شعرکوردی

‍ سەمای بیابان!

کاتێک کۆرپەی گڕەزۆکی
پێنووسم دێته گریان و
دڵۆپ دڵۆپ ئەسرینی ناز
بەسەر روومەتە سپی و سۆڵی
دەفتەرەکەم دادەبارێ
شاجوانی خەیاڵی شێعرم
دەبێته لانکە و
بەنەرمەئاهەنگی هەی لایە لایە
لەنێو هەورەلۆکەی ئەوین
دەیخەوێنێ
ئەوجار
وەک مەلێکی رووح سووک
بەرەو سەوزەڵانی و گوڵجاڕو
هەسارەکان باڵ دەگرێ و
لەئامێزی
دڵداری دەتوێتەوە

نازانم بۆ
هەرچەند گەڕام
هیچ وشەیەک
بەهانامەوە نەهات
کە لووتکەی جوانی تۆی
پێ بشوبهێنم و
شابسکی پەرێشانی خەیاڵی
پێ شانە کەم
هەرچی دەستم دایە
کەبی کەمە ئاوردووی گڕی خەیاڵم
وەک باوەریو
کرمەڕێزبووو
ئەژنۆی دەشکا

کاتێک مەزنەکانی سەرگۆی زەوی
چاویان دەپشکوێ
سەدان گوڵخونچەی نازدارو ناسک
لەترسی شمشێری هەڵکێشراویان
دەشەمزێن وپەڕپەڕ دەبن و
لاشەی نەخۆشی مێژوو لەخوێناودا
دەخووسێنن
بەڵام
لەدایک بوونی تۆ
بروسک ئاسا
تیشکی بەزەیی و سۆزی
لێ هەستا و
ئاڵقەی پۆڵای سەدان ساڵەی
کۆیلەی مێژووی
پچڕپچڕ کرد

کوانێ لافاو
وەک هێزوتەوژمی ئەو پەیامە
کەهەموو مرۆڤ
لەڕەگەزێکن بێ جیاوازی
دەتوانێ لەغاو لە لمبۆزی ڕەگەز پەرستی و
کۆیلەیەتی بدا!

ئەوەچ خۆرەتاوێکە
ئەتوانێ بەتیشکی شمشێرئاسای
هەموو لەمپەڕو نسێ و لابایەک
بگرێتەوە؟
خۆ زایەڵەی
بەزەیی تۆ
خێراتر لەهەموو تیشکێک
باوەشی بەمەودای پان وبەرینی
هەموو دڵێک داکرد

تۆبڵێی
ئەقیانووسێک هەبێ
بارتەقای
مرۆڤ دۆستی ودەهەندەیی نیگای تۆ بێ؟
وخوانی خۆشەویستی
بێ بەرامبەر
وەڕازێنێ!

ئەوە چ بەهارێکە
ڕادەچەنێ وبەڕێژنەبارانی
بێ وچانی
سۆڵبەندانی سەدان ساڵەی
بوت پەرستی و بەستەڵەکی
عەشیرەگەری وچینایەتی
بتەقێنێ و
بەفرمێسکی دڵداری وەیتوێنێ و
ئەوجار مۆمی شۆرشێکی
برایەتی ویەکسانی هەڵایسێنێ!

من نازانم و
پێم شک نایە
هیچ کانیاو و ڕووبارێک
وێنەی نیگای بەبەزەییت
تنۆک تنۆک
تێراوبکا وئارام بگرێ
دڵی تینووی
گشت هەژاران!
ئەهوەن بکا
ناڵەی دەروونی
دەردەداران!

ئاخر ئازیز!
کواشنە با
وەک جەنابت
بێ ماندوو بوون ووچان گرتن
دەتوانێ بسکی پەرێشان وئاڵۆزی
هەتیوانی بێ مرادو
کۆیلە ڕەشەکانی لەژیان بێ بەش
وهاڕاوی دەستی چینایەتی
وزنجیرپساو
بە پەنجەی سێحراوی و بزەو شادی
شانە بکا و
بە هەورەتریشقەی بەزەیی
دڵی سیسیان
ببووژێنێ !

هەتا ئێستا
هەزاران ساڵە
هیچ شەنگە بەهارێک
نەیتوانیوە دڵی کیژۆڵەی
روومەت سووتاو ورووهەڵماڵاوی سەرشێتی
دەشت و سارا
وەدەست بێنێ و
بیگرێتە ئامێزی دڵداری!

بەڵام
قوربان!
کەبوویە میوانی سارایەکی بێ ناوو نیشان ولەقوژبن خزاوی سەرگۆێ زەوی
بەهەوەڵ نیگا
شێت و عەوداڵت بوو و
وەک مەجنوونە شڕۆڵەکەی لێهات و
دەستی دایە چۆڵ وبیابان
ئەوجار
هاتە پێش و
بەدەستی خۆی
حۆی ڕازاندەوە و
بەرگی بووکێنی بۆ لەبەر کردی و
بوویە زاوای قۆزو لاوچاکی
لمە سووتاوەکەی عەرەبوستان و
زەماوەندێکی ناوازەت
هەڵایساند کە هەموو بەهارێک
سەری ڕێزی بۆ دانواندی
وبیابانیش لەسایەی تۆ
بوو بە شاجوانی سەرزەوی و
رووگەی ئەویندارانی
سەرلێشێواو
ئاڵقەی دڵداریت لە ملی مرۆڤ هاڵاند
وهەتا ڕۆژی دوایی
لەچوارقوڕنەی ئەو زەوینە
چاودەبڕنە خۆرتاوی شای مەدینە!

جەهانگیر بابایی ـ سەردەشت ـ گەڵاڕێزانی۹۹

از طريق
جهانگیر بابایی
منبع
https://sozimihrab.org/
نمایش بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا