۆر سەمیر موفتی و سەعەد وەتری لە هەموو عێراقا نابیغە بوو، بەڵام بە داخۆ من ئەوم دەست نەکەوت عەمەلی کا، بەڵام دکتۆر سەمیر سەری عەمەل کرد وتی: بچۆ بۆ بازاڕ شێشەیەکمان بۆ بێنە بۆ غوددەکە هەڵی ئەگرین بۆ ئازمائیش. چوومە بازاڕ لێک حاڵی نەئەبووین لەگەڵ خەڵکی. ئەو غودەیە وەک مێزەڵانی منداڵ وابوو! تەڕ بوو، پڕ لە ئاو بوو، سێ ڕۆژ ماوە لە غورفەی عینایە.
ـ کابرایەکم لێ پێیابوو ئەیوت: تۆ خەڵکی ئەهوازی! ئەموت: کوڕە من ئەهوازی نیم، ئەیوت: دەی باشە ئەم عەرەبیە چۆن ئەزانی! چۆنکە نامەم بۆ ئەنووسین بە عەرەبی پێی سەیربوو بۆیە پێی وابوو ئەهوازیم چون خەڵکی ئەوێ عەربی ئەزانن، وتم: من سەرف و نەحوم خوێندووە و دەرسم خوێندووە، ئنجا باوەڕی پێ کردم. دەوری حەسەن بەکر بوو سەددام وەزیر بوو. وتیان: سەدام دێ بۆ ئێرە واتە نەخۆشخانەکە! وتم: دەی خوایە بزانم ئەم سەدامە چۆنە ئاوا خەڵک لێی تۆقیون! کاکە دەستیان کرد بە پاککردنەوە وەک گوڵیان لێکرد بیمارستان! دوایی وەزیرەکەی دانەیە زلەبوو هات لەبری سەدام، نەختێک گەڕا و تەحسینی کردن.
ـ لەوێ بەفر لە عەرزی خوایا دیار نەبوو، کاتێ هاتمە پێنجوێن بەفریان هەڵدابوو جا ئەچوونە ژوورە ئەوەندە زۆر بووباری بوو! لەوێ دکتۆر سەمیر موفتی وتی پێم: ئەگەر هەڵیداوە نەخۆشیەکەی بیهێنێرەوە ئەیبەین بۆ بەریتانیا. هاتمەوە کوڕە تێکچوو، چووم بۆ پێنجوێن مەحموود بەگی گۆڵێم ئەناسی چوومە لای، وتم: وەزعم ئاوایە ئەچمۆ بۆ بەغا شەفیق ئاغایەک لەوێ ڕەئیس بوو، وتی: کاکە لە دەربەندیخان شەڕە، تەواو نەبووە مەعلووم دەرناچی ئەتکوژن، خەڵکی ئێرانی بڕۆ بۆ تاران. منداڵم بە کۆڵەوە ناو هاتم تا کێلە، چوون سوار وەڵاغم ئەکرد ئەی زیران، ئەبوا هەر بە کۆڵ بمهێنایە. حاجی مەحموود فەتحی وتی: مادام عەمەل کراوە لە هەر شوێنێک لێت پرسن ئەبێ ڕاست بڕۆی، ئنجا بزانن لەوێ عەمەلت کردووە ئەتگرن، بۆیە وا باشە ئێستا خۆت مەعارفی کە بە ئیتلاعات، وتم: کوڕە نایهەوێ کەس نامناسێ و کابرایەکی فەقیرم وتی: نەخێر کاکەشم وتی: ئەبێ بچی. وەڵا هەر چووم گرتیانم! ئەی خوایە کوڕ لەوێ نەخۆشە و منیش مێشکێکی عێراقیم هەیە و حیساب بۆ کەس ناکەم دەستم کرد بە تێڵانی دەرگا وتیان: چییە چ خەبەرە!؟ وتم: ئەگەر موجریمین با بزانین ئینا بۆ گرتووتانین! هاتینە دەرەوە کاکەمیان مەرەخەس کرد وتیان: تۆ بۆچی چوویت بۆ بەغا؟ کێ ناردوویتی؟ وتیان: زامن بێنە ئازادت دەکەین. گەڕام بە هەرچیم ئەوت ببێتە زامنم، نەی ئەوێرا، چوومە زیندان چل و پێنج ڕۆژێ.
(لە سەقز و بانە ساڵی ٧٢ زایینی) لەم لاشەوە کاکم کوڕی بردووە بۆ تاران.
ـ لەملاشەوە ساواک وتبووی: بچن ماڵ و کۆچی بێننەوە لەودیو قەوم و قیلە چووبوون بۆ ئەوێ هەرچی لێی بوو نابوویان بەسەر بارەوە. بەڵێ لە تارانیش دکتۆرەکان وتیان: لێی گەڕێن مەیبەنە هیچ کوێ، بە خوا چاک نابێ، غودەی سەرەتانیە ئەبوا عەمەل نەکرایە و بەلەیزەر بسووتایە! ئەویش دوو بەختی بوو. هێنامەوە بردبووە و بۆ لای دکتۆر جەمال کە ئاوارە بوو لە سەردەشت وتی: تۆ هێنات بۆ لام لە پێنجوێن؟ وتم: بەڵێ، وتی: بیبە لە ماڵەوە داینێ مەگەر خالقی گەردوون چاکی بکا ئێنا کەس ناتوانێ چاکی بکا، هەستام چووم بووم بە مەلای شەشە بە نییەتی ئەوەی بچمۆ بۆ ئەودیو بەڵام وەزع هەر خراپتر ئەبوو لەودیو. ئیتر هەر ماوەم نەبوو بچمۆ. چوون لەوێ لە یەکێتی مامۆستایان ئابوونەم ئەیا هەموو مانگێ، منیش ناوم لەناو ناوانابوو، ئەگەر چووبام و حیسابی مەعاشم بۆ ئەکرا. لە شەشە عەبدوڵڵا بوو لە دایک ئینجا مناڵی وردە زۆر بوون ئەبوا بە کولەمەرگی بمژیاننایە، ژیانێکی هەژاری، شەشەیی زۆر باش بوون لە ئاستما. هەستام چووم بۆ کۆچەری زۆر باش بوون، چون کەریم بەگ بە ئیحترام بوو. دەفتەری ئەو بەراتەم ماوە ماڵی سەدو پەنجا تا دووسەد و پەنجایان ئەدامێ. پاش ماوەیەک هاتم بۆ چیچۆران، ئەوێش ئاڵۆز بوو بە هۆی دەرگیری پێشمەرگە و نیروۆ. سپا ئەچوو تا بۆیەن‌خوارو دوایی گروهەکان رێیان لێئەگرتن ئەبوو بە یەک تەقە و داپلۆسین و خەڵک کوشتن و فیشەک بارانێ هەر مەپرسە! ئیتر ئەمە هەر وەخت ناوەخت ڕووی ئەدا، ئەبوا دێ چۆل کرایە، ئێمە ئەبوا دایمە لە هاتوچۆ بووینایە، بۆ نموونە ڕۆژێ مەلا ئەحمەی عەبدیخودا هاتبوو بۆ دێنیم، شەو لەوێ بوو کەوتینە بەیانی بە خوا نیروو هاتەدەرەوە و پێشمەرگە دەوری دێی‌دا، بوو بە تەقە ئەوەی فیشەکی گەورەی کالیبر بوو، دەنگی زلبوو، مەلا ئەحمەد خێرا خۆی ئەیا بە عەرزا، وتم: ئاوا نابێ ئەم منداڵانەم هەڵگرە برۆ بۆ ئەنجیلە چون ڕەمەزان بوو مامۆ، منداڵم بردووە بۆ دەوسێنە. هەمیسان چووم بۆ هەوارەخۆڵ تا چوار ساڵ مامەوە.

مەلا سەعید زۆری خۆش ئەویستم لە فیقێتی دوو کەڕەت چوومە خۆریاوا هەم بە سوختەیی لای مەلا عەلی باوکی تایر و مەلا زایری پێنجوێن هەم لە موستەعیدیشا لەگەڵ مەلا سەیدئەحمەد بۆیەن خوارویی. وتی: مەلا محەممەد من لە خۆریاوا وەرەز بوم، ئەوە نزیک سی چل ساڵە ماومەوە! داوات لێ ئەکەم وەکوو برایێ ـ با لە کۆڵی من وەبن ـ وەرە بۆ ئێرە، وتم: پێم عەیبە بچم بۆ ئەوێ، تۆ مامۆستای من بووی، وتی: نا من ئەنێرم بە دوایانا بێن بسازێن لەگەڵ یەکا، خەڵکی ئەوێیان حالی کرد و مەلا ئەحمەدی کێلەو مەلا عەبدوڵڵای نەنۆر ئەو وەخت لە قووڵ ئەستێر بوو و… هاتن بە شوێنما دڵخۆشیان دامەوە و چوومە خۆڕیاوا. ماوەی بیست و یەک ساڵ قسمەتم لەوێ بوو! لەوێ سی چل سەر حەیوانیان بۆ بەخێو ئەکردم. شکارتەی گەنم و جۆم بوو، چنگین بووم، مناڵم بۆ پێگەیی بوون، دوو بارەبەرم هەبوون، مەرز گەرم بوو، وەزعم چاکبوو خۆلاسە بووژامەوە تا ڕادەیەک.
ـ دوایی وتم با بچمەوە بۆ دەوسێنە باوکم فەوتی کردبوو ئەگەر شتێکیشم بەرکەوتووە با تەسەروفێکی بکەم، لائەقەل بڵێم ئەمە هی منە، کە چووم تاوم دایە تا دە ساڵێک مامەوە لەوێش بوومە پێشنوێژیان. ئیتر وتم بە خوا بەسە ئەمە دەوری پەنجا ساڵە مەلایەتی ئەکەم قولووقاچم بە کەڵک نەئەهات، وەختی وایە کە جەماعەتم ئەکرد نەئەچوومەوە سەر سوڕەتەکە وتم جا ئەوا خەڵکم وا ڕازی کردن خۆ مەلایەک بێ، پێی سەیرە من ئاوا لێم تێکەڵ ئەبێت و کەسیش هیچ ناڵێ! ئەڵێ بۆچی وا ئەیخوێنێ!..

ئەم کاکە عومەرە ئەموت پێی بخوێنە، نەی ئەخوێن، جار جارە لێشم ئەدا، کەرتێ هەڵم بڕی لێیبەم بۆشم نەگیرا. ناردمە لای مەلا محەممەدی خاڵی، چەندەی ئەیخوێن ئەوەندەی کوتابوو! وەک مامۆستا هەژارە ئەڵێ: گۆشتەکەی بۆ من ئێسکەکەی بۆ تۆ! بێ ڕەحمانەی کوتابووی!! ناردمە لای مەلا فەرەیدوون کە لە سەیرانبەن پێشنوێژ بوو، لەگەڵ مەلا عوسمان سەیرانبەنی بووە ڕەفیق تا ئەوەی جەلەسەی ئیجازەکەی هاتۆ بۆ خوریاوا. کامیلیشم نارد لە سەدبار بخوێنێ بەینێ چوو هەرچی بیری لێ کردووە وتی: حەزیم لێی نیە و نیە..

_______________________________
پرسیار: ئیجازەنامەی خۆت چۆن بوو؟
وڵام”
مامۆستا گیان دەفتەرێکی تۆماری هاوسەرگیران ـ دفتر ثبت ازدواج ـ دانابوو بۆ منتەقەی نەنۆر. من و مەلا حەمەمینی مەعرووفی و مەلا مەحموودی کوڕی و مەلا ئەحمەدی نەنۆر کە لە دایرەی سەبتا بوو بە هیوای بووین. هەستاین چووین بۆ لای مامۆستا موفتی لە سنە، وتمان: ئێمە مەلاین ئیجازەنامەمان ئەوێ، بەڕێکەوت مەلا مەستەفای شوێی ـ بە ڕەحمەت بێ ـ لە ماڵیان بوو، وەک برا وا بوون ئەو جووتە! چووین پێکەوە خوێندبوویان، زۆر تێکەڵبوون، وتمان: مامۆستا لە شوێ هاتووینە حوجرەکەت، وتی: ناتانناسم.
مەلای موفتی وتی: مەلان یا نە کارم نییە، گۆشەیەکی موغنییەکەی گرت وتی: ئادەی بۆم وەخوێنن! دوای ڕاڤەکردنی ئەو بەشەی پێی وتین، وتی: (الحمدللە) مەلا گەلی بانەیی ئیستعدادیان هەیە، و ابۆتان ئەنوسم ئەتوانن دەفتەر وەرگرن. ئیتر دەفتەرەکە بەر مەلا ئەحمەد کەوت. ئیجازەکەم ئابەمجۆرە بوو.
ـ سوختەم بووە تا ئیزهار و تەسریف مەلا عەلیم وتووەتەوە، سیوتیم هەمووی لەبەر بووە! کافیە و ئیزهار و قالەکانی ئونمووزەج.
ـ شەرتی ئەساس ئەوەیە؛ لەلای مامۆستایە بخوێنێ بتوانێ حالیت بکا، عیلمەکان بزانێ، قاتع بێ، لەبەر مناڵ وردی و خەرج و باجیان نەمتوانیوە حەج بکەم، سەفەری ناوخۆییم بووە..
ـ لەگەڵ مەلا ئەحمەدی کێلە و مەلا ڕەحیمی قوڵقوڵە، مەلا عەبدوڵڵای نەنۆر و حاجی مەلا جەلالی باینجان بووم.
ـ تاپڕ و دوربینم بوون و چووم بۆ ڕاو. کەم ڕەفیق توانیویانە لەگەڵم بڕۆن تۆقەنێ مەلا گیرابوون وەک مامۆستا خودای و مەلا کەریمی دۆڵە گوێری و.. بردیانین بۆ ڕێکخراوی نیروان و گەرماو! وتیان: پێویستمان بە کاغەزێکی ڕێکخراوی بابۆسە، کێ ئەتوانێ بچێ؟ وتیان: مەلا محەممەد نەبێ فەردمان ناتوانێ! وا ئازابوم ڕاست
دەڕۆشتم شیوودۆڵم ئەبری، کارم بەڕێ نەبوو!
ـ لەگەڵ مەلا ساڵحی ئەنجێنەیا بووین لە پیرۆمەران. ئەموت با چەمەدانێ بکڕین، لە ناوەڕاستا داخرێ، چوون لە لایەکەوە قوفڵ بخوا تالان ئەکرێ، ئەو ئەیوت نا، با لە هەردوو سەرەوە داخرێ! ئینجا دوو قوفڵی لێ ئەدەین، ڕۆژێ خەنجەرێکم پێ بوو سەید شەمسە کە لە قەبەغڵوجە لای ئەو ئەخوێند، وتی: مەلا ساڵەح خەنجەرێ جوانی هەیە با بچین لێی بدزین! لە پیرۆمەران مەلا مەجید خێزانەکەی پێم وایە پووری بوو، شەوێ هاتین لە چەمەدانەکە لێمان دزی و ڕۆیشتین، سەید شەمسە قڕانێکی نەئەکرد بۆ من، بەڵام من و مەلا ساڵە سێ چوار ساڵ پێکەوە بووین بۆ ئەم دڵی ئەوم لە خۆم ئێشاند!! بۆم گێڕاوە وتم: قەت قەت ئازادم مەکە!.
ـ لە مناڵیا بە غیرەت بووم تا من نەچوومایە بۆ ناو کاڵەک و بێستان مناڵانی‌تر نەیان ئەوێرا بچنە ناوی.. ئەوەندەش هاروهاج بووم بە مناڵی خەڵک لێم وەڕەز بوون..

___________________________

پرسیار” دوا وتەت چییە مامۆستا گیان؟
١ـ وتەیەکی ناودار هەیە ئەڵێ: هەرکەس لە جوانی دا کەمتەرخەم بێ و چارەی خۆی نەکات، بێ چوار تەکبیری لەسەر لێبدەی! چوون وەک مردوو وایە.
مەلا عەبدوڵڵای چوارتا ئەیوت: لە جوانییا ئەوەنە توانام بوو گەر بم ویستایە قورئانم لەبەر ئەکرد! فەقەت ئەوەی لە فەقێیەتیا لە بەرمکردووە هەر لەبەرم ماوە!
٢ـ هەر فەقێەکیش مادیات بکەوێتە دڵیەوە یا دوای ڕابواردن بکەوێ، زەرەر ئەکات..
٣ـ تا ئەتوانێ بخوێنێت” چون قەت لە بیری ناچێ، بۆ هیچ تێنەکوشێ بۆ زانست نەبێ! وەک شاعیر ئەڵێ:
علم تاج الهی اسـت بر سر نه
هر جــــا کە خواهــــــــی برو
٣ـ مەلایەتیش شوغلێکی ئێجگار ئێجگار موقەددەسە، بەڵام ژیانەکەی ئێجگار ناخۆشە! مەسەلەن سواڵکەرێ ئەچێتە شوێنێ شتێ کۆ ئەکاتەوەو ئەڕوا، ئیتر هەر ئەو وەختەیە و ئەڕوا، منەتی کەس نابینێ، بەڵام ئێمەمانان لەو دێیەیاین، لەهەر شوێنێک کە بین خزمەت ئەکەین. کەچی ئەونە بێ وەفایە هەر وەخت چاکەیەکیان لەگەڵ کردین ئەبێ تەعزیمیشیان بۆ بکەین تا مردن، واتە نابێ چاکەی ئەوت لە بیرچێ.! جا ئەمە ئینسانی بە تاقەتی ئەوێ.
٤ـ ئەڵێ حیکمەتی لوقمان و خەتی ئیبنو موقلەتت ببێ مادام ژیانت باش نەبێ کەس تۆی ناوێ بە قرانێ! مەلای چاکمان هەیە و خزمەتگوزار لەگەڵ مەلایەکی بێسەواد فەرقی ناخەن!
ـ بۆ نموونە من لە خۆریاواوە هەستاوم چووم بۆ عێراق ئافرەتم بۆ خواستەوە پیادە هاتوومەوە، ئێستا پێی بڵێم بچۆ بۆ ئەو ماڵە ناچێ.
٥ـ جێی دڵخۆشیشە لەم لاوە کە جاری وایە فەرماندار و کێ و کێ و کێ دێن تا تۆ قسە نەکەی ئەوان ناتوانن و پێشت ناکەون!..
(خوای گەورە لێمان وەرگرێت و لە هەڵە و کەموکوڕیمان خۆشبێ)

بە خواتان ئەسپێرم.

#بڵۆ

نمایش بیشتر

سعدی مرادی

استان کردستان - بانه مترجم و نویسنده دعوتگر و فعال دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا